سێرگی لافرۆف، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هیچ پێویستییەک نابینێت بۆ دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
ناوبراو بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، مۆسکۆ "پەلەی نییە" لە کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە ئەوان هۆکاری دەتپێکردنی نین.
ئەم لێدوانانەی لافرۆف لە کاتێکدایە کە وەفدی هەردوولا لە جنێف کۆبوونەوەی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین.
لە لایەکی دیکەوە، دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین ئاماژەی بەوە کردوە، کە هێشتا زووە بۆ هەر پێشبینییەک دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکان و رەتیکردەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سازبکرێت تا ئەو کاتەی دانوستانکاران دەگەنە قۆناغی کۆتایی و ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە.
بەپێی بەڵگەنامە دادوەرییەکان، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا داواکارییەکی حکومەتی ڤەنزوێلای بۆ دابینکردنی تێچووی یاسایی بەرگریکردن لە سەرۆک "نیکۆلاس مادۆرۆ" رەتکردەوە، کە لە ئێستادا لە ویلایەتە یەکگرتووەکان دەستبەسەرە.
باری پۆلاکی پارێزەری مادۆرۆ، ئاشکرای کردووە، کە نوسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (OFAC) لە 9ی کانوونی دووەمی 2026دا سەرەتا مۆڵەتی وەرگرتنی پارەی لە حکومەتی کاراکاس پێداون، بەڵام تەنها دوای سێ سەعات بە شێوەیەکی کتوپڕ پەشیمان بونەتەوە و رێگریان لە وەرگرتنی تێچووەکە کردووە، لە کاتێکدا مۆڵەتی هاوسەرەکەی، سیلیا فلۆریس، وەک خۆی ماوەتەوە.
پارێزەرەکە ئەم هەنگاوەی بە پێشێلکردنی دەستووری ئەمریکا و مافی تۆمەتبار بۆ دیاریکردنی پارێزەر ناوبردووە و داوای گەڕاندنەوەی مۆڵەتەکەی کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە لە ٣ی کانوونی دووەمی رابردوو، ئەمریکا لە هێرشێکی بەرفراواندا مادۆرۆ و هاوسەرەکەی بە تۆمەتی "تیرۆری پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان" دەستگیرکرد و گواستیانەوە بۆ ئەمریکا، سەرۆکی فەنزوێلا و هاوسەرەکەی نکۆڵی لە تاوانەکە دەکەن و لە دادگای نیویۆرک رایانگیاند بێ تاوانن و تا ئێستا کەیسەکەیان یەکلای نەبوەتەوە.
د. لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە عەمار موسا کازم ئەمینداری بەغداد کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٦-٢- ٢٠٢٦ لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچوو ، سەرۆک کۆمار فەرمانی سەرۆکایەتیی بۆ دیاریکردنی ئەمینداری پایتەخت پێشکەش بە عەمار کازم کرد، هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانیدا بۆ باشترکردنی پایتەخت و پەرەپێدانی ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکەش بە دانیشتوانەکەی دەکرێت.
سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە بەغداد شایەنی سەرنجی بەرچاوە بە هۆی پێگەی مێژوویی و کەلتووری و ئیسلامی و شارستانیی لە نێو پایتەختە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکاندا، ئەمە جگە لە ژمارەی دانیشتووانی کە زۆرن، بۆ ئەمەش پێویستی بە هەوڵی زیاتر هەیە بۆ پەرەپێدانی لە هەموو روویەکەوە. جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی پایتەخت لە رێگەی دەرکردنی یاسای کارگێڕی و دارایی کە بەشدارە لە گەشەسەندنی بەغداد.
لای خۆیەوە ئەمینداری بەغداد سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ پاڵپشتی سەرۆک کۆمار دەربڕی، پابەندبوونی خۆی دووپاتکردەوە بۆ سود وەرگرتن لە هەموو ئەو سەرچاوانەی کە لەبەردەستدان بۆ باشترکردنی پایتەخت و پەرەپێدانی بە شێوەیەک کە لەگەڵ گرنگیی مێژوویی و کەلتوورییەکانیدا بگونجێت.
دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆشکی بەغداد پێشوازی لە هەیسەم زەهوان کرد و مەرسومی کۆماریی تایبەت بە دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری نوێی سەڵاحەدین رادەست کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار هیوای سەرکەوتنی بۆ پارێزگاری نوێ خواست و جەختی لە گرنگیی خستنەگەڕی هەموو هەوڵەکان کردەوە بۆ خزمەتکردنی دانیشتووانی پارێزگاکە و چەسپاندنی سەقامگیریی ئەمنی و کۆمەڵایەتی، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی خواست و پێویستییەکانی هاوڵاتییان بێت.
