لەبارەی ناوەڕۆکی دەستپێشخەرییەکەی سەدریشەوە ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکردووە، دەستپێشخەرییەکە بەشێوەیەکە حکومەتی نوێی عێراق پێکبھێنرێت، بەڵام بەو مەرجەی رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر و ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی بەھیچ شێوەیەک بەشداری لەو حکومەتەدا نەکەن.
وتیشی، سەدر پێش بڵاوکردنەوەی دەستپێشخەرییەکەی بە شێوەیەکی رەسمی، چوارچێوەی ھەماھەنگی ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام تائێستا وەڵامی سەدریان نەداوەتەوە کە رازی دەبن ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی بکرێتە دەرەوەی حکومەتی نوێ یان نا.
حاتەم حەمید وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی عێراق رایگەیاند، ماوەی ١٠ ساڵە حکومەتی عێراق بەرەسمی ناڕەزایی گەیاندووەتە تورکیا لە بەرامبەر دروستکردنی بەنداوی جیزرە لە سەر روباری دجلە، بەڵام حکومەتی ئەنقەرە بەھیچ شێوەیەک گوێی بە ناڕەزایی و داواکارییەکانی حکومەتی عێراقی پشتگوێخستووە و کارەکانی دروستکردنی ئەو بەنداوەش بەردەوامە و بەشێکی زۆریشی تەواو بووە.
وتیشی، ئەگەر ئەو بەنداوەی تورکیا لەسەر روباری دیجلە تەواو ببێت، بەردانەوەی بەشەئاوی عێراق لە لایەن ئەو وڵاتەوە بە رێژەی ٥٦% کەمدەبێتەوە و ئەوەش ھێندەی تر کێشەکانی عێراق لە بواری کەمئاوی قورستر دەکات.
دەقی پەیامەکە...
لەم بۆنە مەزنەدا، یادی رووداوی (الگف) دەکەینەوە، کە ئیمام حسێن سڵاوی خودای لێبێت باوکی ئازادیخوازان راپەڕی دژی ستەمکاران، ھاوخەمی قووڵی خۆم ئاڕاستەی گەلی عێراق و گشت موسڵمانان و مەرجەعی باڵا لە نەجەف دەکەم.
داستانی عاشوورا، کات و شوێن و سنوورەکانی تێپەڕاند و بووە نموونەیەک نەک تەنھا بۆ پێکھاتە و نەتەوەیەک بەڵکو بۆ ھەموو مرۆڤایەتی، لەپێناو ھێنانەئاراوەی دادپەروەری و بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری، ھەرچەندە باجەکەی قورس بوو، بەڵام قوربانیدانی ئیمام حسێن بووە ئامانجێک بۆ رووناکی و نوێبوونەوە بۆ رێگای ئازادی.
ئەمڕۆ لە ھەموو کات زیاتر پێویستمان بە چەسپاندنی بەھا و رەفتارە جوان و بەرزەکانی ئیمام حسێن-ە، بۆیە گرنگە یەکڕیز و یەکدەنگ و یەکھەڵوێست بین لە سێبەری نیشتمان بۆ چاکسازی و خزمەتکردنی خەڵکی خۆڕاگری عێراق کە شایستەی ھەموو خێر و خۆشییەکن، ھەروەھا پێویستە ھەوڵەکانمان یەکخەین بە ئاڕاستەی بنیاتنانی دەوڵەتێکی بەتوانا کە شایستەی عێراق و گەلەکەمان بێت، ھاوکات دووپاتدەکەینەوە وڵاتەکەمان پێویستی بە چاکسازی ریشەییە.
سڵاو لە رۆڵەکانی گەلەکەمان کە یادی عاشوورا دەکەنەوە، سڵاو لەو خۆبەخشانەی کە خزمەتی زیارەتکاران دەکەن، سڵاو بۆ ھێزە ئەمنییەکان.
خودا عێراق و گەلەکەی لە ھەموو خراپەیەک بپارێزێت، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان، بەخودای گەورە و میھربانتان دەسپێرم.
د. بەرھەم ساڵح
سەرۆک کۆماری عێراق
عەلی جەمالی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی و ئەندامی لیژنەی نەزاھە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەی نەزاھە کاری لەسەر دەیان دۆسیەی گەندەڵی کردووە، ھەندێک لەو دۆسییانە چەندین مانگ بەدواچوون و لێکۆڵینەوەی وردیان تێدا ئەنجامدراوە، بەڵام بەھۆی چوونە ناوەوەی خۆپیشاندەرانەوە بۆ ناو بینای ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەو دۆسییانە لەناوچوون یان ونکراون.
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەزاھە ئاماژەی بەوەشکردووە، جۆرێک لە پێشێلکاری کراوە لە ناو ئەنجوومەنی نوێنەران، پەیوەندیی ھەیە بە بڵاوکردنەوە و لەناوبردنی ئەو دۆسیە و کێشانە، بەو ھۆیەشەوە لیژنەکەیان پێویستی بەچەندین مانگ کارکردنی دیکە دەبێت بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ئەو دۆسییانەی گەندەڵی کۆبکرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان تێدا دەستپێبکاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی عێراق بڵاویکردەوە، لە یەکی کانوونی دووەم تا ١ی تەمموزی ئەمساڵ ٣٨٥٤ رووداوی ھاتووچۆ لەسەرتاسەری وڵات تۆمارکراون بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ژمارەی قوربانییەکان بدات، رووداوەکانیش بریتیبوون لە پێکدادان و وەرگەڕان و کردن بەژێرەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی رووداوەکانی ھاتووچۆ بەشێوەی ترسناک زیادیانکردووە و بوونەتە مایەی گیانلەدەستدانی دەیان ھاووڵاتی، ھۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ خێرایی و خراپی رێگەوبانەکان.
لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردەوە، لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا چوار ملیار و ٨٩٩ ملیۆن دینار وەک قەرەبووی بیمەکردن دراوە بە زیانلێکەوتوانی رووداوەکانی ھاتووچۆ.
بەپێی ئامارەکان لەساڵی رابردوودا ٤٦٦٦ رووداوی ھاتووچۆ لە عێراقدا تۆمارکراون و ١٥٥٢ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
مالکی لە وتەیەکدا لە یادی شەھیدکردنی ئیمام حسین رایگەیاند، عێراق وڵاتی پێکھاتەکانە و گەلەکەی لە مەزھەبەکان و نەتەوەکان پێکھاتووە و ناکرێت ئیرادەیەکی بەسەردا بسەپێنرێت، جگە لە ئیرادەی تەواوی گەل لە رێگەی دامەزراوە دەستورییەکانییەوە کە بریتییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران.
جەختیشیکردەوە، بەبێ دەستپێکردنەوەی دانیشتنە ئاساییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵناوەشێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەخت ناکرێت و گۆڕانکاریش لە سیستمی سیاسیدا ناکرێت.
"نەجم جبوری" پارێزگاری نەینەوا رایگەیاند، بەر لە کۆتایی ئەم ھەفتەیە یاخود سەرەتای ھەفتەی داھاتوو"کازمی" دەچێتە پارێزگای نەینەوا و بەردی بناغەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ دادەنێت، کە ئاواتی چەند ساڵەی دانیشتووانی شارەکەیە، وتیشی بە باشترین شێوە فڕۆکەخانەکە نۆژەن دەکرێتەوە و بەوەش دەتوانێت پێشوازی لە فڕۆکەی بارھەڵگر و فڕۆکەی زۆر گەورە بکات.
لە مانگی تەمووزی رابردووشدا، "کازمی" سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی کرد بۆ نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ، کە لە شەڕی داعشدا زیانی گەورەی بەرکەوتبوو.
بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا لە پارێزگای زیقار ئاشکرایکرد، بۆ رۆژی دووەم لەسەر یەک، کارەبای نیشتمانی لە چەند پارێزگایەکی باشووری عێراق بڕاوە، کە پارێزگای زیقاریشیان لەناودایە، ڕاشیگەیاند، تائێستا ھۆکاری بڕانی کارەبای نیشتمانی لە پارێزگاکەیان نازانن.
ھاوکات میدیا عێراقییەکان لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە بڵاویانکردەوە، کارەبا لە ھەر سێ پارێزگای بەسڕە و میسان و زیقار و بابل بڕاوە، ھۆکارەکەشیان بۆ گرفتی تەکنیکی گەڕاندووەتەوە.
ڕۆژی ھەینی ئەحمەد موسا وتەبێژی کارەبای عێراق، لەبارەی بڕانی کارەبای نیشتمانی ڕایگەیاند، بەھۆی فشار و گەرمای زۆرەوە، یەکێک لە سەنتەرەکانی گۆڕینی "١٣٢ کەی ڤی" وێستگەی کارەبای بەسڕە تەقیووەتەوە، ئەوەش بووەتەھۆی کوژانەوەی گشتی و بڕانی کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکانی باشوور.
