ڕاشیگەیاند، سەرۆک کۆمار و سەرۆکی دەسەڵاتی ئەنجومەنی دادوەری پاڵپشتی سەربەخۆیی و دامەزراوەیی کۆمیسیۆنن و دەستوەردانیان لە کارەکانی کۆمیسیۆندا نەکردووە.
کۆمیسیۆن ئاماژەی بەوەش کردووە، بە ھیچ جۆرێک کاتی تانەدان لە ئەنجامەکان درێژ نەکراوەتەوە و کەسیش ئەو دەسەڵاتەی نەبووە ئەو کارە بکات، بەڵکو تەنھا لە کاتی دیاریکراودا تانە لە ئەنجامەکان دراوە و ئەمەش بە پێی ڕێکارە یاساییەکان کراوە.
"ئەحمەد سەحاف" وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لەسەر داوای خۆیان لە بێلاروسەوە گەڕاونەتەوە گەیشتووەتە ھەزار و ٨٩٤ کۆچبەر، گەشتەکانیش بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکانی تر بەردەوامە.
وتیشی، کۆی ئەو کەسانەی تا ئێستا خوازیارن بگەڕێنەوە بۆ عێراق گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٠٠ کۆچبەری عێراقی چاوەڕوانیش دەکرێت ژمارە زۆر زیاتر ببێت.
ھاوکات "عەلی عەباس جیھانگیر" وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەمڕۆ ھێڵی ئاسمانی عێراقی دوایین گەشت بۆ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی سەر سنوری بێلاروس و پۆڵەندا ڕێکدەخات، تەواوی تێچووی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرانەش لەسەر حکومەتی عێراقە.
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پێشوەخت ڕادەگەیەنێت.
ھەروەھا "عیماد جەمیل" ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمیسیۆن ڕایگەیاند، دەستەی دادوەری پێداچوونەوەی بە تانەکان کردووە، کە ژمارەیان ھەزار و ٤٣٨ تانە بوو.
وتیشی ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویداوە لە پێنج کورسیدا دەبێت لە پارێزگاکانی "ھەولێر و نەینەوا و کەرکوک و بەغداد و بەسڕە".
"عیسام حسێن" سەرکردە لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، پێویستە لایەنە ناڕازییەکانی ئەنجامی ھەڵبژاردن و دەرھاویشتەکانی پڕۆسەکە قبوڵ بکەن، چونکە تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەکی ڕوونیان سەبارەت بە ناشەفافی ھەڵبژاردنەکە نەخستووەتەڕوو.
وتیشی، دەبێت ئەو لایەنە ناڕازییانە ھەڵوێستیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی بە بەشداری کردن یاخود ئۆپۆزسیۆن بوون یەکلا بکەنەوە، چونکە تا ئێستا ھەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە و ڕوونیان ڕانەگەیاندووە و بەشێکیان ھەڕەشەی بایکۆت کردن دەکەن.
کۆمیسیۆن ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنەکانی رایگەیاند، ھاوپەیمانی کوردستان دوو کورسی زیادیکردووە و پارتیش دوو کورسی کەمی کردووە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند و بەپێی ئەنجامەکانیش پێنج کورسی لە پارێزگاکانی بەغداد و بەسرە و ھەولێر و کەرکوک و نەینەوا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە، بەپێی ئەنجامەکەش ھەردوو کاندیدی ھاوپەیمانی کوردستان "ھەرێم کەمال ئاغا" لە ھەولێر و "رۆنزی زیاد سیدۆ" لە نەینەوا سەرکەوتن و ژمارەی کورسییەکانی ھاوپەیمانی کوردستان لە ١٦ کورسییەوە بۆ ١٨ کورسی زیادی کرد.
ھەر بەپێی ئەنجامەکان، دەنگی لیست و ھاوپەیمانییەتییەکان بەم جۆرە بوون؛ رەوتی سەدر ٧٣، ھاوپەیمانی تەقەدووم ٣٧، دەوڵەتی یاسا ٣٣، پارتی ٣٠ و یەکێتی ١٨، ھاوپەیمانی فەتح ١٧ و ٤٣ کاندیدیش کە لە دەرەوەی لیست و قەوارەکان خۆیان کاندید کرد بوو سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە.
وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بەکاردەھێنرێت بۆ کەسانی تەمەن سەروو ٦٠ ساڵ بەتایبەت ئەوانی بەرگری لەشیان کەمەو نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیەو لە کەرتی تەندروستیدا کاردەکەن.
راشیگەیاند، ھەر جۆرێکی ڤاکسینەکان بەکاربھێنرێت رێگەپێدراوە،لەلایەکی ترەوە، "روبا فەلاح حەسەن" ئەندامی تیمی راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ھێشتا ھیچ زانیارییەکیان نییە سەبارەت بە خێرایی و مەترسیداری "ئۆمیکرۆن" و ھێشتا نەگەیشتۆتە عێراق بەڵام ئەگەری بڵاوبوونەوەی ھەیە و مەترسییەکە بۆ سەر ھەمووان، وتیشی زۆرینەی ئەو ڤاکسینانەی ھەیە لەسەر جۆرە نوێیەکانی کۆرۆنا ئیش دەکەن و تا ئێستاش نەسەلمێندراوە کە "ئۆمیکرۆن" بەرگری بەرامبەر ڤاکسینەکان ھەیە یان نا.
ئیئتلافی وەتەنیە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٥ رۆژە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکەی عێراق یەکلانەبوەتەوە و رێکارەکانی کۆمیسیۆنیش سەبارەت بە تانەکان شەفاف نەبووە و بە جدی وەرنەگیراون، وێستگە و ناوەندەکانیش بە باشی ژماردنەوەیان بۆ نەکراوە.
