نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ، رۆژی چوارشەممە، داوای ناردنی هاوکاریی مرۆیی زیاتری بۆ کەرتی غەززە کرد.
لە ئێکسی رەسمی خۆی، نووسینگەی ناتانیاهۆ رایگەیاند: "حەماس خۆراکی لە خەڵکەکەی خۆی دزیوە. ئیسرائیل هەنگاوی ناوە. ئێمە هاوکاریمان لە رێگەی ئاسمانەوە بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە فڕێداوەتە خوارەوە و داواشمان لە وڵاتانی دیکە کردووە بەشداربن."
نووسینگەی ناتانیاهۆ دەشڵێت: "هەندێک وڵات وەڵامیان داوەتەوە. ئێمە دەرفەتمان رەخساندووە، دڵنیاییمان لە گەیشتنی هاوکارییەکان داوە. هەر وڵاتێک بەڕاستی بیەوێت یارمەتی بدات، بەخێرهاتنی دەکرێت."
ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە ئیسرائیل لە 2ـی ئازاری رابردوودا و دوای شکستپێهێنانی دانوستانەکانی ئاگربەست، گەمارۆیەکی سەرتاسەری خستبووە سەر هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە. هەرچەندە لە کۆتایی مانگی ئایاردا، سەرەڕای هۆشدارییەکان لە مەترسیی برسێتی، تەلئەبیب بە ڕێژەیەکی کەم دەستی بە ناردنەوەی هاوکاری کردەوە.
جێی ئاماژەیە، ئەم هەفتەیە، ئیسرائیل راگرتنی کاتیی رۆژانەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە بەشێک لە کەرتی غەززە راگەیاند و رێڕەوی ئارامی کردەوە بۆ ئەوەی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکان بتوانن خۆراک و پێداویستی بەسەر زیاتر لە دوو ملیۆن فەڵەستینی دانیشتووی کەرتەکەدا دابەش بکەن.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی باڵای سەربازی بەریتانیا بە سەرۆکایەتی ئیدوارد ئاڵگرن، راوێژكارى باڵای وەزارەتی بهرگريى بهريتانیا بۆ کاروباری رۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكورى ئەفریقا و پێکەوە تاوتوێی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا و دواین گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی عیراق و ناوچەکەیان کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە (30/7/2025) لە هەولێر بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە بەڕێوەچوو، ئاڵوگۆڕی بیروڕاکرا لەبارەی دۆخی ئەمنی عیراق و ناوچەکە، هەردوولا هاوڕابوون لە شەڕ و بارگرژییەکانی ماوەی رابردووی ناوچەکەدا سیاسەت و هەڵوێستی حکومەتی فیدراڵی عیراق ئەرێنی بووە و جەختیشیان کردەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵ لەسەر ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت و هەموو لایەنەکانیش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
سەبارەت بە هێرشە درۆنییەکان و بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری هەرێمی کوردستانیش، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ ئەوەی لە ماوەکانی رابردوودا هەنگاوی باش نراوە بە ئاراستەی سەقامگیری عیراق، بەڵام دووبارەبوونەوەی ئەمجۆرە هێرشانە مەترسییە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و عیراقیش و هیواشی خواست ئەنجامدەرانی هێرشەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن و رووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە چۆنییەتی بەهێزترکردنی هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزە ئەمنییەکانی کوردستان و عیراق لەگەڵ بەریتانیا کرا.
لەمبارەیەوە وەفدی سەربازی بەریتانیا جەختیان کردەوە، بەریتانیا وەک هاوبەش و هاوپەیمان لە هەرێمی کوردستان دەڕوانێت و کار دەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان بە تایبەت لەڕووی راوێژی سەربازی و راهێنانی زیاتر بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان.
دەزگای رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئەو بومەلەرزەیەی نیمچە دورگەی کامچاتکای لە رۆژهەڵاتی رووسیا هەژاند، بە گوڕی 8.8 پلە، وەک یەکێک لە 10 بەهێزترین بومەلەرزەکانی جیهان لە ساڵی 1900ەوە پۆلێنکراوە.
دەزگاکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بومەلەرزەیە لە دوای بومەلەرزە 9 پلەییەکەی ساڵی2011ی ژاپۆنەوە بە بەهێزترین دادەنرێت. لقی کامچاتکای ئەکادیمیای زانستی رووسیاش پشتڕاستی کردەوە کە ئەمە بەهێزترین بومەلەرزەیە ناوچەکەی هەژاندبێت لە ساڵی 1952ەوە.
بومەلەرزە بەهێزەکە بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی و هۆشداری لە چەندین ناوچەی زەریای هێمن بڵاوکرایەوە. هۆشدارییەکان ناوچەکانی دورگەکانی هاوای و بەشێک لە دورگەکانی ئەلوشیانی ویلایەتی ئەلاسکا، کەناراوەکانی رۆژئاوای کەنەدا و ئەمریکا تا سنووری مەکسیک، هەروەها فلیپین و ئیندۆنیسیای گرتەوە.
لە کامچاتکا ژووری فریاگوزاری خێرای هەرێمی پێکهێنرا و تیمە پسپۆڕەکان دەستیان بە پشکنینی وردی دامەزراوە گرنگەکان کرد، بەتایبەتی قوتابخانە و نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان، بۆ دڵنیابوونەوە لە نەبوونی هەر زیانێک.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە هەولێر پێشوازی لە وەفدێکی باڵای بەریتانیا بە سەرۆکایەتیی جێگری ئهدميراڵ ئێدوارد ئاڵگرن، راوێژكارى باڵاى بەرگری بهريتانيا بۆ رۆژههڵاتى ناوهڕاست و باكوورى ئەفریقا کرد.
لە دیدارێکدا کە دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکانی یەکێتی، لیوا روکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و ئەندرو بیزلی، کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەبوون گفتوگۆ لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان و عیراق، هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عیراق لەگەڵ هاوپەیمانان کرا و جەخت لە فراوانکردنی پەیوەندییەکان کرایەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پێزانینی بۆ رۆڵی هێزەکانی هاوپەیمانان بە تایبەت بەریتانیا لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و هاوکاریکردنی هێزەکانی پێشمەرگە دەربڕی و رایگەیاند، مەترسییەکانی تیرۆر لە عیراق و ناوچەکە کۆتایی نەهاتووە و پێویستمان بە ستراتیج و پلانی نوێ هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە ئەمنییەکان.
پەیوەست بە هێرشە درۆنییەکان و بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بافڵ وتی، ئەمە مەترسییەکی گەورەیە کە دەبێت رێگریی لێبکرێت و نەهێڵرێت ئارامی وڵاتەکەمان تێکبدات.
پێشهاتەکانی سووریا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو و سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لە سەقامگیریی ئەو وڵاتە و پاراستنی مافی هەموولایەک بە تایبەت کورد کردەوە.
راپۆرتێکی بی بی سی خراپترین شوێنی جیهان بۆ ژنان ئاشکرادەکات
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، تا ئێستا هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نەگەیشتووەتە یەکسانیی رەگەزیی تەواوەتی، کە بە هۆکارێکی سەرەکی بۆ بنبڕکردنی هەژاری دادەنرێت.
راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە یەکسانیی جێندەری لە رێگەی چەندین پێوەرەوە دەپێورێت، لەوانە: توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەری، بەشداریی ژنان لە بازاڕی کاردا، نوێنەرایەتیکردنیان لە ئاستی سیاسی و رێژەی مردنی دایکان لە کاتی منداڵبووندا.
