لە چەند رۆژی ڕابردوودا، ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی گەورەترین و خێراترین کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی ئەمریکایە لە دوای جەنگی عیراقەوە. بەپێی راپۆرتەکانی رۆیتەرز و ئەکسیۆس، واشنتن چیتر تەنیا پەیامی هۆشداری نانێرێت، بەڵکو لەسەر زەوی هەموو کەرەستەکانی بۆ جەنگێکی درێژخایەن ئامادە کردووە.
1. گەمارۆی دەریایی و "ئارمادای ئەتۆمی"
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی شوێنکەوتنی کەشتییە جەنگییەکان، ئەمریکا دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زەبەلاحی لە دەوروبەری ئێران جێگیر کردووە:
2. "پردی ئاسمانی" و هێزی لێدانی دوورمەودا:
سەرچاوە ئیسرائیلییەکان و ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمریکا بنکەکانی خۆی لە قوبرس، یۆنان، ئیتاڵیا و ئوردن بە تەواوی پڕ کردووە لە فڕۆکەی جەنگی:
3. قەڵغانی بەرگری؛ پاراستنی ئیسرائیل و بنکەکان:
ئەمریکا لە چەند رۆژی رابردوودا سیستمی بەرگریی (THAAD) و پاترییەکانی پاتریۆتی لە چەندین شوێن جێگیر کردووە:
4. فەرماندەیی فڕیو (E-3 Sentry)
ئەمریکا شەش فڕۆکەی سیخوڕی و کۆنتڕۆڵی (E-3 Sentry) ی هێناوەتە ناوچەکە. ئەم فڕۆکانە وەک "ژووری ئۆپراسیۆنی گەڕۆک" کار دەکەن و دەتوانن تەواوی جووڵەکانی ئێران لەسەر زەوی و ئاسمان چاودێری بکەن و ئاراستەی هێرشەکان بکەن.
سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بۆ رۆیتەرز جەختیان کردووەتەوە کە ئەم ئامادەکارییانە تەنیا بۆ "ترساندن" نین، بەڵکو واشنتن خۆی بۆ خراپترین سیناریۆ ئامادە کردووە. داواکاری وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی لە هاووڵاتیانیان بۆ جێهێشتنی دەستبەجێی ئێران، دوایین پارچەی ئەم تابلۆیە و نیشانەی ئەوەیە کە کاتژمێری سفر زۆر نێزیک بووەتەوە.
بەڵام ئێستا و لە پاش ئەوەی نەخشەی ئامادەیی سوپای ئەمریکامان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەوردی نیشاندا، بزانین ئێران، وەک جەمسەرێکی سەرەکی ململانێکە چی پێدەکرێت و دەتوانێت چیبکات؟
1. مانۆڕی "کۆنتڕۆڵی ژیرانە"؛ هەڕەشەی داخستنی هورمز
لە چەند رۆژی رابردوودا، سوپای پاسدارانی ئێران مانۆڕێکی سەربازیی بەرفراوانی لە تەنگەی هورمز دەست پێکردووە. فەرماندە سەربازییەکانی ئێران رایانگەیاندووە کە "پەنجەیان لەسەر پەلەپیتکەیە" و دەتوانن لە کەمترین ماوەدا تەنگەی هورمز، کە %20ـی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، بە تەواوی دابخەن. عەقید محەمەد ئەکبەر زادە، بەرپرسی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هۆشداری داوە کە هەموو کەشتییە بیانییەکان لەژێر چاودێریی وردی ئەواندان و لە دەستی هێزی بەرگریی ئێراندان.
٢. "چەکی کوشندەتر لە کەشتیی جەنگی"
عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، لە نوێترین پەیامیدا وەک وەڵامێک بۆ کۆکردنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی ئەمریکا رایگەیاند: "کەشتیی جەنگی بێگومان چەکێکی مەترسیدارە، بەڵام مەترسیدارتر لەوە، ئەو چەکەیە کە دەتوانێت ئەو کەشتییە ڕەوانەی بنی دەریا بکات". ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ مووشەکە بالیستییە دژە-کەشتییەکان و ژێر دەریاییە بچووکە خۆکوژەکانی ئێران لێک دەدرێتەوە.
٣. ئامادەکاریی مەیدانی و "بێهێزکردنی لێدانەکان"
بەپێی وێنە مانگە دەستکردەکان کە رۆیتەرز بڵاوی کردوونەتەوە، ئێران دەستی کردووە بە توندکردنی بنکە ئەتۆمی و سەربازییەکانی:
لە ئەگەری هێرشکردنی ئەمریکادا، ئێران چۆن وەڵامدەداتەوە؟
شارەزایانی سەربازی بۆ تایمز ئۆف ئیندیا ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لەم جەنگەدا چەند کارتێکی بەهێزی لەدەستدایە:
1. بارانی مووشەکی: ئێران خاوەنی گەورەترین جبەخانەی مووشەکییە لە ناوچەکەدا (زیاتر لە 3000 مووشەکی بالیستی). دەتوانێت بنکەکانی ئەمریکا لە قەتەر، بەحرەین، کوێت و ئیمارات بکاتە ئامانج.
2. جەنگی بریکارەکان: چالاککردنی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکە بۆ هێرشکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل.
3. جەنگی درۆنەکان: بەکارهێنانی سەدان درۆنی خۆکوژ (وەک شاهید-136) کە سیستمە بەرگرییەکان ماندوو دەکەن و تێچووی جەنگەکە بۆ ئەمریکا زۆر گران دەکەن.
پوختەی دۆخەکە:
لە کاتێکدا واشنتن و تاران لە جنێف خەریکی گفتوگۆی ئەتۆمین، بەڵام زمانە سەربازییەکەیان ئاماژە بە "جەنگ" دەکات نەک "ئاشتی". ئێران دەیەوێت بیسەلمێنێت کە هەر هێرشێک بۆ سەری، تێچوویەکی ئابووری و مرۆیی جیهانیی لێ دەکەوێتەوە کە ئەمریکا نەتوانێت بەرگەی بگرێت.
لێرەدا لیستی ئەو بنکە سەرەکییانەی ئەمریکا دەخەینە ڕوو کە رێک لە ژێر مەودای مووشەکە جیاوازەکانی ئێراندان:
1. بنکەکانی کەنداوی عەرەبی (مەودای نزیک و مامناوەند)
ئەم بنکانە نێزیکترینن و لە ژێر مەترسیی موشەکەکانی جۆری فاتح-110 ودێزفولدان:
٢. بنکەکانی ناو عێراق و سوریا:
ئەم بنکانە بەردەوام لە ژێر چاودێریی موشەکە کورت مەوداکان و درۆنە خۆکوژەکانی ئێراندان:
٣. ئیسرائیل و بنکە دوورەکان (مەودای دوور)
بۆ لێدانی ئەم شوێنانە، ئێران موشەکی جۆری سەجیل خەیبەر شیکەن وخۆڕەمشار) بەکاردەهێنێت کە مەودایان دەگاتە 2000 کیلۆمەتر:
ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم مەترسییانە، سیستمەکانی (THAAD) و (Patriot)یان لەم بنکانەدا چڕ کردووەتەوە. هەروەها بنکەی دیگۆ گارسیا لە زەریای هیندی تاکە بنکەیە کە لە دەرەوەی مەودای موشەکەکانی ئێراندایە و ئەمریکا وەک "کارتێکی یەدەگ" بۆ هێرشکردنە سەر ئێران دای ناوە.
جارێکیتر و لە گەڕێکیتردا دوو زلهێزەکەی جیهان، لە پێناو پاراستنی خودی خۆیان لە جەنگێکی درێژ و رەنگە بڵێین یەکلاکەرەوە، لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆدەبنەوە... مێژووی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە راستیدا هێندەی مێژووی شکست و نەگەیشتنە ئەنجامە، نیو هێندە وێنەیەک نییە بۆ هیوای بەیەک گەیشتن و لێکتێگەیشتن. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانەوە، لەبەردەم روداوگەلی سیاسی و سەربازیی نوێدایە.
نیو سەدە لە بێ متمانەیی:
پەیوەندیی نێوان واشنتن و تاران بۆ ماوەی نزیکەی 50 ساڵە بە بێ متمانەیی و پێکدادانی ئایدۆلۆژی دەناسرێتەوە. لە دوای شۆڕشی 1979 و دەستبەسەرداگرتنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا، تاوەکو کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی 2018 لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی (JCPOA) و کوژرانی قاسم سولەیمانی لە ساڵی 2020 درۆنێکی ئەمریکی، هەردوو وڵات چەندین جار گەیشتوونەتە لێواری جەنگی سەرتاسەری.
هاوکێشەی دوای جەنگە 12 رۆژییەکە:
ئەم خولەی دانوستانەکان جیاوازە؛ چونکە دوای جەنگە 12 رۆژییەکەی مانگی حوزەیرانی رابردوو دێت، کە تێیدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیانکردە سەر بونیادی ئەتۆمی و بەرگریی ئاسمانی و موشەکیی ئێران و لە وەڵامیشدا ئێران هێرشی چڕی بۆ شارەکانی ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامدا. ئێستاش ئێران کە دەڵێت: لە بەهێزترین ساتی مێژووی خۆمانداین و هاوکات واشنتۆنیش وای دەبینێت کە بەهۆی ئەو شەپۆلە ناڕەزایەتییەوە کە لە ماوەکانی رابردوودا روویداوە، لە لاوازترین کاتی خۆیدایە.
تەبەس و پەیامی ناڕاستەوخۆی عراقچی بۆ ئەمریکا:
زانیارییەکانی چاودێریی فڕین نیشانی دەدەن، ئەو فڕۆکەیەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی گەیاندە مەسقەت، لە ناوچەی "تەبەس"ـەوە بەڕێکەوتووە؛ ئەو شوێنەی کە لە ساڵی 1980 پڕۆسەی "چنگی هەڵۆ"ی ئەمریکا بۆ رزگارکردنی بارمتەکان تێیدا شکستی هێنا. ئەمەش وەک پەیامی هێز و باڵادەستی ئێران دژ بە ئەمریکا لێکدەدرێتەوە.
پێشنیاری نێوەندگیرەکان؛ 3 ساڵ سڕکردن:
بەپێی زانیارییەکانی میدیا جیهانییەکان، هەریەکە لە قەتەر، میسر و تورکیا پێشنیارێکیان خستووەتە بەردەم تاران، کە تێیدا ئێران پابەند دەبێت بە "سفر پیتاندنی یۆرانیۆم" بۆ ماوەی 3 ساڵ، دوای ئەو ماوەیەش رێژەی پیتاندن لە 1.5% تێنەپەڕێت. واشنتن دەیەوێت ئەم دانوستانە پرسی موشەکە بالیستییەکان و پاڵپشتیی گروپە چەکدارەکانی ناوچەکەش بگرێتەوە، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا تەنیا دەیەوێت لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزا ئابورییەکان قسە بکات.
بەشداربووان و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن چی؟
وەفدی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ و بەشداریی جارید کوشنەر، زاوای ترەمپ، لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە مەسقەت کۆدەبنەوە. ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا پەیوەست نییە بەم دوو وڵاتەوە؛ روسیا و چین و یەکێتیی ئەوروپاش بە وردی چاودێریی دەکەن، چونکە شکستی ئەم دانوستانانە و هەڵگیرسانی جەنگ، لێکەوتەی مەترسیداری بۆ سەر ئابوری و ئاسایشی جیهان دەبێت. روسیا و چین کە پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ تاران هەیە، هەمیشە رەخنەیان لە سیاسەتی "فشاری زۆر"ی ئەمریکا گرتووە و داوای رێگەچارەی دیپلۆماسی دەکەن.
مەترسییەکانی شکستی دانوستانەکان:
ئەگەر ئەم دانوستانانە بگەنە بنبەست، مەترسیی ئەوە هەیە گرژییەکان بەرەو روبەڕووبوونەوەی سەربازیی راستی بچن. جەنگێک کە نەک هەر ئێران و ئەمریکا، بەڵکو تەواوی ناوچەکە و جیهان دەگرێتەوە. بۆ گەلی ئێرانیش کە ئێستا لەژێر باری گرانی سزاکاندایە، شکستی دیپلۆماسی واتە داهاتوویەکی نادیار و تەمومژاویتر و هاوکات بۆ ئەمریکا و ئیسرائیلیش، واتە؛ هێرشی چڕی موشەکە بەهێزەکانی ئێران بۆ سەر گشت بەرژەوەندییەکانیان.
پەیامی لایەنەکان بەر لە دەستپێکی دانوستانەکان:
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاندووە کە بە نییەتێکی باشەوە هاتوون، بەڵام "دەبێت رێزی دوولایەنە و بەرژەوەندیی هاوبەش بنەمای هەر رێککەوتنێک بن." لە بەرامبەردا، واشنتن هۆشداری دەدات کە ترەمپ جگە لە دیپلۆماسی، چەندین بژاردەی دیکەی سەربازیی لەبەردەستە و هاوکات، بەر لە دانوستانەکان و کەمێک پێش ئێستا، هاووڵاتییەکانی ئاگادارکردەوە کە دەستبەجێ ئێران جێبهێڵن و چۆڵیبکەن.
