ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرای کرد کە ئۆپەراسیۆنی هێرشکردنە سەر ئێران لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک دواخراوە بەهۆی هۆکاری کەشوهەوا و پێدانی دوایین دەرفەت بە رێککەوتنی دیپلۆماسی.
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی، واشنتۆن و تەلئەبیب پلانیان هەبوو هەفتەیەک پێشتر هێرش بکەنە سەر ئێران، بەڵام بەهۆی خراپیی کەشوهەوا و پێویستیی هەماهەنگیی سەربازیی زیاترەوە، هێرشەکە دواخرا.
راپۆرتەکە دەڵێت ئەم دواخستنە کاتی زیاتری بە دۆناڵد ترەمپ دا بۆ ئەوەی بڕیار لە نێوان بژاردەی سەربازی و دیپلۆماسیدا بدات، و دوایین دەرفەت بە گفتوگۆکانی جنێڤ بدات. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە ئامانجی سەرەکیی هێرشەکە عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران و سەرکردە باڵاکانی تر بوون لە کاتی کۆبوونەوەی هەفتانەیاندا لە رۆژی شەممە.
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئیسرائیلیش ئاماژەی بەوە کردووە کە یەکێک لە هۆکارەکانی دواخستنەکە بۆ ئەوە بووە کە هەستێکی وایان پێ بدەن کە هێرشەکە نزیک نییە، تاوەکو دڵنیایی بدەنە سەرکردەکان و خامنەیی نەچێتە ناو پەناگە و ژێرزەمینەکانەوە.
هاوتەریب لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، نێردراوەکانی ئەمریکا (جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف) لە جنێڤ پێشنیازێکی کۆتاییان خستە بەردەم تاران بۆ راگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 10 ساڵ لە بەرامبەر پێدانی سووتەمەنیی ئەتۆمیی بێبەرامبەر بۆ مەبەستی مەدەنی. بەڵام دوای ئەوەی تاران پێشنیازەکەی رەتکردەوە، ترەمپ گڵۆپی سەوزی بۆ هێرشە سەربازییەکە هەڵکرد کە لەو کاتەدا تەواوی هێزەکان لە ئامادەباشیی تەواودا بوون.
تاران جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە دوو دەیەی رابردوودا لێکۆڵینەوەی وردیان لە شکستەکانی سوپای ئەمریکا لە ناوچەکەدا کردووە.
عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بۆ ماوەی دوو دەیەیە لێکۆڵینەوەیان لە شکستەکانی سوپای ئەمریکا لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای وڵاتەکەیان کردووە و وانەکانیان لە ستراتیژی سەربازی خۆیاندا بەکارهێناوە.
ئاماژەی بەوەکرد، بۆردومانکردنی تاران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر توانای جەنگی ئێران نابێت، چونکە سیستمێکی بەرگری لامەرکەزییان هەیە کە رێگەیان پێ دەدات کات و شێوازی کۆتاییهاتنی جەنگەکان دیاری بکەن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایدەگەیەنێت، تەواوی هێزی سەربازییان بۆ شەڕی دژی ئێران بەگەڕ خستووە و هێرشەکان چڕتر دەبنەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر شاری تارانی پایتەختی ئێران چڕتر بکەنەوە.
ناتانیاهۆ وتیشی: هێزەکانیان ئێستا بە توندی لە دڵی تارانی دەدەن، و ئەم هێرشانە لە رۆژانی داهاتوودا چڕتر دەبن.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل جەختی لەوەشکردەوە، سوپای وڵاتەکەی بە بەکارهێنانی "تەواوی تواناکانی" دەستیکردووە بە هەڵمەتێکی سەربازی بێوێنە، بە ئامانجی پاراستنی بوونی ئیسرائیل و داهاتووی وڵاتەکەی.
ناتانیاهۆ سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو ئیسرائیلییانە کرد کە لە ئەنجامی هێرشە موشەکییەکانی ئێراندا کوژراون، و ئاماژەی بەوەش دا کە ئیسرائیل بە "رۆژانی سەخت"دا تێپەڕ دەبێت.
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە، خزمەتگوزاری فریاکەوتنی ئیسرائیل رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆ سەر شارۆچکەی "بەیت شیمش"، نۆ کەس کوژراون.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، تاران بۆ راگرتنی گرژییەکان هەنگاو دەنێت.
