هەواڵەکان

بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، لەئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ دامەزراوەی نەتەنز لە ئەسفەهانی ئێران تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.

رافایل گروسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆم، لە پەراوێزی كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە گرژییەكانی نێوان ئیسرائیل و ئێران رایگەیاند، لە ئاكامی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، وێستگەیەكی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەو وڵاتە لەناوبراو، كە تێیدا پیتاندنی یۆرانیۆم گەیشتووەتە ٪ 60.

ئەوەشی خستەڕو، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە بۆ دامەزراوەی ئەتۆمی نەتەنز لە پارێزگای ئەسفەهانی ئێران، تیشكدانەوەی ئەتۆمی لەناوچەكەدا دروستبووە.

گروسی دەشڵێت، هیچ ئاماژەیەك نییە هێرشەكانی ئیسرائیل گەیشتبێتنە وێستگەكانی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ژێر زەوی دامەزراوەی نەتەنز، بەڵام هێرشەكە زیانی بە ئامێرەكانی ناوەندی جێگۆڕكێی وزە گەیاندووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هەموو تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ـی ئەم هەفتەی دوا خستووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، “لەبەر بەرژەوەندی گشتی، ئەم هەفتەیە واتە لە سبەی رۆژی شەممە 14ـی 6ـی 2025ەوە هەموو تاقیکردنەوەکان لە قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکان بە قوتابخانە ناحکومیە نێودەوڵەتیەکان و تاقیکردنەوەکانی وەزاری پۆلی 12ـی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانیەوە دوا دەخرێت.”

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەروەها تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی قوتابخانە حکومی و ناحکومیەکانیش هەمووی بۆ هەفتەی داهاتوو دوا خراون.

وەزارەتی پەروەردە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە “لە هیچ ناوەندێکی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە تاقیکردنەوەکان ئەنجام نادرێن.”
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە “پاشتر لە رێگەی ڕاگەیەندراوێکەوە لە خشتەی تاقیکردنەوەکان ئاگادارتان دەکەینەوە.”
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رابەری باڵای ئێران دەڵێت، كەمتەرخەم نابن لە وەڵامدانەوەی هێرشەكە  و دڵنییایش دەدات لەوەی، ئەو هێرشە بەبێ زیان بەسەر ئیسرائیل تێپەڕنابێت.

عەلی خامنەیی، رابەری باڵای ئێران لە پەیامێكی ڤیدۆییدا بۆ گەلی ئێران رایگەیاند، كەمتەرخەم نابن لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل و هێزە چەكدارەكانی ئێران بە هەموو توانایانەوە وەڵامی ئەو هێرشە دەدەنەوە و ئیسرائیل بێچارە دەكەن.

لە پەیامەکەیدا هاتووە؛ ئەو بابەتەی حەزم دەکرد لەگەڵ گەلی ئازیزماندا باسی بکەم ئەوەیە کە رژێمی زایۆنی هەڵەیەکی گەورەی کرد، هەڵەیەکی گەورەی کرد، کارێکی هەڵەی کرد و دەرەنجامەکانی، بە یارمەتیی خودا چارەڕەشی دەکەن.
خامنەیی دڵنیاییش دەداتە گەلی ئێران، كە لە وەڵامدانەوەی هێرشەكەی ئیسرائیل شكست ناهێنن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، ئەمیر حاتەمی وەك فەرماندەی گشتی سوپای ئێران دەستنیشانكرد.

عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئیسلامی ئێران، لە دوای كوژرانی محەمەد باقری لە هێرشەکەی ئەمڕۆی سوپای ئیسرائیل دا، رایگەیاند کە ئەمیر حاتەمی وەك فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران و جێگرەوەی باقری دەستنیشان كردووە.

هەر ئەمڕۆ عەلی خامنەیی محەمەد پاكپوری وەك فەرماندەی نوێی سوپای پاسدارانی ئێران دەستنیشان كرد و لە یەكەم لێدوانیشیدا جەختی لەوە كردەوە، ئیسرائیل بە دەرئەنجامە گەورە و وێرانكەرەكانییەوە تووشی چارەنووسێكی تاڵ و پڕ لە ئازار دەبێت.

ئەمیر حاتەمی، هەمیشە لە لێدوانەکانیدا دژ بە ئیسرائیل و ئەمریکا دەوەستێتەوە و وەک دوژمن ناویان دەبات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز لە تاران رایگەیاند؛ ئێران دەستی بە هێرشەکانی کرد بۆ سەر ئیسرائیل 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەکات و ئاگاداری لە بەکارهێنانی هێزی سەربازی لە یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان دەدات.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە کە ئەم پێشهاتانە “ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە ئاڵۆزتر دەکەن و دەبنە هەڕەشە لە سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی.”

سەرۆکایەتی هەرێم جەختی لەوە کردووەتەوە کە “روبەروبوونەوە و رێکاری سەربازی، رەوشەکە خراپتر دەکات” و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە کە “کاردانەوەی خێرا و بەپەلە هەبێت.”

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە “کار بۆ ئەوە بکرێت ئاڵۆزی و پشێوییەکان لەوە زیاتر پەرە نەستێنن و تا زووترە رێ لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەکە بگیرێت.”

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، بە وەڵامدانەوەکانیان ئیسرائیل پەشیمان دەکەنەوە و داواش لە ئێرانییەکان دەکات، دەنگۆ و هەواڵە ناڕاستەکان پشتگوێ بخەن.

مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیران رایگەیاند، "وەڵامەکانمان تۆکمە و بەهێز دەبێت، بە وەڵامەکانمان ئیسرائیل لەو کارەگەمژانەیەی پەشیمان دەکەینەوە".

بە هاووڵاتیانی ئێرانیش دەڵێت: متمانە بە سەرکردایەتییەکەتان بکەن و پاڵپشتیان بکەن، خۆتان لە دەنگۆ و هەواڵی ناراست بە دوور بگرن.

شەوی رابردوو و نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر خاکی ئێران ئەنجامدا و بەهۆیەوە 12 فەرماندەر باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران و 121 هاووڵاتی مەدەنیش بریندار بوون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، ئامادەی وەڵامی ئیرانن.

ئیال زەمیر سەرۆکی ئەرکانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "بەهێرشەکانمان ئێرانمان شۆک کرد، ئامادەی کاردانەوەکانیانین".

لەو بارەیەشەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاندووە، هێرشە سەرەتایەکانیان بۆسەر ئێران بە سەرکەوتوویی ئەنجامدا و داواش لە سەرجەم ئیسرائیلییەکان دەکات، بۆ سەلامەتی گیانی خۆیان پابەندی رێنماییە سەربازییەکان بن.

شەوی رابردوو و نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆسەر خاکی ئێران ئەنجامدا و بەهۆیەوە 12 فەرماندەر باڵای سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژران و بەپێی ئاژانسی هەواڵیی فارسیش، تاوەکو ئێستا 78 کەس لە هێرشەکاندا کوژراون و 329ی دیکە بریندار بوون.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران رایگەیاند، شەڕفرۆشتن لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە و دژی هێرشەکەی ئیسرائیلن.

محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری گشتیی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی خۆی لەبارەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، لەکاتێکدا کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا لە هەوڵی گفتوگۆ و دانوستاندا بوون، سەرلەبەیانی ڕۆژی هەینی جارێکی تر ئیسرائیل هێرشێکی ناڕەوای کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەواوی ناوچەکە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و پەلاماردانە دەکات بۆسەر خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دەبێتە هۆکاری ئاژاوە و نائارامی و ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا.

محەمەد حاجی مەحمود دەشڵێت: وێڕای تەئکیدکردنەوەمان لە پێویستی و گرنگی گفتوگۆ و دیالۆگ بۆ چارەسەری گرفتەکان لە ناوچەکە، رایدەگەیەنین؛ شەڕفرۆشتن لەبەرژەوەندی هیچ کەس و لایەک نییە و ئێمە دژی هێرش و پەلاماردانە ناڕەواکەی ئیسرائیلین، کە دەبێتە مایەی جەنگێکی درێژخایەن و زیانگەیاندن بە گەلانی موسوڵمانی ناوچەکە.

شەوی رابردوو ئیسرائیل لەرێگەی 200 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە سێ فەرماندەی پلەباڵای سەربازی و چەند فەرماندەیەکی دیکە و راووێژکاری خامنەیی و شەش زانای ئەتۆمی کوژران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی رەسمی وڵاتەکەی لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە راگەیاند و ئەمریکاش بە پاڵپشتی یەکەمی ئیسرائیل ناو دەبات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەم هێرشانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای بڕگەی 4ـە لە ماددەی 2ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستدرێژییەکی روون و ئاشکرایە بۆسەر کۆماری ئیسلامی ئێران، لە کاردانەوەی ئەو رەفتارەشدا، بە پشتبەستن بە ماددەی 54 لە هەمان جاڕنامە، ئێران بە مافی یاسایی و رەوای خۆی دەزانێت بەرگری لە خۆی بکات و سوپای پاسداران بە هەرشێوەیەک کە لەدەستی بێت بەرگری لە گەلەکەی دەکات.

ئەوەش هاتووە، ئێران ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بەرپرسیار دەزانێت لە گرتەبەری هەنگاوی خێرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لە پێشێلکاریی و تێکدانی ئاسایشی نێودەوڵەتی".

وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەشڵێت: داوا لە سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئەندامەکانی دەکەین رێکاری خێرا بگرنە بەر لەوبارەیەوە.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسیارێتیی دەخاتە ئەستۆی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی ئەندام تێیدا و رایگەیاندووە، "چاوەڕوان دەکەین هەنگاوی خێرا بنێن و هەموو وڵاتانی دیکەش کاردانەوەیان بەرانبەر ئەو سەرگەرمییە شەڕانگێزانەییەی ئیسرائیل هەبێت، کە بەبێ هیچ گومانێک هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی نێودەوڵەتی".

وەزەرەتەکە لە کۆتاییدا رووی دەمی کردووەتە ئەمریکا و ئەوەی خستووەتە روو، "دەستدرێژیی ئیسرائیل بەبێ ئاگاداری ئەمریکا روونادات، ئەمریکا لایەنگری سەرەکیی ئیسرائیلە و بەرپرسیارێتی دەرئەنجامی ئەم سەرگەرمییە شەڕانگێزانەیە لە ئەستۆ دەگرێت".

شەوی رابردوو ئیسرائیل لەرێگەی 200 فڕۆکەی جەنگییەوە هێرشی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە سێ فەرماندەی پلەباڵای سەربازی و چەند فەرماندەیەکی دیکە و راووێژکاری خامنەیی و شەش زانای ئەتۆمی کوژران.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی پێشوەختەی کردە سەر ئێران و 100 ئامانجی لەررێگەی 200 فڕۆکەی جەنگییەوە پێکا.

بەهۆی هێرشەکانەوە عەلی شەمخانی راوێژکاری یەکەمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، سەرۆکی ئەرکانی ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی دیکە کوژران.

ئەنجامدانی هێرشەکەش کاردانەوەی گەورەی ناوخۆی ئێران و وڵاتانی دیکەی جیهانی بەدوای خۆیدا هێنا و بە گشتی وڵاتان هێرشەکان ئیدانە دەکەن.

 

راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان

بەشێوەیەکی گشتیی وڵاتان گەشتەکانیان بۆ ئێران و ئیسرائیل و عیراق راگرت و بەشێکی زۆری گەشتە جیهانییەکانیش دواخراون، ئەوەی جگە لەوەی بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئێستادا خاڵییە لە فڕۆکە.

 

کاردانەوە جیهانییەکان:

 

ئەمریکا

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئاگاداری هێرشەکانی ئیسرائیل بوون و بە چەند هێرشێکی چاوەڕوانکراو باسیان دەکات.

هاوکات، پشتگیری ئەمریکاش بۆ ئیسرائیل دووپاتدەکاتەوە.

 

ناتۆ

سکرتێری گشتیی ناتۆ: هێرشەکان دەبێتە هۆی خێرا زیادبوونی گرژییەکان، پێویستە کەمکردنەوەی ئەو گرژییانە کاری لەپێشینە بێت.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی تێکهەڵچونە سەربازییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە و رایگەیاندووە، "نیگەرانن لە رەفتارەکانی سوپای ئیرائیل، بەتایبەت لە کاتێکدا کە دانوستانی ئێران و ئەمریکا لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە ئارادایە".

فەرحان حەق جێگری وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش داوا لە هەردوو وڵاتەکە دەکات دان بە خۆیاندا بگرن و دووربکەونەوە لەوەی بکەونە ململانێی قوڵ و رەوشێکەوە کە ناوچەکە بەرگەی ناگرێت.

 

عومان

عومان کە نێوەندگیری ئێران و ئەمریکایە لە دانوستانە ئەتۆمییەکەدا ئیدانەی هێرشەکە دەکات و ئیسرائیل بە بەرپرسیار دەزانێت، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، هەڵوێستێکی روون و ئاشکرایان هەبێت بۆ راگرتنی ئەو شەڕە کە هەڕەشەیە بۆسەر رەوتی دیپلۆماسی و سەقامگیری ناوچەکە.  

 

فەرەنسا

"گرنگە بە هەموو شێوەیەک هاوکاری ئەو وڵاتانە بکرێت لە ئارامکردنەوەی رەوشەکەدا و ئێمە بە تەواوی ئامادەین بۆ ئەوە، نیگەرانی جدیمان لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران هەیە"

 

ئیمارات

"هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە. جەختیشی کردووەتەوە لەوەی، خۆڕاگریی و پابەند بوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتەکان بنەمای چارەسەرکردنی کێشەکانە"

 

سعودیە

"هێرشەکانی ئیسرائیل بەزاندنی سەروەری خانکی ئێران و ئارامییەتی، هەروەها پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکانە"

 

ئیندۆنیزیا

وەزارەتی دەرەوەی ئیندۆنیزیا: داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین خۆیان کۆنتڕۆڵ بکەن، هێرشەکان گرژییەکان قوڵتر دەکاتەوە و مەودای ململانێکانیش فراوانتر دەکات.

 

سوید

وەزارەتی دەرەوەی سوید: ئەوەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روودەدات رەوشەکە ئاڵۆزتر دەکات. وڵاتان کۆکن لەسەر ئەوەی ئێران نابێت پەرە بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی بدات.

 

هۆڵەندا

وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا: نیگەرانی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین.

 

یابان

وەزارەتی دەرەوەی یابان: ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەبنە هۆی تێکچوونی رەوشەکە، جێگای داخە کە ئامرازی سەربازی بەکاردەهێنن.

 

چین

"دژی پێشێلکردنی سەروەری خاکی ئێرانین"

 

عیراق

حکومەتی عیراق: هاوسۆزیمان بۆ گەلی ئێران هەیە، هێرشەکە پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكانە، پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ئەم پێشێلكارییە وەك بینەر نەمێنێتەوە و هەنگاوی کرداریی بنێت.

 

تورکیا

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئەو هێرشانە دەکرێت ببێتە هۆکاری زیاتر فراوانبوونی ململانێکان.

 

کاردانەوە ناوخۆییەکانی ئێران:

 

سوپای پاسداران

وەک سەرەتای کاردانەوەکان بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆیان دەزانن و بەمزووانە هێرش دەکەنەوە سەر ئیسرائیل.

لە هەژماری رەسمی خۆشی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: لەبیرتان بێت، ئێمە دەستپێشخەریمان نەکرد.

 

عەلی خامنەیی

عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران: ئیسرائیل چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ خۆی ئامادە کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت.

 

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران

محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئێران: ئێستا کاتی تۆڵەسەندنەوەیە و بە هەموو ئامرازێکی بەردەستمان تۆڵە دەکەینەوە، واز لە زایۆنییەکان ناهێنین، ئەو چیرۆکە تەواو دەکەین کە دەستیان پێ کرد، وەڵامێکی ئازاربەخشیان دەدەینەوە، پەشیمانی چاوەڕوانیان دەکات.

 

حکومەتی ئێران

"دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران یاریكردنە بە كلكی شێر، ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەك نییە"

لەلایەکی دیکەوە دەنگۆی ئەوە هەیە کە تاران بەشداری لە دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران نەکات، کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، خولی حەوتەمی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە بەڕێوەبچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای ئەوەی شەوی رابردوو ئیسرائیل هێرشی موشەکی کردە سەر ئێران و بەهۆیەوە چەندین بەرپرسی باڵای ئێرانی و زانای ئەتۆمی گیانیان لەدەستدا، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، بە 200 فڕۆکەی جەنگی 100 ئامانجیان پێکاوە.

