هەواڵەکانهەواڵەکان

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە ئەکیرا ئیندۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا نوێترین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، عیراق و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوەکرا.

سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند؛ لە سەرەتاوە هەوڵمان بۆ ئەوەبوو جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کەمترین کاریگەریی لەسەر وڵاتەکەمان هەبێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی بە پەرۆشەوە کاردەکات بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی خزمەتگوزار و بەهێز، کە لەسەر بنەمای دادپەروەری ئەرکەکانی راپەڕێنێت و هاوسەنگی و گیانی پێکەوەیی بپارێزێت و دەبێت هەموو لایەنەکان مافیان پارێزراو بێت.

هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا، دووپات لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆن کرایەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

میدیاکانی فەرەنسا بڵاویانکردوەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما بەهێز و توندەی روی لە وڵاتەکە کردووە، لە ماوەی تەنها 24 سەعاتی رابردوو، 109 کەس گیانیان لەدەستداوە و ئەم  بەرزبونەوە بێ پێشینەی پلەکانی گەرما رەوشی نائاسایی لە چەند شارێکی وڵاتەکە دروست کردوە.

بەپێی راپۆرتە میدیاییەکان، بەرزبونەوەی لەرادەبەدەری  پلەکانی گەرما هۆکاری سەرەکی زیادبوونی کتوپڕی رێژەی گیانلەدەستدان بووە لە 24 سەعاتی رابردودا.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە دامەزراوە تەندروستی و خزمەتگوزارییەکانی ئەو وڵاتە لە ئامادەباشیدان بۆ روبەڕوبوونەوەی دەرهاوێشتە مەترسیدارەکانی ئەم شەپۆلە گەرمایە.

ئاماژەبەوەشکراوە، سەرەڕای ئەوەی لێپرسراوانی فەرەنسا بەردەوامن لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست و بەپەلە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرماکە، بەڵامهۆشداری توندیان ئاڕاستەی هاووڵاتیان کردووە.

 بەتایبەتی داوا لە بەساڵاچوان، منداڵان و ئەو کەسانە دەکەن، کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە و زیاتر لەبەردەم مەترسییەکەدان، رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن و لەو کاتانەی پلەکانی گەرما دەچنە بەرزترین، لەماڵ بمێننەوە  و نەچنە دەرەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانوبەرەی دووەمی سلێمانی بڵاویکردوەتەوە، بە گوێرەی یاسا سەرجەم ئاوی کانییە سروشتییەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر و دهۆک  بە موڵکی گشتیی دەوڵەت ئەژمار دەکرێن و بە ناوی وەزارەتی داراییوە تۆمار دەکرێن.

لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی خانووبەرەی دووەمی سلێمانی دا هاتووە؛  بەپێی هەموارکردنی مادەی (7، بڕگەی 2) لە یاسای ژمارە 90ی ساڵی 1975 ئەم یاسایە تەنانەت ئەو کانییانەش دەگرێتەوە کە لە رابردوودا بەپێی وێنەی تۆماری تاپۆ لەسەر ناوی هاووڵاتیان تۆمار کراون، بە جۆرێک کە ئیتر ئەو تۆمارانە حوکمی یاساییان نامێنێت و خاوەندارێتییان بۆ وەزارەتی دارایی دەگوازرێتەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەپێی رێکارە نوێیەکان، ئەو هاووڵاتییانەی کە پێشتر کانییەکان بەناویانەوە بووە، لەمەودوا ناتوانن لە فەرمانگە حکومییەکاندا (وەک فەرمانگەی تاپۆ) هیچ جۆرە مامەڵەیەکی کڕین و فرۆشتن یان گواستنەوەی خاوەندارێتی بەو کانییانەوە بکەن.

یاساکە جەخت دەکاتەوە، کانییە سروشتییەکان دەستیان بەسەردا دەگیرێت و تەنها لەپێناو بەرژەوەندی و سوودی گشتی جەماوەردا بەناوی وەزارەتی داراییەوە تۆمار دەکرێن.

وەک لە راگەیەندراوەکدا هاتووە؛  هیچ رێگەچارەیەکی یاسایی نەهێڵدراوەتەوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان بتوانن دووبارە ئەم کانییانە بەناوی خۆیانەوە تۆمار بکەنەوە، تەنانەت لە رێگەی کڕینەوەش لە حکومەت، چونکە ئەم کانییانە وەک موڵکی گشتیی دەوڵەت سەیر دەکرێن نەک موڵکی تایبەت، بۆیە حکومەت مافی هیچ جۆرە رەفتارپێکردن یان فرۆشتنێکیانی نییە.

تۆمارکردنی خانووبەرەی سلێمانی رونیشیکردوەتەوە، ئەم بڕیارە یاساییە تەنها ئەو سەرچاوە ئاوییانە دەگرێتەوە کە بە سروشتی هەڵدەقوڵێن و بە هیچ شێوەیەک ئەو سەرچاوە ئاوییانە ناگرێتەوە کە مرۆڤ خۆی لە دروستکردنیاندا دەستی هەبووە، وەک کارێزەکان، بیرە ئاساییەکان و بیرە ئیرتیوازییەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرەڕای پێشبینییە زۆرەکان بۆ بەشداریکردنی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە یارییەکانی مۆندیالی 2026 کە وڵاتەکەی میوانداری دەکات، بەڵام تا ئێستا لە هیچ یارییەکدا دەرنەکەوتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە هەڵبژاردەی ئەمریکا دوو یاری لە قۆناغی کۆمەڵەکان بردووەتەوە.

شارەزایانی سیاسی و کەسانی نزیک لە کۆشکی سپی چەند هۆکارێک بۆ ئەم بابەتە دەستنیشان دەکەن و ئاماژە بەوەدەکەن، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تەنیا حەزی لە "روداوە گەورەکانە"، راشیانگەیاند، پێدەچێت ترەمپ چاوەڕێی یاری کۆتایی مۆندیال بکات کە زۆرترین بینەری هەیە.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگەدا لە نیویۆرک لەلایەن هاندەرانی خولی باسکەی (NBA) 'فیکەی ناڕەزایەتی' دژی لێدرا، تیمی سەرۆکایەتی ترەمپ دەترسن لەوەی لە یارییەکانی مۆندیالدا کە جەماوەرێکی نێودەوڵەتی و هەمەجۆری هەیە، رووبەڕووی هەمان رەوش ببێتەوە.

جێی ئاماژەیە جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا پێشتر رایگەیاندبوو، بڕیارە سەرۆکی ئەمریکا لە یاری کۆتایی ئامادە بێت و جامی جیهانی پێشکەش بکات.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ لە یاریگەکاندا ئامادە نەبووە، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئەو لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە یاریزانانی ئەمریکاوە کردووە و پاڵپشتی خۆی بۆ دەربڕیون، فیفاش پێی باشە کە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەمریکا تەنیا لە یاری کۆتاییدا بێت بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر خودی وەرزشەکە لادەنەدەن".

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵای لوبنان، رایگەیاند، رێککەوتنی نێوان ئیسرائیل و لوبنان پوچەڵە و پێویستە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی ئێران و ئەمریکا جێبەجێبکرێت، ئاماژەی بەوەشکردوە بەردەوام دەبن  لە فشارەکانیان تا ئەوکاتەی ئیسرائیل لە لوبنان دەکشێتەوە.

نەعیم قاسم، داوای لە حکومەتی لوبنان کرد دەستبەرداری رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیل بێت رەتیشیکردەوە، چەکدانانی حزبوڵا ببێتە مەرجی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە باشوری لوبنان و ئەوەی بە هێڵی سور وەسف کردوە.

نەعیم قاسم داوای لە حکومەتی لوبنان کردوە وازبهێنێت لە رێککەوتنی لەگەڵ ئیسرائیل کە خەریکە بەوە لوبنان لەناو دەبات و ئاماژەی بەوەشکردوە ئەو رێککەوتنە شەرمەزارییە و دەستبەرداربونە لە سەروەری وڵات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکوک یەکەمین گەشتی ئاسمانیی راستەوخۆی خۆی بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عیراقییەوە راگەیاند.

فڕۆکەخانەکە لە راگەیەندراوێکدا، دەستپێکردنی یەکەم گەشتی راستەوخۆ خۆی لە فڕۆکەخانەی کەرکوکەوە بۆ بەیروتی پایتەختی لوبنان راگەیاند.

فرۆکەخانەکە دەڵێت؛ ئەم هەنگاوە ستراتیژییە لە چوارچێوەی پلانەکانی ئیدارەی فڕۆکەخانەکەدا دێت بۆ فراوانکردنی تۆڕی گەشتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی، لەگەڵ ئەوەشدا دابینکردنی بژاردەی زیاتر بۆ گەشتیاران و بەهێزکردنی پەیوەندییە ئاسمانییەکانی نێوان پارێزگای کەرکووک و وڵاتی لوبنان.

هەروەها ئاماژەی بەوەکراوە، پێشبینی دەکرێت؛ ئەم هێڵە نوێیە کاریگەرییەکی بەرچاوی هەبێت لە ئاسانکاریی هاتوچۆی گەشتیاران و کەمکردنەوەی کات و ماندووبوونیان، هاوکات دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابوری، چالاککردنی کەرتی گەشتیاری و زیادکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرچاوە رەسمییەکانی ئێران هۆشداریی توند دەدەنە سەرجەم ئەو کەشتیانەی، کە بە گەروی هورمزدا تێپەڕدەبن، پێویشتە پابەندی مەرجەکانی سوپای پاسداران بن، بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بتوانن گەروەکە تێپەڕێنن.

بەپێی راپۆرتێکی تەلەڤزیۆنی رەسمی ئێران، تاران جەخت دەکاتەوە، کە رێنمایی و یاساکانی ئێران بۆ تێپەربون  لە گەروی هورمز وەک خۆیان ماونەتەوە و بە توندی جێبەجێ دەکرێن.

ئەمەش لە دوای ئەوەهات، کە هێزە ئێرانییەکان تەقەی ئاگادارکردنەوەیان لە چەند کەشتییەک کردووە کە بەبێ مۆڵەت هەوڵی تێپەڕبونیان دابوو، بە گێورەی تەلەڤزیۆنی ئێران لە ئێستادا چەندین کەشتیی  هەوڵی وەرگرتنی مۆڵەتی رەسمین لە ئێران بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی گەشتەکانیان.

تەلەڤزیۆنی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە لەمەودوا سەرجەم کەشتییەکان لە کاتی هاتنەناوەوە یان چوونەدەرەوەیان لە گەروی هورمز، هەماهەنگی و پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێراندا بکەن.

هاوکات هۆشداری ئەوەش دراوە، کە هێزە دەریاییەکانی  ئێران بە توندی و بەبێ سڵەمینەوە مامەڵە لەگەڵ هەر کەشتییەک دەکەن، کە سەرپێچی بکات و ئەو رێڕەوانە نەگرێتەبەر کە لەلایەن ئێرانەوە بۆیان دەستنیشان کراوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژنێكی توركی تەمەن 56 ساڵ، لە رێگەی باڵیۆزخانەی ئەمریكاوە نامەیەكی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كردووە و داوا دەكات لە شاری ئەنکەرە چاوی پێی بكەوێت، چونكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ترەمپ باوكیەتی.

بەپێی هەواڵی میدیاكانی توركیا، نێكلا ئۆزمێنی تەمەن 56 ساڵ لە رێگەی نامەیەكەوە بۆ باڵوێزخانەی ئەمریكا داوا دەكات لە كاتی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ ئەنکەرە بە مەبەستی بەشداری لە لوتكەی ناتۆ، بتوانێت ترەمپ ببینێت لەبەر ئەوەی بە باوكی خۆی دەزانێت.

چیرۆكی ئەم ژنە توركە چەندین ساڵە لە میدیاكاندا باسی لێوە دەكرێت، تەنانەت لە ساڵی 2021ـدا سكاڵای یاسایی بۆ سەلماندنی باوكایەتیی ترەمپ تۆمار كردووە.بەو بەڵگەیەی كە دایكی پێش لەدایكبوونی، بازرگانێكی ئەمریكیی لە دەرەوەی وڵات ناسیوە بەڵام ئەو نهێنییەی بۆ ماوەیەكی زۆر شاردووەتەوە.

نێكلا ئۆزمێن چەندین جار داوای پشكنینی دی ئێن ئەی كردووە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت ، جەختیش دەكاتەوە كە هیچ مەبەستێكی مادیی نییە و تەنها دەیەوێت راستییەكان ئاشكرا ببن.

تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ و نوسینگەكەی هیچ جۆرە لێدوانێكیان لەسەر ئەم بابەتە نەداوە و دادگاكانی توركیاش هیچ بڕیارێكیان بۆ پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی ئەو ژنە دەرنەبڕیوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆک وەزیرانی عیراق، رایدەگەیەنێت؛ سەردانی چاوەڕوانکراوی بۆ واشنتن تەنها سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریکا، دەشڵێت لە مانگی ئەیلول هێزە بیانییەکان دەکشێنەوە و کۆنگرەی سەروەری عیراق دەبەستین، مەبەستیشمان تا سێ ساڵی تر، بری هەناردەی نەوت بۆ حەوت ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرز بکەینەوە و بەردەوامیش دەبین لە رووبەڕوو بونەوەی گەندەڵی و پێداچوونەوەش گرێبەستەکان دەکرێت.

عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عیراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی سکای نیوز عەرەبیە، رایگەیاند: سەردانەکەمان بۆ واشنتۆن سەردانێکی پرۆتۆکۆڵی نییە، بەڵکو راگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە لە هاوبەشی نێوان عیراق و ئەمریکا، کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ڕێزی یەکتری بونیاد نراوە.

روونیشی کردەوە، دەمانەوێت لە قۆناغی هاوبەشی سەربازییەوە بگوازینەوە بۆ هاوبەشییەکی ئابوری بەردەوام، و پردێکی ئابوری کارا لە نێوان عیراق و ئەمریکا دروست بکەین کە بەرژەوەندی هەردوو گەل بەدی بهێنێت،بۆیە رێنماییمان داوە بە وەزارەتەکانی نەوت، کارەبا و پەیوەندییەکان کە کاری لە پێشینە بدەنە کۆمپانیا بەناوبانگەکانی ئەمریکا لە بوارەکانی وزە، پەیوەندییەکان، تەکنۆلۆژیا و گەشەپێدان.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابوری بڕیاری گرنگی داوە سەبارەت بە پڕۆژە گەورەکانی نەوت لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان، لەوانە :شیڤرۆن، هالیبێرتۆن، و کۆمپانیای HKN، جگە لەوەش هەلی کار لە کێڵگە نوێیەکانیان پێدەدەین.

عەلی زەیدی، ئەوەشی خستەڕوو، کەرتی پەیوەندییەکان بەرەو هاوکارییەکی ستراتیژی لەگەڵ کۆمپانیای (ستارلینک) هەنگاو دەنێت بەجۆرێک کە ژێرخانی دیجیتاڵی عیراق لەگەڵ لایەنی ئەمریکی بەهێز بکات .

 لە بارەی سندوقی گەشەپێدانی وزەشەوە، رایگەیاند، پڕۆژەی سندووقی وزە و گەشەپێدان لە 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دەست پێدەکات تا دەگاتە دوو ملیۆن بەرمیل، ئەمەش بەپێی بارودۆخی ئابوری و بەرهەمهێنان، و یاساکانی ئۆپیک گۆڕانکاری بەسەردا دێت.
سەرۆک وەزیرانی عیراق دەشڵێت؛ لە ماوەی سێ دەیەدا، دەکرێت دارایی سندووقەکە بگاتە نزیکەی 400 ملیار دۆلار، لەگەڵ گەشەکردنێکی قۆناغ بە قۆناغ کە بەستراوەتەوە بە ئەدای پڕۆژەکان و کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە.

 پەیوەست بە چەکدانانی گروپەکانیش، سەرۆک عەلی زەیدی، رایگەیاند: گفتوگۆیەکی قووڵمان لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان ئەنجامداوە و دووپاتمان کردووتەوە، دەوڵەت کۆکەرەوەی هەمووانە،بۆیە ناتوانرێت بوونی چەک لە دەرەوەی دامەزراوەکانیدا قبووڵ بکرێت،چونکە قۆناغی ئێستا پێویستی بەوەیە هەمووان  لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە کار بکەن.

جەختیشیکردەوە، ئامادەکاری بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی (کۆنفرانسسی سەروەری) دەکەین، کە جەخت دەکاتەوە بڕیاری عیراق بە دەستی عیراقییەکان خۆیانە، لەگەڵ عیراقێک کە هێزە بیانییەکانی تێدا نییە و گروپی چەکدار لە دەرەوەی دەوڵەت بوونی نییە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەڵێت، لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسن و چیتر پارتیش لە كوردستان زۆرینە نییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، یەكێتی لە دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن ناترسێت، بۆ ئەگەرێكی لەو شێوەیەش تەواو ئامادەیە، چونكە رەوشی ناوخۆیی و جەماوەریی ئێستای یەكێتی باشتر و بەهێزترە بەراورد بە هەڵبژاردنی رابردوو.

وتیشی، یەكێتی لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە و هاوسەنگیی هێز، هەنگاوی ناوە بۆ پێكهێنانی حكومەت، بەڵام پارتی شیكردنەوەی جیاواز و تایبەت بە خۆی بۆ چەمكی هاوبەشیی دەكەن و هەر شتێك لە بەرژەوەندییان بێت ئەوە بە هاوبەشیی و هاوسەنگی دەزانێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نزیكەی 80 مینی دەریایی لە رێڕەوی سەرەكی گەروی هورمز بوونەتە ئاستەنگێكی گەورە لەبەردەم ئاساییبوونەوەی هاتوچۆی بازرگانیی لەو گەروەدا.


رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە راگەیاندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، جەنگی ئەمدواییەی دژی ئێران بووەتە هۆی پەككەوتنی رێڕەوی سەرەكیی گەروی هورمز و لە ئێستاشدا دوو رێڕەوی جێگرەوە بەدرێژایی كەناراوەكانی عومان و ئێران بەكاردەهێنرێن، هۆشداریشیداوە كە مەترسیی بوونی تەقەمەنی لە رێڕەوە جێگرەوەكەشدا هێشتا ماوە، ئەوەش دڵەڕاوكێی لای كۆمپانیاكانی كەشتیوانی دروستكردووە.


هەر بەپێی راگەیاندراوەكە، كەرتی نەوت و بازرگانیی جیهانیی فشارێكی زۆر دەكەن بۆ كردنەوەی رێڕەوە سەرەكییەكە، بەڵام پاككردنەوەی مینەكان پێویستی بە چەندین هەفتە كاركردن هەیە و بەپێی رێككەوتنەكانیش بڕیارە ئێران ئەركی هەڵگرتنەوەی ئەو 80 مینە لە ئەستۆ بگرێت بۆئەوەی یەكێك لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەكانی جیهان بە تەواوی بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان بكرێتەوە، كە ئێستا ئەو ژمارە مینە رێگرێكی گەورەیە لە بەردەم ئاساییبوونەوەی هاتوچۆ لە گەروی هورمز.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەشناسی هەرێم، پێشبینییەکانی خۆی بۆ کەشوهەوای ئەمرۆ و سبەینێ بڵاوکردەوە و بەپێی پێشبینییەکان، پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ پەیدابوونی هەندێک پەڵە هەور، هاوکات ئاراستەی با بەرەو باکووری ڕۆژئاوا دەبێت و خێراییەکەی لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، سبەینێ ئاسمان ساماڵ دەبێت و لە ناوچە شاخاوییەکان هەندێک پەڵە هەور دەردەکەوێت.

کەشناسی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، پلەکانی گەرما لەم دوو رۆژەدا جێگیر دەبن و نزیک دەبنەوە لەو رێژانەی کە لە رۆژانی پێشوودا تۆمارکراون.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی

هەولێر: 41 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 39 پلەی سیلیزی

دهۆک: 40 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە: 41 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 40 پلەی سیلیزی

