هەواڵەکانهەواڵەکان

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداو، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی گۆڕانکاری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاوکردەوە و تێیدا چەند بڕیار و هەڵوێستێکی ستراتیژییان لەسەر دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان خستەڕوو.

بەپیی راگەیندراوێکی هاوبەش ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو جەختیان لەسەر گرنگیی دووبارە کردنەوەی گەروی هورمز کردووەتەوە، بە مەرجێک هیچ باج، رسومات یان کۆتوبەندێکی لەسەر نەبێت، بۆ دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری بازرگانی جیهانی.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە هیچ هاووڵاتییەک ناچار ناکرێت کەرتی غەززە بەجێبهێڵێت، و هەر کەسێکیش بە ویستی خۆی بچێتە دەرەوە، مافی تەواوی دەبێت بە ئازادی بگەڕێتەوە.

هاوکات پێداگری کراوە لەسەر داماڵینی چەکی سەرجەم گروپە چەکدارەکانی ناو کەرتەکە.

هەروەها هەردوولا دووپاتیان کردووەتەوە کە پێویستە پرۆسەی دانوستانەکان لە لوبنان وەک خۆی بپارێزرێت، هاوشانی جێبەجێکردنی پڕۆسەی داماڵینی تەواوەتی چەک لە دەستی سەرجەم گروپە ناحکومییەکان لەو وڵاتەدا.

راگەیەندراوەکە بە توندی سەرکۆنەی هێرشی ئەو گروپ و لایەنە چەکدارە عیراقییانە دەکات کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن و وڵاتانی ناوچەی کەنداو دەکەنە ئامانج.

ئەمریکا و وڵاتانی کەنداو جەختیان لەسەر بەردەوامیی پشتیوانیکردنی حکومەتی سوریا کردووەتەوە لە پڕۆسەی دژە تیرۆر و گەیاندنەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشتییەکی بارهەڵگر لە کاتی گەشتکردنیدا لە باشوری رۆژهەڵاتی بەندەرێکی عومان، بە موشەکێکی سەرچاوە نەزانراو پێکرا.

لە لایەکی ترەوە، جوڵەی دەریاوانی لە گەروی هورمز شڵەژانێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی دوای ئەوەی ژمارەیەک کەشتی لە بەردەوامبوون لە تێپەڕبوونیان پاشەکشەیان کرد.

ئاژانسی رۆیتەرز لە دەستەی بازرگانی دەریایی بەریتانیای گواستووەتەوە کە: راپۆرتێک لەسەر روداوێکی دەریایی گەیشتووە کە لە دووری 7.5 میل لە باشوری رۆژهەڵاتی بەندەرێکی عومانی رویداوە، ئاماژەی بەوەش کردووە کە: کەشتییە بارهەڵگرەکە بە موشەکێکی نەزانراو پێکراوە و بەهۆیەوە زیانی ماددی بەرکەوتووە.

دەستەکە بەپێی راپۆرتەکە پشتڕاستی کردەوە کە: کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاندووە چەکدارانی سەر کەشتییەکە هیچ بریندارێکیان نییە و هیچ کاریگەرییەکی ژینگەیی بەهۆی روداوەکەوە تۆمار نەکراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەڕی کۆتایی دانوستانەکانی نێوان لوبنان و ئیسرائیل، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە واشنتۆن، دەستیپێکرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی راگرتنی شەڕ کە لە گەڕی پێشوودا بە چاودێری ئەمریکا گەیشتبوونە رێککەوتن.

رۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە بڵاویکردەوە، خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێستا لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان لە واشنتۆن، بە "خراپترین و ئاڵۆزترین" خول دادەنرێت لە مێژوی گفتوگۆکانی نێوانیاندا، و کەشێکی توند و نەرێنی بەسەر هۆڵەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و پنتاگۆندا زاڵە.

ناکۆکی سەرەکی لە نێوان هەردوولادا لەسەر پرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل و دیاریکردنی "ناوچە ئەزموونییەکان"ە بۆ رادەستکردنیان بە سوپای لوبنان.