لە نوێترین راپۆرتەکاندا، کە پشت بەستووە بە داتا نوێیەکان، یەک لە ترسناکترین وڵاتەکان بۆ ژنان "هایتی"ە، لەوێ، دەستدرێژیی سێکسی وەک چەکێک بەکاردەهێنن بۆ تۆقاندنی خەڵک و فراوانکردنی دەسەڵاتیان، کچان، بەرلەوەی بگەنە تەمەنی ناسین و هەستکردن بە خۆیان، تێکدەشکێنرێن و دوور دەخرێنەوە لە هەر گەشەیەکی فکری و جەستەیی، ئەم ڕاپۆرتە بەوردی چیرۆک و بارودۆخی ژنانی هایتی دەگێڕێتەوە، کە بە وتەی بەرپرسێکی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە "خراپترین شوێن لە جیهاندا بۆ ژنان ناودەبرێت" ئەمە لە کاتێکدا کە ئەگەر وڵاتانی تر بێنە ناوەوە، رەنگە ریزبەندییەکە ئەڤغانستان و چەندین وڵاتی تری تێبکەوێت.
چیرۆکی خەمناکی هێلین:
هێلین (ناوێکی خوازراوە) تەمەنی 17ساڵ بوو کاتێک گروپێکی چەتە هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکەیان لە پۆرتۆ پرینس، پایتەختی هایتی. ئەو کچە تازە لەدایکبووەکەی لە باوەشیدایە و دەڵێت، "پیاوە چەکدارەکان کاتێک هەوڵمدا هەڵبێم، منتیان رفاند و بۆ ماوەی زیاتر لە دوو مانگ دەستبەسەریان کردم."
ئەم ژنە گەنجە کە ئێستا تەمەنی ١٩ ساڵە، دەڵێت: "هەموو رۆژێک چەندین پیاوی جیاواز کە دەمامکیان بەستبوو و نەمدەناسین، دەستدرێژییان دەکردە سەرم و لێیان دەدام. هەندێک لەو کارانەی لەگەڵیان کردم هێندە ئازاربەخش بوون کە ناتوانم بۆتانی بگێڕمەوە."
هێلین درێژەی پێدەدات، "کاتێک دووگیان بووم، بەردەوام پێیان دەوتم دەبێت منداڵەکەم لەبارببەم، بەڵام من رەتمکردەوە. وتم ئەم منداڵە رەنگە تاکە منداڵ بێت کە بتوانم هەمبێت."
کاتێک گروپە چەتەکە سەرقاڵی شەڕ بوون لەگەڵ گروپێکی تر، هێلین توانی هەڵبێت و ئێستا لەگەڵ نزیکەی 30 کچ و ژنی دیکە کە قوربانیی دەستدرێژین، لە خانەیەکی ئارامدا دەژین. بچووکترین کچی نێو قوربانییەکان تەمەنی تەنها 12 ساڵە و بەهۆی بەدخۆراکییەوە لە تەمەنی خۆی بچووکتر دەردەکەوێت.
دەستدرێژیی بەکۆمەڵ و ئاماری شۆکهێنەر:
هاوکات لەگەڵ فراوانبوونی دەسەڵاتی گروپە چەکدارەکان لە پایتەخت و ناوچەکانی دیکەی هایتی، ئامارەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی بە شێوەیەکی مەترسیدار بەرزبوونەتەوە.
رێکخراوی "پزیشکانی بێ سنوور" کە کلینیکێکی تایبەتی بۆ قوربانیانی دەستدرێژیی سێکسی لە پۆرتۆ پرینس کردۆتەوە، داتایەکی تایبەتی بۆ "بی بی سی" ئاشکرا کردووە کە نیشانی دەدات ژمارەی سەردانیکاران لە ساڵی 2021ـەوە تا ئێستا نزیکەی سێ هێندە زیادی کردووە.
قوربانییەکان دەگێڕنەوە کە گروپە چەتەکان دەستدرێژیی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن و ملکەچکردنی دانیشتووان بەکاردەهێنن. دیانا مانیلا ئارۆیۆ، بەرپرسی نووسینگەی پزیشکانی بێ سنوور لە هایتی، دەڵێت: "قوربانییەکان باسی دەستدرێژیی بەکۆمەڵ دەکەن لەلایەن دوو، چوار، حەوت و تەنانەت 20 کەسەوە."
ژنێکی دیکە دەگێڕێتەوە: "هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکەمان، کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە بینیم دایکم، باوکم و خوشکەکەم کوژراون. چەکدارەکان تەرمەکانیان لەناو ماڵەکەدا بەجێهێشت و ئاگریان تێبەردا." دواتر کاتێک ویستویەتی هەڵبێت، لەلایەن چەکدارەکانەوە دەستگیرکراوە و دەڵێت: "دەستدرێژییان کردە سەرم، کچە شەش ساڵانەکەشم لەگەڵ بوو، دەستدرێژییان کردە سەر ئەویش، پاشان برا بچووکەکەمیان لەبەرچاوی ئێمەدا کوشت."
داڕمانی سیاسی و قەیرانی مرۆیی:
هایتی لە دوای تیرۆرکردنی سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە لە ساڵی 2021ـەوە، تووشی بۆشایی سیاسی و شەپۆلێکی توندی توندوتیژی بووە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 1.3 ملیۆن کەس ئاوارە بوون و نیوەی دانیشتووانی وڵاتەکەش رووبەڕووی برسێتییەکی توند بوونەتەوە.
سەرەڕای هەوڵەکانی هێزێکی ئەمنیی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی کینیا، گروپە چەتەکان توانیویانە کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پایتەختدا لە %85ـەوە بە %90 زیاد بکەن.
لەلایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، بودجەی ئاژانسی "یوئێسئەید"ی بۆ هایتی راگرت و بە "بەفیڕۆدانی سامان" ناویبرد. لولا کاسترۆ، بەڕێوەبەری هەرێمیی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دەڵێت: "پۆرتۆ پرینس خراپترین شوێنی جیهانە بۆ ژنان."
ئەو هۆشداری دەدات کە کەمبوونەوەی هاوکارییە مرۆییەکان کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ژنان دەبێت، چونکە ناچار دەبن بۆ دۆزینەوەی خۆراک روو لە شەقامەکان بکەن و زیاتر رووبەڕووی مەترسی ببنەوە.
لە کۆتاییدا، هێلین و ژنانی دیکەی ناو خانە ئارامەکە، لە داهاتووی خۆیان و منداڵەکانیان دەترسن. هێلین دەڵێت: "هەمیشە خەونم بەوەوە دەبینی بچمە قوتابخانە و داهاتوویەک بۆ خۆم دروست بکەم، بەڵام هەرگیز بیرم لەوە نەدەکردەوە لەم تەمەنە کەمەدا ببمە دایک."
زانیاری گشتی دەربارەی هایتی:
هایتی، کۆماری هایتی، وڵاتێکە لە دەریای کاریبی و لەسەر دوورگەی هیسپانیۆلا هەڵکەوتووە. پایتەختەکەی پۆرت ئۆ پرەنسە. هایتی لەگەڵ کۆماری دۆمینیکان هاوسنوورە.
زمانە فەرمییەکان: فەرەنسی و کریۆلی هایتی.
دراو: گورد.
دانیشتووان: نزیکەی 11.3 ملیۆن کەسە.
پێکهاتەی نەتەوەیی: %95ی دانیشتووانەکەی رەشپێستن.
ئایین: زۆرینەی خەڵکی هایتی کریستیانن و کەمینەیەکیش پەیڕەوی لە ئایینی ڤۆدۆ دەکەن.
هایتی یەکەمین کۆماری سەربەخۆی ڕەشپێستانە لە جیهاندا و لە 1ی کانوونی دووەمی1804سەربەخۆیی خۆی لە فەرەنسا وەرگرتووە. مێژووی هایتی پڕە لە ناسەقامگیری سیاسی و کودەتا و دیکتاتۆریەت. لە ساڵی2021، سەرۆکی وڵات، جۆڤینێل مۆیس، تیرۆرکرا. لەم دواییانەدا و لەژێر گوشاری باندە مافیاییەکان، سەرۆکی هایتی وازی لە پۆستەکەی هێناوە.
