هاوسەرۆكانی دەم پارتی لەناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخستنی قەدەغەكراو زیندانیكران
ڕۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئارینان هاوسەرۆكانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان(دەم پارتی) ئەسەنیورت، لەدوای چوار رۆژ لە دەستبەسەركردنیان، دوای ئەوەی لە دادگا وتەیان لێوەرگیرا، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە ڕێكخستن” سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە پۆلیسی توركیا هێرشیانكردە سەر بارەگای پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ، دوای لێكۆڵینەوە ڕۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئارینان هاوسەرۆكانی دەم پارتی ئەسەنیورت بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیستەنبووڵ گواسترانەوە و دەستبەسەركران.
لە چەند شارێكی توركیا رێگە نادرێت هونەرمەندانی كورد كۆنسێرت سازبكەن و كۆنسێرتەكانیان هەڵوەشێنراوەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، لەماوەی ئەم مانگەدا كۆنسێرتی ژمارەیەك هونرمەندی كورد لەچەند شارێكی توركیا بەتایبەت ئەو شارانەی كە سەرۆك شارەوانییەكانیان سەر بە ئەكەپە و جەهەپەن هەڵوەشێنراونەتەوە.
وتیشی لە ٨ی ئەم مانگە كۆنسێرتەكەی هونەرمەند رۆژدا شەنسێس لە ئیستەنبوڵ بەبێ هیچ هۆكارێك هەڵوەشێنراوەتەوە، هەروەها كۆنسێرتەكەی هونەرمەند دڵن رۆنی لە ناوەندی ڕۆشنبیری شاری شیشلی هەڵوەشێنراوەتەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز باسی لەوەشكرد، لە 15ی ئەم مانگەش، كۆنسێرتەكەی ئازاد بێران لە هۆڵی شارەوانی ئەنتالیا موراتپاشا بە بیانوی كۆبونەوە لە هۆڵەكە هەڵوەشێنراوەتەوە، هەروەها ئیلكای ئەكای هونەرمەندیش رایگەیاندوە، كۆنسێرتەكەی لە بورسا عوسمانغازی لەلایەن قایمقامیەتی قەزاكە قەدەغە كراوە.
لاریجانی دەڵێت پەیامەكەی خامنەیی بۆ سوریا و لوبنان كاریگەری لەسەر رەوشی جەنگ دەبێت و حزبوڵا تا ئێستا چەكە گرنگەكانی بەكارنەهێناوە و ئەگەر بەكاریبهێنێت هاوكێشەی جەنگ دەگۆرێت.
عەلی لاریجانی، روێژكاری رابەری باڵای شوڕشی ئیسلامی ئێران ئاماژەی بەوەكرد، ، هەفتەی ڕابردوو سەردانی سوریا و لوبنانی كردوە و پەیامێكی خامنەیی رادەستی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا و سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان كردووە و پەیامەكە كاریگەری لەسەر رەوشی جەنگ دەبێت.
وتیشی لە جەنگی دژی بە ئیسرائیل تا ئێستا حزبوڵای لوبنان ئەو چەكە گرنگانەی بەكارنەهێناوە كە لەبەردەستیدایە، ئەگەربێت و ئەو چەكانە بەكاربهێنێت هاوكێشەی ئەو جەنگە تارادەیەكی زۆر دەگۆردرێت.
وتیشی، دڵنیان كە حزبوڵا توانای سەركەوتنی هەیە بەسەر سوپای ئیسرائیلدا.
لە شاری مێردین لە باكوری كوردستان، نارەزایەتییەكان دژی دەستەبەسەرداگرتنی شارەوانی مێردین بەردەوامە.
دەستپێشخەری بۆ ئازادی و هونەر لەبەردەم شارەوانی مێردین گردبونەوە و لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانی كرد و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، كودەتا بەسەر بەڕێوەبەرییە هەرێمیەكان و گەلی كورد و داكۆكیكارانی ماف و ئۆپۆزسیون لەبەرچاو نەگرتنی سەرەتایترین مافەكانیانە و قبوڵی ناكەن.
راشیگەیاند، لە ئێلحەوە تاوەكو خەلفەتی، لە مێردینەوە تاوەكو ئەسەنیورت و جولەمێرگ لە هەموو شوێنێك بەردەوام دەبن لە نارەزایەتی و گردبونەوە و خۆپیشاندان.
هاوكات هاوسەرۆكی شارەوانی مێردین كە لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە رایگەیاند، لە ماوەی هەشت ساڵی قەیومدا هێرشی زۆر كراوەتە سەر هونەر و هونەرمەندان، لە ماوەی هەشت ساڵدا هیچ كۆنسێرت و فیستیڤاڵێك نەكراوە، لەبەر ئەوەی سیستەمی قەیوم دژایەتی كلتور هونەری گەل و دوژمنایەتی ناسنامە جیاوازەكان دەكات.
