لە ئیسپانیا بەهۆی گەرماوە 212 کەس گیانیان لە دەستداوە
بڵند
٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
شەپۆلێکی گەرمای چاوەڕواننەکراو روی لە ژمارەیەک وڵاتانی ئەوروپا کردوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانی پەیمانگایەکی گشتی لە ئیسپانیاش، بەهۆی گەرماوە زیاتر لە 200 کەس گیانیان لەدەستداوە
میدیاکانی ئیسپانیا بڵاویان کردوەتەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرمایەی روی لە وڵاتەکە کردوە، تەنها لە رۆژانی یەکشەممە تا چوارشەممەی ئەم هەفتەیەدا 212 کەس بەهۆی کاریگەرییەکانی شەپۆلەکەوە گیانیان لەدەستداوە
سیستەمی چاودێریی "MoMo" کە تایبەتە بە کۆکردنەوەی ئامارەکانی مردنی رۆژانە لە ئیسپانیا و بەراوردکردنیان لەگەڵ تۆمارە مێژووییەکان، لە رێگەی هاوتەکردن لەگەڵ داتاکانی ئاژانسی کەشناسیی نیشتمانی وڵاتەکە رایگەیاندوە، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما هۆکاری بەرزبوونەوەی لەناکاوی رێژەی مردنە.
ئەم ژمارەیەی ئەمساڵ لە کاتێکدایە کە لە هەمان چوار رۆژی ساڵی 2025دا، ژمارەی مردنەکان بەهۆی گەرماوە تەنها 98 کەس بوو، کە ئەوکات بە گەرمترین هاوینی تۆمارکراو لە مێژووی وڵاتەکەدا دادەنرا.
میدیاکانی وڵاتەکە رایانگەیاندوە، لە ناوچە سەرەکییەکانی ئیسپانیا لەم هەفتەیەدا بەرزترین تێکڕای پلەکانی گەرمای رۆژانەیان لە مانگی حوزەیراندا تۆمارکردووە کە لە ساڵی 1950وە وێنەی نەبووە؛ بە شێوەیەک تێکڕای پلەی گەرمی لە رۆژی دووشەممەدا 28.8. پلەی سیلیزی و لە ڕۆژی سێشەممەدا 28.17 پلەی سیلیزی بووە و ئەمەش بوەت هۆی بەرزبونەوەی رێژەی مردن بەهۆی گەرماوە