محەمەد شەمەری، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، ھەڵبژاردنێکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ بوونی حکومەتێک کە دەسەڵاتی تەواوەتی ھەبێت، ناتوانرێت ئەنجام بدرێت، چونکە ئەنجامدانی پڕۆسەی ھەڵبژاردن بە حکومەتی کاربەڕێکەر ناکرێت، وتیشی، ئەنجامدانی ھەڵبژاردن پێویستی بە رێککەوتنی سیاسییە لە نێوان ھەموو ھێزە سیاسیەکان و ناکرێت بە تەنھا یەک لایەن پێشنیازی بکات.
چوارشەممەی ھەفتەی رابردوو موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، داوای کرد ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنێکی پێشوەخت ئەنجام بدرێت، ئەو داوایەشی کاردانەوەی لێکەوتەوە و زۆرینەی لایەنەکان بە مەرجی دروستکردنی کۆدەنگی و رێککەوتن پشتیوانی دەکەن.
"جومانە غەلای" وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆنەکەیان دەستەیەکی پیشەیی بێلایەنە و بڕیارەکانی تایبەت بە ھەڵبژاردن و راپرسییەکان جێبەجێ دەکات.
وتیشی، ئەنجومەنی کۆمیسیاران دەسەڵاتی باڵای ھەیە لە کۆمسیۆن و ئەوان بەرپرسن لە دیاریکردنی ئەو وادەیەی بۆ ھەڵبژاردن پێویستە، ئەوەش بە دانوستان لەگەڵ حکومەتدا، تا ئێستاش ھیچ بڕیارێک لە ئەنجومەنی کۆمسیارانەوە دەرنەچووە.
لەبارەی ڕوداوەکەوە ئیدریس حاجی عادل جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی ١٨ی ڕۆژھەڵاتی کەرکوک بەکوردسات نیوزی ڕاگەیاند ئەو ھێزەی چونەتە سەر گوندەکە سەر بەسوپای عیراقن و ھێزەکە ٦ بۆ٧ گەنجی گوندەکەیان دەستگیرکردوە کەھەموویان کوردن و پێ دەچێت زانیاری ناڕاست لەسەر ئەو گەنجانە درابێتە ھێزە عیراقیەکان
وتیشی وەکو مەڵبەندی ١٨ی ڕۆژھەڵاتی کەرکوک بەدواچونمان دەستپێکردوە بۆ ئازادکردنی گەنجەکان.
پەرلەمانتارانی پارێزگای بەسرە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکەن، ھۆشدارییان داوەتە حکومەت و ئەنجومەنی نوێنەران، ئەگەر داواکارییەکانیان تایبەت بە باشکردنی کارەبا لە پارێزگای بەسرە و تەرخانکردنی پترۆدۆلار بۆ ئەو پارێزگایە پشتگوێ بخرێن، بە رەسمی داوای بە ھەرێمبوونی پارێزگای بەسرە دەکەن.
لەلایەکی دیکەشەوە ١٢٧ پەرلەمانتار ئیمزایان کۆ کردووەتەوە و داوایان لە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران کردووە وادەی کۆبوونەوەیەک دیاری بکەن بۆ گفتوگۆ لەسەر سێ تەوەر کە یەکێکیان پرسی تەرخانکردنی پترۆدۆلارە بۆ پارێزگای بەسرە.
بەپێی راگەیەنراوێکی ھاوپەیمانی فەتح، رۆژانە لیژنەیەکی تایبەتی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەسەرۆکایەتی ھادی عامری بەردەوامە لە کۆبوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر کێشە و ئاڵۆزییەکان و کۆتایی ھێنان بە چەقبەستویی سیاسی و زۆربەی لایەنەکانیش پشتیوانی ئەو جۆرە گفتوگۆ و دانوستانانە دەکەن.
ھەندێک لایەنیش ھەن ھەڵوێستیان بەرامبەر دەستپێشخەرییەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی باش نییە، بەڵام ئامانج سەرەکی چوارچێوەی ھەماھەنگی پەراوێز نەخستنی ھیچ لایەنێکە لە پرۆسەی سیاسی عێراق.
لە راگەیەندراوێکی دیکەشدا چوارچێوەی ھەماھەنگی سەرجەم ئەو زانیارییانەی رەتکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن رێککەوتن کراوە بۆ گۆڕینی محەمەد شیاع سودانی کاندیدی چوارچێوەی ھەماھەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق.
چاودێرانی سیاسی ڕەوشی عێراق دەڵێن، چینی دەسەڵاتدار و کاربەدەستی وڵات، بە گوێرەی خواست و بەرژەوەندی خۆیان مامەڵە لەگەڵ ھەڵبژاردن و دەرئەنجامەکان و سیستمی پەرلەمانی و حکومەت دەکەن.
