میتحەت سانجار ھاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (ھەدەپە) ڕایگەیاند، لەبەرئەوەی حکومەتی ئاکپارتی ئامادە نییە دەست لە کار بکێشتەوە، پێویستە ھەموو حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان پاکێجێک بۆ داواکردنی ھەڵبژاردنی پێشوەخت پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا بکەن.
کەمال کڵچدارئۆغڵو سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریش (جەھەپە)، ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا توانای بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی لە دەستداوە، بۆیە پێویستە بە زووترین کات ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجام بدرێت.
دوای ئەوەی بەھای لیرەی تورکی لە بەرامبەر دراوە بیانییەکان بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا فشاریان خستووەتە سەر پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتدار و داوای ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکەن.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ژماردنەوەی دەستیی وێستگە تانە لێدراوەکانی سێ پارێزگا کۆتاییان ھاتووە کە لەلایەن ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە تانەکانیان پەسەندکرابوون.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ژماردنەوەی دەستیی وێستگە تانە لێدراوەکانی بەغداد لە ھەردوو بەشی ڕەسافە و کەرخ و پارێزگاکانی نەجەف و موسەنا کۆتاییان ھاتووە و ئەنجامەکانیش بۆ ئەنجومەنی کۆمسیاران بەرز دەکرێنەوە.
ڕاشیگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە ژماردنەوەی دەستیی وێستگە تانە لێدراوەکانی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەدەچێت، دواتر بە مەبەستی یەکلاییکردنەوەی تانەکان و ئەنجامەکانیان، ھەموو ئەنجامەکان بۆ دەستەی دادوەری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان بەرز دەکرێنەوە.
دوای ئەوەی ھاوڵاتییەکی شاری وان لە باکوری کوردستان لە بەردەم موستەفا ساریئۆغڵو سەرۆکی پارتی گۆڕانی تورکی وتی، ٢٠٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا ئێرە کوردستان بووە و ئێستاش کوردستانە و لە داھاتووشدا وەک کوردستان دەمێنێتەوە، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر کرا.
ھاوڵاتییەکە لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی، تکایە با کەس ئەمە ڕەتنەکاتەوە کە ئێرە کوردستانە، خودا ھەمووانی دروستکردووە و ھەر ئەو خودایەش کورد و تورک و عەرەبیشی دروستکردووە.
چەند ھەفتەیەک پێش ئێستاش دوای ئەوەی ھاوڵاتییەکی شاری سیرت لە بەردەم مەراڵ ئاکشەنەر سەرۆکی پارتی باش وتی، ئێرە کوردستانە، بۆ ماوەیەک دەستگیر کرا و دواتر ئازاد کرا.
موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر داوای لە کاندیدە دەرچووە سەربەخۆکان کرد پشتیوانی لە حکومەتی زۆرینە بکەن و ڕایگەیاند، کورد و بەشێک لە سوننەکان لەگەڵ پێکھێنانی حکومەتی زۆرینەدان.
سەدر باسی لەوەشکرد، پێویستە حکومەت بۆ زۆرینە بێت و ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز چاودێری بکات. وتیشی، ئەگەر حکومەتی ھاوپەیمانیی پێکبھێنرێت دەبنە ئۆپۆزسیۆن.
سەدر ڕەتیشیکردەوە ملکەچی ھێزە دەرەکییەکان بێت و وتی، ھەمیشە قسەی حەقی کردووە و لە بەرامبەر گەوررەترین دەسەڵاتیشدا وتوویەتی عێراق نابێتە پاشکۆی ھیچ دەوڵەتێک.
بە پێی کارنامەی کۆبوونەوەکە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە خێزان و ئافرەت لەگەڵ پێشنیازەیاسای ھەمواری یاسای سەلماندن و ھەموارەکانی دەکات. ھاوکات خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ پڕۆژەیاسای چەک لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا پڕۆژەیاسای ھەمواری یاسای بزربووەکان لە ھەڵمەتەکانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستانی عێراق دەنگی لەسەر دەدرێت و لە تەوەری کۆتاییشدا خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان دەکرێت.
سەرۆکی بێلاروس، لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی وڵاتەکەی ڕایگەیاند، پێویستە ھەموو ھاوڵاتیانی پۆڵەندا تێبگەن کە بێلاروس ڕووبەڕووبوونەوەی ناوێت.
وتیشی، ئەگەر کۆچبەرەکان بیانەوێت بچن بۆ ئەڵمانیا یان ھەر وڵاتێکی تر ڕێگەیان پێدەدەن و ھاوکاریان دەکەن بۆ ئەوەی بگەن بە ئەڵمانیا.
لە بارەی کۆچبەرانی عێراقیشەوە وتی، کۆتایی ئەم مانگە گەشتێکی تر بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی عێراقی ڕێکدەخەن، بەڵام کۆچبەرەکان بە پەرۆش نین بۆ گەڕانەوە بۆ عێراق.
عون زیاب جێگری وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا لێپرسراوانی ئێران وەڵامی داواکاری حکومەتی عێراقیان بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بەردانەوەی ئاوی سەرچاوەکانی ڕووباری سیروان و بەنداوی حەمرین نەداوەتەوە کە پێویستە بە زووترین کات لەسەر ئەو پرسە دانوستان بکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارھێنانی ئاوی بەنداو و ڕووبارەکان لە عێراق زیاترە لەو ڕێژەیە کە دەڕژێتە ناو وڵاتەکە و وشکەساڵی لە ئێران و تورکیا و سوریاش، ڕەوشەکەی خراپتر کردووە.
