شەڕی بەڵگەنامەكان، دیوێكی تری ململانێ شاراوەكانی ئێران و ئیسرائیلە، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەیەكی قوڵتر و ئاشكرا كاری لەسەر دەكرێت و هەردولا وەكو شەڕی راگەیاندن و تۆڵەكردنەوە لەدژی یەكتر بەكاریدەهێنن.

لە گەرمەی بەڕێوەچوونی دانوستانە ئەتۆمییەكانی تاران و واشنتۆن، ئێران بومەلەرزەیەكی خستە نێو دڵی ئیسرائیل و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و تۆپەكەی هێندەی تر لەخۆی دوورخستەوە.

وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران راپۆرتێكی لەبارەی دەستخستنی زانیارییە هەواڵگرییەكان لەسەر ئیسرائیل بڵاوكردەوە كە بە پرۆسەیەكی قورس و سەركەوتوو ناوی دەبات.

ئیتڵاعات سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی ئاڵۆزی هەواڵگری بۆ گواستنەوەی بەڵگەنامەكان لە ئیسرائیل دەڵێت، گورزێكی ماڵوێرانكەر بووە لە ئیسرائیلیان داوەو لە ژینگەیەكی سنووردار و لە ڕێوشوێنێكی تووندی ئەمنی ئیسرائیلدا ئەنجامدراوە و رێژەیەكی زۆر لە بەڵگەنامەكان بۆ ناو تاران بە سەركەوتوویی گوزاروەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، بەرنامە ئەتۆمییەكانی ئێستا و داهاتووی ئیسرائیل و بەرنامە سەربازی و مووشەكییەكان و زاناكانی بەشدار لەو پرۆژانە ئاشكرا بوون، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێت ئیسرائیل جگە لە ڕەگەزنامەی خۆی، لێكۆڵەرانی خاوەن رەگەزنامەی وڵاتانی دیكەش بەكار دەهێنێت و لە داهاتووشدا بەشێكیان بڵاودەكرێنەوە.

ئیتڵاعاتی ئێران باس لەوە دەكات، رێژەیەكی بەرچاو لە بەڵگەنامەكان لەلایەن هێزە چەكدارەكانی  ئێرانەوە بەكاردەهێنرێن و بەشێكیان دەتوانرێت لەگەڵ وڵاتانی دۆست ئاڵوگۆڕ بكرێت یان پێشكەش بە رێكخراو و گروپە دژە ئیسرائیلیەكان بكرێت.

وەك وەزارەتی ئیتڵاعات دەڵێت، شێوازەكانی گەیشتن بە بەڵگەنامەكانی ئیسرائیل لەلایەن سەربازە نەناسراوەكانی ئیمامی زەمانەوە بووە و شێوازەكانی هێنانەدەرەوەیان لە ناوچە داگیركراوەكانی فەلەستین، بە شێوەیەك داڕێژراوە و جێبەجێكراوە كە ئیسرائیل هەرگیز پەی تێ نابات.

بەپێی سەرچاوەكانی ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێران، بەڵگەنامە نهێنییەكان هەماهەنگی تەواو لە نێوان ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم و ئیسرائیل ئاشكرا دەكەن، هەروەها نیشانی دەدەن كە ئاژانسەكە پەیامی رەسمی و نهێنی لە ئێرانەوە بۆ ئیسرائیل دەگەیەنێت كە زانیاری هەستیاریان تێدایە و لە رێگەی كەناڵە نهێنییەكانەوە بە دەزگا سیخوڕییەكانی بۆ ئیسرائیل رەوانە كراون.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، عەبدولڕەحیم موسەوی، فەرماندەی گشتیی سوپای ئێران دووپاتیكردەوە، وەڵامدانەوەی ئەمجارەی ئێران بۆ هەر هێرشێكی ئیسرائیل، لە هەموو كاتێك كوشندەتر دەبێت، بەهۆی ئەو زانیارییانەی كە لە بەڵگەنامەكان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی هەواڵگرییەوە بەدەستیان هێناوە.

لە هەمانكاتدا ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم نیگەرانی خۆی سەبارەت بە ناوەڕۆكی بەڵگەنامەكان دەربڕی، لەوبارەیەوە رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسەكە رایگەیاند، كۆكردنەوەی بەڵگەنامە نهێنییەكان، هەنگاوێكی خراپە كە پێچەوانەی گیانی هاوكارییە.

هەرچی بێت، ئێستا رەوشەكە نە لەبەرژەوەندی ئێراندایەو نە ئەمریكا و ئیسرائیل و وڵاتانی رۆژئاوا، چونكە بەشێك لە بەڵگەنامەكان پەیوەست بوون بەوەی كە تاران لە قۆناغی كۆتاییدایە بۆ بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆم و بڕێكی زۆر مەترسیدار لە یۆرانیۆمی پیتاندووە.