ئەمریکاش فشار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی ناوچەی داماڵدراو لە چەکی حزبوڵا، و پێشبینی دەکرێت ئەم خولە تەنیا بە راگەیاندنی "نامەی نییەت پاکی" کۆتایی بێت.

بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل رایانگیاندووە کە بنیامین ناتانیاهۆ توانیویەتی دۆناڵد ترەمپ قایل بکات کە ئیسرائیل لە باشووری لوبنان ناکشێتەوە، بەڵکو تەنیا پابەندی ئاگربرستی گشتگیر دەبێت و مافی بەرگری و وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ خۆی دەهێڵێتەوە. ناتانیاهۆ بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان هیچ نەرمیەک لە پرسی کشانەوەدا نیشان نادات.

هەریەکە لە لوبنان و ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی کە ئەمریکا لەسەر داوای ئێران و بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەوان، پرسی لوبنانی خستووەتە ناو یاداشتی لێکتێگەیشتنی واشنتۆن و تاران. لە بەرامبەردا، ئێران فەرمانی بە حزبوڵا کردووە پابەندی ئاگربەست بێت.

میدیاکانی لوبنان ئاشکرایان کردووە کە وەفدی سەربازیی لوبنان لە کاتی دانوستانەکاندا رەتیکردووەتەوە هیچ وێنەیەکی هاوبەش لەگەڵ شاندی ئیسرائیلی بگرێت، و سەرچاوە سەربازییەکانیش جەختیان کردووەتەوە کە شاندەکە تەنیا بۆ ئەرکێکی نیشتمانی و پاراستنی سەروەری وڵات لە واشنتۆنە و دوورە لە پڕوپاگەندەی میدیایی.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی دانوستانەکانی سویسرادا کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئێراندا دامەزراندووە، و تاران رەزامەندی پیشانداوە لەسەر سیستەمێکی پشکنینی زۆر توندتر لەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا هاتووە.

ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەنهۆرد"ی بەریتانی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، وتی: یەکێک لەو شتانەی کە دەمانویست بەدەستی بهێنین، بوونی کەناڵێکی پەیوەندی بوو لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا بۆ کەمکردنەوەی توندیی ململانێکان، ئێمە ئەوەمان کرد، ئەوان وتیان: باشە، ئێمە کەسێک لە سوپای پاسدارانی ئێران دەنێرین بۆ دەوحە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسێک لە فەرماندەیی ناوەندی (ئەمریکا)، بەم شێوەیەش زۆرێک لەم ناکۆکییانە چارەسەر دەکەین.

ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەندگەلێکی تێدایە کە "بەنەواو جیاوازن" لە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشوو کە بە "پلانی گشتگیریی هەنگاوی هاوبەش" ناسرابوو، لەوانەش رەزامەندی تاران لەسەر "سیستەمێکی پشکنینی توندتر" و رزگاربوون لەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە لەبەردەستیدایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڤانس رایگەیاند کە واشنتۆن وای دەبینێت کە ئێران هەوڵدەدات پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و جیهاندا بە شێوەیەکی ریشەیی بگۆڕێت، و ئەو هێشتا دڵنیا نییە لەوەی "لە کوێدا دەتوانین بگەینە رێککەوتنێکی ناوەند و سازش.

بەپێی وتەکانی ڤانس: بەرپرسانی ئێران بە تەواوی جیاواز لە رابردوو قسە دەکەن، بەڵام هێشتا رون نییە کە ئایا دانوستانەکان دەبنە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی یاخود نا.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئێرانییەکاندا بە شێوەیەک کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، لەوانەش گفتوگۆ لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە: هەموان درک بەوە دەکەن کە ئێران رازی دەبێت بە پشکنینی بەرفراوانی چەک و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، بەجۆرێک کە ئەوەی پێی دەوت "شەفافییەتی ئەتۆمی" بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مسۆگەر بکات.

لە بەرانبەردا، تاران رەتیکردەوە کە لە میانی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەدا رەزامەندی لەسەر هیچ رێکخستنێکی نوێ یان پابەندبوونی زیادە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پیشاندابێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئیلبروس کۆتراشێڤ، باڵیۆزی رووسیا لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لەسەر دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی سیاسی، ئابووری و ئەمنیی عیراق کرا و جەخت لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە کرایەوە.

هەردوولا دووپاتیان لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و روسیا کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، باڵیۆزی روسیا باسی لە رۆڵی کاریگەری بافڵ جەلال تاڵەبانی کرد، لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە و وتی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سیاسەتێکی حەکیمانە و هاوسەنگ پەیڕەو دەکات و لامان گرنگە کە نەوەیەکی سیاسیی گەنج لە عیراق هاتوونەتە پێشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، دەستنیشانكردنی ئەو لایەنەی بەرپرس بووە لە بۆردومانكردنی قوتابخانەكەی میناب لە باشووری ئێران، كارێكی ئەستەمەو رەنگە هەرگیز ناسنامەی بكوژەكان ئاشكرا نەكرێت.

ترەمپ لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنووسان ئاشكرایكرد، بەهۆی چڕی بۆردومانەكان لە یەكەم رۆژی شەڕەكەدا، ناتوانرێت بە وردی دیاری بكرێت كێ قوتابخانەی كچانی لە شاری میناب كردووەتە ئامانج.  جەختیشی كردەوە كە هیچ بەڵگەیەك نییە تێوەگلانی ئەمریكا لەو هێرشەدا بسەلمێنێت و پێیوایە وڵاتەكەی بەرپرس نییە لەو رووداوە.

ئاژانسی رۆیتەرز پێشتر بڵاویكردبووەوە كە لێكۆڵینەوەیەكی بەرایی سوپای ئەمریكا ئەگەری ئەوەی بەهێز كردووە كە هێزەكانی ئەمریكا هێرشەكەیان ئەنجامدابێت، رەنگە بەهۆی بەكارهێنانی زانیاریی كۆنی هەواڵگرییەوە بووبێت.

بەپێی ئامارەكانی ئێران، لەو بۆردومانەدا زیاتر لە 175 منداڵ و مامۆستا كوژراون، كە ئەوەش كاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیی لێكەوتەوە.  ترەمپ: رەنگە هەرگیز بكوژی منداڵەكانی قوتابخانەی میناب ئاشكرا نەكرێت

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەكانی سنوری عیراق رایانگەیاند كە  توانیویانە رێگری لە قاچاخچێتیی 34 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر بكەن، كە لەرێگەی باڵۆنێكی هەواییەوە لە سنوری پارێزگای ئەنبار رەوانە كرابوو.

فەرماندەیی هێزەكانی سنوری عیراق رایگەیاند مەفرەزەكانی فەوجی سێی لیوای شەش لە پارێزگای ئەنبار دەستیان بەسەر بڕی 34 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گرتووە.

بەپێی زانیارییەكان ئەم بڕە لە ناو باڵۆنێكی هەواییدا شاردرابووەوە و ویستراوە لە دەروازەی تەرێبیلی سنورییەوە تێپەڕێنرێت.

فەرماندەییەكە ئاماژەی بەوە كرد كە لەرێگەی كامێرا گەرمییەكانەوە توانراوە جوڵەی باڵۆنەكە لەسەر هێڵی سنوری جیهانی ببینرێت و بخرێتە خوارەوە.

هەروەها دەركەوتووە كە 197 هەزار حەبی كەبتاگۆن لەناو باڵۆنەكەدا بووە و جەختی لە گرتنەبەری رێوشوێنی تر كردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مێژوی تۆپی پێ و کارەساتە سروشتییەکان جارێکی دیکە بە هاوکاتییەکی سەیر و نامۆ بە یەکەوە بەسترانەوە،  بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی یاری نێوان بەرازیل و سکۆتلەندا لە جامی جیهانی 2026، دوو بوومەلەرزەی بەهێز ڤەنزوێلایان هەژاند.

روداوەکە سەرەڕای کارەساتباریەکەی کە بوە هۆی گیان لە دەستدانی 164 کەس و برینداربونی زیاتر لە 900 کەس، یادەوەریەکی تاڵیشی لەگەڵ خۆیدا بە بیری جیهان هێنایەوە، کاتێک  پێش 36ساڵ و  لە مۆندیالی 1990دا، رێک لە کاتی پەخشی راستەوخۆی هەمان یاری (بەرازیل و سکۆتلەندا) ، بوومەلەرزەیەکی کتوپڕ بە گوڕی7.4 پلە  ئێرانی وێران کرد.

بەهۆی بومەلەرزکەوە زیاتر لە 35 هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و 60 هەزار کەسیش بریندار بوون؛ لەو شەوەدا ئەو ئێرانیانەی بۆ بینینی یارییەکە نەخەوتبوون توانیان لەژێر داروپەردووی خانوەکانیاندا رزگاریان بێت.

ئێستا و دوای نزیکەی چوار دەیە، مێژوو خۆی دووبارە کردەوە و لە کاتی یاری گەڕانەوەی ئەو دوو هەڵبژاردەیە لە مۆندیالی 2026دا، دوو بوومەلەرزەی یەکبەدوایەک بە گوڕی 7.5 و 7.2 پلە و بە جیاوازی تەنها یەک خولەک ڤەنزوێلایان هەژاند، کە تەنانەت لەرینەوەکەی لە ناوچەکانی ئامازۆنی بەرازیلیش لە دووری 1700 کیلۆمەتر هەستی پێکرا.

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ئەم کارەساتەی لە ڤەنزوێلا رویداوە  تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم 164 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 900 کەسی دیکە، هاوکات لە ویلایەتی کەناراوی لا گوایرارەوشی نائاسایی راگەیەندراوە و زیانێکی زۆر بە دەیان باڵەخانە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سیمۆن بۆلیڤار و تۆڕی مێترۆی کاراکاس کەوتووە.

هەرچەندە لە روی زانستییەوە هیچ پەیوەندییەکی هۆکار و دەرەنجام لە نێوان ئەم دوو روداوەدا نییە، بەڵام هاوکاتیی ئەم دوو بوومەلەرزە گەورەیە لەگەڵ یاری بەرازیل و سکۆتلەندا بە جیاوازی 36 ساڵ، ئەم روبەڕووبوونەوەیەی تۆپی پێی وەک یەکێک لە سەیرترین رێکەوتەکانی مێژووی وەرزش و سروشت تۆمار کرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هاوبەشی دەکات لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئێران.

رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ مەنامەی پایتەختی بەحرەین سازی کرد، وتی: هاتوومەتە ناوچەکە بۆ ئەوەی هاوبەشەکانمان دڵنیا بکەمەوە کە ئێمە رەزامەندی لەسەر هیچ رێکارێک نادەین کە ئاسایشیان تێکبدات یان مەترسییان بۆ دروست بکات، ئاماژەی بەوەش کرد: ئێمە لەگەڵ وڵاتانی کەنداو پرسی دامەزراندنی سندوقی سەرلەنوێ ئاوەدانکردنەوەی ئێرانمان تاوتوێ نەکردووە.

زیاتر وتی: لە کۆتاییدا هیچ باج و رسووماتێک لەبەرانبەر تێپەڕبوون لە گەروی هورمز نابێت، رونیشیکردەوە کە: عومانییەکان رایانگەیاندووە کە ئەوان پشتگیری لە سەپاندنی هیچ جۆرە باجێک ناکەن لەبەرانبەر تێپەڕبوون لە گەروی هورمز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا دەنگیدا لەسەر پرۆژە بڕیارێك كە پشتگیری لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا دەكات بۆ هەڵگیرساندنی جەنگ دژی ئێران.

تەنها یەك رۆژ دوای ئەوەی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كە زۆرینەیان لە كۆماریەكانن، بڕیارێكی بۆ كشانەوەی هێزەكان لە جەنگی ئێران و سنورداركردنی دەسەلاتەكانی ترەمپ پەسەندكرد، ئەنجومەنەكە دەنگدانێكی نوێی ئەنجامدا بە كۆی 50 دەنگی نەخێر بەرامبەر بە 48 دەنگی بەڵێ  ئەنجامەكەی پێچەوانە بووەوە و بووە ئەو بریارەی پەسەندیانكردبوو هەلچیانوەشانەوە ئەوەش بووە مایەی رەزامەندی ئیدارەی ترەمپ.


ئەمەش لە كاتێكدایە، رۆژی سێشەممە، 50 ئەندامی كۆنگرێس دەنگیان دابوو لەسەر بڕیارێك بۆ داماڵینی دەسەڵاتەكانی ترەمپ لە راگەیاندنی جەنگ دژی ئێران بێ رەزامەندی ئەنجومەنەكە، بەڵام شەوی رابردوو، دوو ئەندامی كۆماری لە ئەنجومەنی پیران بە ناوەكانی راند پۆڵ و بیل كاسیدی، بڕیارەكەی خۆیان گۆڕی.

ترەمپ پێشوازی لە ئەنجامی دەنگدانە نوێیەكە كرد وتی، لە كۆتاییدا ئەنجومەنی پیران بڕیارە دروستەكەیاندا، وتیشی، ئەو دەنگدانە پەیامێكی هۆشداریە كە ئاڕاستەی ئێران كراوە.

هەرچەندە بڕیارەكەی گۆنگرێس كاریگەرییەكی یاسایی پابەندكاری نییە، بەڵام وەك یەكەم هەڵوێستی رەسمی كۆنگرێس دادەنرێت سەبارەت بە دەسەڵاتەكانی جەنگ لە ململانێی لەگەڵ ئێراندا.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند ئەو دەنگۆیانەی باس لە هەڕەشەی عیراق دەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی خۆی لە رێکخراوی ئۆپێک، بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی هەڵوێستی رەسمی حکومەتی عیراق نین.

وەزارەتەکە رونیکردەوە کە نە سەرۆک وەزیران و نە حکومەتی عیراق پرسی کشانەوەیان نەخستووەتە روو، بەڵکو عیراق بەردەوام جەختی لەسەر گرنگیی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی سەقفی بەرهەمهێنان کردووەتەوە، بەجۆرێک کە بگونجێت لەگەڵ توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام، ئەمەش بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەلایەن سەرجەم وڵاتانی پەیوەندیدارەوە پەسەندکراوە و لەژێر رۆشنایی لێکتێگەیشتنە تایبەتەکان بە دۆخی ئەمنی و ئابوری عیراق.

لەو چوارچێوەیەدا، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیان (OPEC+) وەڵامی ئەم داواکارییەیان داوەتەوە لە رێگەی دەستپێکردنی پرۆسەی سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوە بۆ زۆرترین توانای بەرهەمهێنانی بەردەوامی وڵاتانی ئەندام، کە لە ئێستادا بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی راوێژکاری نێودەوڵەتی سەربەخۆ و بە بەشدارییەکی کارای عیراق، بەپێی خشتەی کاتیی دیاریکراو جێبەجێ دەکرێت.

هەروەها وڵاتانی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانیان لە ئێستاوە دەستیان کردووە بە گەڕاندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی ئەو بڕە نەوتەی کە پێشتر کەمکرابووەوە، و بڕیارە لە چەند مانگی داهاتوودا گەڕانەوەی سەرجەم کەمکردنەوە ئارەزوومەندانەکان تەواو بێت، ئەمەش هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی سەقفی بەرهەمهێنانی عیراق. لەبەر ئەوە، هەر داواکارییەک سەبارەت بە سەقفی بەرهەمهێنان یان ئاستی توانای بەرهەمهێنان، لە رێگەی میکانیزمە تەکنیکی و تەوافقەییە پەسەندکراوەکانی ناو چوارچێوەی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانەکانی چارەسەر دەکرێت.

وەزارەتی نەوت ئاماژەی بەوەش کرد کە لێکتێگەیشتنێکی ئاستبەرز لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە هەیە بۆ دۆخی تایبەتی عیراق و ئەو نەهامەتییانەی کە پیشەسازی نەوتی عیراق لە ماوەی زیاتر لە چل ساڵی رابردودا بەهۆی جەنگ، گەمارۆ و تەحەددییەکانەوە چەشتوویەتی، کە دوایینیان وێرانبوونی چەندین بەشی ژێرخانی نەوتی و پاڵپشتیکار بوو بەهۆی هێرشە تیرۆریستی و تێکدەرانەکانەوە.

رونیشیکردەوە کە ئەم دۆخە رەچاو دەکرێت بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی عیراق لە ئاستێکی دادپەروەرانەدا بێت، کە بتوانێت پێگەی خۆی وەک دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر لەناو وڵاتانی رێکخراوەکەدا بەدەستبهێنێتەوە، و ئەنجامە خوازراوەکان لە پڕۆژەکانی پەرەپێدان و نۆژەنکردنەوەی سەرجەم جومگەکانی پیشەسازی نەوت بەدیبهێنێت، کە دەمارگیر و سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە داراییەکانی عیراق پێکدەهێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەپۆلێکی گەرمای چاوەڕواننەکراو روی لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا کردوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی پەیمانگایەکی گشتی لە ئیسپانیاش، بەهۆی گەرماوە زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە

میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویان کردوەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی روی لە وڵاتەکە کردوە،  تەنها لە  رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا 212 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکەوە گیانیان لەدەستداوە

سیستەمی چاودێریی "MoMo" کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی ئامارەکانی مردنی رۆژانە لە ئیسپانیا و بەراوردکردنیان لەگەڵ تۆمارە مێژووییەکان، لە رێگەی هاوتەکردن لەگەڵ داتاکانی ئاژانسی کەشناسیی نیشتمانی وڵاتەکە رایگەیاندوە، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی رێژەی مردنە.

ئەم ژمارەیەی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە لە هەمان چوار رۆژی ساڵی 2025دا، ژمارەی مردنەکان بەهۆی گەرماوە تەنها 98 کەس بوو، کە ئەوکات بە گەرمترین هاوینی تۆمارکراو لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرا.

میدیاکانی وڵاتەکە رایانگەیاندوە، لە ناوچە سەرەکییەکانی ئیسپانیا لەم هەفتەیەدا بەرزترین تێکڕای پلەکانی گەرمای رۆژانەیان لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکردووە کە لە ساڵی 1950وە وێنەی نەبووە؛ بە شێوەیەک تێکڕای پلەی گەرمی لە رۆژی دووشەممەدا 28.8. پلەی سیلیزی و لە ڕۆژی سێشەممەدا 28.17 پلەی سیلیزی بووە و ئەمەش بوەت هۆی بەرزبونەوەی رێژەی مردن بەهۆی گەرماوە

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی هەرێم دەڵێت، لە حەوت ساڵی رابردوودا لەکۆی 79 ترلیۆن دینار کە پشکی هەرێم بووە، بەغداد تەنها 33 ترلیۆن دیناری بۆناردووین.

وەزارەتی دارایی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیداهاتووە: بەپێی داتاکان کە لە پەرتووکی کارو چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی لە ساڵی (2019 تا 2025) بە خشتەو زانیاری ورد بڵاو کراوەتەوە، لە حەوت ساڵی رابردودا لەکۆی زیاتر لە (79) ترلیۆن دینار کە پشکی هەرێم بووە دوای دەرکردنی خەرجیەکانی سیادی و حاکیمە، حکومەتی فیدراڵ تەنها (33) ترلیۆن دیناری بۆ موچەی فەرمانبەران ناردووە.

دارایی هەرێم دەشڵێت: بەغداد زیاتر لە (48) ترلیۆن دیناری لە پشکی هەرێم بڕیوە، ئەوە جگە لەوەی هیچ بڕە پارەیەکی بۆ خەرجیەکانی بەکارخستن و وەبەرهێنان نەناردووە.

 

دارایی هەرێم لەگەڵ راگەیەندراوەکەدا ئەم وێنانەی بڵاوکردووەتەوە؛

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوێکی باڵا لە وەزارەتی نەوتی عیراق بە رۆیتەرزی رایگەیاند، ئەگەر پشکی وڵاتەکەی لە بەرهەمهێنانی نەوتی رێکخراوی ئۆپێک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد نەکرێت، عیراق ناچار دەبێت سەرجەم بژاردە بەردەستەکانی بەردەمی تاوتوێ بکات. 

بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز، لێپرسراوانی عیراق پێشتر بژاردەی کشانەوەیان لە رێکخراوی ئۆپێک خستووەتە بەرباس، بەڵام پلانی ئێستایان مانەوەیە لە رێکخراوەکەدا بەو مەرجەی پشکێکی بەرزتر بۆ هەناردەکردنی نەوت بەدەستبهێنن.

 ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە دوای کشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێک، ئەگەری کشانەوەی عیراقیش دەبێتە گورزێکی دیکەی بەهێز بۆ رێکخراوەکە، بەتایبەت کە عیراق یەکێکە لە پێنج وڵاتە دامەزرێنەرەکەی ئۆپێک.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند،  داوا لە رێکخراوی ئۆپێک دەکەن پشکی هەناردەکردنی نەوتیان بۆ زیاد بکرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند کە هاوپەیمانێتییەکەیان لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی عەرەب لە تاقیکردنەوەکاندا  سەرکەوتووانە لێی دەرچوو، ئاماژەی بەوەش کرد گەروی هورمز موڵکی هیچ دەوڵەتێک نییە.

لەمیانی سەردانیکردنی بۆ بەحرەین، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان گرنگییەکی زۆری هەیە و ئامانجی هاوبەشیان چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشە لە ناوچەکەدا، بەو پێیەی ئێستا دەچنە قۆناغێکی نوێوە کە هیوادارن بەرەو ئاشتی هه‌نگاو بنێت. 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە، واشنتن بە هاوکاریی هاوبەشەکانی هەوڵدەدات دیالۆگێکی بونیادنەر لە پێناو گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێراندا پەرەپێبدات،.

ناوبراو رایگەیاند، ئەگەر تاران بیەوێت واز لە هەناردەکردنی ئایدیۆلۆژیاکەی بهێنێت و سەرنج بخاتە سەر خۆشگوزەرانی گەلەکەی، ئەوا ئەمریکا ئامادەیە هاوکاریی بکات.

سەبارەت بە رەوشی دەریاوانی لە ناوچەکەدا، رۆبیۆ ڕوونی کردەوە، کە گەروی هورمز رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتییە و هیچ دەوڵەتێک خاوەندارێتی ناکات، بۆیە هیچ وڵاتێک مافی ئەوەی نییە باج یان تێچووی تێپەڕبوون بەسەر کەشتییەکاندا بسەپێنێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەبدولحسێن موسەوی، وەزیری تەندروستیی عیراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان ژمارەیەک رێکاری پێشوەختەی گرتووەتەبەر بەمەبەستی دابینکردنی ئاسایشی تەندروستی لە کاتی سەردانی یادی عاشورادا و رووبەڕووبوونەوەی هەر رەوشێکی نەخوازراوی تەندروستی. 

وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوە کرد، کە ئامادەکارییەکانی وەزارەت بۆ بۆنە ساڵانەییەکان شتێکی نوێ نییە، بەڵام ئەوان هەمیشە هەوڵدەدەن لە رێگەی ئەم بەدواداچوونانەوە خزمەتگوزاری نوێتر و دەستکەوتی زیاتر پێشکەش بکەن.

 موسەوی روداوەکەی بە گردبوونەوەیەکی جەماوەریی گەورە لە پارێزگای کەربەلای پیرۆز وەسف کرد، کە پێویستی بە پلانێکی تەندروستیی تایبەت هەیە، جەختیشی لەوە کردەوە کە رۆڵی وەزارەتی تەندروستی کاریگەر دەبێت لە رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە گواستراوەکان و دابینکردنی مەفرەزە پزیشکییە پێویستەکان بۆ وەڵامدانەوەی هەر کێشەیەکی تەندروستی کە لەم ماوەیەدا بێتە پێشەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...146147148149150...1223