ئەمڕۆ 22ی 1ی 2025، کە بە مانگی کوردی هاوکاتە بە 2ی رێبەندان، 79 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مهاباد تێدەپەڕێت، ئەو کۆمارەی تەمەنی ساڵی پڕ نەکرد، بەڵام دوای 79 ساڵ هێشتا شانازییەکی گەورەی کوردە و جێدەستی بە مێژووی ئەو دەیان ساڵەی رابردووەوە دیارە.
کۆماری کوردستان لە مهاباد لە دۆخێکی لەباردا دامەزرێنرا، دوای ئەوەی لە ساڵی دووەمی جەنگی دووەمی جیهانیدا 1941 هێزەكانی یەكێتی سۆڤێت، ناوچەكانی باكوری ئێران و باكوری رۆژهەڵاتی كوردستان و هێزەكانی بەریتانیا و ئەمریكا ناوچەكانی باشوری ئێرانیان داگیركرد، شای ئێرانیان ناچاركرد واز لە دەسەڵات بهێنێت.
هەر لەو ماوەیەدا وەفدێکی کورد بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد چوون بۆ باکۆ و لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەت کۆبوونەوە. وەفدەکە لەگەڵ باقرۆف سەرۆک وەزیرانی ئازەربایجان کۆبووەوە و چەندین رێککەوتننامەیان لەگەڵ ئیدارەی سۆڤیەت ئیمزا کرد.
دوای ئەو هەماهەنگیەی کورد لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت هەیبوو، دوای لەسەرکارلادانی رەزا شا، دۆخی سیاسیی ئێران تاڕادەیەک گۆڕا و کرانەوەیەک دروست بوو، لە رابردوودا رەزا شا بە تەواوی هەوڵی سەرکوتکردنی سەرجەم دەنگەکانی دەدا و دەیویست نەتەوەکانی دیکە لەناو فارسا نقوم بکات، دوای رووخانیشی لە مەهاباد بۆشایی سیاسیی دروست بوو.
هەموو ئەو دۆخانە بوون بە زەمینەیەکی لەبار و لە ئابی ساڵی 1942دا 11 گەنجی کورد، کە سەرجەمیان خوێندەوار بوون و بیری کوردسایەتی و بەرەوپێشبردنی کورد لە سەریاندا بوو، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد 'ژێکاف'یان دروست کرد. کە سەرەتا بە نهێنی کارەکانیان دەکرد، لە ساڵی ١٩٤٣دا کۆنگرەیەکیان بەست و لەوێشەوە 'گۆڤاری نیشمان'یان دەرکرد، کە زمانحاڵی کۆمەڵەکە بوو.
قازی محەمەدیش کە پەیوەندی بە کۆمەڵەکەوە کردبوو، بەهۆی ئەوەی کەسایەتییەکی دیاری هەبوو و لەهەمان کاتیشدا دادوەری شاری مهاباد بوو، وەک سەرۆکی ژێکاف دیاری کرا.
هەر لە ئەیلوولی 1942 و دوای دامەزراندنی ژێکاف دەوڵەتی تورک ترسی لێنیشتبوو و پەیامێکی بۆ لەندەن نارد و باسی لە رێکخستنە کوردییەکانی ناوچەکە کرد.
لە ساڵی 1944دا سێ رێکخستنی کوردی بە ناوەکانی کۆمەڵە (ژێکاف)، خۆییبوون و هیوا کۆبوونەوە و رێککەوتنێکیان بە ناوی 'سێ سنوور' ئیمزا کرد.
دوای چوار ساڵ لە کار و چالاکییەکانیان، ئیتر ئەو شێوەی کارە دەرەقەتی سیستمی سیاسیی و بەڕێوەبردنی ئەوکاتی ئێران و ناوچەکە نەدەهات و بڕیاریان دا حزبێک بەناوی 'حزبی دیموکراتی کوردستان' دابنێن، کە قازی محەمەد وەک سەرۆکی ژێکاف بڕیاری گۆڕینی کۆمەڵەکەی بۆ حزب دا.
قازی محەمەد بەهۆی کەسایەتییە بەهێزەکەی پەیوەندی لەگەڵ سۆڤیەتدا باش بوو، ئەوەش رێگای خۆشکردبوو بۆ راگەیاندنی کۆماری کوردستان و دواجار لە 22ی 1ی 1946دا لە مەیدانی چوارچرا لە مهاباد کۆمارەکەیان راگەیاند.
لە رێورەسمی راگەیاندنی کۆمارەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و سەرۆکهۆزە کوردەکانی ناوچەی موکریان و نوێنەری پارچەکانی دیکەی کوردستان بەشدار بوون.
دواتر سنووری كۆماری كوردستان زۆرترین ناوچەی موكریانی لە رۆژهەڵاتی كوردستان گرتەوە، بەجۆرێك شارەكانی مهاباد، بۆكان، شنۆ، پیرانشار، سەردەشت و نەغەدە بەشێك بوون لە كۆمارەكە و لە باشووریشەوە، سنووری كۆمارەكە تاوەكو شارەكانی بانە و سەقز درێژ بووەوە.
یەکەم گۆڤاری منداڵان بە زمانی کوردی دەرکرا بەناوی 'گڕوگاڵی منداڵانی کورد'
کۆماری کوردستان توانی چەندین کاری گرنگ ئەنجام بدات، لەوانەش پەرەدان بە زمانی کوردی و دەرکردنی چەندین گۆڤار، بە جۆرێک گۆڤاری تایبەت بە منداڵانیشی دەرکرد بە ناوی "گڕوگاڵی منداڵانی کورد"، کە یەکەم گۆڤاری منداڵانە بە زمانی کوردی.
ئامانجەکانی کۆماری کوردستان
ئامانجەکانی کۆمارەکە لە خزمەت کورد و دامەزراندنی دەوڵەتی کورددا بوون، لە دیارترینیشیان ئەوە بوو، زمانی كوردیی بكرێتە زمانی راگەیاندن و خوێندن و بەڕێوەبردن.
هەروەها بەشێک لە ئامانە سەرەکییەکانی دیکەش بریتی بوون لە: ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ كوردستان بەمەبەستی چاودێری دەوڵەت و بابەتە كۆمەڵایەتییەكان، ھەموو لێپرسراوەكان لە خەڵكی ناوچەكە ھەڵبژێردرێن، یاسایەك ھەبێت كە بەیەك شێوە مامەڵە كرێكار و كەسایەتییە باڵاكاندا بكات.
کۆمارەکە بەهۆی ئەو پشتگیرییە زۆرەی بەدەستی هێنابوو زوو گەشەی کرد و دوای نزیكەی 20 رۆژ و لە 11ی مانگی 2ـی 1946دا، بە مەرسومێكی كۆماری، كە لە رۆژنامەی كوردستانی زمانحاڵی حزبی دیموكراتی كوردستان و كۆماری كوردستان بڵاوكرایەوە، حكومەتی كوردستان پێكهێنرا، كە پێكهاتبوو لە 13 وەزارەت و "حاجی بابەشێخ" سەرۆك وەزیران بوو.
ئەگەرچی تەمەنی کۆماری کوردستان ساڵی بەسەردا نەسوڕا، بەڵام چەندین کاری گرنگی ئەنجامدا کە تاوەکو ئێستاش کورد لە بەری ئەو رەنجە دەخوات، لە گرنگترینیان دانانی ئاڵای کوردستان و دانانی سرودی ئەی رەقیب و ناوی پێشمەرگە بوو.
کۆماری کوردستان لەو ماوەیەدا خوێندنی کردە زۆرەملێ و دەرفەتی دایە ژنان بەشداری لە کایەی سیاسیی و بەڕێوەبردندا بکەن. قازی محەمەد لەگەڵ دەسەڵاتی عەشیرەتدا نەبوو و دەیویست لەرێگای خوێندەوارییەوە ئەو بیرە لەناو ببات.
ئاڵای کۆماری کوردستان
ئاڵای کوردستان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە دوو شێوە دیزاینی بۆ دانرا، کە یەکەمیان لەلایەن فاتیمە ئەسەد شاھینەوە دیزاین کرا و بە تەواوی نزیک بوو لە ئاڵای ئێستای هەرێمی کوردستانەوە، تەنها شێوەی تیشکەکانی خۆرەکە جیاواز بوو.
دیزاینی دووەمیش لەلایەن فاتیمە سەید مەناف حوسێنی کرا و دواتریش ئەو ئاڵایە کرا بە ئاڵای رەسمیی، کە لە بری خۆری ناوەندی ئاڵاکە دوو چڵە گەنم و قەڵەمێک و خۆرێک لە پاڵ رەنگەکانی سوور و سپی و سەوزدا هەن. کە نیشانەی گرنگیدانی کورد بووە بە خوێندن و خوێندەواری و خاک و ئاشتی و بەرهەم و بەپیتی خاک، لە پاڵ ئەوانەشدا سروشتی کوردستان و ئومێد و هیوا بە داهاتوو.
ئەی رەقیب
دڵداری شاعیر، کە ناوی تەواوی یونس رەئوفە، لە ساڵی 1938 هۆنراوەی 'ئەی رەقیب'ی داناوە، کۆماری مهاباد لە ساڵی 1946دا ئەو هۆنراوەیەی بە سرودی رەسمی خۆی ناساند، کە ئێستا سرودی نیشتمانی هەرێمی کوردستانە.
ناوی پێشمەرگە
کەریم زەند گەڕیدە و مێژوونووسی کورد باس لەوەدەکات، لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا لیژنەیەک دانراوە بۆ ئەوەی ناوێکی گونجاو بۆ سوپای کوردستان هەڵبژێردرێت.
وەک کەریم زەند کە خۆی لە لیژنەکەدا بووە دەیگێڕێتەوە، لیژنەکە هەژار موکریانی و هێمن موکریانی و محەمەد تۆفیق وەردی تێدا بووە.
بۆ ناوی سوپای کوردستان سەرەتا ناوەکانی کۆماندۆ، گەریلا، چریک، جەنگاوەر، سەرباز و فیدائی پێشکەشکراون، بەڵام کەسێک بەناوی میرزا رەشیدی لەوکاتەدا ناوی پێشمەرگەی وتووە، کە دواتریش ناوەکەیان پێشکەشی قازی محەمەد کردووە و ناوەکە پەسەند کراوە.
لاوازبوونی کۆمارەکە
هەر لە ئازاری 1946دا فشاری هێزەکانی رۆژئاوا لە ناوچەکە زیادبوو و روسیا لەگەڵ ئیراندا رێککەوت و لە ناوچەکە کشایەوە، لە ئایاری هەمان ساڵیشدا کە سوپای یەکێتی سۆڤیەت لە ناوچەکە نەما کۆمارەکە پشتیوانی نەما، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کۆماری کوردستان لاواز ببێت و هیچ پاڵپشتییەکی دارایی نەمێنێت، سەرئەنجام لە 17ی کانونی یەکەمدا سوپای ئێران چووە ناو مهابادەوە و قازی محەمەدیان دەستگیر کرد.
لە 23ی کانوونی دووەمی 1947 و دادگای سەربازیی ئێران سزای لەسێدارەدانی بۆ قازی محەمەد دەر کرد و دواجار لە 31ی ئازاری ٤٧دا، هەر لە گۆڕەپانی چوارچرا قازی محەمەد و دوو هاوکاری بە ناوەکانی سەیفی قازی و سەدری قازی لەسێدارەدران.
لەبارەی لەسێدارەدانی قازی محەمەدەوە شاعیری کورد شەهید مەلا عەلی دەڵێت:
مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بەسەد ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمنم بێ بە پەرژین
سەربەرزییە، کە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سـەری دوژمنەوە لە بەرزین
تادێت شەڕی كۆمپانیا گەورەكانی ئەمریكا و چین پەرەدەسەنێت و ململانێ سیاسییەكانی ئەو دوو وڵاتە، لەسەر مێزی دەسەڵاتدارەكانیانەوە گواستراوەتەوە بۆ زیان گەیاندن بە بازاڕەكانی هەردوولا.