عەباس عراقچی بە هاوتا عومانییەکەی تاگەیاندووە، وڵاتەکەی دەستپێشخەرییە جدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری قبوڵ دەکات.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عومان، رەوشی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و جەختی لەسەر هەڵوێستی وڵاتەکەی کردەوە.
عراقچی لەو پەیوەندییەدا ریگەیاند، ئێران پێشوازی لە هەر هەوڵێکی "جدی و راستەقینە" دەکات کە ئامانجی راگرتنی گرژی و ئاڵۆزییەکان بێت لە ناوچەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەشی خستەڕوو، تاران ئامادەیە بۆ کارکردن لەپێناو گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئارامی بۆ ناوچەکە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکان.
سەرۆک کۆماری ئێران رایدەگەیەنێت: کوژرانی عەلی خامنەیی کارەساتێکی گەورەیە و ئەنجوومەنی کاتیی دەستی بەکارەکانی کردووە.
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە ئاراستەی گەلی وڵاتەکەی کرد، کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە دەستی ئیسرائیل و ئەمریکا بە "کارەساتێکی گەورە" وەسف کرد.
پزیشکیان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە ئەم روداوە بۆ ئێران قورسە، بەڵام رێبازی رێبەران بۆ دادپەروەری بەردەوام دەبێت و بە کۆچی ئەوان ئەم کاروانە ناوەستێت.
وتیشی: ئەمریکا و ئیسرائیل جگە لە سەرشۆڕی، هیچ دەستکەوتێکی تریان لەم کارەیاندا نابێت.
سەرۆک کۆماری ئێران ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی مادەی 111ـی دەستوری وڵات، لە ئەمڕۆوە "ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کاتیی" کارەکانی دەستپێکردووە بۆ ئەوەی بەردەوامی بە رێبازی رێبەری پێشوو بدات. هەروەها جەختی لەوەش کردەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران بە توندی وەڵامی هەر هێرشێک دەدەنەوە و بنکەکانی دوژمن تێکدەشکێنن.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر لەگەڵ لایەنە لێپرسراوەکانی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و تاوتوێ ڕێکاری پێویست بۆ دۆخە نائاسایی و لەناکاوەکان و چاودێریکردنی بازاڕو دەروازەکان و سوتەمەنیی و دۆخی ئاوو کارەباو تەندروستیی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان کرد.
د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، لە چەند کۆبوونەوەیەکدا؛ بەئامادەبوونی بەڕێزان جێگرانی پارێزگاری سلێمانی، لەگەڵ بەڕێزان قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی و، قائیمقامەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای سلێمانی، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی و بەڕێوەبەرە گشتیی و فەرمانگا خزمەتگوزارییە پەیوەندیدارەکان و، بەڕێوەبەرانی بەڕێوەبەرێتییەکانی ئاسایش و بەرگری شارستانیی و پۆلیس و هاتووچۆدا؛ کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، ڕێکاری پێویست بۆ دۆخە نائاسیی و لەناکاوەکان و، چاودێریکردنی بازاڕو دەروازەکان و سوتەمەنیی و دۆخی ئاوو کارەباو تەندروستیی و خزمەتگوزارییە گشتییەکان دیایکران.
هاووڵاتیانی دڵنیاکرانەوە لە هەبوونی هەموو پێداویستییەکان و چاودێریکردنی نرخ و پاراستنی کوالێتیی و قەبارەی خستەڕوو، نەبوونی گرفتی هاتوچۆی بازرگانیی و قەبارەی کاڵاو پێداویستییەکان.
هەموو فەرمانگاکانی حکومەتی خۆجێی سلێمانی لە خزمەتی بەردەوامی هاووڵاتیان و پاراستنی ئاسایشی گشتیی و ئارامیی و پێشکەشکردنی خزمەگوزارییە گشتییەکان و سەقامگیریی بازارو جوڵەی بازرگانیی و ئابورییدا دەبن.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پرسەنامەیەک ئاڕاستەی گەلی ئێران دەکات و رایگەیاندووە: لەم کاتە سەختە و مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، دڵ و بیرمان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدایە کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە
دەقی پرسەنامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی...