بەشێکی سیاسییەکان ھەر کاتێک تووشی دۆران و پاشەکشە دەبن، ھەڵبژاردن بە ساختە و یاری دەستی دەرەکی دەزانن، کاتێکیش براوەن دەیانەوێت دەسەڵات بەو شێوەیە دابمەزرێنن کە لەگەڵ خواست و بەرژەوەندییەکانیاندا دەگونجێت.
سەرباری تێپەڕبوونی نزیکەی نۆ مانگی بەسەر ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندا، ھێزە سیاسییە ناکۆکەکان ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر پێکھێنانی حکومەتی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەکانی دیکەی پەیوەست بە دەسەڵاتەوە.
ھێشتا بەشێکی زۆری ھێزە سیاسییە عێراقییەکان پێیان وایە ھەڵبژاردن ناتوانێت ھیچ بگۆڕێت، بەڵکو دەبێت ھاوڵاتی ڕازی بکرێت، ئەوە ئەوانن دەتوانن سیستمی سیاسی و چینی دەسەڵاتداریش بگۆڕن.
بە وتەی چاودێرانی سیاسی ڕەوشی عێراق، قەیرانی سیاسی لەو وڵاتە، بە ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەر نابێت، چونکە دەسەڵاتدارە سیاسییەکان، ناکۆکییەکانیان بە شەخسی کردووە و کەسیان ئامادە نین سازش بۆ بەرامبەرەکەیان بکەن.
خۆپیشاندان و مانگرتنەکان لە عێراق بەھێزن، بەڵام ھێدی ھێدی خەریکە ڕەونەقی خۆی لەدەست دەدات، چونکە تا ئێستا نەیتوانیوە ئامانجە سەرەکییەکانی دیاری بکات و، ھەنگاوی داھاتوو لە پێناو باشترکردنی ڕەوشی سیاسی لە وڵاتەکەدا، بنێن.
قسەکردنیش لەسەر ھەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەگەر ژینگەیەکی تەندروست و جێگیری بۆ دەستەبەر نەکرێت، نابێتە چارەسەرێکی سیحری بۆ کێشەکانی سیستمی سیاسی، بەڵکو ھۆکارێکە بۆ درێژکردنەوەی ڕەوشی ئێستا و بەردەوامی ناکۆکییە سیاسییەکان، کە ھاوڵاتی و ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانیش تۆمەتباری دەکەن بە چەترێک بۆ بەردەوامی گەندەڵی و شکستی سیاسی و فەرامۆشکردنی داخوازییەکانی شەقام، کە ھەمیشە داوای ژیانێکی باشتر دەکەن بۆ عێراقییەکان بە گشتی.
ھەندێک لە میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان بەوەکردووە، کوژانەوەکە بەھۆی تەقینەوەیەکەوە بووە کە لە وێستگەی کارەبای غازی بەسرە ڕویداوە، وەزارەتی کارەبای عێراقیش رایگەیاندووە، بەھۆی فشاری زۆرەوە بووە لەسەر تۆڕەکانی کارەبا.
لەو بارەیەوە ئەحمەد موسا وتەبێژی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی فشار و گەرمای زۆرەوە یەکێک لە سەنتەرەکانی گۆڕینی ١٣٢ کەیڤی وێستگەی کارەبای بەسرە تەقیوەتەوە، بەو ھۆیەشەوە کوژانەوەی گشتی ڕوویداوە و کارەبا لە زۆربەی پارێزگاکانی باشور بڕاوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شوێنی تەقینەوەکە بە تەواوی لە سیستمی کارەبای باشور بڕدراوە، دوای ماوەیەک ھێڵ و یەکەکانی تری گواستنەوەی پێکەوە بەستراونەتەوە و یەک بە یەک وێستگەکان خراونەتەوە کار.
لایەنگرانی رەوتی سەدر لە رۆژی شەممەی رابردوەوە چوونەتە ناوچەی سەوزی بەغداد و دانیشتنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیان پەکخسوە، خۆپیشاندەران دژی کاندیدکردنی محەمەد شیاع سودانین بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و داوا دەکەن کەسانی تاقیکراوە تاقینەکرێنەوە و ئەوانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی سزا بدرێن.
سەبارەت بە بەردەوامی خۆپیشاندانەکانیش، حازم ئەعرەجی سەرکردەی رەوتی سەدر رایگەیاند، تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێنەکرێت بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان و مانگرتن.
لە چەند رۆژی رابردووشدا موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوایکرد، ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبوەشێتەوە و ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، بەڵام چوارچێوەی ھەماھەنگی جەختدەکاتەوە لەسەر پابەندبوون بە دەستور و لێکتێگەیشتنی لایەنەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان.