لە ڕاگەیەندراوێکدا پۆلیسی فیدراڵی عێراق بڵاویکردەوە، دوای چاودێری و ھەوڵی ھەواڵگری چڕ، لە ناوچەی (بابلشەرقی) ناوەڕاستی بەغداد، دوو تۆمەتبار بە بڕی ٦ ملیۆن دیناری ساختەی جۆری ١٠ ھەزار دینارییەوە دەستگیر کراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوەی ورد لەگەڵ تۆمەتبارەکاندا، دانیان بە بوونی چاپخانەیەکی ساختەکردنی پارەدا ناوە لە ناوچەی سەعدون شوێنی نیشتەجێبوونیان، دەستبەجێ دەستبەسەر چاپخانەکەشدا گیراوە. لە ئێستاشدا ھەردوو تۆمەتبارەکە ڕەوانەی دادگای تایبەت کراون بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.
حەشدی شەعبی بڵاویکردەوە، لیوای ١٢ی ھێزەکانیان توانیوویانە، دزەکردنی ژمارەیەک چەکداری گروپی تیرۆریستی داعش لە باخ و ناوچە سەوزاییەکانی قەزای تارمیە لە باکوری بەغداد پوچەڵ بکەنەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبی دوای ئاشکرابوونی ئەو تیۆرۆریستانە بە توندی بەرپەرچ دراونەتەوە و ناوچەکەیان بەجێھێشتووە و بەرەو شوێنێکی نادیار ھەڵاتوون.
ژمارەی داعشەکان بە ١٣ تیرۆریست مەزەندە کراون و، توانیوویانە تا نزیکەی چەند سەد مەترێک لە ھێزێکی حەشدی شەعبی لە سنورەکە نزیک ببنەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی سیستانی بڵاویکردەوە، بە ھیچ شێوەیەک ھیچ کەسێک نابێت دوو مووچەی لە حکومەت ھەبێت و ئەو کارەش بە تاوان ناودەبرێت.
لە فتواکەدا سیستانی ئاماژەی بەوەکردووە، وەرگرتنی دوو مووچە دروست نییە و تاوانە و وەک دزی کردنە، ئەگەر نەتوانرا بگەڕێندرێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، ئەو کەسە لەسەری واجب دەبێت کە بەسەر ھەژاراندا دابەشی بکات.
سەبارەت بەو کەسانەش کە لە دەوام دوادەکەون و زووتریش بەر لە تەواوبوونی دەوامی ڕەسمی شوێنی کارەکانیان جێدەڵێن، سیستانی فتوای داوە، ئەو کارە حەرامە و نابێت کارکردنی فەرمانبەر پێچەوانەی ڕێوشوێنە یاساییەکان بێت.
جەختیشیکردووەتەوە، ھەر کەسێک ئەو کارە دووبارە بکاتەوە، بە ھێندەی دواکەوتنەکەی شایەنی ئەو پارەیەی موچەکەی نییە کە وەریدەگرێت.
مەحمود سەلامی سەرکردە لە چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ئاشکرایکرد، سەرکردەکانی ھەماھەنگی پێیان وایە، ھەرچەند دەرگای گفتوگۆ کراوەیە و چاوەڕوانی ئەنجامی گفتوگۆکانن لەگەڵ ڕەوتی سەدر، بەڵام ئەگەر ھیچ ئەنجامێکی نەبوو، بە یەکدەنگی و یەکڕیزی یان بەشداری لە حکومەتی نوێ دەکەن، یان ھەموویان بە تەواوی لێی دەکشێنەوە.
وتیشی، چوارچێوەی ھەماھەنگی ھیچ تێبینی نییە، ئەگەر ڕەوتی سەدر پەنا بەرێت بۆ حکومەتی زۆرینەی سیاسی، ئەوانیش ڕوو دەکەنە ئەو بژاردانەی سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی لەسەری ڕێککەوتوون.
