میدیاکانی عیراق لە زاری سەرچاوە پزیشکییەکانەوە رایانگەیاندوە، بەهۆی تەقینەوەیەک لە كێڵگە نەوتی زوبەیری عیراق دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسی دیکەش بریندارن.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەهۆی تەقینەوەیەکەوە لە ناوچەی نەوتی بورجیسیا لە کێڵگەی نەوتی زوبەیری عیراق لە بەسرە، کە پێش بارکردنی نەوتەکە بوە بۆ ناو کەشتی، دوو کرێکار گیانیان لەدەستداوە و چواری دیکەش بریندار بوون.
میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردوە، تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی روداوەکە و بریندارەکانیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەرکردن، هاوکات تەرمەکان گواستراونەتەوە بۆ بەشی پزیشکی دادوەری.
دوای ئەوەی باڵندەیەک لە جۆری قوش لەلایەن چەند راوچییەکەوە لە سنوری گەرمیان راوکراو و ڤیدیۆکەی کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، لایەنی پەیوەندیدار هاتنە سەرخەت و توانیان راوچییەکان دەستگیر بکەن و باڵندەکەش بەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس و دارستانی گەرمیان رایگەیاند، ئەو باڵندە قوشەی راوکراو بوو لەلایەن ژمارەیەک راوچییەوە توانیویانە بەدەستی بهێننەوە و راوچییەکانیش دەستگیرکراون.
لە دوای راوکردنی باڵندەکە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی گەرمیان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە هۆشداری دەداتە راوچیان و رایگەیاند،راوکردنی باڵندەی "قوش" بە هەموو جۆرەکانییەوە
لە راگەیەندراوێکدا جەخت لەوەکرایەوە هەر کەسێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، ڕێکاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و ڕەوانەی دادگا دەکرێت.
باڵندەی قوش یاخود "شاهینە" جۆرێکی دەگمەنە لە جیهاندا و چەندن جۆری هەیە، هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو شوێنانەی ئەو جۆرە باڵندەیەی لێدەژی.
پەکەکە رایگەیاند بەگوێرەی بڕیارەکانی کۆنگرەی دوازدەهەمی پەکەکە، لە هەنگاوێکی مێژووییدا هێزەکانیان لە تورکیا دەکشێنینەوە بەرەو قۆناغی دووەمی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی هەنگاو دەنێن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، لە ماوەی هەشت مانگی رابردوودا هەنگاوی بەرچاو و مێژوویییان ناوە بۆ ئەوەی کەشێکی ئارام و گونجاو بۆ گفتوگۆ دروست بکەن دەشڵێن؛ ڕاستەوخۆ دوای بانگەوازەکەی رێبەر ئۆجالان، لە ١ی ئازار ئاگربەستیان راگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی راگیەندراوەکەدا هاتووە؛ گەیشتنی بەشێک لە هێزەکانیان بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان و پشتیوانیان بۆ بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی رادەگەیەنین و هەروەها ڕێوشوێنی پێویست لە ناوچە سنوورییە زۆر هەستیارەکاندا دەگیرێتەبەر.
دەقی راگەیەنەدراوەکە
“بۆ ڕای گشتیی
دوای گهیشتنی شهڕ و پێكدادانهكانی ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست به ئاستی مهترسی زۆر جدی لهسهر ئایندهی كورد و توركیا، ساڵی ڕابردوو لهسهر بانگهوازییهكانی سهرۆككۆماری توركیا و سهرۆكی گشتی مەهەپە دهوڵهت باخچهلی و پاشان ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان پرۆسهیهك دهستی پێكرد و ئهم پرۆسهیهش كه به بانگهوازی “ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک”ـی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان له ٢٧ـی شووباتی ٢٠٢٥ـدا به ناسنامهی خۆی گهیشت، به قۆناخێكی تا دواڕاده گرنگ و ههستیاردا دهگوزهرێت.
ئێمهی لایهنی كورد لهلایهن خۆمانهوه له ماوهی ههشت مانگی ڕابردوودا لهسهر بنچینهی بانگهوازی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک ههنگاوی گهورهی مێژووییمان نا. دوابهدوای بانگهوازییهكه و له ڕۆژی ١ـی ئاداردا به ئامانجی بهرقهراركردنی زهمینهیهكی ئارام و ئاسووده بۆ گفتوگۆكردن ئاگربهستمان ڕاگهیاند. ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان به ڕێبازی گونجاو ئاراستهی نیشاندا و لهسهر ئهو بنهمایهش پەکەکە له ڕۆژانی ٥-٧ـی ئایاردا، ١٢ـیەمین كۆنگرهی خۆی سازدا و بڕیارماندا به كۆتاییهێنان به ههبوونی ڕێكخراوهیی پەکەکە و ستراتیژییهتی تێكۆشانی چهكداری و ئهو بڕیارهشمان لهسهر زیاد كرد كه تهنیا به سهرپهرشتی ڕاستهوخۆیانهی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان دهتوانرێت پراكتیزه بكرێن. دوای دوو مانگ و له ١١ـی تهمووزدا، دوای بانگهوازی بهدیمهنی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان گرووپی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک کە له ٣٠ كهس پێكهاتبوو و به پێشهنگایهتی هاوسهرۆكی كۆنسهی بهڕێوهبهری کەجەکە بهسێ هۆزات، له مهراسیمێكدا چهكهكانیان سووتاند و به ڕوونی و كرداریی ههڵوێست و به بڕیارداریمانەوە له كۆتاییهێنان به تێكۆشانی چهكداری سهلماند.
ئهم ههنگاوه مێژووییانهی لایهنی كورد كه به پێشهنگایهتی ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان و پەکەکە ئهنجامی دان، كاریگهرییهكی قوڵی له كهشوههوای سیاسی و كۆمهڵایهتی توركیا كرد و گیان و ئیرادهیهكی نوێی له بواری ئاشتی و دیموكراتیزهبووندا خستهڕوو. ئهم ههڵوێسته بوێرانه و فیداكارانهیهی كورد كه ههمیشه لایهنگری ئاشتی و دیموكراسی و ئازادیی بووه، بهشێوهیهكی گشتی له ناوخۆ و دهرهوهی توركیاش پێشوازییهكی گهرمی لێكرا.
سهرهڕای ههڵوێسته ناتهواوهكانی لایهنی بهرامبهر، ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان و بزووتنهوهی ئازادیخوازی كوردستان به ئامانجی وهلاوهنانی ههموو ئهو مهترسییه سهختانهی بهرۆكی كورد و توركیای گرتووه، بۆ ئهوهی بتوانرێت بناخهی ژیانی ئازادی، دیموكراتیک و برایهتی سهدهی داهاتوو دابنرێت و پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی به قۆناخی دووهم بگهیهندرێت، له ههوڵی ههنگاوی نوێی كردارییدایه. لهم چوارچێوهیهدا و لهسهر بنچینهی بهرنامه و بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ و به دهستووری ڕێبهر عهبدوڵا ئۆجالان دهستمانكرد به ههنگاوی كشانهوهی ئهو هێزانهمان له توركیا لهبهردهم ئهگهری مهترسی پێكداداندان و زهمینه لهبارن بۆ ڕوودانی ئهگهری نهخوازراو. كشانهوهكه له ناوچه سنوورییهكانی توركیاوه بهرهو ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا دهكرێت و بهشێك لهو گرووپانهی گهیشتوون به ههرێمهكانی پاراستنی مەدیا ئێستاكه لێره ئامادهن و بهشدارن لهم کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەدا. هاوكات لهو سهنگهرانهی ناوچه سنوورییهكانیشدا كه ئهگهری پێكدانان و ههر ئهگهرێكی نهخوازراویان لهسهره، ڕێوشوێنی هاوشێوه و سازهندانه گیراونهتهبهر.
بێگومان پراكتیك دهبێته نیشاندهری ئاستی كاریگهری ئهم ههنگاوانهمان. بهڵام ئهم ههنگاوه كردارییانهشمان جارێكی تر بهبڕیاربوون و ههڵوێستی ڕوونمان سهبارهت به جێبهجێكردنی بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ دهسهلمێنێت.
