قائیمقامیەتی رانییە، رایگەیاندوە، سبەینێ دەستبەدابەشکردنی نەوت دەکرێت و هاووڵاتییانیش ئاگاداردەکاتەوە پێویستە کارتی نەوتیان پێبێت و ئاگادریشبن بەسەر نەچوو بێت.
قائیمقامیەتی رانییە لە راگەیەندراوێکدا، هاوڵاتییانی سنورەکە ئاگاداردەکاتەوە، سەبەینێ دەستبەدابەشکردنی نەوت دەکەن و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت، پێویستیشە هاووڵاتیان سەردانی بریکارەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی دڵنیابوونەوە لە کارتی وەرگرتنی نەوت.
هۆشداریشیانداوە لەوەی بۆ وەرگرتنی نەوتەکە دەبێت کارتی نەوتیان پێبێت و لە ئەگەری بەسەرچونی کارتەکەشدا، سەردانی دارایی رانیە بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات کارتەکانیان بۆ کارا بکرێتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە؛ پرۆسەی دابەشکردنەکە لە گەرەکی( رۆژستی، بیتوێن ستی، ڕانیەی نوێ ، دابان ، تیتۆکە ،ماردین، کۆدۆ، ئازادی، داستان، کارۆخ و شارەوانی ) دەست پێدەکات و 40 تەنەکەر نەوت ئامادەیە بۆ دابەشکردن.
ئەڵمانیا دەستی کردووە بە ئامادەکاری بۆ ئەگەری جەنگی نێوان ئەوروپا و روسیا لە ساڵانی داهاتوودا، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی سەربازی وڵاتەکەشی نیازی هەیە ساڵانە 20 هەزار کەسی نوێ دابەزرێنێت.
وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا پلانێک بە ناونیشانی"مۆدێرنکردنی خزمەتی سەربازی"، بە سەرۆکایەتی فریدریش مێرتز، راوێژکاری ئەڵمانیا تاوتوێ دەکات، کە بە پلەی یەکەم خۆی لە خزمەتکردنی ناچاری گەنجانی وڵاتەکەیدا دەبینێتەوە.
بە گوێرەی پلانەکە ساڵانە دەبێت هەموو ئەو گەنجانەی تەمەنیان گونجاوە بۆ سەربازی فۆڕمێکیان بۆ دەنێردرێت و ئەوانیش پڕی دەکەنەوە، کە ئاخۆ ئامادەن یاخود نا بۆ چونە ناو سوپای وڵاتەکەیانەوە.
وەزارەتەکە سەرەتا بەنیازە ساڵانە نزیکەی 20 هەزار کەسی نوێ دامەزرێنێت، لەئەگەری کەمی خۆبەخشدا، بیر لە رێگەی دیکە دەکاتەوە و رەنگە، سەربازی زۆرەملێ جێبەجێبکات.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، پێشتر دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا کاتی هێرشی مۆسکۆی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا دیاریکردبوە، ئەوەی خستبوەڕوو، ساڵی 2029 روسیا هێرش دەکاتە سەر وڵاتانی ئەوروپا
ئاسۆ مامەند، سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردووەتەوە و تێیداھاتووە، "بە لای یەکێتییەوە کەرکوک چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالە، هەموو لایەک لە ماف و ئەرکدا وەک یەکن، رێگە نادەین برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک بشێوێنرێت".
دەقی پەیامەكە
هاووڵاتییان خۆشەویستی کەرکوک..! پێکهاتەکان بە گشتی و کوردانی دڵسۆزی پردێ و دەوروبەری..!
ماوەی دوو سێ رۆژە، چەند کەسێکی سەر بە چەند لایەنێکی ناسراو لە شارۆچکەی پردێ لە هەوڵی نانەوەی پیلان و ئاژەوگێڕیدان، و دەیانەوێ بە بیانوی جۆراوجۆر دۆخی سەقامگیری سنوورەکە تێکبدەن.!
