کەشناسی هەرێم رایدەگەیەنێت، باران بارین بە درێژای ئەمرۆ بەردەوام دەبێت و سەرەتای باران بارینەکەش لە ناوچە شاخاوییەکان و ناوچە سنووریەکان دەبێت، ئاماژەی بەوەشکردوە بە شێوازی بارانی مامناوەند و لێزمە بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت لەگەڵ بونی هەورەتریشقەدا.
ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەریم پێسبینی بۆ کەشی 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینیەکانیش باران بارینم بەردەوام دەبێت و پلەکانی گەرماش نزم دەبنەوە.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردوە، باران بارینەکە تەواوی ناچەکانی هەرێم دەگرێتەوە و تا درەنگانێکی شەو بەردەوام دەبێت.
لە بارەی کەشی سبەینیشەوە، وتویەتی؛ کەش نیمچە هەور و ناوچە شاخاوییەکان هەوری زیاتر دەبێت و ئەگەری باران بارین لە ناوچەی جیا جیا بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان هەیە.
کەشناسی هەرێم سەبارەت بە پلەکانی گەرماش دەڵێت؛ بە راورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ کەمێک بەرزدەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بۆ رۆژی چوارشەممە؛
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
پیرمام: 16 پلەی سیلیزی
سۆران: 17 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 10 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 18 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 19 پلەی سیلیزی
تێبینی /ئەمڕۆ ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆڵێکی باران بارین و هەورە تریشقە سەرجەمی ناوچەکەمان لە ژێر کاریگەری باران بارین و کەش ناسەقامگیر دەبێت .
وەزیری پێشمەرگە راگەیەندراوێکی لەسەر هێرشە درۆنییەکی شەوی رابردوی سنوری هەولێر بڵاوکردەوە و بە توندی ئیدانەی دەکات، کە بەهۆیەوە دوو هاووڵاتیی شەهید بوون .
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم دەڵێت؛ بەئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەکان و پێشێلکردنی شکۆی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عیراق؛ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگە
ڕاگەیێندراوێک لە وەزیری پێشمەرگەوە
بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تیرۆریستییەی ئەمشەو کە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە سەر گوندی (زەرگەزەوی) لە سنووری شاری هەولێر دەکەین. بەداخەوە ئەم پەلامارە دڕەندانەیە بووە هۆی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی قارەمان بە ناوی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ) و هاوژینەکەی.
بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤیل و بەزاندنی هەموو سنوورە یاسایی و مرۆییەکان و پێشێلکردنی شکۆی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
دووپاتی دەکەینەوە گیانی هاووڵاتیان و سەروەریی خاکەکەمان هێڵی سوورە. داوا لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین هەڵوێستی کردەییان هەبێت و لە ئاست ئەم تاوانانەدا بێدەنگ نەبن.
بە ناوی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرەخۆشی قووڵی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدەکان دەکەین و نەمری بۆ شەهیدە سەربەرزەکانمان.
شۆڕش ئیسماعیل
وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نیسانی ٢٠٢٦
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە هۆشداری دەدات بەهۆی قەیرانی وزەوە جیهان روبەڕوی مانگێكی نیسانی سەخت ببێتەوە.
فاتح پیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە مانگی نیسانی بە مانگێكی رەش ناوبردووە و هۆشداریشی داوە، بەهۆی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەنگەوە جیهان روبەڕوی قەیرانێكی قورسی وزە دەبێتەوە، كە لە مێژوودا هاوشێوەی نەبووە.
فاتح پیرۆل رایگەیاندووە، پێشتر هەرگیز جیهان پچڕانی دابینكردنی وزەی بەم قەبارەیەی ئێستا بەخۆیەوە نەبینیوە و ئەوەی ئێستا رودەدات خراپترە لەو قەیرانەی لە ساڵەكانی 1973 و 1979 و 2022دا رویانداوە.
دەشڵێت، شەڕی ئێستای ئێران یەكێك لە شاخوێنبەرە گرنگەكانی ئابوری جیهانی پچڕاندووە و كاریگەرییەكەی بۆسەر زۆرینەی ماددە كیمیاییەكانی تریش درێژ دەبێتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا بۆ رزگاربوون لەو رەوشە سەختە، قەیرانەكە پەرەپێدانی وزەی نوێبووەوە و ئەتۆمی خێراتر دەكات، بۆئەوەی جیهان بتوانێت ئاسایشی وزە بەدەستبهێنێت.
ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، درەنگانێکی ئەمشەو بەهۆی هێرشی درۆنییەوە دوو هاوسەر لە گوندی زەرگەزەویی کە خانوەکەیان کرابوە ئامانج شەهید بوون.
ئاسایشی هەولێر، راگەیەندراوێكی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ بە گوێرەی زانیارییەکان شەوی سێشەممە7ی نیسانی 2026، سەعات 00:15 درۆنێکی بۆمبڕێژکراو کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوو، بەر خانووی هاونیشتمانییەک لە گوندی زەرگەزەویی سەر بە ناحیەی دارەشەکران لە سنووری پارێزگای هەولێر کەوت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی هێرشەکەوە دوو هاوسەر بە ناوەکانی (مووسا ئەنوەر ڕەسووڵ و مژدە ئەسعەد حەسەن) شەهید بوون.
ئاسایشی هەولێر ئیدانەی هێرشەکە دەکات و دەڵێت؛ ئەم هێرشانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تاوانی جەنگییە و بە توندترین شێوە سەرکۆنەی دەکەین.
وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، کە حکومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکان و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاکان.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە بەرنامەی پانۆرامای کوردسات نیوزدا، د. ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵای هەرێم نوێترین زانیاری لەسەر دامەزراندنی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێم خستەڕوو.
وەزیری خویندنی باڵای ئاماژەی بەوەکرد، دامەزراندنی یەکەمەکان ئەرکێکی ئەخلاقی و پیشەیی ئەوانە و نایانەوێت کەمتەرخەمی تێدا بکەن، جەختیکردەوە قەیرانە داراییە یەکلەدوای یەکەکان و رەوشی نەخوازراوی ساڵانی رابردوو رێگربوون لەوەی بتوانرێت وەک پێویست هەلی دامەزراندن بڕەخسێنرێت.
وەزیری خوێندنی باڵا ئاشکرای کرد، کە حکومەتی فیدڕاڵ کاتی خۆی وتیانە؛ لەگەڵ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵەی عیراق( 2023 ، 2024 و 2025 ) ناردنی بۆ پەرلەمان، دەرچەیەک بۆ دامەزراندن و میلاکات لە هەرێمی کوردستان دەکریتەوە وکێشەکە لە ساڵی 2026 چارەسەر دەبێت، بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەو بودجەیە پەسەندنەکراوە و بەو هیوایەین بودجە پەسەند بکرێت و دەرفەت بۆ دامەزراندنی یەکەمەکان بکرێتەوە.
ناوبرا ئەوەشی خستەڕوو، کاتێک بودجە دەچێتە پەرلەمان، ئێمە دەتوانین دەرفەت بدۆزینەوە بۆ دامەزراندنی ئەوانەی مافیان هەیە، چونکە تێپەڕبوونی بودجە کێشە داراییەکان و پرسی میلاکات تا رادەیەکی باش چارەسەر دەکات.
وەزیری خویندنی باڵا هیوای خواست، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، بتوانن لە ئایندەیەکی نزیکدا دەرگای دامەزراندن بەڕووی دەرچووەکاندا بکەنەوە و کۆتایی بەو چاوەڕوانییە درێژخایەنە بهێنن.
https://www.youtube.com/embed/uZODY_TB68Y?si=PhnbWKk0RNRpjtcl
پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە ئاشکرای کردووە، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، داوای لە دۆناڵد ترەمپ کردووە لەم قۆناغەدا ئاگربەست لەگەڵ ئێران رانەگەیەنێت، چونکە نیگەرانە لەو مەترسییانەی لە ئەنجامی ئەو هەنگاوە دەکەونەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەکسیۆس ترەمپ بە ناتانیاهۆیی راگەیاندووە، کە ئاگربەست تەنها لەو کاتەدا دەبێتە بژاردە کە تاران مل بدات بۆ داواکارییە سەرەکییەکانی ئەمریکا، کە گرنگترینیان رادەستکردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراو و بەڵێندانە بە دەستپێنەکردنەوەی پڕۆسەی پیتاندن لە داهاتودا.