بە ناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، قووڵترین سەرەخۆشیی خۆمان ئاڕاستەی گەلی ئێران و هەموو ئەوانە دەکەم کە لە ماتەمینیدان بۆ لەدەستدانی رابەری باڵا، ئایەتوڵا عەلی خامنەیی و ئەو بەرپرسە باڵایانەی تر کە لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا شەهیدبوون. دەزانین کە ئەم رووداوانەی ئەم دواییە، خێزان و کۆمەڵگەی ئێوە و دەرەوەی ئێوەشی توشی خەم و دڵەڕاوکێی قووڵ کردووە.
لەم کاتە سەختە و مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا، دڵ و بیرمان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەدایە کە بەهۆی ململانێکانەوە زیانیان بەرکەوتووە. ئێمە بەردەوامین لە باوەڕبوونمان بەوەی کە تەنها دیالۆگ و سەرکردایەتیکردنی بەرپرسیارانە دەتوانێت رێگری لە ئازاری زیاتر بکات و ببێتە هۆی سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ناوچەکەماندا.
هیوای سەبووری بۆ ئەو کەسانەی دەخوازین کە ئازیزانیان لەدەستداوە، هیوادارین دانایی، خۆگرتن، و پابەندبوونی پتەو بە سەقامگیرییەوە رێنمونیکەری هەموو سەرکردەکان بێت لەم کاتە هەستیارەدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، کە لە زاری دوو سەرچاوەی ئەمریکییەوە بڵاوکراوەتەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رێک لەو کاتەدا ئەنجامدراون، کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، لەگەڵ بازنەی نزیک و راوێژکارە باڵاکانی لە کۆبوونەوەدا بووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە دڵنیابوونەوەی هەواڵگری لە شوێن و کاتی ئەو کۆبوونەوەیە، هۆکاری سەرەکیی دەستپێکردنی هێرشەکان بووە لەو ساتەدا، بە ئامانجی دروستکردنی جۆرێک لە شۆکی گەورە لە رێگەی بە ئامانجگرتنی راستەوخۆی خامنەیی و تیمەکەی.
بە گوێرەی زانیارییەکانی رۆیتەرز بڕیاربووە کۆبوونەوەکە ئێوارەی رۆژی شەممە ئەنجام بدرێت، بەڵام کاتەکەی پێشخراوە بۆ بەیانیەکەی.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل، کە بەردەوام چاودێری جووڵەکانی رێبەری ئێرانیان کردووە، هەر لە بەیانی ڕۆژی شەممەوە بە گۆڕانکارییەکە و ئەنجامدانی دیدارەکە لەگەڵ کەسە نزیکەکانیاندا زانیووە، هەر ئەمەش وایکردووە پلانی هێرشەکە خێرا بکرێت و پێش بخرێت بۆ ئەوەی رێک لە کاتی کۆبوونەوەکەدا لێدانەکە ئەنجام بدرێت.
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەکان، بەبۆنەی کوژرانی علەی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران راگەیەندراێکی بڵاوکردوە وتێیدا هاتووە؛ بەوپەڕی خەم و پەژارەوە، سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی گەلی شەریفی ئێران و گشت موسڵمانانی جیهان دەکەم بەبۆنەی کوژرانی سەرکردەی گەورەی ئێران، جەنابی ئایەتوڵڵا سەید خامنەیی.
ئاماژەی بەوەشکردوە، پێگە بەرزی ئەو کۆچکردووە گەورەیە و رۆڵە بێوێنەکەی لە رێبەرایەتیکردنی سیستەمی ئێران لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، بۆ هەمووان روون و ئاشکرایە و داواش دەکات هاووڵاتییانی ئێران یەکگرتوبن و یەکپارچەی خۆیان بپاریزن.
جەختیشیکردوەتەوە، گومانی تێدا نییە، کە دوژمنان لە رێگەی کوشتنی عەلی خامنەی و پەلاماری سەربازی بەرفراوان بۆ سەر ئەو وڵاتە، هەوڵ دەدەن گورزێک لە ئێرانی ئازیز بوەشێنن.
سیستانی دەشڵێت؛ چاوەڕوانیم لە گەلی مەزنی ئەم وڵاتە ئەوەیە کە لەم رەوشە سەخت و هەستیارەدا، یەکڕیزی و تەبایی نیشتمانی خۆیان بپارێزن و رێگە نەدەن دەستدرێژیکاران بگەنە ئامانجە گڵاوەکانیان.
سوپای پاسدارانی ئێران، شەشەمین راگەیەندراوی بڵاوکردەوە و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هێرشە چەکدارییەکانی بۆ سەر ئامانجە سەربازییەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا رادەگەیەنێت.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سوپای پاسداران، لە رێگەی شەپۆلێکی چڕی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە، ناوچە جیاوازەکانی ناو خاکی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردووەتە ئامانج.
لە بەشێکی تری راگەیەنداروەکەدا هاتووە، ئامانجەکانیان بە تەواوەتی پێکاوە، لەوانەش 27 بنکەی سەربازی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بنکەی ئاسمانی "تەل نوف" و بارەگای سەرکردایەتی گشتی سوپای ئیسرائیل لە "هاکاریا". هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، کە کۆمەڵگەی پیشەسازی بەرگری لە تەل ئەبیب یەکێکی تر بووە لە ئامانجە سەرەکییەکان.
سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، کە هێزە چەکدارەکانی ئێران رێگە نادەن دەنگی زەنگی مەترسی لە ناوچەکەدا بوەستێت و هەڕەشەی ئەنجامدانی تۆڵەسەندنەوەی جیاواز و گورجبڕ دەکەن.
لە کۆتایی راگەیەنداروەکەدا، ئاماژە بەوە کراوە، کە هێرشەکان بەشێوەی یەک لە دوای یەک و توندتر بەردەوام دەبن تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان.
بەیانی رۆژی شەممە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانیش بە هەواڵێکی بەپەلە و شۆکهێنەر دەستی پێکرد، کاتێک وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکی رەسمیدا، دەستپێکردنی هێرشێکی سەربازیی هاوبەشی لەگەڵ ئەمریکا بۆ سەر قوڵایی خاکی ئێران راگەیاند.
پاش کەمێک، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە تاران و دەوروبەری بیسترا، ئەمەش وایکرد بەرپرسانی فڕۆکەوانی ئاسمانی ئێران و عیراق بۆ پاراستنی گیانی سەرنشینان، هەموو گەشتە ئاسمانییەکان رابگرن و ئاسمان بەڕووی هاتوچۆدا دابخەن
لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئۆپراسیۆنەکەی بە هەنگاوێکی گەورە بۆ "سەقامگیری" وەسف کرد، تاران بێدەنگ نەبوو؛ سوپای پاسداران بە چەندین موشەکی بالیستی پێگەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی لە ناوچەکە کردە ئامانج.
مەودای گرژییەکان تەنها لەناو خاکی ئێراندا نەمایەوە، بەڵکو هێرشەکان گەیشتنە بەحرەین، ئیمارات، سعودیە و شاری هەولێر، هاوکات تاران بە رەسمی داخستنی گەرووی هورمزی راگەیاند، کە گرنگترین رێڕەوی وزەیە لە جیهاندا.
میدیا جیهانییەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرایلدا بۆسەر ئێران، زیاتر لە 40 بەرپرسی ئێران کوژراون وخودی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکرد هێرشيکان چوار رۆژ دەخایەنێت.
هەرچەندە لە سەعاتەکانی یەکەمدا میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لە ئەگەری کوژرانی بەرپرسە باڵاکان دەکرد و میدیاکانی ئێرانیش بە توندی رەتیان دەکردەوە، بەڵام دواجار لە کاتژمێر 4:30بەرەبەیاندا، تاران هەواڵە چاوەڕواننەکراوەکەی پشتڕاستکردەوە و بە رەسمی راگەیەندرا، کە عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەگەڵ کچەکەی و زاوایەکی لە ئەنجامی هێرشەکاندا هەر بەرەبەیان کوژراون.
ئەم راگەیاندنە بووە هۆی دروستبوونی شۆک لە ناوخۆی ئێران وسوپای پاسداران هەڕەشەی "تۆڵەیەکی وێرانکەر"ی کرد، بەڵام دۆناڵد ترەمپ خەمساردانە لە لێدوانێکی رایگەیاند،کە "نەمانی ئەم بەربەستانە" دەرفەتێکی نوێیە بۆ رێککەوتن و کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئەمڕۆ ئاسانتر لە دوێنێ دەتوانین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن.
موقتهدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لە راگەیەندراوێکدا، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی جیهانی ئیسلامی کرد بەبۆنەی کۆچی دوایی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەییەوە و سێ رۆژ ماتەمینی لە عیراق رادەگەیەنێت.
