تارا حسێن جێگری ھاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان، لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند پێویستە خوێندکاران ئەنجومەنێکی تایبەت بەخۆیان پێک بھێنن بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی مەدەنیانە داواکانیان بە لایەنی پەیوەندیدار بگەیەنن و، رێگە نەدەن ھیچ لایەنێک داوا رەواکانیان بۆ مەرامی سیاسی بەکار بھێنێت و کێشەکانیان بەلارێدا ببات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا داواکاری حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە رەتکردەوە و رایگەیاند، ھەڵبژاردن لە ساڵی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت و بە ھیچ جۆرێک رێگە بە پێشخستنی کاتەکەی نادەن.
وتیشی، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکان ترسی لەدەستدانی پێگەکانیان ھەیە بۆیە داوای پێشخستنی ھەڵبژاردن دەکەن، حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا داوا دەکەن ھەڵبژاردنی پیشوەختە ئەنجام بدرێت تاکو تورکیا لەم قەیرانە داراییە رزگاری ببێت تێیکەوتووە و سەڵاحەدین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پێشووی ھەدەپەش لە زیندانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای کرد ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت.
ئاشنا عەبدوڵڵا ئەندامی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵای پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١٤-٢٠١٥ دەرماڵەی خوێندکاران بەھۆکاری قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و نەھاتنی پشکی ھەرێم لە بەغداداوە راگیراوەو لە ئێستاشدا ئەو کێشانەی پێشتر باس دەکرا نەماوە و بۆ ئەوەش پێویستە بەجدی کار بکرێت بۆ گێرانەوەی ئەو دەرماڵەیە.
وتیشی، "وەکو پەرلەمانتاران نوسراوی خۆمان لەوبارەیەوە ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە و ھیوادارین ئەو پرسە لەگەڵ تیمی حکومەت گفتوگۆی لەسەر بکەن و یەکلایی بکەنەوە".
جەختی لەوەشکردەوە، بەپێی ئەو رێککەوتنەی کراوە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ بۆ ناردنی پشکی ھەرێم لە بەشێکدا ئاماژە بە پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران کراوە ئەمەش جگە لەوەی بەپێی یاسا باس لە پێدانی دەرماڵەی خوێندکاران کراوە بەوەش ئەگەر دەرماڵەی خوێندکاران نەگەڕێتەوە پێچەوانەی یاساکان حکومەت کاریکردووە.
پۆلیسی شاری واکیشا لە ولایەتی ویسکۆنسن لە ئەمریکا رایگەیاند، ئۆتۆمبێلێک لە درەنگانێکی شەودا دوای ئەوەی خاڵێکی پشکنینی پۆلیس جێدەھێڵێت، خۆی کردووە بە ناو ئاھەنگێکدا کە ژمارەیەک ھاوڵاتیدا لێبووە و بەھۆیەوە زیاتر لە ٤٠ کەس برینداربون کە ١٢یان منداڵن و پێنج کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، کارەکانی کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان پاک و بێگەرد بوون و ئیدانەی ھەر جۆرە فشارێکی سیاسی و ئەمنی لەسەر کۆمیسیۆن و دەستێوەردان لە کاروبارەکانیان دەکەن.
وتیشی، نابێت دەستێوەردان لە کاروباری دەسەڵاتی دادوەری و دادگا بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بکرێت کە ھەندێک لایەن بۆ پەکخستنی پێکھێنانی گەورەترین کوتلە و حکومەتی زۆرینە، ھەوڵی گۆڕینی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن دەدەن.
بە وتەی عیماد جەمیل ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داھاتودا ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردن رابگەیەنرێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی دەستەی دادوەری بەتانەکاندا دەچێتەوە.
وتیشی، رەتکردنەوەی دەنگی چەند وێستگەیەک و پێداچونەوە بە تانەکاندا، کاریگەریی گەورەیان لەسەر گۆڕینی ئەنجامەکان و ژمارەی کورسیەکان ھەبووە.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، سەرەڕای ئەوەی شەپۆلی سێیەمی کۆرۆنایان کۆنتڕۆڵکردووە، بەڵام بڵاوبوونەوەی شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عێراق ئەگەرێکی کراوەیە و مەترسییەکانی ڤایرۆسەکەش بەردەوامن.
راشیگەیاند، وەزارەتی تەندروستی سەرجەم ئامادەکارییە مرۆیی و لۆجستییەکانی بۆ شەپۆلە نوێیەکە گرتووەتەبەر و بەردەوام دەبن لە دابینکردنی ڤاکسینی پێویست بۆ ھاوڵاتیان، لە تەواوی پارێزگاکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان.
بەپێی دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیش، دوو ملیۆن و ٧٤ ھەزار و ٤١٩ کەس لە عێراق تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە ٢٣ ھەزار و ٦٦٥ کەسیان گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە شەش ملیۆن و ٩٩١ ھەزار کەسیش ڤاکسینیان وەرگرتووە.
سەرچاوەیەک لە خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا بە رۆژنامەی عەرەبیە جەدیدی راگەیاندوە، لە رۆژی یەک شەممەوە وەفدێکی خۆبەڕێوەبەری باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، بە سەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد سەرۆکی دەستەی جێبەجێکاری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە"، لە مۆسکۆی پایتەختی روسیایە.
بە پێی زانیارییەکان وەفدەکە چاوی بە سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا دەکەوێت و دواین پێشھاتەکانی رەوشی رۆژئاڤای کوردستان و ھەڕەشەکانی تورکیا و پەیوەندییەکانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی سوریا تاوتوێ دەکەن.
مانگی رابردووش ئیلھام ئەحمەد بە سەرۆکایەتی وەفدێک سەردانی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکای کرد و چاوی بە بەپرسانی ئەو وڵاتە کەوت و رایگەیاند، ئەمریکا بەڵێنی مانەوەی ھێزەکانی لە سوریا و بەردەوامبوونی ھاوکارییەکانی بۆ ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"، دووپاتکردووەتەوە.
تاڵیبان جارێکی تر بڕیارێکی دیکەی دژی بە لێدوانەکانی سەرەتای ھاتنە سەر دەسەڵاتی دەکرد و لە رێگەی وەزارەتی چاکە و رێگریکردن لە خراپە سەرجەم کەناڵەکانی تەلەفزیۆنی ئاگادار کردوەتەوە چیتر ئەو فیلمانە پەخش نەکەن کە ژن رۆڵیان تێدا دەبینێت.
ئەو وەزارەتە بڕیاریشداوە سەرجەم ئەو ژنانەی لە کەناڵەکانی راگەیاندن کار دەکەن دەبێت ببنە باڵاپۆش و راشیگەیاندوە، ئەوە تەنھا بڕیارێک نییە، بەڵکو ئەرکێکی ئایینییە و پێویستە جێبەجێی بکەن.
ھێزەکانی بەشی گومرگی ھەڵەبجە دوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد توانیان دەستبگرن بەسەر بارھەڵگرێک کە ھەشت تۆن جگەی قاچاغی بارکردبوو لەناو کارتۆنی چکلێتدا و بەناوی باری چکلێت ویستبووی داخلی شارەکانی ھەرێمی کوردستانی بکات.
بەڕێوەبەری بەشی گومرگی ھەڵەبجە ئەوەی راگەیاند ئەو تەن ونیو چکلێتەشی کەبارھەلگرەکە وەک قەڵغان بۆ شاردنەوەی جگەرەکە باریکردبوو ماوەی بەسەرچووە و لەھەمانکاتدا جگەری مریشکیش بە پێی ڕێنمایییەکان قەدەغەیە و نابێت ھیچ بازرگانێک بیھێنێتەھەرێمی کوردستانەوە.
هێژا عەبدولواحید بەڕێوەبەری ئاودێری دهۆك لە لێدوانێكدا بۆ كوردسات نیوز رایگەیاند، بۆ دروستكردنی بەنداوەكان هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەت و ڕێكخراوەكانی ئێن جی ئۆ كردووە و بودجەی پێویستیش تەرخانكراوە و لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە دروستكردنیان دەكرێت.
مامۆستایان داواشیان كرد مانگانە لەگەڵ مامۆستایانی دیكە موچەیان پێبدرێت، چونكە تا ئێستا چەند موچەیەكیان لای حكومەتە و وەریان نەگرتووە.
وەزارەتی دارایی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە دەرماڵەی خوێندكاران رایگەیاند، بەبڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە مانگی شوباتی ٢٠١٤ بەهۆی قەیرانی داراییەوە خەرجكردنی دەرماڵەی خوێندكاران ڕاگیراوە، پێش ساڵی ٢٠١٤ش دوای پەسەندكردنی بودجە لە پەرلەمانەوە، پارەی تەرخانكراو بۆ دەرماڵەی خوێندكاران دانراوە و هەر لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە خەرجكراوە و بە هیچ جۆرێك نەهاتۆتەوە بۆ وەزارەتی دارایی و پەیوەندی بە داراییەوە نییە.
لە روونكردنەوەكەدا جەختی لەوەشكردۆتەوە، هیچ نووسراوێكی رەسمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕێگە ئەنجومەنی وەزیرانەوە لە ساڵی٢٠٢١ەوە بۆ دەرماڵەی خوێندكاران رەوانەی وەزارەتی دارایی نەكراوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ماوەی دوو رۆژە خوێندكارانی زانكۆ گردبوونەوەی ناڕەزایی ئەنجام دەدەن بۆ داواكردنی دەرماڵە، وەك ئەركی سەرشانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس بۆ پاراستنی گیانی خوێندكاران بەردەوامبوون لە پاراستنیان ، بەڵام بە داخەوە هەندێك لە ئامادەبووانی خۆپیشاندانەكەی ئەمرۆ كە بەپێی زانیارییەكانی بەردەستیان و بەڵگەی تەواویان هەیە، خوێندكار نەبوون و دەستیان كردووە بە بەرد گرتنە هێزەكانی چالاكی مەدەنی و هێرشكردنە سەریان بە چەقۆ و بۆكس خەنجەر، ئەوەش بووە مایەی دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی و چەند ئەفسەرو كارمەندێك و چەند خوێندكارێك برینداربوون.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی، دەشڵێت دەرگایان كرایەوە بۆ هەر گلەیی و گازندەیەكی خوێندكاران، داواش خوێندكاران دەكات گردبوونەوەو خۆپیشاندانەكانیان بەشێوەیەكی هێمنانەو شارستانییانە ئەنجام بدەن و نەهێڵن خەڵكانی گومانلێكراو چالاكییە شارستانییەكەین لێ تێكبدەن.