ئەمە لە کاتیكدایە، دۆناڵد ترەمپ رۆژی چوارشەممەی بەکاتی هەرێمی کوردستان وەک دوا وادە بۆ ئێران دیاری کردوە و لە ئەگەری نەگەشتنە رێککەوتن ئەوا هەڕەشەی کرد کە تەواوی ژێرخانی ئێران دەکاتە ئامانج.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی نوێدا وردەکاریی ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی بۆ رزگارکردنی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکان لە ناوچە شاخاوییەکان راگەیاند و ئۆپراسیۆنەکەی بە "مێژوویی" وەسف کرد.
سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد، 200 سەرباز و 155 فڕۆکە، کە لە نێوانیاندا چوار فڕۆکەی بۆمبهاوێژ و چەند فڕۆکەیەکی سووتەمەنی، بەشدارییان لە پڕۆسەی رزگارکردنی فڕۆکەوانی دووەمدا کردووە.
ناوبراو رایگەیاند، کە فڕۆکەوانە بریندارەکە بەهۆی ئەو مەشقانەی پێی کرابوو، توانیویەتی بەسەر شاخەکاندا سەرکەوێت و خۆی بشارێتەوە تا ئەو کاتەی لە ماوەی 48 سەعاتدا رزگارکرا، جەختیشی لەوە کردەوە کە ساتی کۆتایی سەرخستنی فڕۆکەوانەکە کەمتر لە 10 خولەکی خایاندووە و هیچ سەربازێکی ئەمریکی لە ئۆپراسیۆنەکەدا بریندار نەبووە.
سەبارەت بە روبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزەکانی ئێران، ترەمپ رایگەیاند کە هەلیکۆپتەرەکانیان کەوتوونەتە بەر دەستڕێژی گولـلەی سوپای ئێران، بەڵام بەهۆی "خراپی و کۆنی" چەکەکانی ئێرانەوە زیانیان پێنەگەیشتووە.
ترەمپ ئەوەشی ئاشکرا کرد، کە لە کاتی ئۆپراسیۆنەکەدا دوو فڕۆکەی ئەمریکی کە لە کاتی نیشتنەوەدا پەکیانکەوتووە، لەلایەن هێزەکانی خۆیانەوە تەقێنراونەتەوە بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی سوپای ئێران.
ناوبراو بە تووندی هەڕەشەی وێرانکردنی ئێرانی کرد و ئاماژەی بەوە دا کە تەنها لە 37 رۆژی رابردوودا زیاتر لە 13 هەزار هێرشیان ئەنجامداوە، ئەمەش وەک نیشانەیەک بۆ باڵادەستیی سەربازیی ئەمریکا.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە راگەیەندراوێکدا زەمالەی خوێندنی ماستەرو دکتۆرا بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و هاووڵاتیانی هەرێم لە وڵاتی چین رادەگەیەنێت.
خوێندنی باڵا بۆ خویندن لە وڵاتی چین بە مەبەستی بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا چەند مەرج و رێنماییەکی داناوە و داوا دەکات هەرکس ئەو مەرجانە تێدایە دەتوانێت لە ڕیگەی ئۆنلاینەوە داواکری پێشکەش بکەن
دەقی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا
وەزارەتى خوێندنى باڵاو توێژینەوەى زانستى: زەمالەى خوێندنى (ماستەر و دكتۆرا) لە وڵاتى چین ڕادەگەێنێت
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە وڵاتی کۆماری چینی میللی لە هەردوو پرۆگرامى (MOFCOM- CSC) زەمالەی خوێندن پێشکەش بە هەرێمی کوردستان کردوە بەمەبەستی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا بەم شێوەی خوارەوە:
هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە دەبێت و ئارەزوی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆماری چینی میللی هەیە بە لەبەر چاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە دەکات، تکایە داواکاری لە رێگەی ئەم دوو لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
https://mega.nz/folder/2MVQkbLL#4WBUSS6LbRVgC6Zof1ts5w
https://mega.nz/folder/2N0wlDpR#L462GmyQhSh9TpDu4P7nFQ
تێبینی: وەزارەت تەنها کار لە سەر بەرنامەی ماستەر و دكتۆرا دەکات.
مەرج و لایەنی کۆماری چینی میللی بۆ هەردوو بەرنامەی ماستەر و دکتۆرا:
١) داواکار دەبێت دانیشتووی هەرێمی کوردستانی عێراق و هەڵگری ڕەگەزنامەی عێراقی بێت.
٢) داواکار دەبێت تەمەنی لە (٤٥) ساڵ کەمتر بێت و ڕەوشی تەندروستی باش بێت.
٣) فەرمانبەر لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان كه بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەیه، هاندهدرێت بۆ پێشكهش كردن بۆ ئهم زهمالهیه.
دۆکیۆمێنتی پێویست بۆ پێشکەشکردن:
بڕوانامەی دەرچون کە پشراست کرابێتەوە لە لایەن وەزارەتەکەمان و وەزارەتی داد و
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو نوسینگەی پشتراستکردنی بروانامەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
بڕوانامەی بە نمرە بە هەمان شێوەی خاڵی یەکەم.
بڕوانامەی تایبەت بە نەبونی پێشینەی تاوان و ئەستۆپاکی کە لە لایەن وەزارەتی دادو
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پشت راستکرابێتەوە.
بڕوانامەی تەندروستی کە لە لایەن وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی داد و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەو نوسینگەی پشتراستکردنی بروانامەی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەرێمی کوردستان.
تێستی زمانی ئینگلیزی وەک تۆیفل و ئایڵتس.
دوو نوسراوی (Recommendation) لەلایەن مامۆستایانی زانکۆکەی یان لە شوێنی کار.
پاسپۆرت کە ماوەی بەسەرچونی لە شەش مانگ کەمتر نەبێت.
سی ڤی و پێرسنەڵ ستەیتمێنتی داواکار.
هەر دۆکیۆمێنتێکی تر کە لە پرۆسەی پێشکەش کردن داوا کرابێت.
تکایە بۆ هەر پرسیارێک پەیوەندی بەم ژمارە تەلەفۆنە (٠٠٩٦٤٧٥١١٣٧٨٤٢٢) و
ئیمێلە ([email protected]) بکەن.
مەرج و داواکارییەکانی وەزارەتی خوێندنی بالا و توێژینەوەی زانستی:
١. ماستەر:
● پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
● پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بروانامە.
● پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥) کەمتر نەبێت.
● ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆ بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
● داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
● کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
● کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی چین پشتگیری دارایی دەکرێت و بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن.
● پێشکەشکردن راستەوخۆ، تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە (چین) دەبێت.
دکتۆرا:
● پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
● پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بروانامە. بەڵام بۆ دەرچوانی بەرنامەی تواناسازی دەبێت بە لایەنی کەم (٥) ساڵ خزمەتی هەبێت.
● دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠) کەمتر نەبێت.
● ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆ بەر لە پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکاریەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
● داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
● کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لە لایەن وەزارەتی پەیوەندی دار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵەی جێگیرەکان.
● کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی کۆماری چینی میللی پشتگیری دارایی دەکرێت بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
● پێشکەشکردن راستەوخۆ، تەنها لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکی زەمالەکە دەبێت.
تێبینی: بۆ ئەو بەڕێزانەی کە داواکاری پێشکەش دەکەن، دوای پێشکەشکردنی داواکاریەکەیان لە ڕێگەی ئۆنلاین، دەبێت تا رۆژی (٣/٥/٢٠٢٥)، ئەم زانیاریانەی خوارەوە بۆ ئەم ئیمێلە ڕەوانە بکەن ([email protected]):
لەسەرەوە وشەی ( CSC) یان (MOFCOM) بنوسرێت ئینجا ئەم زانیاریانەی خوارەوە بە زمانی ئینگلیزی رەوانە بکرێت.
● ناوی تەواو وەک ئەوەی کە لە پاسپۆرت نوسراوە
● شوێنی کار
● بەرنامەی پێشکەش کراو، واتا ماستەر و دكتۆرا لە ...
● كۆپی ههموو ئهو دۆكۆمێنتانهی بهكارهێنراوه بۆ پێشكهشكردن له یهك PDF
● دوای پێشکەشکردنی لە رێگەی ئۆنلاین، دەبێت شاشەکە سکرین شۆت بکات و وێنەکەی بنێرێت.
● وێنەیەک لە تێستی زمانی ئینگلیزی تۆیفل یا ئایلتس
● ئیمێل
● تەلەفۆن
تێبینی:
هەرکەسێک ئەم مەرج و رێنماییانەی سەرەوەی تیایدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت.
