حەکیم لە وتاری نوێژی جەژن دەستپێشخەرییەکی بۆ چارەسەری چەقبەستویی پرۆسەی سیاسی و پێکھێنانی حکومەتی نوێ راگەیاند و جەختیکردەوە لەسەر بەھێزکردنی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن لە ئەنجومەنی نوێنەران و دروستکردنی ھاوسەنگی لەنێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و بەکرۆکی سیستمی پەرلەمانی ناویبرد.
حەکیم راشیگەیاند، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێکی بەھێز لەناو ئەنجومەنی نوێنەراندا نەبێت ناڕەزاییەکان دەگوازرێنەوە بۆ شەقام و دروستبوونی پشێوی. وتیشی، کشانەوەی موقتەدا سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران واتای ئەوەنیە لە گۆڕەپانی سیاسی کشاوەتەوە.
ھەروەھا حەکیم بە پێویستی زانی پەلە بکرێت لە پێکھێنانی حکومەتێکی نیشتمانی خزمەتگوزار کە لە ئاست کێشەکاندا بێت بەتایبەت کێشە ئابورییەکان، وتیشی، پێویست ناکات گۆڕانکاری گەورە لە حکومەتی ئێستادا بکرێت لەبەرئەوەی گۆڕانکاری ریشەیی کاتی زیاتری دەوێت.
سەرۆکی رەوتی حیکمە، داواشی لە لایەنە کوردییەکان کرد پەلە بکەن لە یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار بەو پێیەی سەرۆک کۆمار سەمامی ئەمان و پارێزەری دەستورە.
رونیشیکردەوە، ئەنجومەنی فیدراڵی وەک ئەوەی لەدەستوردا ھاتووە کارابکرێت و لەماوەیەکی دیاریکراویشدا یاسا چارەنوسسازەکان بەتایبەت یاسای نەوت و غاز پەسەند بکرێت لە پێناو داڕشتنی سیاسەتێکی ھاوبەش لەنێوان ھەرێم و عێراق بۆ دۆسیەی نەوت و غاز.
تەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، بەپێی یاسای ئاسایشی خۆراک، پارەی پێویستیان بەدەستگەیشتووە کە بەشی کڕینی گەنمی سێ مانگی ساڵی داھاتوو دەکات.
دەشڵێت، لەو چوارچێوەیەدا لەدوای پشووەکانی جەژن دەرگای کەمکردنەوەی ئاشکرا بۆ کڕینی ملیۆن و نیوێک تۆن گەنم دەکەنەوە، بە مەبەستی گەرەنتییکردنی پێداویستییەکانی مانگەکانی سەرەتای ساڵی داھاتوو.
ئەوەش لەکاتێکدایە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، عێراق بۆ ساڵی داھاتوو ھاوردەی گەنمی بە ڕێژەی ١٠٠٪ زیاد بکات.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا ھاوردەی عێراق لە بەرھەمی گەنم بگاتە سێ ملیۆن تۆن، لە کاتێکدا لە ٢٠٢١دا ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار تۆن ھاوردە کراوە.
فاو پێشبینیشی کردووە، بەرھەمی گەنمی وەرزی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن، بەڵام پێشبینیش ناکرێت عێراق ئەمساڵ ھیچ بڕە بەرھەمێکی جۆ ھاوردە بکات، لە کاتێکدا کە بەرھەمی ئەمساڵی جۆ زیاترە لە ٥٠٠ ھەزار تۆن.
قەیس خەزعەلی لەوتاری نوێژی جەژنی قوربان رایگەیاند، دوای کشانەوەی رەوتی سەدر ئەوەی روویداوە، پێکھێنانی حکومەت دواناخات و دەرفەتێکی راستەقینە ھەیە بۆ پێکھێنانی حکومەت لەدوای جەژنی قوربان.
وتیشی، ناکۆکییەکی قوڵی کوردی - کوردیھەیە لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەو ناکۆکییەش زۆر قوڵترە لەو ناکۆکییەی لەنێوان لایەنەکانی شیعەدا ھەیە، چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ کۆبوونەوەی ھەموو لایەنە کوردییەکانە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک کۆمار.
