
وەزیری دەرەوەی عوممان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە پێشکەوتنی باش لە دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا بەدەستهاتووە و ئاشتی لە نزیکدایە.
بەدر بوسعیدی، وەزیری دەرەوەی سوڵتانیشنی عومان لە هەژماری فەرمی خۆی بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ لەگەڵ جێگری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەتەوە و وردەکارییەکانی پەیوەست بە دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی لەگەڵدا تاوتوێ کردووە. بوسعیدی سوپاسی پێشوازی و گرنگیدانی لایەنی ئەمریکی کردووە و هیوای خواستووە لە چەند رۆژی داهاتوودا هەنگاو و پێشکەوتنی یەکلاکەرەوە لەو دۆسیەیەدا بێتە ئاراوە، هاوکات گەشبینی خۆی نیشانداوە بەوەی کە گەیشتن بە ئاشتی و رێککەوتن لەبەردەستدایە.
ئەم کۆبوونەوەیە و لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی عومان لە کاتێکدایە کە مەسقەت وەک نێوەندگیرێکی سەرەکی و مێژوویی، رۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە نزیککردنەوەی دیدگاکانی نێوان تاران و واشنتۆن. لە ماوەی رابردوودا هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و کەمکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕتر بوونەتەوە، و ئەم پێشهاتەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لە داهاتوویەکی نزیکدا.
محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە بەغداد پێشوازی لە تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا کرد و جەختی لە گرنگیی دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێ و کاردانەوەکانی ناوچەکە کردەوە.
لە میانی دیدارەکەدا، تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن و دوایین پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا. نێردەکەی ئەمریکا پەیام و تێڕوانینی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتەکەی بۆ دۆخی ناوچەکە گەیاندە سودانی و رۆڵی عێراقی لە بونیاتنانی سەقامگیری و بەرەوپێشبردنی گەشەپێدان بە گرنگ وەسف کرد. لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکردایەتیی وڵاتەکەی کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵا و ستراتیژییەکانی گەل دەکات کە قوربانییەکی زۆریان بۆ داوە، و دووپاتی کردەوە کە سەروەری و سەقامگیریی عێراق پایەیەکی بنەڕەتییە بۆ هاوسەنگیی ناوچەکە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چڕبوونەتەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێویستیی پەنابردن بۆ دیالۆگ و کەناڵە دیپلۆماسییەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندنی ململانێکان، هاوکات گرنگیدان بە گەشەسەندنی ئابوورییان وەک ئامرازێکی کاریگەر بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و زامنکردنی سەقامگیریی بەردەوام لە ناوچەکەدا دانا.
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغداد لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ سوریا کۆبووەوە و جەختی لە پاراستنی سەروەریی عیراق و سەقامگیریی سیاسی وڵات کردەوە.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، هەردوولا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی گۆڕەپانی سیاسیی عیراق و قۆناغەکانی داهاتووی پرۆسەی سیاسییان کرد. مالکی ئاماژەی بە گرنگیی پاڵپشتیکردنی رێڕەوی دیموکراسی و رێزگرتن لە بڕیارەکانی گەلی عیراق کرد. لە بەرامبەردا، نێردەکەی ئەمریکا ستایشی رۆڵی عیراقی کرد لە کەمکردنەوەی ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پاڵپشتیکردنی گفتوگۆ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها هەردوولا رێککەوتن لەسەر بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکانی نێوانیان لەسەر دۆسیە هاوبەشەکان.
ئەم سەردانەی نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ ماڵی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە کاتێکدایە کە جموجۆڵە سیاسییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە ناوخۆییەکانی عیراق چڕبوونەتەوە. کۆبوونەوەی واشنتۆن لەگەڵ کاندید و سەرکردە دیارەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەک هەوڵێک دەبینرێت بۆ لێکتێگەیشتن و زامنکردنی سەقامگیریی سیاسی لە عیراقدا، بەتایبەت کە ئارامیی عیراق کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر دۆسیەی ئاڵۆزی سوریا و تەواوی ناوچەکە هەیە.
گەورەترین و نوێترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان بە ناوی "جێراڵد فۆرد" گەیشتە کەناراوەکانی ئیسرائیل، ئەوەش دوای ئەوەی هێزی دەریایی ئەمریکا جەختی لە ئامادەباشیی تەواوی کەشتییەکە کردەوە بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی.
رۆژی هەینی، ئاژانسی رۆیتەرز دیمەنی نزیکبوونەوەی کەشتیی "جێراڵد فۆرد"ی لە کەناراوەکانی ئیسرائیل بڵاوکردەوە. هێزی دەریایی ئەمریکا وێڕای راگەیاندنی ئامادەباشی کەشتییەکە، هەموو ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لە بوونی کێشەی تەکنیکی یان پەککەوتنی بەشێک لە کارەکانی دەکەن. ئەم جموجۆڵە دەریاییە هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی وێنەی مانگە دەستکردەکانی کۆمپانیای (MizarVision)ی چینی، کە تێیدا جێگیرکردنی 11 فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-22 Raptor)ی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی "عۆڤدا" لە ناو خاکی ئیسرائیل نیشان دەدەن.
کەشتیی جێراڵد فۆرد بە پێشکەوتووترین سیستمی بەرگری و هێرشبەر لە جیهاندا دادەنرێت و رەوانەکردنی بۆ ناوچەکە وەک پەیامێکی هێز و پشتیوانیی واشنتۆن بۆ ئیسرائیل لێکدەدرێتەوە. جێگیرکردنی فڕۆکە جەنگییە جۆری "ڕاپتۆر"ەکانیش لە بنکە ئاسمانییەکان، بەشێکە لە ستراتیژی نوێی ئەمریکا بۆ بەهێزکردنی باڵی سەربازیی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کاتی هەر ئەگەرێکی نەخوازراودا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەهۆی تێکچوونی باری ئەمنی و زیادبوونی مەترسییەکان، بڕیاری دا بە کشاندنەوەی ئەو کارمەندانەو خێزانەکانیان، کە ئەرکیان بەپەلە نییە.
رۆژی 26ـی شوبات، واشنتۆن فەرمانی بە کارمەندە لاوەکییەکانی حکومەت و خێزانەکانیان کرد کە خاکی ئیسرائیل جێبهێڵن. باڵیۆزخانەی ئەمریکا هۆشداری داوە کە رەنگە لە هەر کاتێکدا گەشتکردنی کارمەندەکانی بۆ ناوچە جیاوازەکان، بەتایبەت قودس و کەرتی رۆژئاوا قەدەغە بکات. هەروەها داوا لە هاوڵاتیانی ئەمریکی کراوە تاوەکو گەشتە ئاسمانییە بازرگانییەکان بەردەوامن، ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا دوای زنجیرەیەک رووداوی ئەمنی لە ناوچەکە دێت و هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و گروپە چەکدارەکان، و گرژییە بەردەوامەکان لەگەڵ ئێران.
عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیامێکی نوێدا بەبۆنەی ساڵیادی بانگەوازی ئاشتی، ڕایگەیاند کە سەردەمی "سەرهەڵدانی نەرێنی" و خەباتی چەکداری تێپەڕێنراوە و ئێستا کاتی گواستنەوەیە بۆ سیاسەتی دیموکراسی و یەکگرتن (ئینتیگراسیۆن).
دەقی پەیامەکەی عەبدوڵا ئۆجەلان:
بانگەوازەکەمان لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥، گوزارشتە لەوەی لەو شوێنەی سیاسەتی دیموکراتیک چەکەرە دەکات، چەک مانا و بایەخی خۆی لەدەست دەدات. ئەمە ڕاگەیاندنێکی ڕاشکاوە کە بژاردەی ئێمە سیاسەتە و تەواکەری بنەماکانمانە.
ئێمە بە ئیرادە و پراکتیکێکی مکوڕانە، بە شێوەیەکی بنەڕەتی قۆناغی سەرهەڵدانی نەرێنیمان تێپەڕاند. ئەزموونی ڕابردوو هێز و توانای ئێمەی بۆ گفتوگۆ و دانوستان سەلماندووە؛ دەتوانین ڕێگا بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی توندوتیژی و لێکترازانەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و تەواکاری (ئینتیگراسیۆن) بکەینەوە. تەواوی بانگەواز، کۆنفرانس و کۆنگرەکانمان لە پێناو ئەم ئامانجەدا بوون. بڕیارە ڕێکخراوەییەکان بۆ هەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە ستراتیژی خەباتی چەکداری، نەک تەنیا ڕەتکردنەوەیەکی فەرمی و کردەیی توندوتیژییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی دەروونییە بەرەو ئاسۆیەکی سیاسی. ئەم هەنگاوە لە هەمان کاتدا ڕاگەیاندنی ئاشتبوونەوەیەکی دەروونی بوو لەگەڵ چەمکی کۆماردا.
من ئیرادەی بەڕێز ئەردۆغان، بانگەوازەکەی بەڕێز باخچەلی، هاوکاریی بەڕێز ئۆزەل و هەوڵی هەموو ئەو کەسایەتی و ناوەندە سیاسی و مەدەنییانەی کە لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەیەکی ئەرێنی بەشدار بوون، بە هەند وەردەگرم و بە گرنگی دەزانم. لێرەدا بە تایبەتی یادی هاوڕێمان 'سڕی سورەییا' بە ڕێز و حەسرەتێکی زۆرەوە دەکەمەوە.
تورک بێ کورد و کوردیش بێ تورک نابن. ئەم دیالەکتیکی پەیوەندییە، خاوەن ڕەگ و ڕیشەیەکی مێژوویی ڕەسەنە. تەنانەت دەقە بنەڕەتییەکانی سەردەمی دامەزراندنی کۆماریش ئاماژەیان بە یەکێتیی تورک و کورد دەدا. بانگەوازەکەی ٢٧ی شوبات، هەوڵێکە بۆ زیندووکردنەوەی ئەو ڕۆحی یەکێتییە و خەونێکە بۆ کۆمارێکی دیموکراتیک. ئامانجمان تێپەڕاندنی خولی خوێنڕشتن و ململانێ بوو. ئەگەر لەبری بینینی ڕەهەندی مێژوویی و مەترسییە قووڵەکان، تەنیا شوێن بەرژەوەندیی سیاسیی کورتخایەن و تەسک بکەوین، ئەوا هەموومان لاواز دەبین. پێداگری لەسەر ئینکارکردن و بەردەوامیی سەرهەڵدان، گەورەترین ناسازی و ناتەواوییە. ئێمە ئەو بەربەستانە ڕادەماڵین کە لە دووسەد ساڵی ڕابردوودا بۆ شێواندنی ئەم یەکێتییە دروست کراون و مەرجە یاساییەکانی پێکەوەژیان دەچەسپێنین. دەمانەوێت گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن پێکەوە کۆببینەوە و ژیانێکی هاوبەش بنیاد بنێین.
ئێستا کاتی ئەوەیە لە قۆناغی نەرێنییەوە بەرەو قۆناغی ئەرێنیی 'بنیادنان' هەنگاو بنێین. ئاسۆیەکی نوێ بۆ ستراتیژیی سیاسی کراوەتەوە. ئامانجمان کۆتاییهێنانە بە سەردەمی توندوتیژی و دەستپێکردنی پرۆسەیەکە لەسەر بنەمای کۆمەڵگایەکی دیموکرات و سەروەریی یاسا. داوا لە هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا دەکەین بەرپرسیاریی مێژوویی خۆیان بگرنە ئەستۆ.
