کەشناسی پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و بە گوێرەی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما گۆڕانکارییان بەسەردا نایەت و کەشەکەی بۆ چونەدەرەوە و سەیرانکردن گونجاوە، تەنها لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەری باران بارین هەیە.
ئەمڕۆ هەینی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی، پێشبینی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردوەتەوە و ئاماژەیان بەوەکردوە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری بارینی نمە باران لە ناوچە شاخاویە بەرزەکان.
لەبارەی کەشی سبەینێشەوە، ئەوەیان خستوەتەڕوو، گۆڕانکارییەکی بەرچاو رونادات و پلەکانی گەرما نزیکدەبن لە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.
بە گوێرەی کەشناسی بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو لە ناوچەکانی هەرێم بەم شێوەیە دەبێت؛
هەولێر : 30 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 29 پلەی سیلیزی
دهۆک : 28 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 30 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 32 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 30 پلەی سیلیزی
سۆران : 25 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران : 20 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 35 پلەی سیلیزی
وانگ وێنتاو، وەزیری بازرگانی چین ڕایگەیاند، پەکین و واشنتۆن دەتوانن بگەنە رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە بازرگانییەکانیان، لە کاتێکدا دانوستانە نوێیەکانی نێوان هەردوو وڵات نزیک دەبنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، وەزیری بازرگانی چین بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند کە "چوار خولی پێشووی ڕاوێژکارییە بازرگانییەکانی چین و ئەمریکا دەریخستووە کە چین و ئەمریکا توانای تەواویان هەیە بۆ دۆزینەوەی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی کێشەکان.
ئاماژەی بەوەشکرد، نیگەرانییەکانی هەردولا و دۆزینەوەی رێگەی باش بۆ پێکەوە ژیان و پێشخستنی گەشەسەندنی دروست و سەقامگیر و بەردەوامی پەیوەندییە ئابوورییەکانی چین و ئەمریکا لە ڕێگەی ڕێزگرتنی یەکتر و ڕاوێژکاری یەکسانەوە دەکرێت.
وەزیری بازرگانی چین ئەوەێ بەرۆژنامەنوسان وتووە؛ شی جین پینگی سەرۆکی وڵاتەکەیان، هەمیشە جەختدەکاتەوە لەوەی "دیالۆگ و هاوکاری" تاکە هەڵبژاردەی دروستە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و چیندا.
ئەم لێدوانانەی وەزیرەکەی چین لە کاتێکدایە، لەدوای بوون بە سەرۆک، دۆناڵد ترەمپ چەندین جار، سزای و باجی بەسەر وڵاتی چیندا سەپاندوە و بەردەوام لێدوان دەدات دژیان و پەکین تۆمەتبار دەکات بەوەی دەیەوێت ئابوری جیهان کۆنتڕۆڵ بکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، سەرجەم دانوستانە بازرگانییەکانی لەگەڵ کەنەدا هەڵدەوەشێنێتەوە، پارێزگای ئۆنتاریۆی تۆمەتبارکرد بە بەکارهێنانی ریکلامێکی "ساختە" کە تێیدا رۆناڵد ریگان سەرۆکی کۆچکردووی کۆمارییەکانی ئەمریکا بە نەرێنی باسی باج دەکات.
ترەمپ لە پۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال، کە خۆی خاوەندارێتی دەکات، رایگەیاندووە کەنەدا 75 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەو ریکلامە خەرج کردووە وەک هەوڵێک بۆ "دەستوەردان لە بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا و دادگاکانی دیکەی وڵاتەکە".
ناوبراو وتوشیەتی؛ باجەکان زۆر گرنگن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و ئابووری ئەمریکا، بە پشتبەستن بە رەفتاری رکابەرەکانیان، هەموو دانوستانە بازرگانییەکان لەگەڵ کەنەدا کۆتایی پێدێنێت، کە دەستبەجێ کاری پێدەکرێت بەهۆی ئەو ریکلامە ساختەیەی دروستیان کردوە دژی سیاسەتی باجی ئێستای ئەمریکا.
ئەم کاردانەوەی ترەمپ لە کاتێکدایە، پارێزگای ئۆنتاریۆ لە کەنەدا هەڵمەتێکی ریکلامی ئامادەکردووە کە "کلیپی دەنگی و ڤیدیۆیی هەڵبژێردراوی سەرۆک رۆناڵد ریگانی سەرۆکی پێشوتری ئەمریکای بەکارهێناوە کە وتاری رادیۆیی خۆی پێشکەش بە میللەت دەکات و دژی سەپاندنی باجە و سەبارەت بە بازرگانی ئازاد و دادپەروەرانە قسەدەکات و وتارە دەنگییەکەی ریگان مێژوکەی بۆ ساڵی 1987 دەگەڕێتەوە.
نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا بە زمانی ئینگلیزی پەیامێکی ئاراستەی ئەمریکا کردوە دەڵێت؛"تکایە نا بۆ شەڕێکی شێتانە"، ئەمەش لەدوای ئەو گرژیانە دێت لە نێوان فەنزوێلا و ئەمرکادایە دروست بوە و لە پەرەسەندندایە، ترەمپ چەند جارێک وتویەتی؛ سەرۆکی فەنزوێلا شێتە و دەستی هەیە لە بازرگایکردن بە ماددی هۆشبەر و لە بەرانبەردا، مادۆراش هەڕەشەی دەکرد و رایگەیاندبوو، پێنج هەزار موشەکیان هەیە و رویی لە ئەمریکایە.
لە چەند رۆژی رابردودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە دەسەڵاتی بە سی ئای ئەی داوە ئۆپەراسیۆنی نهێنی لە ڤەنزوێلا ئەنجام بدات، ئەمەش لەکاتێکدایە هەڵمەتە سەربازییەکانی ئەمریکا دژی ئەو کەسانەی کە گوایە بازرگانیان بە ماددە هۆشبەرەکانەوە دەکەن لە وڵاتانی کاریبی و زەریای هێمن زیادی کردوە.
مادۆرۆ لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ رێکخراوە دڵسۆزەکانی وڵاتەکەی وتویەتی "بەڵێ بۆ ئاشتی، بەڵێ بۆ ئاشتی هەمیشەی، نا بۆ شەڕێکی شێتانە تکایە".
ئەمریکا فڕۆکە و کەشتییە جەنگییەکانی لە کەناراوەکانی ڤەنزوێلا جێگیر کردووە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هەرچەندە تا ئێستا بەڵگەی ئەوەی نەخستۆتەڕوو کە ئەو ئامانجانەی لێی داوە کە تا ئێستا هەشت بەلەم و ژێردەریایی لەخۆدەگرێت، تێوەگلاون لە قاچاخچێتی.
داتاکانی بەدواداچوونی فڕینەکان دەریانخستووە کە لانیکەم فڕۆکەیەکی بۆمبڕێژکراوی ئەمریکی B-1 بە ئاسمانی کەنارەکانی کاریبی و کەناراوەکانی ڤەنزوێلادا فڕیوە، ئەمەش دووەمین نمایشی هێزی ئاسمانی ئەمریکایە لە ماوەی هەفتەیەکدا لەو سنورە.
ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کورد بێتاوان دەرچوو دوای ئەوەی، دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە لەسەر داوای داواكاری گشتی شاری سێرت لە دانیشتنێكی ئاسایی خۆیدا پێداچوونەوەی كرد بۆ دۆسێی تۆمەتباركردنی هاوسەرۆكی پێشووی شارەوانی مێردین.
هاوسەرۆکی گەورە شارەوانی ماردین، لە دۆسیەی "پڕوپاگەندە بۆ رێکخراوێکی تیرۆریستی" بێتاوان دەرچوو، کە بووە هۆی ئەوەی لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا قەیوم لە شوێنی دابنرێت.
لە دانیشتنەكەدا دادگای باڵای تاوانەكانی ئەنقەرە بڕیاری بێتاوانی ئەحمەد توركی دەركرد و و رایگەیاند ئەو قسانەی لە ٢٠١١دا لە ناوچەی نەوالی قەساب لە سێرت كردوویەتی دەچنە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕین.
لە دواین دانیشتنيدا، دادگای باڵای تاوانەکانی (١٤)ی ئەنكەرە بڕیاری دا بەوەی لێدوانەکانی ئەحمەد تورک کە بابەتی دادگاییکردنەکە بوون، لە چوارچێوەی ئازادی رادەربڕیندان و لەسەر بنەمای نەبوونی بنەماكانی ئەنجامدانی تاوان، بڕیاری بێبەریبونی دەركرد.
ئەمە لە کاتێکدایە وەزارەتی ناوخۆى توركيا لە بڕیارەکەیدا بۆ دانانی سەرۆک شارەوانییەکی نوێ (قەیوم) بۆ گەورە شارەوانی ماردین لە ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤دا و ئەحمەد تورکی دورخستەوە.
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند بوو، دۆسیەی ئەحمەد تورکی لە دادگای باڵای تاوانەکانی (١٤)ی ئەنكەرە لە هۆکارەکاندا باسكردبوو، کە دادگايکردنی بە تۆمەتی پڕوپاگەندەی تیرۆریستی بەردەوامە.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، چوار تۆمەتباریان بە تۆمەتی دزینی 100 هەزار دۆلار دەستگیر کردوە، کە لە یەکێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی تاوانەکەیان ئەنجامداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ دوای ئەوەی ٢٠٢٥/١٠/٤ لەیەکێک لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە شاری سلێمانی، بڕی سەد هەزار دۆلار لەماڵێک دزرا، دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بەدواداچوونی لەسەر ڕووداوەکە دەستپێکرد.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای بە دواداچونەکانیان، توانیویانە لە ماوەی 48 سەعاتدا تەواوی تۆمەتبارانی روداوەکە دەستگیر بکەن.
ئاسایشی سلێمانی لەگەڵ دیمەنی دزییەکان و دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان ئەوەشی خستوەتەڕوو، لەئێستادا بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی بەماددەی ٤٤٣ لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی کردەوە، دوای ئەوەی لەسەر راسپاردەی خۆی جارێکی تر لەسەر شێوازە کۆنەکەی نۆژەنکرایەوە و رایگەیاند وەک یەکێتی پشتگیری تەواوی زانکۆین.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی تشرینی یەکەمی 2025 بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوای دووبارە نۆژەنکردنەوەی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی بە شێوازێکی سەردەمیانە بەڕووی خوێندکاران و مامۆستایان و ستافی زانکۆکە کردەوە.
لەکاتی کردنەوەی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی سەرۆک بافڵ بە د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی راگەیاند: سوپاس کە بەپێشکەوتنەکانی زانکۆکە سەری سلێمانیت بەرزکردووەتەوە.
ئەمەش لەدوای ئەوەدێت ولەمانگی ئەیلولی ئەمساڵدا لەسەر راسپاردە و ئەرکی سەرۆکی یەکیتی نۆژەنکردنەوەی کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی دەستیپێکرد و بەشێوازێکی سەردەمیانە و پێشکەوتوو بیناکانی ناو کەمپەکە نۆژەنکرانەوە، ئەمەش لەچوارچێوەی هەوڵ و پاڵپشتییە بەردەوامەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆک بافڵە بۆ پڕۆسەی خوێندن و رەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ خوێندکاران.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فەرمانی بە هاوپەیمانی ئیسرائیل کرد کە هەر پێشنیازێک بۆ لکاندنی بەشێک لە کەناری رۆژئاوا ەل پەرلەماندا تا کاتێکی نادیار رابگرێت، ئەمەش دوای هۆشدارییەکی ترەمپ کە وتبوی ئیسرائیل بەو کارەی هەموو پاڵپشتییەک لەدەست دەدات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، دەنگدانی پەرلەمان لەسەر پلانی لکاندنی کەناری رۆژئاوا بە خاکی ئیسرائیلەوە، گێچەڵکردنە لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ دروستکردنی دووبەرەکی لە میانی سەردانێکی جێگری سەرۆکی ترەمپ، جەی دی ڤانس بۆ ئیسرائیل.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو کارەوە رایگەیاند، ئەوە رونادات، چونکە ئەو بەڵێنی بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە، ئەگەر ئەوە روبدات، ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستدەدات.
لە هەمان کاتدا ئیتمار بن گفیر وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئیسرائیل وەڵامی ترەمپی داوەتەوە و دەڵێت؛ ئیسرائیل دەوڵەتێکی سەربەخۆ و سەروەرە و ئەندامانی پەرلەمان بە پێی ویستی خۆیان دەنگ دەدەن.
ئەمە لە کاتێكدایە سعودیە و زیاتر لە 10 وڵاتی عەرەبی و موسڵمان لە راگەیەندراوێكی هاوبەشدا پێشکەوتنی پلانەکانی لکاندنی بەشێک لە کەناری رۆژئاوا بە خاکی ئیسرائیلەوە لە پەرلەمان ئیدانەیان کرد.

کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، لەسەر ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانی راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و هیوای پیشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر بۆ مامۆستا و خوێندکارانی زانکۆکە دەخوازێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی 57 ساڵەی دامەزراندنی زانکۆی دایکدا، کۆمەڵەی خوێنداکارن پیرۆزبایی لە مامۆستا خوێندکارانی زانکۆکە دەکات.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ بەڕێزان سەرۆک، مامۆستایان، فەرمانبەران و خوێندکارانی خۆشەویستی زانکۆی سلێمانی، پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانیتان لێدەکەین و هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازین.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ زانکۆی سلێمانی لە سەرەتای دامەزراندنییەوە چرای زانست و پێشکەوتن بووە، دەیان ساڵە ناوەندێکی گرنگ و کاریگەربووە لە پێگەیاندنی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی کوردستان کە ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە لە بوارە جیاوازەکاندا خزمەت دەکەن و داهاتووی کوردستان بونیاد دەنێن.
ئەوەشیان خستوەتەڕوو، کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان شانازی دەکات کە هەمیشە هەوڵ و پرۆژەکانی لەخزمەت زانکۆی دایک و خوێندکارە خۆشەویستەکانیدا بووە، بێگومان بۆ ساڵی نوێی خوێندنیش بە بەرنامە و پرۆژەی جیاواز و کاریگەرەوە بەردەوام دەبین و پێکەوە لەپێناو پێشکەوتنی زانست و داهاتوویەکی پرشنگدارتردا هەنگاودەنێین.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق و شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەم، ئەمڕۆ پێنجشەممە٢٣ـی ١٠ـی ٢٠٢٥ پێشوازییان لە شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سەرۆکی تەریقەتی قادری کەسنەزانی و وەفدی هاوڕێی کرد.
لە دیدارەکەدا، بارودۆخی گشتیی وڵات و گرنگیی یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگاریانەی ناوچەکە کە بەهۆیەوە ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا جێگیر دەبێت و داواکارییەکانی هاووڵاتییان بۆ باشترکردنی گوزەران و خزمەتگوزارییەکان تاوتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر پێویستیی چاندنی بەهاکانی یەکڕیزی و برایەتی لە رێگەی گوتارێکی میانڕەوانە کردەوە، کە ببێتە مایەی بەهێزکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و بنەماکانی لێبوردەیی و لێکتێگەیشتن و پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی گەلی عیراق بچەسپێنێت.
هەروەها لە دیدارەکەدا، ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو تاوتوێ کرا، سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگیی ئامادەکردنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و شەفاف بە بەشدارییەکی فراوانەوە کردەوە، کە ئاواتەکانی عیراقییەکان بۆ ژیانێکی ئارام و شکۆمەند بەدی بهێنێت.
لەلای خۆیەوە، شێخ نەهرۆ کەسنەزانی، سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک کۆماری کرد لە دانانی بنەماکانی یەکڕیزیی نیشتمانی، و جەختی لەسەر پابەندبوونی تەریقەتی کەسنەزانی کردەوە بۆ بەردەوامیدان بە هەوڵە چاکسازییەکانیان لەپێناو خزمەتکردنی عیراق و بەرژەوەندییە باڵاکاندا.
لە دیدارێکیدا لەگەڵ ڕۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئازەربایجانی رۆژئاوا” مەسعود پزیشکیان، رایگەیاند بەنزین زۆر هەرزانە، گومانی تێدانییە دەبێت بەنزین گران بکرێت، لێرە لیترێک ئاو کەدەیدەینە خەڵک گرانترە دەکەوێت لە لیترێک بەنزین لەسەر حکومەت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسعود پزیشکیانی سەرۆک کۆماری ئێران لەگەڵ رۆشنبیران و چالاکانی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی ئازەربایجانی رۆژئاوا کۆبوەوە و لەسەر پرسی بەنزین و ئاو قسەی کرد.
هەفتەی رابردوو، کە فاتمە موهاجرانی وتەبێژی حکومەت رایگەیاندبوو کە حکومەت هیچ بڕیارێکی نییە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی.
بە پێچەوانەی وتەبێژەکەیەوە، مەسعود پزیشکیان رایگەیاند، لێرە لیترێک ئاو زیاتر لەسەر حکومەت دەکەوێت تا لیترێک بەنزین ئەوەندە هەرزانە، گومانی تێدانییە پێویستە بەنزین گرانتر بکرێت، کێ وتی بەنزین هەر لیترێک هەزار و 500 تومەنە؟ ئاویش بەم نرخە نییە، بەڵام ئایا ئەوەندە سادەیە بۆ من دەستوەردان لە نرخی بەنزین بکەم؟
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە کەمبونەوەی ئاویشکرد و رایگەیاند، ساڵی رابردوو بارانبارین بەڕێژەی لەسەدا 40 کەمتر بووە، ئەمساڵیش دیسانەوە بەڕێژەی لەسەدا 40 کەمتر بووەتەوە.
پزیشکیان، رەخنەی لە شێوازی بەکارهێنانی ئاو لە وڵاتەکەیدا گرت و جەختیکردەوە پێویستە پلان دابنێین لەسەر بنەمای ئەو سەرچاوە ئاوییانەی کە هەمانە بۆ ئەوەی بتوانین سەرمایەی ئاو بە باشی بەکاربهێنین.
لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ گۆڤاری "تایم"، دۆناڵد ترەمپ وردەکاریی چۆنیەتی دروستبوونی ئاگربەستی غەززە و دیدگای خۆی بۆ داهاتووی ناوچەکە ئاشکرا کرد و هەڕەشەیەکی تووندیشی ئاراستەی ئیسرائیل کرد سەبارەت بە لکاندنی کەناری رۆژئاوا.
"من ناتانیاهۆم راگرت"
ترەمپ لەبارەی ناتانیاهۆوە وتی: "وەک دەزانن، من رامگرت (لە بەردەوامبوون لە جەنگ)، چونکە ئەو بەردەوام دەبوو، رەنگە بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بوایە و من رامگرت، و کاتێک رامگرت هەمووان یەکیانگرت، شتێکی سەرسوڕهێنەر بوو."
وتیشی: "کاتێک ئەو هەڵە تاکتیکییەی ئەنجامدا، کە پەیوەندی بە قەتەرەوە هەبوو، ئەوە هەڵەیەکی کوشندە بوو، بەڵام لە راستیدا، وەک بە میرم وت، ئەمە یەکێک بوو لەو شتانەی هەموومانی کۆکردەوە، بە جۆرێک کە وای لە هەمووان کرد ئەوە بکەن کە پێویست بوو بیکەن."
ترەمپ جەختیکردەوە، "پێویست بوو (ناتانیاهۆ) بوەستێت چونکە جیهان رایدەگرت. من دەمبینی چی روودەدات. ئیسرائیل بە شێوەیەکی زۆر خراپ جەماوەری خۆی لەدەستدەدا. هەر بۆیەش کاتێک وتم 'جیهان'، مەبەستم ئەوە بوو."
لە درێژەی قسەکانیدا، ترەمپ ئاشکرایکرد کە پلانی هەیە سەردانی غەززە بکات و وتی: "بەڵێ، دەیکەم، سەردانی دەکەم."
هەڕەشەی بڕینی پشتیوانی لە ئیسرائیل
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێگریکردن لە ناتانیاهۆ بۆ لکاندنی کەناری رۆژئاوا، ترەمپ بە تووندی وتی: "ئەوە رونادات، ئێمە پشتیوانییەکی گەورەی عەرەبیمان هەبوو، ئەوە رونادات چونکە من بەڵێنم بە وڵاتە عەرەبییەکان داوە. ئەگەر ئەوە روبدات، ئیسرائیل هەموو پشتیوانییەکی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدەستدەدات."
