راپۆرتراپۆرت

پێشتر مرۆڤ تەنها خەمی ژیانی بوو، ئێستا خەمی مردنیشیانە، لە عیراق دۆزینەوەی پارچە زەوییەک بەخاکسپاردنی مردووەکان بووەتە یەکێک لە کارە قورسەکان و بەشێکی خەڵک بەر لە مردنیان زەوی و گۆڕ دەکڕن.

قەیرانی نەبوونی زەوی لە گۆڕستانەکانی عیراقدا پەیوەستە بە چەند هۆکارێکەوە، جیاواز لە زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی مردن لە بەرانبەردا، زۆرینەی گۆڕستانە کۆنەکان پڕبوون و جێگە نەماوە، هاوکات، بەشێک لە خێزانەکان پێیان وایە دەبێت لەیەک گۆڕستان و لە نزیک یەکتردا بنێژرێن بۆئەوەی دوای مردنیش رۆحیان ئاسودە بێت.

نرخی زەوی و گۆڕ لە بەشێک لە گۆڕستانەکاندا نرخێکی خەیاڵییە، لەو گۆڕستانانەی نزیک لە مەزارگەکانن بۆنمونە گۆڕستانی وادی سەلام لە نەجەف کە بە گەورەترین گۆڕستان لە جیهان دادەنرێت و لە نزیک مەزارگەی ئیمامی عەلییە، نرخی یەک گۆڕ تیایدا دەگاتە سێ ملیۆن دیناری عیراقی.

گۆڕستانی وادی سەلام روبەرەکەی دەگاتە نۆ کیلۆمەتر چوارگۆشە و 13٪ی روبەری شاری نەجەف پێکدەهێنێت، بەدوای ئەویشدا گۆڕستانی شێخ مەعرەف دێت لە نزیک مەزارگەی شێخ مەعرەف کەرخی و گۆڕستانی خەیزەران و محەمەد سەکران دێت.

بەشێک لە گۆڕهەڵکەنانی عیراق باس لەوەدەکەن، بەشێوەیەکی گشتیی نرخی زەوی و گۆڕەکان لە 500 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات و تا سێ ملیۆن دینار و زیاتریش درێژدەبێتەوە، بەشێک لە هاووڵاتیانیش گۆڕستانی خێزانی دەکڕن.

عادل فەخری هاووڵاتییەکی نەجەفە و بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، پارچە زەوییەکی کڕیوە بۆ گۆڕستانی خێزانەکەی بە 10 ملیۆن دیناری عیراقی، بەڵام ئێستا جێگا نەماوە و دەبێت بۆ ئەندامە نوێیەکانی خێزانەکە زەوی تر بکڕێت.

گرانبوونی نرخی گۆڕ ناڕەزایەتیی هاووڵاتیانی لێکەوتووەتەوە و باس لەوەدەکەن، ناکرێت مردن و گۆڕستان بکرێت بە بازرگانی، لە کاتێکدا، بەشێکی زۆر لە خێزانەکان توانای کڕینی یەک گۆڕیشیان نییە نەک گۆڕستانی خێزانی.

لەکاتێکدا گۆڕستانە مێژووییەکان خواستێکی زۆریان لەسەرە، بەشێکی زۆری هاووڵاتیان داوا دەکەن، حکومەت بە وردی چاودێری کاری گۆڕستانەکان و ناشتنی مردووان بکات و ئەو بارگرانییە لەسەر شانی خێزانە کەمدەرامەت و هەژارەکان لاببات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای سێ ساڵ لە داخرانی دەرگای خوێندنگەكان و دابڕان لە خوێندن بەهۆی جەنگ و وێرانكارییەوە، منداڵانی غەززە گەڕانەوە بۆ پۆلەكان.

منداڵانی غەززە بەخۆشحاڵییەوە دەچنە ناو پۆلەكانیان، كە جگە لە تەختەیەكی رەش هیچی تری تێدا نییە، خوێندنگەیەك نە دەرگای هەیە و نە دیوار، بەڵام دڵخۆشی لە چاوی یەك بە یەكی منداڵەكاندا بەدی دەكرێت.

رێكخراوی سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان یونیسێف رایگەیاندووە، 98٪ی خوێندنگەكانی غەززە یان بە تەواوی لەناوچوون، یان رووخاون و بە كەڵكی بەكارهێنان نەماون، بەڵام سەرەڕای ئەوە بەهەوڵی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان توانراوە بۆ ئەمساڵ 540 هەزار منداڵ بگەڕێنرێنەوە ناو پۆلەكان.

نرخی كەلوپەل و پێداویستییەكان زیاتر لە سێ هێندە بەرزبوونەتەوە، مەترسییەكانی جەنگ بەردەوامن و شەڕ هەنگاوێك لێیان دوورە، بەڵام هێشتا ئومێد لە چاوەكانیاندا دەبینرێت و دەڵێن: سەرەڕای نەبوونی پێداویستییەكان و لەدەستدانی هاوڕێكانمان، ئێمە لەناو خێمەكانیشدا فێر دەبین و بەردەوام دەبین.

 رێكخراوی یونیسێف پرۆگرامێكی فراوانی فریاگوزاری راگەیاندووە بەناوی گەڕانەوە بۆ فێربوون، لە چوارچێوەی ئەو پرۆگرامەشدا خێمە و پێداویستییەكانی خوێندن بۆ منداڵانی غەززە  دابین دەكەن، ئامانجی پرۆگرامەكەش رێگریكردنە  لە دروستبوونی نەوەیەكی دابڕاو لە خوێندەواری 
 منداڵانی غەززە لەپاڵ گەڕانەوەیان بۆ خوێندن، پاڵپشتی دەروونیشیان پێشكەش دەكرێت و دەیانەوێت شۆكی جەنگیان لەسەر كەمبكەنەوە.

دەستپێكردنەوەی  پرۆسەی خوێندن لە كەرتی غەززە لەكاتێكدایە لە سێ ساڵی رابردوودا، نزیكەی 22 هەزار خوێندكار  و زیاتر لە 770 كارمەندی پەروەردەیی كە 532یان مامۆستا بوون گیانیان لەدەستداوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خەونەکەی ترەمپ بە شێوازێکی تر هاتەدی؛ ئەمریکا بێکڕینی گرینلاند، هەژموونی سەربازی و ئەمنیی خۆی لە جەمسەری باکور بەهێزتر دەکات.

ئەمریکا، دانیمارک و گرینلاند گەیشتنی خۆیان بە تێگەیشتنێکی ئەمنیی نوێ راگەیاند کە ئامادەیی سەربازیی ئەمریکا لە دورگە ستراتیژییەکەدا فراوانتر دەکات، لە هەمان کاتدا سەروەریی دانیمارک بەسەر دورگەکەوە وەک خۆی دەهێڵێتەوە، ئەم هەنگاوەش کۆتایی بە چەندین مانگ لە گرژیی دیپلۆماسی دەهێنێت کە بەهۆی داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند دروست ببوو.

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، رێککەوتنەکە بوارێکی بەرفراوانتر دەداتە واشنتۆن بۆ بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازی، بەکارهێنانی ئاسمانی دورگەکە و چوونە ناوچەکە، هاوکات ئامانج لێی رێگریکردنە لە نەیارانی ئەمریکا لە دروستکردنی بنکەی سەربازی یان ئەنجامدانی وەبەرهێنانی هەستیار لە دورگەکەدا.

بەپێی زانیارییەکان ئاژانسەکان، بڕیارە ئەمریکا، دانیمارک و گرینلاند لە کاتی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک رێککەوتنەکە ئیمزا بکەن، بەرپێش ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بکرێت بۆ پەسەندکردن و چوونە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمریکا دەستکەوتی چی بووە؟

بەپێی ئەو وردەکارییانەی تا ئێستا راگەیەنراون، رێککەوتنەکە رێگە بە ئەمەریکا دەدات ئامادەیییەکی سەربازیی گەورەتر لە گرینلاند پەرە پێبدات، کە ناوچەیەکی ستراتیژیی گرنگە لە نێوان ئەمریکای باکور و ئەوروپادا و لە دڵی جەمسەری باکوردایە.

لەلای خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، رێککەوتنەکە گەرەنتی ئەوەدەکات واشنتۆن بتوانێت هەر کارێک بە پێویستی بزانێت بۆ بەرگریکردن لە ئاسایشی گرینلاند و ئەمەریکا ئەنجامی بدات، هاوکات لێپرسراوانی ئەمریکا ئاشکرایانکردووە، رێککەوتنەکە مافی بەردەوامی جوڵەی هێزەکان و بەکارهێنانی ئاسمانی دورگەکەیان پێدەبەخشێت، لەگەڵ ئەگەری زیادکردنی دامەزراوە و بنکە سەربازییەکان.

جگە لەوەش، رێککەوتنەکە رێگری لە وڵاتانی دەرەوەی هاوپەیمانی ئاتڵانتیکی باکور 'ناتۆ' دەکات لە دروستکردنی بنکەی سەربازی، هەروەها سنوردارکردنی وەبەرهێنانی هەستیار لەلایەن نەیارانی واشنتۆنەوە، بەتایبەتی چین و روسیا، لەخۆدەگرێت.

لەلایەکی ترەوە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند؛ گرینلاند وەک بەشێک لە ناوچەی بەرگریی ستراتیژیی ئەمریکای باکور دەمێنێتەوە و رێگە بە هیچ نەیارێک نادرێت پێگەی سەربازی لە دورگەکەدا دروست بکات.

"کۆنترۆڵی بەردەوام".. بەڵام بە مەرج

گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە هەرچەندە ترەمپ رێککەوتنەکەی بەوە وەسفکرد کە "کۆنترۆڵی بەردەوام" بە واشنتۆن دەبەخشێت و هیچ وادەیەکی کۆتایی نییە، بەڵام هەڵوێستی دانیمارک و گرینلاند بەڕاشکاوی جیاواز بوو.

میته فرێدریكسن، سەرۆک وەزیرانی دانیمارک جەختی کردەوە، رێککەوتنەکە ئاسایشی هاوبەش لە جەمسەری باکور بەهێز دەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا دان بە سەروەریی پاشایەتی دانیمارک و مافی گەلی گرینلاند لە بڕیاردانی چارەنووسی خۆیاندا دەنێت، لەلایەکی دیکەشەوە، یەنس فریدریك نیلسن، سەرۆک وەزیرانی گرینلاند رایگەیاند، رێککەوتنەکە رێز لە بەرژەوەندییەکان و پێگەی گرینلاند دەگرێت.

بەپێی ئەمە، رێککەوتنەکە داواکارییەکەی پێشووتری ترەمپ بۆ کڕین یان خاوەندارێتی کردنی گرینلاند جێبەجێ ناکات، بەڵام لە رووی ئەمنییەوە پێگەی واشنتۆن بۆ ماوەیەکی درێژخایەن دەستەبەر دەکات.

دورگەی گرینلاند بۆ ئەوەندە گرنگە؟

گرینلاند بایەخێکی ستراتیژیی گەورەی هەیە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی لە جەمسەری باکور، لەگەڵ نزیکیی لە رێڕەوە ئاسمانی و دەریاییەکانی نێوان روسیا و ئەمریکای باکور، جگە لە هەبوونی یەدەگێکی زۆری کانزا و سەرچاوە سروشتییەکان.

ئەمریکا لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمەوە ئامادەیی سەربازی لە گرینلاند هەیە، لە ساڵی 1951 رێککەوتنێکی بەرگری لە نێوان واشنتۆن و کۆپنهاگن ئیمزا کرا کە دەسەڵاتی بەرفراوانی بە هێزەکانی ئەمەریکا دەدا، لە ئێستاشدا بنکەی ئاسمانیی "پیتۆفیک" لە باکوری رۆژئاوای گرینلاند گرنگترین پێگەی سەربازیی ئەمەریکایە لە دورگەکەدا بۆ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و بەرگریی موشەکی.

گرینلاند گەورەترین دورگەی جیهانە کە دەکەوێتە نێوان تەوەری باکوری زەوی و ئۆقیانوسی ئەتڵەسییەوە، لە خۆرهەڵاتی دورگەی جەمسەری کەنەدی، گرینلاند ناوچەیەکی سەربەخۆیە لە ناو شانشینی دانیمارک، هەرچەندە لەڕووی فیزیۆگرافییەوە بەشێکە‌ لە کیشوەری باکووری ئەمریکا، بەڵام گرینلاند لە رووی سیاسی و کولتوورییەوە پەیوەندی بە ئەوروپاوە هەیە بەتایبەتی نەرویج و دانیمارک.

دانیشتوانی دورگەکە لە 57 هەزار کەس پێکدێن، پایتەختەکەی ناوی "نوک"ە و نزیکەی 17,000 دانیشتووی هەیە، دورگەکە هیچ رێگایەکی وشکانی نییە و ژمارەی بەلەمەکان لە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان زیاترە، هەر بۆیە بەلەم و رێگای ئاسمانی هۆکاری گواستنەوەی سەرەکین لە دورگەکە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوای دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب، ئەمڕۆ ناوی حوسییەکان بەشێوەیەکی بەهێز بە موشەک، درۆن، دەریای سوور و گەروی بابولمەندەبەوە بەستراوەتەوە، بەڵام ئەم گروپەی کە ئێستا بونەتە سەردێری میدیا جیهانییەکان، لە سەرەتادا نەک وەک هێزێکی هەرێمی، بەڵکو وەک بزوتنەوەیەکی ئایینی و ناوخۆیی لە چیاکانی باکوری یەمەن دروست بوو.

گروپە چەکدارەکە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە، خاوەنی هەزاران چەکدارە و هەرەشي لە وزەی جیاهن دەکات، ئەمریکاش بە ناچاری دەڵێت پەوەندی راستەوخۆمان لەگەڵیاندا هەیە و چاودێری رەوشەکەدەکەین.

 

مێژوی حوسییەکان

حوسییەکان ناوەکەیان لە بنەماڵەی "حوسی"یەوە وەرگرتووە و بە "ئەنساڕوڵڵا"ش دەناسرێن،لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی رابردودا لەناو زەییدییەکانی باکوری رۆژئاوای یەمەن دروستبوون، زەییدییەکان لقێکن لە مەزهەبی شیعه کە بەشێکی گرنگی دانیشتووانی باکووری یەمەن پێکدەهێنن.

ئامانجی سەرەتایی بزووتنەوەکە نوێکردنەوە و گەڕاندنەوەی ناسنامە و نەریتەکانی زەییدی بوو، لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی رەوتی سەلەفی لە ناوچەکەیاندا، بەڵام ئێستا بونەتە گروپێکی دەسەڵاتدار کە کاریگەریان لەسەر جیهان هەیە.

لە بزوتنەوەیەکی بانگخوازەوە، بۆ گروپێکی چەکداری..

لە ساڵی 2004، حکومەتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، سەرۆکی ئەو کاتی یەمەن، هەوڵیدا حوسێن بەدرەدین حوسی، یەکێک لە رێبەرە سەرەکییەکانی بزوتنەوەکە دەستگیر بکات، ئەم هەوڵە دەرئەنجامەکەی، یاخیبونی چەکداری لێکەوتەوە و لە هەمان ساڵدا حوسێن حوسی کوژرا.

حوسییەکان، کوشتنی رابەرەکەیان نەک هەر نەبووە هۆی کۆتاییهاتنی گروپەکە، بەڵکو عەبدولمەلیک حوسی رابەرایەتی گرتە دەست و چوونە ناو زنجیرەیەک جەنگ لەگەڵ سوپای یەمە، کە تا ئێستاش کاریگەرییەکەی ماوە.

لە نێوان ساڵانی 2004 تا 2010، شيش جەنگ لە لە نێوان دەسەڵات و حوسییەکان رویدا، ئەم جەنگانە زیانی زۆریان بە گروپەکە گەیاند، بەڵام هاوكات ئەزمونی سەربازی، رێکخستن و توانای جەنگییان زۆر زیادی کرد.

 

بەهاری عەرەبی؛ بوە پایزێک بۆ دەسەڵاتی یەمەن بەرانبەر حوسییەکان

لە ساڵی 2011، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی دەسەڵاتی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لە یەمەن دەستیپێکرد و بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی، پاشان عەبدڕەبە مەنسور هادی جێگەی گرتەوە. خۆپێشاندانەکان و شکستی پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی حکومەت، کەلێنێکی دەسەڵاتی گەورەیان دروستکرد و حووسییەکان کەڵکیان لێوەرگرت بۆ بەرفراوانکردنی هەژموونی خۆیان.

یەکێک لە وەرچەرخانە سەیرەکانی ئەم بزوتنەوەیە، هاوپەیمانیی کاتییان بوو لەگەڵ عەلی عەبدوڵڵا ساڵح، ئەو کەسەی ساڵانێک جەنگیان لەگەڵدا کردبوو. 

ساڵح کە تۆڕێکی بەهێزی لە سوپا و کەسایەتییە سیاسییەکاندا مابووەوە، لەگەڵ حووسییەکاندا دژی حکومەتی عەبدڕەبە مەنسور هادی بوونە هاوپەیمان.

ئەم هاوپەیمانییە رێگەی خۆشکرد تا حووسییەکان لە ساڵی 2014دا بە بەرگرییەکی زۆر کەمەوە بچنە ناو پایتەختی وڵاتەکە کە شاری سەنعایە.


کەوتنی سەنعا و هاتنی سعودییە بۆ ناو جەنگ

لە ئەیلوولی 2014، حوسییەکان چونە ناو سەنعا و لە کانوونی دووەمی 2015دا کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنتڕۆڵ کرد. عەبدڕەبە مەنسور هادی هەڵهات بۆ عەدەن و دواتریش چوە سعودییە.

دەستبەسەرداگرتنی پایتەخت مەترسیی زۆری بۆ ریاز دروستکرد، بەتایبەت بەهۆی سنوری هاوبەشی نێوان سعودییە و یەمەن، کە زیاتر لە هەزار کیلۆمەترە،  لە ئاداری 2015 سعودیە هاوپەیمانییەکی سەربازی پێکهێنا و هاتە ناو جەنگەکەوە.دژی حوسییەکان، ئەگەرچی جەنگەکە ساڵانێک درێژەی کێشا و زیانی گەورەی گەیاند، بەڵام نەیتوانی پایتەخت لە حوسییەکان وەرگرنەوە.

 

رۆڵی ئێران لەم بەهێزبوونەدا

حووسییەکان بە تەواوی دروستکراوی ئێران نین، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا هاوکارییەکانی تاران بۆیان لە روی چەک، مەشق، زانیاری هەواڵگری و توانای موشەکی و درۆن زیاتر بوو. زۆرێک لە شیکەرەوان حووسییەکان بە هاوپەیمان یان هاوبەشێکی سەربەخۆی ئێران دەزانن، کە لە زۆر روەوە بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە، بەڵام ئامانج و بڕیاری سەربەخۆی خۆشیان هەیە بە تایبەت کاتێک ئێران کەوتە جەنگەوە لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا حوسییەکان هیچ جۆرە هێرشیکیان ئەنجام نەدا، بە پیجەوانەوە بۆ شيری سعودییە بێدەنگ نەبون و ئیسرائیلیان کردە ئامانج.

لە کاتێکدا ئێران ستایشی حوسییەکان دەکات وەکو بەشێک لە " بەرەی بەرهەڵستکاران"، بەڵام شارەزایانی یەمەن دەڵێن؛ حوسییەکان بەپێی ئەجێندایەکی ناوخۆیی ئیش دەکەن.


لە جەنگی ناوخۆوە بۆ مەترسی لەسەر بازرگانیی جیهانی

دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە لە ساڵی 2023، حووسییەکان هێرشی موشەکی و درۆنییان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور دەستپێکرد بە مەبەستی پشتیوانی لە فەلەستینییەکان، جێگیربوونیان لە نزیک گەروی بابولمەندەب بوە هۆی ئەوەی لە گروپێکی چەکداری ناوخۆییەوە ببنە هێزێک، کە دەتوانێت ئاستەنگ بۆ بازرگانی و وزەی جیهانی دروست بکات و لە ئێسدادا دوای دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب، جەی دی ڤانس، جێگری دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، چاودێری روداوەکانی یەمەن دەکەن و لەگەڵ حوسییەکان پەیوەندییان هەیە و ئەوەی رودەدات لە ژێر چاودێری ئەواندایە و نیگەرانن لە دەستبەسەرداگرتنی گەروی بابولمەندەب و دورگەی پەریم لەلایەن حوسییەکانەوە.

 بۆچی حوسییەکان تا ئێستا بەهێزن؟
حوسییەکان، کە مێژویەکی زۆریان لەگەڵ جەنگدا هەیە  جەماوەرێکی راستەقینەیان هەیە لە باکوری یەمەن و خاوەنی چەندین ساڵ ئەزمونی جەنگی چڕ و ژێرخانی سەربازیی شاراوەن لە ناوچە شاخاوییەکاندا. هەروەها هاوکاری دەرەکی دەکرێن بە تایبەتی پشتبەستن بە هاوکاریی تەکنیکی، موشەکی و درۆنیی ئێران و لاوازبونی رکابەرەکانیان لە یەمەندا، لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەهێزی ئەو گروپە چەکدارە لە ئێستادا.

2026 خاڵی وەرچەرخانی حوسیەکان.

پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ساڵی 2026 نیشانیدەدات، کە حوسییەکان لە پێشڕەویی بەردەوامدان؛ بە کۆنتڕۆڵکردنی شاری بەندەریی "مەخا" و دورگەی "پریم" لە دەروازەی بابولمەندەب، لە ئێستادا ئەو چەکدارانەی بە جوتێک ناعل و چەکەکانی دەستیانەوە هەرەشەدەکەن، دەسەڵاتی تەواویان بەسەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهاندا هەیە و تا ئێستاش لە دوای چەند رۆژێک لە پێشرەوییەکەیان وڵاتانی زلهێزی وەک سعودییە و ئەمریکا دەستەوەستانن بەرانبەریان.

ئەم پێشرەویە کتوپڕەی حوسییەکان لە یەمەن و شکانی دەسەڵاتی یەمەن بەرانبەریان، گەرچی گومانی رێککەوت و هاوکێشەی نێودەوڵەتی لێدەکرێت، بەڵام ئەمە ئەو راستییە ناگۆرێت، کە ئەو گروپە چەکدارە توانیان بەرانبەر بە تەکنەلۆژیا و بەهێزی سعودیە و هاوپەیەمانەکانی سەرکەوتن بەدەستبهێنن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش خۆیان بسەلمێنن.

 

 

 

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بڕیارەکانی تاڵیبان لە قەدەغەکردنی خوێندنی کچان، کەرتی تەندروستی ئەفغانستان تووشی قەیرانێکی قووڵ بووەتەوە و لە چەندین پارێزگا هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنان نەماوە؛ تەندروستی جیهانیش هۆشداری دەدات کە لە ئاستی وڵاتەکەدا لە هەر سەعاتێکدا دایکێک بەهۆی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیان لەدەستدەدات.

ئەفغانستان باجی قەدەغەکردنی خوێندنی کچان دەدات، چەندین پارێزگا بە تەواوی خاڵی بوون لە پزیشکی پسپۆڕی ژنان، دوای ساڵانێک لە سەپاندنی زنجیرەیەک رێگریی بەردەوام لەسەر خوێندنی کچان لەلایەن حکومەتی تاڵیبانەوە لە قۆناغەکانی دوای پۆلی شەشەمەوە تا زانکۆکان و پەیمانگە تەندروستییەکان، کاریگەرییە مەترسیدارەکانی ئەو بڕیارانە بە روونی لە کەرتی تەندروستیدا دەرکەوتوون، بەجۆرێک راپۆرتەکان ئاشکرای دەکەن کە چەندین پارێزگای ئەو وڵاتە بە تەواوی لە پزیشکی پسپۆڕی ژنان خاڵی بوون. 

نەمانی پزیشکی پسپۆڕ لە ناوچە جیاوازەکان

بەپێی ڕاپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، پارێزگاکانی هێلمەند، زابول و ئوروزگان لە باشوری ئەفغانستان هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنانیان تێدا نییە، و لە پارێزگای قەندەهاریش تەنها سێ پزیشکی پسپۆڕی ژنان کار دەکەن.

لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانیش، سەرچاوە تەندروستییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، پارێزگای نورستان بە هەمان شێوە هیچ پزیشکێکی پسپۆڕی ژنانی تێدا نییە، لە کاتێکدا ژمارەی پسپۆڕان لە نه‌نگه‌رهار بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە دوای کۆچکردنی بەشێکیان بۆ کابول یان دەرەوەی وڵات.

نەمانی پزیشکی پسپۆڕ بە واتای نەبوونی تەواوەتی کارمەندانی ژن لە کەرتی تەندروستیدا نایەت؛ چونکە هێشتا پزیشکی گشتی، مامان و پەرستار لە هەندێک ناوچەدا کار دەکەن، بەڵام کەمییەکە لە پارێزگا و ناوچە دوورەدەستەکاندا زۆر توندترە، بەجۆرێک خێزانەکان ناچار دەبن نەخۆشەکانیان بۆ دوورییەکی زۆر بگوازنەوە بۆ وەرگرتنی چارەسەری پسپۆڕی.

لە مانگی ئایاری رابردوودا، کوبی ریتفێڵد، بەڕێوەبەری رێکخراوی "کردار دژی برسییەتی" لە ئەفغانستان، لە سەرچاوەیەکی خۆجێی لە پارێزگای هێلمەندەوە گواستییەوە کە رەوانەکردنی ژنێکی دووگیان بۆ وەرگرتنی چاودێری پزیشکی رەنگە پێویستی بە گەشتێک بێت کە نێوان هەشت بۆ 10 سەعات بخایەنێت.

 لە هۆشداریدانەوە بۆ واقیعی تاڵ

کەناڵەکانی راگەیاندن بڵاویانکردووەتەوە، لە کانونی یەکەمی ساڵی 2024دا لە سەرچاوەکانی ناو وەزارەتی تەندروستی تاڵیبانەوە ئاشکرای کردبوو، تاڵیبان بڕیارێکی زارەکی دەرکردووە بۆ قەدەغەکردنی خوێندنی کچان و ژنان لە پەیمانگە پزیشکی و تەندروستییەکاندا، و لێپرسراوانی وەزارەتەکەش لە کۆبوونەوەیەکی لەناکاودا سەرۆکی پەیمانگەکانیان بە بڕیارەکە ئاگادارکردووەتەوە.

راپۆرتە نوێیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەنەوە کە رێگرییەکان لەسەر خوێندنی ژنان لە بواری پزیشکیدا هێشتا بەردەوامن،  ئەم بڕیارە دوای رێگریکردن لە خوێندنی ئامادەیی کچان و پاشان داخستنی زانکۆکان هات، تا دوا دەروازەکانی خوێندن لە بوارەکانی مامانی، پەرستاری و تاقیکاری پزیشکیدا دابخرێن.

لەو کاتەدا هۆشدارییەکان لەسەر پاشەڕۆژی کەرتی تەندروستی بوون، بەڵام واقیعی ئێستا نیشانی دەدات قەیرانەکە تەنها بە پاشەڕۆژەوە بەستراوە تەنیا نییە، بەڵکو کەرتی تەندروستی کادرە ژنەکانی خۆی بەهۆی کۆچکردن و رێگرییەکانەوە لەدەستدەدات لە کاتێکدا پرۆسەی پێگەیاندنی کادری نوێ راگیراوە. 

دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان رایگەیاندووە کە لە هەر سێ ژنێکی ئەفغانی، ژنێک دەڵێت دەستگەیشتنی بە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان خراپتر بووە، هەروەها سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (UNFPA) لە ئابی ساڵی 2024دا هۆشداری دا کە ئەفغانستان پێویستییەکی بەپەلەی بە 18 هەزار مامانی کارامەی زیادە هەیە، بەو پێیەی مامانەکان دەتوانن %90ی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی تەندروستی دایک و منداڵ دابین بکەن.

رۆژنامەی "تەلەگراف" لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە کە مامان "شێلا ئیبراهیمی"ی تەمەن 27 ساڵ، بووەتە تاقە کارمەندی تەندروستی لە بنکەی تەندروستی "گەنداب خرۆتی" لە ناوچەی تۆرا بۆرا لە نه‌نگه‌رهار، کە خزمەتگوزاری بە 11 هەزار کەس لە 13 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون پێشکەش دەکات، پێشتر بنکەکە نۆ کارمەندی تێدا بوو بە پزیشکێکیشەوە، بەڵام بڕینی هاوکارییە داراییەکانی ئەمریکا بووە هۆی کەمکردنەوەی میلاکات و مانەوەی شێلا بە تەنها بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی دووگیانی، منداڵبوون و رێکخستنی خێزان. 

بنکەکە ئامێری سۆنەر، هۆڵی نەشتەرگەری و ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تێدا نییە، و بارودۆخە سەختەکان ناچار دەبن رێگا شاخاوییە سەختەکان ببڕن بۆ گەیشتن بە نەخۆشخانە. "شێلا" باسی لەوەکردووە، ژنێکی دووگیانی تەمەن 20 ساڵ بەهۆی خوێنبەربوونی توندەوە گیانی لەدەستدا، دوای ئەوەی سەرەتا پەنای بۆ دەرمانخانەیەک بردووە و نەیتوانیوە باری تەندروستی خۆی بۆ دەرمانسازە پیاوەکە روون بکاتەوە، و دواتر بە تێکچوونی رەوشەکەیە بە درەنگی گەیشتووەتە بنکەکە. 

کەمبوونەوەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان قەیرانی کەرتی تەندروستی ئەفغانستانی خراپتر کردووە، چونکە چەندین بنکەی تەندروستی داخران یان خزمەتگوزارییەکانیان کەم کردەوە.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ئایاردا رایگەیاندبوو، رێژەی منداڵبوون لەژێر چاودێری کادری کارامەدا لە %24ی ساڵی 2007ەوە بەرزبووەتەوە بۆ %67، بەڵام جیاوازییەکی زۆر لە نێوان شار و دێهاتەکاندا هەیە؛ بەجۆرێک لە کابول رێژەکە %94 تێدەپەڕێنێت، بەڵام لە نورستان دادەبەزێت بۆ نزیکەی %5.9.

تەندروستی جیهانی خەمڵاندوویەتی کە خەریکە لە هەر سەعاتێکدایە دایکێک بەهۆی کێشە تەندروستییەکانی دووگیانی و منداڵبوونەوە گیان لەدەستدەدات، کە زۆربەیان دەکرا رێگرییان لێ بکرێت.

هاوكات رێکخراوی یونیسێف هۆشداری داوە کە بەردەوامبوونی ئەم رێگرییانە تا ساڵی 2030 دەبێتە هۆی کەمیی نزیکەی 25 هەزار مامۆستا و کارمەندی تەندروستی ژن لە ئەفغانستان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە روداوێکی دەگمەندا لە هەولێر، پزیشکێک چاوی نەخۆشێکی کوێرکردووە و دواتریش سکاڵای لەسەر تۆمارکردوون، هاوسەری نەخۆشەکە دەڵێت، "پزیشکەکە سوکایەتی پێکردین".

ئەو کەسەی چاوێکی لەدەستداوە دەڵێت: هەست دەکەم کەیسەکەم لە هەموو شوێنێک بەلاڕێدا دەڕوات و پزیشکەکە دەیەوێت کەیسەکەم 'دەمکوت' بکرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە: داواکارم بەدواداچوون بکرێت بۆ بڕوانامەی پزیشکەکە چونکە تەنها بەناو پزیشکە.

هاوسەری نەخۆشەکە بە کوردسات نیوزی راگەیاند: سێ مانگ پێش ئێستا هاوسەرەکەم کێشەی لە چاویدا بۆ دروست بوو، چوینە لای ئەو پزیشکە، وتی کۆمەڵێک دەرزی بەکاردەهێنین گەر چاک نەبوو 'لێزەر'ـی بۆدەیەکن، بە هیچ جۆرێک باسی نەشتەرگەری نەکرا.

هاوسەری نەخۆشەکە زیاتری بۆ کوردسات نیوز باس کرد: دوای دەرزییەکان رەوشی هاوسەرەکەم باشتر بوو، بەڵام پزیشکەکە وتی گەر نەشتەرگەری بۆ نەکرێت کوێر دەبێت، بەڵام دوای نەشتەرگەرییەکە چاوەکە نەیبینی، چوینە لای دکتۆرەکە وتی دەبێت نەشتەرگەرییەکی دیکەی بۆ بکەین، ئێمە چوینە لای چەند پزیشکیکی تر بەڵام وتیان کێ نەشتەرگری بۆکردووە با هەر ئەو بۆی بکات.

"دواتر توشی پچڕانی 'شەبەکەی چاو' بوو، چوینەوە لای پزیشکەکە، وتی پێویستە نەشتەرگەری بۆبکرێت و چوار دەرزی لە چاوی دا، دواتر هاوسەرەکەم باش نەبوو، چوینەوە لای دکتۆرەکە و پێمان وت کە متمانەمان پێت نەماوە"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.

زیاتر بۆ کوردسات نیوز باسدەکات و دەڵێت: پزیشکەکە توڕەبوو وتی 'من خودا نیم' پاڵی بە دایک و باوکی نەخۆشەکەوەنا و کردنیە دەرەوە و سوکایەتی پێکردن، سکاڵامان تۆمارکردووە بەڵام کارەکان زۆر بە هێوشی بەڕێوەدەچن.

"سەرەڕای ئەوانە، من و دایک و باوکی نەخۆشەکە بانگهێشتی بنکەی پۆلیس کراین و لێکۆڵینەوەمان لێ کرا"، هاوسەری نەخۆشەکە وادەڵێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

11ی سێپتەمبەر، ئەو رێكەوتەی كە هاوڵاتیانی ئەمریكا و تا رادەیەك جیهانیش رادەچڵەكێنێت ئەمساڵ 25 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەریدا.

رووداوەكە بە گەورەترین پەلاماری تیرۆریستی لە مێژووی ئەمریكا لە قەڵەم دەدرێت. تا ئێستاش دادگایكردنی تاوانبارانی ئەو رووداوە بەردەوامی هەیە.

رووداوەكە بەم جۆرە بوو،بەرەبەیانی 11ی سێپتەمبەری 2001، 19 ئەندامی  رێكخروی تیرۆرستی قاعیدە، چوار فڕۆكەی نەفەرهەڵگری ئەمریكایان رفاند و دواتر دوو لە فڕۆكەكان تاوەرەی ناوەندی بازرگانیی جیهانییان لە ناوچەی مانهاتن لە نیویۆرك كردە ئامانج، یەكێك لە فڕۆكەكانیش خۆی بە باڵەخانەی (پێنتاگۆن)دا كێشا و فڕۆكەی چوارەمیش لەویلایەتی پێنسیلڤانیا لەلایەن هێزی ئاسمانی ئەمریكا خرایەخوارەوە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش، نزیكەی سێ هەزار كەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران كەسیش برینداربوون.

هەرزوو  رێكخراوی تیرۆرستی قاعیدە بەرپرسیارێتی پەلامارەكەی لە ئەستۆگرت، جۆرج دەبلیو بۆش سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا، داوای لە بزوتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستان كرد  ئوسامە بن لادن سەرۆكی پێشووی رێكخراوی قاعیدە رادەستی واشنتۆن بكات، بەڵام تاڵیبان داواكارییەكەی رەتكردەوە، بۆیە لە 7ی تشرینی یەكەمی 2001دا ئەمریكا دەستی بە هێرش بۆسەر ئەفغانستان كرد ، دوای نزیكەی10 ساڵ و رۆژی 2 ئایاری ساڵی 2011  باراك ئۆباما سەرۆكی ئەو كاتەی ئەمریكا كوشتنی بن لادنی راگەیاند.

بەڵام دوای 20 ساڵ لە تێپەڕبوونی رووداوەكە، بە بڕیاری جۆ بایدن، 46ەمین سەرۆكی ئەمریكا، سوپای ئەمریكا لە ئەفغانستان كشایەوە و جارێكی تر ئەو وڵاتەی بۆ تاڵیبان بەجێهێشت.

11ی سێپتەمبەر، چەندین دەرەنجامی، سیاسی و ئابوری و ئەمنی بۆ ئەمریكا و جیهان لێكەوتووەتەوە و پاش پەلامارەكە، رەوشی ئاسایشی نیشتمانیی لە ئەمریكا و سەرجەم وڵاتانی جیهان، گۆڕانكاری بەسەردا هات و وڵاتان بودجەیەكی گەورەتریان بۆ رووبەرووبوونەوەی تیرۆر تەرخان كرد، ئەوە جگە لەوەی رووداوەكە بوە هۆی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی گەورەی رق و كینە بەرامبەر موسڵمانان لە وڵاتانی رۆژئاوا و قوڵبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا، لە 2024دا و لەدوای 23 ساڵ لەو رووداوە، لوید ئۆستن وەزیری پێشوی بەرگری ئەمریكا ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەنجامدەرانی ئەو رووداوە ڕێكەوتن بەرامبەر بە دانپێدانانیان بە تاوانە لەبەردەم دادگا، سزاكانی سەریان كەمبكرێتەوە و سزای لە سێدارەدان نەیانگرێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئەو دادگاییكردنە بەڕێوە نەچووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تا دێت ئامارەكانی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و لێكەوتەكانی دەچنە قۆناغی مەترسیدارترەوە، هۆكارە سەرەكییەكەشی بۆ زۆربوونی چالاكییەكانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئامارەكانی دەزگای چاودێری كەشوهەوای یەكێتی ئەوروپا (كۆپرنیكۆس)، مانگی ئاب بە گەرمترین مانگ لە مێژووی تۆماركراوی جیهاندا دانرا.

كۆپەرنیكۆس رایگەیاندووە، تێكڕای پلەی گەرمی لە مانگی ئابی 2026دا بە 16.96 پلەی سیلیزی دیاریكراوە، زانایانی كۆپەرنیكۆس ئاماژەیان بەوە كردووە، لەماوەی 100 هەزار ساڵی رابردوودا جیهان تێكڕای پلەی گەرمی بەرزی لەو پلەیەی بەخۆیەوە نەبینیوە.

پشكی شێر لە گەرمای مانگی ئاب بەر نیوەگۆی باكوری زەوی و رۆژئاوا ئەوروپا كەوتووە، بەجۆرێك، تەنها لە هاوینی ئەمساڵدا نزیكەی 35 هەزار كەس لە ئەوروپا بەهۆی شەپۆلەكانی گەرماوە گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەی گیانلەدەستدانەكان لەو وڵاتانەدا بوون بە كەشی فێنك راهاتوون و سیستمی فێنككەرەوەیان لە ماڵ و شوێنی كارەكاندا نەبووە.

35 هەزار گیانلەدەستدان بەهۆی گەرماوە ئامارێكی مەترسیدارە، جیاواز لە گیانلەدەستدان، گەرما كاریگەریی كردە سەر ژیانی رۆژانە و چەندین كار و پیشەی راگرت و لەزۆر وڵات خوێندنیش راگیرا.

لەو بارەیەوە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ منداڵان- یونیسێف رایگەیاندووە، كچان زیاتر كاریگەریی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمایان لەسەرە بەراورد بە كوڕان. یونسێف دەڵێت، گۆڕانی كەشوهەوا زیانی گەورەی بە پرۆسەی خوێندن گەیاندووە، تەنانەت ساڵی رابردوو كاریگەری نەرێنییان لەسەر زیاتر لە 171 ملیۆن قوتابی لە 106 وڵاتدا هەبووە.

بەپێی شیكارییەكانی یونیسێف، كچان زیاتر دەكەونە ژێر كاریگەری داخستنی قوتابخانەكان و زیانپێگەیشتنی دامەزراوەكان، هەروەها لە كاتی قەیرانە ژینگەیییەكاندا، كچان زیاتر دادەبڕێن لە خوێندن و ئەركی قورسی ماڵداریان دەكەوێتە سەرشان، تەنانەت زۆركات دەبێتە هۆی هاوسەرگیری لە تەمەنی منداڵیدا و ئەوەش رێگر دەبێت لە گەڕانەوەیان بۆ خوێندن.

