مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییھاتنی سەردەمی ناوچەی سەوزی بەغدادی ڕاگەیاند کە ئەمریکییەکان ساڵی ٢٠٠٣ دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق دایانمەزراند.
کازمی لە میانی سەردانێکی بۆ ئەمینداریەتی بەغداد، بەڵێنیدا کە ناوچەی سەوز بگەڕێندرێتەوە دۆخی جارانی ھاوشێوەی تەواوی ناوچەکانی تری بەغداد و ڕایگەیاند، دەبێت چەمکی ناوچەی سەوز بگەڕێتەوە بۆ ڕابردووی و بە ناوی گەڕەکە ڕەسەنەکانیەوە ناو ببرێت.
کازمی یەکەم سەرۆک وەزیران نییە کە ھەڵوێستی لەسەر ناوچەی سەوز ھەبێت، بەڵکو پێشتریش عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ھەوڵیدا ئەو دۆسیەیە بجوڵێنێت، بەڵام لەلایەن ئەمریکا و چەند ھێزێکی سیاسی عێراقییەوە دژایەتی کرا.
"محەمەد بەحر ئەلعلوم" نوێنەری عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لەسەربوونی سەربازیی تورکیا لەناو خاکی عێراق، لە ئەنجومەنی ئاسایش سکاڵایان لە دژی ئەنقەرە تۆمارکردووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھەبوونی گەریلاکانی "پەکەکە" لەناو خاکی عێراق پاساو نییە بۆ ئەوەی تورکیا ھێزەکانی لە عێراق نەکێشێتەوە.
جەختی لەوەشکردووەتەوە، دەبێت خاکی عێراق بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی نێوان ھێزەکان و بەدیھێنانی ئامانجە سیاسییەکان بە پاساوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکارنەھێنرێت.
ھەروەھا بڕیارە ئەو وەزارەتانە پێشنیازی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی وشکە ساڵی و کاریگەرییەکانی پڕۆسەی بە بیابان بوون پێشکەش بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە بە پێی ڕاپۆرتێکی ئەنجومەنی ھەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا، عێراق بەھۆی گۆڕانی کەشوھەواوە، دەبێتە جێگەی ململانێی ناوخۆیی و ناسەقامگیری و داڕووخانی ژێرخانی ئابووری و کەرتی تەندروستی و بڵاوبوونەوەی پەتا.
عەلی تورکی جەمالی ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئەنجومەنی نوێنەران سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی حکومەتەکەی کازمی دەکاتەوە.
ئەندامەکەی لیژنەی دەستپاکی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، پێشێلکاری زۆر و بە ھەدەردانی پارەی گشتی و چەندین گەندەڵی تر ھەن و لە ڕێی چەندین گرێبەستەوە ھەوڵ دراوە سامانی عێراقییەکان بە ھەدەر بدرێت، ھەر بۆیە لیژنەکەیان بە نیازە لە ڕۆژانی داھاتوودا سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی وەزارەتی بازرگانی بکاتەوە و لە داھاتووشدا لە ئەنجومەنی نوێنەران سەرجەم دۆسیەکانی گەندەڵی حکومەتەکەی کازمی دەکرێتەوە.
کەشناسی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، لە ڕۆژانی یەکشەممە و دوو شەممەی ھەفتەی داھاتوو، شەپۆلێکی خۆڵبارین لە رۆژئاواوە ڕوو لە عێراق دەکات.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی کەشناسی عێراق، مەودای بینین لە ھەندێک ناوچە بۆ کەمتر لە ٥٠٠ مەتر کەمدەبێتەوە و ئەوەش بەھۆی پاڵەپەستۆی ھەوا لە نیمچە دوورگەی عەرەبیەوە.
کەشناسی عێراق دەشڵێت، شەپۆلی خۆڵبارین ڕوو دەکات لە ناوچەکانی (بەغداد، ئەنبار، سەڵاحەدین، موسڵ، ھەولێر، کەرکووک، سلێمانی، دیالە، کەربەلا، نەجەف، ناسریە، سەماوە).
کەشناسی عێراق داوا لە هاوڵاتییانیش دەکات بەهۆی چڕی خۆڵبارین لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە تەنیا بۆ کاری پێویست نەبێت، داواش دەکات لەکاتی چوونە دەرەوە بۆ کاری پێویست دەمامک بەکار بهێنن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق، نوسراوێکی ئاڕاستەی سەرجەم پارێزگاکان کردووە و دەڵێت، ھاریی نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە و لە رێگەی گازی سەگەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە و ئەگەر رێکاری پێویست و چارەسەرکردنی ئەو کەسانەی گازیانلێگیراوە نەگیرێتبەر، ئەگەری رێژەی گیان لە دەستدان بە نەخۆشیەکە دەگاتە ١٠٠%.
