لە چەند پارێزگایەکی عێراق دەستبەسەر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا
کوردسات نیوز
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان و لە درێژەی ئەو زنجیرە ئۆپەراسیۆنانەی لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانییەوە ئەنجامدراون بۆ بەدواداچوونی قاچاخچییەکانی بەرھەمە نەوتییەکان و ئەو کەسانەی بەشێوەی نایاسایی بازرگانی پێوەدەکەن لە پارێزگاکانی "بەغداد و نەجەف و کەرکوک و نەینەوا و قادسیە و دیالە و بابل" دەستبەسەر زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوتی قاچاخدا گیرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، قاچاخچییەکان ھەوڵی ئەوەیاندەدا ئەو نەوتە بەشێوەی قاچاخ لە ناوچە جیاجیاکان بگوازنەوە و پاشانیش بە ھاووڵاتیانی بفرۆشنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک کۆگای تایبەتیان ئامادەکردبوو.
ھەر بەپێی راگەیەنراوەکە، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەستبەسەر ٢٠ تانکەردا گیراوە، ھەروەھا ٢٩ تۆمەتباریش دەستگیرکراون و رەوانەی لایەنی پەیوەندیدار کراون بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بەرامبەریان.