رونیشیکردەوە، زۆر چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکەن.
بەوتەی ئەمینداری بزوتنەوەی عەسائیبی ئەھلی حەق، کێشەیەکی راستەقینە لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکاندا نیە بۆ یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیران و یەکلاکردنەوەکەی دواناکەوێت، ھەروەک بەدووری نەزانی کاندیدی سەرۆک وەزیران پێش کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلابکرێتەوە.
جەختیشیکردەوە، ھێزەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی بەھەموو شێوەیەک مانەوەی حکومەتی کاربەڕێکەر رەتدەکەنەوە.
عەمار خەڵەف جێگری بانکی ناوەندی عێراق ڕایگەیاند، گۆڕینی بەھای فرۆش لەچوارچێوەی سیاسەتی دراوی و لە تایبەتمەندییەکانی بانکی ناوەندییە، ھەر کاتێک بە پێویستی بزانێت بیر لە گۆڕینی بەھای فرۆشدەکاتەوە، بەڵام لەئێستادا ھیچ پاساوێک نیە بۆ گۆڕینی بەھای فرۆش.
ڕونیشیکردەوە، دۆخی ئابوری بڕیاردەری سەرەکییە و تاکو سێ بۆ پێنج ساڵی تریش ھیچ پلانێک نیە بۆ گۆڕینی بەھای فرۆش.
ژمارەیەک لە سەرکردەکانی شیعە لە پەیامەکانیاندا بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە، ھەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە رەوشی سیاسی و پرسی پێکھێنانی حکومەت ڕاگەیاند و عەمار حەکیم لە دەستپێشخەرییەکی تردا داوایکرد حکومەتێکی نیشتمانی لەلایەن ھاوپەیمانێتییەکی نیشتمانییەوە پێکبھێنرێت، داواشی لە کورد کرد کاندیدی سەرۆک کۆمار یەکلابکاتەوە، ھاوکات قەیس خەزعەلییش رایگەیاند، زۆر چاوەڕێی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییەکانی کورد لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار ناکەن.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، کازمی بۆ کردنەوەی چەند پڕۆژەیەک گەیشتە شاری موسڵ و لە کۆبوونەوەیەکیشدا لەگەڵ لێپرسراوانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان رایگەیاند، حکومەتەکەی بەوە جیادەکرێتەوە کە خزمەتگوزارە و ھەوڵیداوە بە ھەموو توانایەکەوە کار بکات بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکان.
وتیشی، دەبێت چاکسازی بکرێت لە سیستمی ئیداری و چاکسازی ھەمیشە لەسەرەوەی ھەرەمەکە نایەت بەڵکو دەبێت لە خوارەوە بەرەو ئاستە باڵاکان بڕوات، داواشی کرد ئاسانکاری بکەن لە بەردەم ئەو ئاستەنگانەی روبەڕووی ھاووڵاتیان دەبێتەوە.
کازمی ئاماژەی بەوەشدا، بە بەھێزییەوە بەردەوام دەبن تا کۆتا رۆژی تەمەنی حکومەتەکەی بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتیان و نیشتمان.
بیلال سوبحی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ڕووبەڕووبوونەوەی مادە ھۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایگەیاند، لە شەش مانگی ڕابردوودا ھەشت ھەزار و ٢٠٠ کەس بەتۆمەتی بەکارھێنان و بازرگانیکردن بە مادە ھۆشبەرەکان دەستگیرکراون کە لەناویاندا ٢٠٠ ژن و ٢٠٠ نەوجەوانی کوڕ و کچ ھەبووە.
وتیشی، زۆرترین ڕێژەی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر لەناو پیاواندایە و ئەو ڕێژەیەی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەرە کە لەناو ژناندا تۆمارکراوە ئاماژەیەکی مەترسیدارە.
بەوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق مادەی ھۆشبەری جۆری کریستاڵ و حەشیش زیاتر بڵاوبووەتەوە، ھاوکات حەبی کبتاجۆن لە پارێزگاکانی خۆرئاوا و باکور بەکارھێنانی زۆرە.
لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق ئاشکرایکرد، لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی ھەرێمی کوردستان ھەموو ھەوڵەکان دەخرێنەگەر بۆ پاراستنی ناوچەسنوریەکان.
وتیشی، سەرکەوتوو بوون لە ئۆپەراسیۆنەکانی دەستگیرکردن و کوشتنی سەرکردەکانی تیرۆریستانی داعش.
یەحیا ڕەسوڵ ئاماژەی بەوەشکرد، ھەماھەنگیەکی تەواویان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و ھێزەکانی پێشمەرگە و دەزگا ھەواڵگیریەکانی ھەیە سەبارەت بە پلانی ڕۆژانی جەژن.
سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانێت بۆ ئاڕاستەکردنی بانگەوازێکی ڕاستگۆیانە لە پێناو تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان بە جۆرێک بەرژەوەندی گەلی عێراق و ئاسایش و خۆشگوزەرانی خەڵک بکرێتە خەمی سەرەتا و کۆتایی، ئەمەش لە پێناو گەیشتن بە کرانەوەیەکی نزیکی ئەو بنبەستە سیاسییەی ئێستا ھەیە، بۆ ئەوەی خێر و خۆشی و شکۆمەندی لە وڵات بەدی بێت.
"قوسەی حەسناوی" بەڕێوەبەری نوسینگەی تەندروستی گشتی لە بەری کەرخ رایگەیاند، حاڵەتەکانی توشبوون بە ھاری سەگ لە مساڵدا لە بەغداد بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە و ٩٠٠ حاڵەت تۆمار کراون.
وتیشی, ھەر کەسێک تووشی ئەو نەخۆشییە بێت نزیکەی ٤ بۆ ٥ دۆز ڤاکسینی پێدەدرێت، بەڵام بڕی ڤاکسین بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە زۆر کەمە.
ئەو لێپرسراوە تەندروستییە دەشڵێت، نزیکەی ١٥٠ ھەزار بۆ ٢٠٠ ھەزار سەگ لە شەقامەکانی بەغداد بوونیان ھەیە، نزیکەی ١٢ ھەزاریشیان لەناوبراون، بەڵام ھێشتا مەترسییەکانیان بەردەوامە.
دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە ڕۆژانی جەژن شەپۆلێکی خۆڵبارین ڕوو لە پارێزگاکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق بکات. لای خۆیەوە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی ھەرێم ئاشکرایکردووە، سبەینێ ئاسمانی ھەرێم ساماڵ دەبێت و پەلەکانی گەرما بەڕێژەی ١ بۆ ٢ پلە بەبەراورد بە رۆژانی پێشتر بەرزببێتەوە
لە بەیاننامەیەکی وەزارەتەکەدا ھاتووە، عێراق ساڵانێکی زۆرە مامەڵەی کڕینی گەنمی لەگەڵ ئۆکراین و روسیا نەکردووە، گرێبەستەکانی ھاوردەی گەنمی لەگەڵ ئوسترالیا وکەنەدا و ئەڵمانیا ئیمزاکراوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکە، وەزارەتی بازرگانی جەختیی لەوە کردۆتەوە "ھەوڵدەدەن دۆسیەی شایستەییەکانی جووتیاران بۆ ساڵانی ڕابردوو، بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکەن.
ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینی دەکات، عێراق بۆ ساڵی داھاتوو ھاوردەی گەنمی بە ڕێژەی ١٠٠٪ زیاد بکات.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا ھاوردەی عێراق لە بەرھەمی گەنم بگاتە سێ ملیۆن تۆن، لە کاتێکدا لە ٢٠٢١دا ملیۆنێک و ٥٠٠ ھەزار تۆن ھاوردە کراوە.