تکایە بۆ هەر پرسێارێک یان زانیاری زیاتر سەرەتا سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن، دواتر دەتوانن پەیوەندی بە کونسوڵخانەی گشتی وڵاتی چین لە هەولێر لە ڕێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆن و ئێمێڵەی خوارەوە بکەن:
تەلەفۆن: (٠٧٥١١٣٧٨٤٢٢)
ئیمێل: [email protected]
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران وێران بووە و توانای بەرگریکردنی نەماوە و تەنها خاوەنی هەندێک مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە، ئاماژەی بەوەشکرد ئێرانییەکان پێویستیان بە 15 ساڵ دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەوەی کە لەناوچووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان ئێستا دەتوانن واز لە ئێران بهێنن بەڵام دەیانەوێت ئەوەی دەستیان پێکردوە کۆتایی پێبهێنن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هیوادارە جەنگی ئێران بە خێرایی کۆتایی پێبێت و جەختیشیکردەوە ئێران ناتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەبێت و ئەوان شکستیان هێناوە و توانای بەرگریکردنیان نەماوە.
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت؛ شاهیدی گۆڕانکاریی دەسەڵات بوون لە ئێران و ئەوانەی ئێستا لە دەسەڵاتدان، میانڕەوترن، لەبارەی گفتوگۆکانیشەوە وتی؛ هەریەکە لە ویتکۆف و کوشنەر لەگەڵ ئێرانییەکان گفتوگۆ دەکەن و رەنگە ڤانسیش بەشداری بکات.
هەرهاو هەريسی لە ئێران کرد ئەگەر رازینەبن بە مەرجەکان، ئەوا نە پرد و نە وێستگەی کارەبا هیچیان نامێنێت
وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی توندی لەبارەی هێرشە درۆنییەکانی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و هۆشداری دەداتە حکومەتی فیدراڵ.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شەوی 5ـی نیسانی 2026، گرووپە "تیرۆریستییە لەیاسا دەرچووەکان" لە رێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگە، کە زیانی گیانی و مادی لێکەوتووەتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، ئەم زنجیرە هێرشانە بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عیراقەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام تا ئێستا حکومەتی فیدراڵ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هیچ هەڵوێستێکی جدییان بۆ رێگریکردن لێیان نەبووە.
وەزارەتی پێشمەرگە جەخت دەکاتەوە، پێشمەرگە بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی بەرگریی عیراق و دانبەخۆداگرتنیان لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی بووە، بەڵام هۆشداری دەدات: "ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەروا بێهەڵوێست بێت، ناچار دەبین هەڵوێستی ترمان هەبێت."
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق تۆمەتبارێکیان دەستگیرکردووە کە 19 سەر ئاژەڵی لە قەزاکە دزیبوو.
پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە قەزای سەیدسادق سکاڵای تۆمارکرد کە 19 سەر ئاژەڵی لێدزراوە، دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکانیان دەستپێکرد و توانرا لە ماوەی کەمتر لە چەند سەعاتێکدا تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1997ـە، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاشکرای کردووە کە ئاژەڵەکانی بە ئۆتۆمبێل گواستووەتەوە بۆ قەزای شارەزوور و لەوێ فرۆشتوویەتی.
لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە، هاوکات دەستبەسەر ئۆتۆمبێلەکە و بەشێک لە ئاژەڵە دزراوەکاندا گیراوە و دوای تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان، ئاژەڵەکان بۆ خاوەنەکەیان گەڕێندراونەتەوە.

کاروان گەزنەیی وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: 21 ساڵ بەسەر رۆژێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عیراقدا، کوردێک، تێکۆشەرێک و دیپلۆماتکارێکی بێوێنەی وەک سەرۆک مام جەلال، بە کۆدەنگیی نیشتمانیی بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عیراق.
دەقی پەیامەکە
ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر ڕۆژێکی مێژووییدا تێدەپەڕێت، کە تێیدا بۆ یەکەمجار لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا، کوردێک، تێکۆشەرێک و دیپلۆماتکارێکی بێوێنەی وەک سەرۆک مام جەلال، بە کۆدەنگیی نیشتمانیی بوو بە یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی عێراق.
ئەو کاتەی سەرۆک مام جەلال لە بەغداوە سوێندی یاسایی خوارد، تەنها وەک نوێنەری لایەنێکی سیاسی یان نەتەوەیەک نەچووە کۆشکی سەلام، بەڵکو وەک "چەپکە گوڵەکە" و پارێزەری دەستوور، بووە چەترێک بۆ هەموو عێراقییەکان بێ جیاوازی، لەم رۆژگارە سەخت و ئاڵۆزەی ناوچەکەماندا، زیاتر هەستی پێدەكەین، کوردستان و عێراق تەنها بە حیکمەت و سیاسەتی مام جەلالیانە بە کەناری ئارامی دەگەن.
ئەمڕۆ کە یادی ئەو سەرکەوتنە مەزنە دەکەینەوە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەژێر ڕێنمایی و هەنگاوەکانی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی، جەخت لەسەر هەمان ڕێبازی مام دەکاتەوە و درێژە پێدەری ئەو رێبازەیە.
مسۆگەر، کلیلی چارەسەری کێشەکان و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان، لە یەکڕیزیی نێوخۆیی و بوونی دەنگێکی بەهێز و کاریگەر دایە لە بەغداد، هەروەک چۆن مام جەلال عێراقی کردبووە ناوەندی داکۆکیکردن لە مافەکانی کورد.
لەم یادەدا، بەڵێن بۆ گیانی پاکی سەرۆک مام جەلال و هەموو شەهیدان نوێ دەکەینەوە، کە پارێزەری ئەو دەستکەوتە مێژووییانە بین و بە هەمان نەفەسی "دیالۆگ و تەبایی" کار بکەین بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە و سەقامگیر بۆ هاووڵاتییانمان.
کاروان گەزنەیی
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پەیامێکی لە ساڵیادی هەڵبژاردنی سەرۆک مام جەلال بە سەرۆک کۆماری عیراق بڵاوکردەوە و دەڵێت: لەم کاتەدا دووپاتی دەکەینەوە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە باوەڕی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە.
دەقی پەیامەکە...
ئەمڕۆ ساتی شانازی و بەرزڕاگرتنی مێژوویەکی پرشنگدارە لە خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد کە بۆ یەکەمجار پێشمەرگەیەک، رابەری شۆڕشی نوێ، سەرۆک مام جەلال وەک یەکەمین کورد بووە سەرۆک کۆماری عیراق و یەکەم سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراویش بوو کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی متمانەی بەدەستهێنا.
ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵگری میراتە دەوڵەمەند و بەنرخەکەی سەرۆک مام جەلالین و بەشوێن هەنگاوە سیاسییەکانیدا دەڕۆین و لەسەر هەمان ڕێباز کاردەکەین بۆ بونیادنانی وڵاتێکی گەشاوەتر و پتەوکردنی برایەتی و چەسپاندنی ئاشتی زیاتر لە نێوان هەموو لایەنە جیاوازەکان.
لەم کاتەدا دووپاتی دەکەینەوە ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی هەر کەس و لایەنێک کە باوەڕی بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن هەیە بە ئامانجی ئاشتی و پێکەوەیی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵکە خۆشەویستەکەمان.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
ماڵپەڕی ئەكسیۆس ئاشكرایكرد، وڵاتانی نێوەندگیر پێشنیازێكی نوێیان بۆ رێكکەوتنی ئەمریكا و ئێران كردووە كە لە دوو قۆناغ پێك دێت و قۆناغی یەكەمشیان ئاگربەستێكە بۆ ماوەی 45 رۆژ.
ماڵپەڕی ئەكسیۆسی ئەمریكی رایگەیاند، ئێران و ئەمریكا لە رێگەی پاكستان، میسر و توركیاوە، تاوتوێی ئەو پێشنیازە دەكەن كەلەلایەن پاكستان و میسر، توركیاوە خراوەتەڕوو.
ئاماژەی بەوەشكرد، رێككەوتنە پێشنیازكراوەكە لە دوو قۆناغ پێكدێت، قۆناغی یەكەم بریتییە لە ئاگربەستێك بۆ ماوەی 45 رۆژ، تێیدا دانوستان دەكرێت بۆ كۆتاییهێنانی هەمیشەیی بە جەنگ ، لە قۆناغی دووەمیشدا رێككەوتنی كۆتایی بۆ وەستاندنی شەڕ ئیمزا دەكرێت.
چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتی داهاتوو، چارەنووسی ئەم دەسپێشخەرییە دیپلۆماسییە و رەوشی ناوچەكە بە گشتی یەكلایی بكرێتەوە.
ئەوەش لەكاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ ئێوارەی رۆژی سێشەممەی وەك دوایین وادە بۆ رێككەوتن دیاریكردوە و هۆشداریی داوە ئەگەر رێككەوتن نەكرێت، رێوشوێنی سەربازیی تووند بەرانبەر تاران دەگیرێتەبەر.