درەنگانی شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل هێرشی موشەکی بۆسەر چەندین ناوچەی ئێران و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوون دەست پێ کرد. وتەبێژی سوپای ئیسرائیل رایگەیاندووە، 200 فڕۆکەی جەنگیی بەشدارییان لە ئۆپەراسیۆنەکەدا کردووە.

 

چەندین فەرماندەی سەربازی و زانای ئەتۆمی کوژراون

 

بەهۆی هێرشەکانەوە بەپێی ئەو زانیارییانەی میدیا ئێرانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، عەلی شەمخانی راوێژکاری یەکەمی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران، سەرۆک ئەرکانی ئێران، حسێن سەلامی فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و شەش زانای ئەتۆمی دیکە کوژراون، ئەوە جگە لە کوژران و برینداربوونی چەندین هاووڵاتی مەدەنی.

 

سوپای ئیسرائیل: دڵی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانمان کردە ئامانج

 

لەو بارەیەوە سوپای ئیسرائیل دەڵێت، هێرشی پێشوەختەمان بۆسەر ئێران ئەنجامدا و هێرشمان کردە سەر دڵی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە.

سوپای پاسدارانیش رایگەیاندووە، وەڵامدانەوەی ئەو هێرشانە بە مافی خۆیان دەزانن و بەمزووانە هێرش دەکەنەوە سەر ئیسرائیل.

لە هەژماری رەسمی خۆشی لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی: لەبیرتان بێت، ئێمە دەستپێشخەریمان نەکرد.

لەلایەکی دیکەوە عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران ئاماژەی بەوەکردووە، ئیسرائیل چارەنووسێکی تاڵ و پڕ لە ئازاری بۆ خۆی ئامادە کرد و بە دڵنیاییەوە وەریدەگرێت.

 

حکومەتی ئێران: ئیسرائیل یاری بە کلکی شێر دەکات

 

لە درێژەی کاردانەوەکانی هێرشەکەی ئیسرائیلیشدا حكومەتی ئێران لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستپێكردنی شەڕ لەگەڵ ئێران یاریكردنە بە كلكی شێر، ئەو دەسەڵاتە ناشەرعییە پابەندی هیچ رێسا و یاسایەك نییە.

لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ئێران لە دوو سەد ساڵی رابردوودا هەرگیز دەستپێشخەری هیچ شەڕێكی نەكردووە، بەڵام لە بەرگریكردن لە زێدی خۆی درێغی ناكات.

لەلایەکی دیکەوە بەپێی تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران، ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، تاران بەشداری لە دانوستانی ئەتۆمی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوودا؛ ناکات. کە بڕیاربوو رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، خولی حەوتەمی دانوستانەکان لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانەوە دەست پێ بکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە ئەگەری زۆر هەیە ئیسرائیل هێرشێک بکاتە سەر ئێران، بەڵام ئەمە بەم نزیکانە رونادات.

ترەمپ لە وتارێکدا لە رۆژی پێنجشەممە 12ـی حوزەیران جەختی لەوە کردەوە کە ئێران ناتوانێت چەکی ئەتۆمی بە دەست بهێنێت و دەبێت سازش بکات.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاشکرای کرد کە دەیەوێت لە ململانێ لەگەڵ ئێران دوور بکەوێتەوە و باسی لە پێکهێنانی رێککەوتنێک لەگەڵ تاران کرد.

“دەمەوێت رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بکەم، بە دڵنیاییەوە لەو رێککەوتنەش نزیکین، من هەمیشە ڕێگەی دۆستانەم پێ باشترە لە بژاردەی سەربازی”، ترەمپ ڕایگەیاند.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا ئامانجی خۆی بۆ دامەزراندنی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەربڕی و وتی: “دەمانەوێت پەیوەندی بازرگانیمان لەگەڵ ئێراندا هەبێت و هاوکاریان بکەین.”

لەبارەی دۆخی گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، ترەمپ وتی، کە ئەگەری روودانی ململانێیەکی گەورە هەیە و رەنگە بەم نزیکانە شتێک روبدات، هەرچەندە هیوادارە نەبێتە ڕاستی.