ئێستا جیهان چاوەڕوانە؛ ئایا دانوستانەکانی مەسقەت دەبنە هەوێنی ئاشتی و رێککەوتنێکی نوێ، یان تەنیا ئارامییەکی کاتی دەبن پێش هەڵگیرسانی گەردەلولێکی سەربازیی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
ئەدۆلف هیتلەر خۆی بۆ دووبارە هەڵبژاردن کاندید دەکات؛ سیاسەتمەدارێکی نامیبیا کە ناوەکەی هاوشێوەی ناوی ستەمکاری نازی ئەدۆلف هیتلەری ئەڵمانیایە و هیوادارە خولی پێنجەمی پۆستەکەی مسۆگەر بکات.
ئەدۆلف هیتلەر ئوونۆنا، کە ناوی خۆشی و باوکیشی وەک هیتلەری ئەڵمانیایە و تەمەنی 59 ساڵە، دەڵێت؛ نیازی داگیرکردنی جیهانی نییە و ئەمڕۆ چوارشەممە بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی نامیبیا کاندیدە، دەیەوێت بۆ جاری دووەم لەسەر یەک لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی ئەنجومەنی بازنەی هەڵبژاردنی ئۆمپوندجا سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
ئەدۆلف هیتلەر دەڵێت؛ ئەو هیچ پەیوەندییەکی بە ئایدۆلۆژیایی نازی ئەڵمانیاوە نییە و نایەوێت جیهان داگیر بکات، هەر ئەوەندەی ناوی وەک هیتڵەری ئەڵمانیایە، بەمانای ئەوە نایەت کە هەوڵبدات بۆ زاڵبوون بەسەر جیهاندا.
هیتلەر، ئەندامی پارتی چەپ سواپۆ لە وڵاتی باشووری رۆژئاوای ئەفریقا، پێشتر بەهۆی ناوەکەیەوە مشتومڕی لە جیهاندا دروستکردبوو، دوای سەرکەوتنەکەی لە بازنەی هەڵبژاردنی ئۆمپوندجا سەرنجی جیهانی بەدەستهێنا.
ناوبراو لە هەڵبژاردنی ساڵی 2020دا، لە 85%ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و لەبارە ناوەکەشیەوە رایگەیاندبوو؛ "پێدەچێت باوکم نەیزانیبێت ئەدۆلف هیتلەر چییە و کێ بووە، کاتێک منداڵ بووم ناوەکە بە تەواوی ئاسایی بوو بۆ من، گەورە بووم بۆم دەرکەوت کە هیتلەر ویستویەتی دەست بەسەر هەموو جیهاندا بگرێت، بەڵام من هیچ پەیوەندییەکم بەم شتانەوە نییە".
هاوسەری ئۆنۆنا بە "ئەدۆلف" ناوی دەبات، بەڵام لەناوخەڵکدا بەزۆری بە هیتلەر بانگ دەکرێت و ناوبراو پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە ئامادە نییە ناوەکەی بگۆڕێت.
ئەو بە میدیاکانی راگەیاندوە، لە هەموو بەڵگەنامە رەسمییەکاندا ناوی بە ئەدۆلف هیتلەر تۆمارکراوە و ئیتر درەنگە بۆ گۆڕینی ناوەکەی.
گەرچی نامیبیا سەردەمانێک یەکێک بوو لەو شوێنانەی لەلایەن ئەڵمانیاوە داگیرکراوە، دواتر وڵاتەکە لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە رادەستی باشووری ئەفریقا کرا و دواجار لە ساڵی 1990 سەربەخۆیی بەدەستهێنا.
هێشتا لەوێ چەندین ناوی جوگرافیای نەریتی ئەڵمانی هەیە و ناوی وەک "ئەدۆڵف" لە وڵاتەکەدا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام بە خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردن ئەدۆلف هیتلەر ئۆنۆنا بوەتە، جێی سەرنجی میدیاکان، بەتایبەت کاتێک ناوی یەکەم و دوەمی هاوشێوەی ئەدۆڵف هیتلەری ئەڵمانییە و لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکانیشدا سەرکەوتوبوە و دەیەوێت بۆ خولی دوەمیش لەسەریەک سەرکەوتن بەدەست بهێنێت.
ئۆکراین رووبەڕووی "سەختترین ساتەکانی مێژوو" بووەتەوە؛ کۆشکی سپی مۆڵەتی تا پێنجشەممەی داهاتو و داوە بە کیێڤ بۆ ئیمزاکردنی رێککەوتنێک کە بەشێکی زۆری خاکەکەی رادەستی روسیا دەکات و هیواکانی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ لە گۆڕ دەنێت، لەبەرامبەردا ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی دەڵێت: "خەریکە کەرامەتمان لەدەست دەدەین".
بەپێی ئەو بەڵگەنامە 28 خاڵییەی کە واشنتۆن و مۆسکۆ ئامادەیان کردووە و رەشنووسەکەی دراوەتە ئۆکراین، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریكا دەیەوێت بە زۆرترین سازش لەسەر حسابی ئۆکراین، کۆتایی بە جەنگ بهێنێت.
زێلێنسکی: لەبەردەم دووڕیانێکی کوشندەداین
سەرۆکی ئۆکراین لە وتارێکی ڤیدیۆییەدا بە ڕاشکاوی وتی: "ئێمە لەبەردەم هەڵبژاردنێکی زۆر قورسداین: یان لەدەستدانی کەرامەت، یان مەترسیی لەدەستدانی هاوبەشێکی سەرەکی (ئەمریكا)، یان قبوڵکردنی 28 خاڵە ئاڵۆزەکە و زستانێکی زۆر سەخت".
بەپێی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ هەڕەشەی ئەوەی کردووە ئەگەر کیێڤ تا رۆژی پێنجشەممە (27ی تشرینی دووەم) ئەم رێککەوتنە ئیمزا نەکات، ئەوا ناردنی چەک و زانیارییە هەواڵگرییەکان بۆ ئۆکراین رادەگرێت.
گرنگترین خاڵەکانی پلانە 28 خاڵییەکە:
ئەم پلانە کە زۆرینەی مەرجەکانی پوتین-ی تێدایە، ئۆکراین ناچار دەکات بەم خاڵانە رازی بێت:
· خاک و سنوور: داننان بەوەی هەرێمەکانی لۆگانسک، دۆنێتسک و نیمچە دورگەی قرم "بە ئەمری واقیع خاکی روسیان" و ئەمریكاش دانیان پێدا دەنێت. هێڵەکانی ئێستای جەنگ لە خێرسۆن و زاپۆریژیا سڕ دەکرێن و دەبنە سنووری واقیعی.
هەڵوێستی ئەوروپا و پشێویی ناوخۆ:
سەرکردەکانی ئەوروپا (ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا) نیگەرانیی خۆیان نیشانداوە و لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ زێلێنسکی جەختیان کردووەتەوە کە نابێت هیچ رێککەوتنێک بەبێ رەزامەندیی ئەوروپا و پاراستنی سەروەریی ئۆکراین بکرێت. کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا وتی: "پێویستە فشار بخەینە سەر دەستدرێژیکار (روسیا) نەک قوربانی".
لە ناوخۆی ئۆکراینیش، روستەم ئومێرۆڤ، ئەمینداری ئەنجومەنی ئاسایش رەتیدەکاتەوە رەزامەندی لەسەر پلانەکە دابێت و دەڵێت: "ئێمە خاکەکەمانی بۆ دەستبەردار نابین"، بەڵام زێلێنسکی داوای یەکڕیزی دەکات و دەڵێت "نابێت بیانوو بدەینە دەست دوژمن تا بڵێت ئۆکراین ئاشتی ناوێت".
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا زێلێنسکی و ترەمپ گفتوگۆی راستەوخۆ لەسەر ئەم پلانە بکەن، کە چارەنووسی جەنگەکە و سنوورەکانی ئۆکراین یەکلایی دەکاتەوە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا دێن، ئەمڕۆ هەینی، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی روسیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەمریکا تا ئێستا وردەکاریی پلانەکەی راستەوخۆ لەگەڵ روسیا باس نەکردووە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە کیێڤ دژی پلانەکەیە و ئاشتی ناوێت.
دۆناڵد ترەمپ ئەو سەرۆکەی بەردەوام پێدەکەنێت و زۆرجاریش سەما دەکات، ئەمە ئەو دیوەیە هەمووان دەی بینن، بەڵام دیوێکی تری هەیە کەس نایبینێت؛ بۆ ئەوەی بیبینی دەبێت یان ببیتە دۆژمنی یاخود رکابەری.
ئەو کە بەتەمای نۆبڵی ئاشتی بوو؛ دەیوت؛ حەوت شەڕم راگرتوە، هیچ کەسێک هێندەی من شایەنی نۆبڵی ئاشتیی نییە، کەچی خۆی لەگەڵ نەیارەکانی بەردەوام لە شەڕدایە و کورد وەتەنەی سڵناکاتەوە و لەگەڵ دوژمنەکانیدا دەیگەیەنێتە مریشکە رەشە، عیناد و کەلە رەق و رقاویە، وازناهێنێت تا دڵی ئاونەخواتەوە بە شکست پێهێنانی نەیارەکانی.
کاتێک لە ساڵی 2021، هەریەکە لە تویتەری ئەوکات و مێتا و یوتوب تەنانەت گۆگلیش لەکاتی دەرنەچونیدا و دۆڕانی بە جۆبایدن پشتیان تێکرد و ئەکاونتەکانیان داخست. ترەمپ داوای یاسایی لەسەر تۆمارکردن ئەمەی بەغدر زانی و بە پێشێلکاری ناوی برد، بەڵام ئەوکات هیچی بۆ نەکرا، چونکە وەک ئێستا سەرۆک نەبوو.
لەگەڵ بونەوەی بە سەرۆک بۆ جاری دووەم، دەستیکرد بە وەرگرتنەوەی حەقەکانی و تۆڵەکردنەوە لەو پلاتفۆڕمانە، یەکەمجاریش لە ئێکسەوە دەستی پێکرد و بە ناچاری ئیلۆن ماسک کە هاوڕێی گیانی بەگیانی بوو 10 ملیۆن دۆلاری دا تا ترەمپ داواکەی بکشێنێتەوە.
تەنها ئێکس نەبوو، مێتاش 25 ملیۆن، یوتوبیش 24.5ملیۆن دۆلاریان دایە ترەمپ تا وازیانلێبهێنیت و داواکانی لە دادگا دژیان بکشێنێتەوە.
چیرۆکەکانی سەرۆکی ئەمرکا کۆتایی نایەت، تەنها لەبەر ئەوەی بە جۆ بایدنی دۆڕان لە ساڵی 2021دا، ئێستاش لە هەموو وتار و چاوپێکەوتنێکیدا هێرشی دەکاتە سەر و تەنانەت لە کۆشکی سپیش، کە دەبێت وێنەی هەموو سەرۆکەکانی ئەمریکا هەبێت، ترەمپ وێنەی بایدنی لابردوە.
ترەمپ رەحم بە دۆستەکانیشی ناکات، کاتێک جۆ بۆڵتنی راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا و دۆستی نزیکی، دژی وەستایەوە ئیدی بوو بە داوی ترەمپەوە و بەگواستنەوەی زانیاری نهێنی حکومەت تۆمەت باری کردوە، روبەروی دادگای کردوەتەوە، ئەگەر تۆمەتەکان بەسەر جۆ بۆڵتندا ساغ بێتەوە دەیان ساڵ لە زیندان بەسەر دەبات.
هەر ئەو نییە، لێتیتیا جەیمس، داواکاری گشتی نیویۆرکیش قوربانییەکی دیکەی دەستی ترەمپە، لە ساڵی 2024دا بوە رێگر لەبەردەم کارە بازرگانیەکانی، لە ساڵی 2025 ترەمپ ئەویشی دایە دادگا بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکەکان و لە ئەگەری ساغبونەوەی تۆمەتەکان، ئەویش رەنگە 30ساڵ لە زیندان بەسەر دەبات، داواکری گشتی نیۆرک تۆمەتەکانی رەتکردوەتەوە و ترەمپی بە دەستوەردان لە دادگا تۆمەتبار کردوە.
لەئێستاشدا ترەمپ بەرۆکی کەناڵی بی بی سیی گرتوە، دوای ئەوەی دەرکەوت بەشێک لە وتارەکەیان لاداوە، ترەمپ رایگەیاند دەیانداتە دادگا و قەرەبوی مادیشی دەوێت.
گەرچی بە رەسمی بی بی سی داوای لێبوردنیان لە ترەمپ کرد، بەڵام رەتیان کردەوە قەرەبوی مادی بکەنەوە، ئەمەش وایکرد پیاو رقاویەکە بەوە دڵی ئاوناخواتەوە و داوای یەک تا 5 ملیار دۆلار لە کەناڵەکە دەکات.
دوای ئەوەی وڵاتەکە روبەروی وشکەساڵییەکی قورس بوەتەوە، کاربەدەستانی ئێران بۆ یەکەمجار یەکەم ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەوریان راگەیاند، گەرچی روون نییە بۆچی پێشتر ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام نەدراوە، بەڵام بڕیارە تا ساڵی ئایندە ئۆپراسیۆنی پیتاندنی هەور و باراندنی بارانی دەستکرد بەردەوام بێت وەک هەوڵیک بۆ روبەڕوبوەنەوەی وشکەساڵی.
