هەواڵەکانهەواڵەکان

عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران هۆشداریدەدات لەوەی وڵاتەکەی لە دڵی جەنگدایە و جوڵەی خۆپیشاندەران بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەک، هەوڵێکە بۆ هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ.

لاریجانی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لە دۆخێکی وەک ئێستادا کە وڵات لە جەنگدایە، دروستکردنی قەیرانی نوێ لۆژیکی نییە. روونیشیکردەوە، هێرشکردنە سەر بنکە سەربازی و ئەمنییەکان بە مەبەستی دەستکەوتنی چەک، نیشانەی مەترسیدارن و ئاماژەن بۆ هەوڵدان بۆ دروستکردنی شەڕی ناوخۆ.

ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران جەختی کردەوە کە دەزگا ئەمنییەکان و دادوەری "بەبێ چاوپۆشی" و بە توندی مامەڵە لەگەڵ هەر گروپێکی چەکدار دەکەن کە هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتیان و دامەزراوە حکومییەکان بکەن. هەرچەندە لاریجانی دانیناوە بە بوونی کێشەی ئابوری لە وڵاتەکەدا، بەڵام دەڵێت چارەسەر لە ئاژاوە و تێکدانی ئاسایشدا نییە.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش، ئەمریکا و ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی خۆپیشاندانە ئاشتیانەکانی ئێرانیان بەرەو "توندوتیژی و کاری تێکدەرانە" ئاڕاستە کردووە و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکە دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆببێتەوە و تەواوی دانیشتنەکە بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەیەک تەرخان دەکات، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی پشتبەستنی ئابوری وڵاتە بە داهاتی نەوت.

بەپێی کارنامەی دانیشتنەکە، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ تەنها لە یەک بڕگە پێکهاتووە، ئەویش گفتوگۆکردنە لەبارەی داهاتە نانەوتییەکانی عیراق و چۆنێتی زیادکردن و رێکخستنەوەیان.

عەلی کینانی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەوبارەیەوە رایگەیاندووە، کردنەوەی دۆسیەی داهاتە نانەوتییەکان لەم کاتەدا "پێویستییەکی نیشتمانییە" و گرنگیدان بەم سێکتەرە رۆڵی سەرەکی دەبێت لەوەی عیراق رزگاری ببێت لە ئابورییەک کە تەنها پشت بە نەوت دەبەستێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رەتیدەکەنەوە سوپای سوریا دەستی بەسەر بەشێکی زۆری گەڕەکی شێخ مەقسوددا گرتبێت و رایدەگەیەنن، ئەوەی باسی لێوە دەکرێت "چەواشەکارییە" و تەنها بۆ داپۆشینی شکست و تاوانەکانە.

ناوەندی راگەیاندنی ئاسایشی حەلەب لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی وەزارەتی بەرگری سوریای دایەوە کە بانگەشەی کۆنتڕۆڵکردنی 90%ـی گەڕەکی شێخ مەقسودی کردبوو، ئاسایش دەڵێت: "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە، لەسەر زەوی شەڕێکی سەختی کۆڵان بە کۆڵان لەگەڵ میلیشیاکانی حکومەتی دیمەشق بەردەوامە و زیانێکی گەورەیان پێگەیشتووە."

راگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوتەریب لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەکاندا، بۆردومانێکی چڕ بە تۆپ و تانک بۆ سەر گەڕەکەکە دەستیپێکردووە و بەشێوەیەکی سیستماتیک ژێرخانی ناوچەکە و نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج، کە مەبەست لێی بڵاوکردنەوەی ترسە لەنێو دانیشتواندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو گرفتەی بەهۆی کەشوهەواوە لە تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا دروست ببوو، چارەسەرکراوە و لە ئێستادا دۆخەکە بەتەواوی ئاسایی بووەتەوە.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەکردووە، شەپۆلێکی بەهێزی رەشەبا، باران و بەفر شەوی رابردوو رووی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کرد و زیانی بە تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرز لە نێوان وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە گەیاند، بەڵام تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان توانیان بەخێرایی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن.

وەزارەتەکە روونیکردۆتەوە، دوای چەند سەعاتێک لە پچڕانەکە، تیمەکانیان توانیویانە بەشێکی زۆری کارەبای پارێزگاکان بگەڕێننەوە و ئێستاش دۆخەکە وەک پێشووی لێهاتووەتەوە.