ئیئتلافەکە داواشی لە دەستەی دادوەری کردووە دەستوردان بکات و لێکۆڵینەوەی بەپەلە لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی مانگی رابردوو بکات.
ئیئتلافی وەتەنیە بە سەرۆکایەتی "ئەیاد عەلاوی" داواشیکردووە، لێپرسینەوە لەگەڵ کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان بکرێت سەبارەت بە کەموکوڕییەکانیان، ھەر لە کاتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکان تا کاتی راگەیاندنی ئەنجامەکان.
مەحمود حەیانی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان یەکدەنگن و بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسیش پەیوەستە بە ئەنجامی ھەڵبژاردنەوە، بەڵام بژاردەیەکی بەردەمیانە و بەدووری نازانن.
وتیشی، لە رۆژانی داھاتوودا چەندین پێشھات دێنە ئاراوە و چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامەکانن.
قەیس خەزعەلی سەرکردەی "عەسائیب ئەھل حەق"یش دەڵێت، ھەڵبژاردن ھۆکاری کێشەکانی ئەم دواییەی عێراقە و ھۆشداریدا لە خراپتربوونی رەوشەکە.
وتیشی، چەند گروپێک کۆنترۆڵی ناوەندەکانی ھەڵبژاردنیان کردوە و چاودێری قەوارە سیاسییەکانیان دەرکرد.
راشیگەیاند، گومانی ھەیە لە سیناریۆی حکومەت لەبارەی ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە جارێک دەوترێت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە و جارێکیش دەڵێن بە مووشەک بووە.
قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی و سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەواندا رایگەیاند، ھێرشەکەی سەر ماڵی کازمی لە رێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە و شوێنی ھەڵدانی درۆنەکانیشیان ئاشکرا کردووە، وتیشی، ئەو تەقەمەنیانەی لە ھێرشەکەی سەر ماڵی کازمیدا بەکارھێنراون، دروستکراوی ناوخۆی عێراق بوون و یەکێک لە دوو بۆمبەی ئاڕاستەی ماڵی کازمی کرابوو نەتەقیبووەوە، وتیشی، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ھەوڵی تیرۆرکردنی کازمی، ھیچ کەس و لایەنێکی بە ئەنجامدەری ھێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن و کاتی زیاتریان پێویستە.
بەرەبەیانی رۆژی ٧ی ئەم مانگە، ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ناوچەی سەوزی شاری بەغداد، لە رێگەی درۆنەوە بە مووشەک کرایەئامانج و بەوھۆیەوە چەند پاسەوانێکی کازمی بریندار بوون.
"عەلی فەتلاوی" سەرکردە لە ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، پشتیوانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و سوربوونی لەسەر ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنەکان، لە مێژووی جیھاندا رووی نەداوە و رووداوێکی دەگمەنە.
وتیشی کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەیەوێت ئیرادەی ھێزە ناڕازییەکان تێکبشکێنێت و بەرپرسیارێتی شکستی پێکھێنانی حکومەت بخاتە ئەستۆیان و بە زۆر بە ئەنجامەکان رازییان بکات، وتیشی "جینین پلاسخارت" نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ھەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی و بێدەنگکردنی لایەنە ناڕازییەکان دەدات."فەتلاوی" ئەوەشی وتووە، چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان بە تەواوی ھێزەکانییەوە دژی پیلانی "پلاسخارت" دەوەستنەوە.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە، تا ئێستا ھەزار و ٥٠٠ کۆچبەر لە سنوری بێلاروس و پۆڵەندا بە چەند گەشتێکی جیاواز و لە چەند کاتێکی جیاوازدا گەڕێنراوتەوە بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان، گەشتەکانی گەڕانەوەی کۆچبەرانیش بەردەوامە.
بە پێی ئەو ئامارانەی بڵاوکراونەتەوە، نزیکەی ٨ ھەزار کۆچبەری عێراق و ھەرێمی کوردستان کە ھەڵگری پاسپۆرتی عێراقین لە سنوری بێلاروس و پۆڵەندا گیریان خواردووە و بەشێکیشیان لە کەمپەکان جێگیرکراون، بەڵام بەھۆی وەڵام نەدانەوە و خراپی ڕەوشی کۆچبەران لەو سنورە، لە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ەوە بەشێکی ئەو کۆچبەرانە ناوی خۆیان تۆمارکردووە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێر و بەغدادەوە بگەڕێنرێنەوە.
نەقیبی سەندیکای پارێزەرانی عێراق ڕایگەیاند، پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختی ئەنجومەنی نوێنەران، داوایەکیان ئاڕاستەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق کردووە، کە خۆھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران دەستووری نییە، چونکە بە پێی ماددەی ٦٤ و ٤٧ی دەستوور، ناکرێت ئەنجومەنی نوێنەران کات بۆ ھەڵوەشاندنەوەی خۆی دیاری بکات، بەڵام تا ئێستا داداگای فیدراڵی وەڵامی داواکەی نەداوەتەوە، بڕیاریشە ڕۆژی چوارشەممە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١ چاو بە داواکەی سەندیکای پارێزەرانی عێراقدا بخشێنرێتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە پێش بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەکەی ١٠ی ١٠ی ڕابردوو، محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵدەوەشێتەوە، ھەموو ئەو پڕۆژانەشی ماونەتەوە دەکەونە خولی داھاتوو.