جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، رایگەیاند کە وڵاتەکەی لە میانی دانوستانەکانی سویسرادا کەناڵێکی پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئێراندا دامەزراندووە، و تاران رەزامەندی پیشانداوە لەسەر سیستەمێکی پشکنینی زۆر توندتر لەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمیدا هاتووە.

ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "ئەنهۆرد"ی بەریتانی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە، وتی: یەکێک لەو شتانەی کە دەمانویست بەدەستی بهێنین، بوونی کەناڵێکی پەیوەندی بوو لەگەڵ لایەنی ئێرانیدا بۆ کەمکردنەوەی توندیی ململانێکان، ئێمە ئەوەمان کرد، ئەوان وتیان: باشە، ئێمە کەسێک لە سوپای پاسدارانی ئێران دەنێرین بۆ دەوحە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کەسێک لە فەرماندەیی ناوەندی (ئەمریکا)، بەم شێوەیەش زۆرێک لەم ناکۆکییانە چارەسەر دەکەین.

ڤانس ئاماژەی بەوەش کرد کە یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێران بەندگەلێکی تێدایە کە "بەنەواو جیاوازن" لە رێککەوتنی ئەتۆمی پێشوو کە بە "پلانی گشتگیریی هەنگاوی هاوبەش" ناسرابوو، لەوانەش رەزامەندی تاران لەسەر "سیستەمێکی پشکنینی توندتر" و رزگاربوون لەو یۆرانیۆمە پیتێندراوەی کە لەبەردەستیدایە.

لەگەڵ ئەوەشدا، ڤانس رایگەیاند کە واشنتۆن وای دەبینێت کە ئێران هەوڵدەدات پێوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و جیهاندا بە شێوەیەکی ریشەیی بگۆڕێت، و ئەو هێشتا دڵنیا نییە لەوەی "لە کوێدا دەتوانین بگەینە رێککەوتنێکی ناوەند و سازش.

بەپێی وتەکانی ڤانس: بەرپرسانی ئێران بە تەواوی جیاواز لە رابردوو قسە دەکەن، بەڵام هێشتا رون نییە کە ئایا دانوستانەکان دەبنە هۆی گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی یاخود نا.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە وڵاتانی عەرەبی لە ناوچەکەدا لە ئێستادا سەرقاڵی گفتوگۆن لەگەڵ ئێرانییەکاندا بە شێوەیەک کە پێشتر هاوشێوەی نەبووە، لەوانەش گفتوگۆ لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێران.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە: هەموان درک بەوە دەکەن کە ئێران رازی دەبێت بە پشکنینی بەرفراوانی چەک و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی، بەجۆرێک کە ئەوەی پێی دەوت "شەفافییەتی ئەتۆمی" بۆ ماوەیەکی درێژخایەن مسۆگەر بکات.

لە بەرانبەردا، تاران رەتیکردەوە کە لە میانی گفتوگۆکانی ئەم دواییانەدا رەزامەندی لەسەر هیچ رێکخستنێکی نوێ یان پابەندبوونی زیادە سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی پیشاندابێت.