وەزارەتی کارەبا لە راگەیەندراوەکەدا سوپاسی هاووڵاتیان دەکات بۆ ئارامگرتنیان و دڵنیاییش دەدات کە تیمەکانیان هەمیشە لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێک کە رووبەڕووی تۆڕەکانی کارەبا ببێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فەوزا یوسف، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە هۆشداریدەدات لە دۆخی مەترسیداری گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە و رایدەگەیەنێت، ئەوەی لەوێ روودەدات "تاوانی جەنگە" درهەق بە کورد.

ئەو بەرپرسەی پەیەدە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردۆتەوە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا بەردەوامن و بە هەموو جۆرە چەکێک نەخۆشخانەی "شەهید خالید فەجر" دەکرێتە ئامانج، لە کاتێکدا دەیان برینداری تێدایە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

فەوزا یوسف ئاماژەی بەوەشکردووە، لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە تاوانی جەنگ ئەنجام دەدرێت و خەڵکی سڤیل و بێتاوان تەنها لەبەرئەوەی کوردن دەکوژرێن.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەیەدە رەخنەی توند لە هەڵوێستی وڵاتان دەگرێت و دەڵێت: "هێشتا بێدەنگییەکی نێودەوڵەتی هەیە بەرامبەر ئەوەی روودەدات، بێدەنگییەکەتان ئێمە دەکوژێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

 بڕیارە ئەمڕۆ لە شارەكانی هەرێمی كوردستان خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان و گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەب بەڕێوەبچێت.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە بۆ پشتیوانیكردن لە رۆژئاوای كوردستان و گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیەی حەلەب، لە شاری سلێمانی و دهۆك و گەرمیان و قەڵادزێ‌ لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی خۆپیشاندان و گردبونەوە ئەنجام بدرێت، داوا لە هاووڵاتییانیش دەكەن بەشداری لە خۆپیشاندانەكاندا بكەن.

ئەوەش لە كاتێكدایە پێنج رۆژە چەكدارەكانی سوریا هێرشیان بۆ سەر گەڕەكە كوردییەكانی شاری حەلەب دەستپێكردوە، لە ئەنجامدا سەدان هەزار كەس ئاوارەبوون، ژمارەیەك قوربانی لێكەتوەتەوە و رەوشی دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەكە كەوتوەتە مەترسییەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا وردەکاریی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن لە عەممان ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، واشنتۆن و عەممان جەخت لە کشانەوەی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە حەلەب دەکەنەوە.

باراک لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، لەو دیدارەدا گفتوگۆیان لەبارەی دۆخی حەلەب کردووە و پابەندبوونی خۆیان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست و زەمانەتکردنی کشانەوەی ئاشتیانەی هەسەدە لەو شارە دوپاتکردۆتەوە، ئەوەش وەک بەشێک لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی 10ی ئازاری 2025.

نێردە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا لەسەر بەردەوامی هەماهەنگییەکان رێککەوتوون بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی سوریا لەپێناو پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە و پاراستنی مافی سەرجەم هاووڵاتیانی سوریا.

سەبارەت بە دۆخی باشوری سوریاش، تۆم باراک دەڵێت، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئوردن جەختیان لە جێبەجێکردنی نەخشەڕێگای کۆتاییهێنان بە قەیرانی سوەیدا کردۆتەوە، کە ئامانج لێی گەڕاندنەوەی سەقامگیرییە بۆ باشوری سوریا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پێویستە وڵاتەکەی ببێتە خاوەنی دورگەی گرینلاند بۆ ئەوەی رێگری بکات لەوەی روسیا و چین دەستی بەسەردا بگرن، راشیگەیاند "وڵاتان دەبێت خاوەندارێتی بکەن، نەک بە کرێی بگرن".

لە وەڵامی پرسیارێکی بی بی سی-دا، ترەمپ وتی: "دەبێت بەرگری لە گرینلاند بکەین". ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان کارەکە ئەنجام دەدەن جا بە "رێگە ئاسانەکە بێت یان بە زەحمەت". پێشتر کۆشکی سپی ئاشکرای کردبوو، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی کڕینی ئەو هەرێمە نیمچە سەربەخۆیە دەکات کە ئەندامی ناتۆیە و سەر بە دانیمارکە، تەنانەت بژاردەی بەکارهێنانی هێزیش بۆ لکاندنی بە ئەمریکاوە بەدوور نەزانراوە.

