کۆمپانیاکان پەنا بۆ شێوازی داهێنەرانە دەبەن بۆ پاداشتکردنی کارمەندە نایابەکانیان، لەوانەش کۆمپانیای "ThreatLocker" کە تایبەتە بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی (سایبەر سیکیوریتی) لە ئۆرلاندۆ و خاوەنی نزیکەی 700 کارمەندە، ئۆتۆمبێلی گرانبەها و گەشتی ناوازە پێشکەش بە کارمەندەکانی دەکات.
کۆمپانیاکە کە نوسینگەی لە دەبڵن، دوبەی و ئوسترالیا هەیە، مانگانە سەدان ناوی بۆ دەچێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کارمەندانەی لە ئەمریکا و دەرەوەی ئەمریکا زۆرترین "هاوکاری" هاوپیشەکانیان کردووە. لە کۆتایی ساڵدا دەنگەکان کۆدەکرێنەوە بۆ دیاریکردنی دوو براوەی خەڵاتە گەورەکە.
زۆرجار کۆمپانیاکە مۆدێلی کارەبایی دەبەخشێت، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا ئۆتۆمبێلی "پۆرش پانامێرا"ی بەخشیوە کە نرخەکەی 125 هەزار دۆلار بووە. هەرچەندە مۆدێلی ئۆتۆمبێلەکەی ئەمساڵی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام کۆمپانیاکە روونیکردووەتەوە نرخی یەکێکیان دەگاتە 173 هەزار دۆلار.
دانی جێنکنس، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم خەڵاتە لە ساڵی 2021 دەستیپێکردووە و سەرەتا وەک پاداشتێک بۆ "باشترین ئەدا" بووە، بەڵام ئەمە بووەتە هۆی دروستبوونی ژینگەیەکی رکابەریی توند، بۆیە پێوەرەکەیان گۆڕیوە بۆ "هاوکاری و کاری بە کۆمەڵ"، چونکە سەرکەوتن لە کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنیدا بەندە بە کاری پێکەوەیی و وەڵامدانەوەی خێرای کڕیاران کە تێکڕا 23 چرکەی پێدەچێت.
پێش راگەیاندنی براوەی ئۆتۆمبێلەکان، کۆمپانیاکە رێز لە 14 بۆ 16 کارمەندی تر دەگرێت و گەشتێکی کۆتایی هەفتەیان بۆ رێکدەخات کە تێچووەکەی بە تەواوی لە ئەستۆی کۆمپانیایە. لە ساڵانی رابردوودا گەشتەکان بریتی بوون لە گەشتی دەریایی بۆ دورگەکانی بەهاما یان سەردانی بۆستن و نیویۆرک، جگە لەوەش هەر کارمەندێک بڕی 2500 دۆلاری وەک خەرجی گەشتەکە پێدەدرێت.
جێنکنس دەڵێت، بەهۆی گەشەسەندنی زیرەکی دەستکردەوە، کەرتی ئاسایشی ئەلیکترۆنی گەشەی کردووە و داواکاری لەسەر کارمەندی لێهاتوو زیادیکردووە. کۆمپانیاکە مانگانە 40 بۆ 50 کەس دادەمەزرێنێت و هیچ کارمەندێکی دەرنەکردووە.
بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە جەختی کردەوە کە سیستمی خەڵات و گەشتەکان سەرکەوتوو بووە لە هێشتنەوەی کارمەندە بەتواناکان و تا ئێستا هیچ یەکێک لە براوەی ئۆتۆمبێلەکان کۆمپانیاکەی جێنەهێشتووە.
سەرۆکایەتی کۆماری عیراق رەتیدەکاتەوە ئاگاداری بڕیاری بە تیرۆریست ناساندنی "ئەنساروڵڵا" و "حزبوڵڵا"ی لوبنانی بێت یان پەسەندی کردبێت و دەڵێت، ئەو جۆرە بڕیارانە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار ناکرێن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی کۆماری عیراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند، هیچ زانیارییەکیان نەبووە لەسەر بڕیاری بە تیرۆریست ناساندن و سڕکردنی پارە و سامانی ئەو دوو حزبە و لەلایەن ئەوانەوە پەسەند نەکراوە.