سوپای توركیا گوندەكانی دەوروبەری مەنبجی لە باكوری سوریا تۆپبارانكرد
بەپێی هەواڵی میدیایی رۆژئاوای كوردستان، درەنگانی شەوی رابردوو سوپای توركیا تۆپبارانی گوندەكانی دەوروبەری مەنبجی كردووە، لەو چوارچێوەیەشدا گوندەكانی ئەوسەجلی و یانلی و سەیدە و داندانییە و جاموسییە، لە باكوری رۆژئاوای مەنبج و گوندەكانی كۆریوك و قۆرت واران لە گوندەكانی رۆژئاوای كانتۆنی منبج تۆپباران كرد.
بەپێی هەواڵەكە، ئەو گوندانە بە ٧٤ گوللە هاوەن و گوللە تۆپ لەلایەن سوپای توركیا و تۆپبارانكراون.
دەستەی كەشناسی عیراق رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو پلەكانی گەرما روو لە نزمبونەوە دەكەن و لە ناوچە شاخاوییەكانی هەرێم بەفر دەبارێت.
دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، رۆژی شەممە لە پارێزگاكانی ناوەراست ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و بارانی مامناوەند پارێزگاكانی باشور و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما روو لە نزمبونەوە دەكەن.
راشیگەیاند، لە پاش نیوەڕۆی یەكشەممەوە بارانی بە خوڕ لە هەرێم و پارێزگاكانی ناوەراست و باشور دەستپێدەكات و پلەكانی گەرما روو لە نزمبوونەوە دەكەن. رۆژی سێ شەممەش، بەفرباین لە ناوچە شاخاویەكانی هەرێمی كوردستان دەبارێت و پلەكانی گەرما نزیك دەبێتەوە لە سفر پلەی سیلیزی.
روسیا ٣٠ خولەك پێش بەكارهێنانی موشەكی بالیستی دژی ئۆكراین هۆشداری داوەتە ئەمریكا، زیلنسكیش دەڵێتن پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەڵامی روسیا بداتەوە.
دیمتری بیسكۆف وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا "كرملین" رایگەیاند، روسیا پێش ٣٠ خولەك لە هەڵدانی مووشەكەكەی لە ڕێگەی ناوەندی نیشتمانی كەمكردنەوەی مەترسی ئەتۆمییەوە هۆشداری داوەتە ئەمریكا.
لای خۆیەوە، ڤڵۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین رایگەیاند، بە كارهێنانی موشەكی بالیستی كیشوەربڕ بۆ یەكەم جار لە لایەن سوپای روسیا دژی وڵاتەكەی پێشهاتێكی مەترسیدارو پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە لێپرسراوێتیەوە وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
رۆژی پێنج شەممە، ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا رایگەیاند، وەك وەڵامێك بۆ وڵاتانی رۆژئاوا كە گڵۆپی سەوزیان هەڵكردووە بۆ ئۆكراین بۆ بەكارهێنانی موشەكی دورمەودا دژی وڵاتەكەی، ئەوانیش موشەكی بالیستی جۆری ئۆرینشكیان لە هێرشێكیان بۆ سەر شاری دنیپرۆی ئۆكراین بەكارهێناوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا دەڵێت ئامادەكاری بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەكەن و پێویستە هەریچم و بەغداد بڕیاری لەسەر ئەو پرسە بدەن.
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە وتارێكدا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی رایگەیاند، پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ هەولێر لەڕادەبەدەر باشە، هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغداد و هەولێریش دەدەن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، ئامادەكارییان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، بەڵام پێویستە بەغداد و هەولێریش كۆببنەوە و بڕیار لەسەر ئەو بابەتە بدەن، هیواشی خواست بەمنزیكانە بۆرییەكە بكرێتەوە.
سەبارەت بە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، هاكان فیدان رایگەیاند، توركیا گرنگە بەو پرۆژەیە دەدات و بۆ یەكەمجارە پرسێكی ئەرێنی لەگەڵ عیراق هاتۆتە بەرنامەی كار.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە پێنج ملیار و ٦٨٢ ملیۆن دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو حەوت ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە واتە لە ١٦ی ١١ ەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە پێنج ملیار و ٦٨٢ ملیۆن و ٤٨٧ هەزار دینار بووە كە ٧٥%ی نەختینە و ١٨%ی چەك بووە.
داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، بەڕێژەی ٥٨% واتە بەبڕی حەوت ملیار دینار كەمیكردووە، كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە ١٣ ملیار دینار بووە.
هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە ٨١٣ملیار و ٧٥٦ملیۆن دینار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر ٣٠% كەمیكردووە.