لە بەرامبەردا، دانیمارک و گرینلاند جەختیان کردۆتەوە کە خاکەکەیان بۆ فرۆشتن نییە. حکومەتی دانیمارک هۆشداریداوە لەوەی هەر جوڵەیەکی سەربازی دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتی بەرگری ئەتڵەسی (ناتۆ).

گرینلاند بەهۆی پێگە جوگرافییەکەیەوە لەنێوان ئەمریکای باکور و جەمسەری باکور، گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بۆ دانانی سیستمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە هێرشی موشەکی و چاودێریکردنی کەشتییەکان. ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە ناوچەکە "پڕ بووە لە کەشتی روسیا و چین"، ئەمە لە کاتێکدایە ئەمریکا خۆی بنکەیەکی سەربازی لەو دورگەیە هەیە.

ترەمپ دەڵێت رێککەوتنی بەکرێگرتن بەس نییە و وتی: "خەڵکی چین و روسیام خۆشدەوێت، بەڵام نامەوێت لە گرینلاند دراوسێم بن، ئەوە روونادات و دەبێت ناتۆش لەوە تێبگات".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەکارهێنانی بیستۆک (هیتفۆن) لە کاتی وەرزشکردن، لە ماڵەوە و دەرەوە بووەتە خوویەکی رۆژانەی زۆرێک لە هاووڵاتیان، بەڵام رۆژنامەیەکی بەریتانی هۆشداریدەدات لەوەی ئەم بەکارهێنانە چڕە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر تەندروستی گوێ دروست دەکات.

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "میرەر"ی بەریتانی، بەرزکردنەوەی دەنگی بیستۆک بۆ ماوەیەکی درێژ و بەبێ رەچاوکردنی دەرەنجامەکانی، دەبێتە هۆی تێکشکانی شانە ورد و هەستیارەکانی ناوەوەی گوێ. ئەمەش دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی وەک لەدەستدانی توانای بیستن و زرنگانەوەی گوێ، کە زۆرجار حاڵەتگەلێکن چارەسەریان نییە و بە تێپەڕبوونی کات دۆخەکە خراپتر دەکەن.

پسپۆڕان ئاماژە بەوە دەکەن، کێشە گەورەکە لەوەدایە سەرەتا زیانەکان بە روونی دەرناکەون، ئەمەش وادەکات زۆر کەس گوێ بە مەترسییەکان نەدەن و لەسەر ئەو خووە هەڵەیە بەردەوام بن.

سەرەڕای ئەوەی تەکنەلۆژیای مۆبایلەکان ئاگادارکردنەوە دەدەن کاتێک ئاستی دەنگ لە سنوری رێگەپێدراو تێدەپەڕێت، بەڵام بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران، بەتایبەت هەرزەکاران و گەنجان، ئەو ئاگادارکردنەوانە پشتگوێ دەخەن.

لە راپۆرتەکەدا رێنمایی هاووڵاتیان کراوە کە پشکنینی خولی بۆ توانای بیستنیان بکەن و هەوڵبدەن کاتەکانی بەکارهێنانی بیستۆک کەم بکەنەوە. هەروەها، پسپۆڕان ئامۆژگاری بەکارهێنانی ئەو جۆرە بیستۆکانە دەکەن کە تایبەتمەندی "لابردنی دەنگەدەنگ" (Noise Cancellation)یان هەیە، تا لە شوێنە قەرەباڵغەکاندا ناچار نەبن دەنگی ئامێرەکانیان تا دوا ئاست بەرز بکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سوریا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هۆشداری دەداتە ئەو "چەکدارانە"ی لە گەڕەکی شێخ مەقسود لە شاری حەلەب ماونەتەوە، کە تاکە بژاردە لەبەردەمیاندا دانانی چەکەکانیانە.

لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری سوریادا هاتووە، تاکە رێگە لەبەردەم چەکدارانی ئەو گەڕەکە ئەوەیە دەستبەجێ خۆیان و چەکەکانیان رادەستی نزیکترین خاڵی سەربازی بکەن، لە بەرامبەر ئەو کارەشدا سوپا زەمانەتی پاراستنی ژیان و سەلامەتییان دەکات.

سوپای سوریا لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هێزەکانیان دەستیان کردووە بە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بۆ سەپاندنی سەروەری نیشتمانی و بە "حەزمەوە" مامەڵە دەکەن، هەروەها هەر سەرچاوەیەکی تەقەکردن وێران دەکەن بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و دانیشتوانەکەی بگەڕێننەوە."

ئەم راگەیەندراوەی وەزارەتی بەرگری سوریا لە کاتێکدایە کە ئاسایشی ناوخۆی حەلەب رایگەیاند، "گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی کاتی بە تۆپی قورس ناوچەی دێر حافریان کردووەتە ئامانج و تۆپێک بەر ماڵی هاووڵاتییەک کەوتووە و بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەک شەهید بوون"

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیدارەی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریا رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی، پێشوازی لەو پێشنیازە دەکەن کە لەلایەن نێوەندگیرە نێودەوڵەتییەکانەوە کراوە بۆ گواستنەوەی هێزەکانیان لە گەڕەکی شێخ مەقسودەوە بۆ رۆژهەڵاتی فورات.

لە راگەیەندراوێکدا ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوەکردووە، پاراستنی مەدەنییەکان لە هەردوو گەڕەکی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە لە ئەولەویەتی کارەکانیانە، بۆیە بە ئەرێنی وەڵامی دەستپێشخەرییە نێودەوڵەتییەکەیان داوەتەوە بۆ گواستنەوەی هێزەکان بە شێوەیەکی ئارام.

سەبارەت بە مەرجەکانی جێبەجێکردنی ئەو پرۆسەیە، ئیدارەی خۆسەر جەختیکردۆتەوە، دەبێت زەمانەتی مانەوەی هێزێکی پاراستنی کوردی ناوخۆیی و ئەنجومەنێکی خۆجێیی بۆ دانیشتوانی ئەو دوو گەڕەکە بکرێت، ئەوەش وەک پابەندبوون بە "رێککەوتنی 1ی نیسان".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەئەنجامی بۆردومانكردنی نەخۆشخانەیەكی گەرەكی شێخ مەقسود ژمارەیەك كارمەندی تەندروستی شەهیدبوون، ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش خستنە خوارەوەی فرۆكەیەكی بێفرۆكەوانی راگەیاند .

 تیمی تەندروستی گەرەكی شێخ مەقسود بلاویكردەوە، چەكدارەكانی سوریا نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجریان  لە گەرەكی شێخ مەقسود بۆردومانكردووە  و لە ئەنجامدا ژمارەیەك كارمەندی تەندروستی شەهیدبوون و زیاتر لە 10 كارمەندیش برینداربوون.

هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەبیش لەبارەی دواین پێشهاتە مەیدانییەكان رایگەیاند، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانیان لە شێخ مەقسود خستووەتە خوارەوە.

راشیگەیاندوە، چەكدارانی سوریا بە چەكی قورس تۆپبارانی ناوەندی دێرحافر و باشوری دەروازەی دێرحافریان لە كانتۆنی تەبقا كردوە.

هاوكات ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سوریا سەبارەت بە رەوشی حەلەب رایگەیاندووە، ئەوەی رودەدات شێوازێكی رێكخراو و مەترسیدارن لە توندوتیژی، پێكهاتە رەسەنەكانی سوریا دەكاتە ئامانج.

راشیگەیاندووە، پشتیوانی كوردەكان  دەكەن بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دەستدرێژییانە.

سەرۆكایەتی ئەنجومەنی ڕۆحانی درووزیش، پشتیوانی خۆی بۆ كورد دەربڕیوە و دەڵێت، هێرشەكان هەوڵێكن بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی.

داواش لە وڵاتانی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات رۆڵیان هەبێت لە راگرتنی ئەو دەستدرێژییانە بۆ سەر كەمینەكان.

هاوکات کەمێک پێش ئێستا سوپای سوریا ئاشکرایکرد، ئۆپراسیۆنی پاککردنەوەی گەڕەکی شێخ مەقسود رادەگەنین بۆ نەهێشتنی هەسەدە لە گەڕەکەکە.

جێگەی ئاماژەیە، چەکدارانی سوریا هێرشەکانی چڕتر کردوەتەوە و بە چەندین چەکی قورس و جۆراوجۆر هێرشەکانی بۆ سەر گەڕەکی شێخ مەقسود دەستپێکردووە و شوێنی نیشتەجێبوونی هاووڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج دەگرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێکی فەرماندەیی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب دەڵێت: بە هەموو توانامانەوە بەرگری دەکەین و بە هێج شێوەیەک گەڕەکەکانی شێخ مەقسود و ئەشرەفییە چۆڵ ناکەین.

