رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی دەبەسترێت
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
دووەمین کۆڕبەندی ئابورى نێودەوڵەتی دێڵفی لە سلێمانی، لە رۆژانی 6 و 7ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان تێیدا بەشداردەبن.
بۆ جاری دووەم و بەچاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگرى سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی لەرۆژانی 6 و 7 ى حوزەیرانی 2026 لەهۆڵى فاوندەیشن لەکارگەى کلتورى لەسلێمانی دەبەسترێت.
کۆڕبەندی ئەمساڵ کەسایەتییە باڵاکانی سەر ئاستی کوردستان و عیراق و جیهان کۆدەکاتەوە لەگەڵ بەرپرسانی وڵاتانی خاوەن ئابورى بەهێزی جیهان بۆ دیالۆگ لەسەر گرنگترین ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابورییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەقۆناغێکی پڕ گۆڕانکارى جیۆپۆلیتیکیدا تێپەڕدەبێت.
لەمیانی کارەکانی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى دا، داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاربەدەستان و گەورە بازرگانانی وڵاتانی (یۆنان،تورکیا، بولگاریا، رۆمانیا، جۆرجیا، پۆڵەندا، ئیتاڵیا و فەرەنسا) گفتوگۆى چڕ دەکەن لەسەر ئاسایشی هەرێمی و ووزە، گواستنەوەى سەوز، گەشەپێدانی ئابورى و دەرفەتە نوێیەکانی وەبەرهێنان لەلایەک و پرسەکانی حکومڕانی و هەوڵەکانی چاکسازی لەلایەکی ترەوە.
لەکاتێکدا جیهان لەسەرووبەندی دووبارە بوژاندنەوەدایە بەتایبەت لەدواى کێشمەکێشەکانی جیهان، کۆڕبەندی ئابورى دێڵفى، پەرۆشی هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت لە پشتیوانیی ئەنجامدانی گفتوگۆى بنیاتنەرانە و توندکردنەوەى پەیوەندییە ستراتیژیەکانی نێوان خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا و ئەمریکا و داڕشتنەوەى سیاسەتە ئابورییەکان.
لەئامێزگرتنی کۆڕبەندی ئابورى دێڵفی بۆ ساڵى دووەم، پێگەى سلێمانی لەسەر نەخشەى ووزەى جیهان جێگیر دەکات و هانی دیالۆگی ئەرێنی دەدات بۆ پشتیوانی رێوشوێنەکانی بەهێزکردنی سیاسەتی ئابورى و گەشەپێدانی لە رەوشی دژوار و ناسەقامگیرەکانیشدا.