کۆمەڵگای دیموکرات و تەبایی نیشتمانی، کۆڵەکەکانی ئەم قۆناغە نوێیەن. ئەم قۆناغە هەموو جۆرە توندوتیژی و ململانێیەکی زۆرەملێ ڕەتدەکاتەوە. ئامانجی ئەم بنیادنانە، دەستبەسەرداگرتنی هیچ دەزگایەک نییە، بەڵکو ڕەخساندنی دەرفەتە بۆ هەر تاکێک تا بەشداری لە داڕشتنەوەی کۆمەڵگادا بکات. گروپە چەوساوەکان، نەتەوەکان، ئایین و کولتوورە جیاوازەکان دەتوانن لە ڕێگەی خەباتی دیموکراتیی ڕێکخراوەوە پارێزگاری لە بوونی خۆیان بکەن. لەم نێوەندەدا، زۆر گرنگە کە دەوڵەتیش وەڵامێکی ئەرێنی بۆ ئەم گۆڕانکارییە دیموکراتییانە هەبێت.
تەواکاریی دیموکراتیک (ئینتیگراسیۆن) بەقەد خودی دامەزراندنی کۆمار گرنگە. ئەمە بانگەوازێکە بۆ داهاتوو و بوژانەوە. بنەمای ئەم کارە، مۆدێلی کۆمەڵگای دیموکراتیکە؛ کە بەدیلێکی ڕاستەقینەیە بۆ پەرتبوون یان توانەوەی زۆرەملێ. بۆ ئەم گواستنەوەیەش، پێویستمان بە 'یاساکانی ئاشتی' هەیە. ئەم چارەسەرە پێویستی بە مۆدێلێکی نوێی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییە.
زۆربەی ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ دەیانبینین، دەرئەنجامی نەبوونی یاسایەکی دیموکراتیکن. ئێمە پارێزگاری لە چارەسەرێکی یاسایی دەکەین کە فەزا بۆ دیموکراسی بکاتەوە و گەرەنتیی بەهێز بۆ مافەکان دابین بکات.
هاووڵاتیبوون دەبێت لەسەر بنەمای پەیوەندی بە دەوڵەتەوە بێت، نەک لەسەر بنەمای ڕەگەز و نەتەوە. ئێمە باوەڕمان بە هاووڵاتیبوونێکی ئازاد هەیە کە تێیدا ئایین، زمان و نەتەوە بەسەر کەسدا نەسەپێنرێت. لە ناو سنوورە دیموکراتییەکان و لە چوارچێوەی یەکپارچەیی دەوڵەتدا، دەبێت هەر ناسنامەیەکی ئایینی، فکری و نەتەوەیی مافی دەربڕین و ڕێکخستنی ئازادانەی هەبێت.
ئەمڕۆ هیچ سیستمێکی فکری بێ پشت بەستن بە دیموکراسی ناتوانێت بەردەوام بێت. ئاڵۆزی و قەیرانەکان کاتین، بەڵام دیموکراسی دەبێتە ڕاستییەکی چەسپاو. بانگەوازەکەمان تەنیا بۆ تورکیا نییە، بەڵکو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ کێشەی پێکەوەژیان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
ژن هێزی پێشەنگی کۆمەڵگایە؛ هیچ دەوڵەتێک بێ لەبەرچاوگرتنی ژن ناتوانێت بژی. توندوتیژیی خێزانی و چەوسانەوەی ژنان، نیشانەی ئەو هێرشە مێژووییەن کە بە کۆیلەکردنی ژن دەستی پێکردووە. هەر بۆیە ژنان کاراکتەری سەرەکین لە پرۆسەی گۆڕانکاریی دیموکراتیکدا.
زمانی ئەم سەردەمە نابێت زمانی دەسەڵاتخوازی و خۆسەپاندن بێت. دەبێت گوێ لە یەکتری بگرین و ڕێگا بدەین هەر کەسێک ڕاستییەکانی خۆی دەرببڕێت. بۆ گەیشتن بەم ئامانجانەش، پێویستمان بە 'ئەقڵێکی هاوبەش' هەیە کە لەسەر بنەمای ڕێزی متقابیل (دوولایەنە) بێت.
ڕێز و سڵاو
عەبدوڵا ئۆجالان
۱۶_شوبات_۲۰۲۶
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، ئامادەکارییەکانی بۆ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی تەواو کرد، کە تێیدا پەیامی نوێی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتی بڵاودەکرێتەوە.
کۆبوونەوەکە لە هۆڵی "یەڵماز گۆنای" لە چانکایەی ئەنکەرە بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 150 رۆژنامەنووسی ناوخۆیی و بیانی بۆ روماڵکردنی روداوەکە ئامادەن.
لە رێوڕەسمەکەدا کە دروشمەکانی "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بە زمانەکانی کوردی، تورکی و ئینگلیزی بەرزکراونەتەوە، پەیامەکەی ئۆجەلان لە لایەن پەروین بوڵدان و وەیسی ئاکتاش دەخوێندرێتەوە، کە ناوبراو یەکێکە لەو زیندانیانەی بەم دواییانە لەگەڵ ئۆجەلان لە زیندانی ئیمراڵی ئازاد کراوە. ئەمە دووەم پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلانە دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بانگەوازی بۆ دانانی چەک کردبوو، چاوەڕوانیش دەکرێت ئەم پەیامە کاریگەریی بەرچاوی لەسەر رەوشی سیاسی و پڕۆسەی ئاشتی هەبێت.
وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان رایگەیاند، لە ئەنجامی زنجیرە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانیان لەسەر "هێڵی دیورەند"ـی سنوری، زیانێکی زۆری گیانییان بە سوپای پاکستان گەیاندووە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەفغانستان، 55 سەربازی سوپای پاکستان لە رووبەڕووبوونەوەکاندا کوژراون و هێزەکانیان توانیویانە دەستبەسەر دوو پێگەی سەرەکی و 19 خاڵی سەربازیی سوپای پاکستاندا بگرن.
لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتەکە گیانلەدەستدانی 8 سەرباز و برینداربوونی 11 کەسی تری لە ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان پشتڕاستکردەوە.
ئەم پەرەسەندنانە لەکاتێکدایە، کە ناوچە سنوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات ماوەیەکە ئاڵۆزیی توند بەخۆیانەوە دەبینن.
كۆمیسیۆنی ئەوروپا هۆشداری لە پەككەوتنی كەرتی گواستنەوە دەدات و داوای 500 هەزار شۆفێری نوێ لە وڵاتانی دەرەوە دەكات.
رالۆكا ماریان، بەڕێوەبەری كەرتی گواستنەوە و رێگاوبانی سەر بە كۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، وەك چارەسەرێكی كردەیی بۆ روبەڕووبوونەوەی قەیرانی كەمیی 500 هەزار شۆفێر، كە بەهۆی پیربوونی هێزی كار و كەمیی گەنجانەوە دروست بووە، لە ئێستادا سەرنجیان لەسەر ئەوە یە شۆفێری بارهەڵگر و پاس لە وڵاتانی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپاوە بهێننە ناو بازاڕی كاری كیشوەرەكە.
ماریان ئاماژەی بەوەشكرد، چارەسەری ئەو قەیرانە پێویستی بە ئاسانكاری یاسایی و پێوەرێكی یەكگرتوو هەیە بۆ وەرگرتنی شۆفێرانی وڵاتانی سێیەم، هاوكات پێویستە هەوڵ بدرێت ژنان و گەنجانی ناوخۆی ئەوروپاش رابكێشرێنە ناو مەیدانەكەوە.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کە گەڕی ئەمڕۆی دانوستانەکان لەگەڵ ئەمریکا یەکێک بووە لە جدیترین و باشترین گەڕەکان، کە تێیدا تاران داواکارییەکانی خۆی بە رونی ئاڕاستەی لایەنی ئەمریکی کردووە .
دوای تەواو بونی گفتوگۆکان بۆ ماوەی نزیکەی پێنج سەعات، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەرەوپێشوەچوونی باش لە دۆسیەی ئەتۆمی ️و هەڵگرتنی سزاکاندا بەدەستهاتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە هێشتا هەندێک خاڵ ماون لەسەری رێکبکەون کە جیاوازی و ناکۆکییە لە نێوان هەردوو وەفدا لەسەر هەندێک پرسی تر.
عراقچی وتوشیەتی، ئەم جارە باشترین گەری دانوستانەکان بووە و هەردوو لا جدی بوون لە دانوستانەکەدا و بڕیار وایە رۆژی دووشەممەی داهاتوو لە ڤییەنا ، گفتوگۆی تەکنیکی لەگەڵ شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بۆ تاوتێکردنی وردەکارییە پسپۆڕییەکان ئەنجام بدرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوەش کردەوە، کە هەردوولا پێویستیان بە راوێژ لەگەڵ حکومەتەکانیان هەیە و گەڕی داهاتووی دانوستانەکانیش لەگەڵ واشنتن دوای هەفتەیەکی تر بەڕێوەدەچێت.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رایگەیاند، کە کەرتی پەلەوەری یەکێکە لە کۆڵەکە گرنگەکانی ئابووری و دابینکردنی ئاسایشی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەندێک دەنگۆ سەبارەت بە بەکارهێنانی ڤاکسین و دەرمانی نایاسایی و فاکسینی قەدەغەکراو، کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر ئەم کەرتە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و تێیدا هاتووە، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان کە بەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ لەژێر چاودێرییەکی ورددایە و داوا لە دەزگاکانی راگەیاندنیش دەکات بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتانەدا بکەن.
ئاماژەیان بەوەشکردوە، ئەو دەنگۆیانە لەسەر مریشکی خۆماڵی بڵاوکراونەتەوە بوونەتە هۆی دروستبوونی دڵەراوکێ لای هاووڵاتییان لە کاتی بەکارهێنانی گۆشتی مریشکدا.
بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەت جەخت دەکاتەوە کە بەپێی رێنمایییەکانی ساڵی 2022، هەر جۆرە مامەڵەکردن و هاوردەکردنی دەرمان و ڤاکسینێک دەبێت تەنها لەژێر چاودێری و مۆڵەتی رەسمیدا بێت.
هەروەها ئاگاداری سەرجەم خاوەن پڕۆژەکان، کۆمپانیاکان و کۆگاکان دەکاتەوە، کە پابەندبن بە لیستی دەرمانە رێگەپێدراوەکان، بە پێچەوانەوە رووبەڕووی سزای یاسایی و کارگێڕی توند دەبنەوە.
لە راگەیەنداروەکەدا ئەوەش هاتووە، کە لیژنە هاوبەشەکان لەگەڵ قایمقامیەت و سەندیکا و لایەنە ئەمنییەکان راسپێردراون بۆ چڕکردنەوەی بەدواداچوونەکان و دەستبەسەرداگرتنی هەر جۆرە دەرمانێکی قەدەغەکراو.
هۆشداریش دەدات، کە هەر کەسێک بەبێ مۆڵەت مامەڵە بەم دەرمانانەوە بکات، دەستگیر دەکرێت و رووبەڕووی سزای یاسایی توند دەبێتەوە.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان، کە بەرهەمی پەلەوەری ناوخۆ لەژێر چاودێرییەکی ورددایە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە.

دکتۆر لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026 لە بەغداد پێشوازی لە جوشوا هاریس، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق کرد.
لە دیدارەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کرا و سەرۆک کۆمار جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی هاریکارییەکان کردەوە، بەتایبەت لە بوارەکانی سیاسی، ئابووری و ئەمنی.
هەروەها باس لە پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی سەقامگیری، ئاسایش و سەروەریی عیراق کرا، لەگەڵ هەماهەنگی هاوبەش دەربارەی رەوشی ناوچەکە بۆ بەدیهێنانی ئارامی.