كۆمپانیای تیك تۆك كە چین خاوەندارێتی دەكات رایگەیاند، لە بەشێك لە ویلایەتەكانی ئەمریكا ئەپڵیكەیشنەكەیان لەكاركەوتووە و پێویستە ترەمپ بڕیارێك دەربكات، ئەمەش دوای ئەوە هات 17ـی ئەم مانگە دادگای باڵای ئەمریكا بڕیاری قەدەغەكردنی تیك تۆكیدا.
بڕیارەكەی دادگای باڵای ئەمریكا لەبارەی قەدەغەكردنەكەوە دوای ئەوە هات كە ئیدارەی بایدن بە دادگای باڵای راگەیاندووە، تیكتۆك زانیاری لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی لە 170 ملیۆن ئەمریكی كۆدەكاتەوە بۆیە پێویستە قەدەغە بكرێت، چونكە چین دەتوانێت بە نهێنی دەستكاری پلاتفۆڕمەكە بكات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییە سیاسییەكانی و زیان بە ئەمریكا بگەیەنێت.
جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەكردنی تیك تۆك دەكەوێتە ئەستۆی ئیدارەی ترەمپ كە 20ـی مانگ دەستبەكار دەبێت، بەڵام ترەمپ بۆچونێكی جیاوازی هەیە و بە میدیاكانی وتووە كە خۆی چارەسەری دەكات.
میدیاكانی ئەمریكا باس لەوەدەكەن، ترەمپ نایەوێت تیك تۆك لە ئەمریكا قەدەغەبكرێت بەڵكو دەیەوێت ئەپەكە لە چین بكڕێتەوە و ئەمریكا خاوەندارێتی بكات، لەسەر ئەم پرسەش قسەی لەگەڵ سەرۆكی چین كردووە و بڕیار وایە لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا ئاڵوگۆڕی خاوەندارێتی ئەپەكە ئەنجامبدات.
لە ئێستادا زۆرینەی كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە بواری ئۆتۆمبێل، مۆبایل، ئامێرە ئەلكترۆنییەكان بەهۆی هەرزانی دەستی كارەوە لە چین بەرهەمدەهێنرێن، كە دواتر دەیبەنەوە بۆ بازاڕەكانی ئەمریكا و لەوێ دەفرۆشرێن بەوەش لەڕووی داراییەوە قازانجێكی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی وڵاتەكە.
هاتنەسەر دەسەڵاتی نوخبەیەكی نوێی سیاسیی لە واشنتن بەتایبەتی ئیدارە نوێیەكەی ترەمپ، یان بازرگانی گەورەن یان پاشخانێكی ئابووریی زاڵە بەسەر بیركردنەوەكانیاندا.
ئەم نوخبە نوێیە هەموو بڕیارێك لەبارەی هاوكێشە سیاسی و سەربازی و ئابوورییەكان كە واشنتن لەسەر ئاستی جیهان دەریدەكات، بەوە دەیبینێت كە تا چ رادەیەك سودی ئابووریی بۆ ئەمریكا دەبێت، بەمەش هەموو روداوەكان دەبنە كاڵا و هەمیشە نرخێكی لەسەر دادەندرێت.
بەڵام لە راستیدا ئەم دەستكەوتە ئابوورییە هەموو خەڵكی ئەمریكا لێی سودمەند نابن، وەك بایدن لە وتاری ماڵئاواییدا وتی، نیگەرانە سەبارەت بە كەڵەكەبوونی دەسەڵات و سامان لەلایەن گروپێكی بچووكەوە و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی چەند كەسێكی زۆر دەوڵەمەند، دەرئەنجامی ترسناكی دەبێت ئەگەر خراپ بەكارهێنانی دەسەڵاتیان بەبێ چاودێریكردن بمێنێتەوە.
تیك تۆك پلاتفۆرمێكی بەناوبانگی سۆشیال میدیایە كە رێگە بە بەكارهێنەران دەدات ناوەڕۆكی ڤیدیۆی كورت دروستبكەن و بڵاویبكەنەوە، لە سەرەتادا لە ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن كۆمپانیای بایتدانسی چینییەوە لە ژێر ناوی "دۆویین" بۆ بازاڕی چینی خرایە بازاڕەوە، دواتر لە ساڵی ٢٠١٧دا بە ناوی "تیك تۆك" لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بڵاوكرایەوە، پلاتفۆرمەكە بە خێرایی گەشەی كردووە و بووەتە یەكێك لە ئەپەكانی زۆرترین بەكارهێنراو لە سەرانسەری جیهاندا، بەتایبەتی گەنجان و لە ئێستادا زیاتر لە یەك ملیار بەكارهێنەری هەیە.
ئەمڕۆ ١٠٤ ساڵ بەسەر دامەزراندنی سوپای عیراقدا تێدەپەڕێت و بەوهۆیەوە بڕیارە نمایشێکی سەربازی لە بەغداد بەرێوەبچێت.
سوپای عیراق کە ناوی دووەمی هێزە چەکدارەکانی کۆماری عیراقە، لە ساڵی ١٩٢١دا لەژێر دەسەڵاتی شا فەیسەڵی یەکەمدا دروستکرا، لەئێستادا بەسەر پێنج لقی سەرەکیدا دابەش دەبن کە پێکدێن لە، "هێزی زەمینی، دەریایی، ئاسمانی، فڕۆکەی سوپا و بەرگری ئاسمانی و چەند یەکەیەک.
سوپای عیراق بەشێوەیەکی گشتی سەر بە وەزارەتی بەرگرییە، جگە لە دەزگای دژەتیرۆر و حەشدی شەعبی کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە رابەڕایەتییان دەکات. کە تاوەکو کودەتاکەیی ساڵی ١٩٦٣ی عیراق،. چوونە پاڵ سوپا خۆبەخشانە بوو، دوای کودەتاکە کرا بە ناچاری و دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێنیش لە ساڵی ٢٠٠٣دا، دووبارە سیستمی خۆویستانە گەڕایەوە.
دامەزراندنی سوپا
لە ساڵی ١٩٢١ لە سەردەمی دەسەڵاتی شا فەیسەڵی دووەمدا سوپای عیراق دامەزرێنرا، کە لە سەردەمی داگیرکاریی بەریتانیا بۆسەر عیراق یەکەم یەکەیان بە سەرکردایەتی سەردار جەعفەری وەزیری ئەوکاتی بەرگری دروستکرد و لە سەرەتادا بەتالیۆنی ئیمام موسای کازمیان دروستکرد.
لە سەرەتادا سوپا بارەگای خۆی لە بەغداد جێگیر کرد، یەکەم یەکەی پیادەی لە دیوانیە و دووەمی لە کەرکوک دانا.
یەکەم جەنگی سوپا دژی داگیرکارییەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٤١ دەستیپێکرد، کە بەدوایدا چەندین کودەتا و شەڕ دروستبوون.
سوپای عیراق رۆژ بە رۆژ ژمارەی رووی لە زیادبوون کرد و لەکاتی جەنگی عیراق و ئێراندا گەیشتە یەک ملیۆن سەرباز، کە لە هێزی ئاسمانیش پێکدەهات، دواتر لە سای ١٩٩٠دا لە پلەی چوارەمی جیهاندا بوو بۆ زۆری ژمارەی سەربازەکانی. بۆ ساڵی ٢٠٢٤یش لە پلەی ٢٨ی جیهان و پێنجەمی وڵاتانی عەرەبیدا بووە.
دوای رووخانی رژێمەکەی سەدام حسێن بە هاوکاری ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠٣، پۆل بریمەر کە ئەوکاتە بڕیاردەری مەدەنی بوو، بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی سوپای عێراق و سەرلەنوێ دامەزراندنەوە و پڕچەککردنی.
سوپاقی عیراق رووبەڕووی چەندین شەڕ بووەتەوە، بەتایبەت لە دوای ٢٠٠٣وە شەڕی دژی تیرۆر و شەڕی دژ بە داعش یەکێکن لەو دوو پرسەی کە تاوەکو ئێستاش درێژەیان هەیە.
سوپای عیراق لەلایەن چەندین وڵاتانەوە هاوکاری دەکرێت و چەکی پێدەدرێت، کە ئەمریکا و چین و روسیا لە پێشەوەی ئەو ریزبەندییەدان.
پێکهاتەکانی سوپای عیراق
هێزی زەمینی
گرنگترین و گەورەترین پێکهاتەی سوپایە، کەلەدوای دامەزرندنی سوپاوە بەشداری جەنگەکانی ساڵی ١٩٤١ و جەنگی فەڵەستین '١٩٤٨' و جەنگی ساڵی ١٩٦٧یش بەشداری کردووە لە پاراستنی دیمەشقدا.
بەدەر لەوانەش جەنگی ١٠ ساڵەی نێوان عیراق و ئیرانی بەخۆوە دیوە و بەشدار بووە لە جەنگی کەنداو و داگیرکردنی کوەیتیشدا.
هێزی ئاسمانیی
لە ساڵی ١٩٨٨دا یەکێک لە گەورەترین هێزە ئاسمانییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو و هەزار و ٥٠ فڕۆکەی هەبوو.
بەڵام لە جەنگی کەنداودا ٥٠٠ فڕۆکەی لێتێکشکا و سوپا ١٠٦ فڕۆکەشی ناردە ئێران بۆئەوەی لە بۆردومانەکانی ئەمریکا بیانپارێزێت، کە دوای شەڕی کەنداو ئێران ١٠٦ فڕۆکەکانی نەناردەوە. بەشێکی فڕۆکەکانیش لە ساڵی ٢٠٠٣دا زیانی زۆریان بەرکەوت.
هێزی دەریایی
ئەم هێزە لە ١٩٣٧ دامەزراوە کە سەرەتا ناوی هێزی بەرگریی کەناراوی عیراق بوو و سەرەتا تەنها چوار بەلەم بوو، لە ساڵانی ٦٠کاندا بە گەیشتنی بەلەمی تۆرپێدۆ پەرەی سەندووە.
لە ١٢ی ٥ی ساڵی ٢٠٠٥دا هێزەکە ناوی گۆڕا بۆ هێزی دەریایی عێراق و بەرگری کەناراوەکان.
هێزی بەرگری ئاسمانی
یەکێک لە پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە، لە ساڵی ٢٠٠٣ هەڵوەشاوەتەوە و دووبارە لە ساڵی ٢٠١١ دروست کراوەتەوە.
هێزی فڕۆکەی سوپا
یەکێکە لە پێکهاتەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لە ساڵی ١٩٨٠ دامەزراوە، ئەرکی بەڕێوەبردن و فەرماندەیی هەلیکۆپتەرەکانی عێراقە و بە تەواوی جیاوازە لە هێزی ئاسمانی عێراق.
ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان
هێزە تایبەتەکانی عێراق یان دژەتیرۆر، دوای رووخانی رژێمی سەدام لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٠٣دا لەسەر داوای ئەنجوومەنی بڕیاردانی عیراق لە بنکەی (جرف الصخر) بە ناوی بەتالیۆنی بەغدا دامەزرا.
دواتر ناوەکەی گۆڕا بۆ کەرتی ٣٦ـی کۆماندۆ، لەکۆتاییدا لە ٢٢ی ١٢ی ٢٠٠٥دا ناوەکەی گۆڕا بۆ هێزی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان. کە ئەم هێزە لەلایەن هەریەک لە ئوردن و ئەمریکا و ئوستوڕالیا و ئەڵمانیاوە راهێنانیان پێدەکرێت و لە ساڵی ٢٠٢١ پلەی ١٢یەمی جیهانی گرتووە.
لەشکری کاردانەوەی خێرا
لەشکری کاردانەوەی خێرا یەکێکە لە تیمە سەرەتاییەکان و لە ساڵی ١٩٤٢ دامەزراوە، لە چوار لیوا پێکهاتووە و هاوشانی بەشەکانی دیکەی سوپا بەشداری لە چەندین شەڕدا کردووە، کە چەند جارێک هەڵوەشاوەتەوە و دووبارە لە ٢٠٠٥ دروست کراوەتەوە.
گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ كۆبانێ و رەوانەكردنی كەلوپەل و كەرەستەی سەربازیی بۆ رۆژئاوا بە هەنگاوێكی ئەرێنی ئەمریكا ناو دەهێنرێت كە رەنگە رێگریی بكات لە هەڕەشە و هێرشەكانی سوپای توركیا دژی كۆبانێ و باكور و رۆژهەڵاتی سوریا.
لەئێستادا كورد بە سەرەكیترین هاوپەیمانی سەربازی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە لە قەڵەم دەدرێت، بەتایبەت لە جەنگی دژی تیرۆر و چەكدارانی داعش لە سوریا و عێراق زیاتر دەركەوت.
ئەمریكا جارێكی دیكە هێزەكانی لە سنوری رۆژئاوای كوردستان بە ژمارە و بنكەی زیاتر جیگیردەكات و لە ماوەیەكی كەمدا زۆرترین چەك و كەرەستەی سەربازیی لە هەرێمی كوردستانەوە رەوانەی ئەو بەشەی كوردستان كردوە كە بە ناوچەیەكی ستراتیژیی باكوری رۆژهەڵاتی سوریا ناودەهێنرێت.
ساڵی ٢٠١٩ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەو كاتی ئەمریكا رایگەیاند كۆتایی بە ئەركەكانی هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی لە عێراق و سوریا هاتوە و تەنها ژمارەیەكی كەم لە راوێژكارە سەربازییەكانیان لەو دوو وڵاتە دەمێننەوە.
بەڵام، ژمارەی سەربازانی ئەمریكا لە دوای روخانی ئەسەد لە رۆژئاوا كوردستان و هەندێك ناوچەی باكوری سوریا زیادیكردوە و دەگاتە نزیكەی دوو هەزار سەرباز كە زۆرینەیان لە بنكەكانی دێرك ، رمێلان ، قامیشلۆ و حەسەكە لە كانتۆنی جزیرەی رۆژئاوای كوردستان جێگیر كراون.
كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ و لەگەڵ هێرشی هێزە چەكدارەكانی سوریا و سوپای توركیا بۆسەر گرێ سپی و سەرێكانی لە رۆژئاوای كوردستان و عەین عیسا ئەمریكا لە هەندێك ناوچەی ئەو بەشەی كوردستان كشایەوە، ئەوەش ناڕەزایەتیی كورد و دانیشتوانی رۆژئاوای لێكەوتەوە و گرێ سپی و سەرێكانیش داگیركران.
ساڵی ٢٠١٨ توركیا دوای دگیركردنی عەفرین و ساڵی ٢٠١٩ دوای دەگیركردنی گرێ سپی و سەرێكانی هەڕەشەی داگیركردنی كۆبانێی و سەرجەم ئەو سنورانەی كرد كە بەدەست شەڕڤانانی هەسەدەوەن.
لە ئێستاشدا و داوای نزیكەی پێنج ساڵ هێزەكانی ئەمریكا بە كاروانی گەورەی سەربازیی بنكە و بارەگانی نوێ لە رۆژئاوای كوردستان و بە تایبەت لە كۆبانێ دەكەنەوە كە ئەوەش ئاماژەیە كە رەنگە چیتر رێگە نەدات چەكدارانی سوری و تەنانەت سوپای توركیاش هێرش بكەنە سەر هاوپەیمانەكانی كە شەڕڤانانی هەسەدەن.
گەڕانەوەی ئەمریكا بۆ كۆبانێ و جەختكردنەوەی لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە لەسەر ئەوەی كە كورد دۆست و هاویمانی گرنگی سەربازی ئەوانن بۆ جەنگ دژی تیررۆر بە هەنگاوێكی ئەرێنی و هیوایەك بۆ رێگریی لە هەڕەشەكانی توركیا ناودەهێنرێت بۆ ئەوەی هاوسەنگیی هێز لە سوریای داهاتوودا لە بەرژەوەندیی كورد بگۆڕێت.
لە ساڵی 2024دا لە وڵاتانی جیهان 75 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و گشتی ئەنجامدراون و تیایدا زۆرترین پارتی راستڕەو سەركەوتنیان بەدەستهێناوە.
ساڵی 2024 بە ساڵی هەڵبژاردنی گەورە دادەنرێت كە تیایدا زۆرترین هەڵبژاردن ئەنجامدراوە كە 75 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی و گشتی ئەنجامدراون.
ساڵی 2024 نزیكەی سێ ملیار دەنگدەر بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە بە جۆرێك زۆرترینیان لە هیندستان بووە كە یەك ملیار و400 ملیۆن كەس بووە، ئەمریكاش پلەی دووەمی گرتووە كە 344 ملیۆن كەس لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وڵاتەكەیاندا دەنگیانداوە.
گەڕانەوەی پارتی كرێكارانی بەریتانیا لە ساڵی 2024 دوای 14 ساڵ یەكێكی تر بوو لە دیمەنەكانی هەڵبژاردنی 2024 و سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكاش بۆ دووەم جار یەكێك بوو لە رووداوەكان و میدیاكانی ئەمریكا بە گەورەترین گەڕانەوەی سیاسیان دانا.
ئەوەی بەدی دەكرێت لە هەڵبژاردنەكانی 2024دا زۆرترین پارتە راستڕەوەكان لە یەكێتی ئەوروپا سەركەوتنیان بەدەستهێنا و ئیمانوێل ماكرۆنیش لە دوو خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی شكستی هێنا.
لەسەر ئاستی ناوچەكەش لە 31ی مانگی سێدا هەڵبژاردنی ناوخۆیی توركیا بەڕێوەچوو و جەهەپە بە بردنەوەی 35 شارەوانی پلەی یەكەمی گرت و دوای ئەوەش ئاكپارتی تەنیا 24 شارەوانی گرتە دەست و دەم پارتیش توانی 10 شارەوانی بباتەوە، هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیاش بەڕێوەچوو و كورد 32 كورسی بەدەستهێنا.
لە ئێرانیش بەهۆی تێكشكانی فرۆكەكەی ئیبراهیم رەئیسی و گیانلەدەستدانی لە 19ی 5دا هەڵبژاردنی پێشوەختە لە 28ی مانگی شەش بەڕێوەچوو، لە خولی یەكەمدا سەعید جەلیلی و مەسعود پزیشكیان زۆرترین دەنگیان بەدەستهێنا، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیوەی دەنگەكەیان بەدەستنەهێنا دەنگدان چووە خولی دوەمەوە و لەو خولەدا پزیشكیان 54٪ی دەنگەكانی بەدەستهێناو بوو بە سەرۆكی ئێران.
لە سوریاش لە مانگی 5 هەڵبژاردن بەڕێوەچوو و بەشار ئەسەد 95٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا و بە سەرۆكی وڵاتەكە هەڵبژێردرایەوە.
لە هەرێمی كوردستانیش دوای چوار جار لە دواخستنی، لە 20ی مانگی 10ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو و تیایدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان توانی 23 كورسی بەدەستبهێنێت و دەنگەكانیشی دوو هێندە زیادیانكرد.
دواین هەڵبژاردنەكانیش لە كرواتیا و وڵاتی چاد لە 29ی مانگی 12ئەنجامدران.
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٣١ی ١٢ی ساڵی ٢٠١٩دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی بە رەسمی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، کە تاوەکو دوایین ئامار لە ١٠ی ١١ی ئەمساڵدا، نزیکەی ٧٧٧ ملیۆن توشبوو تۆمارکراون.
پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە مانگی ١٢ی ٢٠١٩دا، بۆ یەکەمجار بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک لە چین میدیاکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردبوو، بەرپرسان و میدیاکان لێدوانی جیاوازیان دەدا و هەندێک بە دەنگۆ ناویان دەهێنا و هەندێک دەیانوت راستە.
دواجار لەنێوان ئەو دەنگۆیانەدا، چین راپۆرتێکی ئاڕاستەی رێکخراوی تەندروستی جیهانیی کرد و لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە ئاگاداری کردەوە، کە دواتریش لەدوای گەیشتنی تیمی رێکخراوەکە، لە راپۆرتێکدا ئەوەیان دەرخست، ڤایرۆسەکە سەرچاوەکەی خواردەمەنییە دەریاییەکانە کە لە ناوەندی شاری وهانی چین دەفرۆشرێن.
دواجار رێکخراوی تەندروستی جیهانی بە رەسمی تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی لە چین راگەیاند، کە یەکەمجار بە هەوکردنی سییەکان ناوی هێنرا.
لە سەرەتا و لە مانگی ١ی ٢٠٢٠دا ڤایرۆسەکە بە 2019-nCoV ناونرا بەشێوەیەکی کاتی، دواتریش لە مانگی ٢ی هەمان ساڵدا بە فەرمی ناونرا Covid-19.
یەکەم حاڵەتی پشتڕاستکراوە
لە شاری یان-نانی چین بۆ یەکەمجار توشبوونی پیاوێکی تەمەن ٦٠ ساڵ بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیەنرا، کە پێشتر گەشتی بۆ شاری وهان کردبوو، دواتر نەخۆشەکە سەردانی نەخۆشخانەی کردبوو و باسی لەوەکردبوو، بەبێ بوونی هیچ نیشانەیەک ماوەی پێنج رۆژە هەناسەی تەنگە و جەستەی شەکەت و ماندووە، دوای پشکنینەکان دەرکەوت هەوکردنێکی زۆر لە سییەکانیدا هەیە، هەروەها رێژەی چەند پڕۆتینێکی هەستیار لە جەستەیدا بەرزن.
لە سەرەتادا چارەسەری سەرەتاییان بۆکرد و چەند دەرمانێکی پێویستیان بۆ نووسی و پزیشکەکان داوایان لێکرد پشوو بدات، دوای پێنج رۆژ لە دووبارەکردنەوەی پشکنینەکان بۆیان دەرکەوت رێژەی هەوکردنەکە زیاتر بووە و توشی ئاوسانی سییەکان بووە و ئاو لە سییەکانیدا کۆبووەتەوە.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە وڵاتاندا
نیپاڵ کە هاوسنوورە لەگەڵ چین، لەدوای چین یەکەم وڵات بوو حاڵەتی پشتڕاستکراوەی توشبوون بە ڤایرۆسەکەی تێدا راگەیەنرا، کە پیاوێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بوو و لە شاری وهانی چین خوێندکار بوو و یەکەم کەسبوو پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا و ئەنجامەکەی پۆزەتیڤ دەرچوو، چونکە توشبووی یەکەم لە سەرەتادا بە حاڵەتی هەوکردنی سییەکان ناسێنرا دواتر پشکنینی 2019-nCoVی بۆکرا.
ئەو پیاوە دوای ١٠ رۆژ لە گەڕانەوەی بۆ نیپاڵ وردە وردە هەستی بە نەخۆشکەوتن کردبوو و دواتر کۆکەیەکی توندی گرتبوو و لەماوەی نەخۆشییەکەشیدا پلەی گەرمی جەستەی زۆر بەرزببووەوە، ئەو نیشانە توندانەی لە سەرەتای نەخۆشییەکەدا لێدەرکەوتبوون و لە رۆژی سێیەمدا نیشانەکانی بەرەو باشبوون چووبوون، سەرەڕای ئەوەی چەندین تێستی ڤایرۆسی و بەکتریایی بۆکرابوو سەرجەمیان نێگەتیڤ بوون و پشکنینەکانی پاک بوون، کە دواتر بە توشبوویەکی سوک پۆلێنکرا و لەماوەی چوار رۆژدا تەندروستی باشبووەوە و نەخۆشییەکەی تێپەڕاند.
نیشانەکانی توشبووان جیاواز بوون
رۆژ لەدوای رۆژ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر بوو و نیشانەی جیاوازی لێدەرکەوت، سەرچاوەی سەرەکیشی شاری وهانی چین بوو، ئەو کەسانەشی توشببوون، یان گەشتی وهانیان کردبوو یان بەرکەوتەی کەسێک بوون هەڵگر یان توشبووی ڤایرۆسەکە بوو.