زیاد حەلەب ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی سەعات هەشتی هەواڵەکانی کوردسات نیوز رایگەیاند، ماوەی چوار رۆژە چەکدارانی سوریا بەشێوەیەکی دڕندانە هێرشەکانیان بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکان دەستپێکردووە و هاووڵاتیانی مەدەنی بە ئامانج دەگرن.

وتیشی، چەکدارانی سوریا ناوچە هەستیارەکانیان بۆردومان کردووە و لە ئێستادا کێشەی کەمییەکی زۆری دەرمان و تەندورستیمان هەیە.

زیاد حەلەب ئەوەشی خستەڕوو، لە رێگەی سیاسەت و گفتوگۆی ئاشتییانەوە، ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی کاتی سوریا بۆ بەڕێوەبردنی هەموو گەڕەکەکانی حەلەب پێکەوە،

ئاشکراشیکرد، چەکدارانی سوریا هەموو چەکێکی قورس بەکاردەهێنن و ژیانی هاووڵاتیانی سڤیلیان خستووەتە مەترسییەوە، هەروەها چەکدارانی سەر بە حکومەتی سوریا دژی هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئەو گەڕەکانە.

ئەو ئەندامەی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە وەکو ئاسایشی ناوخۆ بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن و تا کۆتایی دەمێننەوە و شەڕ دەکەن.

"تۆڵەی شەهیدانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود بە سەرکەوتن دەسێنینەوە، زیاد حەلەب وا دەڵێت".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی ئەمشەو بەهۆی رەوشی کەشوهەواوە کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم پچڕا، لە ئێستادا کارەبا گەڕاوەتەوە زۆربەی گەڕەکەکانی سلێمانی.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بڵاویکردەوە، لەلایەن بەڕێوەبەری گشتی کارەبای سلێمانی و بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای سلێمانی، چاودێری رەوشی کارەبا دەکرێت دوای ئەوەی ئەمشەو بەهۆی باران و رەشەبا کێشەیەکی تەکنیکی دروستبوو و بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێم.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستاشدا رەوشی کارەبا بەرەو ئاسایی بوونەوە دەڕوات و کارەبا بۆ زۆربەی گەڕەکەکان گەڕاوەتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان پچراوە، وەزارەتی کارەباش دەڵێت: لە چەند سەعاتی داهاتوودا رەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە.

وەزارەتی کارەبای هەرێم رایگەیاند، بەهۆی باران و ڕەشەبای بەهێزەوە کە زیانی بە تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی گەیاند، ئەمشەو سەعات هەشت، گرفتی پچڕانی کارەبا لە بەشێک لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و سلێمانی درووست بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا رەوشەکە لەژێر کۆنترۆڵ دایە و تیمەکانی وەزارەتی کارەبا لە ماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا سەرجەم گرفتەکانی چارەسەر دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: پاپەندی رێککەوتنەکانین لەگەڵ حکومەتی سوریا، بەڵام دیمەشق لەرێی هێرشکردنە سەر حەلەب هەوڵی کۆتاییهێنان بە رێککەوتنەکە دەدات.

ئیلهام ئەحمەد لێپرسراوی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکور و رۆژهەڵاتی سووریا رایگەیاند، پابەندی رێككەوتنەكانین لەگەڵ حكومەتی سووریا و هەوڵی جێبەجێكردنیان دەدەین، دەشڵێت؛ ئیدارەی خۆسەر پابەندی ئەو رێككەوتنەیە كە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سوریا ئیمزای كردووە.

وتیشی، دیمەشق لەرێی هێرشكردنە سەر حەلەب هەوڵی كۆتاییهێنان بە رێككەوتنەكە دەدات، هەروەها ئێمە پەرۆشی ئاشتی و چارەسەركردنی كێشەكانین.

ئیلهام ئەحمەد راشیگەیاند، تا ئەم ساتە حكومەتی دیمەشق ئینكاری دەكات و چارەسەری ناوێت، هاوکات پەیوەندیی پچڕ پچڕ و سست لەگەڵ حكومەتی دیمەشقدا هەیە.

ئەوەشی خستەڕوو، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا رۆڵی نێوەندگیر دەگێڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...147148149150151...1069