لەو سۆنگەیەوە هاووڵاتییانی خۆشەویستی کەرکوک بە تایبەتی خوشک و براکانمان لە پردێ دڵنیا دەکەینەوە؛ کە رێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادرێ لە ژێر هیچ ناوو ناونیشانێکدا دۆخی ئارامی کەرکوک تێکبدات، بە پێچەوانەوە رێوشوێنی یاسایی لە دژی هەموو ئەو کەس و لایەنانە دەگیرێتەبەر کە بیەوێ هەوڵی پیلانگێڕی یاخود ئاژاوگێڕی بدات لە سنوورەکەدا.
بە لای یەکێتییەوە کەرکوک چەپکە گوڵەکەی سەرۆک مام جەلالە، و هەموو لایەک لە ماف و ئەرکدا وەک یەکن، رێگە نادەین برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کەرکوک بشێوێنرێ و بۆیە داواکارم هەموان دان بە خۆتانا بگرن و ئارامی بپاریزن
بەرەو کەرکوکێکی سەقامگیر و ئاوەدان
ئاسۆ مامەند
سەرپەرشتیاری کەرکوک-سەڵاحەدینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، پێش دەستپێکردنی سەردانەکەی بۆ کیشوەری ئاسیا، ویستی خۆی بۆ دیداری کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکور دەربڕی، ئەمەش لە کاتێکدایە لە گەشتەکەیدا سەردانی کۆریای باشور دەکات و جەگە لە سەرۆکی چین، رەنگە لەگەڵ کیم جۆنگ ئونیش کۆببێتەوە.
کاتێک لە کۆشکی سپی پرسیاریان لە ترەمپ کرد، ئایا لەگەڵ رێبەری کۆریای باکور کۆدەبێتەوە، ترەمپ بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند؛ "ئەو دەزانێت ئێمە دەچینە ئەوێ."
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو بە تەواوەتی ئامادەیە بۆ کۆبونەوە لەگەڵ کیم جۆنگ ئون و پەیوەندی لەگەڵیدا زۆر باشە، ئەوەشیخستەڕوو، کۆبونەوەی لەگەڵ لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکور "دەگونجێت"، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوایین جار لە ساڵی 2019 جاویان بە یەکدی کەوت.
گەشتەکەی ترەمپ دەستی پێکردوە و بڕیاریشە، سەردانی مالیزیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور بکات و لەگەڵ شی جین پینگ، سەرۆکی چین لە کۆریای باشوور کۆببێتەوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی بازرگانی لەگەڵ چیندا.
سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە سزاکان دژی سەرۆکی کۆڵۆمبیا پەیوەستە بە گەیشتنی بەرهەمهێنانی کۆکاین لە وڵاتەکەدا لەژێر دەسەڵاتی ئەودا بۆ ئاستێکی پێوانەیی.
ناوبراو وتی: "لەگەڵ هاتنە سەرکاری سەرۆک گۆستاڤۆ پێترۆ، بەرهەمهێنانی کۆکاین لە کۆڵۆمبیا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی دەیان ساڵدا، کە ئەمەش ئەمریکای نوقم کردووە و ژیانی ئەمریکییەکانی وێران کردووە."
ئەم پێشهاتە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات دێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرۆک پێترۆ لێدوانی لەبارەی تێکشکاندنی کەشتییەک لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە 16ی ئەیلوولدا دا و ئۆپەراسیۆنەکەی بە "تاوانی کوشتن" و "پێشێلکردنی سەروەریی کۆڵۆمبیا" ناوبرد، چونکە هێرشکرابووە سەر بەلەمێکی راوەماسی لە ئاوە هەرێمییەکانیدا.
لە وەڵامدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، راگرتنی هەموو یارمەتی و هاوکارییەکی دارایی بۆ کۆڵۆمبیا راگەیاند و داوای لە پێترۆ کرد دەستبەجێ بەرهەمهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە وڵاتەکەیدا بوەستێنێت، ئەگەرنا ویلایەتە یەکگرتووەکان "لەبری ئەو ئەو کارە دەکات".