نیشانەکانی ڤایرۆسەکە تا توشبوون زیاتر بووایە جیاواز بوو و دەگۆڕا، سێیەم کەیسی پشتڕاستکراوە کە ژنێکی ٥٥ی ساڵی تایوانی بوو و گەشتی وهانی کردبوو، قورگ و گەرووی بەتەواوی ئاوسابوو، کۆکەیەکی وشک و توند، تایەکی مامناوەند، شەکەتییەکی زۆری هەبوو، هەروەها رێژەی ئۆکسجینی خوێنی بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیبوو بۆ ٨٨-٩٠٪، کە دواتر پشکنینی SARS-CoV-2یان بۆ ئەنجامدا و ئەنجامەکەی پۆزستیڤ بوو، کە ڤایرۆسی کۆرۆنا بە یەکێک لە نەوەکانی سارس دادەنرێت و بەشێکی نەخۆشەکانیش سەرەتا ئەو چارەسەرانەیان بۆ بەکاردەهێنان کە بۆ توشبووانی سارس بەکاردەهات و جەستەیان کاردانەوەی ئەرێنی هەبوو بۆی.
ڤایرۆسەکە زۆر بە خێرایی و ئاسانی بڵاودەبووەوە، تەنانەت ئەگەر مرۆڤەکان بەرکەوتنی جەستەییشیان نەبووایە لە رێگای هەوا و دەستدان لە شتەکانەوە دەگوازرایەوە. ئەوەش وایکرد زۆر بە ئاسانی و لە ماوەیەکی کورتدا لەنێوان وڵاتانی ئاسیادا بڵاوبووەوە، تاوەکو لەماوەی سێ بۆ چوار مانگدا بە تەواوی جیهاندا بڵاوبووەوە.
بەشێوەیەکی گشتی توشبووان یان گەشتی وهانیان کردبوو، یان بەرکەوتەی کەسێک بوون و لەو رێگایەوە شار بە شار و وڵات بە وڵات گەشەی کرد.
قۆناغی دەستپێکردنی قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین کردن
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و پەرەسەندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شاری وهانی چین راگەیەنرا و وهان لە جیهان دابڕینرا، هاتنەدەرەوە و چوونەناوەوەی وهان قەدەغە کرا، لەناو وهانیشدا کەرەنتین راگەیەنرا و دەبوو خەڵک لە ماڵەکانیاندا نەیەنە دەرەوە، ئەگەر چی ئەو رێکارانە گیرانە بەر، بەڵام ڤایرۆسەکە بەر لەوە دزەیکردبوو و کەس بە کەس بڵاوبووبووەوە.
دواتر رێکارەکانی کەرەنتین کردن گیرانە بەر و وڵاتان هاوڵاتیانی خۆیان لە چینەوە دەگەڕاندەوە و لە سەرەتاشدا ماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتینیان دەکردن و رێگەیان نەدەدان بچنە دەرەوە، تاوەکو وایلێهات قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شارەکان و دواتر وڵاتەکاندا راگەیەنرا.
گەشتە ئاسمانییەکان بۆ حاڵەتی کتوپڕ ئەنجامدەدران و هاوڵاتیان لە سەرجەم وڵاتانی جیهاندا رێگەیان نەدەدرا لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە.
لەگەڵ هەموو ئەو رێکارە خۆپارێزیانەشدا، هێشتا بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە خێراتر و خێراتر دەبوو و رۆژ بە رۆژ ئاماری توشبووان و گیانلەدەستدان زیاتر دەبوو.
رێکارە جیهانییەکان و ناساندی کۆرۆنا بە پەتایەکی جیهانیی
لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، رێکخراوی تەندروستی جیهانی، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی وەک بارێکی لەناکاو و نائاسایی لە جیهاندا ناساند.
لە مانگی ٢ی ٢٠٢٠دا بە فەرمی ناوی نرا COVID-2019 و لە سەرەتای مانگی ٣دا نتەوە یەکگرتووەکان ١٥ ملیۆن دۆلاری بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە تەرخانکرد.
هەر لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەوە رێکارەکانی خۆپارێزی گیرانە بەر، بەستنی ماسک کرا بە ناچاری و پاککردنەوەی گشتی لە زۆرینەی ناوەندەکاندا ئەنجامدرا و شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ لەرێگای ماددە پاککەرەوەکانەوە پاکدەکرانەوە و دەڕشێنران.
بەهۆی خێرابڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و زۆری ژمارەی توشبووان، بەشێوەیەکی گشتی وڵاتان نەخۆشخانەی نوێیان تایبەت بە توشبووانی کۆرۆنا دروستکرد، سەرەڕای ئەوەش جێگای نەخۆش لە نەخۆشخانەکاندا نەمابوو، هەر بۆ نموونە، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا لەماوەی ١٠ رۆژدا چین نەخۆشخانەیەکی هەزار قەرەوێڵەیی دروستکرد.
لە مانگی ٣ی ٢٠٢٠دا رێژەی توشبوون گەیشتە ١٠٠ هەزار حاڵەتی پشتڕاستکراوە و تۆمارکراو و رێکخراوی تەندروستی جیهانی ڤایرۆسەکەی وەک پەتایەکی جیهانیی ناساند.
لە مانگی ٣دا گۆڕانکارییەکان خێراتر و زیاتر بوون و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە تەواوی پەرەی سەند، ئەوروپا بووە ناوەندێکی سەرەکی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و ئەمریکاش دۆخی لەناکاوی راگەیاند، کە دواتر ئەمریکا بووە ئەو وڵاتەی زۆرترین توشبووی تێدا تۆمار کرا.
هەر لە مانگی ٣دا یەکەم ڤاکسین بۆ کۆڤید-١٩ گەشەی پێدرا.
لە مانگی ٤دا ڤایرۆسەکە بەشێوەیەک گەشەی سەند، لەماوەی یەک مانگدا توشبوون لە ١٠٠ هەزارەوە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.
دواتر لەماوەی نۆ مانگی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا رێژەی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە گەیشتە یەک ملیۆن کەس.
ڤاکسین و گەڕانەوەی ئومێد بۆ جیهان
لەکۆتاییدا لە مانگی ١١ی ساڵی ٢٠٢٠دا، کۆمپانیای Pfizer ئەمریکی رایگەیاند، ڤاکسینێکیان بەرهەمهێناوە کە جەستە وەڵامدانەوەی بۆی هەیە و بەرێژەی ٩٠٪ کاریگەرە.
هەر لە مانگی ١١ی هەمان ساڵدا، Modernaش سەرکەوتنی ڤاکسینەکەی خۆی راگەیاند.
هەر لە هەمان مانگدا زانکۆی ئۆکسفۆرد و ئەسترازینکا ڤاکسینێکیان راگەیاند.
لەماوەیەکی کەمدا و لەنێوان مانگی ١١ تاوەکو مانگی ٤ی ٢٠٢١، یەک ملیار ڤاکسین گەیەنرایە سەرانسەری جیهان و وەرگرتنی دۆزێک لە ڤاکسینەکە کرایە ناچاری و لە فڕۆکەخانەکاندا رێگەیان نەدەدا هاوڵاتیان گەشت بکەن، ئەگەر پێشتر دوو دۆز یان لانی کەم یەک دۆزی پێکوتەی کۆرۆنایان وەرنەگرتبێت، کە بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەش، وەرگتنی پێکوتەکەیان بۆ کرا بە کارتێکی ئەلیکترۆنی.
بڵاوبوونەوەی گۆڕاوەکانی کۆرۆنا
تەنها هەشت مانگ لەدوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، یەکەم گۆڕاوی ڤایرۆسەکە بەناوی lambda راگەیەنرا، دواتریش رۆژ بە رۆژ گۆڕاوی دیکەی کۆرۆنا بڵاوبوونەوە بە ناوەکانی alpha, beta, delta, omicron. تەندروستی جیهانیش دەڵێت، بڵاوبوونەوەی گۆڕاوی ڤایرۆسەکان، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە بۆ سەرجەم ڤایرۆسەکان.
دوایین ئامارەکان
بەپێی دوایین ئامارەکان، تاوەکو ١٠ی ١١ی ٢٠٢٤، زیاتر لە ٧٧٦ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار توشبووی کۆرۆنا لە جیهاندا تۆمارکراون، ئەوە جگە لەو کەسانەی توشبوون و تۆمارنەکراون.
هاوکات، زیاتر لە حەوت ملیۆن کەسیش بەهۆی توشبوون بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، کە بە شێوەیەکی گشتی پەرەسەندنی ئامارەکانی گیانلەدەستدان لە ساڵی ٢٠٢٠ و ٢٠٢١دا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەوە و لە ٢٠٢٢ بەدواوە وردە وردە ئامارەکانی گیانلەدەستدان روویان لە کەمبوونەوە کرد.
کاریگەریی رێکارەکانی کۆرۆنا لەسەر ژینگە
دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە سەرجەم وڵاتەکاندا قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەنرا و گەشتی نێوان وڵاتان وەستێنران، بەشێوەیەکی گشتی ئۆتۆمبێلەکان نەدەچوونە سەر شەقامەکان و کارگە و شوێنەکانی دیکەش کارەکانیان راگرتبوو، ئەوەش کاریگەریی لەسەر ژینگە دروستکرد.
گۆڕانکارییەکان بە جۆرێک بوون، تەنها لەماوەی نێوان مانگی ١ بۆ ٤ی ٢٠٢٠دا، دەردانی رۆژانەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بەرێژەی ٨.٦٪ کەمی کرد بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی ٢٠١٩دا.
دوایین راپۆرتەکانیش ئەوەیان نیشان دەدا، کە دەردانی گازەکانی دەبنە هۆی گەرمبوونی جیهان، بەشێوەیەکی بەرچاو روویان لە دابەزین کرد.
دۆخی ئێستای جیهان لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا
ئەگەرچی لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا هەرکەسێک توشببووایە راستەوخۆ بۆماوەی ١٤ رۆژ کەرەنتین دەکرا و چاودێریی تەندروستی دەکرا، وردە وردە بەپێی جیاوازی بارودۆخەکان و زیاتر بڵاوبوونەوەی رێکارەکان شلتر کرانەوە و بەو توندییە جێبەجێ نەدەکران، بۆ نموونە دوای چوار مانگ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بە نەخۆشەکان دەوترا لە ماڵەوە بمێننەوە و خۆتان لە ئەندامانی دیکەی خێزان بە دووربگرن.
هاوکات، لەگەڵ ئاشنابوونی جیهانیش بە ڤایرۆسەکە و نیشانەکان و شێوەی چارەسەرکردنی، رۆژ بە رۆژ ترسەکان رەوینەوە و ئێستا کەسەکان ئەگەر توشی ڤایرۆسەکەش ببن، هەمان ئەو ترسەیان لێنانیشێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەیانبوو.
ئێستا و دوای پێنج ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، توشبوون بە کۆرۆنا وەک پەتایەکی وەرزی ئاسایی بووەتەوە و کاتێک کەسەکان توشدەبن، ئەگەر نیشانەکانیان توند نەبێت نەک خۆیان کەرەنتین ناکەن، بەڵکو دەچنە سەر کار و بەردەوام دەبن لە ژیانی ئاسایی و رۆژانەیان.
کاریگەرییەکانی دوای توشبوون بە کۆرۆنا
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا، کاتێک کە کەسێک توشی ڤایرۆسەکە دەبوو و چاکدەبووەوە، بە ماوەی مانگێک یان زیاتر لەدوای چاکبوونەوەی چەند نیشانەیەکی لێدەردەکەوت، هەندێک بە پشتئێشە و هەندێک بە قاچ و ئەژنۆئێشە، بەشێکیشیان بە گرژبوونی ماسولکەکانی جەستەیان دەیان ناڵاند.
