ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتە هەناردەكردنی غاز بۆ عیراق رادەگرێت و بەوهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار مێگاوات كارەبا كەمبوەتەوە.
وەزارەتی كارەبای عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئێران بۆ ماوەی ١٥ رۆژ هەناردەی غازی بۆ وڵات راگرتووە ئەمەش دەبێتەهۆی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا بە جۆرێك رۆژانە پێنج هەزار و ٥٠٠ مێگاوات كارەبا كەمتر بەرهەمدێت.
وتیشی، بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەردولا كراوە دەبێت ئێران رۆژانە ٢٥ ملیۆن مەتر سێجا غاز بنێرێت، بەڵام تەنیا حەوت ملیۆن مەتر سێجا غازی ناردووە و دواتر بە تەواوەتی ناردنی غازی راگرتووە.
دەشڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان هەماهەنگی دەكەن بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو بڕە كارەبایە بكرێتەوە كە لە دەستی دەدەن.
دەستەی ئاماری عیراق رایگەیاند، لەئەمڕۆوە قۆناغی سێیەمی سەرژمێری دەستپێدەكات و تا ١٠ی ١٢ بەردەوام دەبێت.
د. زیا عەواد سەرۆكی دەستەی ئامار و سیستیمی زانیاری جوگرافی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، تیمی مەیدانی سەرژمێری دەست بە قۆناغی سێیەمی سەرژمێری دەكەن و ئەوانەشی لە رۆژانی رابردو لە قۆناغی دووەمدا تۆمارنەكراون ناویان تۆماردەكرێت.
دەشڵێت، بژمێرەكان زانیاری لە بارەی شێوازی ژیانی هاووڵاتیان كۆدەكەنەوە لە بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و خزمەتگوزاری ئەوەش بە ئامانجی گەشەپێدان و باشتركردنی ژیانی هاووڵاتیان و ئەنجامدانی پرۆژەی پێویستە.
وەزارەتی دارایی هەرێم گشتاندنی بۆ بەهەمیشەیكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەركرد.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم گشتاندنێكی بۆ بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست دەكرد و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو كەسانەی كراونەتە هەمیشەیی ئەو بڕوانامەیان بۆ هەژماردەكرێت كە پێی دامەزراون و پێویستە سێ ساڵ خزمەتی كردبێت و فەرمانگەكە پێویستی بە راژەكەی هەبێت.
دەشڵێت، فەرمانبەرەكە كاتێك دەتوانێت خانەنشین بێت كە ٢٠ ساڵ خزمەتی هەبێت و بكات، دوای سێ ساڵ لە بڕیاری دامەزراندنی بەشێوەی هەمیشەیی دەتوانێت داوای گواستنەوەی راژەكەی بكات.
وتیشی، پێویستە ئەو كەسە تۆماری بایۆمەتری هەبێت و دوای دامەزراندنی بەشێوەیە هەمیشەیی ناتوانێت كەسێكی تر بخاتە شوێنی خۆی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، لە مانگی رابردودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا فەرمانبەرانی گرێبەست بەشێوەی هەمیشەیی دابمەزرێن كە ژمارەیان ٣١ هەزار كەس دەبێت.
لێپرسراوانی ئیسرائیل رایانگەیاند، حزبوڵای لوبنانی موشەكی ئیسرائیلی دژە تانكی پەیداكردووە.
لێپرسراوانی سەربازی ئیسرائیل رایانگەیاند، حزبوڵای لوبنانی موشەكی سپایكی دژە تانكی ئیسرائیلی دەستكەوتووە لە كاتی جەنگی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل لەساڵی ٢٠٠٦دا و دواتر رەوانەی ئێرانی كردووە بۆ ئەوەی دروستی بكاتەوە.
لە ماوەی رابردودا حزبوڵای لوبنانی موشەكی دژە تانكی ئەڵماسی ئاڕاستەی بنكەی سەربازی ئیسرائیل كرد و ئەوەش بووەتە جێگەی مشتومڕ لەلایەن لێپرسراوانی ئیسرائیلەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی رایگەیاندووە، چەكی دژە تانكی حزبوڵا كە ئێران دروستی كردووە مەترسییە بۆ سەر تانكەكانی ئیسرائیل و كوالێتیەكەی زۆر باشە و كەمترین هەڵەی هەیە.
وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، وڵاتەكەی نیگەرانیەكانی خۆی لە بارەی باكوری سوریاوە بە سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا گەیاندووە.
بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی ئاكیت، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاندووە، هێشتا سیاسەتی ترەمپ لەبارەی باكوری سوریاوە روون نییە، لەگەڵ ئەوەشدا پێشتر دەربارەی ئەو بابەتە هۆشداری خۆیان پێداوە و داوایانكردووە ئەمریكا چاو بە سیاسەتەكانی خۆی لەگەڵ باكوری سوریا بخشێنێتەوە.
دەشڵێت، لە هەر دەرفەتێكدا وەك توركیا ئەوە دووپاتدەكەنەوە هەڵوێستەكانیان دەربارەی باكوری سوریا جدین و پێویستە داواكارییەكانیان بەهەند وەربگیرێن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە كامێراكانى تیژڕەوی ڕێگای نێوان تاسڵوجە_ چەمچەماڵ دەخرێنەكار.
بە پێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی، لەئێستادا كامێراكانی سیستمی چاودێری خێرایی جێگیر بە سیستەمی خاڵ بۆخاڵ (پۆینت تو پۆینت)ی نێوان تاسڵوجە – چەمچەماڵ، لە سەرەتای پردی تاسڵوجە تا كۆتایی بازگەی (بانی مەقان) لە قۆناغی تێستدایە و كارەكانی تەواو بووە و ڕۆژی چوارشەممە كە دەكاتە ٢٧ ی ئەم مانگە لە سەعات ١٢ی نیوەڕۆ سەرجەم كامێراكان كە ژمارەیان ٢٨ كامێرایە دەكەونە كار و سەرپێچی تیژڕەوی تۆمار دەكەن.
وەزیرانی بەرگری ئەمریكا و ئیسرائیل رەوشی لوبنانیان تاوتوێكرد .
بە پێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پنتاگۆن"، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ یسرائیل كاتس وەزیری بەرگری ئیسرائیل، جەختیكردەوە لە گرنگیی گرەنتیكردنی پاراستنی هێزەكانی لوبنان و هێزەكانی یونیفیل لەلایەن ئیسرائیلەوە لە كاتی ئەو هێرشانەی دژی حزبوڵا ئەنجامی دەدات، هەروەها پابەندبونی ئەمریكای بە ئاسایشی ئیسرائیل و دۆزینەوەی چارەسەری دیپلۆماسی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان دوپاتكردەوە.
لایخۆشیەوە وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لە بەردەوامیی هێرشەكانی دژی حزبوڵا كردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل پابەند دەبێت بە هەوڵەكان بۆ گەراندنەوەی سەقامگیری تا لەو رێیەوە ئاوارەكانی باكوری لوبنان بگەرێنەوە ماڵەكانیان.
ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی باڵای كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كۆدەبێتەوە بە مەبەستی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
وتیشی، دوای پەسەندكردنی ئەنجامەكان، رادەستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، سەرۆكایەتی هەرێمیش وادەی یەكەم كۆبونەوەی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و یەكێك لە بڕگەكانیش تاوتوێكردنی هەمواری یەكەمی بودجەی سێ ساڵیە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەنجومەنەكە رۆژی سێشەممە كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی پێنج تەوەر دەكات كە تەوەری یەكەمیان دەنگدانە لەسەر رێككەوتنی نێوان عیراق و روسیا لە بواری ئاسمانیدا.
ئاماژە بەوەشكراوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەمە بۆ هەمواری ماددەی ژمارە ١٣ی یاسای بودجەی فیدرالی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥. كە تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشهاتووە، لە بەشێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای فرۆكەوانی مەدەنی و پرۆژەیاسای بەرگری شارستانی و قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتین و قوربانیانی حەمدانیە.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم رایدەگەیەنێت، قۆناغی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی سەرەڕای چەندین كێشە و گرفتی تەكنیكی و مەیدانی بە سەركەوتوویی جێبەجێكراوە.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرەرای بوونی دەیان ئاستەنگی تەكنیكی و كێشەی مەیدانی توانراوە لەماوەی ١٤ رۆژدا قۆناغی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بە سەركەوتووانە جێبەجێبكرێت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەماوەی سێ رۆژی قۆناغی دووەمی پرۆسەكەدا، زیاتر لە ١٠٠ هەزار پەیوەندی تەلەفۆنی كراوە بۆ سەنتەری پەیوەندییەكان لە ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری لە دەستەی ئاماری هەرێم و توانراوە وەڵامی زۆرینەی پەیوەندییەكان بدرێتەوە و كاریان لەسەربكرێت.
هاوكات، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم داوا لە دانیشتوانی ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ دەكات، بەشداری قۆناغی سێیەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی بكەن، كە پڕكردنەوەی فۆڕمی سەرژمێرییە و دواتر سودی لێ وەردەگیرێت بۆ دیاریكردنی بارودۆخی ئابووری، كۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و تەندروستی و دیموگرافی و بوارەكانی تر.
باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ئەمریكا رایگەیاند، پێدەچێت جۆ بایدن سەرۆكی ئێستای ئەمریكا داوای دروستكردنی دەوڵەتی فەڵەستین بكات.
مایكڵ ئۆرن لە وتاریكدا دەڵێت، پێدەچێت جۆ بایدن، پێش كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتییەكەی لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٥ دا، داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان بكات دان بە دەوڵەتی فەڵەستین دا بنێت.
دەشڵێت، ساڵی ٢٠١٦ باراك ئۆباما پاكێجێكی یارمەتی ئەمنی و سەربازی پەسەندكردووە كە تیایدا واشنتۆن رێگەی بە پەسەندكردنی بڕیارێكی ئەنجومەنی ئاسایش داوە، ئیدانەی نیشتەجێبوونی ئیسرائیل بكات لە كەناری رۆژئاوا.