لای خۆیەوە، سەرۆکی کۆڵۆمبیا پێشتر ئەو تۆمەتانەی رەتکردبووەوە کە ترەمپ ئاراستەی کردبوو سەبارەت بە تێوەگلانی لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لەسەر دوڕیانێکی چارەنووسساز وەستاوە کە پەیوەستە بە داهاتووی غەززە و حەماس، و هاوکات هاوسەنگیی هێزە ئیقلیمییەکان لە ناوچەیەکی فراوانتردا. لەنێو هەموو ئەمانەشدا، ئەو پرسیارەی کە هەمیشە دەکرێت ئەوەیە، ئایا هێزەکانی تورکیا لە غەززە وەک خۆیان دەڵێن، "بۆ پاراستنی ئاگربەست" بڵاودەکرێنەوە؟
تورکیا کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە، بەڵام ناتانیاهۆش دەستەوەستان دانەنیشتووە و لەژێر فشاری حکومەتەکەیدایە بۆ وەستانەوە دژ بە ئامادەیی تورکیا.
کەواتە چی رودەدات؟
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە بەشداریی تورکیا و دەسەڵاتی فەڵەستینی لە غەززە لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەستی پشتگیریکراو لەلایەن ئەمریکاوە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و جەختی کردەوە کە "پێویستە ئیسرائیل بەو وڵاتانە ئاسوودە بێت" کە هێزەکانیان لە کەرتی غەززە جێگیر دەکەن.
ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بیرۆکەی رۆڵگێڕانی دەسەڵاتی فەڵەستینی و بزوتنەوەی حەماسی لە غەززەی دوای شەڕ رەتکردووەتەوە، هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لە ماوەی شەڕەکەدا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە.
"پێکهاتەی هێزەکە هێشتا دیاری نەکراوە"
رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازیی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێزی تورکیا لە چوارچێوەی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" لە غەززە بڵاودەکرێتەوە، وتی: "ئێمە هێشتا ئەو هێزەمان پێک نەهێناوە، بۆیە کارکردن لەسەری بەردەوامە."
وتیشی: "بە دڵنیاییەوە، کاتێک ئەم هێزە پێکدەهێنرێت، دەبێت لەو وڵاتانە پێکبێت کە ئیسرائیلیش پێیان ئاسوودەیە... زۆر وڵات هەن کە خواستی خۆیان نیشانداوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم ناویان بهێنم."
هاوکات جێگەی ئاماژەیە؛ دوو گرووپ لە وڵاتان هەن کە ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون:
یەکەمیان: ئەو وڵاتانەی کە ناتانیاهۆ لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا بهێڵێتەوە، وەک ئیمارات و میسر.
دووەمیان: ئەو وڵاتانەی کە مەرجیان ئەوەیە زۆرینەی سەربازەکان موسڵمان بن. بەڵام ئیسرائیل وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکەی دەوێت، و لەم چوارچێوەیەدا ئەندەنوسیا، پاکستان و ئازەربایجان دەردەکەون. تورکیاش ناکەوێتە خانەی هیچ کام لەم دوو پۆلێنەوە.
چۆن پرسی ئامادەیی تورکیا لە غەززە بووە یەکێک لە بابەت و ئەگەرە سەرەکییەکان؟
کاتێک چوار سەرکردە، و لە ناویاندا ئەردۆغان، لە 13ـی تشرینی یەکەم لە میسر راگەیەندراوی نیازپاکیی ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزا کرد، چەندین پرسیار لە ئارادا بوون. رابردووی جووڵەکانی ئیسرائیل و حەماس، ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست، و ئەو کەلێنانەی لە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدا هەبوون، هەمووی پرسیاری گرنگ بوون.
بەڵام هەر خودی ئیمزاکردنی ئەو راگەیەندراوە بە ئامادەیی ئەردۆغان، پێگەی تورکیای لە پرسی غەززەدا لە لایەنگرییەوە گۆڕی بۆ لایەنێکی گەرەنتیکەری رێککەوتنی وەستانی جەنگ و لە بەرامبەردا چاوەڕوانی و ئەگەری بڵاوەپێکردنی سەربازانی تورک لە غەززە ورووژا.
ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە سەردانی تەلئەبیبی کردبوو بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست، خشتە کاتییەکەی رێککەوتنەکەی بەم شێوەیە دیاریکرد: رادەستکردنی چەکەکانی حەماس، بڵاوەپێکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی غەززە، و پێکهێنانی ئیدارەیەکی جێگرەوە.
"نابێت هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر بێت"
لەبارەی ئەو راپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل بە ئەمریکای وتووە بوونی هێزی تورکیا لە غەززە "هێڵی سوورە"، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی ئەوەی کێ ڤیتۆ کراوە و کێ ڕێگەی پێنادرێت. بەڵام ئاشکرایە، هەر ئەندامێکی ئەم هێزە دەبێت کەسێک بێت کە توانایی و ئیرادەی هەبێت، هەروەها کەسێک بێت کە هەموو لایەنێک، بە ئیسرائیلیشەوە، پێی ئاسوودە بن."
سەبارەت بە رۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە حوکمڕانیی کەرتی غەززەی دوای شەڕ، رۆبیۆ وتی: "ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی فەڵەستینی دەربڕیوە. بێگومان پێویستی بە چاکسازی هەیە سەبارەت بەوەی چ ڕۆڵێک لە داهاتووی غەززەدا دەگێڕێت. ئەوە هێشتا دیاری نەکراوە، ئەگەر هەر ڕۆڵێکیشی هەبێت. ئێمە نازانین."
هەروەها دووپاتیکردەوە: "غەززە ناتوانێت شوێنێک بێت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەڕێوەببرێت کە بیەوێت وەک ناوەندێک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاری بهێنێت. ئەگەر وابێت، ئەوا شەڕێکی تر رودەدات... هەرگیز ئاشتی نایەتە ئاراوە ئەگەر ناوچەیەک وەک پێشوو بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت. هەموو لایەنێک لەمە تێدەگات، هەموو ئەوانەی ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کردووە لەمە تێدەگەن."
شیکاری و دەرەنجام:
لێرەدا، ململانێیەکە لەسەر ئاستی لێدوان و فشارە دیپلۆماسییەکان دەرکەوتووە و بووەتە "جەنگی گێڕانەوەکان". لە کاتێکدا میدیای ئیسرائیلی وەک "يسرائيل هيوم" باس لەوە دەکات کە کارەکە تەواو بووە و ئەمریکا "ڤیتۆ"کەی ئیسرائیلی لە دژی تورکیا قبووڵ کردووە، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێچەوانەکەی دەڵێن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپاکەیان "ئامادەکاریی تەواوی کردووە" بۆ رۆڵگێڕان لە غەززە و پشتیوانیی ئەمریکاشیان هەیە.
دژایەتییە توندەکەی ئیسرائیل تەنها پەیوەست نییە بە هەڵوێستە توندەکانی ئەردۆغانەوە، بەڵکو رەهەندێکی ستراتیژیی قووڵی هەیە:
یەکەم: بوونی هێزێکی وەک تورکیا لە غەززە، کە خۆی بە پارێزەری فەڵەستینییەکان دەزانێت، پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی داهاتووی غەززە ئاڵۆز دەکات.
دووەم: ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە بوونی سەربازیی تورکیا ببێتە هاندەرێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی حەماس و زیندووهێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە حکومەتی ئێستای ناتانیاهۆ بە توندی دژی دەوەستێتەوە.