سەرجەم نەخۆشەکان سەرەتا نەیاندەزانی ئەو هۆکارانە چین توشی ئەو ئازارانەی کردوون و بەشێکی ئەو ئازارانەش بە ئازارشکێن نەدەڕەوینەوە، ئەگەر ئازاریشیان بشکایە بۆماوەیەکی کاتی دەبوو.
لە بەشێکی نەخۆشەکاندا دوای چاکبوونەوەیان رێژەی ڤیتامینەکان لە جەستەیاندا دادەبەزی، بەتایبەت رێژەی 'ڤیتامین دی'، کە دابەزینی ڤیتامینەکانیش بەرگری جەستەی لاوازدەکردن و رووبەڕووی چەند گرفت و حاڵەتێکی دیکەی وەک تێکچوونی پێست و هەڵوەرینی قژ و لاوازبوونی نینۆکەکان، یانیش خەمۆکی و شەکەتی بەردەوامی دەکردنەوە، یانیش دەبووە هۆکاری تێکچوونی هۆرمۆنەکانی جەستەیان.
بەشێکی دیکەش هەستیان بە بێهێزی بەردەوام دەکرد و بەشێکیان ماوەیەکی درێژ بەدەست هەناسەتەنگی و زوو ماندووبوونەوە دەیان ناڵاند، یانیش دەیانوت هێزی جەستەمان نییە وەک پێشوو ئەرکەکانی رۆژانەمان ئەنجامبدەین.
ئێستا کە توێژینەوەکان زیاتر ئەنجامدراون لەسەر ڤایرۆسەکە و توشبوون و چاکبوونەوە و نیشانەکانی دوای کۆرۆنا، لەدوایین توێژینەوەدا، پزیشکەکان لە ئەمریکا ئاماژە بەوەدەدەن، کۆرۆنا دەبێتە هۆی دروستبوونی هەوکردن لە بەشێکی مێشکدا کە بەرپرسە لە ئەنجامدانی رەفتار و هەڵسەکەوت و کاری رۆژانە و لە بەشێکی نەخۆشەکاندا پەکیان دەخات و وایانلێدەکات بە ئاسانی نەتوانن کارەکانی رۆژانەیان ئەنجام بدەن.
پێنجەم ساڵی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە و هەڵوێستی چین
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەدا باس لەوەدەکرا، ڤایرۆسەکە لە تاقیگەیەک لە وهانی چین بەرهەمهێنراوە و لەوەوە دزەی کردووە، لە راپۆرتێکیشدا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا 'سی ئای ئەی' ئەمریکی رادەستی جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکای کردووە باس لە هەمان بابەت دەکات.
ئەگەرچی چین ئەو تۆمەتەی رەتدەکردەوە، ئەمڕۆ لەدوای پێنج ساڵ، رێکخراوی تەندروستی جیهانیی رایگەیاندووە، کە پێویستە چین زانیاریی ورد و تەواویان لەسەر ئەو ڤایرۆسە و ئامارەکان پێبدات.
لێدان بە پاپوچ مێژوویەکی کۆنی هەیە، ئەگەرچی پاپوچ یەکێکە لەو کەرستانەی بەکارهێنانێکی رۆژانەی ئەرێنی هەیە، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز لە کلتورە جیاوازەکاندا بۆ سەرزەنشتکردن بەکارهێنراوە.
گۆزەیەک وەک پارچەیەکی هونەریی لە مۆزەخانەی نیشتیمانیی شوێنەواریی تارانتۆی ئیتاڵیادا پارێزراوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٦٠ ساڵ بەر لە زایین، ئەو چیرۆکە روون دەکاتەوە.
وێنەی سەر ئەو پارچە هونەرییە ئەفسانەیەکی یۆنانی دەگێڕێتەوە، کە تیایدا ئەفرۆدیتی خواوەندی جوانی ئەفسانەی یۆنانییەکان، پاپووچێکی بەدەستەوەیە و سەرزەنشتی ئیرۆسی کوڕی دەکات.
ئیرۆس لە ئەفسانەی یۆنانییەکاندا بە خواوەندی خۆشەویستی ناوی دەبرێت و لەبەشێکی زۆری ئەفسانەکانیشدا بە خراپرەفتار وێنا کراوە.
ئەو گۆزەیە تاکە پارچەی هونەریی ناو مۆزەخانەکە نییە کە ئەو چیرۆکە دەگێڕێتەوە، بەڵکو پارچەی دیکەش هەن کە لەناویاندا پەیکەرێک هەیە.
ئەو وێنەیەی کە تیایدا ئەفرۆدیت لەرێگای پاپوچێکەوە سەرزەنشتی ئیرۆس دەکات، لە بەشێکی زۆری پارچە هونەرییەکانی دیکەی یۆنانیشدا دەبینرێت و بەوە لێکدەدرێتەوە، کە وەک بەشێکی پەروەردەی منداڵيکانیان لەو سەردەمەدا سزا بەکارهێنراوە. کە ئەوەش رەوایەتی نادات بەوەی سزادانی منداڵان لەرێگای لێدان و ئەشکەنجەوە جێبەجێبکرێت، بەڵکو تەنها مێژووی ئەو سەردەمە دەگێڕێتەوە.
بەکارهێنانی پاپوچ و پێڵاو بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی
بەدەر لە بەکارهێنانی پاپوچ بۆ سەرزەنشتکردنی منداڵان لەلایەن دایکیانەوە کە ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، ئەو کلتورە درێژەی کێشاوە و لە زۆرکاتدا وەک دەربڕینی ناڕەزایەتیش بەکارهاتووە.
هەر بۆ نموونە لە بەشێکی پەرلەمانەکانی جیهاندا زۆرجار رووداوی لەو جۆرە روویانداوە کە پێڵاوەکانیان هەڵداوە، یان لە خۆپیشاندانەکاندا لەکاتی دروستبوونی گرژیدا پێڵاو بەکارهاتووە.
یانیش بەکارهێنانی پێڵاو لە هەڵمەت و رۆژە جیهانییەکاندا بەپێی دۆخە جیاوازەکان مانای جیاوازی بەخشیوە، هەروەک ئەوەی ماوەی چەند ساڵێکە لە هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژناندا دانانی سەدان پێڵاوی سوور بووەتە بەشێک لە چالاکییەکانی ئەو رۆژە.
ئەمڕۆ ١٨ ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی سەدام حسێندا تێپەڕی، ئەو سەرۆکە دیکتاتۆرەی ماوەی ٢٤ ساڵ حوکمی عیراقی کرد.
سەدام حسێن مەجید، چوارەم سەرۆککۆماری عێراق و ئەو دیکتاتۆرەی لەپاڵ چەندین سەرۆکی دیکتاتۆری دیکەدا چەندین تاوانی دژ بە کورد ئەنجامدا، کە ئێستاش دوای زیاتر لە ٣٣ ساڵ لە رووخانی رژێمە دیکتاتۆرەکەی لە کوردستان و ٢١ ساڵ لە عیراق، هێشتا کاریگەریی تاوان و کارەکانی لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان و دەروونی ماڵ بە ماڵ و تاک بە تاکی ئەو کەسانەدا ماوە کە ئەگەر بۆ ساتێکیش بێت ماوەی حوکمی ئەویان بینیوە.
سەدام حسێن لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٣٧ لە گوندی عۆجە'ی سەر بە تكریت لەدایك بووە، خانەوادەكەی سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری بوون و سێ زڕبرای هەبووە بەناوەكانی بەرزان و وەتبان و سەبعاوی، هەرسێ براکەی لەسەردەمی دەسەڵاتی سەدامدا پۆستی باڵایان هەبووە.
سەدام ساڵی ١٩٥٧ پەیوەندی بە ریزەكانی حزبی بەعسەوە كردووە و لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ١٩٥٩دا بەشداری لە پیلانی تیرۆركردنی عەبدولكەریم قاسمدا کردووە، بەڵام پیلانەكە شكستی هێنا و سەدامیش بە سوكی بریندار بوو و دواتر بەرەو سوریا هەڵهات.
لە ساڵی ١٩٦٣ لەگەڵ ساجیدەی كچی خاڵی هاوسەرگیری دەكات، هەر لەو ساڵەشدا بەعسییەكان كودەتا بەسەر عەبدولكەریم قاسمدا دەكەن و دەسەڵات دەگرنە دەست، ئەحمەد حەسەن بەكریش، دەبێتە سەرۆك وەزیران و عەبدولسەلام عارفیش دەبێتە یەكەم سەرۆك كۆماری عیراق، عەبدولسەلام عارف سەرەڕای ئەوەی یەکەم سەرۆک کۆمارە، بەڵام دووەم سەرۆکی عیراقە لەدوای سیستمی پاشایەتییەوە، چونکە بەر لەو عەبدولەکریم عارف کە پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراقی هەبوو، لەدوای سیستمی پاشایەتییەوە یەکەم سەرۆکی عیراق بوو.
دوای ئەوەی لە ١٣ی نیسانی ساڵی ١٩٦٦ بەهۆی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەكەی، عەبدولسەلام عارف گیانی لەدەست دا، عەبدولڕەحمان عارفی برای بووە سەرۆككۆمار، بەڵام دوو ساڵ دواتر و لە ١٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٦٨ جارێكی تر بەعسییەكان بە كودەتا عەبدولڕەحمان عارفیان لەسەر كار لابرد و سەدامیش یەكێك بوو لە بەشداربووانی ئەو كودەتایە، کە دوای کودەتاکە ئەحمەد حەسەن بەكر بووە سەرۆکكۆمار و سەدامیش بووە لێپرسراوی ئاسایشی نەتەوەیی، دواتریش لە ساڵی ١٩٦٩دا بووە جێگری سەرۆکكۆمار.
لە ساڵی ١٩٧٩دا بووە چوارەم سەرۆککۆماری عیراق
لە ساڵی ١٩٧٥ بە مەبەستی لاوازكردنی شۆڕشی كورد، سەدام پەیماننامەی جەزائیری لەگەڵ شای ئێران ئیمزا كرد و لە ساڵی ١٩٧٩شدا ئەحمەد حەسەن بەكری ناچار كرد دەست لەكار بكێشێتەوە، بەوەش خۆی بووە چوارەم سەرۆككۆماری عیراق.
لە هەمان ساڵ بە دواوە كە شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران سەركەوتوو بوو و لە ترسی پەڕینەوەی ئەو شۆڕشە بۆ عیراق، رێككەوتنی ١٩٧٥ی نێوان هەردوو وڵاتی وەلا نا و لە مانگی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٠دا جەنگی لە دژی ئێران بەرپا كرد، كە هەشت ساڵی خایاند.
بە هەزاران شێوە هەوڵی لەناوبردنی کوردی دا
کورد لەژێر دەسەڵاتی حزبی بەعسدا چەندین نەهامەتی بینی، بە هەزاران شێوەی حزبی بەعس هەوڵی لەناوبردنی کوردی دەدا و خاک و ئاوی تێکدەدان، گوندەکانی خاپوور دەکرد و ناوچە کوردییەکانی تەعریب دەکرد، لە سەردەمی سەدام حسێنی دیکتاتۆریشدا بە پلان لەناوبردنی کوردیان دەستپێکرد، کە هەڵمەتەکانی ئەنفال و کیمیاییبارانکردنی هەڵەبجە یەکێک بوون لەوان.
لە ئازاری ساڵی ١٩٨٨دا، حزبی بەعس بە سەرۆکایەتی سەدام حسێن پلانی کیماییبارانکردنی هەڵەبجەی دەستپێکرد، کە بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار شەهید لە منداڵ و ژن و پیاو، لە هەموو تەمەنەکاندا شەهید بوون، جگە لەوەی سەدان منداڵ ونبوون.
لە هەمان ساڵدا سەدام حسێن شاڵاوەکانی ئەنفالی بە شەش قۆناغ دژ بە کورد جێبەجێ کرد، کە تیایدا ١٨٢ هەزار کوردی بێتاوانی دانیشتووی ناوچە جیاوازەکان زیندەبەچاڵ کران و بە هەزاران کەس و کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێنن کران.
ئەوە جگە لە وێرانکردنی گوندەکان و تێکدانی خاک و ئاو و سروشتی کوردستان و بە عەرەبکردنی ناوچە کوردییەکان، کە کوردەکانیان کۆمەڵکوژ دەکرد و عەرەبیان تێدا نیشتەجێ دەکرد.
لە ٢ی ٨ی ١٩٩٠دا سەدام حسێن بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی لە ناوچەكە هێرشی كردە سەر كوەیت و داگیری كرد، بەڵام هەرزوو هاوپەیمانییەكی سەربازیی نێودەوڵەتیی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پێكهێنرا و لە بەرەبەیانی ١٧ی ١ی ١٩٩١دا لە جەنگی دووەمی كەنداو كە بە گەردەلولی بیابان ناسرا، سەدام و سوپاكەی ناچاركران لە كوەیت بكشێنەوە و ئەو جەنگەش زیانی زۆری بە عیراق گەیاند.
دواتریش لە ئازاری هەمان ساڵدا کە راپەڕینە مەزنەکە لە رانیەوە دەستی پێکرد، حزبی بەعس بە توندترین شێوە رووبەڕووی بووەوە، کە بووە هۆی ئاوارەبوونی ملیۆنان کورد و کۆڕەوە مەزنەکەی لێکەوتەوە، بەوهۆیەشەوە بڕیاری ژمارە ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی درا کە تیایدا ناوچەی دژە فڕین سەپێنرا، بەڵام هێزەكانی رژێمی بەعس بۆ ماوەیەكی كەم لە كوردستان مانەوە تاوەکو ئەوكاتەی لە راپەڕینێكی تردا لە ١٨ی تەمموزی ١٩٩١ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە بەعس پاككرانەوە و لە ساڵی ١٩٩٢دا حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرا.
ساڵی ٢٠٠٣ دواین ساڵی دەسەڵاتی سەدام بوو كە ئەمریكا بە سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی هێرشیكردە سەر عیراق و كۆتایی بە رژێمی بەعس هێنا و هێزەكانی ئەمریكا گەڕانی بەدوای سەدام و دارودەستەكەیدا دەستپێكرد.
لە رۆژی ١٣ی كانونی یەكەمی ٢٠٠٣ لە ئۆپراسیۆنێكدا هێزێكی تایبەتی مارێنزی ئەمریكا سەدام حسێنیان لە شارۆچكەی دۆری سەر بە تكریت لەناو چاڵێكدا دۆزییەوە و دەستگیریان کرد.
بەپێی راپۆرتی ژەنەڕاڵ (جەیمس هیكلی) لەو ئۆپراسیۆنەدا ژمارەیەك پێشمەرگەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بەشداربوون، دوای دادگاییكردنیشی لەسەر هەموو ئەو هەموو تاوان و كارە نامرۆڤانەی دژ بەگەلانی عیراق و گەلی كورد ئەنجامی دابوو، بەتایبەتیش لەسەر دۆسیەی كۆمەڵكوژی دوجەیل دادگای باڵای تاوانەكانی عیراق بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركرد.
ماڵ بە ماڵ بینەری ساتی لەسێدارەدانەکەی بوون
بڕیاری لەسێدارەدانەکەی لە رۆژی ٣٠ی ١٢ی ٢٠٠٦ لە بەرەبەیانی یەكەم رۆژی جەژنی قوربان جێبەجێکرا، ئەوکات لەدوای چەندین ساڵ بینینی نەهامەتی بەدەست رژێمەکەی سەدام حسێنەوە، سەرجەم ماڵەکان بەدیار پەخشی لەسێدارەدانەکەیەوە دانیشتبوون، کە سات بە سات بینەری بوون هەر لە بردنییەوە بۆ ژووری سزا تاوەکو لەملکردنی پەتی لەسێدارەدان، کە ئەو کات بەشێکی کەناڵەکان پەخشیان کرد.
بەر لە ساڵانی ٢٠١٠، تۆماری رۆژانی دادگاییکردنی سەدام حسێن و دامودەستەکەی خرابووە سەر سیدی و لە بازاڕدا دەفرۆشرا، بەوهۆی ئەو سوێیەی لە دڵی کورددا بوو، کەم ماڵ هەبوو ئەو سی دی'یانەی نەبێت و زوو زوو بە جۆشەوە تەماشای نەکەنەوە.
شوێنی مانەوەی بەشار ئەسەدە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا، دوای شكستهێنانی خێرا و تەواوەتی سوپاكەی لەماوەیەكی كەمدا بەرانبەر هێرشی گروپە چەكدارەكان
زانیارییە هەواڵگرییەكان باس لە كەوتنی سوپاكەی ئەسەد دەكەن و ئاماژەیان بە چەند هۆكارێك كردووە لەوانە، ورەی نزمی هێزەكان و پشتبەستنێكی زۆر بە هاوپەیمانە بیانییەكان، بەتایبەتی لە پێكهاتەی فەرماندەیی و زیادبوونی توڕەیی ناو ریزەكانی سوپا بەهۆی گەندەڵی بەربڵاوەوە، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی رۆییتەرز.
بەپێی سەرچاوەكان لەو كاتەوەی شەڕ لەناوخۆی سوریا سەریهەڵداوە لە ساڵی 2011 ەوە، سوپای سوریا پشتی بە هێزە هاوپەیمانەكانی وەك ئێران و لوبنان و عیراق بەستووە بۆ دابینكردنی باشترین یەكەی شەڕكەر لە وڵاتەكەیدا.
زانیارییەكان لەسەر رەوشی ناوخۆیی سوپای ئەسەد ئەوە روندەكەنەوە، بەشی زۆری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سوپای سوریا، لەلایەن راوێژكارانی سەربازی ئێران ئاڕاستەكراون، بەڵام دوای هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر دیمەشق، زۆرێك لە راوێژكارانی سەربازی ئێران، سوریایان جێهێشتووە و سەرقاڵی شەڕی غەززە بوون.
بەوتەی سەرچاوەكان، هێزە بیانییەكان متمانەیان بە سوپای ئەسەد نەبووە، بۆیە بە سوكایەتییەوە سەیریان كردوون و لە زۆربەی شەڕەكان هاوشانیان شەڕیان نەكردووە.
سەرچاوە ئەمنییەكانی سوریا لەسەر كەوتنی سوپاكەیان دەڵێن، سوپای سوریا ستراتیژی بەرگری پلانێكی ڕوونی بۆ ئاڕاستەكردنی یەكەكانی نەبووە، كاتێكیش حەلەب كەوتە بەر هێرش فەرمان دراوە بە سوپا، بكشێتەوە بۆ شاری حومس بۆ دووبارە ڕێكخستنەوە.
هەرچەندە روسیا هێرشی ئاسمانی كردەسەر هێزەكانی تەحریر شام لە كاتی پێشڕەویكردنیان بۆ حەما و حومس، بەڵام جیاواز لە قۆناغەكانی پێشووی شەڕ لە سوریا، هیچ هێزێكی زەمینی سوپاكەی ئەسەد نەیتوانی سوود لەو هاوكارییە سەربازییەی روسیا وەربگرێت.
بەوتەی ئەفسەرانەی پێشوو و ئێستای سوپای سوریا، هۆكارێكی دیكەی كەوتنی سوپاكەی ئەسەد وەرگرتنی بەرتیل بووە و فەرماندە و ئەفسەرەكان بەرتیلیان لەسەربازەكان وەرگرتووە لەبەرانبەر رەوانەكردنیان بۆ ماڵەوە.
دەڵێن، تووڕەیی زۆرێك لە ئەفسەرانی پلە مامناوەند لەم ساڵانەی دواییدا زیادیكردووە، چونكە قوربانیدان و سەركەوتنەكانی سوپا لە ماوەی جەنگدا، نەبووەتە هۆی باشتربوونی مووچە و بژێوی ژیانیان.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەكی سەربازی كە ئاژانسی رۆیتەرز لە نووسینگەی هەواڵگری هێزی ئاسمانی لە دیمەشق دۆزیویەتیەوە، سوپای ئەسەد لە 28 ی مانگی رابردوو، فەرمانیان بە هەموو هێزەكان داوە لە حاڵەتی ئامادەباشی شەڕدا بن، بەڵام سەرەڕای فەرمان و هەڕەشەكان، ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەر و سەربازی سوپا دەستیان بە هەڵهاتن كردووە.
لەسەر وەختی دەستپێكردنی شەڕەكەشەوە، لە جیاتی روبەڕوبونەوەی چەكدارەكانی تەحریر شام و تەنانەت خۆپیشاندەرانی بێ چەكیش، سەربازەكانی سوپای ئەسەد بینراون كە شوێنەكانیان جێدەهێڵن و جلی مەدەنیان لەبەردایە و دەگەڕێنەوە ماڵەكانیان.
لەدوای كەوتنی رژێمی بەشار ئەسەد لە سوریا و پێكهێنانی حكومەتی راگوزەر لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە، داهاتووی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی شەڕڤانانی كورد بووەتە رۆژەڤ.
لەئێستادا جموجۆڵ لە رۆژئاوای كوردستان و ئیدارەی خۆسەری دەستیپێكردووە بۆ ئەوەی لایەنە كوردییەكان بەیەك دەنگ بچنە دیمەشق و دانوستان لەگەڵ دەستەی تەحریر شام و حكومەتی راگوزەر بكەن.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات - هەسەدە جەختدەكاتەوە كە، پێویستە هێزە كوردییەكان یەكبن بۆ رووبەڕووبونەوەی روداوەكان، داواشیكرد هەرێمی كوردستان هەڵوێستێكی ئەرێنی هەبێت و هاوكارییان بكات لەو بارەیەوە.
تا ئێستا بەشێوەی رەسمی گفتوگۆی راستەوخۆ لەنێوان ئیدارەی خۆسەر و دەستەی تەحریر شام و حكومەتی راگوزەری دیمەشق نەكراوە، كەمال عاكف وتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئیدارەی خۆسەر لە راگەیەنراوێكدا سەرجەم ئەو هەواڵانەی رەتكردەوە كە باس لەوە دەكەن ئیدارەی خۆسەر گەیشتووە بە لێكتێگەیشتن لەگەڵ دیمەشق و جەختدەكاتەوە ئامادەكاریی بۆ قۆناغی گفتوگۆ و دانوستان دەكرێت.
لای خۆیەوە، مەزڵوم كۆبانێ جەختیكردەوە، هەڵەیە كورد بەشێوەی گروپ گروپ كۆبوونەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی سوریا و لەگەڵ دیمەشق ئەنجام بدەن ئەوە زیان بە بەرژەوەندی كورد دەگەیەنێت.
گروپی تەحریر شام و گروپە چەكدارەكانی دیكە كە كۆنتڕۆڵی دیمەشیان گرتووەتە دەست تا ئێستا بەرەسمی هیچ هەڵوێستێكیان لەبارەی ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی هەسەدە رانەگەیاندووە، مەزڵوم كۆبانێ دەڵێت لەسەرەتای هێرشەكان بۆسەر رژێمی سوریا، گروپی تەحریر شام پیوەندییان پێوەكردووە، كە ئەوان ئامانجیان كورد و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە نییە.
ئیدارەی خۆسەر لە باكور و رۆژهەڵاتی سوریا كە لەلایەن شەڕڤانانەوە دەپارێزرێت، لە ئێستا نزیكەی لەسەدا 30 ی خاكی سوریای لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و لەچەند رۆژی رابردووشدا چەندین هێرشی گروپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا بۆ دەستبەسەرداگرتنی بەشێك لەناوچەكان تێكشكێنرا و رۆژی 5 شەممەش بە سەرپەرشتی ئەمریكا لە منبەج ئاگربەست راگەیەنرا.
زیندانی تۆقێنەر و دوور لە مافەكانی مرۆڤی سیدنایا لە سوریا، كە بە ناوەندی بەشار ئەسەد بۆ ئەشكەنجەدان ناودەبرا، دوای روخانی ئەسەد كۆتاییپێهات.