هایتی بەهۆی هەڵکەوتنی لەسەر هێڵی بوومەلەرزە، رووبەڕووی کارەساتی سروشتی زۆر بووەتەوە. لە ساڵی 2010 بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی7 رێختەر وڵاتەکەی هەژاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی نزیکەی 300 هەزار کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی تر. هەروەها لە ساڵی2021 بوومەلەرزەیەکی دیکەی بەهێز ناوچە ئاوییەکانی هایتی هەژاند.
هایتی بە هەژارترین وڵاتی کیشوەری ئەمریکا دادەنرێت و یەکێکە لە وڵاتە هەرە کەم گەشەسەندووەکان لە جیهاندا. ئابوورییەکەی پشتی بە کشتوکاڵ بەستووە و رێژەی هەژاری و بێکاری تێیدا زۆر بەرزە. کارەساتە سروشتییەکان و ناسەقامگیری سیاسی کاریگەری زۆر خراپیان لەسەر ئابووری وڵاتەکە هەبووە.
کلتووری هایتی تێکەڵەیەکە لە کلتووری ئەفریقی، فەرەنسی و تایینۆ (دانیشتووانی ڕەسەنی دوورگەکە). مۆسیقا و سەما بەشێکی گرنگی کلتووری هایتین و "کۆمپا" جۆرێکی بەناوبانگی مۆسیقای هایتییە. هەروەها هونەری هایتی بەتایبەت نیگارکێشی، ناوبانگێکی جیهانی هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ی تەمموزی 2025، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا دوا هەنگاوەکانی خەرجکردنی موچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموزی تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دارایی و ئابووری رایگەیاند، لیستی موچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی حوزەیران رەوانەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کراوە، بۆیە ئەرکی وەزارەتی دارایی عیراقە کە لە بەرامبەردا، موچەی ئەو مانگەی موچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
ئەنجومەنی وەزیران نوێنەرانی هەرێمی لە لیژنە هاوبەشەکان راسپارد کە لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆ بکەن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی داهاتی نانەوتی
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا ئەو بڕە نەوتەی ئامادەیە بۆ هەناردەکردن، رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) بکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە.
حکومەتی هەرێمیش بەرپرسیارێتی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیا نەوتیانە لە ئەستۆ دەگرێت کە نەوتەکەیان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ تەرخانکراوە.
ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پابەندبوونی بە لێکتێگەیشتنە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و لە بەرامبەردا پێویستە حکومەتی فیدراڵ موچەی مانگەکانی حوزەیران و تەمموز هاوشێوەی موچەخۆرانی تری عیراق خەرج بکات، چونکە هەرێم پابەندییەکانی خۆی لە دۆسیەی نەوت و داهاتی نانەوتیدا جێبەجێ کردووە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمریکی، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەمەبەستی تاوتوێکردنی قەیرانی مرۆیی لە کەرتی غەززە، سەردانی ئیسرائیل بکات.
ماڵپەڕەکە لە زاری دوو بەرپرسی ئاگاداری ئەمریکییەوە بڵاویکردەوە، ئەگەری هەیە ئەو نێردەیە سەردانی کەرتی غەززەش بکات و سەنتەرەکانی دابەشکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بەسەربکاتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە، نێردە ئەمریکییەکە لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی مرۆیی غەززە و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو.
بەرپرسێکی ئەمریکی بە "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە: "دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت زانیاری زیاتری لەبارەی دۆخی مرۆیی غەززەوە هەبێت، تا بزانێت چۆن دەتوانرێت هاوکاری زیاتری هاووڵاتییانی مەدەنی لە کەرتەکە بکرێت."
ئەمە یەکەم سەردانی ئەو نێردە ئەمریکییەیە بۆ ئیسرائیل لە ماوەی نزیکەی شەش مانگی رابردوودا و سەردانەکەشی لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئاگربەست لە غەززە رووبەڕووی وەستان بووەتەوە و کەرتەکە بەدەست قەیرانێکی مرۆیی کارەساتبارەوە دەناڵێنێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا وردەکاریی دامەزراندنی سێ یەکەمەکان و خاوەن بڕوانامە باڵاکانی دانیشتوی دەرەوەی هەرێم لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی بڵاوکردەوە.
دەقی وردەکاریی و رێنماییەکان:
1.دەرچووانی ساڵی (٢٠٠٣) تا ئەمڕۆ دەگرێتەوە.
2. دەرچووانی دەرەوەی عێراق لە زانکۆى پارێزگاکانی خۆیان بەپێی کارتی زانیاری داوکاری پێشکەش دەکەن.
3.پێشکەشکار فۆرمی داوکاری دامەزراندن و فۆرمی وەرگرتنی کۆد بەدەستی پڕ دەکاتەوە و ئیمزاى لەسەر دەکات.
4.تۆماری کۆلێژ و پەیمانگەکان فۆرمی ئۆنلاین بۆ دەرچووان پڕ دەکەنەوە.
5.پێویستە دەرچوو ئەم بەڵگەنامانە لەگەڵ خۆی ببات لە کاتی پێشکەشکردن:
-کارتی نیشتمانی دەرچوو لەگەڵ کارتی نیشتمانی دایک و باوکی دەرچوو.
-کارتی زانیاری یان بەڵگەنامەی نیشتەجێبوونی مۆرکراو لە یەکێک لە پارێزگاکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.
-هەر دەرچوویەک سەردانی تۆمارى کۆلێژ نەکات و فۆرمی دەستی پڕنەکاتەوە بێ بەش دەبێت لە وەرگرتنی کۆد و دامەزراندن.
-لە ئێستادا تەنها کۆد دروست دەکرێت و لە داهاتوودا دامەزراندنەکە لەسەر میلاکی حکومەتی فیدراڵی دەبێت بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون.
6.ئەم پرۆسەیە تەنها دانەمەزراوەکان دەگرێتەوە.
7.ئەم پرۆسەیە تا رۆژی (2025/9/15) سەعات (4)ى ئێوارە بەردەوام دەبێت.
8.ماوەی سکاڵا لە (2025/9/16) دەست پێ دەکات تا (2025/9/30).
کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەشوهەوای ئەمڕۆ و سبەینێی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و خۆڵ دەبارێت.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەرى خۆڵبارینێکی کەم و دابەزینى پلەکانى گەرما، هەروەها خێرایی با کەمێک زیاد دەکات و دەگاتە 25 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ پێنجشەممە، ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لەگەڵ ئەگەری بوونی خۆڵبارینێکی کەم بە هەمان شێوەی ئەمڕۆ.
لەبارەی پلەکانی گەرماوە کەشناسیی ئەوەی خستووەتە روو، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما 3 بۆ 5 پلەی دیکە دادەبەزن و سبەینێش هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ سبەینێ بەم جۆرە دەبن:
هەولێر : 45 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 44 پلەی سیلیزی
دهۆک : 44 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 46 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 45 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 45 پلەی سیلیزی
سۆران : 43 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 34 پلەی سیلیزی
گەرمیان 46 پلەی سیلیزی
ئەمریكا بڕی 10 ملیۆن دۆلار وەك پاداشت دیاری دەكات بۆ دۆزینەوەی سەركردەیەكی قاعیدە لە یەمەن .
بەرنامەی پاداشت بۆ دادپەروەریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، هەر كەسێك زانیاریی لەسەر "سەعد بن عاتف عەولەقی" هەبێت و یارمەتیدەربێت بۆ دەستگیركردنی ئەو سەركردەیەی رێكخراوی تیرۆریستی ئەڵقاعیدە لە نیمچە دورگەی عەرەب، لە لایەن وەزارەتەكەوە خەڵات دەكرێت و دەپارێزرێت.
راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دەرەوە لە كاتێكدایە كە ئەمریكا لە ساڵی 2022 بڕی شەش ملیۆن دۆلاری بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی سەعد عەولەقی دیاریی كردبو.
ئەمریكا رایگەیاندوە عەولەقی یەكێكە لە مەترسیدارترین سەركردەكانی داعش كە لە یەمەن نیشتەجێیە و بە هەڕەشە بۆ سەر ئەمریكا لەقەڵەم دەدرێت و ئاشكراشكراوە كە بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و حەماس لە غەززە ، داوای كوشتنی سەرۆك و سەركردەكانی میسر و ئوردونی كردوە.
ئاسایشی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا دەستگیركردنی نۆ تیرۆریستی لە رەققە راگەیاند و جەخت لە بەردەوامبونی هەڵمەتەكان دژی داعش دەكاتەوە.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی باكور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بڵاویكردەوە لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی كانتۆنی رەققە نۆ تیرۆریستی داعش دەستگیركراون.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو تیرۆریستانەی داعش ئامادەكارییان كردوە بۆ ئەنجامدانی چەند هێرشێك دژی هێزەكانیان و ئەو ناوچانەی لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكراتدان.
هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ باكوور و رۆژهەڵاتی سوریا جەختی لەوەشكردوەتەوە كە ئۆپراسیۆنەكانیان بەردەوام دەبن لە دژی شانە نووستووەكانی داعش لە ناوچەكەدا.
هەسەدە رایگەیاندوە لە ماوەی رابردودا جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لە دێرەزۆر و رەققە بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردوە بۆیە هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە هەڵمەتەكانیان دژی رێكخستن و چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە.
روانگەی ئابوریی "ئیكۆ عیراق" رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە بۆ نزیكەی 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە، چاوەڕوانیش دەكرێت تاكو كۆتایی مانگی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنان بگاتە نزیكەی 280 هەزار بەرمیل.
روانگەی ئابوریی "ئیكۆ عیراق" بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە درۆنییەكانی چەند هەفتەی رابردووەوە بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەو كێڵگانە بۆ 81 هەزار بەرمیلی رۆژانە دابەزی، ئێستا ئاستی بەرهەمهێنان لەو كێڵگانە بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە نزیكەی 120 هەزار بەرمیل.
ئەوەشی خستەڕوو، چاوەڕوان دەكرێت تاكو كۆتاییەكانی مانگی داهاتوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بگاتە نزیكەی 280 هەزار بەرمیلی رۆژانە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئاساییبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بەشدارییەكی بەرچاوی دەبێت لە چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان بەغداد و هەولێر لەسەر دۆسییەی نەوت و میكانیزمی هەناردەكردنی.
جەختی لەوەشكردووەتەوە، تاكو ئێستا بەغداد و هەولێر نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر وادەیەك بۆ دەستیپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.
بەریتانیا دان بە دەوڵەتی فەلەستیندا دەنێت، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش دەڵێت: ئەگەر ئیسرائیل تا مانگی ئەیلولی داهاتوو هەنگاو نەنێت بۆ ئاگربەست ئەو بڕیارە دەدەن.
كییەر ستامەر سەرۆكوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەگەر ئیسرائیل هەنگاونەنێت بەرەو ئاگربەست، ئەوا لە كۆبوونەوەی داهاتووی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ئەیلول، دان دەنێن بە دەوڵەتی فەڵەستینیدا.
سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا وتیشی، دانپێدانان بە دەوڵەتی فەلەستیندا لە ئێستادا باشترین كاتە و زۆرترین كاریگەری دەبێت، بەهیوای ئەوەی چارەسەری دوو-دەوڵەت ببێتە هۆی ئارامی و ئاشتییەكی ماوە درێژ لە ناوچەكەدا.
ئەم لێدوانەی ستارمەر لەكاتێكدایە، ئیمانیۆڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێشتر ئاماژەی بەوەدا كە حكومەتەکەی داندەنێت بە دەوڵەتی فەلەستینیدا لە كۆبوونەوەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا لە مانگی ئەیلولی داهاتوودا.
توركیا داوا دەكات، رێككەوتنی نوێی نێوان ئەنقەرە و بەغداد میكانیزمێك بۆ گرەنتیكردنی بەكارهێنانی تەواوەتی هێلی بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان لەخۆبگرێت.
