د.هەڵو عەسکەری، وەزیری ژینگەی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەگەڵ تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق لەبارەی خەرجکردنی موچەی مانگی سێی هەرێمی کوردستانەوە گفتوگۆی کردوە و دڵنیایداوە هیچ مەترسیەک لە ئارادا نییە.
د. هەڵۆ ئاماژەی بەوەشکرد، وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندوە، کە هیچ مەترسیەک نابینن لەبەردەم خەرجکردنی موچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و بۆ خەرجکردنیشی لە چاوەڕوانی گەیشتنی راپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستاندان.
لەبارەی داهاتی نانەوتیشەوە بۆ مانگی سێ، وەزیرەکەی عیراق بە، محەمەد عەبدولرەحمانی پەیامنێری کوردسات نیوزی راگەیاند، وەزیری دارایی عیراق بەرچاو روونی هەیە، کە بەهۆی ئەم رەوشەوە داهاتی نانەوتی لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش کەمیکردوە، ئەمە نابێتە بەربەست و رێگری لەبەردەم خەرجکردنی موچەی مانگی سێی هەرێم.
ئەم قسانەی د.هەڵو عەسکەری لە کاتێكدایە پەیامنێری کوردسات نیوز، لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیویەتی کە تا ئەمڕۆش، راپۆرتی تەرازوی پێداچونەوەی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و نوسراوی وەزارەتی نەوت، رادەستی وەزارەتی دارایی عیراق نەکراوە.
ئەمەش هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی رێکارەکانی وردبینی کردنبوە لە لیستی موچەی مانگی سێی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم.