بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، جارێکی دیکە، رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک هەمیشە، دڵنیام کە ئێوە بە بەهێزی، خۆڕاگر و یەکگرتوویی دەمێننەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان،
جارێکی دیکە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە. وەک هەمیشە، دڵنیام کە ئێوە بە بەهێزی، خۆڕاگر و یەکگرتوویی دەمێننەوە.
لە پێناو ئەم یەکگرتن و یەکڕیزییە گرنگ و پێویستە، لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنە عیراقی و کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەوەی هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق لەم مەترسییە.
خوای گەورە هەمووان بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوو، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی گرتنەبەری رێکاری گونجاو بۆ پاراستنی سەقامگیریی عیراق کرایەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ ئەمریکا دژی ئێران بەردەوام دەبن، "بە هەر نرخێک بێت".
نەتەنیاهۆ ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان بارەگای سەرەکی عەلی خامنەییان لە تاران وێران کردووە و توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی رژێم و سوپای پاسداران لەناو ببەن؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەڵگەی زیاتر هەن دەیسەلمێنن "خامنەیی چیتر لە ژیاندا نەماوە".
نەتەنیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕە دواجار دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵام داوای سەبر و بەرگەی زیاتری کرد.
هەروەها سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ "سەرکردایەتییە مێژووییەکەی" و جەختی کردەوە، کە رژێمی ئێران نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی رابگات، چونکە مەترسییە بۆ سەر بوونی ئیسرائیل.
لە کۆتاییدا نەتەنیاهۆ داوای لە گەلی ئێران دەکات دەسەڵاتی ئێستای ئێران بڕوخێنن و رایگەیاند ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئێرانییەکان رەخساوە تاوەکو خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ د. هومام حەموودی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عیراق کۆبووەوە.
لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە مەترسیدارەکانی ناوچەکەیان تاوتوێکرد و هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە شەڕ و رووبەڕووبوونەوە دەربڕی.
هەردوولا هەر هەوڵێکی راکێشانی عیراقیان بۆ ململانێکان رەتکردەوە و جەختیان لە گرتنەبەری هەموو رێگەیەکی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی سەقامگیریی وڵات کردەوە.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی دکتۆر رەفیق سابیر بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکە
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی نوسەر و شاعیری کورد (دکتۆر رەفیق سابیر)، زۆر غەمباربووم.
میراتی ئەدەبیی رەفیق سابیر دەبێتە ڕێ رۆشنکەرەوەی نەوەکانی ئایندە و بۆ هەتایە ناوی ئەم ئەستێرە پرشنگدارەی دنیای نوسین، لەدڵی هەموواندا بەزیندوویی دەمێنێتەوە.
پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی و گەلەکەمان ئەکەم، هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، وجێگەی بەهەشت بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد
هەناردەکردنی غازی سورشتیی بۆ وێستگەکانی کارە کەمدەبێتەوە و وەزارەتی کارەباش دەڵێت: هەوڵدەدەن کاریگەرییەکانی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر هاوبەشان کەم بکەنەوە.
وەزارەتەکانی سامانە سروشتییەکان و کارەبا راگەیەنراوێکی هاوبەشیان لەبارەی توانای بەرهەمهێنانی کارەبا بڵاوکرەوە و ئاماژەیان بەوەکردووە، هەناردەكردنی غازی سروشتیی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرا.
لە راگەیەنراوەکدا ئەوەشخراوەتەڕوو، توانای بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 2500- 3000 مێگاوات كەم دەبێتەوە.
ئاشکراشیانکرد،هەوڵ دەدەن كاریگەرییەكانی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی كارەبا لەسەر هاوبەشان كەم بكەنەوە.
بەئامادەبوونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق، ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستان لەسلێمانی کەشێکی پڕ لەوەفاداری و سوپاسگوزاری بۆ مێژوویەک لەخەبات و دڵسۆزی و خزمەتەکانی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد-ی لەئامێزگرت و دیارییەکی بەهاداری پێشکەش کرد.
لەو رێورەسمەدا کتێبی دەنگیی (بەکورتی…نوسینی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بڵاوکرایەوە کە لە حەوت تراکی دەنگی پێکهاتوە و یەکەم بەرهەمی دەنگی ئێزگەی دەنگی گەلی کوردستانە بەهاوکاری مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنەسورەکە.
باسکردنی رۆڵی مێژوویی دادە هێرۆ لەسەردەمی خەباتی شاخ و تۆمارکردنی نەبەردییەکانی پێشمەرگە و شۆڕش، دوای راپەڕینیش وەک سیاسەتمەدار و نوسەرێکی بوێر و دامەزرێنەری چەندین ناوەندی گرنگی میدیایی، بەشێکی تری ئەو رێورەسمە بوو کە تێیدا مەریوان مەسعود بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان، بڵاوکردنەوەی ئەم کتێبە دەنگییەی بەهەنگاوێکی گرنگ وەسفکرد لەپێناو پاراستنی میراتی ئەدەبی و ئەرشیڤکردنی نووسینەکاندا.
دواتر یەکەمین کۆپی کتێبە دەنگییەکە پێشکەشی خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد کرا.
کتێبی دەنگیی (بەکورتی… نوسینی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) سەرەتا لەڕێگەی فڵاش میمۆری، دواتر لەکەناڵی یوتیوبی ڕادیۆکە، و لەقۆناغی سێیەمیشدا بە شێوەی زنجیرە و ئەڵقەی دەنگی لە شەپۆلەکانی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە پەخش دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: ئۆپراسیۆنەکان بۆ سەر ئێران رێگە لەو وڵاتە دەگرێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند، ئیسرائیل و ئەمریکا ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ لەناوبردنی "هەڕەشەی بوونی" ئێران دەستپێکردووە.
ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی 47 ساڵە ئێران داوای "مەرگ بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا" دەکات، خوێنی خەڵکی رشتووە و گەلی خۆی قەتڵوعام کردووە.
جەختی لەوەکردەوە، نابێت رێگە بدرێت ئێراندەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات.
ئەوەشیخستەڕوو، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکە زەمینە خۆش دەکات بۆ ئەوەی گەلی بوێری ئێران چارەنووسی خۆیان بەدەستی خۆیان بگرن.
ناتانیاهۆ سوپاسی دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ "سەرکردایەتییە مێژووییەکەی".
هێرشی ئیسرائیل و ئەمریكا بۆ سەر ئێران دەستیپێكرد و چەند موشەكێك لە تاران كەوتنەخوارەوە و میدیای ئیسرائیلیش دەڵێت، چەند سەركردەیەكی ئێران كراونەتە ئامانج.
بە رەسمی ئیسرائیل و ئەمریكا هێرشیان بۆسەر ئێران دەستپێكرد و میدیای رەسمی ئێرانیش رایگەیاند، چەند موشەكێك لە تارانی پایتەخت كەوتوونەتە خوارەوە و دوكەڵی چڕ لە ئاسمانی شارەكە بەرزبووەتەوە.
بی بی سی بڵاویكردەوە، هێرشەكانی ئەمریكا و ئیسرائیل، قوم و ئەسفەهان و تەبرێز و رۆژهەڵاتی كوردستان و چەند شارێكی تری ئێرانی گرتووەتەوە، وەزارەتی بەرگری و دەزگای هەواڵگری و نوسینگەی فەرماندەیی و رێكخراوی ئەتۆمی ئێران كراونەتە ئامانج.
وەزارەتی ناوخۆی ئێرانیش راگەیەنراوێكی لەبارەی هێرشەكان بڵاوكردەوە دەڵێت، دوژمن هەموو یاسا نێودەوڵەتییەكانی پیشێلكردووە و هێرشی كردووەتە سەر وڵاتەكەی و هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ دەستەبەركردنی ئارامی، داوا لە هاووڵاتیانی وڵاتەكەشی كردووە دان بەخۆیاندا بگرن و ئارام بن.
وەزارەتی تەندروستی ئێرانیش رایگەیاند، تەواوی نەخۆشخانەكانی تاران خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و دەوامی خوێندنگەكانیش راگیراون.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش ئۆپراسیۆنی سەر ئێرانی ناونا نەڕەی شێر و دەشڵێت، سوپا خراوەتە ئامادەباشییەوە و ئاسمانی وڵاتەكەیان داخستووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکی ڤیدیۆییدا دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی "فراوان و بەردەوام"ـی دژی ئێران راگەیاند.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، ئامانجی هێرشەکانیان "پاراستنی ئەمریکییەکانە و بەڵێنی دا کە "بەرنامە موشەکییەکەی ئێران بە تەواوی بسڕێتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئێران بۆ چەندین ساڵ هێرشی کردووەتە سەر ئامانجەکانی ئەمریکا و دروشمی "مەرگ بۆ ئەمریکا"ی بەرزکردووەتەوە، ئێستا واشنتۆن ئەمریکا کار دەکات بۆ ئەوەی تاران چیتر هەڕەشەیەکی ئەتۆمی نەبێت.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای پاسداران دەبێت چەکەکانیان دابنێن، ئەگەرنا لەناویان دەبەن، هەروەها پێویستە ئێران فێری ئەوە بێت کە ناتوانێت ئاڵەنگاری ئەمریکا بکات.