لای خۆیەوە، هەیسەم زەهوان سوپاس و پێزانینی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی و ستایشی پەرۆشیی بەڕێزیانی کرد بۆ پاراستنی سەقامگیریی عیراق و بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی گەل. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە بە رۆحییەتی بەرپرسیارییەتییەوە کار دەکات بۆ خزمەتکردنی پارێزگای سەڵاحەدین و دابینکردنی خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ خەڵکەکەی.

پەیامنێری کوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند: پڕۆسەی وردبینی لە لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە کۆتا گەیشتووە و نوسراوی خەرجکردنی پارەکە گەیشتووەتە نوسینگەی تایبەتی تەیف سامی، وەزیری دارایی عیراق.
هاوکات وەزارەتی نەوتی عیراق نووسراوی رەسمی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە و تێیدا جەختی لەسەر بەردەوامبوونی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کردووەتەوە.
هاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند؛ لە نوسینگەی تەیف سامیەوە پێمراگەیەندراوە کە چاوەڕوانی ناردنی 120ملیار دینارەکەی حکومەتی هەرێمن بۆ ناردنی موچە.
گەڕی سێهەمی دانوستانە ئەتۆمییە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری سوڵتانی عومان، ئەمڕۆ لە بارەگای باڵیۆزخانەی عومان لە شاری جنێڤ دەستیپێکرد.
عەباس عیراقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران و تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەی کە لە وەفدێکی سیاسی و تەکنیکی پێکهاتوون، پاش گەیشتنیان بۆ مەسقەت و ئەنجامدانی چەند دیدارێک لەگەڵ بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان، گەیشتنە جنێڤ و تێبینی و پێشنیازەکانی خۆیان لەبارەی پرسی ئەتۆم و لادانی سزاکان خستووەتە ڕوو.
هاوکات ستیڤ ویتکۆف و وەفدی ئەمریکیش گەیشتنە جنێڤ بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان. عیراقجی پێشتر لە لێدوانێکدا رایگەیاندبوو کە گەیشتن بە رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ گونجاوە و ئێران بە بوێرییەوە بۆ ئەو ئامانجە تێدەکۆشێت، لە کاتێکدا هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەش لە ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاکەکەیان.
جێی ئاماژەیە گەڕی یەکەمی ئەم دانوستانانە لە 17ی شوبات لە مەسقەت و گەڕی دووەمیش لە 28ی هەمان مانگ لە جنێڤ بەڕێوەچوو بوون.
وابڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە جنێف، گەڕێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی ئەتۆمی و دوورکەوتنەوە لە هێرشی سەربازی دەستپێبکات.
ئەم وتووێژانە لە کاتێکدایە کە واشنتۆن هێزێکی زۆری سەربازی لە ناوچەکە کۆکردووەتەوە و دۆناڵد ترەمپ هۆشداری دابوو کە دەبێت ئێران لە ماوەی 10 بۆ 15 رۆژدا بگاتە رێککەوتن، ئەگەرنا رووبەڕووی لێکەوتەی مەترسیدار دەبێتەوە. بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ، لە دانوستانە ناڕاستەوخۆکاندا لەگەڵ عەباس عیراقجی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەشدارن و بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومانیش رۆڵی نێوەندگیری دەگێڕێت.
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و ئەوە ئامانجی کۆتایی هەر کارێکی سەربازی دەبێت.
لە بەرامبەردا عەباس عیراقجی جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی دەیەوێت بگاتە رێککەوتنێکی خێرا و دادپەروەرانە، بەڵام دەستبەرداری مافی خۆیان لە تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئاشتییانە نابن.
بەپێی زانیارییەکان، تاران چەند تەنازولێکی نوێی پێشنیاز کردووە لە بەرانبەر لادانی سزاکان بۆ ئەوەی رێگە لە هێرشی ئەمریکا بگرێت، بەڵام هەردوولا هێشتا لەسەر چۆنیەتی و کاتی لادانی سزاکان ناکۆکی قووڵیان هەیە. هاوکات رافائیل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش لە جنێف ئامادەیە بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە.
