وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" ڕایگەیاند، دوایین فڕۆکەی ئەمریکی فڕۆکەخانەی "کابوڵ"ی بەجێھێشتووە و ئەرکە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا لە "ئەفغانستان" کۆتاییھات.
"کێنز مەکێنزی" فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکاش ڕایگەیاند، بزووتنەوەی "تاڵیبان" ھاوکار بوون لە ھەڵمەتەکانی گواستنەوە و ١٢٣ ھەزار کەس کە زیاتر لە ٦ ھەزاریان ئەمریکی بوون، لە ماوەی ١٦ ڕۆژدا گواستراونەتەوە.
"ئەنتۆنی بلینکن" وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش وتی، پڕۆسەی گواستنەوەی ئەمریکییەکان و ھاوپەیمانەکانی لە "ئەفغانستان" قورسترین بووە لە مێژووی ئەمریکا، لە داھاتووشدا ھەر دانوستانێکیان ھەبێت لەگەڵ بزووتنەوەی "تاڵیبان"، دەبێت لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی ئەمریکا بێت.
ھەروەھا زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاند، دوای کشانەوەی ئەمریکا ئەفغانستان سەربەخۆیی بەدەستھێناوە، جەختیشی کردەوە، بزوتنەوەکەی دەیەوێت پەیوەندییەکی سروشتی لەگەڵ ئەمریکا ھەبێت.
میدیاکانی عێراق بڵاویانکردەوە، "حامد حوسەینی" فەرماندەی ھێزەکانی سنور دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی لە سێ میحوەرەوە لەگەڵ سنوری سوریا ڕاگەیاند، وتیشی ئۆپراسیۆنەکە ناوچەی سنوری عێراق و سوریا دەگرێتەوە و ھێزەکانی سنور و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بە ھاوکاری فڕۆکەکانی سوپا، بەشدار دەبن.
سنوری عێراق و سوریا زۆرترین شانە نوستووەکانی تیرۆریستانی داعشی تێدایە و مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت دزە بکەنە ناو ئەو دوو وڵاتەوە و پەلاماری تیرۆریستی ئەنجام بدەن.
مەسعود لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری فۆرین پۆلیسی مەرجەکانی بۆ ئاشتەوایی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان ڕوونکردەوە و ڕایگەیاند، ئەگەر تاڵیبان حکومەتێکی گشتگیر پێکبھێنێت و گەرەنتی ماف و ئازادییەکان بۆ ھەمووان بکات، دەستبەرداری بەرەنگاربوونەوە دەبن و لە سیاسەت پاشەکشە دەکەن.
جەختیشی کردەوە، تا ئێستا ھیچ پشتیوانییەکی دارایی لە دەرەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام چەندین وڵاتی ناوچەکە پشتیوانی تاڵیبان دەکەن.
ویلایەتی پەنجشیر تاکە ویلایەتی ئەفغانستانە لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە و لە ژێر دەستی ھێزەکانی ئەحمەد مەسعود کوڕی ئەحمەد شامەسعودی فەرماندەی کۆچکردووی ئەفغانستاندایە.
ئازاد محەمەد سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ھەردوو پۆستەکە پشکی بزووتنەوەی گۆڕان بوون و کاندیدەکانیان لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە ڕەوانەی ئەنجومەنی پارێزگا کراوە و بە زۆرینەی دەنگ متمانەیان پێدراوە.
غانمی لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ڕافیدەین ڕایگەیاند، حکومەت سورە لەسەر ئەوەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران لە وادەی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت و وەزارەتی ناوخۆش پلانی پێویستی بۆ گرەنتیکردنی ئاسایشی پرۆسەکە داڕشتووە، لیژنەی ئەمنی وەزارەتەکەش بەردەوام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی بۆ ئەوەی لە ڕێی پلانەکانەوە ڕێگری بکرێت لە دەستوەردانی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە ناوەندەکانی دەنگدان و دروستکردنی کەشێکی ئارام تا ھاوڵاتیان بە دڵنیاییەوە ڕوو لە بنکەکانی دەنگدان بکەن.