ترەمپ هیوادارە کە ئیسرائیل هەنگاوێک نەنێت کە ببێتە هۆی تێکدانی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵاندا، رێکخراوی یونیسێف ئاشکرای کرد کە 138 ملیۆن منداڵی تەمەن 5 بۆ 17 ساڵ لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2024دا کاریان کردووە.

بەپێی دوایین راپۆرتی یونیسێف، رێژەی 40% لەم منداڵانە کارە مەترسیدارەکانیان کردووە کە بە بەراورد لەگەڵ تەمەنیان گونجاو نەبووە.

رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەم ژمارەیە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2020 ڤێگەی دڵخۆشیە و دابەزیوە، بەتایبەت لەو کاتەدا زیاتر لە 150 ملیۆن منداڵ کاریان دەکرد.

رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەدا بە شێوەیەکی بەرفراوان چاودێری دۆخی منداڵانی کارکەر دەکات و لە ساڵی 2022ەوە پڕۆژەکانی بۆ لابردنی ئاڵنگارییەکانی بەردەمیان جێبەجێ دەکات.

سەبارەت بە عیراق، هیچ زانیارییەکی نوێ لە ساڵی 2018ەوە بەردەست نییە. بەڵام بەپێی دوایین ئامارە رەسمیەکان،رێژەی کاری منداڵان لە عێراق 4.5% دیاری کرابوو.

زانیارییە نوێکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 5% لە منداڵانی عیراق لە بازاڕەکاندا کار دەکەن. لەگەڵ ئەوەی ژمارەی منداڵانی تەمەن  5 بۆ 17 ساڵ لە عیراق 15 ملیۆن دەبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە 600 بۆ 800 هەزار منداڵ کار دەکەن کە لە هەندێک حاڵەتدا ئەم ژمارەیە دەگاتە ملیۆنێک منداڵ.

ریزبەندی نێودەوڵەتی

بەپێی ریزبەندی نێودەوڵەتی، عیراق لە نێوان 97 وڵاتی جیهاندا لە پێگەی 55ـەمدایە لە روی پێوەرەکانی کاری منداڵانەوە. هەروەها لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیشدا لە پلەی چوارەمدایە لە دوای سوودان، فەڵەستین و میسر.

12ـی حوزەیرانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی کاری منداڵان ناسراوە. لەم رۆژەدا رێکخراوە تایبەتمەندەکانی بواری منداڵان زانیاری و ئامار و راپۆرتەکانیان لەم بارەوە بڵاو دەکەنەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی عیراق ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند کە 500 ملیار دیناری دیکەی بۆ شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵی 2025  تەرخانکرد

بەپێی ئەم راگەیەندراوە، ئەم بڕیارە بە رەزامەندی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و رێنماییەکانی وەزیری دارایی، لەلایەن بەشی ژمێریاری وەزارەتەکەوە جێبەجێ دەکرێت.

وەزارەتەکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پابەندبوون بە پشتگیری کردنی کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی خولی دارایی دێت کە جێگیری باروودۆخی جوتیاران دەبێتە مەسەلە و هانیان دەدات بۆ بەردەوامی لە چاندنی بەرهەمە کشتوکاڵیەکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
پۆلیسی شاری ئەحمەدئاباد لە نوێترین لێدوانیدا سەبارەت بە ئاماری گیان لەدەستدانی سەرنشینانی فڕۆکەکەی ئەم بەیانیە دەڵێن، تا ئێستا تەرمی 204 کەس دۆزراونەتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیەندراوی هێڵی ئاسمانیی وڵاتەکە،  169 کەسی هیند و 53 بەریتانی و 7 پۆرتوگالی و یەک کەنەدی تێدا بووە. هەروەها 12شیان تیمی فڕۆکەوانی و کارمەندی فرۆکەکەبوون.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی هیندستان، فڕۆکەکە بەرەو بەریتانیا گەشتی دەکرد، لە نزیک فڕۆکەخانەی ئەحمەدئاباد کەوتووەتە خوارەوە و هێشتا هیچ ئامارێکی رەسمی لەبارەی ژمارەی گیانلەدەستدان و بریندارەکانەوە بڵاو نەکراوەتەوە.
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
123...748