"تەها جەمال" لێپرسراوی لیژنەی دابەشكردنی نەوت لە سلێمانی لە لێدوانێكدا بە كوردسات نیوزی راگەیاند، دابەشكردنی نەوت لە گەڕەكەكانی كوردسات و شوقەكانی رۆژ سیتی و زەرگەتەی كۆن و عەقاری بەردەوامە و بە 55 هەزار دینار 200 لیتر نەوتیان بەسەردا دابەش دەكرێت.
راشیگەیاند، ئەمڕۆ و یەكشەممە لە قەڵادزێ نەوت دابەشدەكرێت. بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی سلێمانیش رایگەیاند، ئەمڕۆ نەوت لە ناوچەی تەوێڵە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە دابەش دەكرێت.
ئەمڕۆ یەكەمین پیشانگە و كۆنفرانسی كشتوكاڵی و بەروبومە ئاژەڵییەكان لە هەولێر بە چاودێری وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم كرایەوە و لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم رایگەیاند، ژمارەی ئەو پرۆژانەی مۆڵەت وەردەگرن لە زیادبووندایە و ئاستەنگەكانی بەردەم بە بازاڕكردنی بەرهەمی ناوخۆ هەرێم و عێراق ناهێڵن.
ئەو ڤیدیۆیەی "ئەردۆغان" بۆ جەژنی کۆماری تورکیا لە رۆژی ٢٩ی مانگی رابردوو دەگەڕێتەوە و دەردەکەوێت کە بە ئەستەم بەپێوە وەستاوە و بە زەحمەتیش دەڕوات بە رێگادا، کە ئەوەش جارێکی تر گومانی لەسەر تەندروستی ئەو ئەردۆغان دروست کردووە. بەشێک لە میدیاکانی تورکیاش باسیان لەوە کردووە "ئەردۆغان" جۆرە پێڵاوێکی تایبەت لەپێ دەکات کە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە ھاوسەنگییان لەدەستداوە و ترسی کەوتنیان ھەیە. "رەجەب تەسی ئەردۆغان" تەمەنی ٦٧ ساڵە و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ١٢یەمین سەرۆکی تورکیایە.
زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، باسیان لە 3 پرس كرد، ئەوانیش نوسینەوەی دەستوور و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان و یاسای كۆمسیۆن، وتیشی، هەرێمی كوردستان لە بۆشایی یاساییدایە و پێویستی بە دەستوورە، بەڵام دەستوورێكی نیشتمانی بۆ هەموو هاوڵاتیان، راشیگەیاند، پێویستە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا بكرێت و 15 رۆژیش مۆڵەتیان بە لایەنە سیاسیەكان داوا، دواتر هەڵوێستەكانیان لە پەرلەمانی كاری لەسەر دەكرێت.
ئاژانسی فارسی ئێرانی ڕایگەیاند، سوپای پاسداران لە ئۆپراسیۆنێکدا کەشتییەکی نەوتھەڵگری ئەمریکایان لە دەریای "عەمان" دەستگیرکردووە، ئەوەش دوای ئەوەی کەشتییەکی ئەمریکی کەشتییەکی ئێرانی لە دەریای "عومان" دەستبەسەردا گرت و بە نیاز بووە نەوتەکەی خاڵی بکاتەوە بۆ کەشتییەکی تر، بەڵام سوپای پاسداران لە ئۆپراسیۆنێکی دابەزینی ئاسمانیدا دەستی بەسەر کەشتییەکەدا گرتووە و ڕزگاری کردووە و ڕووبەڕووبوونەوەش لە نێوان ھێزەکانی سوپای پاسداران و ئەو کەشتییەی ئەمریکا ڕوویداوە.
بەڕێزان ئەندامانی یەکێتی ژنانی کوردستان
٣٢ ساڵ لەمەوبەر لە ھەناوی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا و لە شاری سەقزی ڕۆژھەڵاتی کوردستان کۆمەڵێک لە ژنانی ئازا و ڕووناکبیر و خەباتکاری ناو ڕیزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھەنگاوێکی گەورەیان نا و یەکێتی ژنانی کوردستانیان دامەزراند.
یەکێتی ژنان لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگی بینیوە لە وشیارکردنەوەی ژنانی کوردستان بەرامبەر بە مافەکانیان و پێشەنگ بووە لە ڕێکخستنی تواناکانی ژنان لە پێناو بەدیھێنانی یەکسانی جێندەری لە کوردستان و لەم سۆنگەیەشەوە ڕێز و پێزانینی تەواومان ھەیە بۆ ھەوڵ و ماندووبوونی یەک بە یەکی ئەندامانی یەکێتی ژنان.
لە ئێستادا کە یادی ٣٢ ساڵەی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەتان دەکەینەوە، وێڕای ئەوەی پیرۆزبایی ئەم یادەتان لێ دەکەین، ھیوادارین بە خۆڕێکخستنەوەتان و گوڕوتین بەخشین بە ھەوڵ و چالاکییەکانتان بتوانن لە ئاستی ئەم قۆناغە نوێیەی گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان بن لە کۆمەڵگەی کوردستاندا.
سەرباری ھەوڵ و خەباتی یەکێتی ژنان و ھەموو چالاکوانانی بواری مافەکانی ژنان بۆ بەدیھێنانی یەکسانی جێندەری، بە داخەوە ھێشتا پێشێلکاری بەرامبەر بە مافە بنەڕەتییەکانی ژنان بەردەوامە و ڕۆژانە گوێبیستی ھەواڵی پێشێلکارییەکان دەبین.
ھەر بۆیە ئەرکی ئێوە وەک یەکێتی ژنانی کوردستان لەم قۆناغەدا لە ھەموو کات قورستترە و پێویستە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی دیکەی ژنان ھەوڵەکانتان چڕتر بکەنەوە و ھەماھەنگی زیاتر لە نێوان خۆتاندا دروست بکەن، بۆ کۆتاییھێنان بە ھەر جۆرە پێشێلکارییەک بەرامبەر بە ژنان و ئێمەش لەم ڕووەوە بە تەواوی پشتیوان و ھاوکارتان دەبین.
جارێکیتر یادی ٣٢ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی ژنانی کوردستان لە دەستەی دامەزرێنەران و ئەندامانی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی ڕێکخراوەکەتان پیرۆز دەکەین و ھیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران
جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، حکومەت لە ھەوڵی ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانە بۆ خوێندن بە پێی کۆنمرە و شایستەبوون لەگەڵ پاراستنی کوالیەتی خوێندن.
وتیشی، ئەنجومەنی وەزیران، لە ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ چارەسەری کێشەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە دەرەوە گیریان خواردووە، لە بارەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ھەولێریش ڕایگەیاند، حکومەت بڕیاریداوە لە نزیکترین کاتدا دەست بکرێت بە خەرجکردنی قەرەبوو بۆ خێزانە زیان لێکەوتووەکان.
پاش پشکنینی ماڵەکەی دەستگیرا بەسەر بڕێک ماددەی ھۆشبەر و کەرەستەی پێوان و بەکارھێنان، لە ئێستادا تۆمەتبارەکە لەسەر فەرمانی دادوەر بە پێی ماددەی (٢٥)ی یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
ڕێکخراوی سی ئای ئەڵمانی ڕایگەیاند، توانیوویانە لە کەناراوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست ٣٢٥ کۆچبەر لە خنکان ڕزگار بکەن کە ١٥٢ کەسیان منداڵ و ٣١یان ژن و ١٤٢ کەسیشیان پیاو بوون.
بە پێی ڕاگەیەندراوی تیمە ئەڵمانیەکە، پێنج لە کۆچبەرەکان بریندارن و سەرجەمیشیان ھەوڵیانداوە لە ڕێگەی یەختێکی بچوکەوە لە ئەفریقاوە خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا.
ولیام شاتنەر ئەكتەری كەنەدی كە كارەكتەری كاپتن كیریك-ی لە زنجیرەی تەلەفزیۆنی ستار تریك لە ساڵی 1966دا بەرجەستە كردبوو، بەنیازە یەكەمین گەشت بۆ بۆشایی ئاسمان لە تەمەنی 90 ساڵیدا، ئەنجام بدات.
ولیام شاتنەر لەگرتەیەكی ڤیدیۆیدا رایگەیاند: سوورە لەسەر ئەنجامدانی گەشتەكەی بۆ بۆشایی ئاسمان، ئەم گەشتە یەكێكە لە خەونەكانم و دڵنیاشم چێژی لێ دەبینم.
بەپێی میدیاكان، ولیام شاتنەر لەگەڵ سێ كەسی تر، لە خۆرئاوای ویلایەتی تەكساس لە ئەمریكا، گەشتەكەیان بۆ بۆشایی ئاسمان، ئەنجام دەدەن.
ولیام شاتنەر بەشداریی چەندین زنجیرەی تەلەفزیۆنی لە ئەمریكا كردووەو جگە لە كاری نواندن، دەرهێنەرو نووسەرو بەرهەمهێنەریش بووە.
باڵیۆزخانەی عێراق لە کوەیت ڕایگەیاندووە، ڕۆژی ٢٦ی تشرینی یەکەم بڕی ٤٩٠ ملیۆن دۆلاری تر وەک قەرەبوو دراوەتەوە بە کوەیت و لە ھەوڵدان لە سەرەتای ساڵی داھاتوودا ئەو قەرەبووەی ماوە و بڕەکەی ٦٢٩ ملیۆن دۆلارە ڕادەست بکرێت و دۆسیەی قەرەبووکردنەوەی ئەو وڵاتە بە یەکجاری دادەخرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دوای کۆتایھاتنی دۆسیەی قەرەبووکردنەوەکە کار بۆ داخستنی سەرجەم دۆسیە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو وڵات دەکرێت.
لە دوای داگیرکردنی کوەیت لە لایەن عێراقەوە لە ساڵی ١٩٩٠ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی عێراقی ناچارکرد ٥٢ ملیار دۆلار قەرەبووی زیانەکانی ئەو وڵاتە بکاتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ٥٪ی داھاتی نەوتی عێراق بۆ قەرەبووەکە دیاریکرا.
وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ھێزەکانیان لە مانگی ئاداری ئەمساڵەوە تاوەکو ئەیلول، ٧٨ باندی قاچاخچی چەک و کەلوپەلی سەربازییان لە ناوخۆی ئێران لەناو بردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ھەڵمەتەکانیاندا، دوو ھەزار و ١٧٠ چەکی جۆراوجۆر دەستی بەسەردا گیراوە و ٢٠١ کەسیش دەستگیر کراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە.
فەرھاد محەمەد بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشێک لە کارمەندانی خۆبەخش، پشتیوانی خۆی بۆ داواکاریەکانیان دەربڕی و ڕایگەیاند، ئەو کارمەندانە ڕۆڵی دیاریان ھەبووە لە چارەسەرکردنی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری چەمچەماڵ و تا ئێستاش بەردەوامن لە کارەکانیان، داوای لە وەزارەتی تەندروستی و حکومەتی ھەرێمیش کرد کار بکەن بۆ دامەزراندنی ئەو کارمەندانە لە پێناو پڕکردنەوەی پێداویستی ناوەندە تەندروستیەکانی سنوری چەمچەماڵ.