ناوى "ئۆباما" خۆى ئامادە دەکات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی سیاسی لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا، ئەمەش دوای ئەوەی بەربژێرێک کە بە شێوەیەکی یاسایی ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ ناوی سەرۆکی پێشوو باراک ئۆباما، بەشداری لە هەڵبژاردنە بەراییەکاندا دەکات بۆ پۆستی حاکمی ویلایەتەکە.
"باراک د. ئۆباما شۆ"، یەکێکە لە نێو زیاتر لە 60 بەربژێر لە هەڵبژاردنە بەراییەکانی پۆستی حاکمی کالیفۆرنیا کە بڕیارە ئەم هەفتەیە بەڕێوەبچێت.
داتاکانی ماڵپەڕی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی نیشانی دەدەن کە "شۆ" زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر و لە کاتی خزمەتکردنیدا لە هێزی یەدەگی سوپای ئەمریکا لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2016، ناوی خۆی بە یاسایی گۆڕیوە، کە پێشتر ناوی راستەقینەی "سیسیل شۆـی سێیەم" بووە.
ئۆباما شۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "سپێکتڕەم نیوز" وتی: کاتێک بۆ سڵاوی سەربازی دەوەستام و وێنەی ئەو (باراک ئۆباما) لەسەر دیوارەکە بوو، هەستم بە شانازی دەکرد ئەو سەلماندی کە کەسێکی وەک منیش دەتوانێت ببێتە سەرۆک.
ئەم بەربژێرە لە رێگەی ماڵپەڕی هەڵمەتەکەیەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەرسامبوونی بە سەرۆکی پێشووی دیموکراتەکان دەگەڕێتەوە بۆ "ئەو ئومێدەی کە بەخشییە جیهان"، و وەسفی کردووە بەوەی کە "هاندەر" بووە بۆ گۆڕینی ناوی بە مەبەستی پێشکەشکردنی هەمان جۆری ئومێد بە دەنگدەرانی ئەمڕۆ.
شۆ لە کۆمەڵگەی ناوخۆیی خۆی لە شاری ئەلامێدا چالاکە، لەوێ بەرنامەیەک بۆ بەهرەمەندە ناوخۆییەکان پێشکەش دەکات و کاری وانەبێژیی مۆسیقا بە منداڵان دەکات.
هەڵمەتی هەڵبژاردنی شۆ تیشک دەخاتە سەر چارەسەرکردنی قەیرانی بێماڵان، دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی نوێ، و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکانی حکومەت.
راپرسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئۆباما شۆ بە جیاوازییەکی زۆر لە دوای بەربژێرە دیارەکانەوەیە، کە لە پێشەنگیاندا ملیاردێر و چالاکوانی بواری کەشوهەوا "تۆم ستایەر" و وەزیری تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانی ئەمریکا "خاڤیێر بێسێرا" دێن.
سەرەڕای ئەمەش، شۆ جەختی لەسەر پێداگریی خۆی کردەوە بۆ بەردەوامبوون لە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا بە هەڵگرتنی هەمان ناوەوە.
شۆ لە کۆتاییدا وتی: باراک ئۆباما پاڵەوانە گەورەکەیە، منیش ئەو پیاوەم کە قاتەکەی ئەو دەپۆشێت.. شەرەفی هەڵگرتنی ئەم ئاڵایەم پێبڕاوە.