سەرۆکی لوبنان: رێککەوتنی ئاگربەست دواین دەرفەتە و جێبەجێکردنی نزیکە
سەوسەن سەید
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
جۆزێف عەون، سەرۆک کۆماری لوبنان زانیاری نوێی لەسەر ئەو دانوستانانە ئاشکرا کرد کە بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست بەڕێوەدەچن و جەختی کردەوە کە ئەو رێککەوتنەی پێی گەیشتوون دواین دەرفەتە.
عەون لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان وتی، ئەو دانوستانانەی دوێنێ ئەنجامدران زۆر قورس بوون، دانوستانەکان راوەستان و دواتر بەهۆی دەستوەردانی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە دەستیان پێکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن باڵیۆز سیمۆن کەرەم، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری لوبنانەوە هەڵپەسێردرابوون.
سەرۆک عەون وتیشی: من لە کاتژمێر دووی بەرەبەیانەوە لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکاندا لە پەیوەندیدا بووم بۆ جێگیرکردنی ئاگربەستەکە"، ئاماژەی بەوەش کرد کە هەمووان چاوەڕێی وەڵامی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو گەرەنتییانە دەکەن کە بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنەکە پێویستن.
عەون رونی کردەوە کە رەنگە جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە لە ماوەی 24 کاتژمێردا لە دوای بەدەستهێنانی رەزامەندی کۆتایی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، دەست پێبکات.
سەرۆک کۆمار جەختی کردەوە کە ئەو رێککەوتنەی ئەمڕۆ گەیشتوونەتە سەرى، لە بنەڕەتەوە لەگەڵ رێککەوتنی 27ی تشرینی دووەمی2024 جیاوازە، چونکە ئەمەیان رێککەوتنێکی بەردەوام دەبێت، هاوکات متمانەی خۆی بە رۆڵی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا و ئیدارەکەی بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە دەربڕی.
عەون پێشنیازێکی لوبنانی ئاشکرا کرد کە تێیدا هاتووە، لە قۆناغی یەکەمدا ناوچەی تاقیکاری هەریەکە لە ناوچەکانی (زۆتەری رۆژئاوا، زۆتەری رۆژهەڵات و قەڵای شەقێف) بگرێتەوە، ئەمەش بۆ تاقیکردنەوەی جددیەتی پابەندبوون بە ئاگربەستەکەوە پێش ئەوەی فراوان بکرێت و ناوچەکانی تریش بگرێتەوە.
سەرۆک عەون لە کۆتایی لێدوانەکانیدا وتی، رێککەوتنی ئێستا دواین دەرفەتە بۆ گەیشتن بە چارەسەر و هۆشداریشی دا کە لە ئەگەری پابەندنەبوون پێیەوە، با هەر لایەنە و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت.



