(عەبدولخاق عەزاوی) ئەندامی لیژنەی پەیوەەندییەکانی دەرەوە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، بەغداد لە ڕێگەی وەزارەتی دەرەوە ڕێکارەکانی دەستپێکردووە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە ئەنجومەنی ئاسایش دژی پێشیلکارییەکانی تورکیا لە ناو خاکی عێراق.
وتیشی، لە سکاڵاکەدا بەغداد دۆسیەی ئاوارەبوون و کوژرانی سەدان ھاوڵاتی مەدەنی لە ھەرێمی کوردستان وروژاندووە، و داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکات سنورێک بۆ ئەو پێشیلکاریانەی تورکیا دابنرێت.
لە درێژەی سەردانەکەی بۆ موسڵ، مستەفا کازمی سەردانی ئەو مزگەوت و کەنیسە و شوێنە ئاینیانەی کرد، کە لەلایەن داعشەوە تەقێندرانەوە و لە ئێستادا کارەکانی نۆژەنکردنەوەیان دەستیانپێکردووە.
سەرەتا کازمی سەردانی کەنیسەی "تاھرە"ی مەسیحییەکانی کرد، لە وتەیەکیشدا ڕایگەیاند، کەنیسەکە لە پێشتر باشتر نۆژەندەکەنەوە. داواشی لەو مەسیحیانە کرد کە ئاوارە یان پەنابەربوون، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، دواتریش مزگەوتی "نور"ی بەسەرکردەوە.
ھەر لە درێژەی سەردانەکەدا، کازمی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی ئێزدیی ڕزگاربووی دەستی داعش کۆبووەوە و دواتریش لە شاری موسڵ سەردانی بازاڕی شارەکەی کرد و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی ھاوڵاتیانی شارەکەیدا.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ھەندێک لە میدیاکان باس لەوە دەکەن کە حکومەتی عێراق لە ڕێی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبیەوە بانگھێشتی حکومەتی دیمەشقی کردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی وڵاتانی دراوسێی عێراق، بەڵام حکومەتی عێراق بە ھیچ شێوەیەک پەیوەندی بەو بانگھێشتەوە نیە و ھیچ لایەنێکیش جگە لە حکومەتی عێراق مافی ئەوەی نیە وڵاتان بانگھێشتنی لوتکەکە بکات.
لە بەرامبەر ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەشدا، نوسینگەی فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕەتیکردووەتەوە بانگھێشتنامەی دابێتە بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا، بەڵکو نامەیەکی مستەفا کازمی داوەتە ئەسەد کە تێیدا ھۆکارەکانی بانگھێشتنەکردنی سوریا بۆ لوتکەکە خراوەتەڕوو.
دووپاتیشکراوەتەوە کە بانگھێشتنەکردنی سوریا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مانای پشتگوێخستنی دیمەشق نیە، بەڵکو بە مەبەستی سەرخستنی کۆنگرەکەیە تا لە ڕێیەوە کێشەکانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت و کێشەی سوریاش لە پێشینەی کێشەکانە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، لە ڕێی بۆمبێکی چێندراوەوە، کاروانێکی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە ڕێگای نێودەوڵەتی خێرا نزیک شاری ناسڕیە لە زیقار کراوەتە ئامانج، بەڵام تەقینەوەکە ھیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممەش ھێرشێکی ھاوشێوە لە شاری ئەبو غرێب لە خۆرئاوای بەغداد دژی ھاوپەیمانان ئەنجامدرا، بە بێ ئەوەی ھیچ زیانێکی گیانی لێبکەوێتەوە.
ریاز مەسعودی ئەندامی شانەی قەیرانەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، ئەو ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی کۆرۆنا رۆژانە بڵاویدەکاتەوە تەنھا ئامارە تۆمارکراوەکانن، بەڵام ژمارەی توشبووانی ڤایرۆسەکە زۆر زیاترە و رۆژانە ٢٠ ھەزار کەس لە عێراق توشی کۆرۆنا دەبن.
وتیشی، لەشەپۆلی سێیەمی کۆرۆنادا جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا تۆمار کراوە و کۆرۆنای دەلتاش بەشێوەیەکی خێراتر لە ناو دانیشتوانی عێراق بڵاودەبێتەوە.
ریاز حەلفی بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق راگەیاند، پلانیان ھەیە بۆ ئەوەی ١٨ ملیۆن دۆزی تر لە ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بکڕن و ئامانجیانە تا کۆتایی ئەمساڵ رێژەی لە سەدا ٦٠ی عێراقییەکان ڤاکسین وەربگرن.
وەزارەتی کارەبای عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکردوە، ھێڵی گواستنەوەی کارەبای کەرکوک و ھەولێر لە رێی چەند بۆمبێکی چێندراوەوە تەقێندراوەتەوە و بەوھۆیەوە تاوەرەکانی ژمارە ٣٦٩ و ٣٧٠ زیانیان بەرکەوتوە، لە ئێستاشدا کار دەکرێت بۆ چاککردنەوەی ئەو تاوەرانە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، سوربوونی تیرۆریستان لەسەر بە ئامانجکردنی ھێڵەکانی کارەبا و لەونابردنی دەستکەوتەکانی وەزارەتی کارەبا، بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە تیرۆریستان ئامانجیانە ژیان لە عێراقدا لەناوبەرن.
راشیگەیاندوە، سەرباری ھەموو ئاستەنگەکان، وەزارەتی کارەبا بەردەوام دەبێت لە پلانەکانی بۆئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی عێراقییەکان بکات.
ئەمڕۆ مستەفا کازمی و وەزیرانی کابینەکەی سەردانی موسڵیان کرد و لە بەنداوی موسڵ کۆبونەوەی ئاسایی ھەفتانەیان ئەنجامدا، لە کۆبونەوەکەدا کێشە و گرفتەکانی پارێزگای نەینەوا و دەستپێکردنەوەی ژمارەیەک پڕۆژەی ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی شوێنانە زیانلێکەوتووەکان تاوتوێ کران.
دوای کۆبونەوەکەش بەردی بناغەی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ دانرا و بڕیارە ھەر ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی کازمی لە رێوڕەسمێکدا کردنەوەی ھێڵی شەمەندەفەر لەنێوان موسڵ و بەغداد بەڕێوەبچێت.
ھاوکات حکومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی ھەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە بۆ ئەوەی ھاووڵاتیان ڕوو بکەنە بنکەکانی تەندروستی و ڤاکسین وەربگرن، بۆ ئەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا کەمتر بکرێتەوە.