ئەمەش لەكاتێكدایە جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا بە دۆستی ئیسرائیل دادەنرێت، بەڵام لایەنگری حكومەتی ئێستای بنیامین ناتانیاهۆ نییە.
ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق بۆ پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەك لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، رۆژی یەكشەممە یاخود دووشەممە ئەنجومەنی باڵای كۆمیسیارانی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق كۆدەبێتەوە بە مەبەستی پەسەندكردنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان.
وتیشی، دوای سەپەندكردنی ئەنجامەكان، رادەستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش وادەی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان دیاریدەكات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا پێشبینی دەكات هەزاران سەربازی كۆریای باكور لە روسیا بڵاوەیان پێبكرێت و دژی ئۆكراین شەڕ بكەن.
لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا رایگەیاند، ئەمریكا پێشبینی دەكات كۆریای باكور دەیان هەزار سەرباز بۆ روسیا بنێرێت بۆئەوەی دژی ئۆكراین بجەنگن، لە بەرامبەر یارمەتیدانی پیۆنگ یانگ بۆ پێدانی چەك و هاوكاری سەربازیی.
وتیشی، روسیا موشەكی دژە فڕۆكە و پێداویستی بەرگری ئاسمانی بۆ كۆریای باكور ناردووە.
وەزارەتی بەرگری كۆریای باكوریش رایگەیاند، ئەمریكا كەشتی فڕۆكە هەڵگری جۆرج واشنتۆنی بۆ نیمچە دورگەی كۆریا ناردووە و مانۆڕی سەربازیی لەگەڵ ژاپۆن و كۆریای باشور ئەنجامداوە و پێیان وایە هەڵسوكەوتەكانی ئەمریكا لە نیمچە دوورگەی كۆریا رەوشی ناوچەكە بەرەو كارەسات دەبات و ئاڵۆزتر دەبێت.
ئەمریكا ٣٠ كۆمپانیای چینی خستە لیستی رەشەوە و پێویستە بەرهەمەكانیان هاوردەی ئەو وڵاتە نەكرێن.
ئەمریكا ٣٠ كۆمپانیای چینی تۆمەتبار كردووە كە ماددەی خاو و كەلوپەلی ئیگۆرەكان بەكاردەهێنن بۆ دروستكردنی بەرهەمەكانیان كە وەك كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.
كاسرین تای نوێنەری وەزارەتی بازرگانی ئەمریكا رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریكا پابەند دەبێت بەوەی ناهێڵێت هیچ بەرهەمێك بێتە ناو وڵاتەكەیەوە كە دروستكراو و ماددەی خاوی ئیگۆرەكان و پێكهاتەو ئاینەكانی ناوچەی شینگیانگی چینە.
لە بەرامبەردا ئەندامانی لیژنەی پەرلەمانی حزبی شیوعی چین پێشوازییان لە بڕیارەكەی ئەمریكا كرد و پێیان وایە پێویستە ئەمریكا پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانەدا بپچڕێنێت كە ئیگۆرەكان بەكاردەهێنن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمریكا چەند جارێك رەخنەی لە حكومەتی چین گرتووە لەسەر شێوازی مامەڵەكردن لەگەڵ ئیگۆرەكان كە زۆربەیان مسوڵمانن.
لە ماوەی ١٠ رۆژدا لە سیستان و بلوچستان ٥٠ كەس بەهۆی پەلامارەكانی سەر هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستگیركراون و ٢٦ كەسیش كوژراون.
ئەحمەد شەفایی وتەبێژی مەشقی ئۆپراسیۆنی هێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە 5ی ئەم مانگە لە هێرشێكی چەكداریدا لە ناوچەی تەفتان سەر بە پارێزگای سیستان و بلوچستان ژمارەیەك ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كوژران، دواتر لە ئۆپراسیۆنێكدا بۆ روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستان لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا ٢٦ تیرۆریست كوژراون.
وتیشی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٥٠ كەس دەستگیركراون و ١٢ تیرۆریستیش خۆیان رادەستی هێزە ئەمنییەكان كردووە.
كۆمیسیۆنی گرتووخانەكانی ئەنقەرە رایگەیاند، رێگری دەكرێت لە ئازادكردنی زیاتر لە ٨ هەزار و ٥٠٠ زیندانی لە گرتووخانەكانی توركیا.
كۆمیسیۆنی گرتووخانەكانی ئەنقەرە لە كۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی راپۆرتێكی سەبارەت بە رەوشی گرتووخانەكانی توركیا بڵاوكردەوە، بەپێی داتاكانی وەزارەتی داد، مافی ئازادكردنی ٨ هەزار و ٥٢١ زیندانی لە گرتووخانەكانی توركیا راگیراوە و ئەشكەنجەی سیاسی دەدرێن.
راشیگەیاندوە، كەموكوڕی و نایاسایی هەڵاواردن لە گرتووخانەكان جێبەجێ دەكرێت و مافی زیندانییەكان پێشێل دەكرێت و پێویستە سنورداركردنی ئازادی زیندانییەكان بوەستێنرێت بۆئەوەی لەلایەن ئەنجومەنی دادگاكانەوە رابگەیەنرێت.