ئیسرائیل لە 15 ساڵی رابردودا پلانی بۆ كۆنتڕۆڵكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران داڕشتوە
ئاکام
٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
ئیسرائیل لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی ئامانجدار و پلان بۆ داڕێژراو پلانێكی وردی بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران داڕشتوە و جێبەجێی دەكات.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریكی لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئیسرائیل لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا بە شێوەیەكی رێكخراو پلانێكی وردی بۆ كۆنترۆڵكردنی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران داڕشتووە و جێبەجێی دەكات.
ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا فڕۆكەوانەكانی ئامادەكردووە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن لە ئاسمانی ئێران، سەدان فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی سیخوڕی و خۆكوژیی لە ناوخۆی ئێران و هاوپەیمانە ناوچەییەكانیەوە بۆ هێرشی پێشوەختە جێگیر كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تۆڕێك لە كارمەندانی هەواڵگری لەناوخۆی ئێراندا دروستكراوە كە توانییان بە وردی شوێنی زانا ئەتۆمییەكان و فەرماندە سەربازییەكان دیاری بكەن.
لە 13 تا 24ی ئەم مانگە سوپای ئیسرائیل بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا، هێرشی وردی بۆ سەر زیاتر لە 250 ئامانج لە ئێران دەستپێكرد.
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵگرییەكانی رۆژئاوا زیاتر لە 50%ی توانای موشەكی ئێران لەناوچووە و وێستگە ئەتۆمییە گرنگەكانی وەك نەتەنز، فۆردۆ و ئەراك زیانێكی زۆریان بەركەوتووە و 15 فڕۆكەی جەنگی ئێران و 6 بنكەی ئاسمانی تێكشكێنراون. دەیان زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سوپای پاسداران لە لیستی ئامانجە راستەوخۆكاندا بوون.
بەپێی شیكارییەكانی سەرچاوە ئەمنییەكان، پاڵپشتی ئەمریكا بۆ ئۆپەراسیۆنەكانی ئیسرائیل تەنیا بۆ دواخستنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بۆ چەند مانگێك كاریگەر بووە و راگرتنی تەواوەتی ئەم بەرنامەیە پێویستی بە رێوشوێنی دیپلۆماسی و ناوچەیی هەیە.
شارەزایانی نێودەوڵەتی پێیانوایە؛ ئیسرائیل بەم ئۆپەراسیۆنە توانای خۆی بۆ دزەكردن و ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە ئاستێكی بێوێنەدا نیشانداوە، بەڵام راگرتنی كاتیی بەرنامەی ئەتۆمی به تەنها، هەڕەشەی درێژخایەنی ئێران چارەسەر ناكات؛ رەنگە تاران بە هێرشی ئەلیكترۆنی، هێرشی بە وەكالەت لەلایەن گروپەكانی وەك حزبوڵا، یان هێرش بۆسەر بەرژەوەندییە ناوچەییەكانی ئەمەریكا وەڵام بداتەوە.
دوابەدوای ئەم هێرشانە ئێران زیاتر لە 700 كەسی بە تۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ ئیسرائیل دەستبەسەر كردووە و 6 كەسی لە سێدارە داوە و لە شارە گەورەكاندا گەڕان و پشكنینی ئاسایشیی بەرفراوان بەڕێوەدەچێت.