هەواڵەکانهەواڵەکان

كیێڤ دوپاتیكردەوە، مۆسكۆ بۆ یەكەمجار موشەكێكی بالستیكی كیشوەربڕی ئاراستەی ئۆكراین كردووە.


هێزی ئاسمانی ئۆكراین رایگەیاند، هێزەكانی روسیا لە هێرشێكدا بۆ سەر شاری دنیپرۆ موشەكی بالیستیكی كیشوەربڕیان بەكارهێناوە.


سەرچاوەیەك بۆ ئاژانسی فڕانس پرێسی پشتڕاستكردوەتەوە ئەوە یەكەمجارە مۆسكۆ لە دوای ئۆپراسیۆنی سەربازی ساڵی 2022 ئەم چەكە بەكاردەهێنێت.


ئەم هەنگاوەی روسیا هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی هەفتەی رابردوو جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا گڵۆپی سەوزی بۆ ئۆكراین هەڵكرد بۆئەوەی موشەكی دورمەودا كە ئەمریكا دابینیكردووە بۆ هێرشكردنەسەر روسیا بەكاربهێنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، دۆخی بازاڕەكان دوای كۆتایی هاتنی قەدەغەی هاتوچۆ ئاسایی دەبێتەوە و نرخی خۆراك گۆڕانكاری بەسەردا نایەت.

 
محەمەد خەزعەلی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی عیراق رایگەیاند، سەرجەم هاووڵاتیان پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بوون لە رۆژانی سەرژمێریدا و زۆربەی هاووڵاتیانیش پێشوازیان لە تیمی سەرژمێری كردووە. 


وتیشی، وەزارەتی كشتوكاڵ ئاگاداری ئەوەیە لە ماوەی قەدەغەی هاتوچۆدا لە بەشێك لە پارێزگاكان نرخی خۆراك بەرزبوەتەوە.


دەشڵێت، دوای هەڵگرتنی قەدەغەی هاتوچۆ دۆخی بازاڕەكان ئاسایی دەبێتەوە و نرخی خۆراك بەرزنابێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە هێرشێكی چەكداریدا لە پارێزگای خەیبەر لە باكوری رۆژئاوای پاكستان نزیكەی ٤٠ كەس كوژران.


نوسرەت حوسێن لێپرسراوی پۆلیسی خۆجێی ناوچەكە لەسەر روداوەكە رایگەیاند، روداوەكە بەهۆی ناكۆكی مەزهەبی لە نێوان زۆرینەی سوننە و كەمایەتییە شیعەكاندا رویداوە و ٣٨ كەس كوژراون.


ئاماژەی بەوەشكردووە، چەند ئۆتۆمبێلێك كە سەرنشینیان هەڵگرتبوو لە شاری پاراچنارەوە بەرەو پیشاوەری پایتەختی خەیبەر دەڕۆیشتن كاتێك چەكدارەكان تەقەیان لێكردوون.


هاوكات ئاسف عەلی زەرداری سەرۆكی پاكستان، ئیدانەی هێرشەكەی كرد و فەرمانی بە لێپرسراوانی وڵاتەكەی كردووە رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر دژی ئەو كەسانەی لە پشت هێرشەكەوە بوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

محەمەد شیاع سودانی فەرمانی پڕچەككردنی پاسەوانی سنوری عیراق دەردەكات.


محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق بارەگای فەرماندەیی هێزە سنورییەكانی لە بەغداد بەسەركردەوەو رایگەیاند، كاری تەكنیكی و ئیداریی هێزی پاسەوانی سنور بەراورد بە ساڵانی پێشوو گەیشتوەتە باشترین ئاستی خۆی.


وتیشی، فراوانبونی پەلامار و دەستدرێژییەكان بۆسەر ناوچەكە، بوونەتە گەورەترین مەترسی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عیراق.


هاوكات ئەفسەر و فەرماندەكانی راسپارد زیاتر ئاگاداری كاروبارەكان بن و بەدواداچوون بۆ پێداویستیەكان بكەن، هەروەها كار بۆ دابینكردنی چەكی مۆدێرن بكەن، بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسیەكان ماددەی هۆشبەر و تیرۆر.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی  ١٩٥٧ گرنگە

دەقی پەیامەکە

کۆمەڵانی خەڵکی بەشەرەفی کەرکوک

 
خوشک و براکانمان لە دانیشتوانی بەڕێزی کەرکوک و کەسوکارمان لە ئاوارە و نیشتەجێکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق کە بە بنەچە  کەرکوکین.


پڕبەدڵ دەستخۆشی و پیرۆزبایتان لێدەکەم  بۆ ئەو هەڵوێستە بەرپرسیارانەتان کە رۆژانی سەرژمێری گشتیتان   کردە بۆنەیەکی  گەورەی نیشتمانیی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان  و لە پارێزگای کەرکوک و دەوروبەری ، بە گیانی پەرۆشی و هیممەتی شارستانیتان بەشداربوون لەم سەرژمێرییە و خۆتان و کەسوکارتان بە کەرکوکی تۆمارکردەوە.


لە کەرکوکی خۆشەویست ڕۆژانی سەرژمێری هەر ناونووسکردن و خۆتۆمار کردنی هاوڵاتیان نەبوو کە ئەم بابەتەش  بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوەی وڵاتەکەمان و بۆ هاوڵاتیبوون و مافەکانیان  پێویستن،  بەڵکو وێستگەیەکی تری خەباتی مەدەنی و ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی دانیشتوانی خۆڕاگری کەرکوک و خەڵکە رەسەنەکانمان بوو کە لە شوێنەکانی تر نیشتەجێن ، 
ئەم رووداوە بۆ ئێمە وەک سەرژمێری دێرینی ساڵی  ١٩٥٧ گرنگە و هیوادارین پێکەوەش بنەما و بەڵگەی  داهاتوو بن  بۆ سەلماندنی رەوایەتی  و خاوەندارێتی گەلەکەمان لە زێدی مێژوویی خۆی لە کە کەرکوک وەک شاری برایەتی و پێکەوەژیان  ، ببێتە دەسکەلای رەوا بۆ نەخشەرێی ماددەی ١٤٠ و هەموو ئیستیحقاقە دەستورییەکانمان لە عیراق.


هەر بەو بۆنەیەشەوە  دەستخۆشی لە دامودەزگاکانی ئیدارەی کەرکوک ، بەڕێز پارێزگار کاک رێبوار تەها و سەرجەم دامودەزگا ئەمنییەکان و پۆلیسی هاتووچۆ و مامۆستایانی خۆشەویست و سەرجەم فەرمانبەرانی ئازای فەرمانگەکانی سەرژمێری دەکەین،  دەستخۆشی لە هاوڵاتیانی میواندۆستی شارەکەمان دەکەین کە ئامێزی کەرکوکی و خزمانەیان بۆ میوانانی خاوەن ماڵ کردەوە، 
سەرکەوتن بۆ ئەم خەباتە مەدەنییە نوێباوە، 

 
سەرکەوتن بۆ گەلەکەمان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شاڵاو کۆسرەت رەسول بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، شەهیدانی یەکێتیی، قارەمانانی رۆژانی سەختی خەباتبوون، بستە خاکێکی کوردستان نەماوە خەباتیان تێدا نەکردبێت.

دەقی پەیامەکەی شاڵاو کۆسرەت رەسول...

لە رۆژی شەهیدی یەکێتیی، بە شانازی و سەربەرزییەوە لەبەردەم گڵکۆی شەهیدانی یەکێتیی دەوەستین و یادیان دەکەینەوە.

شەهیدانی یەکێتیی، قارەمانانی رۆژانی سەختی خەبات بوون، بستە خاکێکی کوردستان نەماوە خەباتیان تێدا نەکردبێت و بەخوێنی خۆیان ئازادیان نەکردبێت و لە هەڕەشەی دوژمن نەیانپاراستبێت.

ئەمڕۆ لەسەرهەموومان پێویستە بە شکۆوە یادی شەهیدە نەمرەکانمان بکەینەوەو بە وەفا بین بۆ رۆڵەکانیان و خوێنیان، درێژە پێدەری خەباتیان بین و پارێزگاری لەو دەستکەوتانە بکەین کە بە خوێنی شەهیدان و خەبات و قوربانیدان تێکۆشەران وەدیهاتووە.

شاڵاو کۆسرەت رەسول
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رفعەت عەبدولا بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی، شانازی گەورەی شەهیدبوون و گیان فیدایی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە لە مێژوودا بە حیزبی شەهیدان ناوی تۆمارکراوە.

دەقی پەیامەکەی... 

بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی لە ڕۆژی شەهیدی یەکێتی نیشتیمانی

کوردستاندا، یادو یادەوەری ڕۆژانی سەخت و گیان فیدایی ڕۆڵەکانی یەکێتی و کوردایەتیمان بیردەکەوێتەوە، کە چۆن بۆ پارێزگاری لە کوردو ناسنامەکەی بە سەخاوەتەوە گیانیان بەخت ئەکرد، ڕۆژی شەهیدانی یەکێتی یادەوەری دەیان سەرکردەو سەدان  فەرماندەو هەزاران پێشمەرگەی شەهیدە کە بە خوێنی گەشیان  نیشتیمانیان پاراست لە دیکتاتۆریەت و تیرۆرستان، شانازی گەورەی شەهید بوون و گیان فیدایی بۆ یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە کە لە مێژوودا بە حیزبی شەهیدان ناوی تۆمارکراوە، لەم ڕۆژەدا هەزاران سڵاو بۆ گیان و خوێنی گەشی ڕژاوی  شەهیدانی یەکێتی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەرفرازی کوردستان.

رفعەت عەبدوڵا
٢٠٢٤/١١/٢١
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی پشتیوانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان بۆ رۆژی شەھیدانی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەڵێنی وەفا بۆ شەھیدانمان دووپاتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکانیان بین و بەردەوامبین تێبکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە رەوایانەی گەلەکەمان کە بەدەست نەھاتوون.

دەقی پەیامەکەی ئەنجومەنی پشتیوانی یەکیتی:

لە رۆژ شەھیدانی یەکیتی رۆژێک نییە بیرەوەری و داستانێکی نەبەردی و قارەمانێتی شەھیدانی یەکێتیی  نیشتمانیی کوردستانی تێدا نەبێت، 
لە رۆژی ٢١-١١ کە وەکو رۆژی شەھیدانی یەکێتی و رۆژی وەفاداری و پەیمان نوێکردنەوەیە بۆ رێبازی پیرۆزی شەھیدان دیاریکراوە،
شەھیدانمان بە ئومێدەوە بەرەو پیری پەتی سێدارە و مەرگ دەچوون لە پێناو ئامانجێکی پیرۆزی کوردایەتی و ئازادی نیشتمان، ئێمەش بەڵێنی وەفا بۆ شەھیدانمان دووپاتدەکەینەوە کە پارێزەری دەستکەوتەکانیان بین و بەردەوامبین تێبکۆشین بۆ بەدەستھێنانی ئەو ئامانجە رەوایانەی گەلەکەمان کە بەدەست نەھاتوون.

لە شۆرشی نوێی گەلەکەمان بەسەرۆکایەتی رابەر و سەرکردەمان ڕەوانشاد مام جەلال دژ بە رژێمی بەعسی فاشست پێشمەرگە شەھیدەکانی یەکێتی بوون بەخوێنی خۆیان ئازادی سەرتاسەریان بەرھەمھێناو و لە شەوی نائومێدی دا چرای ئومێدیان بەخوێنی خۆیان ھەڵکرد و  بەعسیان شکاند، ژوورەکانی سێدارە گەواھیدەری قارەمانێتی و بڕوابەخۆبوون و گیانفیدای یەکێتییەکان دەسەلمێنێت.

لەم رۆژە پیرۆزەشدا بەڵێنی بەردەوامیدان بە کاروانی پڕ لە قوربانیدان دووپاتدەکەینەوە و سەری رێز و نەوازش دادەنوێینین لەئاست قارەمانی و خۆراگری شەھیدان و وەفاداری و خزمەتکردن بۆ کەسوکار و بنەماڵەی شەھیدان دووپاتدەکەینەوە.

بەرز و شکۆدار بێت ٢١-١١ رۆژی شەھیدی یەکێتی
ئەنجومەنی پشتیوانی  (ی.ن.ک) 
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە رۆژی شەهیدی یەکێتییدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ بۆ ئێمە یادكردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری و تێكۆشانی .حزبەكەمانە

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...

 ئەمڕۆ بە شانازی و وەفاداریی هەمیشەییمانەوە یادی شەهیدانمان دەكەینەوە و رۆژی شەهیدی یەكێتی بەرز رادەگرین. سڵاو و خۆشەویستیی زۆرمان بۆ كەسوكارە سەربەرزەكانیان دەنێرین و لەبەرامبەر دڵسۆزی و خۆڕاگرییاندا سەری رێز دادەنەوێنین.