سەرۆکایەتی کۆمار روونیکردووەتەوە: "بڕیاری لەو شێوەیە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار ناکرێن، بەڵکو تەنها ئەو یاسایانە بۆ وردبینی و پەسەندکردن دەنێردرێن کە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگدانیان لەسەر دەکرێت، لەگەڵ مەرسومە کۆمارییەکان".
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران و لیژنەی سڕکردنی پارەی تیرۆریستان و لیژنەی سپیکردنەوەی پارە و رێنماییەکانی هیچ لایەنێک بۆ سەرۆکایەتی کۆمار نانێردرێن.
سەرۆکایەتی کۆمار جەختی کردووەتەوە، ئەوان هیچ ئاگادارییەکیان لەسەر ئەو بابەتە نەبووە و تەنها لە رێگەی "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە" هەواڵی بە تیرۆریست ناساندنی ئەنساروڵڵا و حزبوڵڵا و سڕکردنی پارەکانیانیان بیستووە، بۆیە بە پێویستیان زانیوە روونکردنەوە بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان پەڵە هەور بۆ نیمچە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ، مەودای بینینیش لەنێوان 8 بۆ 10 کم دەبێت.
دەربارەی کەشی سبەینێ ئاماژەی بەوەشکردوە، ئاسمان نیمچە هەور دەبێت و پاشان دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو، پلەکانی گەرماش یەک بۆ دو پلە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ بەرزدەبنەوە.
پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم جۆرە دەبێت:
هەولێر: 22 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 19 پلەی سیلیزی
دهۆک: 21 پلەی سیلیزی
کەرکوک: 22 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 22 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
حەمەی حەمە سەعید، وەزیری رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا رەخنە لە دۆخی گشتی دەگرێت و رایدەگەیەنێت، لەم سەردەمەدا "کەس پارێزراو نییە" و مرۆڤ بەبێ ئەوەی بە خۆی بزانێت تۆمەتی سیخوڕی دەخرێتە پاڵ.
وەزیری رۆشنبیری لە نوسینێکدا ئاماژەی بە فەرموودەیەک کردووە و نوسیویەتی: "مرۆڤ هەیە بە رۆژ باوەڕدارە، کەچی شەو بە بێ باوەڕی دەخەوێت، یان بە پێچەوانەوە"، جەختیش دەکاتەوە کە ئەم دەقە رێک بۆ دۆخی ئێستای وڵات گونجاوە.
حەمەی حەمە سەعید بە شێوازێکی رەخنەئامێز دەڵێت: "وەیسی قەرەنی یان غەوسی بەغدا بیت، بێ ئەوەی بە خۆت بزانیت کراویت بە سیخوڕی حەوت دەوڵەت، نەک هەر ئەوە، دەبێت بە دەمی خۆت هەقایەتی تاوانباریت بە گوێی دنیادا بدەیت".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری رۆشنبیری دۆخەکە بە "سەردەمێکی تاڵ و بێ ئەمان" وەسف دەکات و دەڵێت: "کەس پارێزراو نییە".
ئیدارەی مەدەنی و دەسەڵاتی سروشت و باخچەکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، کوشتنی سەدان تیمساح لە کێڵگەی "پێتسائێل" لە ناوچەی دۆڵی ئوردن (غۆر) لە مانگی ئابی رابردوودا، بەهۆی ترس بووە لەوەی شوێنەکە بۆ "هێرشێکی تێکدەرانە" بەکاربهێنرێت و تیمساحەکان لە ناوچەکانی کەناری رۆژئاوا بڵاوبکرێنەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دەڵێن، کێڵگەکە کە ساڵانێکە بەدەست سەرپێچیی مەرجەکانی سەلامەتی و خراپیی ژێرخانەوە دەناڵێنێت و چەندین جار تیمساحەکان لێیەوە هەڵاتوون، مەترسیی ئەوەی لەسەر بووە لەلایەن "لایەنە نەیارەکانەوە" دزەی تێبکرێت و ئاژەڵەکان بەڕەڵا بکەن بە ئامانجی ئەنجامدانی هێرشێک کە هاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج.
لایەنە رەسمییەکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، بڕیارەکە بۆ کۆتاییهێنان بووە بە "مەینەتیی ئەو ئاژەڵانە" کە لە بارودۆخێکی سەخت و خراپدا دەژیان، جەختیشیان کردووەتەوە کە کوشتنە بە کۆمەڵەکە بۆ "رێگریکردن بووە لە مەترسیی راستەوخۆ بۆ سەر سەلامەتیی گشتی" و رێگریکردن لە خراپتربوونی دۆخی تیمسیحەکان.
هاوکات دەسەڵاتداران رایانگەیاندووە، هیچ لێکۆڵینەوەیەک لە پرۆسەی کوشتنەکە یان بڕیاری داخستنی کێڵگەکە ناکەن، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی رەخنەی توند لەلایەن رێکخراوەکانی پاراستنی مافی ئاژەڵانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، حکومەت سەدان هەزار شیکلی بۆ بەهێزکردنی سیاجی کێڵگەکە خەرجکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە لەناوبردنیان "سەلامەتترین بژاردە" بووە، دوای ئەوەی گواستنەوەی تیمسیحەکان بۆ شوێنێکی تر مەحاڵ بووە.
دوای ئەوەی بە مەراسیمێکی رەسمی و شێوازێکی دۆستانە لە فڕۆکەخانەی نیودەلهی لەلایەن نارێندرا مۆدی، سەرۆک وەزیرانی هندستانەوە پێشوازی لێکرا، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی روسیا دەستی بە کۆبوونەوە و گفتوگۆ چڕەکانی کرد لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە.
ئەمڕۆ هەینی، لە کۆشکی "حەیدەر ئاباد" لە نیودەلهی، 23هەمین لوتکەی هندستان-روسیا بەڕێوەچوو. تەرکیزی سەرەکی کۆبوونەوەکانیش بریتی بوو لە قوڵکردنەوەی هاوکارییە ئابورییەکان، بەتایبەت لە بوارەکانی بەرگری، وزە و ئاسانکاری بۆ هاتنی کرێکاری کارامەی روسی و هندی بۆ وڵاتانی یەکتر.
هەرچەندە لە ساڵانی رابردوودا نیودەلهی هەوڵی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی کڕینی چەکی داوە، بەڵام هێشتا روسیا بە گەورەترین دابینکەری چەکی هندستان دەمێنێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان، هندستان فشاری کردووە بۆ وەرگرتنی دوو سیستمی موشەکیی S-400 ی تر، کە بەهۆی جەنگی ئۆکراین و کێشەی زنجیرەی دابینکردنەوە گەیشتنیان دواکەوتووە. پێشتر هندستان سێ سیستمی لەو جۆرەی بە بەهای 5.4 ملیار دۆلار وەرگرتووە و پلاندارێژەرانی سەربازیی ئەو وڵاتەش دەڵێن سیستمەکە لە کاتی گرژییەکان لەگەڵ پاکستان کاریگەریی خۆی سەلماندووە.
هەروەها گفتوگۆ لەسەر نوێکردنەوەی فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری Su-30MKI و کڕینی فڕۆکەی جەنگی "ستێڵس"ی جۆری Su-57 کراوە.
مۆسکۆ و نیودەلهی پلانیان هەیە قەبارەی بازرگانی نێوانیان تا ساڵی 2030 بگەیەننە 100 ملیار دۆلار. روسیا دەیەوێت کاڵای زیاتری هندستان هاوردە بکات بۆ ئەوەی هاوسەنگی بازرگانی ڕابگرێت، چونکە لە ئێستادا بەهۆی کڕینی بڕێکی زۆر لە نەوتی داشکێندراوی روسیا لەلایەن هندستانەوە، تەرازوەکە بەلای مۆسکۆدا شکاوەتەوە.
سەردانەکەی پوتن لە کاتێکدایە، واشنتۆن رەخنەی توندی لە هندستان هەیە بەهۆی کڕینی نەوتی روسیا و پێیوایە ئەو پارەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی "مەکینەی جەنگیی مۆسکۆ". هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە ماوەی رابردوودا باجی لەسەر کاڵاکانی هندستان زیادکردبوو، کە نیودەلهی ئێستا هەوڵی کەمکردنەوەی دەدات.
لای خۆیەوە هندستان بەرگری لە کڕینی وزەی روسیا دەکات و دەڵێت بۆ دابینکردنی پێداویستی 1.4 ملیار هاووڵاتی وڵاتەکەی، پێویستی بەو وزەیە هەیە.
پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەکان، پوتن سەردانی مەزارگەی "مەهاتما گاندی" کرد و رێزی لەو سەرکردە مێژووییەی هندستان گرت. شایانی باسە شاندێکی باڵای روسی یاوەری پوتن دەکەن کە پێکهاتوون لە وەزیری بەرگری و بەڕێوەبەرانی کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و غاز و پیشەسازی سەربازی.
کریستی نۆیم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا ئاشکرایکرد، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە پلانیدایە ژمارەی ئەو وڵاتانەی قەدەغەی گەشتکردن دەیانگرێتەوە، لە 19 وڵاتەوە بۆ زیاتر لە 30 وڵات زیاد بکات.
نۆیم لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیدارەی ترەمپ ژمارەی وڵاتانی ناو لیستی قەدەغەکراوەکان بۆ 32 وڵات زیاد دەکات، وتی: "ژمارەیەکی دیاریکراو ناڵێم، بەڵام لە 30 وڵات زیاتر دەبێت و سەرۆک بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی وڵاتەکان".
سەرباری ئەوەی وەزیری ئاسایشی ناوخۆ ناوی ئەو وڵاتانەی ئاشکرا نەکرد کە دەخرێنە لیستەکەوە، بەڵام هۆکارەکەی روونکردەوە و وتی: "ئەگەر وڵاتێک خاوەنی حکومەتێکی جێگیر نەبێت و نەتوانێت خۆی بەڕێوەببات و زانیاری لەسەر هاووڵاتییەکانی بدات و لە پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکانیان هاوکارمان بێت، بۆچی رێگە بە کەسانی ئەو وڵاتە بدەین بێنە ئەمریکا؟".
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێت کە مانگی حوزەیرانی رابردوو، ترەمپ فەرمانێکی دەرکرد بۆ قەدەغەکردنی هاتنی هاووڵاتیانی 12 وڵات بۆ ئەمریکا و دانانی کۆت و بەند لەسەر هاتنی هاووڵاتیانی 7 وڵاتی تر. سەرۆکی ئەمریکا لەو کاتەدا پاساوی بڕیارەکەی بۆ پاراستنی وڵات لە "تیرۆریستانی بیانی" و هەڕەشە ئەمنییەکان گەڕاندەوە. قەدەغەکردنەکەش کۆچبەران و گەشتیاران و خوێندکاران و ئەوانەش دەگرێتەوە کە بە مەبەستی کارکردن گەشت دەکەن.
پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز بە پشت بەستن بە بروسکەیەکی ناوخۆیی وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردبووەوە، ئیدارەی ترەمپ تاوتوێی قەدەغەکردنی هاتنی هاووڵاتیانی 36 وڵاتی تر دەکات بۆ ئەمریکا.
فراوانکردنی لیستی قەدەغەکردنەکە بە هەنگاوێکی نوێی توندکردنەوەی رێکارەکانی کۆچبەری دادەنرێت لەلایەن ئیدارەی ئەمریکاوە، بەتایبەت دوای رووداوی تەقەکردن لە دوو ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی لە واشنتۆنی پایتەخت لە هەفتەی رابردوودا.
دوای چەند رۆژێک لەو رووداوە، ترەمپ بەڵێنی دا "کۆچکردن لە هەموو وڵاتانی جیهانی سێهەمەوە بە یەکجاری رابگرێت"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ وڵاتێک بهێنێت یان روونیکاتەوە مەبەستی لە وڵاتانی جیهانی سێهەم کامانەن.
پوختەی كۆنوسی سەردانی وەفدی كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی بۆ لای عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەرلەمانی توركیا خوێندرایەوە، ئۆجەلان دەڵێت، لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و چەكدانان لەسەر بەڵێنەكانی خۆمم.
بەپێی كۆنوسی كۆمیسیۆنی ئاشتی پەرلەمانی توركیا عەبدوڵا ئۆجەلان وتویەتی، لە سەرەتای پرۆسەكەوە لەسەر ئەو بەڵێنانە بووە كە داویەتی و ئەگەر هەلومەرج لەبار بێت توانای تیۆری و كرداری هەیە بۆ جێبەجێكردنی، بە درێژی باسی لە پاشخانی مێژوویی كردووە و جەختی لە گرنگیی برایەتیی تورك و كورد كردوەتەوە.
عەبدوڵا ئۆجەلان رایگەیاندووە، وازی لە شێوازی چەكداری هێناوە و شێوازی سیاسیی گرتووەتەبەر و بانگەوازی 27ی شوبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەموو پێكهاتەكانی پەكەكە و دانانی چەك لەلایەن كۆمەڵگەوە پێشوازیی لێكراوە و خەڵك چاودێریی ئەم پێشهاتە دەكات و لە سوریا و عیراقیش كاریگەریی هەیە.
كاتێك پرسیاریشی لێكراوە لەبارەی مەزڵوم كۆبانێی وتویەتی، كەسێكی نزیكی خۆیەتی.
ئاشکرا بوونی پەیوەندییەکی تەلەفونی نهێنی نێوان سەرکردەکانی ئەورووپا و سەرۆکی ئۆکراین، بێ متمانەیییان بە دۆناڵد ترەمپ ئاشکرا دەکات و هۆشداری دەدەن لەوەی ترەمپ رەنگە خیانەت لە ئۆکراین و ئەوروپا بکات.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نهێنی دزەپێکراودا، کە گۆڤارێکی ئەڵمانی بڵاویکردوەتەوە، زینلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا، فریدریش مێرزی راوێژکاری ئەڵمانیا و چەند سەرکردەیەکی دیکەی ئەوروپا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا هۆشداری دەدەن لەوەی ترەمپ جێی متمانە نییە و رەنگە پشت بکاتە ئۆکرانیا و ئەورووپا.
گۆڤاری دێر شپیگلـی ئەڵمانی وردەكاریی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نهێنیی نێوان ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین و ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا و ژمارەیەك سەركردەی وڵاتانی ئەوروپی بڵاوكردەوە، کە تیایدا ئەو سەركردانە نیگەرانیی قووڵ لەبارەی پلانەكانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دەردەبڕن سەبارەت بە پرسی ئۆكراین.
بەپێی ئەو زانیاریە دزەپێكراوانەی دەست گۆڤارەکە کەوتوە و رۆژی پێنجشەممە بڵاویکردوەتەوە، رۆژی دوو شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ماكرۆن گومانی هەیە ئەمریكا لە بابەتی خاكدا خیانەت لە ئۆكراین بكات و هیچ گەرەنتیەكی ئەمنی بۆ وڵاتەكە دابین نەكات و فریدریش مێرتز، راوێژكاری ئەڵمانیاش بە زێلێنسكی راگەیاندووە، دەبێت زۆر وریا بێت، چونكە ئەمریكا یاری بە ئەوروپا و ئۆكراین دەكات.
زانیارییە دزەپێکراوەکان هەرئەوەندە نین، ئەلێکساندەر ستوبی سەرۆکی فینلاند و جەختیکردوەتەوە نابێت زیلینسكی لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمریكا بە تەنیا جێبهێڵرێت، مارک روتی سکرتێری گشتی ناتۆ وتویەتی هاوڕای قسەکانی ئەلیکساندەرەوە و دەبێت زینلینسکی بپارێزن.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەشداوە، سەرەڕای ئەوەی ئەوروپییەکان بە گشتی ستایشی پلانە نوێیەکەی ترەمپ دەکەن، بەڵام ئەم لێدوانانە دەرخەری ئەوەن ئەوروپییەکان ممانەی تەواویان بە ئەمریکا نییە.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ، شەڕێکی دەیان ساڵەی نێوان کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی و رواندا کۆتایی پێدەهێنن و دەشڵێت؛ ئەمە هەشتەم شەڕە کۆتایی پێدەهێنێت لە دوا ئەوەی گەڕاوەتەوە بۆ دەسەڵات .
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ترەمپ رایگەیاند، سەرۆکەکانی کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و رواندا ماوەیەکی زۆریان لە قسەکردن بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕەکە بەسەربردووە، جەختیکردوەتەوە لەوەی ئەمە رێککەوتنێکی ئاشتیی مێژووییە، کە کۆتایی بە یەکێک لە ململانێ درێژخایەنەکانی جیهان دەهێنێت، کە بەهۆیەوە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەکردوە، ئەمڕۆ پابەندن بە کۆتایی هێنان بە توندوتیژی و خوێنڕشتنی دەیان ساڵە و دەستپێکردنی سەردەمی هاوئاهەنگی و هاوکاری نێوان کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ و رواندا، ئەوە رێککەوتنێکی ئاشتیی مێژووییە.
ترەمپ دەشڵێت؛ بە راگرتنی جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە، دەبێتە هەشتەمین جەنگ، کە لەدوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات کۆتایی پێدەهێنێت.
سەرۆکی روسیا رایگەیاند، دەیانەوێت کۆتایی بەو جەنگە بهێنن، کە وڵاتانی رۆژئاوا بە بەکارهێنانی ئۆکراین بەڕێوەی دەبەن و جەختیکردوەتەوە، هەشت ساڵ هەوڵیانداوە بە ئاشتی کێشەی ئۆکراین چارەسەر بکەن، ئۆپەراسیۆنی سەربازی وڵاتەکەشی دژی کێیف بە هەوڵێک بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە وێناکردوە.
لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا لە هیندستان، فلادمێر پوتنی سەرۆکی روسیا رایگەیاند؛ هاوسەنگی هێز لە جیهاندا لە گۆراندایە و ناوەندی هێزی نوێ دروست دەبێت، روسیا دەیەوێت کۆتایی بەو شەڕە بهێنێت، کە رۆژئاوا بە بەکارهێنانی ئۆکراین دژی مۆسکۆ بەرێوەی دەبەن.
پوتن راشیگەیاندوە، ئەوان هەشت ساڵ ویستیان بە ئاشتی چارەسەریی رەوشی ئۆکراین بهێنن، بەڵام سەری نەگرت. وتوشیەتی هێرشی سەربازیان بۆسەر ئۆکراین هەوڵێکە بۆ کۆتایی هێنان بەشەڕ.
سەرۆکی روسیا جەختیکردوەتەوە دوای لکاندنی کریمیا، روسیا بە خێرایی هەنگاوی ناوە بۆ هاوکاریکردنی ئەو کەسانەی کە کودەتاکەیان لە کیێڤ رەتکردەوە، ئاماژەی بەوەشکرد کە مۆسکۆ هەمیشە بەرژەوەندییەکانی خۆی و گەلەکەی دەپارێزێت.
