وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هیچ پشکێنەرێکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ئێران بوونی نییە
رەوەز
٤ی ئابی ٢٠٢٥
ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە هیچ پشکێنەرێکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ئێستادا لە ئێران بوونی نییە و رەتیکردەوە ئامادەبن دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا ئەنجامبدەن.
بەقایی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران چەندین جار جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرپرسانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەبێت بەپێی بەرپرسیارێتییەکانی خۆیان کاربکەن و خۆیان لە کەوتنە ژێر کاریگەریی وڵاتان بەدوور بگرن.
ناوبراو وتیشی: "گلەیی و ناڕەزایەتییەکانمان سەبارەت بە کارە سیاسییەکانی ئاژانس بە تەواوی روونە."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە هاوکارییەکانی ئاژانس لەگەڵ ئێراندا دەبێت بەپێی نوێترین بڕیاری پەرلەمانی ئێران هەماهەنگ بکرێت. بەپێی ئەو بڕیارە، حکومەتی ئێران پابەندکراوە بە هەڵپەساردنی هەرجۆرە هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم تا ئەو کاتەی دڵنیایی لە پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و ئاسایشی ناوەند و زانا ئەتۆمییەکانی ئێران دەدرێت.
سەبارەت بە هەڵوێستی سێ وڵاتە ئەوروپییەکە (بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) لەبارەی بەکارهێنانی میکانیزمی هاندان (Trigger Mechanism)، بەقایی رایگەیاند: "ئەو سێ وڵاتە ئەوروپییە بە هیچ شێوەیەک مافی یاساییان نییە بۆ خراپ بەکارهێنانی میکانیزمی هاندان."
میکانیزمی هاندان، کە لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام)دا هاتووە، رێگە بە گەڕانەوەی خودکارانەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەدات لە ئەگەری پابەندنەبوونی تاران بە رێککەوتنەکەوە.
وتهبیژی وهزارهتی دهرهوهی ئیران له وهلامی پرسیارێکدا که ئایا ئهگهری ههیه دانوستانی ئێران و ئهمریکا به شێوهی راستهوخو بکرێت، رایگهیاند: نەخێر، هیچ نێتێک نییە بۆ ئەوە.