فاو پێشبینیشی کردووە، بەرھەمی گەنمی وەرزی ئەمساڵ بگاتە چوار ملیۆن تۆن، بەڵام پێشبینیش ناکرێت عێراق ئەمساڵ ھیچ بڕە بەرھەمێکی جۆ ھاوردە بکات، لە کاتێکدا کە بەرھەمی ئەمساڵی جۆ زیاترە لە ٥٠٠ ھەزار تۆن.
بە پێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ٢٤ سەعاتی ڕابردوودا ٤٧٧٤ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا لە سەرتاسەری عێراق تۆمارکراوە کە ٨٥٧ حاڵەتیان لە ھەرێمی کوردستان بوون و چوار تووشبووش گیانیان لە دەستداوە کە یەکێکیان لە ھەولێر بووە.
ئەحمەد عیساوی ئەندامی رەوتی حیکمە رایگەیاند، دانوستانە سیاسییەکان بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێ بەردەوامە و دوای پشووی جەژنی قوربان دانوستانەکان زیاتریش دەبن ، وتیشی پێویستە حکومەتی داھاتوو حکومەتێک بێت کە کێشەکان چارەسەر بکات و لە رێی سەرۆک وەزیرانێکی پیشەییەوە حکومەتێکی خزمەتگوزار پێکبھێنرێت، لەلایەکی تریشەوە عومەر سامەرائی ئەندامی رەوتی حیکمە رایگەیاندووە ، چوارچێوەی ھەماھەنگی توانای ھەیە حکومەتێکی بەھێز پێکبھێنێت بەڵام ئەگەر لە حکومەتدا شکست بھێنێـت زەبرێکی توندی بەر دەکەوێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە کە تا ئێستا ھیچ ناوێک بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران نەخراوەتەروو ، بە وتەی ئەو ئەندامی رەوتی حیکمە ، لە ئێستادا چوارچێوەی ھەماھەنگی خاوەنی ١٧٠ کورسیی ئەنجومەنی نوێنەرانە ، دەشڵێت رەوتی حیکمە بەشداری حکومەت ناکات بەڵام مانەوەی لەناو چوارچێوەی ھەماھەنگیدا بۆ یەکریزی و کۆکردنەوەی لایەنە شیعەکانە .
سەرایا سەلام لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە ئەندامانی کردووە لە ئامادەباشی تەواودا بن بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ھەر ڕووداوێکی بەپەلە و نەخوازراو. لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ھیچ ڕوونکردنەوەیەکیان نەداوە لە ھۆکاری داواکەیان لە ئەندامانیان.
پێشتریش "موقتەدا سەدر" ڕێبەری ڕەوتی سەدر ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگەی دیاری کردبوو بۆ ئەنجامدانی نوێژی یەکگرتوو و بەکۆمەڵ لە مەدینە سەدری بەغداد.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە چەندین کەسایەتی سەرپەرشتی ئەو نوێژە دەکەن کە لە نێویاندا "حاکم زاملی" جێگری پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەیە.
محەمەد سەھیود پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا ئاشکرایکرد، دوای جەژنی قوربان کۆنگرەیەک بۆ پەرلەمانتارانی سەرجەم کوتلەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ رێکدەخرێت و ھەر کاندیدێک دەنگی زۆرینەی پەرلەمانتارانی ئامادەبووی کۆنگرەکە بەدەستبھێنێت دەبێتە کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.
وتیشی، نوری مالکی سەرۆکی ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا یەکێک دەبێت لە کاندیدە سەرەکییەکان لەبەرئەوەی دوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا بۆتە خاوەنی زۆرترین کورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران.
بە وتەی پەرلەمانتارەکەی دەوڵەتی یاسا، خواستێکی زۆر لای کوتلە سیاسییەکان ھەیە بۆ ئەوەی نوری مالکی سەرکردایەتی قۆناغی داھاتوو بکات، بەو پێیەی توانای ھەیە زۆرینەی قەیرانەکان تێپەڕێنێت.