راشیگەیاند، ئەمریکا پشتگیری لە گەلی ئێران دەکات و کاتی ئازادی نزیک بووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوەشکردەوە، ئێران نابێتە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمی و لە دانوستانەکاندا ئێران تەنها كاتی بە فیڕۆدا.
ترەمپ راشیگەیاند، بەرنامەی موشەكی و هێزی دەریایی ئێران لەناو دەبەن و داوا لە هاووڵاتیانی ئێران دەكەات لەماڵەكانیان نەیەنە دەرەوە.
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، زنجیرەیەک هێرشی پێشوەختەی بۆ سەر ئامانجە ناوخۆییەکانی ئێران دەستپێکردووە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێکی بەپەلەدا ئاشکرایکرد؛ هێزە ئاسمانییەکانیان دەستیان کردووە بە وەشاندنی "هێرشی پێشوەختە" بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی و ستراتیژی لە ناوخۆی ئێران.
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە تارانی پایتەختی ئێران بیستراوە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، چەند موشەکێک لە ناوەڕاستی تاران کەوتووەتە خوارەوە.
میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاندووە، هێرشەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا بووە.
جێگەی ئاماژەیە دوای ئەو هێرشەکانی سەر ئێران، ئاسمانی ئیسرائیل داخرا.
سەرۆکی ئۆکراین ئامادەیی وڵاتەکەی نیشان دەدات بۆ وەرگرتنی چەکی ئەتۆمی لە هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی، روسیاش هۆشداریی توند دەدات و دەڵێت: "ئەم هەنگاوە جیهان بەرەو کارەسات دەبات."
ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی "سکای نیوز" رایگەیاند؛ ئەگەر پاریس و لەندەن بڕیاری پێدانی چەکی ئەتۆمی بە وڵاتەکەی بدەن، ئەو "بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە" پێشوازی لەو هەنگاوە دەکات. زیلینسکی ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا هیچ پێشنیازێکی رەسمی لەو شێوەیەی پێنەگەیشتووە، بەڵام بۆ پاراستنی ئۆکراین ئامادەیە ئەو جۆرە چەکانە وەربگرێت.
ئەم لێدوانانەی زیلینسکی دوای ئەوە دێت کە دەزگای هەواڵگریی دەرەوەی روسیا ئاشکرای کرد؛ هەریەک لە فەرەنسا و بەریتانیا تاوتوێی بژاردەی پڕچەککردنی ئۆکراین بە چەکی ئەتۆمی یان "بۆمبی پیس" دەکەن، ئەوەش دوای تێکچوونی رەوشی بەرەکانی جەنگ و نەمانی هیوا بۆ سەرکەوتنی سەربازیی کیێڤ.
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی فیدراڵیی روسیا ئەم هەوڵانەی بە "پیلانگێڕییەکی نایاسایی" وەسف کرد کە دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی کارەساتێکی گەورە لە جیهاندا. ڤالێنتینا ماتڤینکۆ، سەرۆکی ئەنجومەنەکە رایگەیاند؛ ئەم پلانانە ئاسایشی کیشوەری ئەوروپا تێکدەدەن و داوای لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاژانسی وزەی ئەتۆمی کرد.
هاوکات، دیمیتری مێدڤێدێڤ ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی وڵاتانی رۆژئاوا کرد و ئاشکرایکرد؛ ئەگەر تەکنەلۆژیای ئەتۆمی بگاتە دەستی کیێڤ، مۆسکۆ ناچار دەبێت چەکی ئەتۆمی لە دژیان بەکاربهێنێت، لێپرسراوانی روسیا جەخت دەکەنەوە کە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە وەک "هێرشێکی راستەوخۆی هاوبەش" بۆ سەر خاکی روسیا هەژمار دەکرێت.