وتەبێژی حكومەتی عیراق دەڵێت، هەموو رێوشوێنێك دەگرنەبەر بۆ سنورداركردنی گروپە چەكدارەكان و بەتوندی وەڵامی هەر هێرشێك دەدەنەوە كە لەلایەن ئیسرائیلەوە بكرێتەسەریان.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق بە كەناڵی سكای نیوزی راگەیاند، وڵاتەكەیان ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنی جددی بووەتەوە لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
وتیشی ئەو هەڕەشانەی ئیسرائیل لە كاتێكی هەستیاردا دێن، لەكاتێكدا حكومەتی عیراق هەوڵێكی زۆر دەدات بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو گروپە چەكدارانەی كە هەوڵدەدەن خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بەكاربهێنن.
باسم عەوادی جەختیكردەوە، حكومەتی عێراق ئامادەیە هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست بگرێتەبەر بۆ سنوورداركردنی دەسەڵاتی گروپە چەكدارەكان.
دەشڵێت عیراق پاساو بۆ هێرشكردنە سەر خاكەكەی لە هیچ بارودۆخێكدا قبوڵ ناكات و وڵاتەكەیان بە توندی وەڵامی هەر هێرشێكی لەو جۆرە دەداتەوە.
لەچەند رۆژی رابردوودا ئیسرائیل یاداشتێكی ئاڕاستەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و داوای لێكرد فشاری بخاتە سەر بۆ راگرتنی هێرشی گروپە چەكدارەكان بۆ سەر ئیسرائیل، عیراقیش یاداشتەكەی بە بیانوو بۆ هێرشكردنە سەر عیراق لەلایەن ئیسرائیلەوە ناوبرد.
دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بڕیارێكی دژی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەركردو و تارانیش دەڵێت وەڵامیان دەبێت.
دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بڕیارنامەی ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسای كە لە لایەن ئەمریكاشەوە پشتیوانی لێكرا دژی بەرنامە ئەتۆمیەكیە ئێران بە ١٩ دەنگ پەسەندكرد، بەرانبەر بە ١٣ دەنگ نەخێرو هەر یەك لە چین و روسیا و بۆركینا فاسو دەنگیان نەدا.
بەپێی بڕیارەكە، پێویستە ئێران بەزوترین كات ئاستی پیتاندنی یۆرانیوم بەڕێژەی لەسەدا ٦٠ كەمبكاتەوە.
لە دوای ئەو بڕیارە وەزارەتی دەرەوەی ئێران و ئاژانسی وزەی ئەتۆم راگەیەنراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە رایگەیاند، ئەو بڕیارە سیاسیەوە و وەڵامی گونجاویان دەبێت بۆی.
لای خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بڕیارەكەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دژ بە ئێرانی بە پەیامێكی بەهێز وەسفكرد، بۆ پابەندبوون تاران بە ئەركە یاساییەكانی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی پاراستنی ئاسایشی جیهان.
ئەمە دووەم بڕیارە كە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دژ بە ئێران دەرچووە.
بەشداری هاووڵاتییان لە پڕۆسەی سەرژمێری گەیشتە ٩٧%، لەكەركوك بەرزترین رێژە و لەبەغدادیش كەمترین تۆماركرا، لەسەر ئاستی هەرێمیش بەرزترین رێژە لە هەولێرە تۆماركرا.
ئاژانسی رەسمی حكومەتی عیراق ئەنجامی سەرەتایی رێژەی بەشداری پارێزگاكانی لە قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری لە دوو رۆژی رابردوودا بڵاوكردەوە و رێژەی بەشداریی لەسەر ئاستی عیراق ٩٧%ی تێپەڕاندووە.
بەپێی ئەو ئامارەی بڵاوكراوەتەوە، رێژەی بەشداریی لە پارێزگاكانی نەینەوا و دیالە و سەڵاحەدین و واست ٩٨% ی تێپەڕاندوە، هەروەها هەولێر ٩٦% تێپەڕاندوە، دهۆك و ئەنبار و كەربەلا و دیوانیە ٩٥%ی تێپەڕاندوە، لە سلێمانی و بابل و موسەنناش رێژەكە زیاترە لە ٩٤% و نەجەف ٩٢% و میسان ٩١% و بەسرە ٨٩% و زیقار ٨٦% و بەغداد ٨٠%ی تێپەڕاندووە.
هاوكات رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك رایگەیاند، لە كەركوك رێژەی بەشداری لە سەرژمێری گەیشتووەتە ١٠٠%.
مات گیتز كاندیدی ترەمپ بۆ وەزیری داد كشانەوەی خۆی راگەیاند، ترەمپیش كەسێكی نوێی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە لە كابینەكەیدا دیاریكرد.
