وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، پلانیان داناوە بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی و دەیانەوێت لە رێگەی ئەنجومەنی نوێنەرانەوەی یاسایەكی تایبەت بەو بابەتە دەربكەن.
كەریم نوری بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی رەشنوسێك ئامادەكراوە و ئاڕاستەی ئەنجومەنی وەزیران دەكرێت بۆ ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەرچواندنی بۆ بكرێت.
دەشڵێت، لەم رێگەیەوە دەتوانرێت سزای ئەو كەسانە بدرێت كە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەكەن و هەڵمەتێكی هۆشیاریان لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆكان دەستپێكردووە بۆ هۆشیاركردنەوەی گەنجان و ۆركشۆپ لە نێوان وەزارەتەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق سەركەوتنی پلانی ئەمنی لە رۆژانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان راگەیاند.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق راگەیەنراوێكی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری لە رۆژانی رابردوو بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لە سەرتاسەری وڵات هێزە ئەمنییەكان هاوشانی بژمێرەكان بوون، بۆ سەرخستنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا جەختی لە سەركەوتنی پلانی ئەمنی لە پرۆسەكە كردوەتەوە، لەگەڵ كۆتاییهێنان بە قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاكان و گەڕانەوە بۆ رەوشی ئاسایی.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا دەڵێت، لە بۆردومانێكی ئیسرائیلدا لە سوریا سەركردەیەكی باڵای حزبوڵا كوژراوە.
لێپرسراوێكی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بە سایتی ئێن بی سی ئەمریكی رایگەیاندووە، لە دواین هێرشی ئیسرائیلدا بۆ سەر سوریا سەركردەیەكی باڵای حزبوڵا كوژراوە.
سەرچاوەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، لە هێرشەكەی ئیسرائیلدا عەلی موسا دەقدوق كوژراوە كە پلانی هێرشكردنە سەر هێزەكانی ئەمریكای لە عێراق دانابوو پێش كشانەوەی هێزەكانیان لە ساڵی ٢٠١١.
دوو رۆژ لەمەوبەریش ئیسرائیل ژمارەیەك باڵەخانەی لە سوریا كردە ئامانج كە 36 كوژراوی لێكەوتەوە و زیاتر لە ٥٠ كەسی تریش بریندار بوون و زیانێكی ماددی گەورەش بەر باڵەخانەكان و دەوروبەریان كەوت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دەكات و پشتگیری ناتانیاهۆ دەكات.
دوای بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ دەستگیركرنی ناتانیاهۆ و گالانت، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا پشتگیری سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەكات، ئەو داوەرەش كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناتانیاهۆ و گالانت دەكردووە بەریتانییە.
ترەمپ دەڵێت، ئەو بابەتە دەستی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیای تێدایە و بیر لەوەدەكاتەوە ئەو دادوەرە سزابدات.
مایك ڤاڵز راوێژكاری ترەمپ بۆ كاروباری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریكا رایگەیاند، ئەو دادگایە بەها و متمانەی نێودەوڵەتیی نییە و بڕیاریان داوە سزایەكی توندی بدەن لەسەر سیاسەتەكانی دژی ئیسرائیل و جولەكەكان.
كەریم خان داواكاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتیش یەكێكە لەو كەسانەی كە لەلایەن ترەمپەوە كراوەتەوە ئامانج و لەوانەیە سزا بدرێت.
كەشناسی عیراق پێشبینی دەكات شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ روو لە هەرێم و شارەكانی عیراق بكات و لە چەند ناوچەیەكیش بەفر ببارێت.
دەستەی كەشناسی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، پێشیینی دەكرێت لە سبەینێوە شەپۆلێكی بارانبارینی بەخوڕ زۆربەی شارەكانی عیراق بگرێتەوە و سەرەتاش باكوری رۆهەڵاتی عیراق دەگرێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە بەرزەكانیش بەفر دەبارێت.
راشیگەیاندووە، بەهۆی هەڵكردنی بای باكورەوە پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو نزم دەبنەوە و لە رۆژی سێشەممەوە كەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
كەشناسی هەرێمیش رایگەیاندووە، سبەینێ كەشوهەوای هەرێمی كوردستان دەگۆڕێت و نمەباران لە ناوچەكانی رۆژئاوا دەستپێدەكات و لە درەنگانی شەویشدا هەموو ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە .
پێشبینی دەكرێت لە خولی نوێی سەرۆكایەتی ئەمریكادا كە ترەمپ سەركردایەتی دەكات نرخی نەوت داببەزێت و یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بگاتە ٦٠ دۆلار.
بانكی جەی پی مۆرگانی ئەمریكی رایگەیاند، پێشبینی دەكرێت لە ساڵی داهاتوودا یەك بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بگاتە ٧٣ دۆلار و لەساڵی ٢٠٢٦یشدا خواست لەسەر نەوت كەمدەبێتەوە و لە سەردەمی ترەمپیشدا نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ هەر بەرمیلێك دەگاتە ٦١ دۆلار و نرخی نەوتی خاوی تەكساسیش دەگاتە ٥٧ دۆلار.
ئاماژەی بەوەشكردووە، كەمی خواست لەسەر نەوت وادەكات دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا بەڵێنەكەی بۆ كەمكردنەوەی نرخی نەوت و تێچوەكەی بباتەسەر.
سەرۆك وەزیرانی ئیتاڵیا رایگەیاند، لە كۆبونەوەی وڵاتانی جی حەوتدا گفتوگۆ لەسەر دەستگیركردنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەكەن.
جۆرجیا میلۆنی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، وڵاتەكەی پابەندە بە بڕیارەكەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی و چاوەڕێی لێكەوتەكانی ئەو بڕیارە دەكات و لە كۆبونەوەی وڵاتانی جی حەوت كاردەكەن بۆ دەستگیركردنی ناتانیاهۆ.
وتیشی، وڵاتانی ئەندامی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی پابەندن بە بڕیارەكەی دادگاكەوە، بەڵام بۆچونی جیاواز هەیە لەسەر مامەڵەكردن لەگەڵی، ئەمریكاش كە ئەندامی دادگاكەیە، دژی ئەو بڕیارەیە.
رۆژی دووشەممە لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا كۆبونەوەی وڵاتانی جی حەوت بە سەرۆكایەتی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، ئەوەش لەكاتێكدایە، رۆژی پێنجشەممە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ و یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەكرد.
بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل لە غەززە ٣٨ كەس كوژران و لە لوبنانیش ٤ كەس كوژران و ٢٣ كەسیش برینداربوون و پێدەچێت سەركردەیەكی حزبوڵاش كوژرابێت.
باڵی سەربازیی حەماس رایگەیاند، توانیویانە لە دوو چالاكی جیاوازدا سەربازێكی ئیسرائیل بكوژن و بەرەبەیانی ئەمڕۆش لە هێرشێكی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ٣٨ كەس كوژران.
میدیاكانی لوبنانیش رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی كردووەتەسەر كۆمەڵگەیەكی نیشتەجێبوون لە بەیروت و لە ئەنجامدا چوار كەس كوژران و ٢٣ كەسیش برینداربوون.
ئاماژە بەوەشكراوە، پێدەچێت لەهێرشەكەدا سەركردەیەكی حزبوڵا كوژرابێت و ئیسرائیلیش پێش هێرشەكە داوای لە دانیشتوانی ناوچەكە كردووە ماڵەكانیان بەجێبهێڵن.
ئاژانسێكی ئەمریكی دەڵێت، سزاكانی ئەمریكا دژی كەرتی نەوتی ئێران سەركەوتوو نەبووە و ٤٠٠ كەشتی نەوتی ئەو وڵاتە بە نهێنی رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێن.
ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ئێران لە رێگەی كەشتییەوە بە نهێنی رۆژانە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەكان دەكات چونكە ئەمریكا ٦٠٪ی ئەو كەشتییانەی سزا نەداوە.
رونیشیكردووەتەوە، ئێران بە نهێنی نەوتی وڵاتەكەی لە رێگەی ٤٠٠ كەشتییەوە دەگەیەنێتەوە بازاڕەكانی جیهان و سەرەڕای سزاكانی ئەمریكا رۆژانە یەك ملیۆن ٦٠٠ بەرمیل نەوت دەفرۆشێت.
ساڵی ٢٠١٨ سزاكانی ئەمریكا دژی كەرتی نەوتی ئێران ئاستی هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی لە دوو ملیۆن و ٨٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانەوە بۆ كەمتر لە ٦٠٠ هەزار بەرمیل كەمكردەوە و لێپرسراوانی وڵاتەكەش رایانگەیاند، بەهۆی سزاكانەوە داهاتی ساڵانەی ئێران لە ١١٣ ملیار دۆلارەوە بۆ ١٣ ملیار دۆلار كەمیكردوە.
فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق كوژرانی دوو چەكداری داعشی لە بۆردومانێكی ئاسمانیدا لە دۆڵی زەغیتون لە سنوری كەركوك راگەیاند.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری سەربازی و بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری سەربازی، بە فڕۆكەی ئێف ١٦ دوو چەكداری تیرۆریستی داعش لە دۆڵی زەغیتون لە سنوری كەركوك بە ئامانج گیراون و كوژراون.
دەشڵێت، هێزەكانیان لە هەموو شوێنێك بەدوای تیرۆریستانی داعش دەگەڕێن و سوورن لەسەر بنەبڕكردنی تیرۆر لە هەموو شوێنێكی وڵاتدا.
رێژەی بەشداری لە سەرژمێری لە هەولێر گەیشتە ١٠٠٪ و لە سلێمانیش ٩٩.٩٩٪ سەعات ١٢ ی ئەمشەویش قۆناغی دووەمی پڕۆسەكە كۆتایی دێت و قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان هەڵدەگیرێت.
دڵزار حەمەساڵح بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رێژەی بەشداری لە سەرژمێری لە پارێزگای هەولێر گەیشتە ١٠٠ ٪.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پلاندانانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رێژەی بەشداری لەسەرژمێری لە پارێزگای سلێمانی گەیشتووەتە ٩٩.٩٩٪ .
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق دەڵێت، هەفتەی داهاتوو دوای كۆكردنەوەی داتاكان ئەنجامی بەرایی سەرژمێری گشتی دانیشتووان رادەگەیەنرێت، دوو مانگ دواتریش ئەنجامی كۆتایی رادەگەیەنرێت.
وتیشی تیمەكان بەئامادەییەكی تەواو بەردەوامن لە سەردانیكردنی هاوڵاتییان بۆ ئەوەی تا سەعات ١٢ی ئەمشەو كە وادەكە درێژكراوەتەوە سەرجەمیان تۆماربكرێن.
هاوكات میقداد میری وتەبێژی لیژنەی باڵای ئەمنی سەرژمێری رایگەیاند، سەعات ١٢ی ئەمشەو قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاكان هەڵدەگیرێت.
پڕۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی قەیوم رەوانەی پەرلەمانی توركیا كرا، دەم پارتی دەڵێت پێویستە پڕۆژەكە پەسەند بكرێت.
هەر چوار فراكسیۆنی دەم پارتی و جەهەپە و ئی پارتی و فراكسیۆنی هاوبەشی ئایندە و سەعادەت لە پەرلەمانی توركیا پرۆژە یاسایەكیان پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كرد و رایانگەیاند: قەیوم پێچەوانەی دەستوری وڵاتەكە و دەبێت هەڵبوەشێنرێتەوە.
بەپێی ئەو پڕۆژە یاسایە كە پێنج حزبی دیكەی توركیا پشتیوانی دەكەن، دورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكان و دانانی قەیوم لە جێگەیان، پێچەوانەی ماددەكانی یەك، پێنج، ١٢٣ و ١٢٧ـی دەستوری توركیایە.
ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان دەم پارتی رایگەیاند؛ بەهۆی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توركیا پێویستی بە چارەسەری پرسی كوردە و دەبێت پشتیوانیی لە ئۆپۆزسیۆن بكرێت دژی سەپاندنی قەیوم لە وڵاتەكە.
هاوكات گۆكهان ئایدن بریكاری سەرۆكی فراكسیۆنی جەهەپە ئاماژەی بەوەكرد، پشتیوانی دە لایەن لە پڕۆژە یاساكە گرنگە بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەیوم.
پەرلەمانتارێكی دەم پارتی دەڵێت، توركیا هەوڵ دەدات پەیوەندی لەگەڵ ئەسەد دروست بكات بۆ لەناوبردنی ئیدارەی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.