پێشتریش یونیسێف رایگەیاندبوو، نزیكەی نیوەی منداڵانی جیهان كە ژمارەیان دەگاتە یەك ملیار و 100 ملیۆن منداڵ مەترسی گەورەی ژینگەییان لەسەرە، هەروەها لە ئێستادا 300 ملیۆن منداڵ لەو ناوچانەدا دەژین كە بەدەست گەرمای توندەوە دەناڵێنن.

رێكخراوە جیهانییەكانی تایبەت بەژینگە و كەشوهەوا هۆشداری دەدەن لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی گەرمبوونی زەوی و داواش لە حكومەتەكان دەكەن، بودجەی پێویست و بەپەلە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو گۆڕانكارییە بگرنەبەر، لەناویشیاندا ئەوروپا، كە بیر لە گۆڕینی ئەندازیاری شارەكان و فراوانكردنی روبەری سەوزایی دەكاتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەفدی باڵای دانوستانکاری هەرێم لە بەغداد زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتەکانی دارایی، پلاندانان و نەوتی فیدراڵ ئەنجامدا، بە مەبەستی جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێم لە رەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عیراق بۆ ساڵی 2027.

ئەمڕۆ، وەفدی باڵای دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغداد دەستی بە بەرنامەی کار و کۆبوونەوەکانی خۆی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ کرد، بە مەبەستی بەشداریکردن لە قۆناغی ئامادەکردن و گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی پشک و شایستە دەستوری و داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دارایی فیدراڵ

لە سەرەتادا، وەفدەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ فالح ساری، وەزیری دارایی فیدراڵ و وەزیری پلاندانان بە وەکالەت، ئەنجامدا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی هەرێم بەشداریکردنی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی گەڵاڵەکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجە لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی هەڵسەنگاند و تێڕوانین و پێشنیازەکانی هەرێمی کوردستانی سەبارەت بە پڕۆژە یاساکە خستەڕوو.

لەو چوارچێوەیەدا، جەخت لەسەر پێویستی جێگیرکردنی پشک و شایستەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستور و یاسا کراوە، بە مەبەستی دانانی بنەمایەکی جێگیر و روون بۆ رێکخستنی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان هەردوو حکومەت.

لە بەرانبەردا، وەزیری دارایی فیدراڵ پێشوازی لە بەشداری وەفدی هەرێم کرد و جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی گفتوگۆ و هەماهەنگی کردەوە، هەروەها دڵنیایی دایەوە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵ، لە رۆشنایی دەستور و یاسا پەیوەندیدارەکاندا، بە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

کۆبوونەوە لە وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ

دواتر، وەفدەکە سەردانی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی کرد و کۆبوونەوەیەکی هاوبەش بە ئامادەبوونی بریکارانی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و بەڕێوەبەرانی گشتی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنانی حکومی ئەنجامدرا.

لە کۆبوونەوەکەدا، وەفدی هەرێم جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان شایستەی پشکی خۆیەتی لە تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بە گوێرەی دوا دەرئەنجامی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان، سەرباری تەرخانکراوەکانی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی هەرێم و پارێزگاکان و پترۆدۆلار.

هەروەها، داوای جێگیرکردنی شایستەی هەرێمی کوردستان بۆ وەرگرتنی پشکی خۆی لە قەرز، هاوکاری و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان کرا، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان بە رێژەی پشکی خۆی لە بەرپرسیارێتی گەڕاندنەوەی ئەو قەرزانە و سودەکانیان بەشدارە، بۆیە پێویستە لە تەرخانکراوە و سودەکانیانیش بە هەمان بنەما بەشدار بێت.

لە بەرانبەردا، وەفدی وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵ پێشوازی لە پێشنیازەکان کرد و ئامادەیی خۆی بۆ تاوتوێکردنیان لە قۆناغی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجە دەربڕی. هەردوولاش لەسەر بەردەوامی هەماهەنگی تەکنیکی و یاسایی لەم بوارەدا رێککەوتن.

کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ

لە بەردەوامی بەرنامەکەدا، وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ کۆبووەوە، بە ئامادەبوونی وەزیری نەوت، بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییە پەیوەندیدارەکان.

ئەجیندای کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی ئەو بڕگانەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 کە پەیوەندییان بە کەرتی نەوتەوە هەیە، لەوانە تێکڕای بڕی نەوتی خەمڵێنراو بۆ هەناردەکردن، بە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، نرخی خەمڵێنراوی بەرمیلێک نەوت بۆ ساڵی دارایی 2027 و بڕی نەوتی تەرخانکراو بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ.

وەفدی هەرێم جەختی لەوەش کردەوە کە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم بۆ هەناردەکردن رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکرێت، لە بازاڕە جیهانییەکان دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ خەزێنەی فیدراڵ دەگوازرێتەوە؛ ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی هاوکاری نێوان هەردوو حکومەت و زیادکردنی داهاتی گشتیی فیدراڵ.

لە بەرانبەردا، وەزیری نەوت و وەفدی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ پێشوازییان لە تێبینی و پێشنیازەکان کرد و جەختیان لە بەردەوامی هەماهەنگی و کاری هاوبەش کردەوە، بۆ گەیشتن بە داڕشتنێکی هاوسەنگ و کرداری بۆ بڕگە نەوتییەکانی بودجەی 2027 و مسۆگەرکردنی بەردەوامی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت

لە کۆی کۆبوونەوەکاندا، جەخت لەسەر چارەسەرکردنی بابەتە هاوبەشەکان لە رێگەی گفتوگۆ، هەماهەنگی و پابەندبوون بە بنەما دەستوری و یاساییەکان کرایەوە، بە ئامانجی جێگیرکردنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و بەهێزکردنی هاوکاری دارایی و ئابوری نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.

وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە پابەندبوونی هەرێم بە جێبەجێکردنی ئەرک و پابەندییە دەستوری و یاساییەکانی کردەوە، لە بەرانبەردا جەختی لە بەرپرسیارییەتی حکومەتی فیدراڵ کردەوە بۆ دابینکردن و جێگیرکردنی پشک، ماف و شایستە دارایی و دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی موچە و ماف و شایستە داراییەکانی موچەخۆرانی هەرێم، بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و هاوشێوەی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی تری عیراق.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەش مانگ بەسەر دەستپێکردنی جەنگدا تێپەڕیوە و درێژەپێدانی سزاکان بۆ سەر هەناردەکردنی نەوت، تاران لە گرنگترین سەرچاوەی داهاتی دراوی بیانی بێبەش دەکات؛ هاوکات بەهای دۆلار بەرزبووەتەوە، هەڵاوسان زیادی کردووە و ئابوری ئێران بەرەو قەیرانێکی قووڵتر رۆچووە، کە کاریگەری تەواوی کردوەتە سەر ژیانی هاووڵاتییانی وڵاتەکە.

تاران، کە بڕبڕەی پشتی ئابورییەکەی پەیوەستە بە داهاتی فرۆشتنی نەوتەوە، ئێستا خۆی لە ناوەڕاستی گەمارۆیەکی توندی دەریاییدا دەبینێتەوە، کە رێگە لە دەستگەیشتنی دەگرێت بە گرنگترین سەرچاوەی دراوی بیانی.

 ئەم تەنگژە داراییە  بوەتە هۆی کەمی دراوی بیانی و کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی رۆژانەی هاووڵاتییان دروست کردووە،  بەهای دراوی وڵاتەکەی دابەزاندووە و ئاستی هەڵاوسانی ساڵانەی بۆ زیاتر لە 80٪ بەرزکردووەتەوە.

رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویکردوەتەوە جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لەلایەن هێزە دەریاییەکانی ئەمریکاوە بووەتە هۆی پەکخستنی تەواوەتی هەناردەی نەوتی ئێران لە رێگەی ئاوەکانی کەنداوەوە و کۆگاکانی ناو دەریای نەوتی ئێران کە پێشتر 90 ملیۆن بەرمیل بوون، بۆ 29 ملیۆن بەرمیل دابەزیون و پێشبینی دەکرێت لە مانگی داهاتودا بە تەواوی بەتاڵ ببن.

گەرچی ئێران دەستەوەسان نییە و لە رێگەی وشکانییەکانی بە بارهەڵگر هەوڵی تێشکاندنی گەمارۆکەی داوە، بەڵام  ئەمە بەس نییە  و واڵ ستریت جۆرناڵ دەڵێت؛  توانای گواستنەوەی وشکانی زۆرترینی 40هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێش جەنگ رۆژانە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردە دەکرا، ئەمەش وایکردوە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو پێشبینی داڕمانی 5.4٪ی ئابووری ئێران بکات.

لە بەرانبەر ئێران ئەم زانیاریانە رەتدەکاتەوە،  موحسین رەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند،  ئەوان بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت و پارەکەشی وەردەگرنەوە.

عەبدولناسر هیمەتی، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئێرانیش، دڵنیایی لە بونی دراوی پێویستی بیانی دا و دەڵێت؛ وڵاتەکەی تووشی داڕمانی ئابوریی سەخت نەبووە و ئەگەری هەڵئاوسانی گەورەش لاوازە.

بەڵام ئامارە دەریاییەکان و داتاکانی کۆمپانیای کێپلەر بۆ شیکاریی بازاڕی نەوت وێنەیەکی جیاواز لە لێدوانی لێپرسراوانی تاران نیشان دەدەن.

 بەپێی داتاکانی کێپلەر، لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزەوە هیچ بارێکی نەوتی خاوی ئێران نەیتوانیوە لە گەمارۆی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا تێپەڕێت و هەناردەی رۆژانەی نەوت لەناو کەنداو لە مانگی ئابدا دابەزیوە بۆ 255 هەزار بەرمیل، کە ئەمەش 85٪ کەمترە بەراورد بە مانگەکانی پێش گەمارۆکە.

ئاماژە بەوەکراوە، ئەم رەوشە قەیرانی دراوی بیانی لە ناوخۆی ئێراندا قووڵتر کردووەتەوە، بەجۆرێک کە رێگریکردن لە چوونی دۆلار بۆ ئێران، فشارێکی بێپێشینەی خستووەتە سەر بەهای تمەن و ئابوریی وڵاتەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە سەماکردن، بۆکسێن و پیشاندانی لێهاتوویی لەبەردەم جەماوەر، بۆ راهێنان لەسەر هەڵکوتانە سەر و شەڕکردن، رۆبۆتەکان لە چین هەنگاوێکی نوێ دەنێن کە رەنگە لە گۆڕەپانی نمایشکردنەوە بگوازرێنەوە بۆ بەرەکانی جەنگ.

پەکین، کە کۆمپانیاکانی هەژموونی تەواویان بەسەر بازاڕی ئەم تەکنەلۆژیایەدا هەیە لەسەر ئاستی جیهان، توێژینەوەکانی چڕتر کردووەتەوە بۆ پێشخستنی 'سەربازی رۆبۆتی' کە بتوانن لەگەڵ هێزە مرۆییەکاندا کار بکەن؛ ئەمەش لە پێشبڕکێیەکدا کە تەنها کورتنابێتەوە لە دروستکردنی ئامێرێکی ژیرتر، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ سەرلەنوێ دارشتنەوەی شێوازی جەنگەکان.

تەنها چەند رۆژێک دوای کۆتاییهاتنی خولی یارییەکانی جیهانیی رۆبۆتە هاوشێوەکانی مرۆڤ لە چین، کە تێیدا بڕگەی سەما، بازدان، بۆکسێن و تەنانەت راکردنی 100 مەتری بە خێراییەک کە لە یوسێن بۆڵتی راکەری جامایکی خێراتر بوو پیشاندرا؛ دامەزراوە سەربازییەکانی چین هاتنە سەر هێڵ و ئاماژەیەکی جیاوازیان بەم پێشاندانانە بەخشی.

تەنها دوو رۆژ دوای کۆتاییهاتنی یارییەکان، رۆژنامەیەکی رەسمیی سوپای چین داوای لە توێژەران کرد گواستنەوەی تەکنەلۆژیا پێشکەوتووەکان لە تاقیگەکانەوە بۆ مەیدانەکانی راهێنانی سەربازی خێراتر بکەن، بەمەبەستی دروستکردنی 'جەنگاوەری رۆبۆتی'.

بەپێی بەدواداچوونێکی ئاژانسی رۆیتەرز بۆ زیاتر لە 100 داواکاریی کڕینی سەربازی، توێژینەوەی ئەکادیمی، بڕوانامەی داهێنان و بەڵگەنامەی رەسمی بەدەستیهێناوە، دامەزراوە سەربازییەکانی چین توێژینەوەکانیان لەسەر بەکارهێنانی رۆبۆتە مرۆڤئاساکان چڕکردووەتەوە و پلانیان هەیە لە کۆتاییدا لە بەرەکانی جەنگدا بڵاویان بکەنەوە.

زانیارییە نوێیەکان ئاشکرایان کردووە، دامەزراوە سەربازییەکانی چین لەسەر زەمینەی واقیعی تاقیکردنەوە لەسەر رۆبۆتەکان دەکەن و لە هەوڵی کڕینی رۆبۆت و تەکنەلۆژیای پێویستدان بۆ راهێنانیان بۆ بەگەڕخستنیان لەگەڵ هێزە مرۆییەکاندا.

ئەم هەوڵانە لە ساڵانی 2025 و 2026دا زۆر تەشەنەیان سەندووە، بەتایبەت لەسەر توانای مانۆڕدان و کۆکردنەوەی زانیاری.

بەپێی راپۆرتێکی دامەزراوەی (Bank of America Global Research)، کۆمپانیا چینییەکان دەستیان بەسەر 95٪ـی بازاڕی ناردنی ئەم رۆبۆتانەدا گرتووە لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2025دا؛ ئەم هەژموونەش رێگە بە سوپای چین دەدات سود لەم پیشەسازییە وەربگرێت بۆ گەشەپێدانی بەرنامە سەربازییەکانی.

شارەزایان پێیانوایە ئەم هەنگاوەی چین وەڵامێکە بۆ گۆڕانکارییە نوێیەکانی جەنگ، بەتایبەت دوای ئەوەی جەنگی روسیا و ئۆکراین رۆڵی سیستمە نیمچە سەربەخۆکان و درۆنەکانی خستەڕوو، راوێژکاران ئاماژە بەوە دەکەن کە ناردنی رۆبۆت بۆ ئەو شوێنانەی کە مەترسیدارن بۆ مرۆڤ، دەبێتە هۆی پاراستنی گیانی سەربازەکان و گۆڕینی هاوکێشەکان.

هاوکات ئەمریکاش کەوتووەتە هەمان رکابەرییەوە و راهێنان بە رۆبۆتە مرۆڤئاساکان دەکات بۆ ئەنجامدانی ئەرکی هەواڵگری،  بەشدارپێکردنیان لە بەرەکانی پێشوەی جەنگدا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گەروی هورمز، ئەو كارتی فشارەی ئێران وەك چەقۆیەك كردبوویە سەر قوڕگی دۆسیەی ئابوری و بازرگانی جیهانیی، ئێستا خەریكە دەگۆڕێت بۆ هەڕەشەیەك خودی ئێران خۆی لەناو ببات.

توێژەرانی بواری سیاسی و سەربازی باس لەوەدەكەن، تاران لە هەڵسەنگاندنی هێزەكانی خۆی و لێكەوتەكانی داخستنی گەروی هورمزدا توشی هەڵە بووە، چونكە لە كاتێكدا فرۆشتنی نەوتی ئێران بۆ نزیكەی سفر دابەزیوە و زیانی رۆژانەی سەدان ملیۆن دۆلاری لێكەوتووەتەوە، وڵاتانی دراوسێ بەبێ هیچ كۆسپێك بەردەوامن لە هەناردەكردنی نەوتەكەیان.

ئەم دابڕانە ئابورییە، لەگەڵ پچڕانی پەیوەندییە بازرگانییەكان، بووەتە هۆی كورتهێنانی دراوی قورس كە مەبەست لێی دراوی بیانییە لە وڵاتەكەدا و ئەركی پارەداركردنی بازرگانی دەرەكیی و بەهێزكردنیەتی.

هەناردەكردنی نەوتی ئێران كە نزیكەی دوو ملیۆن بەرمیل بوو لە رۆژێكدا، ئێستا دابەزیوە بۆ چەند سەد هەزار بەرمیلێك و رەنگە هەندێكجار بگاتە سفر، كە زیانەكەی بە نزیكەی 300 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت بۆ هەر رۆژێك.

سحری گەروی هورمز ئێستا خەریكە بەسەر ساحیرەكەدا هەڵدەگەڕێتەوە و ئەو گەروەی بە گرنگترین رێڕەوی بازرگانی جیهان دادەنرا، پەكخستن و سنورداركردنی لەلایەن ئێرانەوە خەریكە خودی ئەو وڵاتە لەناودەبات.

لەلایەك فشارە ئابورییەكانی وەستانی بازرگانی و هەناردەنەكردن، لەلایەن لێكەوتەكانی درێژبووەتەوە بۆ راگرتنی بازرگانی لە زۆر رێگەی تریشەوە بۆ ئێران، هەڵاوسانی توند و پەككەوتنی موچەی فەرمانبەرانی زیاتر كردووە، كە ئەمەش مەترسیی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیی بەهێزی لە شەقامی ئێرانیدا دروست كردووە. هەروەها دابەشبوونی سیاسی لەناوخۆی دەسەڵاتی ئێراندا فشارەكانی زیاتر كردووە.

بەوتەی توێژەران و شارەزایانی سیاسی، جیاواز لە پرسە ئابورییەكە، ئێستا هاوسەنگییە نێودەوڵەتییەكان گۆڕاون و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لەوانەش چین و ئەوروپا، هاوڕان لەسەر پاراستنی كراوەیی گەروی هورمز.

باس لەوەشدەكەن، سیاسەتی ئێستای ئەمریكا بەجۆرێكە، هەر جۆرە هەنگاوێك ئێران توشی خۆكوژی سیاسی و ئابوری دەكات، بەجۆرێك تاران ئێستا لەنێوان داڕمانی ناوخۆیی و قبوڵكردنی گەمارۆ توندەكاندا گیری خواردووە و بۆ دەرچەیەك دەگەڕێت جەنگ بباتەوە یان لانیكەم بە دەستكەوتی باشەوە لێی دەرچێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە دوای زیاتر لە شەش مانگ لە جەنگ، تائێستا ئاسۆی كۆتایی هاتنی جەنگی نێوان ئەمریكا  و ئێران دیار نییە، دوای توندكردنەوەی گەمارۆكانی سەر ئێران، كە واشنتۆن بە ستراتیژیی نوێ لە دژی ئێران ناویبردووە، تارانیش پلانێكی نوێی جەنگ بە هێرشی پێشوەختە لە دژی ئەمریكا پەیڕەو دەكات.

شەوی رابردوو دەرخەری ئەوە بوو، هاوشێوەی ئەمریکا، ئێران ستراتیژیی سەربازی گۆڕی و بۆیەکەمجار دەستی کرد بە هێرشکردنە سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی بنکەی سەربازی ئەو وڵاتە لە ئوردن.

لە شەش مانگی رابردودا، بەردەوام ئێران چاوەڕوانی ئەمریکا بوو هێرشی بکاتە سەر و دواتر وەڵامی بداتەوە، بەڵام شەوی رابردوو هاوکێشەکە پێچەوانە بوەوە و ئێران هێرشی ئەنجامدا!

وتەبێژی سوپای ئێران رایگەیاند، سەردەمی چاوەڕوانکردنی دەستپێشخەرییەکانی ئەمریکا کۆتایی هاتووە و لەمەودوا تاران یەکەم لێدان دەوەشێنێت.

بەجۆرێک هەر بنکەیەکی ئەمریکی فڕۆکەی لێوە بفڕێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دەستبەجێ دەکرێتە ئامانج.

میدیاکانی ئەمریکاش ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر لە رابردودا خاڵی بەهێزی ئێران خێرا وەڵامدانەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بوو بێت، ئێستا بە ناچارکردنی ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشی پێشوەختە، هاوکێشەکە بەتەواوەتی پێچەوانە دەبێتەوە.

لێپرسراوانی ئێرانیش دەڵێن؛ ئەمە پەیامێکی راستەوخۆ بوو بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە کۆنتڕۆڵکردنی کاتی جەنگ و یارییەکەی لەدەست دەرچوە و بنکە سەربازییەکانی لە کارتێکی فشارەوە بونەتە ئامانجی ئاشکرا.

گەرچی بەردەوام سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت؛ بەهێزترین هێزیان لە جیهاندا هەیە، بەڵام  شارەزایانی سەربازی نایشارنەوە ئەم پێشهاتە نوێیانە  شکۆی هێزی ئەمریکای خستووەتە ژێر پرسیارەوە. 

گەروی هورمز، کە لێپرسراوانی ئێران بە چەکی ئەتۆمی دەستیان ناوی دەبەن، لەیەک کاتدا بوەتە کلیل و قوفڵی جەنگەکە.

تاران بەردەوام دەڵێت؛ لە ژێر کۆنتڕۆی خۆیدایە و دۆناڵد ترەمپیش، بەردەوام جەختی لە کۆنتڕۆڵکردنی گەروەکە کردوەتەوە لەلایەن ئەمریکاوە، گەرچی کۆتا لێدوانی جیاواز بوو کاتێک پاشەکشەی لەو بانگەشەیە کرد و رایگەیاند،  بەم زوانە جێگرەوەکانی گەروی هورمز زۆر دەبن؛ ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی واشنتۆن هەست بە مەترسییەکانی تاران دەکات لەسەر ئەو رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە.

هاوکات بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی، کە لە زاری هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، دەڵێت؛ ئێران متمانەی بەخۆی زیاتر بووە بەراورد بە پێش جەنگەکە و هەوڵدەدات درێژەی پێبدات تا واشنتۆن شەکەت بکات و فشارەکانی سەر ترەمپ لە ناوخۆی ئەمریکا زیاتر بێت.

ئەمریکا کە بەپێی شیکارییەکان توانای بەرگەگرتنی ئێران و روبەڕوبونەوەی سزا ئابورییەکانی بە کەم خەمڵاندووە، لە ئێستادا لەبەرانبەر واقیعێکی نوێدایە؛ تاران نە ئامادەییی رێککەوتنی گشتگیری هەیە و نە پاشەکشە دەکات

هەڵسەنگاندنەکان دیاری دەکەن، لەدوای توندکردنی گەمارۆ ئابورییەکان ئەمریکا بۆسەر ئەو وڵات، لە هەفتەکانی ئایندەدا تاران فشارەکانی زیاتر دەکات  بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان لە گەروی هورمز، لێدانی ژێرخانی وڵاتانی ناوچەکە و ئەنجامدانی هێرشی ئەلیکترۆنی، هاوشێوەی ئەو هێرشەی مانگی تەموز، کە زیاتر لە 100 سیستمی ئاوی لە ئەمریکا کردە ئامانج.

پێشبینی دەکرێت ئەمریکا، کە یەکێکە لە زلهێزەکانی جیهان دەستەوەستان نەبێت و وەڵامی یەکلاکەرەوەی هەبێت، بەڵام ئەگەر تاران ئەمەی بۆ بچێتە سەر، ئەوا هاوکێشەکان پێچەوانە دەبنەوە، تاران یارییەکە بە زمانێکی نوێ بەڕێوەدەبات، کە بنەماکەی هێرشی کتوپڕی سەربازی و گرانکردنی باجی بەردەوامی جەنگەکەیە لەسەر ئەمریکا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سێ سەرچاوەی باڵا لە تارانەوە ئاشكرایان كردووە، هەڵمەتی ئەمەریكا بۆ پەكخستنی ئابووری ئێران ڕێگە لە بەردەم دەستڕاگەیشتنی وڵاتەكە بە دراوی بیانی دادەخات، ئەمەش دوای ئەوەی ڕێكارە نوێیەكان كاریگەریی قورسیان لەسەر كەرتی نەوت و تۆڕەكانی بازرگانی دروستكردووە.

واشنتۆن لە هەفتەكانی ڕابردوودا فشارە ئابوورییەكانی بۆ سەر تاران زیاد كردووە، تاوەكو لە هەر دانوستانێكی ئایندەدا سازشی پێ بكات، ئەمەش لە كاتێكدا جەنگی ڕاستەوخۆ و روبەڕووبوونەوەی سەربازیی شەش مانگی ڕابردوو نەبووەتە هۆی بەدەستهێنانی دەستكەوتی سیاسی بۆ هیچ لایەكیان.

تاران كە بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر كەشتیوانی لە گەرووی هورمز، روبەڕووی گەمارۆیەكی توندی ئەمەریكا بووەتەوە بۆ سەر هەناردەی نەوتەكەی.

بەپێی داتاكانی كۆمپانیای كەیپڵەر بۆ شیكاریی داتای كەشتیوانی و بازاڕی وزە، ئاستی رەوانەكردنی نەوتی خاوی ئێران لەم مانگەدا بۆ 260 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا دابەزیوە، لە كاتێكدا ساڵی ڕابردوو 1.7 ملیۆن بەرمیل بووە.

هاوكات بەهای دراوی ئێرانی دابەزینی مێژوویی تۆماركردووە و گەیشتووەتە 221 هەزار تمەن بەرانبەر بە یەك دۆلار.

هاوكات قەیرانی ئابووری كاریگەری زۆری لەسەر رەوشی ژیان هەیە، داتا رەسمیەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە تێكڕای هەڵاوسان لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا گەیشتووەتە 69.9%.

نرخی خۆراك و خواردنەوە و تووتن بە نزیكەی دوو ئەوەندەی ئەو ڕێژەیە بەرزبوونەتەوە، ئەمەش هەڵاوسانی ئابووری بۆ نزیكەی 70% بەرزكردووەتەوە.

سەرچاوەیەك بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، وڵاتەكە تەنها بڕی بەنزینی دوو مانگی لە كۆگاكانیدا ماوە و پێویستی بە هاوردەكردنی بەپەلەیە.

رۆیتەرز بە پشت بەستن بە سەرچاوە ئاگادارەكان ئاماژە بەوە دەكات، فشارە داراییەكان كاریگەرییان لەسەر هەوڵەكانی تاران دروستكردووە بۆ خۆدزینەوە لە سزاكان، چونكە ناتوانێت تێچووی بەرزی كۆمپانیا وەهمییەكان و تۆڕەكانی قاچاخچێتی دابین بكات.

هاوكات بڕیارەكەی ئیمارات لە 19ی ئاب بۆ ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دارایی لەگەڵ ئێران، كەناڵێكی سەرەكی بازرگانی تاران خستووەتە مەترسییەوە.

مەسعود پزیشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران ڕایگەیاندووە، قەبارەی بازرگانی وڵاتەكەی بەڕێژەی 25 بۆ 35% كەمی كردووە.

لەلایەكی دیكەوە، هەڵكشانی ڕێژەی بێكاری بۆ 9.1% و نزمبوونەوەی مووچەی مانگانە بۆ مامناوەندی 125 دۆلار، مەترسی دروستبوونی شەپۆلێكی نوێی خۆپیشاندانی جەماوەری لێكەوتووەتەوە.

لە كاتێكدا واشنتۆن هەوڵدەدات لە ڕێگەی سزاكانەوە بڕیاربەدەستانی ئێران سازش پێ بكات، تاران هۆشیاری داوە لەوەی ڕەنگە بە پەرەپێدانی زیاتری ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی، وەڵامی ئەم هەڵمەتە ئابوورییە بداتەوە، ئەمەش مەترسییەكان لە ناوچەكەدا بەرزتر دەكاتەوە.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران.

رۆژنامەی "وۆل ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمریکی لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ لێپرسراوە باڵاکانی ئیدارەکەیدا بە نهێنی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەگەری راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگە لەگەڵ ئێران، لە هەمان کاتدا سەربازانی وڵاتەکەی ئامادەکاری بۆ مانەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 دەکەن.

رۆژنامەکە لە زاری لێپرسراوانی ئەمریکاوە بڵاویکردوەتەوە، لە ئێستادا ترەمپ بەرەو بژارەی راگەیاندنی کۆتاییهێنانی جەنگەکە دەڕوات، بەو پێیەی پێیوایە زیاتربوونی فشارە ئابورییەکان سەرئەنجام تاران ناچار دەکات بەرنامە ئەتۆمییەکەی هەڵبوەشێنێتەوە یانیش رووبەڕووی مەترسیی داڕمان بێتەوە.

لەلایەکی ترەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ"، ترەمپ رایگەیاندووە، "رەوشی ئێستامان زۆر بە دڵە؛ کۆنترۆڵی نزیکەی تەواوەتیمان بەسەر گەروی هورمزدا هەیە و ئابوریی ئەوانیش بە تەواوی داڕماوە، ئەوان تەنها بەرەنگاری شتێک دەبنەوە کە لێی دەرباز نابێت. کەی گەلی ئێران رادەپەڕێت و دەکەوێتە جەنگەکەوە؟"

لە رووی سەربازییەوە، پێچەوانەی ئاراستەی لێدوانە سیاسییەکان، پێت هێگسێس، وەزیری جەنگی ئەمریکا بڕیاریداوە ماوەی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ساڵی 2027 درێژ بکاتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەگەری بەردەوامبوونی ململانێکان بۆ ماوەیەکی درێژخایەن.

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، لە دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، وەزیری جەنگی ئەمریکا بەڵێنی لێدانێکی خێرا و یەکلاکەرەوەی دابوو بۆ رێگری لە درێژەکێشانی جەنگ، بەڵام لە ئێستادا بە بێدەنگی ماوەی مانەوەی هێزەکان درێژ دەکاتەوە وەک بەشێک لە ستراتیژییەکی سەربازیی کراوە بۆ رەخساندنی بژارەی جیاواز لە بەردەست ترەمپدا.

لە ئێستادا ئەمریکا هێزێک کە پێکهاتووە لە 50 هەزار سەرباز، 19 کەشتیی جەنگی، یەکەکانی بەرگریی ئاسمانی، فڕۆکەی جەنگی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە، ئەرکی سەرەکیی ئەم هێزانە بریتییە لە رێگری لە موشەکەکانی ئێران، پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەروی هورمز، و سەپاندنی گەمارۆ بەسەر بەندەر و ناوچە کەناراوییەکانی ئێراندا، هاوکات لە ئامادەباشیدان بۆ ئەنجامدانی هێرشی بەرفراوانتر ئەگەر ترەمپ بڕیاری ئاڵۆزکردنی جەنگەکە بدات.

مانگی رابردووش، ترەمپ لەلایەن یاریدەدەرە باڵاکانییەوە زانیاری لەسەر بژارەی سەربازیی نوێ پێدرا، لەوانە چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکان، رەوانەکردنی هێزی وشکانی بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگە ئێرانییەکانی نزیک گەروی هورمز، و بۆردومانکردنی بنکەی ئەتۆمیی کێوی تەور.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دوو دووگەری بچوکی ئێران، یەکێکیان شاریانی هەناردەی نەوتە و ئەوی دیکەیان سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی، تێکچوونی ئاسایشی هەر یەکێکیان، بەسە بۆ ئەوەی بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوت توشی شۆک بکات.

لە کۆگاکانی نەوت لە دورگەی خارگەوە تا رێڕەوە دەریاییە بەرتەسکەکانی نزیک لارک، هەردوو دوورگەکە لەسەر نەخشە بچووک دەبینرێن، بەڵام کێش و گرنگییان زۆر لە رووبەرە جوگرافییەکەیان گەورەترە، یەکێکیان شاریانی سەرەکیی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، لە کاتێکدا ئەوی دیکەیان بووەتە بنکەیەکی سەربازیی هەستیار کە راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر یەکێک لە گرنگترین رێڕەوە دەریاییەکانی جیهان.

دوورگەی خارک، دڵی نەوتی ئێران

لە کەنداو، لەو شوێنەی رێگاکانی وزە و بازرگانی لەگەڵ هاوکێشە سەربازییەکاندا بەیەک دەگەن، دوورگەی خارگ وەک دڵی نەوتیی ئێران دەردەکەوێت، دوورگەکە بەرانبەر کەناراوەکانی ئێران هەڵکەوتووە و یەکێک لە گرنگترین و گەورەترین دامەزراوەکانی هەناردەکردنی نەوتی خاوی وڵاتەکەی تێدایە، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، وێستگەی خارگ گەورەترین وێستگەی هەناردەکردنی نەوتی خاوە لە ئێران و بۆ وەرگرتنی بڕێکی زۆر لە نەوت و لەخۆگرتنی نەوتهەڵگەرە زەبەلاحەکان دروستکراوە.

گرنگیی خارگ لە پێگە دەریاییەکەی و بەستراوەیی بە تۆڕێکی فراوانی هێڵەکانی بۆڕی و دامەزراوە نەوتییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، سەرچاوە نوێیەکان مەزەندە دەکەن کە نزیکەی %90ـی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لەم دوورگەیەوە تێپەڕ دەبێت، ئەمەش وا دەکات هەر شڵەژانێک لە دامەزراوەکانیدا نەخوازراو کاریگەری لەسەر ئابوریی ئێران و بازاڕەکانی وزەی جیهانیش دروست بکات.

گرنگیی خارگ تەنها لە کەرتی ئابوریدا کورت نابێتەوە، ئەو دوورگەیەی کە بۆ چەندین سەدە وەک وێستگەیەکی دەریایی و بازرگانی سەیر دەکرا، لە سەدەی بیستەمدا بووە ناوەندێکی بنەڕەتیی نەوتی لە ئێران، بە بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی بەرهەمهێنانی نەوت، نەوتهەڵگرە زەبەلاحەکان لە بەندەرەکانیدا لەنگەریان دەگرت بۆ بارکردنی نەوت بەرەو بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش بەهایەکی ستراتیژیی ناوازەی بە دوورگەکە بەخشی.

لارک.. ئەو چاوەی دەڕوانێتە سەر گەروی هورمز

لە دیمەنێکی دیکەی دوور لە نەوت، دوورگەی لارک وەک توخمێکی گرنگ لە هاوکێشەی سەربازی و دەریاییدا دەردەکەوێت، دوورگەکە لە ئاوەکانی گەروی هورمزدا دەکەوێتە نزیک رێڕەوە کەشتیوانییەکان، کە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوەکانی وزە لە جیهاندا.

شیکارییە ستراتیژییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لارک، جیا لە دوورگەکانی قشم و هورمز، کۆمەڵە دوورگەیەک پێکدەهێنن کە ئامادەییی و گرنگییەکی تایبەتیان لە دەروازەی گەروەکەدا هەیە، پێگە نزیکەکەی لە هێڵەکانی کەشتیوانی، مۆڵەتی چاودێریکردنی جوڵەی کەشتییەکانی پێدەبەخشێت، هەروەها دامەزراوەی سەربازیی سەر بە سوپای پاسدارانیشی تێدایە.

گرنگیی لارک زیاتر دەبێت کاتێک دەخرێتە چوارچێوەی سروشتی خودی گەروی هورمزەوە، گەرووەکە کەنداو بە کەنداوی عومان و دەریای عەرەبەوە دەبەستێتەوە، و بڕێکی زۆر لە نەوت و گازیشی پێدا تێپەڕدەبێت، بەپێی ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا، تێکڕای رێژەی رۆشتنی نەوت و مادە خاوەکان لە رێگەی گەروەکەوە لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025دا گەیشتووەتە 20.9 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە ئەمەش بەرانبەر بە %20ـی جیهانیی مادە نەوتییەکانە.

بۆچی لارک تا ئەم رادەیە هەستیارە؟

وەڵامەکە لە جوگرافیادا شاراوەیە، ئەو کەشتییانەی لە گەروەکەوە تێپەڕدەبن لە ناو رێڕەوی دەریایی سنورداردا دەجووڵێنەوە، ئەمەش وا دەکات ئەو دوورگانەی لەم رێڕەوانەوە نزیکن ببنیە خاڵی گرنگ بۆ روانگە، چاودێری و کاریگەرییدانان لەسەر جووڵەی کەشتیوانی.

لە پێشهاتێکی زۆر بەرچاو کە لە 30ـی ئابی 2026دا رویدا، سەرچاوە ئەمریکییەکان رایانگەیاند، هێزەکانی ئەمریکا هێرشیان کردووەتە سەر دوو سەکۆی هەڵدانی موشەکی ئێرانی لە نزیک دوورگەی لارک، دوای ئەوەی واشنتۆن، ئآکرایکرد، هێزەکانی ئێران ئامادەکارییان دەکرد بۆ بەکارهێنانی موشەک و مینی دەریایی.

ئاژانسی رۆیتەرز پشتڕاستی کردەوە، هێرشەکە دوو شوێنی هەڵدانی موشەکی لە دوورگەکەدا کردووەتە ئامانج، ئەمەش وەک ئاڵۆزبوونی نوێ لە دەوری ئاسایشی دەریادەوانی لە گەروی هورمزدا.

دەکرێت گرنگیی هەردوو دوورگەکە لە هاوکێشەیەکی روندا کورت بکرێتەوە، خارگ دەروازەی نەوتی ئێرانە بۆ جیهان، لە کاتێکدا لارک یەکێکە لە خاڵە جێگیر و سەربازییەکانی ئێران لە نزیک دەروازەی دەریایی کەنداو.

خارگ لە بنەڕەتدا بە ژێرخانی نەوتی و هەناردەکردنەوە بەستراوەتەوە، لە کاتێکدا لارک بە چاودێری، بەرگری و بوونی سەربازی لە نزیک هێڵەکانی کەشتیوانییەوە بەستراوەتەوە، بەڵام پێگەی هەردوو دوورگەکە لە ناو سیستمی جوگرافیی کەنداو، دەیانکاتە بەشێک لە یەک هاوکێشە: وزە لە لایەک، و ئاسایشی رێگاکانی وزە لە لایەکی دیکەوە.

هەستیاریی ئەم هاوکێشەیە دوو بەرانبەر دەبێتەوە چونکە هەر شڵەژانێک لە گەرووی هورمزدا روبدات لە ناوچەکەدا سنوردار نابێت و کاریگەری زۆر دەبێت، ئیدارەی زانیاریی وزەی ئەمریکا جەختی کردووەتەوە، گەرووەکە یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بەرتەسکە دەریاییەکانی نەوت لە جیهاندا، و ئەو جێگرانەی لەبەردەستدان بۆ تێپەڕاندنی گەروەکە ناتوانن تەواوی ئەو بڕانە لەخۆبگرن کە پێیدا تێپەڕ دەبن.

لە دوو دوورگەوە بۆ کارتی فشاری نێودەوڵەتی

لەبەر ئەم هۆکارە، خارگ و لارک لە دوو دوورگەی ئاسایی ئێرانییەوە لە کەنداو بوونەتە دوو کارتی ستراتیژی لە ململانێیەکی گەورەتردا لەسەر ئاسایشی وزە و کەشتیوانی.

ئەوەی توانای پاراستنی دامەزراوەکانی خارگی هەبێت، بەشێکی گرنگی کلیلی بەردەوامیی هەناردەی نەوتی ئێرانی لەدەستدایە، و ئەوەشی کۆنتڕۆڵی ناوچەکانی نزیک لە لارک و رێڕەوەکانی هورمز ببات، توانایەکی گەورەتری دەبێت بۆ چاودێریکردنی یەکێک لە گرنگترین شاریانەکانی بازرگانیی دەریایی لە جیهاندا.

لە سایەی گرژییەکانی ئێستادا، گرنگیی هەردوو دوورگەکە تەنها وەک پرسێکی ناوخۆیی ئێران نەماوەتەوە، بەڵکو راستەوخۆ بە نرخەکانی نەوت، جوڵەی نەوتهەڵگرەکان و ئاسایشی بازرگانیی جیهانییەوە بەستراوەتەوە، ئاڵۆزییەکانی دوایی دەوروبەری لارک و گەروی هورمز راستەوخۆ رەنگدانەوەی لەسەر بازاڕەکان هەبووە، بەوپێیەی نرخەکانی نەوت بەهۆی نوێبوونەوەی مەترسییەکان لەسەر جوڵەی کەشتیگەلەکان لە گەروەکەدا بەرزبوونەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1234...127