زۆر ڕوون و ئاشكرایه كه ئێمه پابهندین به بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ـوە و بهبڕیاریشین له جێبهجێكردنی دا. بهڵام بۆ جێبهجێكردنییان پێویسته دهستبهجێ ئهو ههنگاوه یاسایی و سیاسییانهی پرۆسهكه بنرێن كه مهرجی بڕیارهكانی كۆنگرهی ١٢ـی پەکەکە بوون. بۆ ئهم مهبهسته پێویسته یاسای ڕاگوزەری تایبهت به پەکەکە به بنچینه وهربگیردرێت و بۆ بهشداریكردن له سیاسهتی دیموكراتییانهش دهستبهجێ یاساكانی پهیوهست به ئازادی پێویست و ئهنتیگراسیۆنی دیموكراتی دهربكرێن.
بانگهوازییهكهمان بۆ تێكڕای گهلهكهمانه بهتایبهتیش ژنان و گهنجان. ڕۆژ؛ ڕۆژی چاوهڕوانیكردن نییه، ڕۆژی تێكۆشانی ڕێكخراوهییه بۆ بهدیهێنانی ژیانی ئازادی و دیموكراسی. ههر بۆیه ههر كهسێك خۆی لهم ژیانهدا دهبینێتهوه پێویسته له ئاستی ههڵمهتی سهرتاسهریدا بۆ سهركهوتنی “پرۆسهی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتی” تێبكۆشێت.
مانیفێستی ئاشتی و كۆمهڵگهی دیموكراتیک مسۆگهر سهردهكهوێت.
٢٦/١٠/٢٠٢٥
بهڕێوهبهرایهتی تهڤگهری ئازادیی”
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حەماس کرد کە "بەخێرایی" تەرمی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە تا ئێستا رادەستی نەکردوون، بگەڕێنێتەوە و هۆشداریشیداوە ئەگەر تەرمەکان نەگەڕێنرێنەوە وڵاتانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی ئاشتییەکە هەنگاو دەگرنە بەر.
کەناڵی فۆکس نیوز ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردوەتەوە، ترەمپ جەختیکردوەتەوە ئەگەر تەرمەکان نەگەڕێنرێنەوە، وڵاتانی دیکەی بەشدار لە پڕۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و فەلەستین هەنگاو دەگرنە بەر.
ترەمپ وتوشیەتی؛ "کاتێک وتم هەردوو لایەن بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوە تەنها کاتێک دەگونجێت کە پابەدن بن بە بەڵێنەکانیان و دەبینین لە 48 سەعاتی داهاتوودا چی دەکەن، من لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەم."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، رەنگە دەستگەیشتن بە بەشێک لە تەرمەکان قورس بێت، بەڵام دەکرێت لە ئێستادا هەندێکی دیکە بگەڕێنرێنەوە، بە گوێرەی زانیاریەکان. تا ئێستا 13 تەرمی بارمتەکان ماون حەماس رادەستی بکات.
هەسەدە رایگەیاند لە رێگەی گروپە چەکدارەکانەوە بە چەکی (ئار پی جی) لە رۆژهەڵاتی دێرەزور هێرشیانکراوەتە سەر، ئاماژە بەوەشدەکەن هێرشەکە بێ زیانی گیانیی بووە و وەڵامی گونجاویان داوەتەوە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات، درەنگانێکی شەوی رابردوو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە؛ لە پێگەکانی کەناری رۆژئاوای رووباری فوراتەوە، بە ئار پی جی هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان، لە گوندی ئەبو حەمام لە لادێی رۆژهەڵاتی دێرەزۆر.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە و هێزەکانیان بە تەواوەتی وەڵامیان داونەتەوە و هێرشبەرەکانیان کردوەتە ئامانج.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ ناوچەکە ئێستا ئارامە و هێزەکانیان دەستیانکردوە بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تاوانباران و بەردەوام لە ئامادە باشیدان بۆ پاراستنی دانیشتوان و سەقامگیری ناوچەکە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند ئەگەر بزوتنەوەی حەماس لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا دەست بە گەڕاندنەوەی تەرمی بارمتەکان نەکات، ئەوا ئەو وڵاتانەی دیکە کە لە رێککەوتنەکەدا بەشدارن، رێوشوێن دژی بزوتنەوەکە دەگرنەبەر.