زاخۆ 40 : پلەی سیلیزی

ئاکرێ : 40 پلەی سیلیزی

پیرمام: 37 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : 29 پلەی سیلیزی

گەرمیان : 43 پلەی سیلیزی

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئێران، ئەمرۆ شەممە، بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە ئاسمانییانەی کرد کە سوپای ئەمریکا شەوی رابردوو کردیانە سەر چەند پێگەیەک لە کەناراوەکانی باشوری وڵاتەکە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، ، ئەو هێرشانەی ئەمریکا کە دامەزراوەکانی چاودێریی کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج، "پێشێلکردنێکی روونی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنە" کە لە نێوان هەردوولادا هەبووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن ئەنجامدراون، ئەمەش بە هەمان شێوە "پێشێلکردنی بەندی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەیە".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەتیکردەوە، هێرشە بەرگرییەکانی ئەوان بۆ سەر ئەو ئامانجانەی کە پەیوەندییان بە هێزەکانی ئەمریکاوە هەیە، تەنها پشت بە "مافی رەوای خۆیان بۆ بەرگریکردن لە خۆ" دەبەستێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ترەمپ هەڕەشەی سەپاندنی پێناسی گومرگی بە رێژەی 100 بەسەر كاڵا و كەلوپەلی ئەوروپادا دەكات لە بەرانبەر سەپاندنی باج بەسەر كۆمپانیاكانی وڵاتەكەیدا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تروس سۆشیاڵ رایگەیاند، ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا لێكۆڵینەوە لە جێبەجێكردنی باجی دیجیتاڵی بەسەر كۆمپانیا تەكنەلۆژییەكانی ئەمریكادا دەكەن.

ترەمپ هۆشداریشیدا بەو وڵاتانەی ئەو هەنگاوە بگرنەبەر و رایگەیاند، پێناسی گومرگیی بە رێژەی 100% بەسەر كاڵاكانیاندا دەسەپێت كە هەناردەی ئەمریكا دەكرێن.

وتیشی، باجی گومرگیی دەسەپێنرێت لەسەرو ئەو رێككەوتنە بازرگانییانەی كە لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ئیمزاكراون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای بۆردومانەکەی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناوخۆی ئێران، سوپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی ئەوان بۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا زۆر خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و هۆشداری توندیش دەداتە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

له‌ راگەیەنراوێکدا كه‌ ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان توانیویانە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شاری سيرك پووچەڵ بکەنەوە و هێزە هێرشبەرەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن.

سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم دەستدرێژییەی ئەمریکا بێ وەڵام تێپەڕ نابێت، وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و لە کات و شوێنێکدا دەبێت کە خۆمان دیاریی دەکەین."

ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشداری دەدەن کە هەر هێرشێکی نوێ، بە وەڵامێکی زۆر توند دەدرێتەوە کە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی دەستدرێژیکاران لە ناوچەکەدا تێکدەشکێنێت.

ڤانس دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوخۆی ئێران رایگەیاند: "هەر لایەنێک هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا یان هاوڕێکانمان لە ناوچەکە، دەبێت باجەکەی بدات." جەختیشی کردەوە کە: "توندوتیژی تەنها بە توندوتیژی وەڵام دەدرێتەوە."

 

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت، پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند ئامانجێکیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە وەڵامێکی تونددا بۆ سەر هێرشەکەی دوێنێی سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر پێگەکانی ئێران.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا 'سێنتکۆم' لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کۆگاکانی موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و وێستگەکانی راداری کەناراوی ئێرانیان کردووەتە ئامانج؛ ئەمەش دوای ئەوەی، ئێران بە درۆنێکی خۆکوژ هێرشی کردە سەر کەشتیی بازرگانیی کەشتییە کە بە ئاڵای سەنگافورەوە لە کاتی هێرشەکەدا لە گەروی هورمزەوە بەرەو کەناراوەکانی عومان لە رێگادابوو.

سێنتکۆم رایگەیاندووە کە ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوەی هێزەکانی ئێران بۆ سەر کەشتیوانیی بازرگانی، پێشێلکردنێکی روونی رێککەوتنی ئاگرربەستەکەیە. هاوکات جەختیان کردووەتەوە کە ئەم رەفتارە مەترسیدارانەی ئێران ئازادیی هاتوچۆی دەریایی دەخاتە مەترسییەوە، بەتایبەت لەم رێڕەوە نێودەوڵەتییە گرنگەی کە جموجۆڵی بازرگانیی تێدا لە گەشەکردندایە.

لە کۆتاییدا فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، هێزەکانیان بەردەوامن لە هەماهەنگی و دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروەکەد، سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا لە ئامادەباشی و چاوکراوەییدا دەمێنێتەوە بۆ دەستەبەرکردنی پابەندبوون بە سەرجەم خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەگەڵ ئێراندا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...144145146147148...1223