ئاڵب ئەرسەلان بەیرەكتار وەزیری وزەی توركیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو دانوستانەی لە نێوان ئەنقەرە و بەغداد هەیە بۆ فراوانكردنی رێككەوتنی نێوانیان لە بواری وزەدا، ئەنقەرە داوایكردوە، رێككەوتنێكی نوێ دابڕێژرێت كە لە رێیەوە گرەنتی بەكارهێنانی تەواوی هێڵی بۆری نەوتی كەركوك-جەیهان بكرێت.
وتیشی، توانای ئەو هێڵە بۆ گواستنەوەی نەوت رۆژانە یەك ملیۆن و 500 هەزار بەرمیلە، بەڵام لە رابردوودا و لە كاتی كاركردنیدا هەموو تواناكەی بەكارنەهێنراوە، وەزیری وزەی توركیا بە دوریشی نەزانیوە لە چوارچێوەی رێككەوتنێكی نوێدا بتوانن هێڵەكە بۆ باشوری عیراقیش درێژ بكەنەوە.
هاوکات لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە، گیدۆن سەعار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رایگەیاند فشارەکان لەسەریان کاریگەری نابێت و وڵاتەکەی "خۆی ناکوژێت" لەپێناو ئەو وڵاتانەی "کۆنترۆڵی شەقامەکانی خۆیان لەدەستداوە".
سەعار لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی تایبەتدا لە وەزارەتەکەی، رۆژی سێشەممە وتی: "لەم رۆژانەی دواییدا شایەتحاڵی هەڵمەتێکی شێواوی فشاری نێودەوڵەتین لە دژی ئیسرائیل، ئەم هەڵمەتە شەپۆلی دژە جوولەکەبوون بەهێزتر دەکات."
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو وەزیرانی دەرەوەی زیاتر لە 25 وڵات، لەگەڵ کۆمسیارێکی یەکێتی ئەوروپا، داوای کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززەیان کرد و رەخنەیان لە مۆدێلی نوێی دابەشکردنی هاوکارییەکانی ئیسرائیل بۆ کەرتی غەززە گرت.
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل ئامانجی فشارەکانی بۆ دوو خاڵ گەڕاندەوە: یەکەم، رێگەدان بە حەماس بۆ سەپاندنی ئیرادەی خۆی بەسەر ئیسرائیلدا، کە بە وتەی ئەو "کارەساتێک دەبێت بۆ ئیسرائیلی و فەڵەستینییەکانیش". دووەمیش، "سەپاندنی دەوڵەتێکی تیرۆری فەڵەستینی بەسەر ئیسرائیلدا".
سەعار ئاماژەی بە لێدوانێکی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد و وتی: "دوێنێ لە نیویۆرک وتی پێویستە ئەوروپا فشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ قبوڵکردنی چارەسەری دوو دەوڵەت. دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی ئەمڕۆ، واتا دامەزراندنی دەوڵەتێکی حەماس و دەوڵەتێکی جیهادی. ئەمە روونادات."
دوای چەند رۆژێک لە کاریگەریی شەپۆڵێکی گەرما لەسەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کەشناسی پێشبینی دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما دەکات و رایدەگەیەنێت کە شەپۆلەکە کۆتایی دێت.
بەپێی پێشبینییەکانی بەرێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەممە، هێشتا پلەکانی گەرما بە بەرزی دەمێننەوە، بەجۆرێک لە سەنتەری پارێزگاکان پلەی گەرما لە سەرووی 45پلەی سیلیزییەوە دەبێت. هاوکات لە ناوچە شاخاوییەکان نزیکەی 42 پلە و لە ئیدارەی گەرمیانیش نزیکەی 49 پلەی سیلیزی تۆمار دەکرێت.
بەڵام لە سبەینێوە، چوارشەممە، کاریگەریی شەپۆلە گەرمەکە لەسەر ناوچەکەمان کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما دەگەڕێنەوە بۆ ئاستی ئاسایی خۆیان.
پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما (3 بۆ 6) پلەی سیلیزی داببەزن و تا چوارشەممەی داهاتوو هیچ شەپۆلێکی دیکەی گەرما روو لە ناوچەکە ناکاتەوە.