سێهەم: بوونی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا، باڵادەستیی ئیقلیمیی ئیسرائیل دەخاتە ژێر پرسیارەوە و رکابەرێکی بەهێزی لە تەنیشت سنوورەکانییەوە بۆ دروست دەکات کە دۆستی دوژمنەکەی دەکات.
لە کۆتاییدا، پرسی بوون یان نەبوونی تورکیا لە غەززە، بووەتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ هاوسەنگیی هێز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا. ئایا "هێڵە سوورەکەی" ئیسرائیل هێندە بەهێزە کە بتوانێت ئەندامێکی گرنگی ناتۆ لە هاوکێشەکە دووربخاتەوە؟ یان پێگەی تورکیا وەک "وڵاتی گەرەنتیکار" و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، قسەی کۆتایی دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنها چارەنووسی هێزە نێودەوڵەتییەکە دیاری ناکات، بەڵکو نەخشەی داهاتووی کاریگەریی وڵاتان لە ناوچەکەدا دەکێشێت و رەنگە ئەگەرێکیش بێت بۆ ئەوەی بزانین، حەماس دەگاتە کوێ.
هاوپەیمانانی کیێڤ ئەمڕۆ هەینی لە لەندەن، بە ئامادەبوونی ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر روسیا و پڕچەککردنی ئۆکراین بە چەکی دوورمەودا کردەوە.
کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، کۆبوونەوەکەی بە راگەیاندنی خێراکردنی بەرهەمهێنانی موشەک دەستپێکرد و بەڵێنی پێدانی پێنج هەزار موشەکی سوکی بە ئۆکراین دا.
ستارمەر جەختیشی کردەوە کە پێویستە سود لە سامانە دەستبەسەرداگیراوەکانی روسیا وەربگیرێت بۆ دابینکردنی بودجەی بەرگریی ئۆکراین و وتی: "زیاتر لە هەر کاتێکی تر فشار لەسەر پوتن زیاد دەکەین و شانبەشانی ئۆکراین دەوەستین."
هەروەها هۆشداریدا کە هاوپەیمانان هیچ جۆرە "چالاکییەکی دوژمنکارانە" لە روسیا قبووڵ ناکەن و رایگەیاند، "ئاسایشی ئۆکراین، ئاسایشی هاوپەیمانانە. ئەوەی ئەمڕۆ لە بەرەی پێشەوەی دۆنێتسک رودەدات، داهاتووی هەموومان بۆ ساڵانی داهاتوو دیاری دەکات."
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بۆ راگرتنی دەستبەجێی شەڕ و دەستپێکردنی دانوستان دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە، ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، رایگەیاند کە سەرکردەکان رێککەوتوون لەسەر پشتیوانیکردنی ئۆکراین لە ساڵی داهاتوودا و نیازی زیادکردنی فشارەکانیان لەسەر کەرتی نەوتی روسیا ئاشکرا کرد.
زێلێنسکی روسیای بەوە تۆمەتبار کرد کە "هەڵمەتێکی تیرۆر" لە دژی دامەزراوەکانی وزەی وڵاتەکەی بەڕێوەدەبات و وتی: "ئامانجی روسیا نەگۆڕاوە، دەیانەوێت بمانشکێنن."
هەروەها رایگەیاند کە سەرکردەکان کۆکن لەسەر پێویستیی پشتیوانیکردنی هەوڵەکان لە بەرەکانی جەنگدا و بەهێزکردنی توانای چەکی دورمەودای بە "بەهێزکردنی دیپلۆماسی" ناوبرد.
مارک روتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ، رایگەیاند کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر روسیا فشار لەسەر پوتن زیاد دەکات بۆ ئەوەی ناچاری بکات دانوستان بکات. وتیشی: "ترەمپ سورە لەسەر کۆتاییهێنان بەم شەڕە و هێنانەدیی ئاشتی. پوتن باجێکی قورس لە ئۆکراین دەدات."
ئەم هەڵوێستانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خواستی خۆی بۆ کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ئەمریکا نیشانداوە، ئەمەش وایکردووە وڵاتانی ئەوروپا، بەتایبەت فەرەنسا و ئەڵمانیا، هەوڵەکانیان بۆ پڕچەککردنەوە خێراتر بکەن.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر پێشوازیی لە فەرامەرز ئەسەدی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا کە دواین پێشهاتەکانی دۆخی عیراق و هەرێمی کوردستانی تێدا تاوتوێ کرا، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ جەختی لە گرنگیی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کردەوە بۆ راگرتنی هاوسەنگیی پەیوەندییەکان لەسەر ئاستی عیراق.
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ دووپاتیکردەوە کە "یەکێتی کۆڵەکەی سەرەکیی راگرتنی سەرجەم هاوسەنگییەکانە، چ لەسەر ئاستی عیراق و چ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان."
ناوبراو وتیشی: "بۆیە کاتێک دەڵێین 'هێزی تۆین لە بەغداد'، ئەمە تەنها دروشم نییە، بەڵکو ئەمە بەرنامەی کاری یەکێتی بووە و لە قۆناغی داهاتوشدا هەر بەم سیاسەتەوە کار دەکەین."
کەمێک پێش ئێستا لە سلێمانی و لە روداوێکی هاتوچۆدا، گەنجێک گیانی لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی، بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "لە فولکەی مامەریشە لە نزیک گەڕەکی چوارباخ، روداوێکی هاتوچۆ لەنێوان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت و ماتۆڕێکی سێ تایەدا رویدا."
ناوبراو وتیشی: "بەهۆی روداوەکەوە، گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ کە سەرنشینی ماتۆڕسکیلەکە بووە، گیانی لەدەستداوە و شەش سەرنشینی دیکەی هەمان ماتۆڕسکیل برینداربوون."
لای خۆیەوە، بڕوا بەهادین، پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند کە بریندارەکان، دایکێک و چوار منداڵ بوون، گەیەندراونەتە نەخۆشخانە و لە ئێستادا دۆخی تەندروستییان جێگیرە و لەژێر چارەسەردان.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە وەڵامی کاردانەوەی هەندێک لە بەرپرسانی هەولێر بەرانبەر بە چالاکییەکانی قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، هۆکاری سەرەکیی "شپرزەبوون و تەنگەتاوی"ـی ئەو بەرپرسانە، شێوازی بانگەشە سەرکەوتووەکەی قوباد تاڵەبانییە، نەک کردنەوەی پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری.
لە لێدوانێکدا، لەتیف نێروەیی وتی: "شپرزەبوون و تەنگەتاوی چەند بەرپرسێکی حزبی و حکومی لە ئیدارەی پارێزگای هەولێر بەرامبەر بە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی پەیوەست نییە بە کردنەوەی پڕۆژەی رێگای فیدراڵی لە شاری کۆیە، بەڵکو پەیوەستە بەو شێوازە بانگەشە خاکی و مەیدانی و سەرنجڕاکێشەی کە بەشێوازێکی سەردەمیانە هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی لە سنوری هەولێر بەڕێوەی دەبات."
هاوکات جەختیشی کردەوە کە ئەم جۆرە لە بانگەشەی راستەوخۆ و تێکەڵاوبوون لەگەڵ خەڵکدا "لەلایەن جەماوەری دەڤەرەکەوە پێشوازیی گەرمی لێدەکرێت".
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ دۆسیەیەکی نوێی لێکۆڵینەوەی بۆ ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانیی ئەستەنبوڵ بە تۆمەتی "سیخوڕی" و "سەر بە رێکخراوی تاوانکاری" کردەوە.
لێکۆڵینەوەکە گواستنەوەی پارەش دەگرێتەوە کە گوایە پەیوەندیی بەو رێکخراوەوە هەیە.
ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، کە لە مانگی ئادارەوە بە تۆمەتی گەندەڵی دەستبەسەرە، ئێستا روبەروی کۆمەڵێک تۆمەتی نوێی قورس بووەتەوە. داواکاری گشتی دەڵێت لێکۆڵینەوەکە جەخت لەسەر "پەیوەندییەکانی ئیمامئۆغڵو لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان" و "ماهیەتی ستراتیژیی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی" دەکاتەوە و بەشێک لە چالاکییەکانی بە سیخوڕیکردن بۆ وڵاتانی دەرەوە لە قەڵەم دەدات.
بەپێی راگەیەندراوی داواکاری گشتی، شیکاری بۆ ئەو کەرەستە دیجیتاڵییانە کراوە کە لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە و دەرکەوتووە وێنەی پاسپۆرتی کەسانی بیانی تێدایە کە گوایە پەیوەندییان بە ئیمامئۆغڵوەوە هەبووە. راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە زانیارییەکان لە رێگەی ئەپلیکەیشنی پەیوەندیی کۆدکراوەوە ئاڵوگۆڕ کراون، کە لێکۆڵەران بە چالاکیی سیخوڕی هەژماریان کردووە.
تا ئێستا لەم کەیسەدا15 گومانلێکراو بە تۆمەتی بەشداریکردن لە دزەپێکردنی داتا لە رێگەی ئەپی "İstanbul Senin"ەوە دەستگیرکراون.
سبەینێ بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە کۆیە بەرێوەدەچێت.
کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتی رایگەیاند، بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە کۆیە بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا بافڵ جەلال تاڵەبانی وتارێک پێشکەش دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ شەممە، سەعات دووی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی وەرزشی نەوزاد محەمەد کەرنەڤاڵەکە بەڕێوە دەچێت.
دوای گەیشتنی بە تەلئەبیب، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند ئەگەر حەماس رەتیبکاتەوە چەک دابنێت، ئەوە دەبێتە هۆی پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و جەختیشیکردەوە لەوەی حەماس رۆڵی نابێت لە داهاتوی غەززەدا.
ئەمڕۆ هەینی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە بۆ جێبەجێکردنی قوناغی دووەمی رێککەوتنی ئاگربەست لە ئیسرائیلە رایگەیاند، پێویستە ئیسرائیل و حەماس پابەندی رێککەوتننامەی ئاگربەستی غەززە بن و دەیانەوێت؛ هاوکاربن بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک کە یارمەتی خەڵکی غەززە بدات بەبێ حەماس باشتر بژین.
وەزیرەکەی ئەمریکا ئەوەشیخستەڕوو، پێشبینی دەکات حەماس چەک دابنێت و هەموو لایەنەکان کۆکن لەسەر ئەوەی حەماس رۆڵی لە داهاتووی لە غەززەدا نابێت.
جەختیسیکردەوە لەوەی کاردەکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا حەماس حوکمی غەززە نەکات و هیچ مەترسییەک بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل نەبێت.
مارکۆ رۆبیۆ دڵنیایشی داوە لەوەی تا ئەو کاتەی هەرێمێک هەبێت کە هەڕەشە لە ئاسایشی ئیسرائیل بکات، ئاشتی بەدی نایەت و هەمووانیش لەوەتێگەشتوون.
بەهۆی نوقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە نزیک کەناری شاری بۆدرومی تورکیا، لانیکەم 14 کۆچبەر خنکاون و ژمارەیەکی دیکەش بێ سەروشوێنن.
دەسەڵاتدارانی خۆجێیی تورکیا رایانگەیاند، بەهۆی نوقمبوونی بەلەمێک کە کۆچبەری نائاسایی تێدابوە لە دەریای ئیجە لە کەنارەکانی بۆدروم لە باشووری رۆژئاوای تورکیا، 14 کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە .
بەرپرسانی تورکیا رایانگەیاندووە تەرمی 14کۆچبەریان دەرهێناوەتەوە، یەکێک لە رزگاربوانیش رایگەیاندووە 18 کۆچبەر لەناو بەلەمەکەدا بوون و تا ئێستا چارەنووسی دوو کۆچبەریش بە نادیاری ماوەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێسیش لەسەر زاری بەرپرسانی تورکیاوە بڵاویکردۆتەوە، "دوو کەس رزگارکراون و تەرمی 14 کۆچبەری نائاسایی دەرهێنراون" و تائێستا دوو کۆچبەریان بێسەروشوێنن ونەدۆزراونەتەوە و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئیسرائیل لەهەمو ئۆپراسیۆنەکان، کە ئەنجامی داوە ئاگاداری کردوەتەوە بە تایبەتی روداوی پەیجەرەکان، ئاماژەی بەوەشکردوە جیهان دژی ئیسرائیل وەستابونەوە بۆیە شەڕم بە ناتانیاهۆ وەستاند.
ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڵاویکردوەتەوە، ئەو بە تەواوەتی ئاگاداری ئۆپراسیۆن و هێرشەکانی ئیسرائیل بووە لە ناوچەکە، ئەوەی بەدەستیان هێناوە ئاشتییەکی هەمەلایەنەیە لە ناوچەکەدا لە ماوەی سێ هەزار ساڵدا ڕوینەداوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەشکردوە، ئەو ڕێگریی لە نەتانیاهۆ کردوە لە درێژەدان بە شەڕە، چونکە زانیویەتی جیهان لە دژی ئیسرائیل دەوەستانەوە.
ترەمپ پەیامێکیشی ئاراستەی حەماس کردوە و دەڵێت؛ ئەوان سەرکردە باڵاکانیان بە تەواوەتی لەناوجون لە شەڕی ئیسرائیلدا، ئەگەر رێککەوتنەکە پێشێل بکەن، ئەوا بە تەواوی لەناو دەچن
جەختیش دەکاتەوە لەوەی ئیسرائیل بەبێ ئاگاداری ئەو هیچ کارێکی نەکردووە و بەردەوام ئاگادری ئۆپراسیۆنەکانیان بوە بە تیابەتیش ئۆپراسیۆنی تەقاندنەوەی پەیجەرەکانی دەستی حزبوڵای لوبنان.
ترەمپ دەڵێت بەهۆی هەوڵەکانیەوە نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دەستکاریکردوە، ئێستا نە هەڕەشەی ئەتۆمی هەیە ، نە شەڕی ناوچەیی، ئەوەی هەیە ئاشتییە و وردە وردە زیاتریش دەبێت.
بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق، ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە ٢٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، مەراسیمی رۆژی نیشتمانی کۆماری چیک لەهۆتێل رەشید لەشاری بەغداد بەڕێوەچوو.
لەمیانی ئەو مەراسیمەدا کەباڵیۆزخانەی کۆماری چیک ڕێکی خستبوو، ژمارەیەک لەوەزیر و لێپرسراوان و کەسایەتی دبلۆماسی و باڵیۆز و سەرمایەدارانی عێراقی و بیانی ئامادەیبوون، خانمی یەکەم پیرۆزبایی لەباڵیۆز یان شنایدۆف و حکومەت و گەلی چیک کرد.
هەروەها پێویستی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان عێراق و کۆماری چیک دووپات کردەوە لەبوارەکانی جێ بایەخی هەردوولادا.
خاتوو شاناز و باڵیۆزی چیک تاوتوێی شێوازی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگی هەردوووڵاتیان کرد بەتایبەت لەرووی زیاترکردنی ئاستی وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لەعێراق و سودوەرگرتن لە شارەزایەتیەکانیان لەبوارەکانی ئیدارەدانی ئاو و کەشوهەوادا.
دواتر و هەرلەمیانی گفتوگۆ و دیدارەکانی لەگەڵ دیبلۆماتکارە ئامادەبووەکانی مەراسیمەکەدا، خانمی یەکەمی عێراق چاوی کەوت بە باڵیۆزانی بەحرەین و کوەیت و جەزائیر کەپەرۆشی خۆیان بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق دووپاتکردەوە.