باسی لەوەشکردووە، ئەگەر ڕەوتی سەدر دەیەوێت ببێتە ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە، پێویستە بنەماکانی ئۆپۆزسیۆن بوون بەرجەستە بکات، وەک وەرگرتنی سەرۆکایەتی لیژنە پەرلەمانییەکان بۆ ئەوەی بتوانێت بە کردار ئەرکی چاودێریکردن جێبەجێ بکات.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای چەندین کۆبوونەوەی نێوان ھەردوولا تا ئێستا چاورچێوەی ھەماھەنگی و موقتەدا سەدر نەگەیشتووەتە ڕێکەوتوون لەسەر شێوازی پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو.ا
محەمەد دەڕاجی سەرۆکی دەستەی پیشەسازیی جەنگی عێراق بە ڕۆژنامەی ڕەسمی عێراقی ڕاگەیاندووە، لەمساڵدا چەند کارگەیەکی بەرھەمھێنانی چەکی سوک و دەمانچە و تەقەمەنییەکان بەگەڕدەخرێنەوە و لە مانگی ئازاری داھاتووشدا کارگەی حاموڕابی وەردەگرێتەوە کە ئێستا لە قۆناغی نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەدایە.
وتیشی، ئامانج لە خستنەوەکاری ئەو کارگانە پشتبەستنە بە پیشەسازیی ناوخۆیی، بۆ ھاوکاریکردنی ھێزە چەکدارەکان، کە چیتر چەک و تەقەمەنی سوکیان لە دەرەوە بۆ ھاوردە نەکرێت.
دەڕاجی باسی لەوەشکردوە، ڕووداوەکانی دوای ٢٠٠٣ بە شێوەیەکی نەرێنی، کاریکردووەتە سەر پرۆژەکانی بەرھەمی سەربازیی و جەنگی، دوای ئەوەی زۆربەی کارگەکانی بەرھەمھێنانی چەک و تەقەمەنی بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو تاڵانکران.
ھێڵی ئاسمانی کوەیت لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ڕەوشی ئەمنی ئێستای عێراق، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانیان بۆ ئەو وڵاتە بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی ھێوربوونەوەی ڕەوشەکە ھاووڵاتیانی کوەیت لە دوایین زانیاری و بڕیارەکان ئاگادار دەکەنەوە.
ڕۆژی ھەینی بە چەند موشەکێکی جۆری کاتیوشا ھێرشکرایە سەر سەربازگەی ڤیکتۆریا لە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی زاملی بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران و بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و سەرۆکی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و بریکاری وەزارەتی ناوخۆ بەڕێوەچووە و گفتوگۆ کراوە لەسەر وردبینیکردنی دۆسیەی سەرجەم ئەو کەسانەی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندید کردووە و ژمارەیان ٢٦ کەسە.
وردبینیکردنە پەیوەست بووە بە کۆتوبەندی تاوانکاری کاندیدەکان و ھەڵویستیان لای دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەی و بڕوانامە و دەستپاکییان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا زاملی جەختیکردوەتەوە لە پێویستی پشتبەستن بە بەڵگەنامە و بڕوانامە و ناو و ناوبانگی کاندیدەکان بە شێوەیەکی شەفاف و دورخستنەوەی ھەموو فشارێکی سیاسی کە ڕەنگە بکرێتە سەر لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران پشت دەبەستێت بە ھەموو ئەو ڕێوشوێن و شێوازانەی دیاریکراوە بۆ ھەموو کاندیدەکان، دوور لە ھەر کاریگەریی و خواستێکی ناوخۆیی و دەرەکی.
دەزگا ئەمنییەکانی عێراق بەرپرسیاری ھێرشە مووشەکییەکەی سەر فرۆکەخانەی بەغداد دەستگیردەکەن.
سەرچاوەیەک بە میدیاکانی عێراقی وتوە، خاڵێکی پشکنینی وەزارەتی ناوخۆ کەسێکی دانیشتووی قەزای ئەبوغرێبی بەتۆمەتی ئەنجامدانی ھێرشە مووشەکییەکەی سەر فرۆکەخانەی بەغداد دەستگیرکردووە.
ئێوارەی رۆژی ھەینی فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد بە ژمارەیەک مووشەک کرایە ئامانج و زیان بە فرۆکەیەک گەیشت.
سەرچاوەکە ئاشکرایکردووە، سەعات چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان ھێرشکراوەتە سەر بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد، بەڵام بەر لەوەی بگاتە ئامانجەکەی بە سیستمی بەرگری ئاسمانی (سی-ڕام) خراوەتە خوارەوە و ھیچ زیانێکی نەبووە.
