دوای بۆردومانەکەی دوێنێی ئەمریکا بۆ سەر چەند پێگەیەکی ناوخۆی ئێران، سوپای پاسداران بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە کەنداو وەڵام دەداتەوە و دەڵێت: وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت.
سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەڵامی ئەوان بۆ هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا زۆر خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و هۆشداری توندیش دەداتە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.
له راگەیەنراوێکدا كه ئاژانسی "ئیسنا"ی ئێرانی بڵاویكردووهتهوه، سوپای پاسداران رایگەیاندووە، هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانیان توانیویانە هێرشەکەی ئەمریکا بۆ سەر شاری سيرك پووچەڵ بکەنەوە و هێزە هێرشبەرەکان ناچار بە پاشەکشە بکەن.
سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەم دەستدرێژییەی ئەمریکا بێ وەڵام تێپەڕ نابێت، وەڵامەکانیان خێرا و یەکلاکەرەوە دەبێت و لە کات و شوێنێکدا دەبێت کە خۆمان دیاریی دەکەین."
ئاماژەی بەوەشکرد، هۆشداری دەدەن کە هەر هێرشێکی نوێ، بە وەڵامێکی زۆر توند دەدرێتەوە کە سەرجەم بەرژەوەندییەکانی دەستدرێژیکاران لە ناوچەکەدا تێکدەشکێنێت.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت، پێشتر فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا 'سێنتکۆم' رایگەیاندبوو، وەک وەڵامێک بۆ هێرشێکی درۆنیی ئێران بۆ سەر کەشتییەکی بازرگانی لە گەروی هورمز، چەند ئامانجێکیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە.