هەواڵەکانهەواڵەکان

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزدەبنەوە و لە سەرجەم هەرێم دەگەنە سەروو 40 پلەی سیلیزی.

کەشناسی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی، ئاسمان ساماڵ دەبێت و پلەکانی گەرما 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی دیکە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ بەرزتر دەبنەوە.

ئەوەش هاتووە، سبەینێ شەممە، ئاسمان ساماڵ دەبێت لە زۆربەى کاتەکاندا، پلەکانی گەرماش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.

 

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەمجۆرە دەبن:

هەولێر :  43 پلەی سیلیزی 

سلێمانی : 41 پلەی سیلیزی

دهۆک :  42  پلەی سیلیزی

کەرکوک : 46 پلەی سیلیزی 

زاخۆ  :  43 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە :44 پلەی سیلیزی

سۆران :  43 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 30 پلەی سیلیزی

گەرمیان :46 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدێكی باڵای عیراق لە هەرێمی كوردستانە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم كۆببێتەوە بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدێكی باڵای وەزارەتی نەوتی عیراق كە پێكهاتوون لە راوێژكار و بەڕێوەبەری گشتی و كۆمپانیای سۆمۆ و وەفدێكی تەكنیكی، لە هەولێرە و بڕیارە ئەمڕۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەتیش لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان كۆببێتەوە.

کۆبوونەوەی وەفدەکە لەگەڵ هەرێم بۆ تاوتوێكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە و لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە دەسەڵاتی رێككەوتن بە وەفدەکە دراوە.

پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، ئەگەر رێككەوتن بكرێت كێشەی موچە و بودجەی هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەر دەچێت و پێشتریش حكومەتی هەرێم ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پێنج ناوچەی شرناخ لە باكوری كوردستان وەك ناوچەی ئەمنی تایبەت ناسێنرا و بۆ ماوەی نۆ رۆژ قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا راگەیەنرا.

قائیمقامی ناوەندی شرناخ لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێنج ناوچە لە سنوری شرناخ وەك ناوچەی ئەمنی تایبەت ناسێنراون و لە ئەمڕۆوە تا 5ی مانگی داهاتوو، قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا راگەیەنراوە.

ئەوەش لە كاتێكدایە لە ئێستادا پرۆسەی ئاشتی لە توركیا جێبەجێ دەكرێت، پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە"ش لە 1ی ئازاری رابردوو ئاگربەستی راگەیاند و هیچ جموجوڵێكی سەربازیی لەو سنورە نەكراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ و ناتانیاهۆ رێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە لە ماوەی دوو هەفتەدا و سەرجەم بارمتەكانیش ئازاد دەكرێن.

میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا و بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رێككەوتن لەسەر كۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و فراوانتركردنی هاوپەیمانێتی ئیبراهیمی و سەرجەم بارمتەكانیشی ئازاد دەكرێن.

جەختیشیان کردەوە، بەپێی ئەو رێككەوتنە چوار وڵاتی عەرەبی لە ناویاندا ئیماڕات و میسر، غەززە بەڕێوەدەبەن و بزوتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە دووردەخەنەوە و لە دەرەوەی هاوكێشەكان دەبێت.

ئاشکراشیانکرد، "سوریا و سعودیە لە قۆناغی ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانن لەگەڵ ئیسرائیلدا و بەشێك لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەكانیش دەچنە ناو هاوپەیمانی ئیبراهیمی".

میدیاكانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوەشکرد، ناتانیاهۆ لە مانگی داهاتوودا سەردانی كۆشكی سپی دەكات و غەززە و هاوپەیمانی ئیبراهیمی بابەتی سەرەكی گفتوگۆكان دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، ئەمریکا لە تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکان شکستی هێناوە. دەشڵێت: زللـەیەکی بەهێزمان لە ئەمریکا دا.

عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و باسی لەوەکرد، ئەمریکا لە تێکشکاندنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران شکستی هێنا و هیچ دەستکەوتێکی لەو شەڕەدا بەدەست نەهێنا.

باسی لەوەشکرد، ئیسرائیل نزیکبوو لە داڕمان و لەناوچوون، ئەمریکا دەیزانی ئەگەر بەشداری شەڕەکەی نەکردایە ئیسرائیل لەناودەچوو.

ئەوەشی خستووەتە روو، پیرۆزبایی سەرکەوتنی شەڕەکە لە ئێرانییەکان دەکات و دەشڵێت: بەسەر ئەمریکادا سەرکەوتین و ئێران زللـەیەکی بەهێزی لە دەموچاوی ئەریکا دا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر لە عیراق و هەرێم زیادی کردووە و بەپێی دوایین ئاماری مانگی پێنجی ئەمساڵ، لە چاکسازییەکانی هەرێمدا ماددەی هۆشبەر زیاتر لە 1 لەسەر 4ی تاوانەکان پێکدەهێنێت.

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، تاوەکو مانگی پێنجی ئەمساڵ هەزار و 576 کەس بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە لە چاکسازییەکاندا دەستگیر کراون، کە زیاتر لە 1 لەسەر 4ی سەرجەم تاوانەکانی دیکەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو ژمارەیە هەزار و 486 کەسیان لە رەگەزی نێر و 81 کەسیان لە رەگەزی مێن.

ئەوەشی خستە روو، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێش ساڵی 2003 عیراق یەکێک بوو لە پاکترین وڵاتەکان لەرووی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەرەوە، بەڵام بەپێی دوایین ئاماری ساڵی 2021ی نەتەوە یەکگرتووەکان، ژمارەی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر لە عیراق و هەرێمدا گەیشتووەتە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس.

کوێستان محەمەد وتیشی، لە ئێستادا بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی عیراق و هەرێمەوە، بوونەتە رێرەوی گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند ، وەك چۆن ئیسرائیلیان رزگار كرد ، بە هەمان شێوە ناتانیاهۆش لە دادگاییكردن رزگار دەكەن . 

ترەمپ لە تۆری كۆمەڵایەتی تروس سۆشیال نوسیویەتی ، سەری سورماوە لەوەی كە دەوڵەتی ئیسرائیل لە كاتێكدا كە تازە یەكێك لە گەورەترین ساتەكانی لە مێژوودا بە خۆوە بینیوە ، بەردەوامیی دەدات بە هەڵمەتێكی بێ مانا دژی سەرۆك وەزیرانەكەی.

هەروەها دوپاتیكردوەتەوە كە لەگەڵ ناتانیاهۆ پێكەوە بە دۆزەخدا تێپەریون كاتێك روبەروی دوژمنێكی كۆن و سەرسەخت و زیرەك بونەتەوە و توانیویانە یەكێك لە گەورەترین و بەهێزترین بەرنامە ئەتۆمییەكانی جیهان بە تەواوی لەناو بەرن.

ترەمپ راشیگەیاندوە ، دادگاییكردنی ناتانیاهۆ پاڵنەری سیاسی هەیە و ئامانجیانە زیانی پێ بگەیەنن ، هەربۆیە داوایكردوە بە زوترین دادگاییكردنەكە هەڵبوەشێندرێتەوە، دوپاتیشیكردوەتەوە ئەمریكا چۆن ئیسرائیلی رزگاركرد ، بە هەمان شێوە ناتانیاهۆش لە دادگاییكردن رزگار دەكات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دژە تیرۆری عیراق كوشتنی دوو تیرۆریستی داعشی لە ئۆپراسیۆنێكدا لە سنوری پارێزگای كەركوك راگەیاند.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هێزێكی تایبەت لە دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئۆپەراسیۆنێكی تایبەتی چوار رۆژەیان لە وادی زغیتون لە باشووری خۆرهەڵاتی قەزای حەویجە لە سنوری پارێزگای كەركوك ئەنجامداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پشت بەستن بە زانیاریی هەواڵگریی، توانیویانە دوو سەركردەی دیاری تیرۆستانی داعش بكوژن كە بە والی ریاز و سەربازی ریاز ناسرا بوون.

هەر بە پێی راگەیەنراوەكە، ئەو هێزە ئەركەكەی بە سەركەوتوویی و بەبێ هیچ زیانێك لەنێو ئەنجامداوە، هاوكات دەستیش گیراوە بەسەر چەندین چەك و ئامێر و كەلوپەلی سەربازیدا كە بۆ كردەوەی تیرۆستی بەكارهێنراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سلێمانی نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی شەش دیاری کرا و یەک کیلۆوات کارەبا بەرانبەر بە 242 دینارە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی کارەبای موەلیدەی سیتییەکان بۆ مانگی شەش دیاری کراوە و یەک کیلۆوات کارەبا بەرانبەرە بە 242 دینار، ئەو سیتییانەشی کە تەنها کارەبای مووەلیدەیان هەیە، نرخی هەر کیلۆواتێک کارەبا 226 دینارە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە موەلیدەی سەرجەم سیتییەکان پابەندی نرخەکە بن، بەپێچەوانەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

لە هەرێم موەلیدە ئەهلییەکان هاوشانی کارەبای نیشتمانی، کارەبا بۆ ماڵان دابین دەکەن و مانگانە نرخەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە وەرزە سارد و گەرمەکاندا کە کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە و زۆرکات تەنها 4 سەعات لە رۆژێکدا دەدرێتە هاووڵاتیان، موەلیدە ئەهلییەکان تەواوکەری پێدانی کارەبا دەبن، بەوەش لەو مانگانەدا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات بەراورد بە مانگەکانی دیکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان لەناوبردووە و بە دووری دەزانن ئەو وڵاتە بتوانێت بگەڕێتەوە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، دەشڵێت، موشەکە بالیستییەکانی ئێران بەهێز بوون و ئیسرائیل زیانێکی زۆری پێگەیشت.

سەرۆکی ئەمریکا و ئەمینداری گشتیی ناتۆ لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕی ئێران و ئیسرائیل و ناتۆوە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان ئەنجامدا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "سەرجەم دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانمان لەناو برد و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە قەبارەی زیانەکان".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو موشەکە بالیستییانەی ئێران بۆ ئیسرائیلی هەڵدا زۆر بەهێز بوون، ئیسرائیل لە شەڕەکەدا زیانێکی زۆری پێگەیشت.

وتیشی، "ئیسرائیل نەیدەتوانی بگاتە ئەو ناوچانەی ئێران، ئەگەر ئێرانمان بۆردومان نەکردایە قبوڵی نەدەکرد بێتەوە سەر مێزی دانوستان".

باسی لەوەشکردووە، "ئەگەر ئێران بچێتەوە سەر بەنامە ئەتۆمییەکەی جارێکی دیکە بۆردومانی دەکەینەوە، بەهۆی ئەوەی بەسەر بنکەکانیدا هاتووە، باوەڕ ناکەم ئێران بگەرێتەوە سەر ئەو رێژەیەی پیتاندنی یۆرانیۆم".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە رۆژی 13ی ئەم مانگەوە شەڕی نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکرد و ماوەی 12 رۆژی تەواو بە موشەک و فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هەردوولا بۆردومانی یەکیتریان کرد، تاوەکو لە 22ی ئەم مانگەدا و دوای بەشداری ئەمریکا لە شەڕەکەدا، لە رێگەی فڕۆکەی B-2 سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانی بۆردومان کرد و دواتر ئاگربەستی نێوان ئەو دوو وڵاتەی راگەیاند.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەرلەمانی ئێران پڕۆژە یاسای راگرتنی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پەسەند كرد.

پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا دەنگیان لەسەر پرۆژە یاسایەك بۆ  راگرتنی هاوكارییەكانی نێوان ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم داوە.

هاوكات، عەلی رەزا سەلیمی ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی ئێران، ئاماژە بەوەكردووە، ئەندامانی پەرلەمان بە كۆی دەنگ  هەموو بڕگەكانی پرۆژە یاسایاكەیان پەسەند كردوە.

هەروەها، محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران زۆر بە خێراتر دەستپێدەكاتەوە.

وتیشی، پێویستە رافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بە تۆمەتی سیخوری بۆ ئیسرائیل دادگایی بكرێت.

ئەمە لە كاتێكدایە، لە رۆژی سێشەممە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم داویكرد چاودێریكردنی دامەزراوە ئەتۆمیەكانی ئێران لە لایەن رێكخراوەكەیانەوە دەستپێبكاتەوە.

ئاڵۆزییەكانی نێوان ئێران و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا لە دوای راپۆرتێكی ئەو رێكخراوە دەستیپێكرد كە تێیدا ئێرانی تۆمەتبار كرد بەوەی كە پابەندی یاسا و رێساكانی ئاژانسەكە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی نەبووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

زانکۆی سلێمانی دەستپێشخەرییەک بۆ بەکارهێنانەوەی ئاوی ئاوەڕۆی تانجەرۆ پێشکەش دەکات، کە ئامانج لێی چارەسەری ئاوەڕۆی تانجەرۆیە.

زانکۆی سلێمانی رایگەیاندووە، رۆژی 23ی ئەم مانگە سەردانی تانجەرۆیان کردووە، بە مەبەستی دۆزینەوەی دەرفەتێك بۆ دروستكردنی زۆنگاوی دەستكرد لە ناوچەكەدا، هاوشێوەی پڕۆژەی زۆنگاوی دەستكردی ناو زانكۆی سلێمانی.

بەپێی ماڵپەڕی رەسمیی زانکۆی سلێمانی، تیمی زانکۆ دەیانەوێت هاوشێوەی پڕۆژەی زۆنگاوی دەستكردی ناو زانكۆی سلێمانی، لە ناوچەی تانجەرۆش هەمان پڕۆژە دووبارە بکەنەوە، كە بریتییە لە چارەسەركردنی ئاوی ئاوەڕۆ و دووبارە بەكارهێنانەوەی.

گرفتی ئاوی تانجەرۆ لە سلێمانی ماوەی چەند ساڵێکە بەردەوامە و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاودا دەگەڕێن بۆی کە لەگەڵ سروشت و جوگرافیای ناوچەکەدا بگونجێت. بەهۆی ئەوەی کە ئاوی بەشێکی ئاوەڕۆکانی سلێمانی دەچنەوە ئەوێ و ئەوەش زیانی زۆر بە ژینگە دەگەیەنێت و دەبێتە هۆکاری بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێكی ئەمریكا ئاشكرای دەكات گفتوگۆكانی وڵاتەكەی لەگەڵ ئێران بەردەوامە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان.

ستێڤ ویكتۆف، نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی فۆكس نیوز رایگەیاند: لەگەڵ دەستپێكردنی ئاگربەست لە نێوان تاران و تەلئەبیب، گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و تاران دەستی پێكردوەتەوە.

وتیشی گفتوگۆكانی نێوان ئەمریكا و ئێران كە لە رێگەی نێوەندگیرەوە دەكرێن هیوا بەخشە و واشنتۆن دەیەوێت بە دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان بگاتە رێكەوتنێكی بەرفراوان و هەمەلایەنە بۆ ئاشتیی لەگەڵ تاران.

نوێنەری ئەمریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەراست وتیشی: ئێستا كاتی دانیشتن و دانوستانە لەگەڵ ئێران و پێویستە ئەو وڵاتە تێبگات كە نابێت بە هێچ شێوەیەك بەردەوام بێت لە پیتاندنی یۆرانیۆم  چونكە ئەوەی ئاشكرایە بەهۆی هێرشەكانەوە توانای ئەو وڵاتە بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی بە تەواوەتی لەناو چوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی شەممە رێورەسمی باخاكسپاردنی فەرماندە و زانا ئەتۆمییەكانی ئێران لە تاران بەرێوەدەچێت كە لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران  پێنج شەممەش فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان بەخاكدەسپێردرێـت.

ئاژانسی هەواڵی ئێرنای ئێرانی بڵاویكردوەتەوە، رۆژی پێنج شەممە رێورەسمی بەخاكسپاردنی حسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسداران لە ئەسفەهان بەرێوەدەچێت .

رۆژی شەممەش رێورەسمێكی تری رەسمی لە تاران رێك دەخریت بۆ بەخاكسپاردنی ئەو فەرماندە سەربازیی و زانا ئەتۆمییانەی كە لە جەنگی 12رۆژەی نێوان ئیسرائیل و ئێراندا لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژران و رێورەسمەكە لە سەعات 8 ی بەیانیەوە دەستپێدەكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەنتەری فریاکەوتنی خێرای تەندروستی سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ئاگاداری هاووڵاتیان دەکاتەوە کە بەهۆی چاکسازی تەکنیکی لە سیستەمەکاندا، هێڵی گەرمی ژمارە 122 لە کاتژمێر 12:00ی شەو تا کاتژمێر 7:00ی بەیانی لەکار دەکەوێت.

خزمەتگوزاری ڤێگرەوە دابین کراوە:

لە ماوەی لەکارکەوتنی خەتی سەرەکیدا، هاوڵاتیان دەتوانن لە حاڵەتی فریاکەوتن و کارەساتەکاندا پەیوەندی بە ژمارە جێگرەوەکان بکەن کە بریتین لە :

  • ٠٧٧٠١٩٤٩٠٩٠
  • ٠٧٧٠١٩٤٩١٩١
  • ١٠٠

سەنتەری فریاکەوتنی خێرا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئەم ژمارانە بە شێوەیەکی بەردەوام 24کاتژمێر لە خزمەتی هاوڵاتیاندان و هیچ تێچووێکیان نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کۆتاییهاتنی شەڕی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی راگەیاند، چارەنووسی شەڕی غەززە لە نێوان تەل ئەبیب و بزوتنەوەی حەماس هێشتا نادیارە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، رۆژی دووشەممە رایگەیاندبوو کە گەیشتوونەتە رێکەوتنێک بۆ ئاگربەستی تەواو لە نێوان ئیسرائیل و ئێراندا.

بەڵام ئاگربەستەکەی نێوان تاران و تەل ئەبیب زۆر درێژەی نەکێشا، چونکە هەردوو لا تۆمەتی پێشێلکردنی رێکەوتنەکەیان خستە ئەستۆی یەک و هەڕەشەیان لە هێرشکردنە سەر یەک کرد.

سەرۆکی ئەمریکی ئەمڕۆ سێشەممە لە لێدوانێکی نوێدا رایگەیاند کە هەردوو ئیسرائیل و ئێران ئاگربەستەکەیان پێشێل کردووە کە پێشتر رایگەیاندبوو، و وتیشی کە "رازی نیم لە هیچ کامیان، بەتایبەتی ئیسرائیل".

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن:

فریاگوزار و دانیشتووانی غەزە رایانگەیاندووە، کە تەنای ئەمڕۆ سێشەممە، هێزەکانی ئیسرائیل بەلایەنی کەمەوە 40 فەلەستینییان لە ئەو ناوچەیە کوشتووە و فەرمانی گواستنەوەی نوێیان بۆ دانیشتووانەکە دەرکردووە.

بەپێی راپۆرتێکی سکای نیوز؛ رێکەوتنەکەی نێوان ئێران و ئیسرائیل هیوایەکی بۆ فەلەستینییەکان گەڕاندووەتەوە کە شەڕی نێو شار و ناوچەی ئەوانیش کە زیاتر لە 20 مانگە بەردەوامە، کۆتایی پێبێت. کە بووەتە هۆی کوژران و ئاوارەکردنی زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچەکە.

سەرچاوەکانی نزیک لە حەماس بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە؛ چەند هەوڵێکی نوێ بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە گفتوگۆ هەیە لە فەلەستین.

سەرچاوەکان رایانگەیاندووە؛ کە حەماس ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هەر پێشنیارێک کە "کۆتایی بە شەڕەکە بهێنێت و کشانەوەی ئیسرائیل لە غەزە جێبەجێبکات".

فەڕەنسا و ئەڵمانیا داوای ئاگربەست دەکەن لە غەززە:

سەرۆکی فەرەنسا ئیمانوێل ماکرۆن، ئەمڕۆ سێشەممە، کاتژمێرێک دوای راگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران – ئیسرائیل، جەختی لەسەر گرنگی گەیشتن بە ئاشتی لە غەززە کردەوە.

ماکرۆن لە سەردانێکی رەسمیدا بۆ ئۆسلۆ رایگەیاند: "سەرەڕای ئەوەی لە ئێران رودەدات، جەخت لەسەر پێویستی گەیشتن بە ئاگربەست لە غەزە و دووبارە دەستپێکردنەوەی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی دەکەمەوە".

لە لایەکی ترەوە، فریدریش میرتس سەرۆکوەزیرانی ئەڵمانیا رایگەیاند، "کاتەکە هاتووە" بۆ گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە.

چارەنووسی غەززە "نادیارە"

رۆژنامەی "تایمز" ئاماژەی بەوە کرد کە شەڕ لە حەوتی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، لەوانەیە هەندێک لەبیریان چووبێت، بەڵام هێشتا بەردەوامە و هیچ کۆتاییەکی روونی نییە.

دوای راگەیاندنی ئاشتی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل، هاووڵاتیان و بەشێک لە بەرپرسان لە ناوخۆی ئیسرائیل داوایان کرد، کە ئیدارەی ناتانیاهۆ سود لە دەرفەتەکە وەربگیرێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە و گەڕاندنەوەی بارمتەکان.

لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی ئیسرائیلی یائیر لاپید داوای کۆتاییهێنان بە هێرشە سەربازییەکەی سەر غەززەی کرد. لەسەر پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسی: "ئێستا غەززە. کاتەکە هاتووە بۆ کۆتاییهێنان بەوێش. بارمتەکان بگەڕێننەوە، شەڕەکە کۆتایی بهێنن".

هەروەها کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان داوای وەستاندنی دەستبەجێی شەڕی غەزەیان کرد. لە راگەیەندراوێکی مەکتەبی خێزانەکانی بارمتە و ونبووەکاندا هاتووە: "داوا لە حکومەت دەکەین کە بەشداری گفتوگۆیەکی بەپەلە بکات کە ببێتە هۆی گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان و کۆتاییهێنان بە شەڕەکە".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوو: "ئۆپەراسیۆنە 12 ڕۆژییەکە لە ئێران کۆتایی پێهات - ئێستا کاتی کۆتاییهێنان بە شەڕە 627 ڕۆژییەکە".

بەڵام سموتریچ وەزیری داراییی ئیسرائیل، کە بە بۆچونە توندەکانی لەسەر حەماس بەناوبانگە، دژ بەو بۆچونانە رایگەیاند: "ئێستا بە هەموو هێزمانەوە بەرەو غەزە دەڕۆین، بۆ تەواوکردنی ئەرکەکە: لەناوبردنی حەماس و گەڕاندنەوەی بارمتەکانمان".

وەزارەتی تەندروستی غەزە رۆژی دووشەممە بڵاویکردەوە، کە ژمارەی کوژراوان لە ناوچەکە گەیشتووەتە 55،998 کەس، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...320321322323324...1080