ترەمپ لەسەر پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "پێویستە حەماس لە زووترین کاتدا دەست بە گەڕاندنەوەی تەرمی ئەو بارمتانە بکات کە گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش دوو ئەمریکییەکەش دەگرێتەوە، ئەگەرنا وڵاتانی دیکەی بەشدار لەم رێککەوتننامە مەزنەی ئاشتیدا رێوشوێن دەگرنەبەر."
سەرۆکی ئەمریکا وتیشی: "هەندێک لە تەرمەکان دەستگەیشتن پێیان قورسە، بەڵام هەندێکی دیکەیان دەتوانرێت ئێستا بگەڕێندرێنەوە، کەچی بە هۆکارێک ناگەڕێندرێنەوە."
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگە ئەمە پەیوەندیی بە چەکداماڵینیانەوە هەبێت، بەڵام کاتێک وتم هەردوو لا بە دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەمە تەنها کاتێک جێبەجێ دەبێت کە پابەندی ئەرکەکانیان بن. چاوەڕێ دەکەین بزانین لە ماوەی 48 سەعاتی داهاتوودا چی دەکەن."
میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، بڕیارە سبەینێ یەکشەممە، گەریلا هەنگاوێکی نوێی "مێژوویی" لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا بنێت. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وردەکارییەکان ئاشکرا بکرێن، سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، هەنگاوەکە بریتییە لە گەڕانەوەی گروپێکی گەریلا لە باکوری کوردستانەوە بۆ باشوری کوردستان، نەک خۆڕادەستکردنەوەیان بە تورکیا.
ئەم هەنگاوە نوێیە لەسەر بنەمای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پەکەکە دێت، کە لە 27ی شوباتی 2025 داوای لە پەکەکە کرد کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. لەسەر بنەمای ئەو پەیامە، پەکەکە لە مانگی ئایاردا کۆنگرەی 12ی خۆی بەست و بڕیاریدا کۆتایی بە خەباتی چەکداری بهێنێت و لە رێگەی سیاسەتی دیموکراتییەوە درێژە بە تێکۆشان بدات.
وەک هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەی ئاشتی، رۆژی 11ی حوزەیرانی 2025، گروپێکی 30 کەسیی گەریلا بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی کەجەکە، لە رێوڕەسمێکی سیمبولیدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی، وەک نیشانەی نیازپاکی چەکەکانیان سوتاند و رایانگەیاند، لەمەودوا بە ڕێبازی سیاسیی دیموکراتی درێژە بە تێکۆشان دەدەن.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەبارەی مەراسیمەکەی سبەینێی پەکەکەوە، زانیاریی تایبەتی بە کوردسات نیوز دا و رایگەیاند: "گروپێکی گەریلا لە باکوری کوردستانەوە بەرەوە باشوری کوردستان دەگەڕێنەوە."
هەمان سەرچاوە ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە خۆڕادەستکردنی گەریلا دەکەن و جەختیکردەوە، هیچ گروپێکی گەریلا ناچنە تورکیا و خۆیان ڕادەست ناکەن.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند، بۆمبی ئەتۆمیی راستەقینەی ئێران، چەکی ناوەکی نییە، بەڵکو ئەو توانایەیە کە بتوانن لەبەردەم زلهێزەکاندا بڵێن "نا".
عراقچی جەختیکردەوە، گەلی ئێران ئامادەیە باجێکی قورس بدات، بەڵام شکۆ و سەربەخۆیی لەدەست نەدات.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی ئینتەرنێتیی "سەحرا" وتی: "ئێمە فەتوامان هەیە و بیروباوەڕی ئەمنیمان بە هیچ شێوەیەک چەکی ئەتۆمی لەخۆناگرێت. ئەوان دەیانپرسی 'بۆچی پیتاندن (یۆرانیۆم)تان دەوێت و ئەم هەموو تێچووە دەکەن؟' وەڵامی من ئەمە بوو کە ئێمە دەمانەوێت چونکە مافی خۆمانە و ئەوانی تر دەڵێن نابێت هەمانبێت."
عراقچی وتیشی: "بۆمبی ئەتۆمیی ئێران، توانای 'نا' وتنە لەبەردەم زلهێزەکاندا. ئەمە بابەتێکە کە لە کاتی شۆڕشەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە. نابێت ئەمە بە کەم سەیر بکرێت. گەلێک ئامادەیە باجی قورس بدات، بەڵام رێگە نادات کەرامەت و شەرەف و سەربەخۆییەکەی پێشێل بکرێت."
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دروشمی "سەربەخۆیی، ئازادی، کۆماری ئیسلامی" یەکێک بوو لە دروشمە سەرەکییەکانی شۆڕش و وتی: "ئێران هەرگیز لە مێژووی خۆیدا داگیرنەکراوە، بەڵام خەڵک هاواری سەربەخۆیی دەکرد، چونکە پێیان وابوو سەربەخۆیی راستەقینە واتە توانای بڕیاردانی سەربەخۆ، بەبێ ئەوەی لەلایەن کەسانی ترەوە فەرمانت بەسەردا بکرێت."
کامالا هاریس، جێگری پێشوی سەرۆکی ئەمریکا، لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ بی بی سی لە بەریتانیا رایگەیاند، رەنگە جارێکی دیکە خۆی بۆ کۆشکی سپی کاندید بکاتەوە. هاریس لە لێدوانەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترەمپ و بە "ستەمکار" ناوی برد و وتی، ئەو پێشبینیانەی لەبارەیەوە کردبووی، هەموویان هاتنەدی.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا رۆژێک ژنێک دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا، هاریس وتی "بێگومان،" و کاتێک پرسیاری لێکرا ئایا ئەو کەسە خۆی دەبێت، وتی "رەنگە،" کە بەهێزترین ئاماژەیە تا ئێستا بۆ ئەگەری خۆکاندیدکردنەوەی لە ساڵی 2028.
هاریس راپرسییەکانی رەتکردەوە کە وەک پاڵێوراوێکی لاواز نیشانی دەدەن و وتی: "ئەگەر گوێم لە ڕاپرسییەکان بگرتایە، نە بۆ یەکەم پۆست و نە بۆ دووەم پۆست خۆم کاندید نەدەکرد، بێگومانیش ئێستا لێرە دانەنیشتبووم."
جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینییەکانی لەبارەی ئەوەی ترەمپ وەک فاشیستێک رەفتار دەکات و حکومەتێکی تاکڕەو بەڕێوەدەبات، بوون بە راستی.
وتیشی: "ئەو وتی وەزارەتی داد وەک چەک بەکاردەهێنێت، و رێک ئەوەشی کرد." هاریس ئاماژەی بە راگرتنی پێشکەشکاری کۆمیدی، جیمی کیمڵ، کرد دوای ئەوەی گاڵتەی بە کاردانەوەی کۆمارییەکان کردبوو، کە بەهۆی هەڕەشەی دەزگایەکی رێکخەرەوە بوو کە لەلایەن ترەمپەوە دانرابوو.
هاریس رەخنەی لەو بازرگان و دامەزراوانەی ئەمریکا گرت کە بە وتەی ئەو، زۆر بە ئاسانی ملکەچی داواکارییەکانی سەرۆک بوون.
وتیشی: "زۆر کەس هەن... کە لە یەکەم ڕۆژەوە خۆیان بەدەستەوە داوە و چۆکیان لەبەرپێی ستەمکارێکدا داداوە، لەبەر چەندین هۆکار، لەوانەش دەیانەوێت لە دەسەڵاتەوە نزیک بن."
کۆشکی سپی لە وەڵامی لێدوانەکانی هاریسدا وتی: "کاتێک کامالا هاریس هەڵبژاردنەکەی بە شێوەیەکی گەورە دۆڕاند، دەبوو لە پەیامەکە تێبگەیشتایە؛ خەڵکی ئەمریکا گوێ بە درۆ بێماناکانی نادەن."
وتەبێژەکەی کۆشکی سپی زیادی کرد: "یان رەنگە لە پەیامەکە تێگەیشتووە و هەر بۆیە بەردەوامە لە گواستنەوەی سکاڵاکانی بۆ بڵاوکراوە بیانییەکان."
مەحمود قەماتی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسیی حزبوڵای لوبنان رایگەیاند، بزوتنەوەکەیان چەکەکانیان رادەست ناکات و بە "هێز بۆ نیشتمان و سەروەریی لوبنان" وەسفی کرد. هاوکات، راپۆرتێکی رۆژنامەوانیی فەرەنسی ئاشکرای دەکات، حزبوڵا بە نهێنی خۆی رێکدەخاتەوە و سەرۆکوەزیرانی لوبنانیش جەخت لە کۆکردنەوەی چەک دەکاتەوە.
قەماتی وتی، "دوژمن رۆژانە دەستدرێژی دەکاتە سەرمان و هەموو فشارەکانی ئەمریکا و ئەوروپا کارمان تێناکات."
ئەو بەرپرسەی حزبوڵا ئاماژەی بە بڕیاری 1701ی نێودەوڵەتی کرد و وتی، "حزبوڵا پابەندی بڕیارەکە بووە، لە کاتێکدا ئیسرائیل پابەندی نەبووە، سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا و فەرەنسا چاودێری رێککەوتنەکەیان دەکرد، کە نەیانتوانی راگرتنی کردەوە دوژمنکارییەکان بەسەر دوژمندا بسەپێنن."
پێشتر، راپۆرتێکی رۆژنامەی "لۆفیگارۆ"ی فەرەنسی ئاشکرای کردبوو کە حزبوڵا لە ئێستادا نزیکەی بە تەواوی لە ژێر زەویدا کاردەکات.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، حزبوڵا بە نهێنی کار بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی کۆی سەرکردایەتی و هێزی سەربازیی خۆی دەکات، روونیشیکردووەتەوە کە دوای ساڵێک لە ئۆپەراسیۆنی پەیجەرەکانی ئیسرائیل، کارەکان بە نهێنییەکی تەواوەوە بەڕێوەدەچن بۆ رێکخستنەوەی ریزەکانیان.
لۆفیگارۆ دەڵێت، لە کاتێکدا حزبوڵا بە رواڵەت رەزامەندی لەسەر چەکدانان نیشان دەدات، بەڵام لە کرداردا لە پێگەکانی دیکەیدا پێچەوانەی ئەوە کار دەکات.
حکومەتی لوبنان لە مانگی ئابی رابردوودا بڕیاری چەکداماڵینی حزبوڵای دابوو. سوپای لوبنانیش پلانێکی پێنج قۆناغی بۆ کشانەوەی چەک دانابوو، لە هەنگاوێکدا کە پارتە لوبنانییەکە رەتیکردەوە و بڕیارەکەی بە "تاوان" وەسف کرد.
لە نوێترین لێدواندا، نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان جەختی کردەوە، "لوبنان پابەندە بە کۆتاییهێنان بە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەک لە باشووری رووباری لیتانی پێش کۆتایی ئەمساڵ." لە بەرامبەردا داوایکرد، ئیسرائیل "ئەرک و پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ بکات، بە کشانەوە لە خاکە داگیرکراوەکانی لوبنان و راگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی."
بافڵ جەلال تاڵەبانی دەڵێت: یەكێتی بۆ هەموو كوردستان خەبات دەكات و بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنەکان دەکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکدا لە کەرنەڤاڵی جەماوەری لیستی ٢٢٢ـی یەکێتی لە کۆیە رایگەیاند، ناچینە ناو حكومەتێك وەك یەك خزمەتی هەموو ناوچەكانی هەرێم نەكات
وتیشی، بەڵێن دەدەین بە کوردستان، بە یەک چاو سەیری هەموو لایەنەکان و پێکهاتەکان دەکەین، هەروەها ئێمە حزبی سەرۆک مام جەلالین و بۆ هەموو کوردستان خەبات دەکەین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەڕەشەکردن کێشەکان لە بەغداد چارەسەر ناکرێت، هاوکات یەکێتی لە بەغداد پێگەیەکی بەهێزی هەیە و هەموو لایەنەکان رێز لەهەڵوێست و بڕیارەکانمان دەگرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، نوێنەرەكانی یەكێتی لەهەمووان زیاتر خزمەتی هاووڵاتیانیان كردووە و داواتان لێدەكەین بە دەنگ و كورسی زیاتر بماننێرن بۆ بەغداد.