محەممەد مێهدی جەوادیانزادە، سەرۆکی رێکخراوی پەرەپێدان و تەکنۆلۆژیای نوێی ئاوی بەرگەهەوا بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندوە، ئۆپەراسیۆنەکە رۆژی شەممە لە ناوچەی باکووری رۆژئاوای وڵات و حەوزی دەریاچەی ورمێ ئەنجام دراوە، کە ناوچەکە توشی وشکەساڵییەی زۆر بوەتەوە، بە وتەی ئەو بەرپرسە، ئەمە یەکەم ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور (پیتاندنی هەور) بووە لە ساڵی 2025دا.
پیتاندنی هەور، لە دوای ئەوە دێت، کە بەرپرسانی کەشناسی ئێران گەیشتنی سیستەمی بارانبارینیان بۆ وڵاتەکەیان راگەیاند بوو، رەنگە ئەمەش رێگەی خۆشکردبێت بۆ ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور و هەوڵدان بۆ رزگاربون لە وشکەساڵی.
ئەم هەوڵەی ئێران لە کاتێکدایە، وڵاتەکە و ژمارەیەکی تریش لە وڵاتانی دراوسێی لەوانە عیراق رووبەڕووی وشکەساڵییەکی سەخت بوونەتەوە بەجۆرێک کە دوایین بارانبارین لە تاران نزیک بە شەش مانگ لەمەوبەر تۆمار کرا.وە
محەممەد مێهدی جەوادیانزادە سەبارەت بە بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور ئەوەشیخستوەتەڕوو؛ هەوڵدەدەن ئەم ئۆپەراسیۆنە لەسەر هەموو ئەو سیستەمە هاوردەکراوانە بۆ وڵات ئەنجام بدەن کە لەبارن بۆ تۆوکردن و پیتاندنی هەورەکان.
سەبارەت بە ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور لە پارێزگای تاران کە روبەروی کەم ئاوییەکی سەخت بوەتەوە و تەنانەت سەرۆک کۆماری رایگەیاند دۆخەکە بەم شێوازە بەردەوام بێت دەبێت تاران چۆڵ بکەن، سەرۆکی رێکخراوی پەرەپێدان و کارپێکردنی تەکنۆلۆژیای نوێی ئاوی بەرگەهەوا دەڵێت؛سیستەمێکی بارانبارینی گونجاو بۆ ئەم ئۆپەراسیۆنە هێشتا لە تاران نەبینراوە
دەشڵێت؛ پێشبینییەکی لاواز هەیە بۆ چوونە ژوورەوەی سیستەمی بارانبارین بۆ ناو پارێزگای تاران لە رۆژی دووشەممەدا، بەڵام هێشتا دڵنیا نین لەوەی کە ئایا ئەو سیستەمە گونجاوە بۆ تۆوکردن یان نا، ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردوە؛ ئەوان پێداچوونەوە بە کارەکەیاندا دەکەن تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن، ئەگەر سەرکەوتوبون رایدەگەیەنن.
لەبارەی ماوەی ئەو هەڵە نوێیەی ئێران بۆ روبەروبونەوەی وشکەساڵی، ئەو بەرپرسە ئێران جەختیشیکردوەتەوە، ئۆپەراسیۆنی تۆوکردنی هەور لە وڵاتەکەیان تا مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لە کاتێکدا قەیرانی ئاو لە تاران بەردەوامە لە کۆڵانەکاندا بە تانکەر ئاو دابەش دەکرێت و زۆر جاریش شەوان ئاو نامێنێت تا دابەشی بکەن بەسەر هاووڵاتیاندا و هەموان دەستەوەستانن.
رەنگە ئەم هەوڵەی ئێران بۆ باراندنی بارانی دەستکرد، گەرچی تێچوی زۆرە و نازانرێت تا چەند سەرکەوتوو دەبێت، کۆتا هەوڵی وڵاتەکەبێت بۆ روبەڕوبونەوەی وشکەساڵی و لە ئەگەری سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا، رەنگە کەمێک تینویەتی ئێران بشکێنێت.
بارانی دەستکرد کە پێی دەڵێن؛ "Artificial rain"، تەکنەلۆژیایەکە کە بۆ پرۆسەی پیتاندنی هەورەکان بەکاردێت و مەبەستیشی گۆڕینی بڕی یان جۆری بارانبارینە لە ناوچەیەکی دیاریکراودا، بە ڕشتنی مادەی وەک یۆدایدی زیو یان بژاردەی هەرزانتر وەک دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی رەق (سەهۆڵی وشک) یان تەنانەت کلۆریدی سۆدیۆم بۆ ناو هەورەکان دروست دەبێت و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە رێگریکردن لە وشکەساڵی لە هەندێک ناوچەدا و پێشتریش سعودییە ئەو کارەی کردووە.
دەنگدان وەک مافێکی بنەڕەتی و بەردی بناغەی حوکمڕانیی دیموکراسی، گەشتێکی دوورودرێژی بەناو مێژوودا بڕیوە. ئەم چەمکە، کە لە بنەڕەتدا لە وشەی یۆنانی "دیمۆس" (گەل) و "کراتۆس" (دەسەڵات)ـەوە وەرگیراوە، لە فۆرمێکی سەرەتایی و سنووردارەوە پەرەی سەندووە بۆ مافێکی گشتگیر کە ئەمڕۆ زۆرینەی گەلانی جیهان پەیڕەوی دەکەن. ئەم راپۆرتە تیشک دەخاتە سەر ڕەگ و ریشەی دەنگدان لە جیهاندا و دواتر بە وردی مێژووی ئەم پرۆسەیە لە عیراق و ئەزموونی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەخاتەڕوو.
گەشتی دەنگدان لە جیهاندا؛ لە مافێکی تایبەتەوە بۆ مافێکی گشتی:
سەرەتاییترین شێوازی رێکخراوی دەنگدان لە جیهاندا دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی پێش زایین و ئەسینای کۆن. لەوێ، "دیموکراسیی راستەوخۆ" رێگەی بە هاووڵاتیان دەدا بەشداری لە بڕیارداندا بکەن. بەڵام ئەم مافە تەنها بۆ ئەو پیاوانەبوو، کە ئازادبوون و خاوەنی موڵک بوون. لەکاتێکدا ژنان، کۆیلەکان و بیانییەکان نەیاندەتوانی و لێی بێبەشبوون.
لەگەڵ شۆڕشەکانی سەدەی 18 و سەرهەڵدانی دەوڵەتی مۆدێرن، بەتایبەتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەمکی دیموکراسیی نوێنەرایەتی گەشەی کرد. سەرەڕای بانگەشەکردن بۆ باوەڕبوون بە دیموکراسی، دامەزرێنەرانی ئەمریکا مافی دەنگدانیان تەنها بۆ پیاوە سپی پێستە خاوەن موڵکەکان قۆرخ کردبوو. ئەمەش بووە سەرەتای خەباتێکی درێژخایەن بۆ فراوانکردنی مافی دەنگدان:
قۆناغ و هەنگاوەکان:
سەرەڕای ئەم پێشکەوتنانە، خەبات بۆ پاراستنی مافی دەنگدان بەردەوامە و لەم ساڵانەی دواییدا لە زۆر وڵاتدا، بەبیانووی جیاواز، هەوڵ بۆ سنووردارکردنەوەی ئەم مافە دراوە.
عیراق شانۆی خەون بینین بە ئاشتی و مەیدانی خوێنڕشتن:
عیراق، کە هەمیشە وڵاتێک بووە دژ بە خەونی هاووڵاتییەکانی کە بەردەوام خەونیان بە ئاشتیەوە بینیوە، بە هۆکارە سیاسی و تائیفی و ئاینییەکان، مەیدانی خوێن و جەنگ و یەکتر کوشتن و ڕەتکردنەوە بووە، بە کۆمەڵێک وێستگە و هەنگاوی دژ بە یەکدا ڕۆشتووە.
یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردن لە مێژووی عیراقدا (1925)
دوای دامەزراندنی دەوڵەتی پاشایەتیی عیراق، یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ساڵی 1925 بەڕێوەچوو. ئەم پرۆسەیە لەسەر بنەمای دەستووری بنەڕەتیی عیراق و یاسای هەڵبژاردنی نوێنەرانی ساڵی 1924 رێکخرا، بەڵام لەگەڵ دیموکراسیی مۆدێرندا جیاوازییەکی زۆری هەبوو.
شێوازی هەڵبژاردن: هەڵبژاردنەکە ناڕاستەوخۆ و دوو قۆناغی بوو. لە قۆناغی یەکەمدا (کە لە مانگەکانی 3 بۆ 5ی 1925 بەڕێوەچوو)، دەنگدەرانی ئاسایی (هەڵبژێرەری یەکەم) کۆمەڵێک کەسیان هەڵدەبژارد کە پێیان دەوترا "هەڵبژێرەری دووەم". لە قۆناغی دووەمدا (مانگی 6ی 1925)، ئەم "هەڵبژێرەرە دووەمانە" ئەندامانی پەرلەمانیان هەڵدەبژارد.
مەرجە سنووردارەکان :مافی بەشداریکردن زۆر سنووردار بوو:
یەکەمین پەرلەمانی عیراق لە 88کورسی پێکهاتبوو و یەکەم دانیشتنی لە 16ی تەمموزی 1925 ئەنجامدرا. ئەم ئەزموونە سەرەتاییە، سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، وەک یەکەم هەنگاوی عیراق بەرەو ژیانی پەرلەمانی لە مێژوودا تۆمار کراوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە.
سبەی، 2025/11/11کە عیراق و کوردستان لە ناو ئاڵنگاری و بایکۆتی سەدر و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا، بە بەشداریی زیاتر لە 20 ملیۆن دەنگدەر پێدەنێتە خولی شەشەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و هەر لایەنەی گرەو لەسەر بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگی دەنگدەران دەکات، کۆمەڵێک بەربەستی دیار هەن کە ڕەنگە نەتوانین نادیدەی بگرین:
_1بانگەوازی فراوانی سەدر بۆ بایکۆت.
2_گەڕانەوەی تیرۆر و تیرۆرکردنی کاندیدێکی سەر بە هاوپهیمانى سیاده بەناوی سەفا حسین مەشھەدانی و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردنی کاندیدێکی تر و چەندین هۆکاریتر.
سێیەم: ئەزموونی دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان:
دوای دەیان ساڵ لە حوکمی تاکڕەوانە لە عیراق، راپەڕینی گەلی کوردستان لە ساڵی 1991 وەرچەرخانێکی مێژوویی دروست کرد. کشانەوەی دامەزراوەکانی حکومەتی ناوەندی، بۆشاییەکی کارگێڕی و یاسایی دروست کرد. بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، بەرەی کوردستانی بڕیاریدا پەنا بۆهەڵبژاردنێکی گشتی ئەنجام بدات.
لە 19ی ئایاری 1992، یەکەمین هەڵبژاردنی ئازاد و دیموکراسی لە مێژووی کوردستاندا بەڕێوەچوو. ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنها بۆ هەڵبژاردنی نوێنەران بوو، بەڵکو دامەزراندنی شەرعییەتی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و پاش چەندین شۆڕش و چەندین ساڵ لە وەستانەوە و خەبات دژ بە بەعس، توانرا جۆرێک سەربەخۆیی و دانپێدانانی گشتی بەدەستبهێنێت و زۆر دەرئەنجامی گرنگی لێبکەوێتەوە.
گرنگترین دەرئەنجامەکانی بریتی بوون لە:
ئەم ئەزموونە، سەرەڕای ئەو ئاڵنگاری و قەیرانانەی روبەڕووی بووەتەوە، بناغەی سیستمێکی سیاسیی فرەحیزبی لە هەرێمی کوردستان دانا و وایکرد دەنگدان ببێتە بەشێکی سەرەکی لە ژیانی سیاسی و مەدەنیی هاووڵاتیانی کوردستاندا.
دەرەنجام:
مێژووی دەنگدان بەگشتی، چیرۆکی خەباتی بەردەوامی مرۆڤایەتییە بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. لە ئەسینای کۆنەوە کە مافێک بوو بۆ ژمارەیەکی کەمی هەڵبژاردە، تا دەگاتە ئەمڕۆ کە بووەتە مافێکی گشتگیر بۆ هەمووان بێ جیاوازی ئاینی و سیاسی و ڕەگەزی.
هەرێمی کوردستان و عیراقیش بێدابڕان لە هەڵبژاردنێکی سنوورداری ساڵی 1925 لە عیراق، تا دەگاتە هەڵبژاردنە فرەحیزبییەکانی دوای 2003 و ئەزموونی تایبەتی هەرێمی کوردستان کە لە ئەنجامی ڕاپەڕین و ئیرادەی گەلەوە لەدایک بوو، نموونەیەکی بەرچاوی ئەم گەشتە مێژووییەن.
ئەمڕۆ، 8ی 11 /2025، 36 ساڵ بەسەر ئەو شەوە مێژووییەدا تێدەپەڕێت تێیدا دیواری بەرلین، کە وەک هێمای دابەشبوونی جیهان لە سەردەمی شەڕی سارددا دەبینرا، روخێنرا. ئەم دیوارە بۆ ماوەی 28 ساڵ نەک تەنها شارێکی دابەشکرد، بەڵکو بووە سنورێکی بەرجەستە لەنێوان دوو ئایدۆلۆژیای دژ بەیەک: سەرمایەداریی رۆژئاوا و کۆمۆنیزمی رۆژهەڵات. چیرۆکی ئەم دیوارە، چیرۆکی دابڕان، هیوا و دواجار سەرکەوتنی ئیرادەی مرۆڤە بەسەر بەربەستەکاندا.
دیواری بەرلین تەنها کۆمەڵێک بلۆکی کۆنکرێتی نەبوو، بەڵکو برینێکی قووڵ بوو کە بۆ ماوەی28 ساڵ جەستەی نەتەوەیەک و دڵی هەزاران خێزانی لەت کردبوو. لە 13ی ئابی 1961، حکومەتی ئەڵمانیای رۆژهەڵاتی ژێر هەژموونی سۆڤیەت، بە شەوێک قەڵایەکی دروست کرد کە هاوڕێی لە هاوڕێ، برای لە برا و دایکی لە رۆڵەکانی جیاکردەوە. ئەم دیوارە بووە زیندانێکی گەورە بۆ ملیۆنان کەس کە خەونیان بە ئازادییەوە دەبینی و بووە سیمبولی بەرجەستەی "پەردەی ئاسنین" و جەنگی سارد.
هۆکاری دروستکردنی دیوارەکە:
دوای کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی دووەم لە ساڵی 1945، ئەڵمانیای دۆڕاو لە کۆنفرانسەکانی یاڵتا و پۆتسدامدا کرایە دوو ناوچە و بەسەر چوار هێزدا دابەشکرا: رۆژهەڵات بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، و رۆژئاوا بۆ ئەمریکا، بەریتانیا و فەرەنسا. شاری بەرلین، هەرچەندە بە تەواوی دەکەوتە ناو بەشەکەی سۆڤیەتەوە، بەڵام ئەویش بەهەمان شێوە دابەشکرا.
ئەم دۆخە بووە هۆی دروستبوونی دوو دەوڵەتی ئەڵمانی: کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵی (ئەڵمانیای رۆژئاوا) و کۆماری دیموکراتیی ئەڵمانیا (ئەڵمانیای رۆژهەڵات). بەرلینی رۆژئاوا وەک دوورگەیەکی سەرمایەداری لەناو دەریایەکی کۆمۆنیستیدا مایەوە، خاڵێک کە نیکیتا خرۆشۆڤ، سەرکردەی سۆڤیەت، بە "ئێسکێک لە قوڕگی سۆڤیەتدا" وەسفی کرد.
بۆشایی گەورەی ئابووری و سیاسی لەنێوان هەردوو بەشەکەدا بووە هۆی شەپۆلێکی گەورەی کۆچکردن لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا. تا ساڵی 1961، نزیکەی 3 ملیۆن ئەڵمانیی رۆژهەڵات، کە زۆربەیان کرێکاری شارەزا، پزیشک و مامۆستا بوون، بەرەو رۆژئاوا هەڵهاتبوون. تەنها لە 11 رۆژی یەکەمی مانگی ئابی 1961دا، 16هەزار کەس سنووریان بەزاند.
لە بەرەبەیانی 13ی ئابی 1961، خەڵکی بەرلین بەدیمەنێکی چاوەڕواننەکراو خەبەریان بووەوە؛ حکومەتی کۆمۆنیستیی ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەستیکردبوو بە دروستکردنی دیوارێکی تەلبەند و کۆنکرێتی، کە بە رەسمی ناوی "قەڵغانی دژە فاشیزم"ی لێنرابوو. بەڵام ئامانجی سەرەکی، رێگرتن بوو لەو لێشاوی کۆچکردنە.
لەناکاو، خێزانەکان دابڕان، کرێکاران لە کارەکانیان دوورکەوتنەوە و دەرگای نێوان رۆژهەڵاتی سۆسیالیستی و رۆژئاوای ئازاد بۆ ماوەی 28 ساڵ داخران. ژیان بە تەواوی گۆڕا.
ژیان لە پشتی دیوارەوە: ٢٨ ساڵ دابڕان:
ژیان لە ئەڵمانیای رۆژهەڵات کەوتە ژێر چاودێریی توندی پۆلیسی نهێنی "ستازی". وەک خانمێک کە دوای رووخانی دیوارەکە سەردانی رۆژئاوای کردبوو دەیگێڕێتەوە، "بۆ ماوەی 28 ساڵ بوو خەیارێکی تازەم نەبینیبوو" و سەرسام بوو بە بینینی فرۆشگاکانی پڕ لە سەوزە و میوەی فرێش. خێزانەکان خەونیان بە بینینی پاریسەوە دەبینی و بە ئۆتۆمبێلە بچوکەکانی جۆری "ترابانت" و بە ساندویچی ماڵەوە گەشتێکی دوو رۆژەیان بۆ ئەوێ دەکرد.
سەرەڕای مەترسییەکان، زیاتر لە پێنج هەزار کەس، لەنێویاندا 600 پاسەوانی سنوور، توانییان لە رێگەی سەرسوڕهێنەرەوە هەڵبێن: بازدان لە پەنجەرەوە، خۆهەڵواسین بەسەر تەلبەندەکاندا، فڕین بە باڵۆنی گەرم، خشین بەناو ئاوەڕۆکاندا و لێخوڕینی خێرا بەناو بەشە لاوازەکانی دیوارەکەدا. بەڵام ئەم هەوڵانە بێ قوربانی نەبوون؛ بەلایەنی کەمەوە 171 کەس لە هەوڵی پەڕینەوەدا کوژران.
ڕووخانە چاوەڕواننەکراوەکە: هەڵەیەکی بیرۆکراسی کە مێژووی گۆڕی
لە ساڵی 1989دا، شەپۆلی شۆڕش و گۆڕانکاری بەسەر بلۆکی رۆژهەڵاتدا هاتبوو. ریفۆرمەکانی میخائیل گۆرباچۆڤ ("گلاسنۆست" و "پەرەسترۆیکا") و سەرکەوتنی بزوتنەوەی "یەکبگرن" لە پۆڵەندا و کردنەوەی سنووری نەمسا لەلایەن هەنگاریاوە، کۆڵەکەکانی سیستمی کۆمۆنیستییان لەرزاندبوو.
شەوی 9ی تشرینی دووەمی 1989، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، گونتەر شابۆڤسکی، وتەبێژی حزبی کۆمۆنیستی ئەڵمانیای رۆژهەڵات، بەبێ ئەوەی بە وردی ئەو یاداشتەی بەدەستییەوە بوو بیخوێنێتەوە، رایگەیاند؛ رێوشوێنی نوێ بۆ گەشتکردن گیراوەتەبەر و هاووڵاتیان دەتوانن گەشت بکەن. کاتێک رۆژنامەنووسێک پرسی "کەی؟"، ئەو بە شڵەژانەوە وتی: "تا ئەو شوێنەی من بزانم... دەستبەجێ، بێ دواکەوتن."
ئەم هەواڵە وەک بۆمبێک لە تەلەفزیۆنەکاندا تەقییەوە. هەزاران هاووڵاتیی رۆژهەڵات روویان لە خاڵە سنوورییەکان کرد و هاواریان دەکرد "دەرگاکە بکەنەوە!". پاسەوانەکان کە هیچ فەرمانێکی روونیان پێنەگەیشتبوو، دواجار ناچاربوون دەروازەکان بکەنەوە. دیمەنی باوەشپیاکردنی ئەڵمانییەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، پێشکەشکردنی گوڵ و شامپانیا و سەماکردن لەسەر دیوارەکە، بووە یەکێک لە زیندووترین دیمەنەکانی مێژووی هاوچەرخ.
رووخانی دیواری بەرلین تەنها کۆتاییهاتنی شەڕی سارد و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا نەبوو، بەڵکو سەلماندی کە هیچ دیوارێک، هەرچەندە بەرز و پتەو بێت، ناتوانێت بۆ هەتاهەتایە ئیرادەی مرۆڤەکان بۆ ئازادی زەوت بکات.
دوای 36 ساڵ چاوەڕوانی و گەڕانێکی بێوچان، دایکێک توانی چارەنووسی کچەکەی ئاشکرا بکات کە لە تەمەنی ساواییدا بۆ هەڵگرتنەوە دابووی بە کەسێک، بەڵام دەرکەوت لەلایەن ئەو باوکەیەوە کە هەڵیگرتبووەو کوژراوە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا نێژراوە. چیرۆکی کاتی تەرکانیان، چیرۆکی دایکێکە کە هەرگیز کۆڵی نەدا تا راستیی مەرگی کچەکەی، ئەلێکسیس، ئاشکرا بکات.
لە ساڵی 2010دا، "کاتی تەرکانیان"، کە پەرستارێکی خانەنشین بوو، نامەیەکی لە فەرمانگەی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکانی ویلایەتی ڤێرجینیا پێگەیشت. تێیدا داوای نمونەی DNAی لێکرابوو بۆ بەراوردکردن لەگەڵ تەرمێکی نەناسراودا کە رەنگە هی کچە ونبووەکەی بێت. هەرچەندە ئەنجامی پشکنینەکە نەرێنی دەرچوو و هیوابەخش بوو، بەڵام ئەمە سەرەتای گەشتێکی درێژی "کاتی" بوو بۆ دۆزینەوەی راستییەکان.
"کاتی" خودی خۆی، لە تەمەنی14 ساڵیدا لە ماڵەوە هەڵهاتبوو بەهۆی ژیانی سەختی خێزانەکەیەوە. لە نیو ئۆرلیانز، لەگەڵ راندی بێجەر ئاشنا بوو و پێکەوە لە سێرکێکدا کاریان دەکرد، کە کاتی رۆڵی "کچە گۆرێلا"کەی دەبینی. لە تەمەنی 15 ساڵیدا دووگیان بوو و کچەکەی ناونا ئەلێکسیس. بەڵام بەهۆی فشاری دایکییەوە کە توشی شێرپەنجە ببوو، ناچاربوو کچەکەی بداتە خێزانێک بۆ هەڵگرتنەوە.
دوای وەرگرتنی نامەکە، "کاتی" دەستیکرد بە لێکۆڵینەوەی خۆی و زانیارییەکانی کۆکردەوە. بۆی دەرکەوت کە کچەکەی، کە ناوی گۆڕدرابوو بۆ ئاندریا بۆومان، لەلایەن دێنیس و برێندا بۆومانەوە هەڵگیرابووەوە. هەروەها زانی کە باوکە هەڵگرەوەکەی، دێنیس بۆومان، خاوەنی رابردوویەکی تاوانکارییە و پێشتر بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێکسی زیندانی کرابوو.
کاتێک پۆلیس هاوکاریی پێویستی نەکرد، "کاتی" بڕیاریدا خۆی بجوڵێت. بیلبۆردێکی گەورەی لە نزیک ماڵی بنەماڵەی بۆومان بە کرێ گرت، خەڵاتێکی 11 هەزار دۆلاری بۆ هەر زانیارییەک دانا و بە ئاشکرا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دێنیس بۆومانی بە کوشتنی کچەکەی تۆمەتبار کرد. ئەو دڵنیابوو کە تەرمی کچەکەی لە حەوشەی پشتەوەی ماڵەکەیاندا لەژێر پارچە زەوییەکی کۆنکرێتکراودا شاردراوەتەوە.
وەرچەرخان لە کەیسەکەدا لە ساڵی 2019دا روویدا، کاتێک دێنیس بۆومان بە تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیکردنە سەر ژنێکی دیکە بەناوی کاتلین دۆیڵ لە ساڵی 1980دا، دەستگیرکرا. پۆلیس ئەم دەرفەتەی قۆستەوە و بە بۆومانیان وت ئەگەر دان بەوەدا بنێت چی بەسەر ئەلێکسیسدا هێناوە، رێگەی پێدەدەن لە زیندانێکی نزیک لە هاوسەرەکەی بمێنێتەوە.
ئەم تاکتیکە سەرکەوتوو بوو. بۆومان دانی بەوەدانا کە دوای ئەوەی زلەیەکی لە ئەلێکسیس داوە، کچەکە کەوتووە و ملی شکاوە. دواتر بۆ شاردنەوەی تاوانەکەی، تەرمەکەی پارچە پارچە کردووە و لە حەوشەی ماڵەکەیدا ناشتوویەتی.
لە ساڵی 2020دا، پۆلیس حەوشەی ماڵی بۆومانی هەڵکۆڵی و پاشماوەی مرۆڤیان دۆزییەوە. دوای پشکنینی DNA، دەرکەوت کە پاشماوەکە هی ئەلێکسیسە.
دێنیس بۆومان بە دوو زیندانیی هەتاهەتایی بۆ کوشتنی کاتلین دۆیڵ و 35بۆ 50 ساڵی دیکەش بۆ کوشتنی ئەلێکسیس سزادرا.
ئەلێکسیس بۆ ئەوەی لەبیربکرێت، لە داهاتوو بێبەشکرا، بەڵام دایکە راستەقینەکەی هەرگیز لەبیری نەکرد و دواجار، سەرەڕای هەموو ئاستەنگەکان، دۆزییەوە.
دوای گەمارۆیەکی 18 مانگی و پێکدادانێکی خوێناوی، شاری فاشر، دواین پێگەی سوپای سودان لە هەرێمی دارفور، بەتەواوەتی کەوتە دەست هێزەکانی پشتیوانیی خێرا. کەوتنی شارەکە دەرگای بەڕووی کارەساتێکی مرۆیی گەورەتردا کردەوە و راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان باس لە "کۆمەڵکوژی" و "پاکتاوی رەگەزی" دەکەن، لە کاتێکدا چارەنووسی ملیۆنان هاووڵاتی لەوپەڕی مەترسیدایە.