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراین لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، پرسی دانوستانەکانی داهاتووی بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی روسیا بۆ سەر وڵاتەکەی تاوتوێ کرد.
لەو پەیوەندییەدا کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ ئامادەی بوون، زیلینسکی سوپاسی ئەمریکای کرد بۆ رۆڵی نێوەندگیری لەو گفتوگۆیانەی کە روسیایشی تێدایە و رایگەیاند کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە جنێڤ گەڕێکی نوێی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئۆکراین دەستپێبکات.
زیلینسکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم زستانە بەهۆی هێرشەکانی روسیاوە قورسترین وەرز بووە بۆ وڵاتەکەی و باسیان لە ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان هەردوو لایەنی روسی و ئەمریکی کردووە کە بڕیارە لە سەرەتای مانگی 3دا بەڕێوەبچێت، هەرچەندە لایەنی روسی هێشتا وادەکەی پشتڕاست نەکردووەتەوە.
سەرۆکی ئۆکراین هیوای خۆی بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی سەرۆکەکان دەربڕی و جەختی کردەوە کە ترەمپ پشتیوانی خۆی بۆ ئەو بیرۆکەیە نیشانداوە، هاوکات کۆشکی سپیش ئەنجامدانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پشتڕاستکردەوە بەبێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
دوای دوو ساڵ و دوو مانگ لە مانگرتن، دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز لە شاری کەرکوک، بە رەسمی کۆتاییهاتنی چالاکییە ناڕەزایەتییەکانیان و هەڵگرتنی خێمەکانیان راگەیاند.
دانیشتووانی گەڕەکەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوە کرد، "دوای دەربڕینی ناڕەزایی دژی داگیرکردنی ماڵ و حاڵیان و سەپاندنی رەوشی عەسکەرتارییەت، دواجار توانرا لە رێگەی دیالۆگ و بەرپرسیاریێتییەوە کۆتایی بەو رەوشە نائاساییە بهێنرێت کە زیاتر لە دوو ساڵ بوو باڵی بەسەر گەڕەکەکەدا کێشابوو".
دانیشتووانی گەڕەکی نەورۆز دەستخۆشی و پێزانینی بێپایانیان ئاڕاستەی رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکوک کرد و رایانگەیاند: پارێزگار بە شێوەیەکی مەیدانی هاتە ناو گەڕەکەکەمان و لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوپاسالاری عیراق، توانی مافەکانمان بپارێزێت و بیسەلمێنێت کە ئەو پارێزگاری هەموو پێکهاتەکان و پارێزەری راستەقینەی مافی هاووڵاتیانە."
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا دانیشتووانی گەڕەکەکە دووپاتیانکردەوە، کە گەڕەکی نەورۆز وەک هێمایەک بۆ خۆڕاگری دەمێنێتەوە و کەرکوکیش تەنها بە یەکڕیزی، پێکەوەژیان و سەروەری یاسا ئاوەدان دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، ئەمشەو لە ناحیەی رزگاری بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە تەقەکراوە و لە ئەنجامدا دوو کەس کوژراون.
بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر، رووداوەکە سەعات 8:00ی ئەمشەو روویداوە و قوربانییەکان ناویان (زوهێر مستەفا بوزو) و (محەمەد یوسف مەلا فەرەخ)ە.
پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دەستبەجێ تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەردوو تۆمەتباری سەرەکییان بە ناوەکانی (ی. م. ع) و (ع. ی. م) دەستگیرکردووە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبارەکان دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە و لێکۆڵینەوەکانیش لە رووداوەکە بەردەوامن.
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، ئەگەرچی سیستمی وڵاتەکەیان پێویستی بە چاکسازی هەیە، بەڵام کێشە سەرەکییەکانیان لە ناوخۆوە نین، بەڵکو بەشێکی زۆریان پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەکییەوە هەیە.
عیراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئیندیا تودەی) کە لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی چاکسازی بۆ دەربازبوون لە گۆشەگیرییە نێودەوڵەتییەکان لێی پرسی، رایگەیاند: مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بنەمای پۆلێنە سیاسییە جیاوازەکان کەسێکی ریفۆرمخوازە و تا ئێستاش کارەکانی بەباشی راپەڕاندووە، بەڵام کێشەی سەرەکی ئێران لە چاکسازی ناوخۆییدا نییە.
وتیشی: "هەر سیستمێک پێویستی بە چاکسازی و کەمکردنەوەی کەموکوڕییەکانیەتی، ئەمە روونە. بەڵام کێشەکانمان زیاتر دەرەکین و دەگەڕێنەوە بۆ دوژمنایەتییەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و وڵاتانی دیکە."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیشیکردەوە، سیاسەتی وڵاتەکەیان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دوژمنایەتییانە، بەرگریکردن لە خۆیان و لە پلەی یەکەمیشدا پاراستنی گەلی ئێرانە.
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، ئەو لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا سەبارەت بە کەمپی هۆڵ داویەتی، هەوڵێکە بۆ هەڵاتن لەو بەرپرسیارێتییەی دەکەوێتە ئەستۆیان و داپۆشینی ئەو شکستانەی لە بەڕێوەبردنی کەمپەکەدا روبەڕویان بووەتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێش ئەو رووداوانەی لە کەمپی هۆڵ رویاندا، گروپە چەکدارەکانی سەر بە دیمەشق هێرشی راستەوخۆیان کردووە و هێزیان بەرەو کەمپەکە جوڵاندووە، تا ئەو ئاستەی پێکدادانەکان گەیشتوونەتە سەر دیوارەکانی کەمپەکە. ئەوەش هاوکات بووە لەگەڵ جوڵەی رێکخراوی خێزانەکانی داعش لە ناوەوەی کەمپەکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەبەردەم ئەو ئاڵۆزییە مەبەستدارە و بێدەنگییە گوماناوییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هێزەکانیان ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ ئەوەی کەمپەکە نەبێتە گۆڕەپانێکی کراوەی جەنگ. دوای ئەوەش، ئەو گروپە چەکدارانە چوونەتە ناو کەمپەکەوە و لەبەردەم کامێرای چەکدارەکانی خۆیاندا دەستیانکردووە بە دەرکردنی خێزانەکانی داعش.
هەسەدە دەشڵێت، پرۆسەی قاچاغچێتی بە خێزانەکانی داعشەوە بۆ ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک بە ئاشکرا و بە بەڵگەوە بەردەوام بووە، ئەویش لەژێر چاودێری و سەرپەرشتیی چەکدارانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی حکومەتی دیمەشقدا. جەختیشیکردووەتەوە کە ئەو لایەنانەی کۆنترۆڵی کەمپەکەیان کردووە بەرپرسیارن لەو دۆخە و ئەو راستییانەش بە دەنگ و رەنگ سەلمێنراون و بە لێدوانی چەواشەکارانە پەردەپۆش ناکرێن.
هەسەدە ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانیان و بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەکە بۆ ماوەی چەندین ساڵ، سەرەڕای ئاڵۆزیی دۆسیەکە و نەبوونی پاڵپشتیی پێویست و ئاڵەنگارییە ئەمنییە بەردەوامەکان، ئەرکی مرۆیی، ئەخلاقی و ئەمنیی خۆیان بەجێگەیاندووە و تەنیا خەمیان پاراستنی دانیشتووانی کەمپەکە و رێگریکردن بووە لە دروستبوونەوەی شانەکانی رێکخراوەکە لە ناوەوە یان دەرەوەی کەمپەکە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هەسەدە جەخت لەوە دەکاتەوە کە لێدوانە نابەرپرسانەکانی وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سوریا، هەوڵێکی سیاسییە بۆ چەواشەکردنی رای گشتی و لادانی سەرنجەکان لەو کەلێنە ئەمنی و کارگێڕییانەی لە قۆناغی کۆنترۆڵکردنی کەمپەکە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە دروستبوون. پاشەکشەی هێزەکانیشیان دەرەنجامی راستەوخۆی ئەو هێرشە سەربازییە بووە کە دیمەشق کردیە سەر کەمپەکە و دەوروبەری.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە ئاگادارییەکدا شۆفێران لە دانانی چەند کامێرایەکی گەڕۆکی تۆمارکردنی خێرایی لەسەر رێگەی نێوان کەسنەزان بۆ گۆمەسپان ئاگادار دەکاتەوە.
لە راگەیەندراوەکەی هاتوچۆی هەولێردا هاتووە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی خێرایی و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، کامێرای گەڕۆکی تۆمارکردنی خێرایی لە چەندین خاڵی ئەو رێگەیە جێگیر دەکرێن.
هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بە شوێنی جێگیرکردنی کامێراکانیش کردووە کە پێکدێن لە: 1- گوندی مام چۆغان 2- گوندی کانی شاوێردی 3- هەورازە نەفتە 4- بەردەباز 5- کانی کەوان 6- گۆمەسپان
لە کۆتایی ئاگادارییەکەشدا، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر داوا لە سەرجەم شۆفێران دەکات، لە پێناو سەلامەتیی خۆیان و ئەوانی دیکەشدا، پابەندی ئەو خێراییە دیاریکراوە بن کە بۆ رێگەکە دانراوە.
مەفرەزەکانی نووسینگەی چەمچەماڵی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە قاسەیەکی ماڵێکی بڕیبوو و بڕێکی زۆر پارەی تێدا بووە.
دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ سکاڵای تۆمارکرد کە دز چۆتە سەر ماڵەکەی و قاسەی پارەکانیانی دزیوە، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێ کرد. بەپێی سکاڵاکە، لە ناو قاسەکەدا بڕی 113 ملیۆن دیناری عیراقی و 300 دۆلاری ئەمریکی تێدا بووە.
پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، تیمەکانی پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد و بە سودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری و سەرچاوەکانی زانیاری، توانیان تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن. تۆمەتبارەکە ناوی (ع، ع، ع) و لەدایکبووی ساڵی 2004-ەو دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.
لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 443 لە یاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە بەردەوامە.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرهەمدار بووە و جەخت لە گرنگیی پێکەوە کارکردن دەکاتەوە بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر.
مەزڵوم عەبدی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس، پۆستێکی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوێتی، مایەی خۆشحاڵییان بووە لە کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و بەسووددا چاویان بە سەرۆکی یەکێتی کەوتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو هاوبەشی و پێکەوە کارکردنە بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر بۆ گەلەکەیان بەرز دەنرخێنن، چونکە ئەو دیدارە هەماهەنگیی هاوبەش بەهێزتر دەکات و رەنگدانەوەی پابەندبوونیانە بە بونیاتنانی پەیوەندییەکی بەهێز و بەرهەمدار.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە باسی لەوەشکردووە، هاوکات کۆبوونەوەیەکی دیکەیان لەگەڵ تۆم باراک، نێردراوی ئەمریکا بۆ سوریا ئەنجامداوە و تیایدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە و رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم کردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، دیدارەکەیان لەگەڵ نێردراوی ئەمریکا دەرفەتێک بووە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا لەبارەی رێگەکانی بەهێزکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا، هەروەها جەختیان لە پێکەوە کارکردن کردووەتەوە بۆ روبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی کە گەلی سوریا پێیدا تێدەپەڕێت.
خورما بژاردەیەکی نمونەییە بۆ شکاندنی رۆژوو لە کاتی بەربانگدا، چونکە بەهۆی بونی شەکری سروشتییەوە کە بە ئاسانی هەرس دەکرێت، بڕێکی خێرا لە وزە دەبەخشێتە جەستە، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا بە شێوەیەکی مامناوەند دوای چەندین سەعات لە بەرۆژووبون. هاوکات ریشاڵە خۆراکییەکانی ناو خورما پرۆسەی هەرسکردن باشتر دەکەن و کێشەی قەبزی کەمدەکەنەوە.
لە پاڵ خورمادا، شیر تەواوکەرێکی خۆراکیی گرنگە، بەو پێیەی دەوڵەمەندە بە پرۆتینی کوالێتی بەرز و کالسیۆم، لەگەڵ ڤیتامینە سەرەکییەکانی وەک "B12" و "D"، جگە لە کانزاکانی وەک پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم، ئەمەش یارمەتیی جەستە دەدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلە و خوێیانەی لە کاتی بەرۆژووبوندا لەدەستچوون.
لەلایەکی دیکەوە خورما دژە ئۆکسانی تێدایە کە بەرگریی جەستە بەهێز دەکات، پۆتاسیۆمیش بەشدارە لە رێکخستنی پەستانی خوێندا، هەروەها ریشاڵەکان لە رێگەی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخشەوە تەندروستیی دڵ دەپارێزن.
شارەزایانی بواری خۆراک جەخت لەوە دەکەنەوە، خواردنەوەی پەرداخێک شیر لەگەڵ خورما بە شێوەیەکی مامناوەند، بژاردەیەکی تەندروست و هاوسەنگە بۆ دەستپێکردنی ژەمی بەربانگ لە مانگی رەمەزاندا، چونکە تێکەڵەیەکە لە سەرچاوەیەکی خێرای وزە و ئەو رەگەزە خۆراکییانەی پێویستن بۆ گەڕاندنەوەی چالاکی بۆ جەستە.