سەبارەت بەوەی ئایا مەحمود عەباس لە دەسەڵاتی غەززەی دوای جەنگدا دەبینێت، ترەمپ وتی: "باشە، من هەمیشە لەگەڵیدا گونجاوم. هەمیشە بە کەسێکی عەقڵانیم زانیوە، بەڵام وەک دەزانن، کاتێک لێم نزیک دەبووەوە زۆر دۆستانە بوو... بەڵام هێشتا زۆر زووە بۆ ئەوەی رایەکم هەبێت، لە کاتێکی دیاریکراودا رام دەبێت."
لەسەر پرسی مەروان بەڕغوسیش، ترەمپ بە شێوەیەکی کورت وتی: "من بڕیاری لەسەر دەدەم."
"سعودیە و رێککەوتنەکانی ئیبراهیم"
ترەمپ پێشبینی کرد کە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی نێوان سعودیە و ئیسرائیل "زۆر نزیکە" و وتیشی، "پێم وایە سعودیە رێبەرایەتیی رێگاکە دەکات بەرەو رێککەوتنەکانی ئیبراهیم."
کاتێک گۆڤارەکە پرسیاری کرد ئایا پێی وایە تا کۆتایی ساڵ سعودیە پەیوەندی بە رێککەوتنەکانەوە دەکات، ترەمپ لە وەڵامدا وتی: "بەڵێ، پێم وایە. بڕوام وایە."
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، ناڕەزایەتیی تووندی خۆی دەربڕی بەرانبەر بڕیارەکەی کنێستی ئیسرائیل بۆ سەپاندنی سەروەری بەسەر بەشێک لە کەناری رۆژئاوادا و جەختیکردەوە کە هەستدەکات بەهۆی ئەو دەنگدانەوە "خەڵەتێنراوە".
"بەڕاستی کارێکی گەمژانەیە"
ڤانس وتی: "ئەمە زۆر سەیر بوو، هەستم بە سەرلێشێواوییەکی زۆر کرد. چەندین جار پێم وترا کە دەنگدانەکە تەنها رێکارێکی رەمزییە و تەنها مەبەست لێی بەدەستهێنانی خاڵی سیاسیی ناوخۆییە. ئەگەر ئەوە راست بێت، ئەوا بەڕاستی کارێکی گەمژانەیە و من لێی بێزارم."
ناوبراو دژایەتیی خۆی بۆ هەنگاوەکە دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ رونە: لەم کاتەدا هیچ لکاندنێک بۆ کەناری رۆژئاوا بوونی نییە."
هۆشداریی پێشوەختەی واشنتن
لەلایەکی دیکەوە، مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشتر و لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئیسرائیل هۆشداری دابوو کە ئەم دەنگدانە ئەگەری هەیە ڕێککەوتنی ناسکی ئاگربەستەکە لە کەرتی غەززە بخاتە مەترسییەوە.
ڕۆبیۆ وتبووی: "بەردەوامبوون لەسەر ئەم یاسایە ڕەنگە هەڕەشە لە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە بکات، تەنانەت ڕەنگە ببێتە ڕێگر لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتیی سەرۆک ترەمپ."
دەنگدانێکی گرنگ و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
جێی باسە، دەنگدانی سەرەتایی لە کنێست دوای گفتوگۆیەکی تووند، بە جیاوازییەکی زۆر کەم — 25 دەنگ بەرامبەر 24 دەنگ — تێپەڕی. ئێستا پڕۆژەیاساکە رەوانەی لیژنەی کاروباری دەرەوە و بەرگری دەکرێت بۆ گفتوگۆکردن، پێش ئەوەی بۆ خوێندنەوەی دووەم و سێیەم بخرێتەوە بەردەم دانیشتنی گشتی.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، چەندین وڵات دژایەتیی خۆیان بۆ دەنگدانەکە راگەیاند و دووپاتیانکردەوە کە پشتگیری لە مافی گەلی فەڵەستین دەکەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان لەسەر سنووری ساڵی 1967 بە پایتەختی قودسی رۆژهەڵات، بەپێی بڕیارە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ٥57ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی زانکۆی سلێمانییەوە، پیرۆزبایی لە سەرۆکایەتی و مامۆستایان و خوێندکارانی زانکۆکە دەکات و رۆڵی مێژوویی و زانستیی "زانکۆی دایک" لە پێگەیاندنی پسپۆڕ و گەشەپێدانی بیری نیشتمانپەروەریدا بەرزدەنرخێنێت.
