بەپێی زانیاریی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژمارەیەک لە دیپلۆماتکارە باڵاکانی ئەمریکا کە کاریان لەسەر دۆسیەی سوریا دەکرد لە پۆستەکانیان دوورخراونەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە واشنتۆن فشار دەکات بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق.
سەرچاوەکان بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە گۆڕانکارییەکان لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا بە شێوەیەکی لەناکاو رویانداوە و کارمەندانی "پلاتفۆرمی هەرێمیی سوریا" (SRP)یان گرتووەتەوە، کە نوێنەرایەتی نافەرمی ئەمریکایە بۆ سوریا و بارەگاکەی لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە ئەستەنبوڵە.
ئەم دیپلۆماتکارانە لەژێر سەرپەرشتی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی نوێی ئەمریکا بۆ سوریا و راوێژکاری دۆناڵد ترەمپ، کاریان دەکرد. باراک، کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا دەستبەکاربووە، پێشەنگی گۆڕانکارییەکی نوێ لە سیاسەتی ئەمریکادا دەکات کە پشتیوانی لە یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکات لەژێر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی نوێی ئەو وڵاتە.
بەشێکی سەرەکی ئەم سیاسەتە نوێیە، فشارخستنە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە بۆ ئەوەی بە خێرایی پابەندی رێککەوتننامەی مانگی ئازار بن لەگەڵ دیمەشق و هێزەکانیان تێکەڵی سوپای نیشتمانیی سوریا بکەن.
سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی رۆژئاوایی ئاشکرایکردووە کە هۆکاری دوورخستنەوەی دیپلۆماتکارە ئەمریکییەکان بۆ "جیاوازیی بۆچوون"یان دەگەڕێتەوە لەگەڵ باراک لەسەر پرسی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هەسەدە. لە بەرامبەردا، سەرچاوەیەکی دیپلۆماسیی ئەمریکی رەتیکردەوە کە جیاوازیی سیاسی هۆکار بووبێت و رایگەیاند کە ئەمە بەشێکە لە "رێکخستنەوەی تیمەکە" و کاریگەری لەسەر سیاسەتی گشتیی ئەمریکا نابێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئامادە نەبوو لێدوان لەسەر گۆڕانکارییەکان بدات.
سەرەڕای فشارەکانی ئەمریکا، سەرکردەکانی هەسەدە ئامادەنین دەستبەرداری ئەو ئۆتۆنۆمییە بن کە لە ساڵانی شەڕدا بەدەستیان هێناوە. ئەوان کە شانبەشانی ئەمریکا دژی داعش جەنگاون، دەیانەوێت لە سوریای دوای ئەسەددا حکومەتێکی لامەرکەزی هەبێت کە تێیدا مافەکانیان پارێزراو بێت.
شایەنی باسە، لەدوای داخستنی باڵیۆزخانەی واشنتۆن لە دیمەشق لە ساڵی2012، پلاتفۆرمی هەرێمیی سوریا لە ئەستەنبوڵ وەک نوێنەرایەتی سەرەکی ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کاردەکات.