وەزارەتی تەندروستی دەشڵێت، بەھۆی زیادبونی سەگ لە شەقامەکان و شوێنی نیشتەجێبونی ھاوڵاتیان، حاڵەتەکانی گازگرتن زیادیانکردووە کە ئەوەش جێگەی نیگەرانی و مەترسییە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق دەشڵێت، پێویستە بۆ سنوردارکردن و رێگریکردن لە بڵاوبونەوەی نەخۆشیەکە، پارێزگاکان ھەڵمەتی قڕکردنی سەگە بێلانەکان دەستپێبکەن.
کازمی لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕینی حەوت مانگ بەسەر ھەڵبژاردنەکان ھێشتا نەتوانراوە حکومەتی نوێ پێکبھێنرێت و لە ئێستاشدا ھەندێک لایەن لە بری ھەوڵی دەرچوون لەم چەبەستووییە، دەیانەوێت ڕێگری بۆ حکومەتی ئێستا دروستبکەن و کارەکانی پەکبخەن.
کازمی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتەکەی توانی ھەڵبژاردنێکی پاک بەڕێوەببات و ئابووری وڵاتیش لە داڕوخان بپارێزێت و بڕی یەدەگی وڵاتیش بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبکاتەوە. وتیشی، لە ڕابردوودا ھاوڵاتیانیان بەجێنەھێشتووە و لە داھاتووشدا پشت لە ھاوڵاتیان ناکەن.
"پلاسخارت" لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باسی ڕەوشی عێراق و ھەرێمی کوردستان و ھێرشە مووشەکییەکان و خۆڵبارینی کرد و داوای لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق کرد کۆتایی بە قەیرانی سیاسی بھێنن کە زیاتر لە ٧ مانگە بەردەوامە، بەڵام لایەنە سیاسییەکان ھیچ نیەتێکیان نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئامادەی سازش نین. وتیشی، میکانیزمێک نییە بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان بەغداد و ھەرێم.
"پلاسخارت" وتیشی، ئێستا کاتی گۆڕانکارییە لە عێراق و دەبێت سەرکردە سیاسییەکان ھەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن، ھۆشداریشیدا لە گەڕانەوەی توڕەیی خەڵک و خۆپیشاندانەکان ھاوشێوەی ساڵی ٢٠١٨، چونکە پێداویستی سەرەکی گەل لە عێراق زۆر بە ئاشکرا پشتگوێ دەخرێت.
"پلاسخارت" جەختیشی کردەوە لەوەی وڵاتانی دراوسێ سەروەری و ئەمنییەتی خاکی عێراق پێشێل دەکەن و دیپلۆماسییەتی بەکارھێنانی مووشەک، کردەوەیەکی دروست نییە.
سەبارەت بە شەپۆلی خۆڵبارینیش "پلاسخارت" وتی، بە بیابانبوون لە عێراق جێی نیگەرانییە و بەھۆیەوە شەپۆلی خۆڵبارین بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو زۆر زیادیکردووە.
وەزیری ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، نەبوونی سەوزایی و دەستدرێژی بۆ سەر ناوچە سەوزاییەکان، ھۆکارن بۆ زیادبوونی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوھەوا.
وتیشی، بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا لە پێشینەی کارەکانی حکومەتە و بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتیش بۆ ڕێگرتن لە گۆڕینی زەوی کشتوکاڵی بۆ نیشتەجێبوون یان وەبەرھێنان، بۆ ڕاگرتنی کەمکردنەوەی ڕووبەری سەوزاییە لە وڵات.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زنجیرەیەک شەپۆلی یەک لە دوای یەکی خۆڵبارین عێراق و ھەرێمی کوردستانیان گرتەوە و بەھۆیانەوە ھەزاران کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کران، لە شاری بەغدادیش کەسێک بەھۆی کاریگەرییەکانی خۆڵبارینەوە گیانی لە دەستدا.
نوێنەری ڕووسیا ڕاشیگەیاند، بەردەوام دەبن لە بەشدارییکردن لە بەھێزکردنی توانا جەنگییەکانی ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، پێش ھەر شتێک لە ڕێگەی پەرەپێدانی ھەماھەنگییە سەربازییەکانی نێوان بەغداد و مۆسکۆ.
وتیشی، ڕووسیا و بەغداد لەمێژە ھاریکاریی ھەیە لە نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و گروپە تیرۆریستییەکانی تر لە عێراق و سوریا و تەنھا لە ڕێگەی فراوانکردنی ھەماھەنگییەکانیانەوە دەتوانن بەرەنگاری تیرۆر ببنەوە، کە ناوەندی ڕاگەیاندنی چوار قۆڵی "ڕووسیا و عێراق و ئێران و سوریا"ش لە بەغداد، ڕۆڵی گرنگی ھەبووە، لە ھەماھەنگیی پلانەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکە.
د. بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە ١٨ی ئایاری ٢٠٢٢ لە کۆشکی سەلام لەبەغداد پێشوازیکرد لە ماتیو تۆلەر، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق بەبۆنەی کۆتایی ھاتنی ئەرکەکانی.
لەمیانی دیدارەکەدا د. بەرھەم ساڵح ستایشی ھەوڵەکانی باڵیۆزی ئەمریکای کرد لەماوەی کارکردنی لە عێراق لەپێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لەئەرکەکانی داھاتوویدا، ھەروەھا جەختیکردەوە لە بەھێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە سەرجەم بوارەکان بۆ ئاستێکی بەرزتر، بەجۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا سوپاسی سەرۆک کۆماری عێراق کرد و پابەندبوونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و پتەوکردنی پەیوەندییە ھاوبەشەکان لەبوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
دوا پێشھاتی سیاسی عێراق، ھۆشدارییەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر بوو، کاتێک بژاردەی ئۆپۆزسیۆن بوونی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی بوار بدرێتەوە بە چوارچێوەی ھەماھەنگی حکومەتی نوێ پێکبھێنن.
ناکۆکی و ھەڵوێستە توندەکانی نێوان ڕەوتی سەدر و چوارچێوەی ھەماھەنگی، خەریکە دەگاتە ئاستی ئێسک شکاندن، لە کاتێکدا بە گشتی ڕەوشی سیاسی ئاڵۆزە و وڵات بێ بودجەیە و مەترسی بۆشایی سیاسی و یاسایی لە ئارادایە.
چاودێرانی سیاسی و بەشێک لە پەرلەمانتاران بژاردەی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بەیەکێک لە ئەگەرەکان دەزانن، ئەگەر ھاتوو لایەنە سیاسییەکان نەگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی سەبارەت بە پێکھێنانی حکومەت.
دەستوری عێراق بە ڕاشکاوی ئاماژەی کردووە بە چۆنێتی ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، کە تیایدا ھاتووە، ئەنجومەنی نوێنەران بە دەنگی زۆرینەی ڕەھای ئەندامەکانی لە دوو حاڵەتدا ھەڵدەوەشێتەوە، یان لەسەر داوای دوو لەسەر سێ ئەندامەکانی، یان بە داوایەکی سەرۆک وەزیران و ڕەزامەندی سەرۆک کۆمار.
بەشێک لە ھێزە سیاسییەکان پێیان وایە لەبەر ئەوەی تا ئێستا ئەنجومەنی نوێنەران نەیتوانیوە زۆرینەی پەرلەمانی کۆبکاتەوە و ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تێپەڕێندرێت، بۆیە لە ئێستادا بژاردەی ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنەکە ئەگەرێکی دوورە.
لە ئێستاشدا چاودێرانی ڕەوشی عێراق لە چاوەڕوانی بژاردەی داھاتووی موقتەدا سەدرن، کە بەڵێنی داوە ھەڵوێستنی دیکەی ھەبێت، ئەگەر ھاتوو ھێزەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی نەیانتوانی حکومەتی نوێ پێکبھێنن.
ھەندێک پێیان وایە، چاوەڕواندەکرێت سەدر لە کۆتاییدا پەنا بۆ چارەسەری تەوافوقی بەرێت، وەک ئاسانترین ڕێگە بۆ تێپەڕاندنی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو، ئەگەر بۆی دەرکەوت ھێزەکانی ناو چوارچێوەی ھەماھەنگی دژایەتی ناکەن لە دەستنیشانکردنی سەرۆکی حکومەت.
مەترسی ئەوەش ھەیە، ئەگەر زۆرینەی ھێزە سیاسییەکان قسەیان نەبێت لەسەر دەستنیشانکردنی حکومەتی داھاتوو، جارێکی دیکە ڕەوشی ئەمنی و سیاسی عێراق ئاڵۆز ببێتەوە و حکومەت سەرکەوتوو نەبێت و ناچار بە دەستلەکار کێشانەوە بکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە لە ھەر یەکە لە پارێزگاکانی بەسڕە، زیقار، واست، موسەننا و ئەنبار، بەھۆی بەردەوامی شەپۆل و کاریگەرییەکانی خۆڵبارین، پشووی ڕەسمی ڕاگەیاندرا، لە بەغداد و کەربەلا و بابلیش لە خوێندنگەکان کرایە پشوو، لە پارێزگای نەجەف و سەڵاحەدینیش تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆ بۆ ڕۆژی چوارشەممە دواخران.
ھاوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی مەترسیەکانی خۆڵبارینەوە، تاقیکردنەوەکانی ئەمڕۆیان لە سەرجەم پەیمانگە و زانکۆ حکومی و ناحکومییەکان دواخستووە.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی کەربەلاش لە بارەی ئەو کەسانەی بەھۆی خۆڵبارینەوە تەنگەنەفەس بوون ڕایگەیاند، ٢٩٨ کەس ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون، کە ٥٨ کەسیان منداڵن.
لەبارەی بەردەوامی شەپۆلی خۆڵبارین، عامر جابری بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەستی کەشناسیی عێراق ڕایگەیاند، خۆڵبارین قۆناغ بە قۆناغ لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە کەم دەبێتەوە.
چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعە، ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای پاڵپشتی لە ئاسایشی خۆراک و دواین پەیامی موقتەدا سەدر بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، وەزیری دارایی لە بەردەم لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران، پێشنیازی پڕۆژە یاسای لە ناکاوی بۆ ئاسایشی خۆراکی کرد، بەڵام شۆکبوون کاتێک حکومەتی کاربەڕێکەر، پڕۆژە یاسایەکی بە زیاتر لە ٣٠ ترلیۆن دینارەوە ڕەوانە کرد، کە دامەزراندن یان پشتیوانی کۆمەڵایەتی لەخۆناگرێت و وەک جێگرەوەیە بۆ یاسای بودجە و خۆلادانی حکومەتە لە جێبەجێکردنی بریاری دادگای فیدڕاڵی لە بارەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
لەبارەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییش بۆ ھەڵوەشاندنەوەی پڕۆژە یاسای پاڵپشتی لە ئاسایشی خۆراک، ئاماژەیان بەوەکرد، حکومەتی کاربەڕێکەری ڕۆژانە، دەسەڵاتی پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسای نییە و ئەوان ڕێز لە بڕیارەکانی دادگا دەگرن.
چوارچێوەی ھەماھەنگی، لەبارەی پڕۆسەی سیاسیەوە ڕایگەیاند، ھەڵچوون و لێدوانی گرژ، کێشەکان چارەسەر ناکەن و خزمەت بە ھاووڵاتیان ناکەن.
ڕاشیگەیاند، ئەوان پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکەی پەرلەمانتارە سەربەخۆکان دەکەن و ئامادەن کاندیدی ئەوان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بە پێی مەرجەکان، پەسەند بکەن، داواشی لە ھەموو لایەنە سیاسیەکان کرد، دەستبەرداری سیاسیەتی قۆرخکاری و تاکڕەوی لە دەسەڵات ببن و پێشوازی لە دەستپێشخەری سەربەخۆکان بۆ کۆتاییھێنان بە چەقبەستوویی سیاسی بکەن.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق یونامی لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت دەبێت بە ڕەوشی عێراق و تێیدا دوایین پێشھاتە ئەمنی و سیاسیەکانی وڵاتەکە تاوتوێ دەکرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، جینین بلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق ڕاپۆرتێک لەبارەی دوایین پێشھاتەکانی عێراق و کاری نێردەکە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش دەخاتەڕوو.
دەزگاکە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، لە ساڵی ڕابردوودا بڕی ٨١ ھەزار و ٣٤ تۆن ماسی فرۆشراوە، لەو بڕەش ٦٤ ھەزار و٧٩٦ تۆنی لە بەرھەمی کێڵگە ناوخۆییەکانی بەرھەمھێنانی ماسی بووە.
وەک لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە بەشێک لەو بڕە ماسیە فرۆشراوە بەرھەمی ڕوبارەکان بووە بە تایبەت لە پارێزگای بەسرە، کە توانراوە زیاتر لە دوو ھەزار تۆنی لێ بەدەست بھێندرێت.
بەگوێرەی سەرژمێری دەزگاکە لە ساڵی ٢٠٢١دا لە نزیکەی ٣٨٠٠ کێڵگەی بەرھەمھێنانی ماسی ماسی بۆ فرۆشت بەرھەمھێنراوە و نزیکەی ١٢ کێڵگەی نوێش لە قۆناغی جێبەجێکردندایە.
لە ماوەی ڕابردوودا بەھۆی گرانبوونی گۆشتی ئاژەڵەوە، بەشێک لە ھاوڵاتیان ڕوویانکردووەتە کڕین و خواردنی گۆشتی ماسی.