سەرۆکی یەکێتی سەبارەت خزمەتکردنی کریستیانەکانی کۆیە رایگەیاند، زیاتر خزمەتی خوشك و برا كریستیانەكانمان دەكەین و هەڵەیەكی زۆرگەرەیە دەنگ بە لایەنێك بدەن كە كرداری نییە.
ئاشکراشیکرد، یەکێتی حزبی هەر چوارپارچەی کوردستان کوردستانە و لەهەموو وڵاتێک یەکێتی پێگەی خۆی هەیە.
ئەمڕۆ شەممە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆشکی سەلام پێشوازیکرد لە گۆردان گریلیچ رادمان، وەزیری دەرەوەی کۆماری کرواتیا و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان عیراق و کرواتیایان کرد و جەخت لە کاری هاوبەشی نێوان هەردوولا کرایەوە.
لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عیراق ئامادە بوو، لە میانی کۆبونەوەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و کرواتیا کرا، هەروەها رێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری هاوبەش لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری، و کلتووریدا بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست بکات.
سەرۆک کۆمار جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوونی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی سەردانەکان لە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات کردەوە و جەختی لە کارکردنی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی دەرفەتەکانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی زیاتر کردەوە.
هەروەها، سەرۆک کۆمار دووپاتی کردەوە کە عیراق خوازیاری فراوانکردنی ئاسۆکانی هاریکاریە لەگەڵ کرواتیا و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە و ئاماژەی بەوەشدا کە عیراق سەقامگیری ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە دەبینێت و بەرەو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی نوێ دەچێت کە ڕێبازی دیموکراسی قووڵتر دەکاتەوە و بنەماکانی پرۆسەی سیاسی و گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات جێگیر دەکات.
لە لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی کرواتیا ستایشی هەڵوێستەکانی عیراقی کرد لە پشتگیریکردنی سەقامگیری هەرێمی و نێودەوڵەتی، و ئارەزووی وڵاتەکەی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی هاریکاری دووقۆڵی لە بوارە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە بوارەکانی وەبەرهێنان، وزە، پەروەردە، و ئاڵوگۆڕی کلتووری.
ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا جەی دی ڤانس رایگەیاند، تائێستاش نزیکەی 60%ی ئەو تونێلانەی کە حەماس خاوەندارێتی دەکات لە غەززە لە ناونەچون و جەختیشیکردوەتەوە کە لە ناوبردنی تونێلەکان گرنگترین کارە بیکەن.
ئەمڕۆ شەممە، کەناڵی 12ی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، وەزیری بەرگری وڵاتەکە بە جێگری سەرۆکی ئەمریکای راگەیاندووە، "لەناوبردنی تونێلەکان گرنگترین ئەرکی هاوبەشە، بەپێی پلانی ترەمپ، دەبێت خۆمان ئامادەبکەین بۆ جێبەجێکردنی".
ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە تەرمی هەموو بارمتەکان بگەڕێندرێنەوە و هەموو تونێلەکان لەناوببەین و حەماسیش چەک بکرێت و دڵنیابن لەوەی هیچ هێزێکی چەکدار لە غەززەدا نەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، ئەو تونێلانەی کە ماونەتەوە لە هەردوو دیوی هێڵی زەرددان جێگیرکراون، کە ئێستا لەلایەن سوپای داگیرکەری ئیسرائیلەوە کۆنترۆڵکراوە.
کەناڵەکە ئەوەشیخستوەتەڕوو، چەکدارانی حەماس کە هەفتەی رابردوو دوو سەربازی ئیسرائیلیان لە ناوچەی رەفەح لە باشووری کەرتی غەززە کوشتووە، لە یەکێک لەو تونێلانەیان بۆ هێرشەکە بەکارهێناوە.
بەگوێرەی خەمڵاندن و زانیارییەکانی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئیسرائیل، تا ئێستا کەمتر لە 40%ی تونێلەکانی غەززە لەناوچوون.
بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوانیان لەسەر سنور، ئەمڕۆ شەممە وەفدی دانوستانکاری تاڵیبان و پاکستان لە ئەستمبوڵ، بە نێوەندگیری قەتەر و تورکیا دەستیان بە کۆبونەوە کرد.
میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویانکردوەتەوە، وەفدەکەی تاڵیبان لە شەش کەس پێکدێن، بە سەرکردایەتی رەحمەتوڵڵا نەجیب بریکای وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان، وەفدەکەی پاکستانیش، لە دیپلۆماتکاران و ئەندامانی باڵای دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە پێکدێن.
لە کۆبونەوەکەدا بڕیار لەسەر بەردەوامی دانوستان و پرسی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان دژ بە پاکستان، هەروەها ئاڵوگۆڕی زانیاری لەسەر چەکداران، رێزگرتنی یەکتر بۆ یەکپارچەیی خاک و ئاسمانی یەکتر و چەندین بابەتی دیکەی پەیوەندیدار گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.
دانوستانەکانی ئیستەنبوڵ دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری تاڵیبان و پاکستان لە قەتەر دێت، کە بووە هۆی رێککەوتنی ئاگربەست.
ئەمە لە کاتێكدایە، بەهۆی پێکدادانی نێوان هەردوو وڵاتەکەوە لە دوو هەفتەی رابردودا زیاتر لە 100 کەس کوژران و بە دەیان کەسی دیکەش برینداربوون و بە قورسترین پێکدادانی نێوای ئەفغانستان و پاکستان دادەنرێت لەدوای هاتنەوە سەر دەسەڵاتی تاڵیبان لە ساڵی 2021وە.
رەزا تەلایی نیک وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردوە و رایگەیاند؛ ئەگەر بیر لە هێرشکردن بکەنەوە خراپتریان بەسەر دێنن، دەشڵێت؛ بە گوێرەی قەبارەی زیانەکانیان بێت پێناچێت جارێکی دیکە بوێریان هەبێت و هێرشبکەنە سەر ئێران.
ئەمڕۆ شەممە، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئێران رایگەیاند، ئەگەر دوژمن ئارەزووی هەڕەشەیەکی دیکە بکات، بە دڵنیاییەوە لە شەڕی 12 رۆژە خراپتریان پێدێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە، توانای چەک و ئۆپەراسیۆن و پشتیوانی هێزە چەکدارەکانیان بە بەراورد بە پێش شەڕی 12 رۆژەیان لەگەڵ ئیسرائیل زۆر زیادی کردوە و بە پێجەوانە توانی دوژمن کەمی کردوە.
وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری ئێران، ئەوەشیخستوەتەڕوو، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو شکست و زەربە قورسەی لە شەڕی 12 رۆژەدا تووشی ئیسرائیل بوو، پێناچێت جارێکی دیکە بوێری ئەوەیان هەبێت بیربکەنەوە لە هێرشکردنە سەر ئێران.
جوتیاران ئاگاداردەکرێنەوە رۆژی دووشەممە، قۆناغی دووەمی شایستەی دارایی گەنمی جووتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی خەرج دەکرێت، بریاریشە سبەینێ بۆ ئەو مەبەستە شەش ملیار دینار بخرێتە سەر هەژماری بانکی بابان لە سلێمانی.
نەوزاد کامیل، بەرێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند؛ سبەینێ شەش ملیار دینار لە شایستەی دارایی گەنمی جوتیارانی سلێمانی دەخرێتە سەر هەژماری بانکی بابان و لە رۆژی دووشەممەوە دەستبەدابەشکردنی دەکەن بەسەر جوتیاراندا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەڕە پارەیە، وەک قۆناغی دووەمی شایستەداراییەکانی جوتیارانە لە سنورەکە دەنێردرێت، کە جوتیارانی سلێمانی، هەڵەبجە، چەمچەماڵ، ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین دەگرێتەوە.
ئەمە لە کاتێكدایە، وەزارەتی بازرگانی هەرێم رۆژی 15ـی10ـی ئەمساڵ رایگەیاند، بڕی پانزە ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار وەک شایستەی گەنمی جوتیاران بۆساڵی 2025 خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان و بەپێی پارێزگاکانیش، شەش ملیار دینار بۆ سلێمانی و پێنج ملیار دینار بۆ هەولێر چوار ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینار بۆ دهۆک دەبێت.