ئاستی بەنداوی فورات بەردەوامە لە دابەزین
زاهیر
١٦ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئاستی ئاوی بەنداوی فورات كە بە بەنداوی تەبقەش ناسراوە بەردەوام لە دابەزیندایە و بە جۆرێك لە ئاستی وشكبون نزیك بوەتەوە.
عیماد عەبد، بەرێوبەری بەنداوەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بە ئاژانسی هەواڵی هاوارنیوزی راگەیاندوە كە رۆژانە دوو سانیتمەتر لە ئاستی بەنداوەكە دادەبەزێت و بە گشتی ئاستی دابەزینی ئاوی بەنداوەكە گەیشتوەتە حەوت مەتر و بەوەش لە قۆناغی وشكبون نزیك بوەتەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە 16 سەعات كارەبا لەبەنداوەكە بەرهەمهێنراوە، بەڵام لەگەڵ كەمبوونەوەی بەردەوامی دابینكردنی ئاو، سەعاتەكانی كاركردن بۆ كەمتر لە هەشت سەعات دابەزیوە.
بە وتەی عیماد عەبد؛ ئاوی روباری فورات رۆژانە شەش ملیۆن مەتر سێجا كەم دەكات و خێرایی ئاوی بەنداوەكەش بۆ 20 مەتر لە چركەیەكدا كەمی كردوە هەر ئەوەش وای كردوە تەنها هەشت سەعات بەرهەمهێنانی كارەبای تێدا بكرێت.
كەمی ئاوی ڕووباری فورات زیانی بە ئاژەڵداریی و كشتوكاڵی ناوچەكەش گەیاندوە ئەو پڕۆژە ئاوییانەی كە پێشتر 24 سەعات كاریان كردوە ئێستا تەنها 12 سەعات كاردەكەن.
بەرێوبەری بەنداوەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا هۆشداریی داوە كە ئەگەر توركیا ئاستی بەردانەوەی سەرچاوەكانی ئاوی روباری فورات بەرەو سوریا و رۆژئاوای كوردستان زیاد نەكات، بەنداوی فورات دەگاتە قۆناغی وشكبونی تەواوەتی كە ژیانی حەوت ملیۆن كەس دەخاتە مەترسییەوە.
بەنداوی فورات دەكەوێتە شارۆچكەی تەبقە لە كانتۆنی رەقا، درێژیەكەی 4.5 كیلۆمەترە و بەرزییەكەشی 60 مەترە و توانای لەخۆگرتنی 14 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە ، لەساڵی 1968 لەسەر رووباری فورات دروست كراوە و لە ئێستاشدا لەلایەن خۆسەریی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بەڕێودەبرێت.