دەقی راگەیەندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی:
لە یادی پەنجاو حەوت ساڵەی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانیدا، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرۆك و ئەنجومەنی زانكۆ و گشت مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندكارانی ئەم ناوەندە زانستی و فەرهەنگییە دەكەین.
زانكۆی سلێمانی، وەك زانكۆی دایك لە ساڵی 1968وە لە سەر پێشنیاز و داواكاریی سەرۆك مام جەلال لە شاری سلێمانی دامەزرا ، لەو كاتەوە ئەم ناوەندە زانستییە بووەتە سەنتەری پێگەیاندنی چەندین خاوەن پسپۆڕیی جیاجیای زانستی لە شارەكانی كوردستان و ناوەڕاست و باشووری عیراق و دەرەوەی وڵات.
لە بواری رووناكبیری و گەشەپێدانی بیری كوردایەتی و نیشتمانپەروەریدا زانكۆی سلێمانی رۆڵێكی هێندە گرنگی هەبوو، چەندین سەركردە و كادری بزووتنەوەی سیاسی و كوردایەتی لە خوێندكار و دەرچووانی كۆلێژ و بەشەكانی ئەم زانكۆیە بوون، بۆیە رژێمی بەعس دژایەتیەكی زۆری ئەم ناوەندە زانستیەی كرد و لە ساڵی 1981 دا لە سلێمانییەوە گواستیانەوە و لە پاش راپەرینی سالًی 1991 جارێكی تر بە هەوڵی دلسۆزان لە شاری سلێمانی زانكۆ دامەزرایەوە.
ئەمڕۆش لە ساڵیادی دامەزراندنی زانكۆی سلێمانیدا كە رۆژبەڕۆژ ئاستی زانستی لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە و هەر چەند رۆژێك لەمەوبەر بوو لە ریزبەندیی دامەزراوەی تایمزی بەریتانیدا پلەی یەكەمی لە ئاستی زانكۆكانی عیراقدا بەدەستهێنا.
بۆ برەودانی زیاتر بەم پێشكەوتنانە و پێشخستنی زیاتر، گشت پشتیوانییەكی خۆمان بۆ زانكۆی سلێمانی، زانكۆی دایك دووپاتدەكەینەوە.
مەكتەبی سیاسیی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی رایگەیاند کە ئیسرائیل و حەماس پابەندی ئاگربەستەکەن و رێککەوتنەکەش بەرقەرارە، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ هێزێکی سەربازی لە کەرتی غەززە بڵاوەپێناکات و پلانی ئاوەدانکردنەوەش بە مەرج دەبێت.
"رێککەوتنەکە بەرقەرارە"
ئەو بەرپرسە رونیکردەوە کە سەرەڕای بوونی هەندێک حاڵەتی دەرچوون لە ڕێککەوتنەکە، ئیسرائیل و حەماس رێز لە ئاگربەستەکە دەگرن و جەختی کردەوە کە رێککەوتنەکە بەرقەرارە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک ناکۆکی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەدا هەیە، بەڵام گفتوگۆکان بەردەوامن و وڵاتەکەی لەگەڵ ئیسرائیل کاردەکات بۆ جێگیرکردنی پلانی غەززە. هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ هاوبەشەکاندا بەردەوامن سەبارەت بە داهاتووی غەززە و قۆناغی دوای جەنگ.
ئاوەدانکردنەوەی غەززە
بەرپرسە ئەمریکییەکە دووپاتیکردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان هیچ هێزێکی سەربازی لە کەرتی فەڵەستین بڵاوەپێناکات.
سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوەی غەززە وتی: "دەست بە ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە دەکەین کە حەماسی تێدا نییە،" و هیوای خواست لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داهاتوودا، رەفەح لە باشووری کەرتەکە ئاوەدان بکرێتەوە.