کەوتنی فاشر و کرانەوەی دەرگای دۆزەخ:
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هێرشەکانیان بۆ سەر فاشر چڕکردەوە و بەپێی راپۆرتە سەرەتاییەکان، لە ماوەی تەنها دوو رۆژدا نزیکەی 2000 کەس کوژراون. سەندیکای پزیشکانی سودان جەخت دەکاتەوە کە ژمارەی قوربانییەکان "زۆر لەوە زیاترە"، بەڵام بەهۆی پچڕانی پەیوەندییەکان و ئەو ترس و تۆقاندنەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بڵاویان کردووەتەوە، بەدواچوونی ورد بۆ ژمارەی قوربانییەکان ئەستەم بووە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە خەرتوم "نیگەرانیی قووڵی" خۆی لەمبارەیەوە دەربڕیوە و ئەو توندوتیژییەی بە "پەرەسەندنێکی ترسناک" وەسف کردووە. هاوکات، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی داوە کە "نیشانەی رونی پاڵنەری رەگەزی لەپشت کوشتنەکانەوە هەیە."
بەڵگەکان تەنها قسەی شایەتحاڵەکان نین. تاقیگەی توێژینەوەی مرۆیی لە زانکۆی یەیڵ (Yale) لە ئەمریکا، لە رێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە "بەڵگەی ڕوونی" لەسەر کۆمەڵکوژییەکە ئاشکرا کردووە. وێنەکان پەڵەی گەورەی خوێن و کۆمەڵێک تەرم لە شەقامەکانی فاشردا نیشان دەدەن کە پێشتر بوونیان نەبووە، ئەمەش پشتڕاستی ئەو تاوانانە دەکاتەوە کە باس دەکرێن.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە چەکدارانی پشتیوانیی خێرا ماڵ بە ماڵ گەڕاون و خەڵکیان لەسەر بنەمای ناسنامەی رەگەزییان گولـلەباران کردووە. هاوکات، کردەوەی قێزەونی وەک لاقەکردن، رفاندنی ژنان و منداڵان وەک بارمتە، و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان بە شێوەیەکی بەربڵاو ئەنجامدراون. لە لایەکی ترەوە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاندووە کە "شۆک بووە" بە بیستنی هەواڵی کوژرانی زیاتر لە 460 نەخۆش و کارمەندی تەندروستی لە نەخۆشخانەی سعودی لە فاشر کە هیچ بەشدارییەکییان لە ململانێکاندا نەبووە.
ڕەهەندێکی رونی رەگەزی لە شەڕی فاشردا هەیە، چونکە گروپە چەکدارە ناوخۆییەکانی هۆزی زاغاوە، کە بە "هێزی هاوبەش" ناسراون، شانبەشانی سوپا شەڕیان کردووە. بۆیە چەکدارانی RSF هاووڵاتیانی مەدەنیی زاغاوە وەک ئامانجی رەوا دەبینن.
سوپاش بەوە تۆمەتبار کراوە کە ئەو گروپە رەگەزییانە دەکاتە ئامانج کە وەک بنکەی پشتیوانیی RSF دەیانبینێت، بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک سەنار و جەزیرە کە دەکرێت ئەوانیان حەشاردابێت.
ئیمی مەحمود، بەڕێوەبەری ستراتیژیی تۆڕی مرۆیی ئاوارەکان، دەڵێت: "ئیتر گرنگ نییە تۆ هاووڵاتیی مەدەنی بیت یان لە کوێ بیت، تەنانەت لە خەرتومیش، سەلامەت نیت. چونکە لە چاوتروکانێکدا، ئەوانەی چەکیان بەدەستەوەیە، دەتوانن و بەردەوام دەبن لە زیندانیکردنی ناڕەوا، بێسەروشوێنکردن، کوشتن و ئەشکەنجەدانی هەمووان."
قەیرانێکی مرۆیی بێوێنە:
کەوتنی فاشر شەپۆلێکی نوێ و گەورەی ئاوارەیی دروست کردووە. بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنها لە ماوەی دوو رۆژدا زیاتر لە 36 هەزار کەس لە شارەکە هەڵاتوون، کە زۆربەیان بە پێ بەرەو شاری "تویلە" رۆیشتوون کە 70 کیلۆمەتر لێیەوە دوورە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە شەڕی ناوخۆی سودان لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا بووەتە هۆی ئاوارەبوونی 12 ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵات و پەنابردنی 1.5 ملیۆن کەسی دیکە بۆ وڵاتانی دراوسێ وەک میسر، لیبیا و چاد.
قەیرانەکە تەنها ئاوارەیی نییە، بەڵکو برسێتییەکی کوشندەشە. بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) هۆشداری دەدات کە زیاتر لە 24 ملیۆن سودانی روبەروی "نەبوونی ئاسایشی خۆراک" بوونەتەوە. لەم دۆخە ناهەموارەدا، حکومەتی سودان دوو بەرپرسی باڵای لە وڵات دەرکردووە، کە ئەمەش هەوڵەکانی گەیاندنی یارمەتییەکان ئاڵۆزتر دەکات.
خۆبەخشانی ناوخۆیی و رێکخراوە مرۆییەکان، وەک تۆڕی "ژوورەکانی فریاکەوتن" و خاچی سوور، داوای یارمەتیی بەپەلە دەکەن و رایانگەیاندووە کە توانایان بۆ بەهاناوەچوونی ئەم ژمارە زۆرەی ئاوارەکان زۆر سنووردارە.
هاوکات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە توندی ئیدانەی هێرشی هێزەکانی پشتیوانیی خێرای بۆ سەر شاری فاشر لە باکوری دارفور کرد و نیگەرانیی قووڵی خۆی لە "مەترسیی ئەنجامدانی تاوانی بەرفراوان، بەتایبەت تاوانی لەسەر بنەمای رەگەزی" دەربڕی.
لەکۆبوونەوەی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشدا سەبارەت بە سودان، دوو بەرپرسی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان رایانگەیاند کە کەوتنی فاشر "گۆڕانکارییەکی گەورەیە" لە قەیرانی سوداندا و هەواڵەکانی باکوری دارفوریان بە "سامناک" وەسف کرد.
رەگ و ریشەی ململانێکە: هێزەکانی پشتیوانی خێرا کێن و شەڕەکە چۆن دەستیپێکرد؟
هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) لە بنەڕەتدا لە میلیشیای "جەنجەوید"ەوە سەریان هەڵدا، کە لە کاتی شەڕی دارفور لە ساڵی 2003 لەلایەن عومەر بەشیری سەرۆکی ئەوکاتەوە بۆ سەرکوتکردنی هۆزە عەرەبەکان بەکارهێنران و بە دڕندەیی ناسرابوون. لە ساڵی 2013، ئەم میلیشیایانە بە رەسمی کرانە هێزێک بە ناوی "پشتیوانیی خێرا".
ئەم هێزە رۆڵێکی سەرەکیی هەبوو لە روخاندنی حکومەتی بەشیر لە ساڵی 2019، پاشان لە ساڵی 2021 شانبەشانی سوپا بە سەرکردایەتیی عەبدولفەتاح بورهان، کودەتایان بەسەر حکومەتی مەدەنیدا کرد.
بەڵام ناکۆکییەکانی نێوان ژەنەراڵ بورهان و محەمەد حەمدان دۆگلۆ (حمێدتی)، فەرماندەی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، لەسەر چۆنیەتیی تێکەڵکردنی ئەم هێزانە بە سوپاوە و دیاریکردنی سەرکردایەتیی گشتیی هێزە چەکدارەکان، قوڵ بووەوە. ئەم ناکۆکییە لە 15ی نیسانی 2023دا تەقییەوە و بووە شەڕێکی ناوخۆیی وێرانکەر.
دابەشبوونی کردەیی و ئاییندەیەکی نادیار:
بە کۆنترۆڵکردنی فاشر، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا ئێستا بە کردەیی تەواوی هەرێمی دارفوریان لەژێر دەستدایە، کە هەرێمێکی ستراتیژی و فراوانە و لەڕووی سامانە سروشتییەکانی وەک زێڕەوە گرنگیی زۆری هەیە. ئەمەش وایکردووە سودان بە کردەیی دابەش بێت بەسەر رۆژهەڵاتێکی ژێر کۆنترۆڵی سوپا و رۆژئاوایەکی ژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا.
هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست و دانوستان، بە نێوەندگیریی سعودیە، ئەمریکا و یەکێتیی ئەفریقا، تا ئێستا شکستیان هێناوە. کەوتنی فاشر و ئەنجامدانی ئەم تاوانە بەرفراوانانە، هەموو هەوڵێکی دیپلۆماسیی ئاڵۆزتر کردووە. لە کاتێکدا جیهان ئیدانەی تاوانەکان دەکات، چارەنووسی سودان و ژیانی ملیۆنان مرۆڤ لەبەردەم داهاتوویەکی نادیار و مەترسیداردایە.
خێرایی روداوەکانی سودان وایکردووە پێشبینیکردنی ئەوەی چی رودەدات قورس بێت، بەڵام هەمووان هاوڕان لەگەڵ ئەوەدا، کە کارەساتێکی مرۆیی گەورە بەرۆکی هاووڵاتیانی سودانی گرتووە و سودان وەک کەشتییەکی بێ کاپتن لەناو زەریایەک لە خوێندا دەخولێتەوە.
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەمڕۆ لەسەر دوڕیانێکی چارەنووسساز وەستاوە کە پەیوەستە بە داهاتووی غەززە و حەماس، و هاوکات هاوسەنگیی هێزە ئیقلیمییەکان لە ناوچەیەکی فراوانتردا. لەنێو هەموو ئەمانەشدا، ئەو پرسیارەی کە هەمیشە دەکرێت ئەوەیە، ئایا هێزەکانی تورکیا لە غەززە وەک خۆیان دەڵێن، "بۆ پاراستنی ئاگربەست" بڵاودەکرێنەوە؟
تورکیا کارتی بەهێزی بەدەستەوەیە، بەڵام ناتانیاهۆش دەستەوەستان دانەنیشتووە و لەژێر فشاری حکومەتەکەیدایە بۆ وەستانەوە دژ بە ئامادەیی تورکیا.
کەواتە چی رودەدات؟
مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رایگەیاند کە بەشداریی تورکیا و دەسەڵاتی فەڵەستینی لە غەززە لە چوارچێوەی پلانی ئاگربەستی پشتگیریکراو لەلایەن ئەمریکاوە هێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە و جەختی کردەوە کە "پێویستە ئیسرائیل بەو وڵاتانە ئاسوودە بێت" کە هێزەکانیان لە کەرتی غەززە جێگیر دەکەن.
ئەم لێدوانانەی رۆبیۆ لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام بیرۆکەی رۆڵگێڕانی دەسەڵاتی فەڵەستینی و بزوتنەوەی حەماسی لە غەززەی دوای شەڕ رەتکردووەتەوە، هاوکات پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا لە ماوەی شەڕەکەدا بە تەواوی پاشەکشەی کردووە.
"پێکهاتەی هێزەکە هێشتا دیاری نەکراوە"
رۆبیۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سەنتەری هەماهەنگیی مەدەنی-سەربازیی ئەمریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێزی تورکیا لە چوارچێوەی "هێزی سەقامگیریی نێودەوڵەتی" لە غەززە بڵاودەکرێتەوە، وتی: "ئێمە هێشتا ئەو هێزەمان پێک نەهێناوە، بۆیە کارکردن لەسەری بەردەوامە."
وتیشی: "بە دڵنیاییەوە، کاتێک ئەم هێزە پێکدەهێنرێت، دەبێت لەو وڵاتانە پێکبێت کە ئیسرائیلیش پێیان ئاسوودەیە... زۆر وڵات هەن کە خواستی خۆیان نیشانداوە، بەڵام لە ئێستادا ناتوانم ناویان بهێنم."
هاوکات جێگەی ئاماژەیە؛ دوو گرووپ لە وڵاتان هەن کە ئیسرائیل گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردوون:
یەکەمیان: ئەو وڵاتانەی کە ناتانیاهۆ لە دوای ٧ی تشرینی یەکەمەوە توانیویەتی پەیوەندییەکانی لەگەڵیاندا بهێڵێتەوە، وەک ئیمارات و میسر.
دووەمیان: ئەو وڵاتانەی کە مەرجیان ئەوەیە زۆرینەی سەربازەکان موسڵمان بن. بەڵام ئیسرائیل وڵاتانی دەرەوەی ناوچەکەی دەوێت، و لەم چوارچێوەیەدا ئەندەنوسیا، پاکستان و ئازەربایجان دەردەکەون. تورکیاش ناکەوێتە خانەی هیچ کام لەم دوو پۆلێنەوە.
چۆن پرسی ئامادەیی تورکیا لە غەززە بووە یەکێک لە بابەت و ئەگەرە سەرەکییەکان؟
کاتێک چوار سەرکردە، و لە ناویاندا ئەردۆغان، لە 13ـی تشرینی یەکەم لە میسر راگەیەندراوی نیازپاکیی ئاشتییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئیمزا کرد، چەندین پرسیار لە ئارادا بوون. رابردووی جووڵەکانی ئیسرائیل و حەماس، ئەگەری پێشێلکردنی ئاگربەست، و ئەو کەلێنانەی لە رێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدا هەبوون، هەمووی پرسیاری گرنگ بوون.
بەڵام هەر خودی ئیمزاکردنی ئەو راگەیەندراوە بە ئامادەیی ئەردۆغان، پێگەی تورکیای لە پرسی غەززەدا لە لایەنگرییەوە گۆڕی بۆ لایەنێکی گەرەنتیکەری رێککەوتنی وەستانی جەنگ و لە بەرامبەردا چاوەڕوانی و ئەگەری بڵاوەپێکردنی سەربازانی تورک لە غەززە ورووژا.
ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، کە سەردانی تەلئەبیبی کردبوو بۆ رێگریکردن لە هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پێشێلکردنی ئاگربەست، خشتە کاتییەکەی رێککەوتنەکەی بەم شێوەیە دیاریکرد: رادەستکردنی چەکەکانی حەماس، بڵاوەپێکردنی هێزە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەقامگیرکردنی غەززە، و پێکهێنانی ئیدارەیەکی جێگرەوە.
"نابێت هیچ لایەنێک ڤیتۆی لەسەر بێت"
لەبارەی ئەو راپۆرتانەی کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل بە ئەمریکای وتووە بوونی هێزی تورکیا لە غەززە "هێڵی سوورە"، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "نامەوێت بچمە ناو وردەکاریی ئەوەی کێ ڤیتۆ کراوە و کێ ڕێگەی پێنادرێت. بەڵام ئاشکرایە، هەر ئەندامێکی ئەم هێزە دەبێت کەسێک بێت کە توانایی و ئیرادەی هەبێت، هەروەها کەسێک بێت کە هەموو لایەنێک، بە ئیسرائیلیشەوە، پێی ئاسوودە بن."
سەبارەت بە رۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستینی لە حوکمڕانیی کەرتی غەززەی دوای شەڕ، رۆبیۆ وتی: "ئێمە نیگەرانییەکانی خۆمان سەبارەت بە دۆخی ئێستای دەسەڵاتی فەڵەستینی دەربڕیوە. بێگومان پێویستی بە چاکسازی هەیە سەبارەت بەوەی چ ڕۆڵێک لە داهاتووی غەززەدا دەگێڕێت. ئەوە هێشتا دیاری نەکراوە، ئەگەر هەر ڕۆڵێکیشی هەبێت. ئێمە نازانین."
هەروەها دووپاتیکردەوە: "غەززە ناتوانێت شوێنێک بێت لەلایەن هەر لایەنێکەوە بەڕێوەببرێت کە بیەوێت وەک ناوەندێک بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل بەکاری بهێنێت. ئەگەر وابێت، ئەوا شەڕێکی تر رودەدات... هەرگیز ئاشتی نایەتە ئاراوە ئەگەر ناوچەیەک وەک پێشوو بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی ئیسرائیل بەکاربهێنرێت. هەموو لایەنێک لەمە تێدەگات، هەموو ئەوانەی ئەم رێککەوتنەیان واژۆ کردووە لەمە تێدەگەن."
شیکاری و دەرەنجام:
لێرەدا، ململانێیەکە لەسەر ئاستی لێدوان و فشارە دیپلۆماسییەکان دەرکەوتووە و بووەتە "جەنگی گێڕانەوەکان". لە کاتێکدا میدیای ئیسرائیلی وەک "يسرائيل هيوم" باس لەوە دەکات کە کارەکە تەواو بووە و ئەمریکا "ڤیتۆ"کەی ئیسرائیلی لە دژی تورکیا قبووڵ کردووە، سەرچاوەکانی وەزارەتی بەرگریی تورکیا پێچەوانەکەی دەڵێن و جەخت لەوە دەکەنەوە کە سوپاکەیان "ئامادەکاریی تەواوی کردووە" بۆ رۆڵگێڕان لە غەززە و پشتیوانیی ئەمریکاشیان هەیە.
دژایەتییە توندەکەی ئیسرائیل تەنها پەیوەست نییە بە هەڵوێستە توندەکانی ئەردۆغانەوە، بەڵکو رەهەندێکی ستراتیژیی قووڵی هەیە:
یەکەم: بوونی هێزێکی وەک تورکیا لە غەززە، کە خۆی بە پارێزەری فەڵەستینییەکان دەزانێت، پلانی ئیسرائیل بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی داهاتووی غەززە ئاڵۆز دەکات.
دووەم: ئیسرائیل ترسی لەوە هەیە کە بوونی سەربازیی تورکیا ببێتە هاندەرێک بۆ بەهێزبوونەوەی بزوتنەوەی حەماس و زیندووهێشتنەوەی چارەسەری دوو دەوڵەتی، کە حکومەتی ئێستای ناتانیاهۆ بە توندی دژی دەوەستێتەوە.
سێهەم: بوونی تورکیا لەم هاوکێشەیەدا، باڵادەستیی ئیقلیمیی ئیسرائیل دەخاتە ژێر پرسیارەوە و رکابەرێکی بەهێزی لە تەنیشت سنوورەکانییەوە بۆ دروست دەکات کە دۆستی دوژمنەکەی دەکات.
لە کۆتاییدا، پرسی بوون یان نەبوونی تورکیا لە غەززە، بووەتە تاقیکردنەوەیەکی راستەقینە بۆ هاوسەنگیی هێز لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا. ئایا "هێڵە سوورەکەی" ئیسرائیل هێندە بەهێزە کە بتوانێت ئەندامێکی گرنگی ناتۆ لە هاوکێشەکە دووربخاتەوە؟ یان پێگەی تورکیا وەک "وڵاتی گەرەنتیکار" و پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ واشنتۆن، قسەی کۆتایی دەکات؟ وەڵامی ئەم پرسیارە، تەنها چارەنووسی هێزە نێودەوڵەتییەکە دیاری ناکات، بەڵکو نەخشەی داهاتووی کاریگەریی وڵاتان لە ناوچەکەدا دەکێشێت و رەنگە ئەگەرێکیش بێت بۆ ئەوەی بزانین، حەماس دەگاتە کوێ.
دزییە گەورەکەی لۆڤەر؛ راپۆرتێکی نهێنی شکستە ئەمنییە مێژووییەکانی ئەو مۆزەخانەیە ئاشکرا دەکات:
دزییە مەترسی دارەکەی رۆژی یەکشەممە لە مۆزەخانەی لۆڤەر، کە تێیدا هەشت پارچە لە گەوهەرە شاهانەکان دزران، نەک هەر ناوبانگی مۆزەخانەکەی خستە مەترسییەوە، بەڵکو بووە هۆی ئاشکرابوونی زنجیرەیەک کەموکورتیی ئەمنیی قووڵ و مێژوویی. ئێستا راپۆرتێکی نهێنیی دامەزراوەی باڵای وردبینیی فەرەنسا، وردەکاریی شۆکهێنەر لەبارەی سیستەمی ئەمنی و کەمکردنەوەی بودجە ئاشکرا دەکات و ئەنجومەنی پیرانیش بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەی بۆ لێپرسینەوە بانگهێشت کردووە.
راپۆرتە نهێنییەکە چی ئاشکرا دەکات؟
رەشنووسێکی نهێنیی راپۆرتی "دادگای ژمێریاری" کە باڵاترین دامەزراوەی وردبینییە لە فەرەنسا، بە توندی لۆمەی ئیدارەی لۆڤەر دەکات بەهۆی چەندین خاڵەوە:
سیستەمێکی ناتەواوی کامێرای چاودێری: لە هەر سێ ڕووە سەرەکییەکەی مۆزەخانەکەدا سیستەمی چاودێری لاوازە. بۆ نموونە، لە رووی "ریشیلیۆ" لە کۆی 182 ژوور، تەنها 25%یان کامێرای چاودێرییان هەیە.
کەمکردنەوەی بودجەی ئەمنی: بودجەی تەرخانکراو بۆ کاروباری ئەمنی لە ساڵی 2024 زۆر کەمترە لەوەی 20 ساڵ لەمەوبەر بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنێکی بەرچاو لە نوێکردنەوەی تەکنەلۆژیای ئەمنی.
گرنگیدان بە پڕۆژەی لاوەکی: راپۆرتەکە دەڵێت ئیدارەی مۆزەخانەکە سەرقاڵی پڕۆژەی نوێ بووە لەجیاتی ئەنجامدانی "کارە بنەڕەتی و پێویستەکان" بۆ پاراستنی مۆزەخانەکە.
مێژوویەک لە دزیکردن و شکستی ئەمنی:
ئەمە یەکەمجار نییە لۆڤەر روبەڕووی دزیی گەورە دەبێتەوە. بەناوبانگترینیان دزینی تابلۆی مۆنالیزا بوو لە ساڵی 1911. هەروەها:
دزیی شۆڕشی فەرەنسا (1792): لەناو گێژاوی شۆڕشدا، زیاتر لە 10 هەزار بەردی بەنرخ و مرواری دزران، لەنێویاندا ئەڵماسی بەناوبانگی "شینی فەرەنسی" کە دواتر بە ناوی "ئەڵماسی هیواداری" (Hope Diamond) لە مۆزەخانەی سمیسۆنیان لە واشنتن دەرکەوتەوە.
شمشێرە ئەڵماس رێژکراوەکە: (1976) سێ دزی دەمامکدار شمشێرێکی ئەڵماس رێژکراوی شا چارلزی دەیەمیان دزی کە هەرگیز نەدۆزرایەوە.
تابلۆی "رێگای سێڤر:" (1998) لە رۆژی رووناکدا، دزێک تابلۆیەکی بەنرخی لە چوارچێوەکەی دەرهێنا و دیارنەما.
کێشەی سەرەکی: لۆڤەر کۆشکێکە کە بۆ مۆزەخانە نابێت
شارەزایان پێیانوایە کێشەی سەرەکیی لۆڤەر، لە خودی پێکهاتە تەلارسازییە ئاڵۆزەکەیدایە. ئەم باڵەخانەیە کە وەک قەڵایەکی سەربازی دروستکراوە و دواتر کراوە بە کۆشک، لە 25 ئاستی جیاواز پێکدێت و پاراستنی کارێکی ئێجگار سەختە. وەک جیرارد ئارۆ، سەرۆکی کۆمەڵەی دۆستانی لۆڤەر دەڵێت: "لۆڤەر کۆشکێکە کە لۆژیکی مۆزەخانەی نییە. ئەو بۆخۆی گەردوونێکە."
سیستەمی ئەمنی لۆڤەر و کەلێنەکانی:
لۆڤەر بە دوو چینی ئەمنی دەپارێزرێت: نزیکەی 1200 پاسەوانی تایبەتی مۆزەخانەکە، و هێزێکی 52 کەسیی ئاگرکوژێنەوە کە بەشێکن لە سوپای فەرەنسا. بەڵام:
پاسەوانەکان: بەردەوام سکاڵایان لەبارەی خراپیی بارودۆخی کارکردنیان هەبووە. بەرپرسێکی پێشووی ئەمنی دان بەوەدا دەنێت کە موچەیان کەمە و قوتابخانەیەکی تایبەت بە راهێنانی پاسەوانی مۆزەخانە بوونی نییە.
ئاگرکوژێنەوەکان: هێزێکی زۆر راهێنراون بەڵام ئەرکی سەرەکییان بەرەنگاربوونەوەی ئاگر و لافاوە، نەک رێگریکردن لە دزی.
نهێنیی شووشە شکاوەکە:
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە چۆن دزەکان توانیویانە شووشەی قەفەزەی گەوهەرەکان بشکێنن؟ لە کاتێکدا مۆنالیزا لەناو شووشەیەکی دژە فیشەک و پۆڵاییندایە، بەڵام شووشەی گەوهەرەکان جیاواز بووە. بەرپرسێکی پێشووی سەربازی ئاشکرای دەکات کە شووشەکە بە جۆرێک دروستکراوە کە بەهێز بێت دژی تاوانباران، بەڵام لە هەمانکاتدا ئاگرکوژێنەوەکان بتوانن بیشکێنن لە کاتی ئاگرکەوتنەوەدا بۆ رزگارکردنی گەوهەرەکان. وا دیارە دزەکان ئەم خاڵە لاوازەیان قۆستۆتەوە.
ئەگەر ئەمریکا موشەکی تۆماهوک بداتە ئۆکراین، ئەوا نزیکەی دوو هەزار بنکەی سەربازیی روسیا لەوانەش 76 بنکەی ئاسمانی، دەکەونە ژێر مەودای ئەم چەکە دوورهاوێژەوە.
ئەم زانیارییە لە پۆستێکی پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ (ISW) لە پلاتفۆرمی ئێکس (X) لەگەڵ نەخشەیەکی ناوچە مەترسیدارەکانی روسیادا بڵاوکراوەتەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هەفتەی رابردوو رایگەیاند لە ساتەوەختی بڕیارداندایە سەبارەت بە ناردنی موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین، جەختی لەوەش کردەوە دەبێت بزانێت ئامانج لە بەکارهێنانی ئەم مووشەکانە چییە و دژی چ ئامانجێک بەکاردەهێنرێن.
پێشتر ماڵپەڕی ئەکسیۆس بڵاویکردبوویەوە کە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراین، هەفتەی رابردوو لە پەراوێزی ٨٠هەمین کۆبوونەوەی ساڵانەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە هاوتا ئەمریکییەکەی کردووە موشەکی دوورهاوێژی تۆماهۆک بخاتە بەردەستی ئۆکراین.
ترەمپ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو کە بەشێک لە بڕیارەکەی سەبارەت بە دابینکردنی موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ ئۆکراین داوە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە بەدوای فراوانکردنی گرژییەکاندا نییە، بەڵام دەیەوێت بزانێت موشەکەکانی تۆماهۆک بۆ چ مەبەستێک بەکاردەهێنرێن.
موشەکی تۆماهۆک یەکێکە لە موشەکە هەرە ناسراو و کاریگەرەکانی جیهان کە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پەرەی پێدراوە و بەکار دەهێنرێت.
دیارترین تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی و تواناکانی بریتین لە گەیشتن بە دوورییەکی ئێجگار زۆر و بەوردی پێکانی ئامانجەکانی لەسەر رووبەرێکی فراوان.
مووشەکی تۆماهۆک چەکێکی ستراتیژی و کاریگەری ئەمریکا بۆ یەکلاکردنەوەی جەنگەکان:
موشەکی تۆماهۆک، دوای ماوەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوە، لە ساڵی 1983 خرایە خزمەتی هێزە دەریاییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە.
ئەم موشەکە خاوەنی چوار دیزاینی سەرەکییە، لەوانە دوانیان بە کڵاوەی ئەتۆمی و ئاسایی دروستکراون، هەروەها دوانی دیکەشیان لە زەوییەوە یان لە ژێردەریاییەوە ئاڕاستەی ئامانجەکان دەکرێن.
تۆماهۆک، کە کاریگەریی کەشوهەوای لەسەر نییە و مەودایەکی دوورهاوێژی هەیە، بۆ پێکانی ئامانجە دوورەکان بەکاردێت.
قەبارەیەکی بچووکی هەیە و دەتوانێت لە نزمییەکی زۆرەوە بفڕێت، ئەمەش وای لێدەکات کە بە سەختی لەلایەن رادارەکانەوە ئاشکرا بکرێت و بپێکرێت.
زانیاری تایبەت بە شوێنی ئامانجەکە دەخرێتە ناو موشەکەکەوە.
ئەم موشەکە سیستمی روپێوی تۆپۆگرافی (TERCOM) بەکاردەهێنێت کە لە رێگای ئامێری AN/DPW-23 کاردەکات.
بەمەش زانیاری دەربارەی بەرزبوونەوەی موشەکەکە بەهۆی پێوەری بەرزبوونەوەی رادارییەوە وەردەگرێت و بەراوردی دەکات لەگەڵ نەخشەی راداریی پرۆگرامکراو، تا موشەکەکە بە رێگایەکی فڕینی دیاریکراودا بڕوات.
دواتر سیستمێکی دیکەی وێنەیی بۆ ئەم مووشەکە دانراوە کە وێنەی تۆپۆگرافیا بار دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی لە کۆمپیوتەری تایبەت بە مووشەکەکەیە، بەمەش وردبینییەکەی بۆ 10 مەتر زیاد دەکات بۆ شوێنی ئامانجەکە.
لە ساڵی هەشتاکانەوە تا ئێستا 9 جۆری دیکەی ئەم موشەکە دروستکراوە.
موشەکی تۆماهۆک، کە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریکاوە بۆ لێدانی بنکەکانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) بەکارهێنراوە، بە یەکێک لە باشترین و کاریگەرترین موشەکەکانی ئەمریکا دادەندرێت.
دەتواندرێت لە بورج یان لە ژێردەریایی لە پانتایی ئاوەوە بهاوێژرێت و بە یارمەتی کەشتی ئاسمانی ئامانجەکان بپێکێت.
تۆماهۆک لە خێزانی ئەو موشەکانەیە کە پێیان دەگوترێت موشەکی کروز یان باڵدار، دەتوانێت خۆی ئاراستەی خۆی بگۆڕێت و چەندین بەکارهێنانی هەیە و دەکرێت بەپێی پێویست کڵاوەی سەری بگۆڕدرێت.
نوێکاری لە چۆنییەتی کارکردنی موشەکی تۆماهۆکدا کراوە و ئێستاش موشەکەکە دەتوانێت سیستمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی GPS بەکاربهێنێت، هەروەها دەتوانێت لە کاتی هەڵداندا خێراییەکەی بگۆڕێت.
ئەم موشەکە لە نزمییەکی زۆرەوە دەفڕێت و دەتوانێت سود لە چەندین سەرچاوەی زانیاری وەربگرێت کە لە کەشتی ئاسمانی یان کەشتی دەریایی بۆی رەوانە دەکرێت، بۆیە موشەکەکە دەتوانێت ئاراستەی خۆی لە کاتی فڕینیدا بگۆڕێت و تەنانەت ئامانجێکی جووڵاویش بپێکێت.
بۆ یەکەمجار موشەکەکە لەساڵی 1983 لەلایەن هەردوو کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز و ڕایسۆن ماکدۆنڵ دۆگلاس دروستی دەکەن.
هەر مووشەکێک نرخی لەنێوان یەک ملیۆن بۆ یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاردایە.
دەکرێت کڵاوەی ئەم مووشەکە بڕی 450 کیلۆگرام ماددەی تەقەمەنی تێبکرێت و تەنانەت دەکرێت کڵاوەی ئەتۆمیشی بخرێنە سەر.
مەودای هەڵدانی مووشەکەکە دوو هەزار و 500 کیلۆمەترە و خێراییەکەی 880 کیلۆمەترە لە سەعاتێکدا.
ئەو وڵاتانەی مووشەکی تۆماهۆکیان هەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیان.
بۆ یەکەمجار هێزی دەریایی ئەمریکا ئەم موشەکەی لە جەنگی دژی عیراق لە ساڵی 1991 بەکارهێنا و لە ساڵی ٢٠٠٣ش بە هەمانشێوە لە پرۆسەی ئازادی عیراق دژی مۆڵگەکانی سەدام و هەروەها گرووپی ئەنسارولئیسلام لە هەورامان بەکارهێنرا.
تا ئێستا نزیکەی 6 هەزار موشەکی تۆماهوک دروستکراوە و ئێستاش زیاتر لە 3 هەزاریان لەبەردەستدان.
مام جەلال لە چاوپێكەوتنەكەدا رەخنەی توندی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان گرتووە و بە بەرپرسیاری زانیون لە جینۆسایدی گەلی كورد لە عیراق و دەڵێت: «بۆمبارانە كیمیاییەكان سیاسەتێكی جینۆسایدە، پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە و پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئەم تاوانە بدەنەوە
مانوێل مارتۆرێل (Manuel Martorell) رۆژنامەنووسێكی ئیسپانییە و شارەزای دۆزی كوردە، لەساڵی 1988دا چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال لە رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16)ی ئیسپانی لە مەدرید کردووە. مانوێل لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ كوردستانی نوێ جگە لەوەی باس لە ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكەی دەكات كە ئامانجی سەرەكی سەردانەكەی سەرۆك مام جەلال داواكردن بووە لە حكومەتی ئیسپانیا بۆئەوەی فرۆشتنی چەك و كەرەستەی كیمیایی بە عیراق رابگرێت، هاوكات دیدگای سەرۆك مام جەلال بۆ دەوڵەتداریی و سەقامگیری و ئاشتی نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پێوست دەزانێت. جیا لەوە رۆڵی سەرۆك مام جەلال بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی دۆزی كورد بە گرنگ وەسف دەكات.
* بۆ یەكەمجار كەی و لە كوێ مام جەلال-ت بینی؟ باسی چیتان كرد؟
-پسپۆڕییەكەم وەك رۆژنامەنووسێك لە بارەی دۆزی كورد، دەرفەتی ئەوەی پێدام، كە سەركردەكانی كورد بناسم. یەكەمجار لە تشرینی یەكەمی ساڵی 1988دا لە میانەی كۆنفرانسێكی تایبەت بە كوردستان، كە لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا بەڕێوەچوو مام جەلالم بینی، كۆنفرانسەكە لەلایەن «پەیمانگەی لێكۆڵینەوەی سیاسی بۆ ئەمریكای لاتین و ئەفریقا» رێكخرابوو. سێ كەسایەتی دیاری كورد بانگهێشتكرابوون ئەوانیش: (كەنداڵ نەزان) كوردێكی باكووری كوردستان و بەڕێوەبەری ئینستیتیوتی كوردی بوو لە پاریس، (عەبدولڕەحمان قاسملو) سەركردەیەكی ناسراوی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان، (جەلال تاڵەبانی). چاوپێكەوتنێكم لەگەڵ تاڵەبانی كرد، كە لە رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16) بڵاوكرایەوە، تێیدا ئیدانەی بێهەڵوێستیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر جینۆسایدی گەلی كورد لە عیراق و فرۆشتنی چەك و پێكهاتە كیمیاییەكان بە رژێمی سەدام حسین لەلایەن ئیسپانیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپاوە ئیدانە كرد.
*چەند جاری دیكە چاوت بە سەرۆك مام جەلال كەوت؟
- لە مانگی ئابی ساڵی 1991 جارێكی تر چاوم بە جەلال تاڵەبانی كەوتەوە لە شەقڵاوە، ئەوكات كوردستانی عیراق لەناو راپەڕینێكی سەرتاسەریدا بوو. ئێمە لە رێگەی فیشخاپورەوە چووینە ژوورەوە، دوو رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر و نوێنەرێكی خاچی سووری ئیسپانیا بووین. سوپای عیراق زۆرێك لە ناوچەكانی كوردستانی كۆنتڕۆڵكردبوو، لەوانە شاری هەولێر. ناچار بووین لە رێگەی ئامێدی و بارزانەوە بۆ رواندز بەڕێ بكەوین، لەوێشەوە بەرەو شەقڵاوە، كە جەلال تاڵەبانی لێ بوو، ئەو بە گەرمی سڵاوی لێ كردین، یەكەم كتێبی خۆمم بەناونیشانی «كوردستان، مێژووی بەرخۆدانێك». پێشكەش كرد، لیستی ئەو پرسیارانەم پێدا كە ویستم لێی بكەم، بەڵام وتی ببورە لە ئێستادا كاتم نییە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هاوكارمان بوو بۆ ئەوەی بگەینە سلێمانی كە ئەوكات لەلایەن سوپای عیراقەوە گەمارۆدرابوو.
لە ساڵی 2006دا لە دوكان جارێكی تر مام جەلال پێشوازیی لێكردم، تێیدا تاوتوی پرۆژەی پاراستن و زیادكردنی رێژەی سەوزایی و دارستانەكانمان كرد، ئەم پرۆژەیە بە هاوكاریی حكومەتی خۆجێی (ناڤار) لە ئیسپانیا بوو، دەمانویست لە كوردستان بەرەوپێشی ببەین.
*بۆچوونی ئێوە لەبارەی سەرۆك مام جەلال چییە؟
- تاڵەبانی نوێنەرایەتی ئەو سیاسییە گەورانەی دەكرد كە دیدگای دەوڵەتدارییان هەیە، تەنانەت لە ئاڵۆزترین ساتەكان یان قەیرانە قووڵەكاندا توانای دۆزینەوەی چارەسەری هەبوو لەسەر بنەمای رێز و دیالۆگ. تاڵەبانی بەرژەوەندییە گشتییەكانی گەل و دۆزی كوردی لە سەرووی دابەشبوونە حزبی و كەسییەكان و ململانێی نێوان گروپ و ئاڕاستە سیاسییە جیاوازەكانەوە دادەنا. تاڵەبانی دەیزانی چۆن رێز لە بڕیارەكەی (نەوشیروان مستەفا)ی هاوڕێی بگرێت كاتێك بڕیاری دروستكردنی حزبی دا، هەروەها بەرگریی لە شاعیر (فەرهاد پیرباڵ) دەكرد كاتێك هەمووان هێرشیان دەكردەسەری، ئەم رێزگرتنە لە جیاوازییەكان بۆ پەرەپێدانی رۆحێكی دیموكراسی لە كوردستاندا پێویستە. بە بڕوای من تاڵەبانی نوێنەرایەتیی گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی دەكرد لە ئاڕاستەی سیاسی بزووتنەوەی نەتەوەیی كورد بەرەو پێگەی پێشكەوتنخوازانەتر و شێوازی بیركردنەوەی مۆدێرن، ئەم تایبەتمەندییانەی تاڵەبانی وایكردووە پرسی كورد بەركەوتنی زیاتری نێودەوڵەتی هەبێت، بەتایبەتی لەناو رێكخراوی سۆسیالیست ئەنتەرناسیۆنال، كە تاڵەبانی یەكێك بووە لە نوێنەرە سەرەكییەكانی.
