ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی پرسی موچەی موچەخۆران و نەوتی هەرێم کۆدەبێتەوە
هەساو ئەمیر
١٧ی تەمووزی ٢٠٢٥
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام دەدات و تیایدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی موچەی موچەخۆران و نەوتی هەرێم دەکەن.
دوێنێ حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و رایگەیاند، ناوەڕۆکی لێکتێگەیشتنی نێوان هەرێم و بەغداد تایبەت بە موچەی موچەخۆران و پابەندییەکانی هەرێم جێبەجێ دەکەن.
بڕیارە سەعات 1:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبوونەوەیەکی نائاسایی و بەدەر لە کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجام بدات.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی موچەی موچەخۆرانی هەرێم و خەرجکردنی موچە دەکرێت و هەروەها بابەتی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمیش یەکێکی دیکە دەبێت لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، دوای جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو لێکتێگەیشتنە، چاوەڕوان دەکرێت حکومەتی عیراق موچە و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.
لە ئێستادا موچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئاب نزیک دەبنەوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عیراق لەبارەی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت، هێشتا موچەی مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە و زیاتر لە 70 رۆژە هیچ موچەیەک دابەش نەکراوە.
رۆژی 7ی ئەم مانگە، وەدفێکی باڵای هەرێم چوونە بەغداد و وەڵامی ئەو رەشنووسەیان گەیاندە حکومەتی عیراق، کە پێشتر خستبوویانە بەردەستی بەرپرسانی هەرێم.
پێشتر کوردسات نیوز ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە، بەپێی رەشنووسەکە پرسی نەوت بەمجۆرەی ئێستا دەمێنێتەوە تاوەکو لەماوەی داهاتوودا وەفدێکی تەکنیکی دێتە هەرێم و لە نزیکەوە ئەوە چارەسەر دەکەن ئاخۆ هەرێم بۆ پێداویستی ناوخۆ بڕی چەند نەوتی پێویستە.
پێشتر هەرێم داوای زیاتر لە 115 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی دەکرد بۆ پێداویستی ناوخۆ و دواتر داوای 65 هەزار بەرمیل نەوتی دەکرد، بەڵام بەغداد ئامادە بوو تەنها 46 هەزار بەرمیل نەوتی بدات.
لەبارەی داهاتی نانەوتی و ناوخۆشەوە رێککەوتنێکی سەرەتایی باسدەکرا کە هەرێم مانگانە 115 ملیار دینار رادەستی بەغداد بکات و کرێی کۆمپانیاکانی نەوتیش یان بە پارەی کاش بدرێت یان بە پێدانی نەوت.