دوای پشتڕاستکردنەوەی کوژرانی عەلی خامنیەی لەلایەن میدیاکانی ئێرانەوە، موقتەدا سەدر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وتێیدا هاتوە؛ خامنەیی بە "عالم و موجاهید" وەسف کردووە و نزا دەکات، کە خودا بە باوباپیرانی شاد بکاتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشێدا ئاماژەی بەوەکردوە، بەم بۆنە خەمناکەوە سێ رۆژ ماتەمینی گشتی لە سەرتاسەری عیراقدا رادەگەیەنێت.

پیت هیگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا، رایگەیاند، لەسەر فەرمانی راستەوخۆی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ، سوپای ئەمریکا ئۆپراسیۆنی هێرشی دژی ئێران دەستپێکردووە.
هیگسێس ئەم هەنگاوەی وەک "کوشندەترین و ئاڵۆزترین ئۆپراسیۆنی ئاسمانی لە مێژوودا" وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە ئەمە وەڵامێکە بۆ نیو سەدە لە سیاسەتەکانی تاران و شکستهێنانی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
ناوبرا جەختیکردوەتەوە، کە ئامانجی سەرەکی ئەم هێرشانە بریتییە لە لەناوبردنی تەواوەتی توانای موشەکی و هێزی دەریایی ئێران و رێگریکردن لە دەستڕاگەییشتنی ئەو وڵاتە بە چەکی ئەتۆمی بۆ هەمیشە..
وەزیری جەنگ هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و رایگەیاند، کە ئەمریکا چیتر بەرگەی هەڕەشە بۆ سەر هاووڵاتییانی ناگرێت و "ئەم شەڕە دەبەنە قۆناغی کۆتاییەوە".
ئاماژەی بەوەشکردوە، کە هێزەکانی ئەمریکا بە تەواوی "ئازاد کراون" بۆ پێکانی ئامانجە ستراتیژییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، جارێکی دیکە، رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە و ئاماژەی بەوەشکردوە، وەک هەمیشە، دڵنیام کە ئێوە بە بەهێزی، خۆڕاگر و یەکگرتوویی دەمێننەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتی
هاوڵاتیانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان،
جارێکی دیکە، ڕووبەڕووی مەترسییەکی گەورە بووینەتەوە. وەک هەمیشە، دڵنیام کە ئێوە بە بەهێزی، خۆڕاگر و یەکگرتوویی دەمێننەوە.
لە پێناو ئەم یەکگرتن و یەکڕیزییە گرنگ و پێویستە، لە پەیوەندیی بەردەوامداین لەگەڵ هەموو لایەنە عیراقی و کوردییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ئەوەی هەموو توانایەکمان بخەینەگەڕ بۆ بەرگریکردن و پاراستنی خەڵکی هەرێمی کوردستان و عیراق لەم مەترسییە.
خوای گەورە هەمووان بپارێزێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە بەغداد کۆبوونەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە د. خالید شوانی، وەزیری دادی عیراق ئامادەیبوو، دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکان و هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە پێویستیی گرتنەبەری رێکاری گونجاو بۆ پاراستنی سەقامگیریی عیراق کرایەوە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، کە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانیان بە هەماهەنگییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ ئەمریکا دژی ئێران بەردەوام دەبن، "بە هەر نرخێک بێت".
نەتەنیاهۆ ئاشکرای کرد، کە هێزەکانیان بارەگای سەرەکی عەلی خامنەییان لە تاران وێران کردووە و توانیویانە ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەکانی رژێم و سوپای پاسداران لەناو ببەن؛ هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەڵگەی زیاتر هەن دەیسەلمێنن "خامنەیی چیتر لە ژیاندا نەماوە".
نەتەنیاهۆ جەختی لەوە کردەوە کە ئەم شەڕە دواجار دەبێتە هۆی بەدیهێنانی ئاشتی، بەڵام داوای سەبر و بەرگەی زیاتری کرد.
هەروەها سوپاسی سەرۆک دۆناڵد ترەمپی کرد بۆ "سەرکردایەتییە مێژووییەکەی" و جەختی کردەوە، کە رژێمی ئێران نابێت دەستی بە چەکی ئەتۆمی رابگات، چونکە مەترسییە بۆ سەر بوونی ئیسرائیل.
لە کۆتاییدا نەتەنیاهۆ داوای لە گەلی ئێران دەکات دەسەڵاتی ئێستای ئێران بڕوخێنن و رایگەیاند ئێستا دەرفەتێکی مێژوویی بۆ ئێرانییەکان رەخساوە تاوەکو خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن.