راپۆرتێکی جیهانی توڕەترین ژنانی جیهان ئاشکرا دەکات.. تایوان لە پلەی یەکەم دایە
سەوسەن سەید
٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
نیشاندەری جیهانیی "هۆلۆجیک" بۆ تەندروستیی ژنان، کە ریزبەندییەکی ساڵانەیە و پشت بە راپرسییەکی زیاتر لە 76هەزار ژن و کچ لە سەرانسەری جیهاندا دەبەستێت، رەگەزنامەی ئەو ژنانەی ئاشكرا كرد کە توڕەترینیانن لە جیهاندا.
تایوان لە پلەی یەکەمی جیهانیدا هات، بەدوایدا لاتیڤیا، پاشان ژاپۆن، ڤێتنام و پۆڵەندا، هەروەها سەنگاپوورە و ئەڵمانیا و نەمسا لە پلەکانی پێشەوەدا بوون.
ئەو داتایانەی کە لە شوباتی 2024دا کۆکراونەتەوە و ئەم هەفتەیە بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 2.3 لە ناو هەر 10ژنێکدا هەستیان بە توڕەیی کردووە.
راپۆرتەکە پشتی بە پێوانەکردنی باری دەرونیی گشتی لە وڵاتە جیاوازەکاندا بەستووە، ئەمەش لە رێگەی پرسیارکردن لە بەشداربووان دەربارەی ئەو هەستانەی کە لە بەشێکی زۆری رۆژی رابردوویاندا چەشتوویانە.
بەرزترین ئاستی توڕەیی لە ئەوروپا لە ماڵتا تۆمارکراوە، بەدوایدا یۆنان، پاشان کۆماری چیک، ئەلبانیا و ئیسپانیا.
وڵاتانی گینیا، ماداگاسکار، سیرالیۆن، لیبێریا و چاد بەپێی ڕێزبەندی لە پلەکانی کۆتاییدا هاتن.
تیم سیمپسۆن، بەڕێوەبەری باڵا لە کۆمپانیای هۆلۆجیک، لە کۆمێنتێکدا لەسەر ئەنجامەکان وتی: ژنان پێمان دەڵێن کە دەیانەوێت دەستنیشانکردنی پێشوەختە و دەستڕاگەیشتنێکی خێراتریان بە چاودێریی تەندروستی هەبێت.
وتیشی: باشترکردنی تەندروستیی ژنان پێویستی بە پابەندبوونی بەردەوامی داڕێژەرانی سیاست، دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتمانی، پزیشکان و کەرتی پیشەسازی هەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کاربکەن لە پێناو جێبەجێکردنی ئەو گۆڕانکارییانەی کە ژنان داوای دەکەن.



