د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆمار، رۆژی دووشەممە، لە کۆشکی بەغداد، پێشوازیکرد لە دکتۆر موحی مورتەزا قەزوینی، سەرۆکی ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی و جێگر و ئەندامانی ئەنجومەنەکە و لە دیدارەکەدا، پلانی پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا.

هەروەها، گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی رێکخستنەوەی بەڕێوەبردنی دامەزراندن و پرۆسەی خستنە سەرکار لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تاوتوێ کرا کە ئامانج لێی دامەزراندنی سیستەمێکی کارگێڕی مۆدێرنە کە ئاستی خزمەتگوزارییە حکومییەکان بەرز بکاتەوە.

لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی پشتگیریکردنی ئەنجومەنەکە کردەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکە گرنگەکانی لە پەرەپێدانی سیستەمی کارگێڕیدا جێبەجێ بکات.

 هەروەها، ئاماژەی بە گرنگی بەرزکردنەوەی ئاستی گشتیی کارکردن و پەیڕەوکردنی میتۆدی کاریگەر کردەوە کە بەشداربن لە بەرزکردنەوەی لێهاتوویی کاری دامەزراوەیی و رێکخستنی پێکهاتەی کارگێڕی.

 سەرۆک کۆمار دووپاتیکردەوە کە دامەزراندنەکان دەبێت بەپێی یاسای ئەنجومەنی خزمەتی فیدراڵی و بەپێی ئەوەی لە یاسای بودجەی گشتیدا هاتووە جێبەجێ بکرێت ، هەروەها پەیڕەوی لە شێوازی پیشەیی و کارگێڕی دادپەروەرانە بکرێت و پێداویستی راستەقینە و لێهاتوویی و شارەزایی لە پسپۆڕیدا لەبەرچاو بگیرێت.

لەلایەن خۆیانەوە، ئەندامانی وەفدەکە سوپاسی بەدواداچوون و پشتیوانی تەواوی سەرۆک کۆماریان کرد بۆ ئەنجومەنەکە لە پەرەپێدانی بنەماکانی کاری کارگێڕیدا. 

هەروەها، پابەندبوونی خۆیان بە چەسپاندنی بنەماکانی کاری پیشەیی بەپێی پێوەرەکانی لێهاتوویی و شارەزایی دووپاتکردەوە.

سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنەکە روونکردنەوەیان لەسەر پلان و بەرنامە پەسەندکراوەکان لە پرۆسەی دامەزراندن و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان لە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا پێشکەش کرد.