پێشتریش وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق ڕایگەیاندبوو، ئێران بە تەواوەتی ئاوی ڕووبار و بەنداوەکانی سەر سنوری گلداوەتەوە و ئەوەش بووەتە ھۆی دروستبوونی کارەسات لە پارێزگای دیالە.
لە بەشێکی تری ڕاگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ڕاپۆرتی داھاتی کارەبای شارەکان و سەرپێچییەکان ئامادە دەکرێت و ھەڵمەتی نەھێشتنی سەرپێچیش بەردەوام دەبێت و ڕێکاریی یاسایی بەرانبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتە بەر.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، بە کەمکردنەوەی ڕۆتین و دابینکردنی پێداویستییەکان، پڕۆژەی پێوەری زیرەک خێراتر دەکرێت و ژمارەیەکی زیاتر دەبەسترێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، بەھۆی مەترسییەکانی کۆرۆناوە ھۆشداری دراوە لە گەشت کردن بۆ ٤ وڵات کە "عێراق و ئەڵمانیا و دانیمارک و بوروندی"ن، ڕاشیگەیاند، لە عێراق بێجگە لە مەترسی کۆرۆنا مەترسی تیرۆر و ڕفاندن و پێکدادانی چەکداری ھەیە و توانای عێراقیش بۆ پێشکەشکردنی ھاوکاری بە ھاووڵاتیانی ئەمریکی زۆر سنوردارە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە، ناوەندی کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی و پاراستنی ئەمریکا ئاستی مەترسیداری کۆرۆنای لە عێراق لە پلەی ٤ داناوە، کە بە ئاستێکی بەرز دادەنرێت.
"عیماد جەمیل" ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنەکە بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، لەسەر داوای دادگا و دوای قبوڵکردنی تانەکان، لەمڕۆوە ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگەکانی ٨٧٠ وێستگەی دەنگدان دەکرێت، بە دووریشی نەزانیوە ئەو ژماردنەوەیە ئەنجامە سەرەتاییەکانی ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی مانگی ڕابردوو بگۆڕێت.
ھەر لەو چوارچێوەیەدا "ھادی عامری" سەرۆکی ھاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە، ڕەتکردنەوەی ئەنجامی ١٨٪ی ناوەندەکانی دەنگدان گۆڕانکاری دروست دەکات، "موقتەدا سەدر" سەرۆکی ڕەوتی سەدریش ھۆشداری داوە لە ھەوڵی چەند لایەنێک بۆ گۆڕینی ئەنجامەکان.
فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئیدانەی ئەو توندوتیژیانەی کرد کە لە خۆپیشاندانی خوێندکارانی زانکۆ ڕوویانداوە. ھاوکات پشتیوانی لە داواکاری خوێندکارانیش کرد بۆ گەڕانەوەی دەرماڵە.
فراکسیۆنی یەکێتی ڕاشیگەیاند، سێ یاداشت بۆ خەرجکردنی دەرماڵەی خوێندکاران ئاڕاستەی حکومەت کراون پێویستە جێبەجێیان بکات.
بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٤وە بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش پێدانی دەرماڵە بە خوێندکاران ڕاگیراوە، لە خۆپیشاندانەکاندا خوێندکاران داواکارن مانگانە دەرماڵەی خوێندنیان بۆ خەرج بکرێت و خزمەتگوزاریەکانی بەشە ناوخۆییەکان و کافتریا و سیستمی خوێندن لە زانکۆکان باشتر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوام بن لە خوێندن.
"ھێمن ھەورامی" جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاند، لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٩وە وادەی یاسایی کۆمیسیۆن تەواو بووە و پێویستە یاساکە ھەموار بکرێتەوە، ئەوەش پێویستی بە ڕێککەوتن و سازانی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، بەڵام لەناو لایەنەکاندا ڕای جیاواز ھەیە و پێویستە ھەمووان بۆچوونەکانیان یەکبخەن.
"موختار موسەوی" ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاند، پێشنیارکردنی ناوەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق لەلایەن ڕەوتی "سەدر" و چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئاڵۆزی زیاتری لێدەکەوێتەوە و ڕۆژانی داھاتوو قورستر دەبن لەسەر وڵاتەکە و پڕۆسەی سیاسی.
وتیشی، ھەر کەسێک ئەو پۆستە وەربگرێت ناتوانێت ڕای خۆی بەسەر کوتلە و حزبەکاندا بسەپێنێت، بەڵکو لەو لایەنەی کاندید کراوە ئاڕاستە دەکرێت، وتیشی دیاری کردنی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق پێویست بە زیاتر لە ٣ مانگە.
سەرچاوەیەکی نزیک لە کوتلەی "سەدر"یش ڕایگەیاندووە، پێدەچێت ٣ ناو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق پێشنیار بکات.
سەعات ٦ی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی بەغداد، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەڵەتی کۆدەبێتەوە و تاوتوێی ڕەوشی عێراق و ھێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەکات.
لە کۆبوونەوەکەدا جینین پلاسخارت نێردەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق بەشداری دەکات و ڕاپۆرتێک لە بارەی دوایین پێشھاتە سیاسی و ئەمنی عێراق، پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات.
دەسەڵاتدارانی بولگاریا ڕایانگەیاند پاسەکە تابلۆی مەکدۆنیای باکووری پێوە بووە و ٥٢ سەرنشینی تیدابووە و ٤٥یان گیانیان لە دەستداوە و ٧یشیان برینداربوون. ڕوونیشیکردووەتەوە، ١٢ لە سەرنشینەکانی پاسەکە منداڵبوون.