ئەمڕۆ بۆ ئێمە یادكردنەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری و تێكۆشانی حزبەكەمانە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیی گەلەكەمان، یادكردنەوەی هەموو ئەو قارەمانانەیە كە خوێنی خۆیان پێشكەشی خاكی كوردستان كرد و بە ژیانی خۆیان ئەم ئەزموونەیان هێنایە كایەوە. بۆیە كاتێك بیر لەو رابردووە پرشنگدارەمان دەكەینەوە، سوورترمان دەكات تاوەكو لە داهاتووشدا بە هەمان رۆحییەتی یەكێتییانەوە بەگژ نادادی و نایەكسانیدا بچینەوە و ئەو بەڵێنەی بە خەڵكمان داوە، پارێزگاریی لێبكەین و هەنگاو بۆ داهاتوویەكی سەقامگیرتر و شەرەفمەندانەتر بنێین، بەمەش رۆحی شەهیدانمان شاد دەكەین و كوردستان بەرەو قۆناغێك ئاڕاستە دەكەین كە شایستەی ئەو رووبارە خوێنەی رۆڵەكانمان بێت.

دروود بۆ رۆحی شەهیدانی یەكێتی و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادی و سەرفرازیی كوردستان و سەربەرزی بۆ كەسوكارە تێكۆشەرەكانیان.

بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت و تا سەعات ١٢ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت و دوایین وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی خێزانەكان.

لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەوە، قەدەغەی هاتوچۆ چووە بواری جێبەجێكردنەوە و بەوەش قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دەستیپێكرد و تاوەكو سەعات ١٢ی شەوی رابردوو بەردەوامبوو، ئەمڕۆش لە سەعات 8ی بەیانی پڕۆسەكە دەستیپێكرد و لە سەعات١٢ی ئەمشەو فۆڕمی تۆماركردنی هاووڵاتیان لە تابلێتەكان لەكاردەخرێن، بەوەش كۆتایی بە قۆناغی دووەمی پرۆسەكە دێت.

هاوشێوەی رۆژی یەكەم، ئەمڕۆش بژمێرەكان سەردانی ماڵی هاووڵاتیان دەكەن بۆ پشتڕاستكردنەوەی ئەو زانیارییانەی كە لە قۆناغی یەكەمی پڕۆسەكەدا بە ئەلیكترۆنی تۆماركراون، بەڵام ئەگەر هەر ماڵێك بژمێرەكان سەردانی نەكردووە، پێویستە پەیوەندی بكەن بە هێڵی گەرمی 567 كە بۆ ئاگاداركردنەوەی بژمێرەكان كارایە، بۆیە ئەمڕۆ دوایین وادەیە بۆ تۆماركردنی ناوی خێزانەكان لە سەرژمێری گشتی و

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق رایدەگەیەنێت، پلانی ئەمنی لە یەكەم رۆژی سەرژمێری بە سەركەوتوویی جێبەجێكران و هیوادارن سبەینێش كارەكانی بەباشی بەڕێوەبچن.

تەحسین خەفاجی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق راگەیاند، رۆژی یەكەمی سەرژمێری بەپێی كاری هێزە ئەمنییەكان سەركەوتوو بوو و هیچ ئاستەنگییەك بۆ هێزەكان دروست نەبوو.

دەشڵێت، گەلی عیراق لە گرنگی سەرژمێری تێدەگات و پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بوون و هێزە ئەمنییەكانیش ئەركەكانیان بە باشی راپەڕاند.

فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق وتیشی، بەپێی پلانی قەدەغەی هاتوچۆ بەغداد و پارێزگاكانی تریش كرابوون بە چەند بەشێكەوە، لە هەرێمی كوردستانیش پلانی قەدەغەی هاتوچۆی جێبەجێكراوە و گەشبینن سبەینێش بە سەركەوتوویی تێپەڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ عیراقییەكان و بە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە عیراقی نوێ بنیات دەنرێت.

محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە میانی سەردانیكردنی بنكەی سەرەكی سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە لە عیراق و بە ئەنجامدانی سەرژمێری عیراقی نوێ بنیات دەنرێت لەسەر بنەمای زانیاری نوێ و ورد.

وتیشی، هۆشیاری هاووڵاتیان بۆ بەشداریكرن لە سەرژمێری ئاماژەیەكی گرنگە و مەرجەعی ئایینی رۆڵی هەبوو بۆ هاندانی هاووڵاتیان بۆ ئەوەی پێشوازی لە تیمەكان بكەن و بەشێك بن لە پرۆسەكە.

دەشڵێت، سەرژمێری پێشتر بە كاغەز ئەنجام دەدرا، بەڵام ئێستا زانیاری نوێ بەهۆی تەكنەلۆجیاوەیە و بە شێوەی ئەلیكترۆنی كارەكە ئەنجام دەدرێت و ئاسانكارییە.

ئەمڕۆ سودانی زانیاریی خۆی و خێزانەكەی لە سەرژمێری گشتی تۆماركرد و داوای لە هاووڵاتیان كرد هاوكاری تیمەكانی سەرژمێری بكەن و زانیاری دروست پێشكەش بكەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی دەكات لە ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە عیراق و هەرێمی كوردستان.

ماتیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ئەوان پێشوازی لە یەكەم سەرژمێری دانیشتوان لە دوای ساڵی 1997ەوە دەكەن، وتیشی، ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە بۆ عیراق تایبەتمەندی خۆی دەبێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی وادەكات ئەو وڵاتە ستراتیژی ئابوری و گەشەپێدان و پلانی داهاتووی خۆی باشتر بزانێت، هەروەها، وتیشی، هانی هەموو عیراقییەكان دەدەن، بە دانیشتوانی هەرێمی كوردستانیشەوە، بۆ بەشداریكردن لە سەرژمێرییەكەدا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د. لەتیف رەشید سەرۆكی كۆماری عیراق، زانیارییەكانی خۆی لە سەرژمێری گشتی دانیشتوواندا لە سلێمانی تۆماركرد و داواش لە هاوڵاتیان دەكات هاوكاری تیمەكانی سەرژمێری بكەن.

سەرۆك كۆماری عیراق لە شاری سلێمانی زانیاریی خۆی پێشكەش بە تیمی سەرژمێری كرد و خۆی تۆماركرد و جەختی لە گرنگی سەرژمێری گشتی دانیشتوان كردەوە لە بەدەستهێنانی زانیاری و ئامار و داتای دروست كە خزمەت بە پلانەكانی گەشەپێدانی ئابووری و كۆمەڵایەتی دەكات و ڕەنگدانەوەی دەبێت لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كاریگەر بۆ هەموو عێراقییەكان.

سەرۆك كۆمار داواش لە هاووڵاتیان دەكات كە هاوكاری تیمەكانی سەرژمێری بكەن بۆ ئەوەی ئەم پڕۆسە  گرنگە سەركەوتوو بێت و ئامانجە خوازراوەكانی بەدیبهێنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری پلاندانانی عیراق داوا لە هاووڵاتیان دەكات هاوكاری تیمەكانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بكەن و زانیاری دروستیان بدەنێ.

خالید نەجم، وەزیری پلاندانانی عیراق رایگەیاند، سەرژمێری دانیشتوان گرنگییەكی زۆری هەیە، چونكە رۆڵی دەبێت لە گرەنتیكردنی دادپەروەری كۆمەڵایەتی و ئابوری و باشتركردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان لەسەرجەم بوارەكاندا.

هەروەها داوادەكات هاووڵاتیان هاوكاری تیمەكانی سەرژمێری بكەن و زانیاری دروستیان بدەنێ، راشیگەیاند،  پرۆسەی سەرژمێری گشتی تا كۆتایی رۆژی پێنجشەممە لەسەرجەم ناوچەكانی عیراق بەردەوام دەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە رەتیدەكاتەوە هیچ بڕیار و نووسراوێكی رەسمی لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵەوە دەرچووبێت بۆ قەرەبووكردنی ئەو هاووڵاتیانەی لەكاتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ئاوارەی ئێران بوون.

ئیدارەی پارێزگای هەڵەبجە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، چەند جارێكە بابەتی قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارەی پارێزگای هەڵەبجە بەبێ هیچ نووسراوێكی رەسمی حكومەتی هەرێم  یاخود حكومەتی فیدراڵ دەجوڵێندرێت بۆ مەرامی سیاسی و كەسی.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، دوای بەدواداچوونیان بۆ ئەو بابەتە لە رێگەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆوە كە لیژنەی تایبەتمەندی بۆ پێكهێنراوە دەركەوتووە، لەئیستادا هیچ نوسراوێكی رەسمی نییە بۆ دەستپێكردنەوەی قەرەبووی هاووڵاتیانی ئاوارەی هەڵەبجە لەلایەن حكومەتی هەرێم یاخود حكومەتی فیدراڵەوە.

ئیدارەی پارێزگاكە دڵنیاییش دەدات، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان بۆ قەرەبووكردنەوەی هاووڵاتیانی ئاوارە بەردەوامی دەبێت و لەكاتی بوونی هەر نووسراوێكی رەسمی لەوبارەیەوە، بۆ رای گشتی بڵاودەكەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...386387388389390...992