دوای چەند سەعاتێك كشانەوەی مات گیتز وەك كاندیدی وەزیری داد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا لە پێگەی سۆشیاڵ تروس رایگەیاند، پام بۆند دادوەری گشتی پێشوی ولایەتی فلۆریدا بۆ وەرگرتنی پۆستەكە كاندید دەكات.
بۆند، یەكێكە لە پارێزەرانی ترەمپ و ساڵی ٢٠١٩ لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا رێگریكرد لەوەی ترەمپ گۆشەگیر بكرێت، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٠ یەكێك بوو لەو پارێزەرانی بەرگری لە ترەمپ كرد لە دادگا دژی ئەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی كرابوو.
ڕۆژی پێنجشەممە، مات گیتز ڕایگەیاند كە كاندیدبوونی خۆی بۆ ئەو پۆستە دەكشێنێتەوە، دوای ئەوەی كاندیدكردنی ڕووبەڕووی دژایەتییەكی بەرفراوان بووەوە، تەنانەت لەناو پارتی كۆمارییەكانی خۆیدا.
سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی گیتز، ترەمپ رایگەیاند ئەو كەسێكی بەتوانایەو داهاتویەكی باش چاوەرێی دەكات.
ئیسرائیل هەنگاوەكانی تایبەت بە گۆڕینی بڕیاری دەستگیركردنی ناتانیاهۆ تاوتوێ دەكات، بایدنیش دەڵێت بڕیاری دەستگیركردنی ناتانیاهۆ جێگەی شەرمەزارییە.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، بڕیارەكەی ئەو دادگایە نازانرێت بە چی پاساوێك بووە، بەڵام ناكرێت هەرگیز ئیسرائیل و حەماس بەراورد بە یەك بكرێت ئەوە بڕیارێكی شەرمەزاركەرانەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد، وڵاتەكەی هەمیشە لە پشتی حكومەتی ئیسرائیل دەوەستێت و وەڵامی هەر هێرشێك دەداتەوە كە لە لایەن تیرۆرستانەوە بكرێتە سەر ئەو وڵاتە.
هاوكات، دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە بڵاویكردەوە، ئیسرائیل هەنگاوەكانی تایبەت بە گۆڕینی بڕیاری دەستگیركردنی نەتانیاهۆ و گالانت تاوتوێ دەكات، لەرێگەی كردنەوەی لێكۆڵینەوەی جددی بۆ پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەكان.
رێژەی تۆماركردنی هاوڵاتییان لە سەرژمێری ٩٧%ی تێپەڕاند، پارێزگاری هەولێر دەڵێت، درێژكردنەوەی وادەكە بە دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی رێژەكە بگەیەننە ١٠٠% .
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، توانراوە بە هەوڵ و هەماهەنگی هەموولایەنە پەیوەندیدارەكان لە سنووری پارێزگاكە رێژەی تۆماركردنی هاووڵاتییان لە قۆنای یەكەمی خێزان و ئەندامان لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیی بگات بە ١٠٠%، لە قۆناغی دووەمیشدا لە دوو رۆژی رابردوودا توانرا رێژەی تۆماركردن بگاتە ٩٧.٣٩%.
دەشڵێت، وەك پارێزگای هەولێر بەدەرفەتی دەزانن لەماوەی درێژكردنەوەی پڕۆسەكە ڕێژەی تۆماركردن لە سنووری پارێزگای هەولێر بگەیەنن بە ١٠٠%.
بەهۆی ئەگەری هێرشی تۆڵەسەندنەوەی روسیا، ئەمریكا باڵیۆزخانەی خۆی لە كیێڤ داخست.
دوای داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا هەریەك لە باڵیۆزخانەی ئیتاڵیا و یۆنان ڕایانگەیاند، دوای ئەو هۆشدارییە نائاساییەی ئەمریكا دەرگای باڵیۆزخانەكانیان داخستووە، هاوكات باڵیۆزخانەی فەرەنساش بە كراوەیی ماوەتەوە، بەڵام هۆشداریداوە بە هاووڵاتیانی وڵاتەكەی.
ئۆكراین لە هەزارەمین رۆژی جەنگەكەی لەگەڵ روسیا، موشەكی ئەتاكمزی ئەمریكی بەكارهێنا بۆ هێرشكردنە سەر كۆگایەكی چەك لە ناوخۆی روسیا، ئەوەش دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بایدن مۆڵەتیدا بە ئۆكراین چەكەكانی ئەمریكا بۆ هێرشكردنە سەر روسیا بەكاربهێنێت.
لای خۆشیەوە سێرگی ناریشكین لێپرسراوی هەواڵگری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، مۆسكۆ تۆڵە لەو وڵاتانەی ناتۆ دەكاتەوە، كە ئاسانكاری بۆ هێرشە مووشەكییە دوور مەوداكانی ئۆكراین دەكەن بۆ سەر خاكی روسیا.