راڕەوەكانی ناو زیندانی سیدنایا، دیمەن و چیرۆكی ناخ هەژێنی تێدا دەدۆزرێتەوە كە بە ناوەندی ئەشكەنجەدانی حكومەتەكەی بەشار ئەسەد ناسراوە، لەئێستادا ژمارەیەك زیندانیكراو لە كامێراكانی چاودێری لە بیناكەدا بەدیدەكرێن، بەڵام نازانرێت بە چ رێگایە بگەن بە زیندانییەكان بۆ ئەوەی ئازادیان بكەن كە بەشێكی نهێنی ژێر زەمینەكانی زیندانەكەدان.
لەكاتێكدا تیمەكان بە تونێل لێدان و شكاندنی دیوارەكان بەردەوامن لەسەر كارەكانیان، ئەو هاووڵاتییە سوریانەش ساڵانێكە بێسەروشوێنن، كەسوكاریان بەمەبەستی سۆراغێكیان ڕوو لە زیندانەكە دەكەن، هەر زیندانیكراوێكی ئازاد دەبینن پێیاندەڵین ئەسەد روخا، مەترسن.
بەرگری شارستانی سوریاش دەڵێت، تیمەكانمان لە زیندانی سیدنایا هیچ كام لەو دەرگا نهێنیانەیان نەدۆزیوەتەوە كە قسەی لەسەردەكرێت و داوا لە سەربازەكانی پێشووی حكومەتەكەی ئەسەد و كارمەندانی زیندانەكە كراوە، پاسۆردی سەر دەرگاكانیان پێ بڵێن تاكو دەرگا ئەلكترۆنییەكانی ژێر زەمینەكان بكرێنەوە.
زیندانی سیدنایا پێشبینیدەكرێت لە نهۆمێك زیاتری ژێرزەمین پێكهاتبێت و لە رۆژی یەكشەممەوە تائێستا بەردەوام زیندانی نوێ ئازاددەكرێن، لەنێو ئەو كەسانەی ئازادكراون منداڵانی بچووك لەگەڵ دایكیاندا بەدیدەكرێن، هەروەها لە دیمەنەكاندا ژمارەیەك زیندانیكراو بەدیدەكرێن كە بەهۆی ئەشكەنجەدانەوە ناتوانن بەڕێدا بڕۆن و لە گرتووخانەكەدا بە سنگە خشێ دێنە دەرەوە.
لەئێستادا هەوڵەكان بەوجۆرەیە بەهەر رێگایەك بێت زیندانیكراوەكان رزگاربكرێن، كە بەهۆی نەبوونی هەواگۆڕكێكەوە خەریكە دەخنكێن، پێویستە دەرگا ئەلكترۆنییەكانی نهۆمەكانی ژێرزەمینەكان بكرێنەوە، بۆ ئەوەی ئەو زیندانیكراوانەی لە كامێراكانی چاودێریدا بەدیكراون، ئازادبكرێن.
یەكێك لە زیندانیكراوەكان كە زیندانی سیدنایا رزگاری بووە دەڵێت، چەند سەعاتێكی مابوو بۆ ئەوەی لەسێدارە بدرێن، كە بڕیار بووە 54 كەس پێكەوە لەسێدارە بدرێن، بەڵام لەگەڵ روخانی ئەسەد ئازاد كراین.
زیندانی سەربازی سیدنایای سەربە وەزارەتی بەرگریی حكومەتەكەی ئەسەد، دەكەوێتە دووری 30 كیلۆمەتر لە دیمەشق، دوای رووداوەكانی 2011 كرایە بنكەیەك بۆ زیندانیكراوانی خۆپیشاندانەكانی دژ بە ئەسەد.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان، حكومەتەكەی ئەسەد لە زیندانەكەدا لەڕێی لەسێدارەدانی بەكۆمەڵەوە، لەسێدارەدانی بەبێ دادگاییكردن ئەنجامداوە و لەنێوان ساڵانی 2011 بۆ 2015 هەموو هەفتەیەك یان دوو هەفتە جارێك 50 كەسیان لەسێدارەداوە.
راپۆرتەكان باس لەوەشدەكەن، حكومەتەكە ئەسەد بە مەبەست مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵ زیندانیكراواندا ئەنجامداوە و دەیانجار روبەڕوی ئەشكەنجەی كردوونەتەوە و بەشێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراو، بێبەشیكردوون لە نان و ئاو و پێداویستی پزیشكی.
دیمەنی هەڵكردنی ئاڵای گروپە چەكدارەكانی سوریایە لەباڵیۆزخانەی سوریا لە مۆسكۆی پایتەختی روسیا، رۆژێك دوای روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی هاوپەیمانی روسیا و هەڵهاتنی بۆ مۆسكۆ.
دوای روخانی دەسەڵاتی ئەسەد، یەكێك لەو بابەتانەی ئێستا میدیاكانی جیهان زۆرترین گرنگی پێدەدەن، هەڵوێستی ئێران و روسیایە لە پشتكردنە ئەسەد، رۆژنامەیەكی بەریتانیش باس لەوە دەكەن وەزیری دەرەوەی ئێران راستەوخۆ بە ئەسەدی وتووە كە ناتوانن هێزی بۆ بنێرن، بەڵام ئێران دەڵێت هیچ كاتێك ئەسەد داوای هاوكاری و پشتیوانی لێنەكردوون.
بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگای توێژینەوە جەنگییەكان لە ئەمریكا، رووخانی دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەد، كێشەیەكی گەورە بۆ روسیا و ئێران دروست دەكات و دەبێتە گورزێكی كوشندە لە رووی متمانەوە لە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی تریان كە دوو وڵاتی هاوپەیمانی سەرەكی سوریا بوون و لە دوای ساڵی ٢٠١١ و ٢٠١٥ەوە هێزێكی زۆریان لە سوریا هەبووە بۆ پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی ئەسەد.
لە بەشێكی راپۆرتەكەدا هاتووە، بە فەرمانی ڤلادیمیر پوتن سەرۆكی روسیا، هێزەكانی ئەو وڵاتە لە سوریا جگە لە پاراستنی خۆیان و تێوەنەگلان لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان، هیچ هەنگاوێكی تریان بۆ پشتیوانیكردن لەئەسەد نەنا كە چەندین ساڵە لە سوریا پشتیوانی دیمەشق دەكەن و خۆیان وەك هاوپەیمانێكی سەرەكی ئەو وڵاتە پیشانداوە، ئەوەش روسیا روبەڕوی قەیرانێكی گەورەی متمانە دەكاتەوە وەك هاوپەیمان و هاوبەشێكی ئەمنی باوەڕپێكراو لەسەر ئاستی جیهان، ئەوەش لە كاتێكدا ئێستا هێز و بارەگاكانی روسیا لە سوریا لە ژێر بەزەیی گرووپە چەكدارەكاندان كە پێشتر مۆسكۆ هەموویانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.
پەیمانگای توێژینەوە جەنگییەكان لە ئەمریكا باسی لەوەشكردووە، لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆسەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی سوریا كە لە ماوەیەكی كەمدا توانییان دەستبەسەر دیمەشقی پایتەختدا بگرن و دەسەڵاتەكەی ئەسەد بڕوخێنن، هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی هێرشەكاندا ئێران لە پێناو پاراستنیان سەرجەم فەرماندە و سەربازەكانی لە سوریا كشاندەوە.
رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانیش دەڵێت، هەڵوێستی ئێرانیش لە بەرامبەر هاوپەیمانە سورییەكەی هەمان هەڵوێستی روسیا بووە و بەهەمان شێوە تووشی قەیرانێكی گەورەی متمانە و باوەڕپێكردن دەبێتەوە لە بەرامبەر هاوپەیمانەكانی، چونكە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران كە لەماوەی رابردوودا سەردانی دیمەشقی كرد و لەگەڵ ئەسەد كۆبووەوە، لەگەڵ ئەوەی هەموو زانیارییەكی لەبارەی دەستپێكردنی هێرشی گرووپە چەكدارەكان پێدابوو، ئاگاداریشی كردبووە رەوشی ئێستای ئێران لەبار نییە بۆئەوەی هێزی بۆ بنێرن و پشتیوانی بكەن بۆ مانەوەی لە دەسەڵاتدا.
رۆژنامەكە جەختیشیكردووەتەوە، هۆكاری ئەو هەڵوێستەی ئێران و پشتكردنە ئەسەد بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە تاران هیچ متمانەیەكی بە دیمەشق نەمابوو و تۆمەتباری كردبوو بە دزەپێكردنی زانیاری لەبارەی فەرماندە سەربازییەكانی ئێران لە سوریا كە بەهۆیەوە ژمارەیەكیان لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل و ئەمریكا كوژران.
لە بەرامبەریشدا وەزیری دەرەوەی ئێران بە تەلەفزیۆنی رەسمی وڵاتەكەی وتووە، هیچ كاتێك بەشار ئەسەد داوای هاوكاری و پشتیوانی لێنەكردوون بۆ بەرنگاربوونەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان و تووشی سەرسوڕمانیش بوون كە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا دەسەڵاتەكەی بەشار ئەسەدیان رووخاند و سوپای سوریاش هیچ بەرگرییەكی نەكرد.
برینی كۆنی سوریا لە دوای ١٣ ساڵ سەرهەڵدەداتەوە، سوریا كە لە ساڵی ٢٠١١ەوە گیرۆدەی جەنگە و بەهۆیەوە لانیكەم ٥٧٠ هەزار كەس كوژراون و زیاتر لە حەوت ملیۆن كەسیش لە دانیشتوانی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون .
لە نوێترین پێشهاتدا و لە كەمتر لە ٧٢ سەعاتدا زۆرینەی روبەری شاری حەلەب لەلایەن چەكدارانی نزیك لە توركیا دەستی بەسەردا گیرا.
دەسەڵاتی بەشار ئەسەد كە بە هاوپەیمانی تاران و مۆسكۆ لە قەڵەم دەدرێت تەنها لە سێ رۆژدا بە تەواوەتی لە حەلەب كشایەوە.
روسیا زیاتر لە سێ ساڵە سەرقاڵی جەنگی ئۆكراینایە و ئێرانیش بەهۆی ململانێ لەگەڵ ئیسرائیل زیاتر لە ساڵێكە سەرنجی لای هاوپەیمانەكەی نەماوە. ئەگەرچی ئێران و روسیا بە بەردەوامیی دەستیان بە حكومەتی دیمەشقەوە بووە، بەڵام لە بەرامبەردا توركیا بە بەردەوامی چەكدارانی نەیاری سوریای لە ئامێز گرتووە .
حەلەب كە شارێكی ستراتیژیی سوریایە، ساڵانێك زۆرە هەر لە كۆنەوە ناوەندێكی بازرگانی گرنگی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵاتە و ژمارەی دانیشتوانەكەشی پێش جەنگی ساڵی ٢٠١١ زیاتر لە دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار كەس بووە.
دەستەی تەحریر شام كە لە لیستی تیرۆری زۆربە وڵاتانی جیهان و بە تایبەتیش لیستی تیرۆری ئەمریكادایە ساڵی ٢٠١٧ لە هەناوی بەرەی نوسرە لەدایكبووە كە ئەو بەرەیەش ساڵی ٢٠١٢ لە جەنگی سوریا دروستبوو.
دوای هەشت ساڵ جارێكی دیكە حەلەب كەوتە دەست چەكدارانی نەیاری دیمەشق كە وەك دوەمین شاری گەوەرەی سوریا لە كەمتر لە چوار رۆژدا لە لایەن چەكدارانەوە كۆنترۆڵكرا.
چەكدارانی تەحریر شام لەدوای ساڵی ٢٠١٦ نەیانتوانیبو حەلەب كۆنتڕۆڵبكەن، چونكە ساڵی ٢٠٢٠ لە چوارچێوەی رێككەتنی ئاستانە زۆربەیان بەرەوە ئیدلیب كشانەوە .رژێمی سوریا دەڵێت ئەو چەكدارانە پێشێلی رێككەوتنی ٢٠١٩ ەیان كردووە كە لە سەر ناوچەكانی حەلەب و ئیدلیب كراوە. زۆرینەی ئەو گروپە چەكدارانە كە لەلایەن تەحریرشام سەركردایەتییان دەكرێت لە ئیدلیب و عەفرین بە پشتیوانی توركیا جێگیر كرابوون.