لە هەنگاوێکی نوێدا، سەرۆکی کۆریای باکور وەک پاداشتێک بۆ دڵسۆزییان، نوێترین جۆری چەکی نیشانەشکێن دەبەخشێتە فەرماندە و لێپرسراوانی باڵای وڵاتەکەی و کچەکەشی لە مەیدانی تەقەکردن دەردەکەوێت.
دوای کۆتاییهاتنی کۆنگرەی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتدار، کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکور، کۆمەڵێک تفەنگی نیشانەشکێنی (قەناس) ـی نوێی پێشکەش بە ژمارەیەک لە لێپرسراوانی باڵای حکومی و سەربازیی وڵاتەکەی کرد.
ئاژانسی هەواڵی رەسمی کۆریای باکور بڵاویکردەوە؛ کیم جۆنگ ئون ئەم دیارییانەی وەک هێمایەک بۆ "متمانەی رەها" و پێزانین بۆ ماندووبوونی ئەو لێپرسراوانە لە پێنج ساڵی رابردوودا بەخشیویانە، هاوکات، میدیا رەسمییەکانی ئەو وڵاتە وێنەی کچە هەرزەکارەکەی کیم جۆنگ ئون بڵاوکردەوە کە چاکەتێکی چەرمیی هاوشێوەی باوکی پۆشیوە و لە مەیدانی راهێناندا سەرقاڵی تەقەکردنە، ئەمەش جارێکی تر دەنگۆکانی سەبارەت بە ئامادەکردنی ئەو کچە وەک سەرۆکی داهاتووی وڵات گەرم کردووەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، کۆنگرەی پارتەکە گۆڕانکاریی نوێی لە پۆستە باڵاکاندا بەخۆوە بینی؛ کیم یۆ جۆنگ، خوشکە دەستڕۆیشتووەکەی کیم، پلەکەی بەرزکرایەوە بۆ بەڕێوەبەری کاروباری گشتی لە لیژنەی ناوەندی، کە ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی دەسەڵاتەکانی لە سەرپەرشتیکردنی کاروبارە ناوخۆیی و کارگێڕییەکاندا.
دیمەنە بڵاوکراوەکان ئەوەش نیشان دەدەن کە خوشکی کیم و لێپرسراوە باڵاکان بەو چەکە نوێیانەی پێیان دراوە، مەشقی نیشانەشکێنییان ئەنجامداوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە کۆریای باکور بەردەوامە لە نمایشکردنی هێز و بەهێزکردنی ریزەکانی ناوخۆی پارتە دەسەڵاتدارەکەی.

لە روداوێکی سەختی هاتوچۆدا لەسەر رێگای نێوان پردێ و قەزای دووبز، پێنج ئەندامی یەک خێزان گیانیان لەدەستدا.
روداوەکە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی روویداوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب کۆنترۆڵی لەدەستداوە و کەوتووەتە نێو چاڵێکەوە. بە گوتەی شایەتحاڵەکان، قوربانییەکان خەڵکی گەڕەکی تسعینن لە پردێ و سەرجەمیان ئەندامی یەک خێزانن کە پێکهاتوون لە (خالید کەریم خالید، ئیسماعیل نوری سابر، خاتوون کەریم خالید، شایە خالید کەریم، و کەریم خالید کەریم).
هێڵی ئاسمانیی تورکیا (تۆرکیش ئەیرلاین) سەرجەم ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئێران دەکەن و جەختی لە بەردەوامیی گەشتەکان کردەوە.
یەحیا ئوستوون، بەرپرسی باڵای پەیوەندییەکان لە هێڵی ئاسمانیی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکانیان بۆ ئێران بڵاوبوونەتەوە، بە هیچ شێوەیەک راستی نین. ناوبراو روونیکردووەتەوە کە هیچ گەشتێکیان بۆ ئەو وڵاتە رانەگرتووە و سەرجەم ئەو گەشتانەی لە کاتەکانی رۆژدا بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە، وەک خۆیان و بەبێ هیچ کێشە و گۆڕانکارییەک ئەنجام دەدرێن.
ئەم لێدوانە فەرمییەی بەرپرسەکەی تۆرکیش ئەیرلاین راستەوخۆ دوای ئەوە دێت کە چەندین دەزگای راگەیاندن وەک هەواڵێکی بەپەلە بڵاویانکردەوە گوایە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەوە، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تاران و ئیستەنبوڵ لەلایەن کۆمپانیاکانی هەردوو وڵاتەوە هەڵوەشاونەتەوە.