جەنگیز چاندار، پەلەمانتاری پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان(دەم پارتی) سەبارەت بە پەیوەندی سوریا و توركیا رایگەیاند، هیچ ڕێڕەوێكی تیرۆر لە سوریادا نییە، ئیدارەیەك هەیە ١٢ ساڵە لەو ناوچەیە حوكم دەكات، ئەو ئیدارەیە ئامانجی دەرچوون لە سوریا و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق بگاتە ڕێككەوتن.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، سەدان هەزار كەسی دانیشتووی ئەو ناوچەیەی باسی لێوە دەكرێت، كورد و عەرەب و ئاشوری و چەركەسی و توركمان، خزم و كەسوكاری هاووڵاتیانی توركیان. ئەو ناوچەیە درێژكراوەیەكی سروشتی توركیایە، دەبێت توركیا پەیوەندییەكی سروشتی لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا دروست بكات.
جەنگیز چاندار باسی لەوەشكرد، دەتوانرێت بە دەستپێشخەرییە نوێیەكەی مەهەپە بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی، كە لە یەکی تشرینی یەكەم پێشكەشی كرد، هەلومەرجی لەبار بۆ گۆڕانكاری دابین بكات و سیاسەتی توركیا ١٨٠ پلە بگۆڕێت.
وەزارەتی بازرگانی عیراق پلانێكی نوێی تایبەت بە بەرنامەی بەشەخۆراك راگەیاند بە ئامانجی دیاریكردنی ئەو خێزانانەی لە ژێر هێڵی هەژاریدا دەژین.
محەممەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، لە چەند رۆژێكی داهاتوودا، بەرنامەیەكی نوێ و تایبەتی بە فۆرمی بەشەخۆراك رادەگەیەنن كە ئامانج لێی ئەوەیە لەو رێگایەوە ئەو خێزانانە لە ژێر هێڵی هەژاری دەژین یاخود پێویستی زۆریان بە بەشە خۆراك هەیە دیاریبكرێن.
جەختیشی لەوە كردەوە، وەزارەتی بازرگانی پشت بە ئەنجامی سەرژمێری گشتی دەبەستێت بۆ دابینكردنی داتای ورد دەربارەی هەموو خێزان و هاوڵاتییەك.
تیمی نیشتمانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان هەڵدەستێت بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نمونەی "دی ئێن ئەی" كەسوكاری ئەنفالكراوان ئەوانەی لەسەردەمی رژێم بێسەروشوێن كران.
تیمی نیشتیمانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان لە پەیمانگای پزیشكی دادی بەغداد و فەرمانگەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی دەزگای شەهیدانی عیراق بە هەماهەنگی نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق و رێكخراوی(ئای سی ئێم ئۆ)ی نێودەوڵەتی هەڵدەستێت بە هەڵمەتی كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی نمونەی خوێن بۆ "دی ئێن ئەی"بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان.
هەڵمەتەكە لە كەلار و ناحیەی رزگاری لە سەعات نۆ بەیانی تاكو دووی دوای نیوەرۆ بەڕێوەدەچێت و پێویستە كەس و كاری ئەنفالكراوان كارتی نیشتیمانی یەكگرتوو و یان ناسنامەی باری كەسیان پێبێت.
هاوسەرۆكانی دەم پارتی لەناوچەی ئەسەنیورتی ئیستەنبوڵ بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخستنی قەدەغەكراو زیندانیكران
ڕۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئارینان هاوسەرۆكانی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان(دەم پارتی) ئەسەنیورت، لەدوای چوار رۆژ لە دەستبەسەركردنیان، دوای ئەوەی لە دادگا وتەیان لێوەرگیرا، بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە ڕێكخستن” سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپێنرا.
ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی ١٨ی ئەم مانگە پۆلیسی توركیا هێرشیانكردە سەر بارەگای پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان (دەم پارتی) لە ئەسەنیورتی ئیستەنبووڵ، دوای لێكۆڵینەوە ڕۆژدا یەڵماز و عەبدوڵا ئارینان هاوسەرۆكانی دەم پارتی ئەسەنیورت بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ئیستەنبووڵ گواسترانەوە و دەستبەسەركران.