* تا چەند سەرۆك مام جەلال بۆ كورد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویست بوو؟
-من شانازی دەكەم كە یەكێك لە سەركردە هەرە دیارەكانی گەلی كوردم ناسیوە، رۆحی وتووێژ و دیدگای دەوڵەتداری تاڵەبانی بۆ پێشخستنی سەقامگیریی و ئاشتی نەك تەنها لە كوردستان، بەڵكو لە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كارێكی پێویستە. ئەمڕۆ، كە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە یەكێك لە خراپترین قەیرانەكانیدا تێدەپەڕێت، سیاسییەکی خاوەن پێگە و توانای وەک تاڵەبانی لە هەموو كاتێك پێویستترن بۆ چەسپاندنی ئەو دیدگایەی جیهان كە تایبەتە بە گەلی كورد و لەسەر بنەمای رێزگرتن لە جیاوازییە كەلتوری، ئایینی و نەتەوەییەكان دامەزراوە. كوردستان دەتوانێت ببێتە نموونەیەك بۆ گەیشتن بەو سەقامگیری و ئاشتییەی كە لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا خوازراوە، شتێك كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی پێویستی پێیەتی و قەدری دەزانێت، بەڵام بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، وەك لە كۆنفرانسی پێشانگەی نێودەوڵەتی بۆكتێب وتم، «دەبێت سیاسەتمەداران رێبازی تاڵەبانی پەیڕەو بكەن».
*تۆ سەردانی كوردستانت كردووە چیتان لەسەر گەلی كورد هەیە؟
من زیاتر لە 10 جار سەردانی باشووری كوردستانم كردووە، هەروەها سەردانی رۆژهەڵاتی كوردستان و رۆژئاوای كوردستانم كردووە. كوردستان و كورد بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی ئاڵۆزی سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئایینی و نەتەوەیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەك «ماستەرێكی گەورە» وابوو بۆ من. لە سایەی گەلی كورد، ئێستا بە باشی شارەزام لەوەی كە لە عیراق، ئێران، سوریا و توركیا چی دەگوزەرێت. گەلی كورد رێگەی پێدام ئەو بیركردنەوە كۆنەپەرستە باوانە بشكێنم كە لە ئەوروپادا هەیە سەبارەت بەوەی كوردستان بە ئیسلامییەكی توندڕەو وێنا دەكەن. گەلی كورد نیشانی دەدات كە ئیسلامێكی لێبوردەتر و رێزدارتری هەیە. جیا لەوە پێم وایە بۆ كورد زۆر مەترسیدارە كە گەشەپێدانی ئابووریی لەسەر یەك كەرتێكی بەرهەمدار بنیات بنێت، وەك دەرهێنانی نەوت و گاز، چونكە ئەوە مانای وازهێنانە لەو توانا بەرفراوانەی كە بۆ گەشەپێدانی هەمەلایەنە لە كوردستاندا هەیە. كوردستان وڵاتێكی دەوڵەمەندە لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازیی و گەشتوگوزاردا، نەك تەنها لە شارەكاندا، بەڵكو لە ناوچە گوندنشینەكانیشدا، كە دواجار نوێنەرایەتی میراتی مێژوویی گەلی كورد دەكەن. هەروەها پێویستە ناوچە گوندنشینەكان پەرەیان پێ بدرێت.
پوختەی چاوپێكەوتنەكەی سەرۆك مام جەلال لەگەڵ رۆژنامە ئیسپانییەكە
لە مانشێتی رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16)ی ئیسپانی بەگەورەیی نووسراوە «جەلال تاڵەبانی؛ نەتەوە یەكگرتووەكان بە بێهەڵوێست لە بەرامبەر جینۆسایدی كورد دا تۆمەتبار دەكات»، لە پێشەكییەكی كورتدا باسی لەوە كردووە، جەلال تاڵەبانی، سەركردەی هێزە چەكدارەكانی كورد لە عیراق، جارێكی دیكە لە مەدرید ئیدانەی ئەو جینۆسایدەی كرد، كە گەلەكەی تووشی بووە، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش نەتەوە یەكگرتووەكانی بە بێهەڵوێستی لە ئاست ئەو دۆخەدا تۆمەتبار كرد. چاوپێكەوتنەكە لە ساڵی 1988 لەلایەن رۆژنامەنووسی دیاری ئیسپانی مانوێل مارتۆرێل (Manuel Martorell) کراوە، ئاماژە بەوە دراوە، جەلال تاڵەبانی، سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، كە یەكێكە لە هێزە سەرەكییەكان دژ بە رژێمی بەعسی عیراق، جەختی لەوە كردووەتەوە، تا مافە نەتەوەییەكانی كورد مسۆگەر نەكرێت، ئاشتی بوونی نابێت.
تاڵەبانی ئاماژەی بەوەداوە، دۆخی ئێستا جیاوازە لە ساڵی 1975، كاتێك رێككەوتننامەی جەزائیر لەنێوان عیراق و ئێراندا ئیمزاكراوە بووەتەهۆی هەرەسی شۆڕشی كورد. تاڵەبانی دەڵێت: ئێستا شۆڕشی كورد بەهێزترە و سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە خەبات بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی. یەكێتی لەگەڵ پارتی و حزبی شیوعیی عیراق بەرەیەكی هاوبەشی پێكهێناوە، بە چەك خەبات دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافی چارەی خۆنووسین بۆ گەلی كورد. تاڵەبانی تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی باوەڕی بە هەموو جۆرەكانی خەبات هەیە، چ سیاسی چ چەكداریی، دانوستانیش یەكێكە لە شێوازەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانی لەگەڵ حكومەتی عیراق رەتنەكردووەتەوە، ئەگەر ئەوان ئامادەبن ئێمەش ئامادەین، بەڵام تاڵەبانی دەڵێت: متمانەمان بە حكومەتی عیراق نییە».
تاڵەبانی لەچاوپێكەوتنەكەدا رەخنەی توندی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەكگرتووەكان گرتووە و بە بەرپرسیاری زانیون لە «جینۆسایدی» گەلی كورد لە عیراق و دەڵێت: بۆمبارانە كیمیاییەكان سیاسەتێكی جینۆسایدە، پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافەكانی مرۆڤە و پێویستە هەموو وڵاتانی جیهان و نەتەوە یەكگرتووەكان وەڵامی ئەم تاوانە بدەنەوە». تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە، وڵاتانی وەك فەرەنسا و یەكێتیی سۆڤیەت بە پێدانی چەكی كیمیایی یارمەتیی عیراقیان داوە.
ناساندنی دۆزی كورد لە ئیسپانیا
بەهۆی ئەوەی گەلی كورد خاوەنی دۆزێكی رەوا بووە، بەدرێژایی مێژوو كەسانی بیانی هەبوون پشتیوانیان لێ كردووە، هەوڵیانداوە مافەكانی كورد بە جیهان بناسێنن. یەكێك لەو كەسانە رۆژنامەنووس مانوێل مارتۆرێل (Manuel Martorell)، ئەو تەمەنی 71 ساڵە، زۆربەی ژیانی خۆی بۆ دۆزی كورد تەرخانكردووە، بەتایبەت لە ناساندنی كورد لە ئیسپانیا. كاتێك لە ئیسپانیا بە كردەیی هیچ كەس باسی كوردی نەكردووە ئەو یەكەم راپۆرتی خۆی لەسەر كوردستان لە ساڵی 1983 بڵاوكردووەتەوە. مانوێل چوار كتێبی لەسەر كوردستان نوسیووە، لە ساڵی 1991دا، یەكەم بابەتی بە زمانی ئیسپانی لە جیهاندا لەسەر مێژووی كورد بڵاوكردووەتەوە بەناونیشانی (كوردستان، مێژووی بەرخۆدانێك) جیا لەوە چوار كتێبی دیكەشی لەگەڵ پسپۆڕانی بوارەكەدا نووسیوە. مانوێل چەندین وتار و راپۆرتی لە رۆژنامە، گۆڤار و تەلەفزیۆنەكاندا بڵاوكردووەتەوە، سەرەڕای ئەنجامدانی چالاكی هەمەجۆر بۆ پشتیوانی لە دۆزی كورد، مانوێل دەڵێت: «بەهۆی پشتیوانیی گەلی كورد و لەسەر راپۆرتێكی ناڕاستی سی ئای ئەی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە«تیرۆریستی نێودەوڵەتی» ناساندوویەتی و گەشتكردنی بۆ ئەمریكا لێ قەدەغە كردووە.
پوختەیەك دەربارەی رۆژنامەكە
رۆژنامەی دیاریۆ16 (Diario16) لە ساڵی 1976 لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا یەكەمین ژمارەی لێ بڵاوكراوەتەوە، یەكێك بووە لە رۆژنامە دیار و بەناوبانگەكانی ئیسپانیا لەسەر دەستی ژمارەیەك رۆژنامەنووسی بەناوبانگ دامەزراوە، رۆژنامەكە لەسەر هێڵی بەرگریكردن لە ئازادییە مەدەنییەكان كاریكردووە، بەهۆی راپۆرتە بنكۆڵكارییەكانی ناوبانگی زۆری هەبووە، پێشەنگ بووە لە رۆژنامەگەریی لێكۆڵینەوە، چاوپێكەوتنی لەگەڵ بەشێكی زۆر لە سەركردە و سەرۆكەكانی جیهان كردووە، رۆژانە زیاتر لە 100 هەزار کۆپی لێ چاپكراوە و خاوەنی چەندین خەڵاتی كاری رۆژنامەوانییە. لە ساڵی 2001 رۆژنامەكە بەهۆی قەیرانی داراییەوە راگیراوە، بەڵام لە ساڵی 2015دا بەشێوەی ئەلیكترۆنی دەستی بە كار كردووەتەوە.
دیداری: فەرید دڵشاد
دوای چەند ساڵێك لە وشكەساڵی كە یەدەگی ئاوی عیراقی تا ئاستێكی زۆر كەمكردەوە، بۆ ئەمساڵ گەشبینییەكی باش هەیە لەبارەی ئاستی بارانبارین، دەستەی گشتی كەشناسی عیراقیش پێشبینی دەكات ئەمساڵ لە دوو ساڵی رابردوو باشتر بێت و باران زیاتر ببارێت، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاویش دەڵێت، بەهۆی وشكەساڵی دوو ساڵی رابردوەەوە، یەدەگی ئاو لەئێستادا چوار 4 ملیار مەتر سێجایە.
عامر جابری بەڕێوەبەری راگەیاندن لە دەستەی گشتی كەشناسی عیراق دەڵێت، بەپێی خوێندنەوە سەرەتاییەكانیان، وەرزی زستانی ئەمساڵ مژدە بەخشە و پێشبینی دەكەن بڕێكی باش باران ببارێت بەراورد بە دوو ساڵی رابردوو، دەشڵێت، پێویستە بارانێكی زۆر ببارێت بۆئەوەی عیراق بتوانێت بەشێك لە یەدەگی ئاوەكەی بە دەستبهیێتەوە كە لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشكەساڵی و كەمی بارانبارینەوە لە دەستیچووە.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش، لە دوای ساڵی 1933، ساڵی 2025 وشكترین ساڵی عیراق بووە و ئەمساڵ یەدەگی ئاو لە 55 ملیار مەتر سێجای ساڵی 2019ەوە بۆ كەمتر لە 7 ملیار مەتر سێجا كەمیكردووە، ئێستاش كە كۆتایی 2025 نزیك دەبێتەوە، یەدەگی ئاو لە چوار ملیار مەتر سێجا كەمترە، هەر بەپێی هەڵسەنگاندنەكانی وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراقیش یەدەگی ئاوی ئێستا تەنها بەشی یەك ساڵ دەكات بۆ خواردنەوە، چونكە عیراق ساڵانە پێویستی بە شەش ملیار مەتر سێجا ئاو هەیە بۆ خواردنەوە و بەكارهێنانی هاووڵاتیان.
بیست و چوار ساڵ لەمەوبەر لە 23/12/2001، تەنها 12 رۆژ دوای روداوەكەی 11ی سێپتەمبەری ئەمریكا، تیرۆریستانی جندول ئیسلام لەگوندی "خێڵی حەمە" لە شارەزور، پەلامارێكی غافڵگیرانە و لە ناكاویان كردە سەر هێزێكی پێشمەرگەی یەكێیتی نیشتمانیی كوردستان لە كاتێكدا ئەو هێزە بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان لە پەلامارەكانی تیرۆریستان بە ئەركێكی نیشتمانی لە ناوچەكە بوون و ژمارەیان 100 پێشمەرگە بوو و لەناو گوندی خێڵی حەمە جێگیركرابوون، لە ئەنجامی ئەو پەلامارەشدا 43 پێشمەرگە شەهیدبوون، شێواندنی جەستەی شەهیدەكانیش بووە هۆكاری زیاتر ناساندنی ئەو گروپە تیرۆرستییە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیی، لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتیش كاردانەوەی لێكەوتەوە.
شەوی سێ لەسەر چواری مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵیش سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاریدا سنوری هەڵەبجە و شارەزور لە تیرۆرستانی جندول ئیسلام و پاشماوەكانی قاعیدە پاكبكاتەوە، بەهێرشكردنە سەر شاخی شنروێ و قوڵایی شارەزور و پاككردنەوەی لە تیرۆرستان توانرا دەستبەسەر كۆمەڵێك بەڵگەی ڤیدیۆیی و نوسراودا بگیرێت كە پەیوەندی راستەوخۆی نیوان جندول ئیسلام و قاعیدی پشتڕاستدەكردوە، ئەو بەڵگانەش رێخۆشكەربوون كە تەواوی ناوچەكە بە پشتیوانی نێودەوڵەتی لەو گروپە تیرۆرستی یە پاك بكرێتەوە.