دووپاتیشیکردووەتەوە کە ھێزە ئەمنییەکان لە کاتی ھەڵبژاردندا لەسەر یەک ھێڵ و لە یەک ئاستدا لە لایەنە سیاسیەکانەوە نزیک دەبن بە بێ ئەوەی لایەنگری ھیچ لایەنێک بکەن.
"عەبدوللھیان" لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا سیاسەتی حکومەتی نوێی ئێرانی سەبارەت بە دانوستانەکانی "ڤییەنا" ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند، دەبێت ئەو دانوستانە ئەنجامێکی ھەبێت و پەرلەمان و حکومەتی ئێرانیش ھەوڵی جدی دەدەن بۆ دەستەبەرکردنی مافی گەل لەو دانوستانەدا.
وتیشی "تاران" سیاسەتی کات بەفیڕۆدان قبوڵ ناکات و پابەندن بە بەشداریکردن لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لە چوارچێوەی دیپلۆماسیەتێکی ھاوسەنگدا.
پێشتریش لێپرسراونی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە لە دەستپێکردنەوەی دانوستانی "ڤییەنا" سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی، کە تا ئێستا شەش خولی ئەنجامداوە و وادەی حەوتەم خولی دیار نییە.
ڕوانگەی سوریا بڵاویکردەوە، گروپە چەکدارەکان ھێرشیان بۆ سەر سوپای سوریا لە ناوچەکانی سەر بە پارێزگای "دەرعا" لە باشوری "سوریا" ئەنجامداوە و بەھۆیەوە ٢ ئەندامیان کوژراون، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردووشدا نزیکەی ٧ سەربازی سوپا کوژراون و ١٢ی تر برینداربوون.
زیاتر لە ٢ مانگە ناوچەکانی "دەرعا" لە شەڕ و ئاڵۆزیدان و ھەزاران مەدەنیش لە نەھامەتیدا دەژین، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی خۆرئاوا لە نێویشیاندا ئەمریکا نیگەرانییان لە ڕەوشی "دەرعا" دەربڕیوە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیش داوای لە حکومەتی سوریا کردووە گەمارۆی سەر ئەو پارێزگایە ھەڵبگرێت و ڕێگەبدات بە گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ ناوچەکە، بێ کۆت و بەند.
دانوستانەکانیش بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ فەرماندەکانی ڕووسیا و لیژنە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی سوریا لە "دەرعا" شکستی ھێناوە.
پنتاگۆنیش ڕایگەیاند، سەرەڕای کشاندنەوەی ھێزەکانیان ھێشتا تیرۆر مەترسیەکی جدییە لەسەر ئەفغانستان و لانی کەم ٢ ھەزار تیرۆریستی داعش لەو وڵاتەدا چالاکن.
"کێنێز ماکێنزی" فەرماندەی ناوەندی ھێزە چەکدارەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لانی کەم ٢ ھەزار تیرۆریستی سەر بە "داعش" لە "ئەفغانستان" چالاکن و مەترسی گەورەن بۆ سەر وڵاتەکە و ناوچەکە.
وتیشی، لە دوای پەلامارەکەی "داعشی خوراسان" لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی "کابوڵ"، بۆردوومانیان بۆ سەر مۆڵگەکانی ئەو تیرۆریستانە لە "ئەفغانستان" ئەنجامداوە.
د. شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی یەکشەممەوە نەخۆشخانەکە بە ڕووی تووشبووانی کۆرۆنادا دەکرێتەوە و ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێری چڕ و مانەوەیە دەگوازرێنەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاسا.
چالاکوانانی گروپەکە ڕایانگەیاند، دەیانەوێت سەرنجی میدیاکان بخەنە سەر مەترسیەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا، چونکە بەھۆی کۆرۆناوە لە ڕووی میدیاوە گرنگی زۆری پێنەدراوە.
دەشڵێن، تەنھا کۆرۆنا مەترسی نییە بەڵکو گۆڕانکارییەکانی کەش و ھەوا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر تەندروستی گشتی.