لای خۆیەوە جوشوا هاریس ئاماژەی بە بەهێزی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق کرد و ئامادەیی ئەمریکای نیشاندا بۆ فراوانکردنی ئاسۆی هاریکارییەکان بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوو گەل و سەقامگیری ناوچەکە بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، د.لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیران کرد و رەوشی گشتی وڵات و دوایین پێشهاتە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیان تاوتوێ کرد.
لەو کۆبونەوەکەدا، جەخت لەسەر پێویستیی گەڵاڵەکردنی لێکتێگەیشتنەکان لە نێوان هێزە سیاسییە نیشتمانییەکاندا کرایەوە، بە مەبەستی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان بە جۆرێک کە خواستەکانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.
هەروەها باس لە رێگاکانی بەهێزکردنی هاریکاری و هەماهەنگی نێوان سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کرا، بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری و پاڵپشتیکردنی ڕێڕەوەکانی چاکسازی.
تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە، تایبەت بوو بە پەرەسەندنەکانی ناوچەکە و رەنگدانەوەیان لەسەر کاروباری عیراق؛ تێیدا جەخت کرایەوە، کە ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی گەلەکەمان دەبنەوە، پێویستییان بە هەڵوێستێکی یەکگرتوو هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵات لە سایەی گرژییە بەردەوامەکانی ناوچەکەدا.
هەروەها جەخت لە پاڵپشتیکردنی رێکار و هەنگاوەکانی حکومەت کرایەوە بۆ بەهێزکردنی رۆڵی میحوەری عیراق لە چەسپاندنی ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتیدا.
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کە بە ئیمزای د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، بڕیارێکی گرنگ لە بەرژەوەندی ئەو خوێندکارانە دەرکراوە، کە لە دەرەوەی وڵات دەخوێنن.
بەپێی بڕیارەکە، خوێندکاران دەتوانن لە رێکەوتی 10ـی 3ـی 2026 تاوەکو 28ـی 3ـی بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان، و ئەم ماوەیە کە 18 رۆژ دەخایەنێت، بە "ماوەی مانەوە" (إقامة) بۆیان هەژمار دەکرێت و لە کاتی یەکسانکردنی بڕوانامەکانیان تووشی هیچ کێشەیەکی یاسایی نابن.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئامانجی سەرەکی ئەم بڕیارە رەخساندنی دەرفەتە بۆ خوێندکاران تاوەکو لە جەژنی نەورۆز، جەژنی رەمەزانی پیرۆز و بۆنە نیشتمانییەکاندا لەگەڵ خێزانەکانیان بن و بەشداریی ئاهەنگەکان بکەن.
سێرگی لافرۆف، وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هیچ پێویستییەک نابینێت بۆ دیاریکردنی کاتێکی دیاریکراو بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکراین.
ناوبراو بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، مۆسکۆ "پەلەی نییە" لە کۆتاییهێنان بەو ململانێیەی کە ئەوان هۆکاری دەتپێکردنی نین.
ئەم لێدوانانەی لافرۆف لە کاتێکدایە کە وەفدی هەردوولا لە جنێف کۆبوونەوەی جیاواز لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ئەنجام دەدەن، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ خێراکردنی پرۆسەی ئاشتی و کۆتاییهێنان بە جەنگی روسیا و ئۆکراین.
لە لایەکی دیکەوە، دمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کۆشکی کرێملین ئاماژەی بەوە کردوە، کە هێشتا زووە بۆ هەر پێشبینییەک دەربارەی ئەنجامی گفتوگۆکان و رەتیکردەوە هیچ کۆبوونەوەیەک لە نێوان ڤلادیمێر پۆتین و ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی سازبکرێت تا ئەو کاتەی دانوستانکاران دەگەنە قۆناغی کۆتایی و ئیمزاکردنی رێککەوتنەکە.