لەبارەی هەوڵەکانی ترەمپیشەوە رایگەیاندوە؛ ئەوان وا لە هەوڵەکانی ترەمپ تێدەگەن کە دەیەوێت بە خێرایی کۆتایی بە جەنگی روسیا و ئۆکراین بهێندرێت و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانیش رۆڵیان هەیە لە هەوڵەکانی سەرۆکی ئەمریکادا.
لە کۆتایی قسەکانیشیدا وتویەتی لەگەڵ کۆتایی هاتنی جەنگەکەدان و دەیانەوێت رێگەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەو مەبەستە بە مەرجێک نەبێتە هۆی دروستبونی مەترسی لەسەر ئاسایشی روسیا .
لە میانی کۆبونەوەی لەگەڵ بەشێک لە ژنانی هەولێر، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند؛ داکۆکیکردن لە مافی ژنان و بەهێزکردنی پێگەی ژن لە کۆمەڵگە بەشێکە لە ناسنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەختیشیکردەوە لەوەی یەکێتی هەمیشە پێشەنگ بووە لە بەشداریپێکردنی ژنان لە ناوەندەکانی بڕیاردا و بەردەوامیش دەبێت.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاندوە؛ بەبۆنەی دوو هەفتەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لەگەڵ کۆمەڵێک لە هەڤاڵانی ژن لە هەولێر کۆبووتەوە و جەختی لەوەکردوەتەوە، کە یەکێتی کاری زیاتر دەکات بۆ بەهێزترکردنی پێگەی ژن لەناو حزب و حکومەت و هەموو ناوەندەکانی بڕیاردا.
قوباد تاڵەبانی وتوشیەتی؛ بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەن بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان.
لە کۆبونەوەکەدا، بەهۆی ماندوبونیان و هەوڵەکانیان لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بۆ سەرخستی لیستی یەکێتی، قوباد تاڵەبانی سوپاسی تایبەتی کردون و هەوڵەکانیانی بەرز نرخاند.
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا لە میانی سەردانەکەی بۆ هیندستان رایگەیاند، ناوەندی نویی هێز لە جیهاندا دروست دەبێت و دەبێتە هۆی گۆرانکاری هاوسەنگی هیز لە جیهاندایە، جەختیشیکردەوە لەوەی دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە نێوان گەورەترین وڵاتانی جیهان وەک بناغەیەک بۆ پێشکەوتن لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و نێودەوڵەتییەکان زۆر گرنگە.
پوتن ئاماژەی بەوەدا کە سەقامگیری لە بوارە سەرەکییەکانی هاوکارییەکانی روسیا و هیندستان بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان زۆر گرنگە و هیندستانیش هاوبەشێکی گرنگ و جێی متمانەیە.
سەرۆکی روسیا وتوشیەتی؛ پەیوەندیی دوو وڵاتەکە لە فرۆشتنی کەرەستەی سەربازی تێدەپەڕێت و ئاڵوگۆڕی تەکنەلۆژیای بەرگری لەخۆدەگرێت، ئەمەش شتێکی دەگمەنە لە هاوکارییە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا تیشکی خستە سەر تواناکانی وزەی ئەتۆمی وڵاتەکەی و جاریکیدیکەش جەختیکردەوە لەوەی روسیا تاکە وڵاتە توانای دروستکردن و بەڕێوەبردنی وێستگەی بچووکی وزەی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی پێشکەوتووترین و متمانەپێکراوترین کەرەستەی هەیە لە جیهاندا.
تانکەرێکی سوتەمەنی لەنزیک تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی بە سەختی بریندارە. بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەربەندیخان بە کوردسات نیویز راگەیاند، بەهۆی روداوەکەوە شۆرتی کارەبا دروست بووە و بە ناچاری کارەبای قەزاکەیان کوژاندوەتەوە.
ئێوارەی ئەمرۆ کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دەربەندیخان بەتایبەت بەکوردسات نیوزی راگەیاند، تانکەرێکی هەڵگری سوتەمەنی لەنزیک تونێلی دەربەندیخان وەرگەڕاوە و شۆفێرەکە بەسەختی بریندارە .