لە شەڕ و پێكدادانی نێوان هێزە چەكدارەكان و سەربازانی سوریا زیاتر ٤٠٠ كەس كوژراون كە ٦١ كەسیان هاووڵاتی مەدەنین و زۆرینەیان ژن و منداڵن.
روسیا دوای ٨ ساڵ تەنها لە دوو رۆژدا ٦٣ جار بە فڕۆكەی جەنگی بۆردومانی پێگە و بنكەسەربازییەكانی چەكدارانی تەحریر شام و هاوپەیمانەكانی كردووە.چەكدارانی تەحریر شام دوای كۆنترۆڵكردنی زۆرینەی خاكی حەلەب رایانگەیاند ١٩ گوند و ناوچەی حەممای-یان كۆنتڕۆڵ كردووە.
لێشاوی پەنابەرانی كورد بۆ بەریتانیا، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتەی ناچاركرد بێتە عیراق و هەرێمی كوردستان و رێككەوتنێكیان لەگەڵدا ئیمزا بكات.
سەردانەكە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی قاچاخچێتی بە مرۆڤ و دانانی تۆڕێكی پەیوەندییە لە ناوچەكە و ئەوروپادا.
لە بارەی سەردانەكەشەوە حكومەتی بەریتانیا رایگەیاندووە، یەكەمین رێككەوتنی ئەمنیان لەگەڵ عیراق ئیمزاكردووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی قاچاخچێتی كردن بە مرۆڤ و توندكردنەوەی سنورەكان و هاریكاری ئەمنی.
ئیڤێت كوپەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا بە سەردانێكی رەسمی گەیشتە عیراق و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی رێگری لە كۆچی بەلێشاوی هاوڵاتیان بۆ ئەو وڵاتە بكەن.
لە سەردانەكەیدا كوپەر چاوی كەوتووە بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران و عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ و قۆئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق و فایەق زیدان سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری.
هاوكات لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەت و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ كۆبوەتەوە.
لە كۆبونەوەكەی قوباد تاڵەبانی و ئیڤێت كوپەر باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا كرا لە هەموو بوارەكاندا و بە تایبەت هەماهەنگییە ئەمنییەكان بۆ كەمكردنەوەی دیاردەكانی كۆچی نایاسایی و تاوانی رێكخراو و بەرەنگاربوونەوەی قاچاخی مادەی هۆشبەر.
بەپێی راگەیەنراوی حكومەتی بەریتانیاش، لەندەن ٣٠٠ هەزار پاوەند بە عیراق دەدات و راهێنان بە هێزەكانی پاسەوانی سنوریش دەكات بۆ رێگریكردن لە تاوانی رێكخراو لەناویاندا قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە.
بەپێی رێككەوتنەكە حكومەتی عیراق و بەریتانیا هەماهەنگی دەكەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆیلایەتی مرۆڤ و سپیكردنەوەی پارە و ئەنجامدانی چەند كەمپینێك بۆ هۆشیاركردنەوەی گروپە بە ئامانجگیراوەكان لەلایەن قاچاخچیەكان و بەدواداچوون بۆ كۆكردنەوەی زانیاری دەكەن لەسەر قاچاخچیەكان.
لە رێككەوتنەكەدا هاتووە بەریتانیا هەڵدەستێت بە دیپۆرتكردنەوەی ئەو كەسانەی كە مافی مانەوەیان نییە لەو وڵاتەدا.
هاوكات بەریتانیا رێككەوتنێكی تری لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش ئیمزاكرد و بەپێی رێككەوتنەكەش بڕی ٢٠٠ هەزار پاوەند بە هەرێم دەدات و توانای حكومەتی هەرێمیش بۆ راگرتنی كۆچی نایاسایی پەنابەران بۆ ئەو وڵاتەكەی و و كۆنتڕۆڵكردنی سنورەكان بەرزدەكاتەوە.
وەزیری ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، تۆڕەكانی قاچاخچێتی خەڵك لە هەرێمی كوردستانەوە دەبەنە باكوری فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئەوروپا و دواتر بە بەلەمی بچوك دەیانپەڕێننەوە بەریتانیا.
پێشتر حكومەتی ئێستای بەریتانیا دژایەتی سیاسەتەكانی ریشی سوناكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی ئەو وڵاتەی دەكرد بۆ دیپۆرتكردنەوەی پەنابەران بۆ رواندا و بەوەش لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا هاوسۆزی و پشتیوانی كەسانی بیانی دانیشتووی وڵاتەكەی بۆ خۆی مسۆگەر كرد، بەڵام لەم ئێستادا رێككەوتن لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی تردا دەكات بۆ رێگریكردن لە چوونی پەنابەران بۆ وڵاتەكەی.
بەتۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە غەززە، بنیامین ناتانیاهۆ گەشتی ١٢٠ وڵاتی لێ قەدەغەكرا و فەرمانی دەستگیركردنیشی بۆ دەركرا.
دادگای تاوانی نێودەوڵەتی_ لاهای، فەرمانی دەستگیركردنی بۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل و یواڤ گالانت وەزیری پێشووی بەرگری و محەمەد زەیف فەرماندەی لیواكانی عیزەدین قەسام باڵی چەكداری حەماس دەركرد.
دادگای لاهای دەڵێت، ناتانیاهۆ و گالانت تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ لە ٨ی مانگی ١٠ی ٢٠٢٣ تا ٢٠ی مانگی ٥ی ٢٠٢٤، لەوانەش، كوشتن و گۆشەگیری و كاری نامرۆڤانەی دیكە.
دادگاكە ئاماژەی بەوەشكردووە، قبوڵكردنی دەسەڵاتی دادگا لەلایەن ئیسرائیلەوە پێویست نیە، بۆیە ١٢٠ وڵاتی ئەندامی دادگاكە، لەرووی یاساییەوە پابەندن بە رادەستكردنەوەی كەسانی داواكراو و جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگاكە.
دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكان دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتییە و ئەركی دادگاییكردنی ئەو كەسانەیە كە تۆمەتبارن بە كۆمەڵكوژی و تاوانی دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ.
هەریەك لە فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئەرجەنتین، بەرازیل، باشووری ئەفریقا، سەنیگال، ژاپۆن، كۆریای باشوور، وە وڵاتە زلهێزە دیارەكان ئەندامن تیایدا، هەریەك لە ئەمریكا و چین و روسیا و ئیسرائیلیش ئەندامی دادگاكە نین.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بەتوندی دژی بڕیارەكەی دادگای لاهای وەستانەوەو نووسینگەی ناتانیاهۆش رایگەیاند، بڕیارەكەی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان، دژی جولەكەكانە، ئیسرائیلیش ئەو تۆمەتە گاڵتەجارانە رەتدەكاتەوە كە ئاڕاستەی دەكرێن.
لای خۆیەوە كاسبار فلید كامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا ئامادەیی نیشاندا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای لاهای و بە پابەندكەری وەسف كرد.
هاوكات وەزارەتی دەرەوەی فەرەنساش دووپاتیكردەوە، بڕیارەكەی لاهای لەگەڵ بنەماكانی دادگاكەدا دەگونجێت.
جۆزێف بۆرێل نوێنەری دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا، بڕیارەكەی دادگای لاهای بە پابەندكەر لە قەڵەمداو ئامادەیی یەكێتی ئەوروپای نیشاندا بۆ دەستگیركردنی ناتانیاهۆ و گالانت، وتیشی، پێویستە رێز لە بڕیارەكەی دادگا بگیرێت و جێبەجێ بكرێت.
هەروەها حكومەتی بەلجیكا ئامادەیی نیشاندا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای لاهای و داوای لە وڵاتانی ئەوروپی كرد پابەند بن بە بڕیارەكەو سزای ئابووری بەسەر قەوارەی ئیسرائیلدا بسەپێنن.
هەریەك لە بزوتنەوەی حەماس و فەتحی فەلەستینیش پێشوازییان لە بڕیارەكەی دادگا كرد و داوایانكرد وڵاتان هاوكار بن لە دەستگیركردن و دادگاییكردنی ناتانیاهۆ و گالانت.
كەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، فەرمانی دەستگیركردنەكەی ناتانیاهۆ و گالانت پێشتر دەركرابوو، بەڵام رانەگەیەندرابوو، هەڵگیرا بۆ كاتێكی دیاریكراو.
لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پلانی رەوانەكردنی كۆچبەران بۆ رەواندا، سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بە نیازە ستراتیژیەكی نوێ بۆ رێگریكردن لە كۆچبەران بەكاربهێنێت.
ڕۆژنامەی تایمزی بەریتانی بڵاویكردەوە، حكومەتی بەریتانیا دانوستانی لەگەڵ توركیا و ڤێتنام و بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە، بۆ پێدانی پارە پێیان بەئامانجی كەمكردنەوەی ڕۆیشتنی كۆچبەران بەرەو بەریتانیا.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئیڤێت كوپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ ژمارەیەك حكومەت، لەنێویاندا حكومەتی كوردستان و توركیا و ڤێتنام، سەبارەت بە هاوكاری و ڕێككەوتن ئەمنی كە دەكرێت پێش كۆتایی ئەمساڵ كۆتایی پێبهێنرێت.
لای خۆیەوە، كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە كاتی چوونی بۆ بەشداریكردن لە لوتكەی 20 لە بەرازیل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، كارێكی دروستە بۆ بەریتانیا كە خەڵك لە جێهێشتنی وڵاتەكانیان پەشیمان بكاتەوە چونكە هەندێكجار بۆ پەڕینەوەیان لە كەناڵی ئینگلیز ژیانی خۆیان دەكەنە مەترسییەوە.
وتیشی، حكومەت پلانی هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو باندە تاوانكارییانەی كە بەشدارن لە قاچاخچێتی بە خەڵك.
هەوڵەكانی ستارمەر بۆ رێگریكردن لە كۆچبەران لەدوای لە سەردانەكەی بۆ ڕۆما لە مانگی ئەیلولدا زیاتر چڕبووەوە، كاتێك ستارمەر هەوڵەكانی ئیتالیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی كۆچبەری نایاسایی بەرز نرخاند.
پێشتر، رۆژنامەی زە ناشناڵ بڵاویكردبووەوە، لە هەوڵێكدا بۆ چارەسەركردنی تۆڕەكانی قاچاخچی كە لە كەناڵی ئینگلیز كاردەكەن، بەمنزیكانە بەریتانیا ئەفسەر رەوانەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە عیراقییەكان ژمارەیەكی زۆری ئەو كۆچبەرانە پێكدەهێنن كە پارە دەدەن بۆ تێپەڕاندنی كەناڵی ئینگلیز بە بەلەمی بچوك بۆ گەیشتن بە بەریتانیا.
بەپێی رۆژنامەكە، ئەو ئەفسەرانە بە سیفەتی نێودەوڵەتی كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە لە بنەڕەتەوە.
رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، قاچاخچییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لەم چەند ساڵەی كۆتاییدا زۆرترین كۆچبەریان گواستووەتەوە، یەكێك لە كەسە سەرەكییەكانیش لەمساڵدا دەستگیركرا كە ناوی بەرزان مەجید بووە و بە دووپشك ناسرابوو، لەلایەن دادگای بەلژیكاوە سزای زیندانی 10 ساڵی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەمساڵ ٣١ هەزار و ٩٤ كۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووك كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، كە ئەو ژمارەیە ١٦% زیاترە لە ساڵی رابردوو، كە لەو ساڵەدا ٢٦ هەزار و ٦٩٩ كۆچبەر ئەو رێگەیەیان تێپەڕاندبوو.