لەماوەی ئەم مانگەدا ئەوە سێیەم ھێرشە دەکرێتە سەر بنکەی ڤیکتۆریای سەربازیی ھێزەکانی ئەمریکا لەناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداد لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە.
سەرچاوەیەکی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، بە شەش موشەکی کاتیۆشا ھێرشکراوەتە سەر بنکەی سەربازیی ڤیکتۆریای ھێزەکانی ئەمریکا لە ناو فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا.
بە گوێرەی ھەواڵ ھێرشەکە بەشی سەربازیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدادی کردوەتە ئامانج و زیانی بە فڕۆکەیەکی مەدەنی گەیاندووە، بەڵام تا ئێستا نازانرێت ھیچ زیانێکی گیانی بەدواوە یاخود نا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بنکەی سەربازی ڤیکتۆریا لە ناو فڕۆکەخانەی بەغدا، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشی کرایە سەر، بەڵام بەر لەوەی بگاتە ئامانجەیەکەی لە لایەن سیستمی دژە ئاسمانی ئەمریکاوە خرایە خوارەوە.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق پێویستی بە دروستکردنی ٨ھەشت ھەزار خوێندنگەیە و بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی قەرەباڵغیش بە تێکڕا لە ساڵێکدا پێویستیان بە ھەزار خوێندنگە ھەیە، بۆ پێنج ساڵی داھاتووش پێویستیان بە ١٥ ھەزار خوێندنگە دەبێت.
رونیشیکردەوە، پلانیان پێشکەشکردوە بۆ دروستکردنی سێ ھەزار خوێندنگە، بەڵام دروستکردنیان پێویستی بە پارە و زەوی و ھەماھەنگی لەگەڵ چەند وەزارەتێک ھەیە و ھیچ ڕێگەپێدراو نییە خوێندنگە لەسەر زەوی کشتوکاڵی دروستبکرێت.
وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشکراشیکردووە، ھەزار خوێندنگە لەناو بینای کەرەڤانەدان و بۆ قەدەغەکردنیشی گشتاندن دەرکراوە.
خۆپیشاندەران رایانگەیاند، پێویستە پۆستی سەرۆك كۆمار بە كەسێكی شیاو و پاك و دڵسۆز پڕبكرێتەوە و نابێت كەسی گەندەڵ پێشڕەوی گەلی عێراق بكات، وتیشیان هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار رەتدەكەنەوە چونكە تۆمەتبارە بە گەندەڵی و چەندین كەیسی تری یاسایی.
ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ژمێرەی کۆتایی نوسراوێکی ئاراستەی حکومەتی ھەرێم کردووە و داوا دەکات تا مانگی ئاداری داھاتوو، ھەموو ژمێرە کۆتاییەکانی لەگەڵ بەغداد پاکتاو بکات، ئەگەرنا بەغداد لەمەودوا ٢٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان ناکات.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە ٨ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی ٢٠٢٢، بڕیاردراوە، وەزارەتی دارایی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانوونی دووەم خەرج بکات، دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش بە ھەماھەنگی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم تا ١ی ئاداری ٢٠٢٢ وردبینی داتاکانی تایبەت بە داھاتە دەستکەوتووە نانەوتییەکان دەکات.
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ھەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، بە دەنگی ٥٥٥ پەرلەمانتار پڕۆژەبڕیاری حکومەتی وڵاتەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزە مەشقپێکەرەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تا ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پەسەندکرد .
بەپێی بڕیارەکەش ژمارەی سەربازەکانی ئەڵمانیا تا ٥٠٠ سەرباز سنوردار کراوە، بەپێی بڕیارەکە ئەو سەربازانە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، مەشق و راھێنان بە سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.
سەرچاوە سیاسییەکان بڵاویانکردوەتەوە، سەدر ئێوارەی چوارشەممە لە "نەجەف"ەوە گەیشتوەتە بەغداد و لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و لایەنی سیاسی تر لەسەر پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەردانی سەدر بۆ بەغداد چەند سەعاتێک دوای راگەیەندراوی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ھات، کە تێیدا ھۆشدارییان دابوو لە پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی لە حکومەتی داھاتوو، راشیانگەیاندبوو کە بژاردەی بوون ئۆپۆزسیۆن بوون و بایکۆت کردنی پڕۆسەی سیاسییان لە بەردەمدایە.