ناوبرا ئاماژەی بەوەشکردوە؛ لەهەوڵی رزگارکڕدنی شۆفێرەکەدان و روداوەکە شۆرتی کارەبای درووست کردووە، ئەوەش وایکردوە بەناچاری کارەبای قەزاکە بکوژێننەوە.
بە گوێرەی ئەو گرتە ڤدیۆیانەی بڵاوکراونەتەوە، بەهۆی وەرگەڕانی تانکەرەکەوە، رۆنێکی زۆر رژاوە و بە شەقامەکەدا بڵاوبوەتەوە و ئەوەش بوەتە هۆی دروستبونی مەترسی هاتوچۆ لە شەقامەکەدا.
د.لەتیف رەشیدی سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغداد، پێشوازی لە جۆشوا هاریس هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەعیراق کرد، کەبەبۆنەی کۆچی دوایی شەماڵ جەمال رەشید، سەرەخۆشی لە سەرۆک کۆمار کرد.
لەدیدارەکەدا باس لەپەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانی هاوکاری هاوبەش لەبوارە جیاجیاکاندا بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دۆست کرا.
هەروەها تاوتوێی پێشهاتەکانی رەوشی ناوچەکە و جیهان کرا و جەختیان لەگرنگی هەماهەنگی هاوبەش کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی ئێستا، کەدەبنە بنەمای دەستەبەرکردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا.
لە دیدارەکەدا، سەرۆک کۆمار سوپاس و پێزانینی خۆی دەربڕی بۆ ئەو پەیامەی سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ لە 21 ی تشرینی دووەمی 2025 بۆی نارد کە تێیدا سوپاسگوزاری بوو بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی بەرەوپێشبردنی ئاشتی لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی جیهاندا.
سەرۆکی ئەمریکا لە نامەکەدا داوای لە سەرۆک کۆماری عیراق کرد بو، بەردەوام بێت لە پشتیوانیەکانی بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی گەش بۆ هاووڵاتیان و جیهان.
لە نامەکەدا دۆناڵد ترەمپ سووربوونی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکانی سەدان ساڵ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپاتکردبوەوە و هیوای خواست کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ململانێ درێژخایەنەکانی رابردوو تێپەڕێنێت بۆ رزگارکردنی ژیان لە هەموو ناوچە و کیشوەرەکان.
لای خۆشیەوە د. لەتیف رەشید پێشوازی لە پابەندبوونی سەرۆک ترەمپ کرد، کە لەگەڵ باوەڕی ئەو دەگونجێت کە هەموو ناکۆکیەکان دەتوانرێت و پێویستە لە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بکرێن نەک توندوتیژی.
وەزارەتی ئەوقاف رایگەیاندوە؛ شەوی رابردوو لەلایەن کەسانی گێرەشێوێن لە شاری کۆیە ژمارەیەک کێل و قەبری کریستییانەکان شکێندراون و ئەوە کارێکی تێکدەرانەیە و داوای بەدواداچون لە لایەنی پەیوەندیدار دەکەن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی هەرێم راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتوە؛ شەوی رابردوو لەلایەن کەسانی گێرەشێوێن لە شاری کۆیە، لە گۆڕستانی کریستییانەکان، ژمارەیەک کێل و قەبری کریستییانەکان شکێندراون، ئەوان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئیدانەی ئەم کارە تێکدەرانە دەکەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە؛ ئەو کارە دژی مێژووی ھاوبەش و پێکەوەژیانی ئاینییە، داوا لەدەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزای کۆیە دەکەن، بەدواداچوون بکرێ و بکەرانی ئەم کارە ترسنۆکانەیە دەستنیشان بکەن و دواتر رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.
وەزارەتی ئەوقاف جەختیش دەکاتەوە لەوەی با کەس وکاری کۆچکردوان دڵنیابن کە وەزارەتەکەیان ھەموو گۆرەکان وەک خۆی نۆژەندەکاتەوە .