وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانێکی وەزاری، پلەی (12،010) پێشمەرگە و ئەفسەری سەر بە دیوانی وەزارەت و لیواکانی پیادەی بەرزکردەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارەکە پاڵپشتە بە ماددەی چواردە لە پەیڕەوی نیزامیی راژە و خانەنشینی پێشمەرگە ژمارە (6)ی ساڵی 2011، کە تایبەتە بە یاسای ژمارە (38)ی ساڵی 2007.

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم پلە بەرزکردنەوەیە گوزارشتە لە خشتەی پلە بەرزکردنەوەی نەورۆزی ساڵی 2025ی کارمەندان و بەپێی ڕێنماییەکانی فەرمانی وەزاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی گشتی ژمارە (6033)ی دەرچوو لە 4ی کانوونی یەکەمی 2011، ئەنجامدراوە.

ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە پڕۆسەی کارگێڕی و رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دێت و ساڵانە بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانە ئەنجام دەدرێت کە شایستەی پلە بەرزکردنەوەن.