بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچی دوایی "ئاوارە" کوڕی مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەن زادە، پرسەنامەیەک ئاڕاستەی خانەوادەکەی دەکات و دەڵێت پرسە و سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی خانەوادە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەیەکی باڵان لە خەباتی رزگاریخوازی کوردایەتیدا.
دەقی پرسەنامەکە...
بەڕێز مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەن زادە
بە داخ و پەژارەوە هەواڵی کۆچی دوایی کاکە (ئاوارە) کوڕی بەڕێزتانم پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمەتان پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوە و کەسوکار و بنەماڵە سەربەرز و تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەیەکی باڵان لە خەباتی رزگاریخوازی کوردایەتیدا.
داواکارم لە خوای گەورە گیانی کۆچکردوو بۆ هەمیشە شادبکات، ئارامی و سەبووری بە هەموولایەک ببەخشێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەهۆی تەقینەوەی مین لە کوێستانی مێرگەدرێژان لە حاجی ئۆمەران شوانێکی تەمەن 25 ساڵ بە سەختی بریندار بوو.
دەزگای گشتیی کاروباری مین رایگەیاند، سەعات 6ی بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، لە کوێستانی مێرگەدرێژان لە سنوری گوندی زینەوە لە حاجی ئۆمەران، شوانێکی تەمەن 25 ساڵ مینی پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنەکە کێڵگەی مین بووە و ناوچەی قەدەغەکراو بووە.
ئەوەش هاتووە، شوانەکە لە نەخۆشخانەی چۆمان چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە و لە ئێستادا رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراوە.
داواش لە هاووڵاتیان دەکەن، لەکاتی چون بۆ کاری شوانیی یان شاخەوانی و گەشت، پرسیار لە کەسانی شارەزای ناوچەکە بکەن و لە مین و تەقەمەنییەکانی دیکە نزیک نەکەونەوە بۆ ئەوەی دووربن لە رودانی کارەسات.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت؛ باوەڕم وایە سەقامگیری و ئاسایش و گەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنها لە ڕێگەی گفتوگۆی بەرهەمدار و گشتگیر بە دەست دێت.
دەقی پەیامەکەی:
پێشوازی لە ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک دۆناڵد ترامپ دەکەم بۆ ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل. باوەڕێکی پتەوم بەوە هەیە کە سەقامگیری، ئاسایش و گەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنیا لە ڕێگەی گفتوگۆی بەرهەمدار و گشتگیرەوە بە دەست دێت و بە لێکتێگەیشتن لەنێوان سەرجەم لایەنەکان جێگیر دەبێت.
سوپاسی سەرۆک ترامپ و سەرکردەکانی تر دەکەم بۆ کاری دیپلۆماسی و چارەسەری ئاشتییانەی تەنگژەکان لەو کاتە هەستیارەی ئێستادا.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، دوژمانمان ناچار کرد دان بە شکستدا بنێت و تاکلایەنە شەڕ رابگرێت.
ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران راگەیەنراوێکی لەبارەی راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان ئیسرائیل و ئێران بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، بە خۆڕاگری و رووبەڕووبوونەوە ئیسرائیلیان ناچار کردووە تاکلایەنە بڕیاری راگرتنی شەڕ بدات.
دەشڵێت، "دوژمنمان ناچار کرد دان بە شکستدا بنێت".
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "هێزەکانی ئێران متمانە بە دوژمن ناکەن و دەست لەسەر خەنجەر ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێ ئەگەر لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجام بدرێت".
دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و ئێران؛ نرخی هەریەک لە نەوت و زێڕ بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت 5٪ی دابەزی.
دوای 12 رۆژ لە شەڕی بەردەوام لە نێوان ئیسرائیل و ئێران و گۆڕانکارییە جیۆسیاسییەکان، نرخی نەوت و زێڕ بەرز ببووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت گەیشتبووە 79 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بەرانبەرە بە 67 دۆلار و 91 سەنت.
هاوکات، یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمریکیش بە 65 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت.
لەبارەی نرخی زێڕیش بەهەمان شێوە نرخەکەی دابەزینی بەخۆوە بینیوە و ئەمڕۆ سێشەممە، یەک ئۆنسە زێڕ بەرانبەرە بە سێ هەزار و 323 دۆلار.
هەروەها، نرخی یەک کیلۆگرام زێڕ بەرانبەرە بە 106 هەزار و 849 دۆلار، نرخی یەک گرامیش بە 106 دۆلار و 84 سەنتە.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 16ی ئەم مانگەدا و دوای تێپەڕینی چوار رۆژ بەسەر شەڕەکەدا، نرخی زێڕ گەیشتە بەرزترین ئاستی دوو مانگی رابردووی و یەک ئۆنسە بە سێ هەزار و 413 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە کرا.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، ئاسمانی باشوور عیراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا کرایەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، گەشتەکان لە بەشی باشووری وڵاتەکە ئاسایی بوونەتەوە و بەم زووانە تەواوی ئاسمانی عیراق بە رووی گەشتەکاندا دەکرێتەوە.
دوای 12 رۆژ لە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران و تێپەڕینی موشەکەکانی ئەو دوو وڵاتە بە ئاسمانی عیراقدا، جگە لە ئیسرایل و ئێران ئاسمانی عیراقیش بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا.
شەوی رابردوو 23ی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند و لەمڕۆشەوە ئاگربەستەکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە.
تۆڕی "سی.ئێن.بی.سی" بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی ئەمریکا لە ژووری ئۆپراسیۆنەکان چاودێری هێرشەکانی ئێران دەکەن.
پێشتر، دوو بەرپرس بە "ئاکسیۆس"یان راگەیاند کە شەش موشەکی ئێرانی بەرەو قەتەر هاویژراوە، لەکاتێکدا یەک مووشەک بەرەو عیراق هاوێژراوە.
سەرچاوە سەربازییەکان ئێوارەی دووشەممە ئاشکرایان کرد کە ویلایەتە یەکگرتووەکان سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە بنکەی عەین ئەسەد لە عیراقدا چالاک کردووە، لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشی ئێرانی.
سەرچاوەکان رایانگەیاند کە "حاڵەتی ئامادەباشی بەرز و دەرکردنی فەرمان بۆ چوونە پەناگاکان لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە عیراق" ئەنجام دراوە.

ئێران لە وەڵامی هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر بنکە ئەتۆمیەکانی، هێرشی کردە سەر بنکە ئاسمانیەکانی ئەمریکا لە قەتەر و عیراق و کوێت.
نوێ دەکرێتەوە...
کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند؛ لە پێناو سەلامەتی هاووڵاتیان و دانیشتوان و گەشتیاران ئاسمانی وڵاتەکەی داخست.
لە راگەیەندراوێکدا، کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی قەتەرەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "لە چوارچێوەی پابەندبوونی دەوڵەتی قەتەر بە سەلامەتی هاووڵاتیان و سەردانیکەران، راگرتنی هاتوچۆی ئاسمانی لە وڵاتەکەیدا رادەگەیەنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی کۆمەڵێک رێکاری خۆپارێزی کە بە پشتبەستن بە پێشهاتەکانی ناوچەکە گیراوەتەبەر".
بەپێی راپۆرتی بەرپرسانی ئیسرائیلی و عەرەب، دوای هێرشی ئەمریکا بۆ وێستگە ناوکییەکانی ئێران، ئیسرائیل هەوڵدەدات لە نزیکترین کاتدا شەڕەکەی لەگەڵ ئێران کۆتایی پێبهێنێت.
بەرپرسانی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکیان وتووە کە وڵاتەکەیان چاوەڕوان دەکات لە چەند رۆژی داهاتوودا تەواوی ئەو ئامانجانەی کە لە پێناویدا هێرشی کردە سەر ئێران بپێکێت و، ئەمەش رێگە خۆش دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە بەرەنگاربوونەوەکان.
ویلایەتە یەکگرتووەکان بە بەرپرسانی عەرەبی ناوچەکەیان راگەیاندووە کە ئیسرائیل هەوڵدەدات بەم زووانە شەڕەکە کۆتایی پێبهێنێت، و داوای لێکردوون ئەم پەیامە بە ئێران بگەیەنن. ئەم بەرپرسانە رایانگەیاندووە کە ئێران پێی راگەیاندون، کە هێشتا ئامادە نییە بۆ دانوستان، چونکە وای دەبینێت ئەرکی خۆیەتی وەڵامی هێرشی ئەمریکییەکان بۆ سەر ئاژانسە ناوەکیەکان بداتەوە.
هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر گرنگترین سێ پێکهاتەی ناوکیی بوون لە ئێران و بووە هۆی نزیککردنەوەی ئیسرائیل لە ئامانجەکانی، کە بریتییە لە لاوازکردنی توانای ناوەکیی ئێران.
بەرپرسانی ئیسرائیلی جەختیان کردووەتەوە کە هیوادارن ئێران بەرەو مێزی دانوستان بچێت و رازی بێت بە راگرتنی دەوڵەمەندکردنی بەرنامە ئەتۆمیەکەی.
هەروەها ئاماژەیان پێداوە کە ئیسرائیل ئامادەیە لە داهاتوودا هێزی ئاسمانی بەکاربهێنێت ئەگەر بینی تاران دوبارە هەوڵدەدات بەرنامەی ناوەکیی بەرهەم بهێنێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ ئێوارەی یەکشەممە وتی کە ئیسرائیل "زۆر زۆر نزیکە" لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بەبێ ئەوەی "کات" رون بکاتەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە گەڵ فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد کۆبووەوە.
لە دەسپێکی کۆبوونەوەکەدا، دوایین پێشهاتەکانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، و چۆنیەتی دورخستنەوەی عیراق و وڵاتانی ناوچەکە لەو شەڕە وێرانکاریە، وکاردانەوەکانی ئێستا و داهاتوی لە سەر عیراق، تاوتوێکرا.
هەردوولا، رەوشی سیاسی عیراق، و ئەو ئاستەنگانەی دەبنە رێگر لە بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە لە کۆتایی ئەمساڵدا ئەنجام دەدرێت، تاوتوێکرد.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد، نامەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی موچەی فەرمانبەران، کە ئاراستە لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، تەسلیمی سەرۆک کۆمارکرد، و ناوەڕۆکی نامەکە لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتی کە ئەمڕۆ بە مەبەستی تاوتوێکردنی رەوشی گشتی وڵات گرێدەدرێت، باس دەکرێت.
وەزیری بەرگری ئەمریکا پیت هێگسێت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ یەکشەممە لە پێنتاگۆن، پشتڕاسیتکردەوە کە لێدانی هێزە ئەمریکیەکان بۆ سەر دامەزراوە ناوەکیەکانی ئێران "ورد و راستەوخۆ بوون و سەرکەوتنی ناوازەیان بەدەستهێنا"، هەروەها جەختی کردەوە کە "پڕۆگرامی ناوەکی ئێران بە تەواوی وێرانکراوە".
وەزیری بەرگری ئەمریکا وتی ئەو هێرشە سەربازییە کە ئامانجەکەی هەرسێ دامەزراوەی سەرەکی ئێران بوو کە بریتین لە فۆردۆ، نەتەنز و ئەسفەهان، وتیشی "دوای چەند مانگ پلانی ورد" هات، و بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنۆلۆژیای ئاسمانی و دەریایی جێبەجێکرا.
هێگسێت وتی: "لێدانێکی کوشندەمان لە ئێران ئەنجامدا."
وەزیری بەرگری ئەمریکا هۆشداری لە هەر هەوڵێکی ئێران دا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم هێرشە، و جەختیکردەوە، هەر هەر هەنگاوێکی تۆڵەسەندنەوە، توندتر وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن هێزەکانیانەوە.
ئاماژەی بەوەشدا: "پەیامەکە رونە: هیچ لێبوردنێک نییە لە مەترسی بۆ ئاسایشی ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانمان، و پێویستە ئێران تێبگات کە کاتی کۆتایی هاتووە."
وەزیری بەرگری ئەمریکا وتیشی: "سەرۆک ترەمپ باوەڕی بە سەپاندنی ئاشتی لە رێگەی هێزەوە هەیە، و ئەوەی ئەمڕۆ روویدا پراکتیزەکردنی ئەم بنەمایەیە."
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەپێی مافی رێگەپێدراوی خۆیان وەڵامی هێرشەكانی ئەمریكا دەدەنەوە و ئەمڕۆش دەچێتە مۆسكۆ بۆ بینینی سەرۆكی روسیا .
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانییدا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەك بەردەوام دەبن لە بەرگریكردن و دەستبەرداری سەروەری وڵاتەكەیان نابن . وتیشی ، دەبێت دەرگای دیپلۆماسیەت بە كراوەیی بمێنێتەوە بەڵام ئێستا كاتەكەی گونجاو نییە .
وەزیری دەرەوەی ئێران راشیگەیاند ، ئەمریكا هەموو هێڵە سورەكانی تێپەڕاندووە و دەبێت كۆمەڵی نێودەوڵەتی وەڵامی بداتەوە .
وەزیری دەرەوەی ئێران داواشی لە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كرد كۆبونەوەی بەپەلە رێكبخات لەبارەی هێرشەكانی ئەمریكا.
عراقچی وتیشی ، تا ئێستا قەبارەی راستەقینەی زیانەكانی هێرشەكەی ئەمریكا نازانن و بەپێی مافی رێپێدراوی خۆیان وەڵامی دەدەنەوە، ئاشكراشیكرد دەچێتە مۆسكۆ و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا كۆدەبێتەوە چونكە روسیا بەشێكی گرنگە لە دانوستانە ئەتۆمییەكان و پێكەوە هەماهەنگییان هەیە .
جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا دیمیتری مێدڤێدێڤ، لەبارەی هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران رایگەیاند؛ "بەم دەستکەوتانەوە، ترەمپ هەرگیز نۆبڵی ئاشتی نابینێت."
مێدڤێدێڤ لە پۆستێکی خۆی لەسەر تێلێگرام دەڵێت ئەمریکا لەم هێرشەی دوایی چی بە دەست هێناو چی لەدەست داوە؟
مێدڤێدێڤ لە پۆستەکەیدا بڕوای وایە کە ئەم هێرشانە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە و قەیرانەکەی زیاتر ئاڵۆزکردووە لە جیاتی چارەسەرکردنی.
لە پۆستەکەدا هاتووە:
سەرۆك كۆماری عیراق داوای كۆبوونەوەی هەردوو دەسەڵاتی دادوەری دەكات بۆ باسكردن لە كێشەكانی نێوانیان و چارەسەركردنی.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بە پشت بەستن بە ماددەی 87 دەستوری عیراق، كە سەرۆك كۆماری وەك پارێزەری دەستور لە وڵاتدا ناساندوە، سەرۆك كۆمار ، نارەزایی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر دەستێوەردانەكانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری عیراق و بە پێشێلكاری دەسەڵاتی دادوەری وەسفی كردوە.
سەرۆك كۆمار لە راگەیەنراوەكەیدا پێشنیازی كردوە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق و دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی بە ئامادەبوونی كەسانی شارەزا لە دەستور و یاسا كۆببنەوە بۆ باسكردن لە كێشەكانی نێوانیان تاوەكو عیراق نەكەوێتە بۆشایی یاسایی.
ئەم هوڵوێستەی سەرۆك كۆمار لە كاتێكدایە ، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، نۆ دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عیراقدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، وەكو ناڕەزاییەك دژی فشاری حكومەت و ئیدارەی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت بۆ سەر دادگاكە سەبارەت بە دۆسیەی خور عەبدوڵا.
هێرشەكانی ئەمریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كاردانەوەی بە دوای خۆیدا هێنا و وڵاتانی ناوچەكە ئیدانەی دەكەن و بەریتانیاش پشتگیری دەكات.
باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عیراق رایگەیاندووە ، بەغداد نیگەرانە و ئیدانەی هێرشكردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران دەكات و ئەو پێشهاتەش هەرەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەراست و سەقامگیری هەرێمیی دەخاتە مەترسییەوە .
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی سعودیە لە راگەیەندراوێكدا داوای لە كۆمەڵی نیودەوڵەتی كردوە هەوڵەكانی زیاتر بكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی بۆ قەیرانی ئێران و پێشێلكردنی سەروەری ئەو وڵاتەشی ئیدانە كردوە ، هاوكات حكومەتی عومان ئیدانەی هێرشەكەی ئەمریكای كردوە و داوای كردوە بە پەلە ئالۆزییەكان كەمبكرێنەوە و هێرشەكەی ئەمریكاشی بە پێشێلكردنی سەروەری ئێران ناو بردوە .
لەبەرانبەردا كەیر ستامەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەوڵەكانی رێگریكردن لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دوپاتكردوەتەوە و رایگەیاندوە ، بەرنامەی ئەتۆمی ئێران هەرەشەیەكی مەترسیدارە بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتی ، بۆیە نابێت رێگە بە تاران بدرێت پەرەی پێبدات .